پێشانگای: جەستەی بینراو – جەستەی نەبینراو. پرۆژەی هونەری گرووپی کۆنسێپت ئارت. كاری ڕه‌نج حیكمه‌ت له‌نا

پڕۆژەی جەستەی بینراو – جەستەی نەبینراو ١


Loading

ئەم پێشانگایە وەکوو گۆڕینی مانای شوێن و ده‌رککردن بە هاکانی جەستە وەکو خودێکی فیزیکی، لەشونێکەوە کە لەبنەڕەتدا بۆ لێدان و کەمکردنە وەی ماناکانی جەستە دروستکراوە بۆ هەمان شوێن کە ئەمجارە تیایدا بەهۆی کارەکانی ئەم پێشانگایەوە ماناکانی جەستە بەرزدە بیتەوە.

جەختکردنی بیرۆکەی ئەم پێشانگایە لەسەر چەمک و وێنە و ماناکانی جەستە  وەکو کاردانەوەیەک بۆ حاڵەتی بە پەراوێزکردنی ڕۆڵ و وێنە و ماناکانی جەستە لە ناو کولتور و هونەری شێوەکاری ڕۆژهە ڵاتی ئیسلامیدا. له‌کارەکانی ئەم هونەرمەندانەدا  (وێنەی جەستە)  بەشێوە و مەتریاڵی جیا جیا دە رکە وتووە. لە هەندێکیاندا وێنەی جەستە بە تەواوەتی دەرکەوتووە، وە کو  كاره‌كانی  (لای ئاڤان سدیق ، ئە حمە د نە بە ز )  و لە هەندێکی دیکەیاندا تەنیا وێنەی بەشی سەرەوەی جەستە دەرکە وتووە وەکوو لای (زاموئا داراغا ، بەهجە ت عومە ر و گەیلان عه‌بدوڵلە).   بەڵام لای ڕەنج حیکمەت،  تەنیا وێنەی دەستی هونەرمەند لە یەکێ لەمۆنیتۆرەکاندا جار و بار دەردەکەوێ، هەرچەندە لە گشت کارەکاندا هە ست بە ئامادەیی جەستە دەکرێت،  ئیدی بەبینراوی بێ یان بە نەبینراوی ، بە پێی تایبەتمەندێتی کارکردنی هونەرمەندەکان لە ناو کۆی بیرۆکەی پێشانگاکە.  ئه‌مه‌ له‌لایەکەوە و لەلایەکی دیکەوە توانای بینەر بۆ بینین و درککردن ودروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هەر یەک لەکارە هونەرییەکاندا. کارە هونەرییەکان زۆر هاوچەرخن و لە ئەنجامی خوێندنەوە و بینین و سەرقاڵی هونەرمەندەکان لەگەڵ ئێستای هونەری شێوەکاریدا دروستبوون بەجۆرێك کە ڕوحی کاتەکە دەپێکن. هونەرمەندەکان مامەڵەیەکی هەستیارانەیان لەگەڵ شوێن وفەزای گشتی پێشانگاکە و فەزای تایبەتی ژووری پێشانگاکەی خۆیاندا کردووە لە ژێرزەمینی بینای ئە منە سورەکە . تیشک و مەتریالی نوێ و بەرهەمە نویێەکانی دونیای تە کنەلۆژیایان بەکارهێناوە بۆ خزمەتی ناوەرۆکی کارەکانیان.

ڕە نج حیکمەت

کارەکەی رەنج حیکمەت بە ناونیشانی)ناورەوی هێڵکاریکراو لە گەڵ ڤیدیۆ ئینستلەیشن (Drawing coridor with video  instalation ) . هونەرمەند ئە م کارە ی یەکەمجار لە ساڵی 2013 لە لە ندەن دروستکردووە و ئەمساڵ لە م پێشانگایەدا بە هەندێ گۆڕانکاریەوە و لە کۆنتیکستێکی دیکە دا نیشانیداوە. ئەمە کارێکی ئاڵۆزە، هونەرمە ند خۆی پێیدەڵێت: ئەم کارە نیشاندانی وزەی جەستەیە، لە ناوەوە و لە دەرەوە. وهونەرمەند ڕیزان نەجیب رەهەندێکی (بۆدی ئارت) ی تیا دەبینێ.

(ڕەنج حیکمەت) بۆ ئەم کارەی ژوری پیشانگاکەی خۆی کردوەتە دووبەشەوە، واتا ژورەکەی کردوە بەدوو فەزا (دوو ڕاوم –  Space  – Raum) ، کە وەک یەک گەورە نین، بۆ ئەم دابەشکردنە دیوارێکی سپی و پانی بەکارهێناوە کە لە تەختە دروستیکردوە و رەنگی سپی بۆی بەکار هێناوە ، بەرزی دیوارەکە ناگاتە بنمیچی ژوورەکە ، لە بە شە گە ورەکەی دوو مۆنیتۆری بەتەنیشت یەکەوە لەسەر زەوی داناوە کە ڕاستەوخۆ بەرچاوی بینەر دەکەون کاتێ کە دەچێتە ناو ژووری پیشانگاکەوە.

یەکێک لە مۆنیتۆرەکان ناوەوەی جەستە و ئەوەکەی دیکەشیان دەرەوەی جەستە نیشانئەدەن. بۆ نیشاندانی ناوەوەی جەستە هونەرمەند ئامرازێکی هێڵکاری دڵی لە لەشی خۆی توندکردووە، هە ر وەکو چۆن دکتۆری دڵ لە ژیانی ڕۆژانەدا لەعیادەکەی بەکاریدەهێنێت بۆ پشکنینی دڵ.  بە واتایێکی دی، چەند وایەرێکی بە ستووەتەوە بە سینگی خۆیە وە و لایەنەکانی دیکەی وایەرە کانی گەیاندوە بەو مۆنیتۆرەوە کەجەستە لە ناوەوە نیشانده‌ەدات، کە تێدا بینەر چەند هیڵێکی ئەلکترؤنی ئەبینێت کە بەرز و نزمی لێدانی دڵی هونەرمەند نیشاندەدەن.  ئەم ڤیدیۆیە تەنیا وەکو ڤژوەڵ Visuell دەمێنێتەوە لەبەر ئەوەی تەنیا بۆ بینینی ووزە لەناوەوە .

لەمۆنیتۆرەکەی تر بینەر هێڵکارییک دەبینێت، کە هونەرمەند لەناو فەزای پێشانگاکە جێبەجیێیکردووە و لە کاتی هێلکاریکردندا هونەرمەند کامێرایەکی بەستووەتەوە بە ناوچەوانی خۆیەوە و بە وایەر بەستۆتێوتی بەو مۆنیتۆرەی کە دەستی هونەرمەند و هێڵکاریەکە نیشان ئەدا تاکو بتوانێ پرۆسەی هێڵکاریکردنەکە بگەیێنی بە مۆنیتۆرەکەوە ولە هەمان کاتدا بینەر گیۆیشی لە خشەخشی دەستی هونەرمەند ئەبێ لەکاتی هێڵکاریکردنەکەدا ، واتا بینەری لەم مۆنیتۆرە کارێک دەبینێ هەم بۆ بینین و هەم بۆ گیۆگرتن و کاری ئەم ڤیدیۆیەش دەبێت بە ئەودیۆڤژوەڵ Audiovisuell وززەی دەرەوە نیشان ئەدات .

پێشانگای: جەستەی بینراو - جەستەی نەبینراو. پرۆژەی هونەری گرووپی کۆنسێپت ئارت. كاری ڕه‌نج حیكمه‌ت
پێشانگای: جەستەی بینراو – جەستەی نەبینراو.
پرۆژەی هونەری گرووپی کۆنسێپت ئارت.
كاری ڕه‌نج حیكمه‌ت

لە بەشە بچوکەکەی ژووری پیشانگاکەیدا هونەرمەند کارە هێڵکارییەکەی داناوە، کە لەسەر کاغەزێکی سپی گەورە دروستیکردووە و لە قەد دیوارەکە و لە ئاستی چاوی بینەر (بێ چوارچێوە) هە ڵیواسیووە . بینەر کاتێك لەناو (فەزا بچوکەکەدا) ڕوودەکاتە هێڵکاریەکە،  پشتی لە دیوارەسپیەکە ئەبێت  و  مەسافە لەنێوانی چاوی و هیڵکاریەکە ڕێژه‌ی سی سانتیمەترە، واتا بینەر دەتوانێت تەنیا ڕووبەرێکی بچوک لە هێڵکاریەکە ببینێت. ئەمەیش ئەوە دەردەخات،  کەمەبەستی هونەرمەند ئەوەنییە بینەر هێڵکاریەکە ببینێ، بەڵکو مەبەستی یاریکردنە بەهەست و جۆری دەرککردنی بینەر لەناو ئەو دو فەزا جیاوازە ،کەچۆن لە جەستە و دونیای ناوەوەی خۆی نزیکدەبێتە ودوردەکەوێتەوە، و کارە هونەرێکە و فەزا جیاوازەکانی چ کاریگەریێک دەگەێننە جەستەی بینەرەکە؟ چۆن هەستەکانی دەگۆردرێن لەناو ئەو دوو فەزایە؟ و چۆن درک بە (بوونی خۆی) دەکات، بەتایبەت کاتێك کە بەرزی و نزمی لێدانی دڵ ئەبینێ ڵەگەڵ پرۆسەی هێڵکارێکە.

لێرەدا دەکرێت قسە لەسەر پەیوەندی جەستە و فەزا (ڕاوم – Raum) بکرێت، کە یەکێکە لەبابەتەکانی هونەری شێوەکاری هاوچەرخ و جگە لە (ڕەنج حیکمەت) چەندین هونەرمەندی تر بەشێوەی جۆراوجۆر کاریان لێکردوە لەوانە هونەرمەندی ئەمریکی بروس نەومان Bruce Nauman .

پێشانگای: جەستەی بینراو - جەستەی نەبینراو. پرۆژەی هونەری گرووپی کۆنسێپت ئارت. كاری ڕه‌نج حیكمه‌ت
پێشانگای: جەستەی بینراو – جەستەی نەبینراو.
پرۆژەی هونەری گرووپی کۆنسێپت ئارت.
كاری ڕه‌نج حیكمه‌ت

له‌ناو ژووری کارەکەی ڕە نج حیکمەتدا بینەر لە دوو حاڵەتدا دەژیت : یەکێکیان جۆرێکە لە بینین لەوکاتەی کە دێتە ژورەوە و بەرانبەر مۆنیتۆرەکان دەوە ستێت و دووهه‌میان دەرککردن بەو گۆڕانکاریانەیە کە بەسەر هەستەکانی دێت،  وەکو چربوونەوە و کشانەوەیان لەناو ئەو دو فەزا جیاوازە، کە یەکێکیان بچوک و تەنگە و ئەوەکەی تریان فراوانە.

کاتێل کە پرسیارم لە رەنج کرد: لە کام حاڵەتدا هەستتکردوە زیاتر لە ناو کارەکەیت؟ لەوەی کە لە لەندەن کردت؟ یان ئەمەی ئێرە؟ ئەو گوتی: ئەمەی ئێرە .

بۆ ئەمەیش هونەرمەند هۆیەکەی ئەگەرێنێتەوە بۆ ئەمنە سورەکە خۆی وەکو جێگایەکی تراژیدی لە مێژووی ئەم شارە، بەواتاێکی دی،  وەکو (دروستکەری تراوما) لە (یاده‌وه‌ری خەڵکی) ئەم شارە. ڕەنج حیکمەت دەڵێت: من نامەوێ مامەڵەیه‌کی سۆزداری  لەگەڵ ئەم یاده‌وه‌رییه‌دا بکەم ، بەڵکو دەمەوێ ئارکیۆلۆژیانە بەر ئەم  یاده‌وه‌رییه‌ بکەوم.

كۆتایی به‌شی یه‌كه‌م

 

  • پێشانگای: جەستەی بینراو – جەستەی نەبینراو.
    پرۆژەی هونەری گرووپی کۆنسێپت ئارت.
    خاوەنی بیرۆکە و رێکخەری پێشانگا: ئاڤان سدیق.
    هونەرمەندەکان : ئە حمەد نەبەز . ئاڤان سدیق . بەهجەت عومە ر . گەیلان عە بدوللە .
    رە نج حیکمە ت . زاموئا داراغا.
    جێگای پێشانگا : ژێرزەمینی ئە منە سوورەکە / سلیمانی.
    کاتەکەی: لە 19 وە تاکو25 ی مانگی 11ی 2016.

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی
تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی