چالاكی كه‌ڵچه‌ڕ پرۆجێكت به‌بۆنه‌ی هه‌ستی مارس له‌ 07.03.18 - كارگه‌ی جگه‌ره‌كه‌ی سلێمانی.

هه‌شتی مارس و چالاكیه‌كانی پڕۆژه‌ی كولتور له ‌سلێمانی


Loading

پڕۆژەی کولتور و کۆمەڵەی پڕۆژەی کولتوور لە زانکۆی سلێمانی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە لە ٧ی مارسدا لە کارگەی جگەرەی سلێمانی دوو سەمیناری سەبارەت بە ”جێندەر و فێمێنیزم” و ”هونەری فێمێنیستی” سازکرد.

لە تەوەرەی یەکەمی سەمینارەکەدا، سەرەتا خەندە حەمید ڕێکخەری پڕۆژەی کولتوور لە کوردستان پڕۆژەی کولتوری ناساند و باسی لە  ئامانج، پڕۆژە و چالاکییەکانی پڕۆژەی کولتوور کرد. پاشان ناوەڕۆکی سەمینارەکەی باسێکی گشتی سەبارەت بە ”جێندەر و فێمێنیزم” خستە ڕوو. لە دەسپێکدا لە ڕووی زاراوەسازییەوە باسی لە جێندەر کرد، پاشان جیاوازی نێوان جێندەر و سێکسی ڕوونکردەوە. ئەوجا مێژووی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی فێمێنیستی و شەپۆلەکانی فێمێنیزمی شرۆڤەکرد و بە باسکردن لە ڕەوتەکانی فێمێنیزم کۆتایی بە سەمینارەکە هێنا.

لە تەوەرەی دووەمدا، نەبەز سەمەد لە بۆردی ئیدیتۆریالی (کولتوور مەگەزین(  و مامۆستا لە کۆلێژی هونەر سەبارەت بە ”هونەری فێمێنیستی” باسێکی پێشکەش کرد. لە باسەکەیدا نەبەز سەمەد ”هونەری فێمێنیستی چییە؟”ی ڕوونکردەوە و هۆکارەکانی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی هونەری فێمێنیستی خستەڕوو، پاشان مێژووی سەرهەڵدانی هونەری فێمێنیستی، ئامانج و چالاکییەکانی هونەرمەندە فێمێنیستەکانی شرۆڤە کرد. هەروەها باسی لە هونەری فێمێنیستی لە کۆتایی ١٩٦٠ەکان و سەرەتای ١٩٧٠کان کرد و تایبەتمەندییەکانی ئەم قۆناغەی ڕوونکردەوە، پاشان هونەری فێمێنیستی لە ١٩٨٠کان و ١٩٩٠ەکانی شرۆڤەکرد و بە هونەری فێمێنیستی لە سەدەی بیست و یەکەمدا کۆتایی بە سەمینارەکە هێنا.

پاشان ئەندامانی گروپی کۆمەڵەی پڕۆژەی کولتوور و ئامادەبووان کە زۆرینەیان فێرخوازی هونەرن بەشدارییان لە دانوستاندنەکەدا کرد و بە سەرنج و پرسیارەکانیان بابەتەکانیان دەوڵەمەندتر کرد.

لە کۆتایی سەمینارەکانیشدا هەردوو ژمارەی یەکەم و دووەمی کولتوور مەگەزین بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرا. بەم شێوەیە کۆتایی بە چالاکییەکە هێنرا.

بەناوی پڕۆژەی کولتورەوه‌  (Culture Project) سوپاسی تایبەتی ستافی ئیکس لاین لە کارگەی جگەرە، سەنگەر عەبدوڵڵا و ڕەنجە عەلی دەکەین، کە هاوکاربوون لە ئامادەکارییەکان و ئەنجامدانی سەمینارەکان.

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
Culture Project