گفتوگۆ لەمەڕ فێمینزم

Loading

هۆزان مەحمود
هۆزان مەحمود

گفتوگۆکردن لەسەر فێمێنیزمی کوردی و بزوتنەوەی فێمێنیزمی لەھەرێمی کوردستان، ماوەیەکی زۆرە رای جیاوازی لەسەرە، بەجۆرێک ھێشتا نەتوانراوە ببینەخاوەنی مەنیفێستێکی تایبەت بەو بوارەوکارکردن لەسەری، بەڵام ماوەیەکەو لەپاش دووەمین کۆنفرانسی دابڕان مانیفێستێک بەمەبەستی گفتوگۆ خراوەتەڕوو بۆ ئەوەی بتوانرێت لە ئایندەداو پاش دەوڵەمەندکردنی کاری جددی لەوپێناوەدا لەسەر بکرێت، لە دیمانەیەکی تایبەت بە رادیۆی مەدەنیەت و ڕۆژنامەی چاودێردا، ھۆزان مەحمود نووسەرو چالاکی بواری مافەکانی ژنان، تیشک دەخاتە سەر چەند بابەتێکی گرنگی وەک بززتنەوەی فێمێنیزم و بززوتنەوەی فێمێنیزمی لەھەرێمی کوردستان و کێشەو گرفتەکانی ژنان و ھۆکارەکانی…

 

 

دیداری: لەتیف حسێن

 

*لە کوردستاندا ماوەیەکی زۆرە قسە لەسەر فێمینیزم و فێمینیست دەکرێت، ئایا دەتوانین بڵێین ئێمە خاوەنی بزوتنەوەیەکی فێمینیزمین ؟

 

– دیارە دەستخستنە سەر ئەو مێژووە کورتەی کە رێکخراوەکانی ژنان لە کوردستان ھەیانەو پۆلێنکردنی وەکو فێمێنیزم، وەک خۆم ناتوانم وەکو فێمینیزم پۆلێنیان بکەم، لەبەرئەوەی پێشتر کاتێک حزبەکان لە شاخ بوون ئەوان ڕێکخراوی تایبەت بە ژنانیان ھەبووە، کاتێکیش کە حزبەکان دێنەوە ناو شار لە دوای ڕاپەڕین، ھەم ڕێکخراوەکانی ژنانی حزبەکان و ھەمیش کۆمەڵێک ڕێکخراوی ژنانی چەپ و ئیسلامی دروست دەبن کە ھەمووی حزب دروستیان دەکات، ئەو ڕێکخراوانە چالاکی دەکەن و خۆپیشاندان ڕێکدەخەن، بەڵام ھەموویان لە ڕوانگەی حزبەکانی خۆیانەوە تەعبیر لە مافەکانی ژنان دەکەن، ئەوە سەرەتایەکی باش بوو، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە کاتێک عێراق ڕزگار دەکرێت و لە پڕ کوردستان و عێراق بە ڕووی جیھاندا دەکرێتەوەو ڕێکخراوە گەورەکانی جیھان دێنە عێراقەوەو پارە سەرف دەکەن و ڕێکخراوی NGO دروست دەکەن، لە ھەرێمی کوردستان بە دەیان ڕێکخراوی ” NGO” دروست بووە ھەموو کارێکیان بووە بە پرۆژە، بەڵام ھیچی پەیوەندی بە یەکترەوە نییە تەنھا بۆ ئەنجامدانی کارێکە، کە لە ڕاستیدا ئه‌مە ئەجێندایەکی کوردی ناباته‌ پێش کە پەیوەست بێت بە ژنی کوردەوەو ھەڵقوڵاوی کێشەکانی ژنی کورد بێت.

 

* کەواتە ئەوە ئەجێندای وڵاتانی ترە ؟

– بەردەوام ڕۆژئاواییەکان و ئەوروپییەکان دروستکردنی کلتورو شارستانیەتی خۆیان وەک ئەوروپیەک کە خاوەنی زانست و مەعریفەو شارستانیەتە، بەردەوام ئەوە بەرھەمدەھێنێتەوە لە ڕێگای خەڵکی غەیرە ئەوروپی وەکو کۆیلەو ژێردەستە، کە بەردەوام کەسێکە پێویستی بە شارستایکردنە پێویستی بە فێربوونە. واتە ھەمیشە رۆژئاواییەکان دەیانەوێت تۆ لەوانەوە فێربیت، ئەوە پرۆژەیەکە کە لە سەرەتای کۆلۆنیالیزم لە ڕێگەی کەنیسەکانەوە دەکراو خەڵک فێر دەکرا، بۆیە دەبینین لە ئەفریقا ئەوەندەی کلێسا قەرەباڵغە لە ئەوروپا قەرەباڵغ نییە، واتە وابەستەت دەکات بە ئەجێندایەک کە جیاوازی لەگەڵ کولتوری کوردی ھەبێت، لەوانەیە ژنی کورد پێویستی بە سیمینارێک نەبێت لەسەر بەشداری سیاسی، بەڵام پێویستی بە سیمینارێکە لەسەر ھۆشیاری تایبەت بە خۆیی و کێشەکانی خۆی.

* واتە تۆ پێتوایە ژنی کورد ھۆشیارییان سەبارەت بە کێشەو خەمەکانی خۆی نییە؟

من کە سەیری بەشێک لەو ژنانە دەکەم کە لە ڕێکخراوەکاندا کاردەکەن و سەیری نوسین و بابەتەکانیان دەکەم، لە زۆربەی شتەکاندا خۆیان بەرھەمھێنانەوەی ئەقڵیەتی پیاو سالارین، کەواتە تۆ لێرە بەس پیاوی پیاو سالارت نییە ژنی پیاو سالاریشت ھەیە.

 

* بۆ تا ئێستا نەتوانراوە کە ژنان ئەقڵیەتی پیاو سالاری لە خۆیان دابماڵن ؟

 

– ھۆکارێکی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ھۆشیاری سەبارەت بە فێمێنیسم ھەم لە لای ژن و ھەمیش لە لای پیاو، چونکە پیاو لەو دنیا پیاوانەیەی خۆیدا قاڵ بۆتەوە دنیا لە ڕوانگەی خۆیەوە دەبینێت، تەفسیری بۆ سیاسەت بۆ کێشە کۆمەڵایەتیەکان بۆ مێژوو بۆ ھونەر، ڕەنگدانەوەی پیاوسالاری پێوە دیارە، عەقڵیەتی دژە ژنی لە کلتورو ھونەری ئێمە بەردەوام بەرھەمدەھێنرێتەوە، تۆ سەیری شیعری کوردی بکە بەشێکی زۆریان ژنی کردووە بە کەرەستەیەکی سێکسی، ئەوەش ھۆکارەکەی ئەوەیە کە تێگەیشتنێکی تەندروست نییە بۆ بابەتی جێندەری، ئەوەش کارێکی کردووە کە ئاڵۆزییەکی گەروە ھەبێت سەبارەت بە تێگەیشتنی ژن بۆ پیاو پیاو بۆ ژن، وە ھەردوکیشیان بۆ خۆیان.

 

* ئایا بزوتنەوەی ژنان و فێمێنیزم دەکەوێتە کوێی خەباتی ژنانی کوردستانەوە، بۆچی تا ئێستاش قسە لەسەر کۆمەڵێک کێشەی ژنان دەکرێت کە ھی سەردەمی پێش ڕاپەڕینن ؟

 

–  پێموایە بەشێکی زۆر لەو ژنانە تا ئێستا خۆیان بە فێمێنیست نەزانیوە پشت بەستوو نەبوون بە ھیچ قوتابخانەیەکی فکری فێمێنیستی، تۆ کاتێک خۆت بە فێمێنیست لە قەڵەم دەدەی کە پشت بەستوو بیت بە قوتابخانەیەکی فکری فێمێنیستی.

*بۆچی قوتابخانەیەکی فیکری فێمێنیستی لە کوردستاندا ھەڵنابژێردرێت؟ ئایا پێتوانیە ئەوە پەیوەندی بە کولتورو ئاین و شەرمی ئەو کەسانەوە ھەبێت کە لەو بوارەدا کاردەکەن ؟

– کێشەکە ئەوەیە ئێمە لەسەرەتای دروستبوونی کایەکانەوە چ سیاسەت بێت چ کولتور بێت، ھەر لە بنەماوە پیاوانە بووە، ژن لەو کایانە جیاکراوەتەوە، تەنانەت لە ئەوروپاش کاتێک ژن چۆتە ناو سیاسەت و کایە ئەدەبی و کلتوریەکانەوە زیاتر پیاوانە بووە، چونکە لە بنەمادا پیاو دروستی کردوون، بۆیە پیاوەکان بە دونیا بینییەکی پیاوانەوە دەڕۆنە پێشەوە، بەڵام کاتێک ژن دەچێتە ناو ئەو کایانەوە پێویستە ئەویش دونیا بینی خۆی ھەبێت و ئاشکرای بکات و لەیەک تێبگەن و گفتوگۆ دروست بکەن، بەڵام لە کەیسی ژنانی کوردا لە کەیسی کایەکانی سیاسەت و ئەدەب و کولتورو ھونەری کوردیدا تا ئێستا ئەوە دروست نەبووە، ژن بووە بە بەشێک لە کایەکانی پیاوان، لە بنەڕەتدا ئەوەیە کێشەکە، ژن بەھۆشیاریەکی فێمێنیستی و بە دونیا بینییەکی ژنانەوە نەچۆتە ناو کایەکانەوە، بەڵکو دونیا بینیەکی پیاوانەی ھەیە.

*پێتوانیە ئاین ڕۆڵی ھەبێت لەو بوارەدا ؟

 

– ھەموو ئەوانە ڕۆڵیان ھەیە، بەڵام من لەگەڵ ئەوەشدا ئەو جۆرە بەشداریکردنانەی ژن لە کایەکاندا بە پۆزەتیڤ دەبینم بە ھەڵە لێم تێمەگە، چونکە ھەموو شێتێک سەرەتا دەبێت لە ھەنگاوێک دەستپێبکات، ھەموو ئەوانەی کە ژن لە پەرلەمانن یان وەزیرن یان لە مەکتەبی سیاسی حزبەکانن، یان نوسەرو ڕاگەیاندنکارو شاعیرو ئەدیبن ھەموو ئەوانە پۆزەتیڤن، بەڵام ھێشتا بەس نیە بۆ ئەوەی ئێمە پەیوەندیەکی جوانی نێرو مێمان ھەبێت لەو وڵاتەدا بەداخەوە کە تا ئێستا نیمانە، ژن کە دەچێتە ئۆفیسێکەوە مەترسی ئەوەی ھەیە کە دەستدرێژی نەکرێتە سەر لەلایەن بەڕێوەبەرەکەیەوە، یان کە دەچێتە کۆمپانیایەک کاردەکات ترسی ئەوەی ھەیە خاوەنی کۆمپانیاکە نیازی خراپی ھەبێت بەرامبەری، یان لە ناو حزبەکان یان ھەر شوێنێکی تر بەردەوام ژن ئەو مەترسیانەی ھەیە، بەڵام جورئەتێکی باش و جوانە چوونەتە ناوەوە تەنیا پێویستیان بەوە ھەیە ھۆشیارییەکی ژنانەیان ھەبێت و پشتیوانی یەکتر بن.

بزوتنه‌وه‌ی فیمنستی له‌شه‌سته‌كاندا وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی له‌دژی جه‌نگ و چه‌كی كیمیاوی و ئه‌تۆمی خه‌باتیكردووه‌.
بزوتنه‌وه‌ی فیمنستی له‌شه‌سته‌كاندا وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی له‌دژی جه‌نگ و چه‌كی كیمیاوی و ئه‌تۆمی خه‌باتیكردووه‌.

 

*لەماوەی رابردوداو لە کۆنفرانسی ڕێکخراوی دابڕان لە پانێلێکدا باس لە فێمیزمی حەڵاڵ و حەرام کرا، مەبەست لەوە چی بوو، ئەوە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت، ئایا ژنانی ئێمە لە نێوان کامیانن ؟

 

– ئیسلامی سیاسی بەردەوام دەیەوێت کۆمەڵێک شت وەربگرێت، بەڵام لە مانا مرۆڤایەتیەکەی دایببڕێت، بۆ نمونە “دیموکراسی” ئیسلامی سیاسی گەمەی خۆی تێدا دەکات بۆ ئەوەی بگات بە دەسەلاًَت، بەڵام کاتێک دەگاتە دەسەڵات پێستە ڕاستەقینەکەی خۆی دەردەکەوێت. لە بابەتی فێمێنیزم و ژنانیشدا کاتێک دەزانێت لەو بوارەدا توێژینەوە ھەیەو سەرھەڵدانێک ھەیە، ڕێک لەوانەیە بێت ئەو وشەیە وەربگرێت و بیکات بە فێمینیزمی ئیسلامی، دیارە فێمینیزمی ئیسلامی دروست بووە لە سەرەتای نەوەدەکانەوە لە ئێرانەوە سەریھەڵداوە، من ناویان نانێم فێمینیست، چونکە تۆ کە فیکری فێمێنیزم وەردەگری دەبێت زۆر شتی تری لەگەڵ وەربگری، بۆ نمونە پەیوەندی سێکسی لەدەرەوەی ھاوسەرگیری، دروستکردنی منداڵ لە دەرەوەی ھاوسەرگیری، منداڵ لەبار بردن، ڕەفزکردنی ھاوسەرگیری دینی، رەفزکردنی مارەیی و تەڵاق، فێمێنیزم لە سەرەتادا عەلمانی بووەو لە بەرامبەر زۆڵمی کلێسا دروست بووە، زۆرێک لە فێمینیستەکان لە بەریتانیا ھێرشیان کردۆتە سەر کەنیسەو کڵێساکان، چونکە زوڵمەکەیان ئەوەندە زۆر بووە بەرامبەر بە ژنان، ژنێک کە پەیڕەوی ئاینی نەکردبێت پێان وتووە ئەوە جادووگەرەو سوتاندویانە یان خنکاندویانە، لەبەر ئەوە فێمێنیزم لە سەرەتادا کە لە رۆژئاوا سەرھەڵدەدا عەلمانی بووە، ئیسلامی ناتوانێت ئیسلامیزەی بکات و وەریبگرێت، چونکە ئەوە ھەڵەیەو دوو فاقیە، بۆیە ژنی کورد ناتوانێت لە کێشمەکێشمی ئیسلامی سیاسیدا بچێتە ناو پرۆژەی فێمێنیزمی ئیسلامیەوە.

 

* پلاتفۆرمی دابڕان بزوتنەوەیەکی نوێی فێمێنیزمی لە کوردستاندا ڕاگەیاندووەو مەنیفێستێکیشی بۆ گفتوگۆئامادەکردووە، سەرنجت لەسەر ئەوە چیە، ئایا پێتوایە ئەوە ئامانجەکەی خۆی بێنێتە دی ؟

 

– من ھەر لەسەرەتاوە دەستخۆشی و پیرۆزبایم لە پرۆژەی دابڕان کردووە، پرۆژەیەکی جدییەو کاری جدی دەکات لەسەر پرسی عەلمانیەت و رۆشنگەری، بابەتی فێمێنیزم و رۆشنگەری یان بە تەنیا رۆشنگەری بە لای فێمینیستەکانەوە رۆشنگەری خۆی لە ژێر پرسیاردایە، رۆشنگەری کاتێک لە ئەوروپا سەریھەڵداوە ھەڵگری کۆمەڵێک دروشم بووە، بەڵام زوڵمیشی لە ژن کردووە، ئەو ئازادی و مافانەی باس دەکرا ژنی نەدەگرتەوە بۆیە ئەوە بووە جێی رەخنەگرتنی فێمێنیستەکان و دروستبوونی ڕەوتی تری فێمێنیستی و عەلمانی، رۆشنگەری پرۆژەیەکی گەورەیە پرۆژەیەکی گرنگە لە ئەوروپا تا ئێستاش، چونکە دابڕانێکی دروستکرد لەنێوان ھێزو دەسەڵاتی کڵێسا بەسەر ژیانی شەخسی مرۆڤەوە، لەوەشدا ژنان سودیان وەرگرت ھەرچەندە لەسەرەتاوە ژنی نەدەگرتەوە، بەڵام ئەوە بوو بە فەزایەک کە بێنە ناوەوە ژنانیش سودی خۆیان لێوەرگرت، ھەموو شۆڕشێک کۆمەڵێک شتی باش و خراپ بەدوای خۆیدا دەھێنێت، ھیچ شتیک بەبێ خەوش نیە، بۆیە من رۆشنگەری رەتناکەمەوە بە پێچەوانەوە پرۆسەیەکی گەورەیەو شتی گەورەی بەدوای خۆیدا ھێناوە، بەڵام دەبێت کەموکوریەکانیشی ببینین، چونکە دابران ئەدۆبتی رۆشنگەری کردووە گرنگە ئەو لایەنانەی رۆشنگەری بزانێت لێکۆڵینەوەی لەسەر بکا.

فێمینیزمی ڕۆشنگەری ئەوەندەی من بزانم وەکو قوتابخانەیەکی فیکری بوونی نییە، ئەو قوتابخانە فیکریانەی فێمێنیزم کە ھەن ھەر لە سەرەتای حەفتاکانەوە بریتین لە (مارکسیست فێمینیزم ، رادیکال فێمینیزم ، لیبراڵ فێمینیزم ، پۆست مۆدێرن فێمینیزم ، کەڵچڕاڵ فێمینیزم…ھتد) واتە ھەر کەسەو پرۆژەیەک دەھێنێ و کاری لەسەر دەکەن و جۆرێک لە فێمینیزمی تێدا دەدۆزنەوە، دیارە فێمێنیزمی رۆشنگەری داھێنانی پلاتفۆرمی دابڕانە من دەستخۆشیان لێدەکەم و بە بڕوای من کێشەی تێدا نییە، بەڵام گرنگە بۆ ژنی کورد ڕوونبکرێتەوە رۆشنگەری چییەو فێمێنیزم چیە ؟

چۆن دەتوانین ئەم دوانە یەک بخەن، من پێشنیارێکم کرد مادام ئەوە پرۆژەی دابڕانە باشترە بڵێین “بزوتنەوەی ژنانی سیکۆلاریستی کوردستان” لە چوارچێوەی پلاتفۆرمی دابڕاندا، بۆ ئەوەی ڕەوتی ئەو ژنە عەلمانیانە جیابکاتەوە لە ڕێکخراوە ئێن جی ئۆو ڕێکخراوو کەسەکانی تر کە تێکەڵن لەسەر عەلمانی و سیکۆلاریزم، ئەوە دەتوانێت پرۆژەیەکی جوانی ژنانی ناو ڕێکخراوی دابڕان بێت، ئەوە پێشنیاری من بوو بۆیە ھەستم کرد کە ئەو پرۆژەیە جۆرێک لە پەلەکردنی پێوە دیارە ھەستمکرد کە پێویستی بە فراوانکردن و تێڕامانی زیاترە.

تەواو

سەرچاوە؛ ڕۆژنامەی چاودێر ژمارە ٥٨٥  ڕيکەوتی یەکی نۆڤمبەری ٢٠١٦

 تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خالبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی
تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خالبه‌ندی تایبه‌ته‌ بەنوسەر خۆی