فرانسیس به‌یكن؛ پۆرترێتی هێنریتا مۆریس - ١٩٦٣ - -فرۆشراوه‌ به‌ ٢١ ملێۆن دۆلار 1963 Portrait of Henrietta Moraes- Bacon's Female Portrait

٢٠١٧


Loading

فرانسیس به‌یكن؛ پۆرترێتی هێنریتا مۆریس – ١٩٦٣ – -فرۆشراوه‌ به‌ ٢١ ملێۆن دۆلار
1963 Portrait of Henrietta Moraes- Bacon’s Female
Portrait

سەرباری هەموو ئەو شتانەی لە تۆدا نین و من وەک ژن پێویستم پێیانە، کەچی هێشتا قووڵ و گەرم خۆشم دەوێیت. سەرەڕای ئەوەی دەزانم ژیان پیاوانێکی باش و گونجاوتری تێدایە، بەڵام هێشتا تۆ وەك باشترین و گونجاوترین دەبینم. بۆ من لەدەستدان و نەبوونی تۆ، سەختترە لە مردن. خۆت دەزانیت من هەرگیز لە مردن نەترساوم، بەڵام ئێستا کە هەست دەکەم و دەبینم تۆ لێرە نییت… كە ناتوانم دەستەکانت بگرم، وەک ئاسکی ناو دارستانەکان، تەنیا و ترساو ڕۆژەکانم تێدەپەڕێنم. من ئاسکە ترساوەکەی تۆم، کە لەناو هەزاران گەلەگورگدا بەجێتهێشتووم… ڕۆژەکانمان جوان بوون، بەڵام لەبەر سەرقاڵیمان بە سەیركردنی خۆمانەوە لە ئاوێنەکاندا، یەکتریمان لە بیر کرد. ئەمجارە نەك تەنیا لە دڵمدا، بەڵکو لە هەموو شوێنێكی جەستەمدا هەست بە ئازاری دووكەرتبوون و لێكترازان دەکەم. ئێستا کە ئیتر نە لە شەوە تاریک و درێژەکانمدایت و نە لە ڕۆژە بێزارکەر و نەبراوەکانمدای، تێدەگەم ژیان تەنیا ئەو ڕۆژانە بوون، کە بەدەم دروستکردنی ئەو خواردنەوەی تۆ حەزت لێی دەکرد، گوێم لە سەدای هۆمایۆن دەگرت و خەیاڵ دەیبردمەوە . ژیان ئەو ساتانە بوو، كە لە بەردەم ئاوێنەدا دەوەستام، لە خۆمم دەڕوانی و بە بینینی ماچە جێماوەکانت لەسەر پێستم، یەكسەر گەنج دەبووەمەوە. ژیان ئەو شەوە دوورودرێژ و کۆتانەهاتوانە بوو، کە بە قژی تەر و کراسی تەنک و کورتەوە چاوەڕێم دەکردی، خەو دەیبردمەوە و تۆ هەر نەدەهاتیەوە… خەونم دەبینی تۆ لە تەنیشتمەوەیت، بەیانی کە بێدار دەبوومەوە، سەرینەکەم لە ئامێز گرتبوو. ئێستا، لە هەمیشە زیاتر بیری شۆردنی کراسەکانت دەکەم، کە بە تەنافەوە هەڵمدەواسین و با لەنێوانیاندا پیاسەی دەکرد. دەمتوانی لە هەر کوێ بیت، هەست بە نزیکیت بکەم، چونکە بۆنی تۆ بە هەزاران جار شۆردنی كراسەكانت، هێشتا دەمایەوە. غەمگینم، كاتێ دەزانم ژیان تەنیا ئەو ڕۆژانە بوو، کە خۆشم دەویستیت و هەرگیز نەمتوانی پێت بڵێم چەندە گرنگیت بۆم، چەند قووڵ لە هەموو شوێنێکمدا هەستت پێ دەکەم و دواجاریش چەندەم خۆش دەوێیت. ئەرێ بەڕاست; مرۆڤ چەند هەزار ساڵی دەوێت تا نیگایەک لە بیر بکات؟ چەند سەدەی دەوێت تا گەرمیی باوەشێکی بیر بچێتەوە؟ بۆ لەیادکردنی بۆنی پێست، چەند شەو بێداری؟ بۆ باوەڕکردن بە جودایی، چەند هەزار مردن؟ ئەرێ بەڕاست; من چەند هەزار کازیوەم پێویستە، تا بتوانم بەرگەی ئەم برینە و ئەم ئازاری بێ(تۆ)ییە بگرم؟

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
Culture Project