Heracles and Iolaus dispatching the hydra with club and fire, depicted in 1545 by German engraver-painter Hans Sebald Beham (1500-1550) (public domain)

فشار و ئازادی ١ ؛ كۆمه‌ڵگه‌ ئاژه‌ڵێكی ترسناكی ملیۆن سه‌ره‌


Loading

 

ئازادی گەیشتنە بەنەشیاوی، ئەمە دێڕی بەناوبانگی فەیلەسوفی ئەڵمانی (پیتەر سلۆتەردایک)ە، کە لەدوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی (فشار و ئازادی) لەمیدیاکاندا گفتوگۆی لەسەرکرا. لەڕاستیدا ئەم کتێبە شەست لاپەڕەییە، سیمینارێکی تایبەت بوو، سلۆتەردایک لەسەر بانگهێشتی دەزگای فردیریخ نومان پێشکەشیکرد، بابەتەکەی لەچوارچێوەی (دیالۆگە بەرلینەیەکان) بوو لەمەڕ ئازادی. ئەم گوتارە درێژە لەشەشی ئاپریلی ٢٠١١ پێشکەشکرا و لەبەر گرنگی ئەم سیمینارە لەچوارچێوەی چاپێکی تایبەتدا، دەزگای بڵاوکردنەوەی سورکامپ وەک کتێب بەچاپی گەیاند.
ئەم سیمنارە لەسەر چەمکی ئازادی لەکاتێدا بوو، کە لیبرالیەت لەئەڵمانیادا لەهەڵکشاندا بوو، گەنجێکی وەک (Philipp Rösler فیلیب ڕۆسلە) وەک سەرۆکی ئەو پارتە هەڵبژێردرابوو، ڕۆسلە (بەڕای من) ڕەمز بوو بۆ نەوەیەکی تازەی لیبرالیزم لەئەڵمانیادا، کەسیاسەتی تەکنەلۆژی و نەخشەکێشانی ئابووری لەژێردەستیاندا گەمەی دەکرد، ڕۆسلە خۆی وەزیری نەخشەکێشانی ئابووری و تەکنەلۆژی ئەڵمانیە. ئەم پارتە لیبرالە FDP گەر لە وشەکەیەوە وەریبگرین پارتێکە گرفتی ئەو ئازادیە. نەخشەکێشی ئەم پارتە ئەوەیە، کە دەبێت مرۆڤ ئازاد بێت، ئازادیش لەچەمکی لیبرالیەتەوە گەیشتنە بەپێشبڕکێیەک لەبەدەستهێنانی شانسەکانی پارە و کار و سامان کۆکردنەوە، بەمەش خودێکی سیاسی گەمەی دەکرد، کە دەیەوێت ببێتە ئیدۆلۆژێکی کۆمەڵایەتی و جێگە بەو ئیدۆلانە بگرێتەوە کە ئەوروپا لەدەوڵەتی کۆمەڵایەتیدا بەرجەستەی کردووە.
لیبرالیەکان و کۆنزەڤاتیزمی مەسیحی (کریست دیموکرات و سۆسیال کریست) هەمیشە لەگەڵ خاوەن کارگە و فابریک و کۆمپانیا و بانقەکان و میدیادا کار بۆ زەقکردنەوەی فیگور و ئیدیالی نوێ دەکەن لەکۆمەڵگەی ئەوروپایدا، کە جێگەی ئیدیالە کۆمەڵایەتی و بەها سۆڵیدارتیەکانی دەزگاکانی خزمەتی کۆمەڵایەتی بگرێتەوە. وێنەی مرۆڤێکی دیکەی ئازاد (لیبرال) پێشکەشدەکەن کە پێشبڕکارە و ئیگۆئیست و خۆپەرستە و هەمیشە لەجوڵەدایە بۆ پڕکردن بەدونیای ساماندا، بانق و میدیا و نێتۆرک، تێورەیەکی گوشار پێکدێنن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئیدۆلە سۆسیالەکانی دەوڵەتی کۆمەڵایەتی، ئەمەش بەپێکهێنانی هۆشمەندیەکی نوێ کە (سڵۆتەردایک) لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی بیستەوە بە(هۆشمەندیەکی ساختە) پێناسەی کردووە. لیبرالەکان هەوڵدەدەن فیگورێکی دیار و سوپەرمان و بیزنس مان و سوپەر کرێکار و سوپەر ستار لەکۆمەڵگەدا زەقبکەنەوە، بەجۆرێک ئەقڵی جەماوەری ڕەدووی کەوێت.

 

ئەم خودە واهەستدەکات ئازادە، مادامەکی توانیویەتی بڕێکی زۆر لەچڵێسیەکانی خۆی دەستبەربکات، لەئیرۆسیەتەوە بیگرە تادەگاتە کۆکردنەوەی سامان، لەپێشبڕکێدایە لەگەڵ جیهانی ناوەوە و دەرەوەی خۆی. ئەم هۆشمەندیە ساختەیە هەوڵدەدات لەو وەهمەدا بژی کە ئازادە، مادامەکی دەتوانێت ئەوە بکڕێت کە دەیەوێت، نابێت تێربێت، نابێت قەناعەتکار بێت بەبوونێکی گونجاو، بەشێوە ژیانێکی هەڵبژاردە بەپێی توانا و شکۆداریەکانی خۆی، بەڵام بەژیانێکی ڕۆحی پڕەوە. لای لیبرالەکان قەناعەتکردن بەکەم و ژیانی ئاوەها جۆرێکە لەدواکەتن لەکاروانی ژیان، سەرسامبوون بەدونیا و چێژ لەهونەر و ئەدەب و ژیان  لای نیو لیبرالیزم دەبێتە چەند وەهمێکی ئیدیالستی کە دەبێت مرۆڤ خۆی لێیان بپارێزێت، و تاگەیشتن بۆ بەردەم خانەی پیران یان سەلاجەی مردووەکان، دەبێت مرۆڤ لەڕاکەڕاکەدا بێت بەدووی شمەکخۆری و شت بەدەسهێناندا.  لیبرالیەت دەڵێت ئەمەیە ژیان، ئەمەیە شێوازی ژیان (مۆدۆس ڤیڤێندی  modus vivendi) بەوەی نابێت وەک خواردنی قوتوو بەسەر بچین. دەبێت لەم شێوازی ژیانەدا بەردەوامی بەخۆمان بدەین. ئەم (هۆشمەندیە غەمبارە) بەتەعبیری (ئادۆرنۆ) ئاوەها نایەوێت بەسەر بچێت و هەمیشە ئەو گوشارە ناوەکیە دروستدەکات کە دەبێت دوانەکەوین لەژیانی پێشبڕکێ بۆ وەدەستهێنانی شمەک لەڕێگەی تاکڕەویەکی هەڵەوگێڕاو، کە بەڕای سلۆتەردایک بەشێکە لە(خۆگەوجاندن  –  Selbstverdummung) و دنیای مۆدێرن لەئەقڵانیەتێکی ئامڕازگەراییەوە کڵێشەی بۆ داناوە.
ئەم هۆشمەندیە ئەوەندە ئەقڵانیەکی ئامڕازگەرایە، کە لەپشتیەوە فەیلەسوفانی ڕۆشنگەر و پارێزەرانی ئەقڵانیەت ئیلهامبەخشین، بوار بۆ سۆزداری ناهێڵێتەوە، بوار بۆ هاریکاری و ڕۆحی برایەتی و یەکسانی ناهێڵێتەوە، بوار بۆ ئەشق ناهێڵێتەوە، بەتایبەت کاتێک پارە، قازانج، بەرژەوەندی گەمەی خۆیدەکات، ئەم فیگورە هەستدەکات لەهەموو بوونەوەرێک ئازادترە، بەڵام نازانێت کە کۆیلەی گوشاری جۆراوجۆرە، ئاوەها بەم وزەیەوە دونیا دەکات بەبازاڕێکی گەوەر و ملی کێبڕەکانی دەشکێنێت و قەیران دەخاتە بازاڕەکانەوە و گڵۆبالیزم دروستدەکات و لەگەڵیشیدا هانی توندڕەوی دەدات و شەڕی نێوان ئاین و کولتوور و نەتەوەکان بەناوی دیموکراسیەتەوە بەرپادەکات. سیاسەت بەڕێوەدەبات لەسەر بنەمای بەرژەوەندی، بوار بۆ تێگەیشتن بۆ هاوکێشەکانی ئازار و مرۆڤ و ژینگە ناهێڵێتەوە، لەدواجاریشدا ئەم فیگورە ئازادە (لیبریتییە) کارەسات و جەنگی خوڵقاندووە و دواوێستگەش کە پێیگەیشتووین ئەوەیە ژینگەی پیسکردووە، کەش و هەوای گۆڕیوە…

 

لەسەر ئاستی کۆمەڵگەش لیبرالیەت و نیولیبرالیزم و نیو کۆنزەرڤاتیزم (کە ئێستا لەهەڵکشاندان)، هەوڵدەدەن (دەوڵەتی کۆمەڵایەتی) هەڵوەشێننەوە و هەموو شتێک بکەنە کەرتی تایبەت، پارەی بیمەی بێکاری کورت بکرێتەوە و خەڵکی لەژێر گوشاری کورتکردنەوەی پارەدا بەهەر جۆرێک بێت ڕەوانەی فابریکەکان بکەن، گرنگ باجدانە بۆ دەوڵەتی پۆست کاپیتال. ئەمڕۆ جۆرێک لە کۆیلایەتی نوێ لەئەوروپادا لەڕێگەی ئەم سیاسەتی باجدانەوە لەئارادایە، سەیر لەوەدایە خاوەن کۆمپانیا و دەوڵەمەندە گەورەکان خۆیان ئەوەندە باج نادەن بەدەوڵەت وەک لەهاووڵاتی ئاسایی. بەدیوێکی دیکەدا لیبرالیەت (تیمۆس / Tymos/ شکۆداری) وەلا دەنێت و مەسەلە خودییەکانی مرۆڤ و تواناکانی وەلادەخات و ئێمە تەسلیمی ئیرۆتیکیەت و چڵێسیەکی هەرزان دەکات. ئاوەها چەمکی ئازادی بەدەست لیبرالیزم و سیستمی پۆست کاپیتالیزم لەقەیران و گوشاردایە.

 

 ئەم کتێبەی سلۆتەردایک (فشار و ئازادی) کاردانەوەی فەلسەفی و فیکری ئەم بارودۆخە نوێیەی دونیایە. باس لەوهەڕەشەیە دەکات کە خەریکە دەبێتە کولتوورێک و هەڕەشە لەکۆمەڵگەی (خزمەتی کۆمەڵایەتی) دەکات، سیاسەتێک لەژێر ناوی لیبرال و ئازادیدا، چاوچنۆکی دەکاتە فەزیلەت و قازانج دەکاتە سەروو هەموو شتێکەوە و ڕۆحی هاریکاری و خزمەتکردن بەکۆمەڵگە و نەتەوەکانی دیکە وەلادەخات، گۆشەگیری خۆپەرستانە و شمەکخۆری و ساویلەکەیی پۆپ ستارانە بڵاودەکاتەوە بەنێو خەڵکدا. دونیایەکی لەڕاوێژکاران و مامۆستای زانکۆ و ڕۆشنبیری ڕەسمی و دەزگای میدیای جۆراوجۆری دروستکردووە، کە بەهیچ شێوەیەک بەزانست، بوون، ژیان، هونەر، کۆمەڵگە و گرفتی مرۆڤ سەرسام نین، سەرسام نین هێندەی کاریان کارکردنە لەسەر مرۆڤ و بەندکردنێتی لەنێو فۆرمی دەسەڵاتێکی مۆدێرندا، ئەمانە بەنێو دیاردەکاندا تێدەپەڕن، نەک لەوردەکارییە هومانی و ژنیگەییەکەی تێبگەن. لێرەوە لیبرالیەت و نیو لیبرالیزم و کۆنزەرڤەتیزم و نیوکۆنزەرڤاتیزم (کۆنزەرڤاتیزمی نوێ) بەڕای سلۆتەردایک، کۆی سیاسەت و کۆمەڵگەی کردووە بەجەستەیەکی سیاسی، یان ئاژەڵێکی ئەفسانەیی ملێون سەرە، لێرەوە ئەو پرسیارەی لەسەرەتاوە تاکۆتایی سلۆتەردایک گفتوگۆی لەسەر دەکات ئەوەیە، مرۆڤ لەکوێدا ئازادە!، مرۆڤ لە کوێدایە!

 

لەم نوسینەمدا لەسەر ئازادی هەوڵدەدەم هێڵەگشتیەکان و چەمکە سەرەکیەکانی ئەم کتێبە گرنگەی سلۆتەردایک (فشار و ئازادیStreß und Freiheit) بخەمەڕوو، لەهەمانکاتیشدا هەوڵمداوە چەمکەکان لەنێو تێکستەکە خۆیدا ڕوونبکەمەوە، نەک لەبەرئەوەی دەمەوێت خوێنەری ئازیز تەمەڵ بکەم، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە زۆرجار بوونی پەراوێزی زۆر خوێنەر وەها لێدەکات نەتوانێت ڕەدووی چەمکەکان بکەوێت، ئاسانکاریەکە، بەتایبەت بۆ چەمکەکانی سلۆتەردایک، کە زۆر شاعیرین لەسەرێکەوە و بەدیوێکی دیکەدا زۆر بەئەڵمانیەکی ئاڵۆز و پڕدەلالەت نووسراون کە شیکردنەوەیان زۆری دەوێت. ئێمە هەوڵدەدەین خوێنەر لەئێستادا لەوە بپارێزین، دەنا کتێبێکی گرنگی قەبە هەیە تەنها تایبەتە بەڕوونکردنەوەی چەمکە فەلسەفییەکانی پیتەر سلۆتەردایک. ئەم پیاوە لەهەموو کارەکانیدا گەمەیەکی جوانی زمانەوانی دەکات، بە شێوازی ئەڵمانیەکی زۆر نیتچەویانەیە دەنووسێت، ئەمەش هەمیشە گرفتی وەرگێڕانی کارەکانی ئەم فەیلەسوفە گرنگەیە.

 

پیته‌ر سلۆته‌ردایك
سلۆتەردایک لەئەڵمانیادا، بەجیاواز لە(یورگن هابرماس) نەک مۆدێرنە بەپڕۆژەیەکی ناتەواو تێناگات، بەڵکو لەبنەڕەتەوە ڕەخنە لەو ئەقڵانیەت و پڕۆژەی مۆدیرنە دەگرێت، کە بەئەقڵێکی سینیزمانە و گاڵتەجاڕیانە کاری کردووە، ئەمەش وەهای لێکردووە چەمکی تازە و تێرمی نوێ و شێوازێکی نوێی نووسین پەیڕەو بکات، لەنێوان ئێستاتیکا و ئەدەب و فینیۆمینی کۆمەڵایەتی و سیاسەتدا گەمەی خۆی بکات، ئەم نایەوێت وەک هابرماس تەقلیدیانە بنووسێت، لەسەر بیرۆکەیەک بمێنێتەوە و تێزی جۆراوجۆری لەسەر بینابکات. ئەمەش بەڕای من گرفتی خوێندنەوەی کارەکانی سلۆتەردایکە، کە نایەوێت تەنانەت لەلاپەڕەیەکدا تەنها یەک بیرۆکەت پێببەخشێت، بەڵکو زۆرجار لەدوو پەرەگرافدا زیاتر لەچەند بیرۆکەیەک دەهاروژێنێت، بەمەش خوێنەری فەلسەفە دەکەوێتە بەردەم کێشبەندیەکی نوێی خوێندەوەی دەقی فەلسەفی، بەڵام لەهەمان کاتیشدا زۆر لەو گرفتانەی دەیانهاروژێنێت هەڵگری لایەنە ئێستاتیکی و ئەدەبی و هونەری قوڵن، کە بەبێ هاروژاندنی ئەوانە ناتوانرێت گفتوگۆی لەسەربکرێت. بەمانای لەهەموو کتێب و گفتوگۆیەکی سلۆتەردایک و هاوەڵە فەیلەسوفی (ڕودیگە سافرانسکی)، ئەو پابەندبوونەیان دەبینین کە فەلسەفە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەدەب و ژیان و بیناسازی و هونەری تەشکیلی و قەیرانەکان گرێدراوە، لەگەڵ کۆی نموونە زیندووەکاندا (سلۆتەردایک و سافرانسکی) دیاردەکان دەخەنە چوارچێوەی حیکمەتی فەلسەفیەوە. ئاوەها خوێنەری ئازیزم، گرفتی ئازادیش لەم کتێبەی سلۆتەردایک پابەندە بەکێشەی هەستمردووی و دژەسەرسامبوون و شۆڕدەبێتەوە بۆ مێژووی ئازادی لەدوو ئەزموونی مێژوویی و فەلسەفی خودگەراییانە (سوبێکتیڤانە)، پاشان لەبەردەم شانۆگەریەکی (سامۆێل بیکێت)دا هەڵوێستەیەک دەکات و جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕەخنەگرتن لەلیبرالیەت و نیولیبرالیزم و نیو کۆنزەرڤاتیزم و سۆسیال دیموکرات و تەنانەت سەوزەکانیش لەڕەخنەی سلۆتەردایک قوتارنابن. ئەو پێیوایە پرسی کۆمه‌ڵگه‌ و ژینگەو ئازادی و خواوەند زۆر لەوە گرنگترن بۆ پارتە سیاسییه‌کانی بەجێبهێڵین. پرسی ئازادی بەپلەی یەکەم پرسێکی سوبێکتیڤانەیە(خودگەرانە)، گرفتێکە هەمیشە لەگەڵ گوشاردا لەدایکدەبێت و خامۆش دەبێتەوە و جارێکی دیکە لەگەڵ هەڵکشانی تیۆرەی گوشاردا سەرهەڵدەداتەوە، ئازادی وەک لەسەرەتادا ئاماژەم پێدا خۆئامادەکردن و خۆیەکخستنە بۆ نەهاتوو و گریمانە بۆ نەکراو.. ئەمەو زۆریتریش لەبەشەکانی ئەم نووسینەدا گفتوگۆی لەسەر دەکەین.

 

 

دژەسەرسامبوون

 

ڕینیه‌ دیكارت
René Descartes 31 March
1596 – 11 February 1650

گرفتی یەکەمی ئازادی لەسەرەتای کتێبەکەی سلۆتەردایک (فشار و ئازادیStreß und Freiheit)، لەوەوە دەستپێدەکات، ئێمە بەرامبەر سەدەیەکین پڕیتی لەساتەکانی (دژە سەرسامبوون Verblüffungsresistenz) بەوەی لەسەدەی حەڤدەهەمەوە لەدیکارتەوە ئەوە فێردەبین کە (سەرسامبوونVerwunderung) بارێکی سۆزداری ناجۆرە و دەبێت لەڕێگەی خۆهیلاکردنی ڕۆحی و ئەقڵانیەوە خۆمانی لێ دەربازبکەین. لەسەدەی حەڤدەهەمەوە جۆرێک لە(ئیندڤیدوالیەتی پۆپۆلیستی Individualische Population)، یان چاکتر وایە بڵێم جۆرێک لە(تاکڕەوی پۆپۆلیسستی / تاکڕەوی جەماوەرخوازی) لەگەڵ پێکهاتەی تازەی لیبرالیزمدا پەیدا دەبێت، بەوەی تاکەکان دژی ڕەهابوونی کۆلێکتیڤی و مێگەلی کۆمەڵایەتی، نمایشی ژیانی خۆیان دەکەن. ئەم پێکهاتەیە موتوربەکردنی کۆمەڵگەی مۆدێرنە بەتاکڕەویەکی جەماوەرخواز و نمایشکار، کە لەدواجاردا دەموچاوی یەکەمی کۆمەڵگەی مۆدێرن پێکدەهێنێت. لەم خاڵەوە (شێوازی ژیانی پێکەوەیی) (مۆدۆس ڤیڤێندی  modus vivendi) دەبێتە خاڵی سێنتڕالی قسەکردن لەسەر بەردەوامبوونی کۆمەڵگە لەفۆرمەکانی خۆیدا.

 

 سلۆتەردایک پێیوایە نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیری لەکۆمەڵگەی تەکنەلۆژی مۆدێرندا هەوڵدەدات هەمیشە ئەم شێوازە ژیانەی، لەنێوان کولتوری گشتی نەتەوەیی و تاکڕەوی پۆپۆلستی و نمایشکاریدا بکات بەکێشەی بەردەوامی خۆی، بەوەی، کە نوخبەی کۆمەڵگە هەوڵدەدات هەمیشە باس لەو قەیرانە گەورانە بکات کە ئەم شێوازی ژیانە دەخاتە مەترسیەوە، سلۆتەردایک بۆ شرۆڤەی ئەم فینۆمینە وشەی die Nachhaltigkeit بەکاردێنێت، دەتوانین ئەم وشەیە بە (بەردەوامبوون/ مانەوەی کاریگەی) وەربگێڕین، ئەمە دەبێتە خەمی سەرەکی نوخبەی کاریگەر لەکۆمەڵگەی مۆدێرندا. ئیدی بۆئەوەی بەسەر نەچین دەبێت لەهیچ وێستگەیەکدا نەوەستین، دەبێت بەردەوام ژیان بەکاربهێنین، نەک بژین. ئەم گرفتە هیچرەتی کایە ڕۆحی و هومانیە گەورەکانە بەناوی ئەقڵانیەوە، چوونکە دەمێکە چێژی سەرسامبوونی بەبەهاکانی جوانیخۆی و دونیای لەدەستداوە، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەقڵانیەتێکی ئامڕازگەرانەیە، بۆ ئامانجێکی دیاریکراو مەکینەی ئەقڵانیەتی بەگەڕ خستووە. کە ئەویش پاراستنی ژیانی مۆدێرنە بەهەر نرخێک بێت، ئەم نوخبەیە ئاوەها بیردەکەنەوە، ئاوەها پارێزەری مۆدۆس ڤیڤێندین لەنێو کایە ئەقڵانیەکاندا، ئەم نوخبەیە بەرهەمهێنەری گوشارە و کۆمەڵگە دەکاتە جەستەیەکی سیاسی، یان ئاژەڵێکی ترسناکی ملێون سەرە.

 

 دەبێت سەرەتا ئاماژە بەوە بکەین ئەم نوخبە تازەیەی کۆمەڵگەی مۆدێرن گرفتی گەورەی لەخۆیدا هەڵگرتووە، ئەویش ڕوانینێتی بۆ دونیا، کە ڕوانینێکە هیچ سەرسامبوونێکی پێوە دیارنییە، ئێمە لەسەدەیەکدا دەژین مرۆڤەکان دژی سەرسامبوون بە (بوون، بەخەڵق و جیهان و دونیا)، ژیانی مرۆڤ پڕێتی لەدووبارە بوونەوەی ڕەمەکیەت و پێویستیە سەرەتاییەکان و ڕۆتین و هەستمردوویی. دیارە ئاوڕدانەوەیەکی گرنگ بۆ سەرسامبوون هەیە، وەک سەرەتایەکی گرنگ کە فەلسەفەی بەرهەمێناوە، سلۆتەردایک لەسەرەتای کتێبەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات:
(بەوشێوەیە پلاتۆن ڕێگەدەدات بەسوکرات کە بڵێت: سەرسامبوون تەنها سەرەتایە بۆ فەلسەفە.. ‏1-7
بڕوانە بەئەلمانی :Peter Sloterdijk, Sterß und Freiheit, Shurkamp sonder Druck 2011, S7
لەم خاڵی سەرسامبوونەوە دەتوانین لەچەمکی ئازادی تێبگەین، بەوەی ئازادی خۆی لەخۆیدا سەرسامبوونێکە بەجیهان، سەرسامبوونێکە بەبوونمان لەنێو جیهاندا، خودی شتەکان جوانی خۆیانمان نیشان نادەن گەر هاتوو ئێمە پێیان سەرسام نەبین، مێژووی ئێستاتیکا خۆی لەخۆیدا هەڵگری ئەو چرکەساتە سەرسامبوونەیە بەدیاردەکان. شیعر چرکه‌ساتێکی سەرسامبوونە بەدیاردەیەکی تایبەت، هەموو ئیدیا گەورەکانی زانست هیچیتر نییە جگە لەسەرسامبوون بەدیاردەیەک نەبێت، سەرسامبوون بە بەربوونەوەی سێوێک لەدرەختێک کێشی زەوی دەدۆزێتەوە. خەیاڵێک بۆ گواستنەوەی ئیدیاکان لەنێو هەوادا و پەرشکردنەوەیان بەسەر شاشەکاندا، خودێکی خەوبینەر و سەرسامبووە وێنەو دەنگ، سەرسامبوون بەگەردیلە و شتەبچووکەکان وزەی گەورەی ئەتۆمی بەرهەمدێنێت. ئەوە سەرسامبوونی یەکەمە بەزەمەن و گەردوون کە تێورەی ڕێژەیی بەرهەمدێنێت، سەرسامبوونە بەخودا و خەڵق، کە لەدواجاردا ئاین بەرهەمدەهێنێت..
ئاوەها سەرسامبوون لەم تێزە سلۆتەردایکیەدا ئەو خودە، ئەو سوبێکتە، پێکدەهێنێت کە نێزیک دەبێتەوە لەماناکانی ئازادی، ئەو خودە خەوبینەرە و سەرسامە بەدونیا. من پێموایە گرفتی مرۆڤ لەکۆمەڵگەی مۆدێرندا، چاکتر وایە بڵێم لەکەش و هەوای ئەم سەردەمەدا ئەوەیە، چیتر دونیا سەرسامی ناکات، مرۆڤی ئێستا ئەو هێز و وزەیەی ونکرووە بتوانێت چێژ لەشتەکان ببینێت و پێیان سەرسام بێت، نیگەرانیەک و مردنێکی گەورەی ڕۆحی هەیە لەتێگەیشتنی جوانی لەژیاندا، مرۆی تازە لەنێو بازاڕی دنیای دوای مۆدێرندا، چێژبینی لەدنیا، ناگەتە ئاستی سەرسامبوون و خولیایەکی گەورە بۆ بوونی لەنێو جیهاندا، بۆ دۆزینەوەی بوونی خۆی لەڕێگەی پەیوەندیەکی ئێستاتیکی و هەمەلایەنە و نەرم لەگەڵ ژیاندا، ژیانی مرۆی مۆدێرن تەنانەت لەنێو کایە ئاینییەکانیشدا پابەندە بەو کڵێشە دیاریکروانەی بوونیان هەیە.
(بەڕای من) ئیسلامی سیاسی ئەو دیاردە (دژەسەرسامبوون – Verblüffungsresistenz) ترسناکەیە بەرامبەر ئاین، کە مەوداکانی سەرسامبوون بەخەڵق و کایەڕۆحانیەکان جێدەهێڵێت و دەچێتە خانەی کڵێسەی زۆرانبازیەکانی دنیای مۆدێرن، بەمانای لەسەرسامبوونەوە بازهەڵدەداتە ڕستەی سیاسی و موستەهلەک، لەتێڕامان و قسەکردن لەسەر ڕۆح و خوداوە، دەچێتە نێو گفتوگۆکانی دونیای مۆدێرنە، جارێکی دیکە ڕۆحانیەت خۆی لەبەرگی شمەکخۆری سیاسی پێناسەدەکاتەوە، دەچێتە نێو کایەکانی گوشاری چڵێسیەوە بۆ دەسەڵات. بەمجۆرە چێژ لەجیهان تەنها چێژی شمەکخۆریەکی ئەقڵانیە لەژەمێک خواردنی خێرا لەماگدۆنالز مۆدێرندا. ئەمەش بەڕای من ڕۆچوونی بەشێکی زۆری کۆمەڵگەیە بۆ جورێک لەخوماربوون بە(شمەکخۆری)، بەنمایشی بەپەلەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و نێت و میدیاکان، لەدواجاریشدا، بەرهەمهێنانی جۆرێکی پەردەپۆشیە لەبێزاری ڕۆحی و گۆشەگیری و خەمۆکی کۆمەڵایەتی کەماشێنی بازاڕ و شاشە و میدیایەکان هێوری دەکەنەوەو ئەڵتەرناتیئڤی بۆ دەدۆزنەوە. ماشێنی گەورەی دنیای مۆدێرن کە (دژە سەرسامبوون) بەرهەمدێنێت، یەکەم لێدانە لەچەمکی ئازادی لەنێو هەناوی ئەقڵانیەتەوە سەرچاوە هەڵدەگرێت، بەوەی سوپایەک لەپسپۆڕ و شارەزای ئەقڵانی لەم کولتوورەدا لەدژی سەرسامبوون وەک سلۆتەردایک دەڵێت شان هەڵدەتەکێنن.

 

من دەمەوێت لێرەدا لەبەردەم چەمکی (دژەسەرسامبوون) هەڵوێستەیەک بکەم، دیارە سلۆتەردایک لەسەرەتای ئەم کتێبەدا ئاماژە بەم چەمکە دەدات، تانەنەت نوسینەکەی لەدژی ئەو تەوژمە کاردەکات کە (دژە سەرسامبوون) کڵێشەی مامەڵەیەتی لەگەڵ جیهاندا، بەڵام لەم وێستەگەیەدا زۆر ناوەستێت، تەنها بەوەندەوە دەوستێت کە ئەقڵانیەت لە سەدەی حەڤدەهەمەوە و شانبەشانی تاکڕەوخوازی نمایشکاری یان (ئیندیڤیدوالزمی پۆپۆلستی/ مێگەلی)، لەکڵێشەیەکی ئیدنڤیدوالیەتی گشتیدا وەک (شێوازی ژیان) تەعبیری لەخۆی کردووە، تێکڕا وەک زادەی ئەقڵانیەتی ئامڕازگەرایی و تەوژمی پێگەیشتووی لیبرالیەتی جەستەی گەورەی گردبوونەوە و گروپە جیاوازانەی پێکهێناوە کە لەدواجاردا لەژێر ناوی کۆمەڵگە خۆی شوناس دەکات، هەموو ئەمانە لەپشتیەوە ئەو ئەکتەرانە وەستاون لەدەرەوەی (سەرسامبوون) کاردەکەن. بەڵام لەمەندە زیاتر ناتوانین لەکۆی چەمکی ئەو دژە سەرسامبوونە تێبگەین کە سلۆتەردایک ئاماژەی پێدەدات، چوونکە لەم سیمینارەیدا زۆر زوو دەچێتە نێو تێوەرەی گوشارەوە، ئیدی زۆر لەسەر ئەم چەمکە ناوەستێت. گەر ئاوڕێک لەتێزەکانی دیکەی سلۆتەردایک بدەینەوە، لەچاوپێکەتن و گفتوگۆکانی، ئەوا دەتوانین لەسەرچاوەکانی ئەم چەمکە نێزیکبینەوە، کە لەفۆرمی دیکە تەعبیری لەخۆی کردووە. بۆ نموونە ئەو ئەم سەردەمە بەوە دەچووێنێت کە سەردەمێکە پڕێتی لەخەڵکی پسپۆڕ و شارەزا، لەسەرەتای سیمینارەکەیدا، ئاماژە بەوەدەدات کە زیاد لەپەنچاساڵە لەکاری فەلسەفی و ئەدەبی کەسێکی بەرچاو نەکەوتووە، بێگومان زۆرکەم نەبێت، کە کار بکات لەبوارە مرۆییەکان، کە ئەو ناوی لێدەنێت (کارە ڕۆحیەکان die geistige Tätigkeiten) کارەکەی لەسەرسامبوونەوە دەستپیکردبێت، بەڵکو لەهەستێکی (زانستیکی ئۆرگانیزەکراو)وە ئەو کارە کراوە، بەڕای ئەو زانستی ئۆرگانیزەکراو کە لەڕاوێژکارو پسپۆڕی نێو دەزگاکاندا خۆی بەرجەستەدەکات، مارشێکی سەربازیان لەدژی سەرسامبوون دەستپێکردووە. لەم خاڵەوە سلۆتەردایک چرکەساتی سەرسامبوون، بەچرکه‌ساتێکی گرنگ تێدەگات لەبوارە جیاجیاکانی زانست و فەلسەفیدا. لەبەرامبەر ئەمەدا خەڵکانی دانا (حیکمەت – Weise) لەونبووندان.

 

له‌م کتێبەیدا ئاماژە بەوەدەرێت کە خەڵکە ڕاتسیۆنال و ئەقڵانیەکان کە دەرهاویشتەی کولتووری ئەقڵانین لەنێو دیاردەکاندان، لەگەڵیدا مامەڵە دەکەن، بەڵام دووریە قوڵەکانی نابینن و بەسەر دووریە رۆحی و ئێستاتیکی و مرۆییەکاندا بازدەدەن، ئەمەش کارەساتی گەورەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، قەیرانی گەورەی لەدنیادا دروستکردووە، لەجەنگەکانەوە بیگرە تاوەکو تیرۆری ئیسلامی، تادەگاتە ڕوخانی ئەفسانەی بازاڕی ئازاد کە خۆی لە بۆرسەکاندا دەبینێتەوە…لەسیاسەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا ئەم کولتوورە ئەقڵانیە ئامڕازگەرە، بەتەواوەتی بەسەر تێرمی حیکمەتدا زاڵە، بەڵام حەکیم کێیە؟ بەڕای سلۆتەردایک حەکیم ئەو کەسەیە بەزنجیرەیەک شکستیدا تێپەڕیوە، ئەوسا گەیشتۆتە ئەو ئەزموونە ئەقڵانیەی هەیەتی، حەکیم (دانا) ئەوەیە بەڕاڕەوەکانی ئازاردا تێپەڕیوە، لەنێو شکستیەکاندا ژیاوە، ئەوسا لەئازارەوە قسەدەکات و دەشزانێت هەر بڕیاڕێک، هەر مامەڵەیەك چەندە ئازار و شکستی و نەهامەتی لێدەکەوێتەوە و چەندەش بەختەوەری لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بەمانای دیوی دووهەمی بڕیاردان دەبینێت، ئەو ئازارە دەبینێت کە بڕیاردان لێوەی دەکەوێتەوە، بێگومان ئەقڵانیەتی مۆدێرن ئەو دیوە نایبینێت یان خۆی لێ خافڵ دەکات.
بەدیوێکی دیکەدا قسەبکەین، دەتوانین بڵێین ئەوە حەکیمە بەدونیا سەرسامە، بەئازارەکانی خۆی و ئەوانیتر، لەئازار و ئەزموونەکانیەوە دەتوانێت لایەنە ئێستاتیکیەکانی دیاردەکان، لایەن تراژیدی و شکستیەکانی لێکەوتەکان ببینێت، ئەوە حەکیمە تێدەگات ئازادی لەکوێدایە مادامەکی دەزانێت شکستی و ئازارەکانی لەکوێدان. ڕاتسیۆنالزم جۆرێک بیرکردنەوەی بەرهەمهێناوە، کە پاراستنە لەسەر شێوازێکی ژیانی کۆگەرایی و مێگەلخوازی جەستەی گەورەی کۆمەڵگە، پاراستنە لە(مۆدۆس ڤیڤێندی  modus vivendi) شێوازی ژیانی مۆدێرنە بەهەر نرخێک بێت. بێگومان ئەمە لەسیاسەتی بازاڕدا دەبینین، نەک تەنها بەرامبەر دونیای دەرەوەی ئەوروپا بەڵکو ئەم ئەقڵیەتە ساردە وەک ئادۆرنۆ وەسفی دەکات، ئێستا پەلاماری کۆمەڵگەی خۆیشی دەدات، دەتوانین وەک ئاسانکاریەک بۆ خوێنەری ئازیزم ئاماژە بەچەند نموونەیەکی دیاربکەین: بۆنموونە سیاسەتی یۆرۆ و دراوی یەکگرتوو، سیاسەتێکی تەواو ئەقڵانیە لەڕوی نەخشەی ئابووریەوە، لەڕووی سیاسییه‌وە سەرەتایەکی ئەقڵانیە بۆبنیاتنانی ئەوروپایەکی یەکگرتووی بەهێز، بەڵام گاڵتەجاڕی ئەم ئەقڵە لەوەدایە داوا لەدەوڵەتێکی قەرزپێدراوی وەک یۆنان دەکات، بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ سیاسەتی سک هەڵگوشین پیادەبکات، بۆ نموونە داوادەکات حکومەتی یۆنان موچەی فەرمانبەران نیوەبکات و بەشێکی زۆریش لەخزمەتگوزاریەکان وەلانێت، بەشێکی زۆریش لەفەرمانبەران بێکاربکات، خانەنشینی کەمبکاتەوە،..هتد.
ئەم سیاسەتە ئابووریە بەڕای (ترۆیکا) کە لیژنەی بەدواچوونی قەرزەکانن، وەهادەکات یۆنان بێتە ڕێزی دراوی یۆرۆ و دەوڵەتانی ئەوروپاییەوە، یۆنان بۆئەوەی ببێتە ئەوروپاوە دەبێت کۆمەڵگەکەی خۆی برسی بکات، ئەمە ئەقڵیەتی لیبرالیەت و نیو لیبرالزم و کۆنزەرڤاتیزمی ئەوروپیە، خۆی بەمیراتگری ڕۆشنگەری و ئەقڵانیەت تێدەگات. ئەم ئەقڵانیەتەی پسپۆڕان دەشێت لەڕووی ئەقڵانیەتی ماتماتیکیەوە، ئامڕازگەراییەوە ڕاست بێت، بەڵام لەڕووی ئەوەی، ئەو هەموو هەڵوەشاندنەی باری کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیەوە بەدووی خۆیدا دەهێنێت کارەساتێکی گەورەیە. ئەو ئازارەی کۆمەڵگە دەیکێشێت لای ئەقڵانیەتی مۆدێرن جێگەی سەرنج نییە، ئەمە سیاسەتی پسپۆڕەکانە نەک داناکانە. ئەقڵانیەتی بازاڕ ئەمڕۆ نوخبەیەکی دروستکردووە دوور لەهەموو حیکمەتێکی مرۆیی و بەهایەک کۆمەڵگە بەڕێوەدەبەن، لەسیاسەتی دەرەوەدا گەیشتن بەئامانجەکان لەسەروو هەموو ئەو نەهامەتیەوەیە کە لەوڵاتانی دیکەدا ڕوودەدات. بۆنموونە فەڕەنسا چەندە بەحەماس بوو بۆ ڕووخاندنی قەزافی دیکتاتۆر و پشتیوانی سەربازی لەو پرۆسەیەکرد، کەچی لەکۆلۆنیە دێرینەکەی خۆیدا کە ساحل عاج بوو کارەساتی گەورە لەنێوان نەیارانی حکومەت و ئۆپۆزیسیۆندا ڕوویدا، بەجۆرێک قەسابخانەی لەسەر جادەکان گەورە کرا، کەچی ئەوەندە ئاوڕدانەوەی لەلامەبەست نەبوو. بەگشتی ڕووخانی بۆرسە و قەیرانی ئێستای ئەوروپا لەپشتیەوە وێنەی ئەو بۆینباخ لەبەرە ئەقڵانیە وەستاوە کە حیکمەت و هێزی ژیان و سەرسامبوونی وەلاناوە، تەنها مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجامەکاندا دەکەن، نەک لێکەوتەکانی. سلۆتەردایک لەسەرەتای کتێبەکەیدا نیەتی خۆی ناشارێتەوە لەدژی ئەم ئەقڵەی کە (دژە سەرسامبوون)ی لەخۆدا هەڵگرتووە کاردەکات، ئەوەتا بەئاشکرا دەڵێت :
(لەبەشەکانی دیکەدا دەمەوێت لەدژی ئەو تەوژمە سەرەکیە کاربکەم کە تەوژمی سۆسیۆلۆژی و پۆلیتۆلۆژی دژە سەرسامبوونن….هەمان سەرچاوە 1-10).

 

كۆتایی به‌شی یه‌كه‌م

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین