کۆمەڵەی سۆفیا و کار و چالاکییەکانیان

Loading

سۆفیا کۆمەڵەیەکی کولتوری ئەدەبییە، ئامانجی بەکولتورکردنی خوێندنەوە و هۆشیارکردنەوەی تاکە بە گشتی و بەتایبەت خانمان. پڕۆژەی ئەم کۆمەڵە جوانە وەک هەموو پڕۆژە ڕۆشنبیرییەکانی جیهان کارێکی هاوبەشە، لێ ئەوەی سۆفیای تایبەت کردووە ئەوەیە کە هەموو ئەندامان و چالاکوانەکانی مێینەن و زیاتر کار بۆ خزمەتکردنی ژنان دەکەن.

سۆفیا له‌پێنج شاری جیاواز بازنەی هه‌یه، شارەکان بریتین لە؛ ‌(سلێمانی، هه‌ولێر، كه‌ركوك، ڕانیه‌، هه‌ڵه‌بجه‌)، ئەندامانی‌ كۆمه‌ڵه‌ی سۆفیا له‌ هه‌موو ئاست و ته‌مه‌نێكیان تێدایە، هەروەکچۆن له‌ڕووی پیشەییەوە؛ کابانی ماڵ، مامۆستا، فه‌رمانبه‌ر، پزیشک، پارێزه‌ر، ئه‌ندازیار، موزیسیان و وێنه‌كێش و هتد … به‌شداره‌ لەگەڵیان.

ئەم خانمانە کە ساڵێک زیاترە کاردەکەن، لە هەوڵی زیاتر ڕۆشنبیرکردنی خۆیانەوە دەستیانپێکردووە، بە کار و چالاکییەکانیان خۆشەویستی خوێندنەوە و کتێب لەگەڵ دانیشتوانی شارەکانیاندا بەش دەکەن و هاریکاری خۆیان پێشکەش بە چین و توێژە جیاوازەکان دەکەن.

بەشێک لە کچانی سۆفیای سلێمانی لەکاتی کتێب فرۆشتندا بە پاسکیل
بەشێک لە کچانی سۆفیای سلێمانی لەکاتی کتێب فرۆشتندا بە پاسکیل

لە‌نجه‌ خاوێ، خانمه‌پارێزه‌ری ته‌مه‌ن ٢٣ ساڵ كه‌ له‌ سلێمانی له‌دایك بووه‌ و هەر لەوێش دەژی، لە دەستەی دامه‌زرێنه‌رانی گرووپی خوێندنه‌وه‌ی سۆفیایە، ئەو سەبارەت بەوەی خانمانی سۆفیا هەفتانە بە مەبەستی گفتوگۆکردنی کتێبێک پێکەوە دادەنیشن، دەڵێت:

ئێمە لەدوای خوێندنەوەی كتێبێکی دیاریكراو. هەموومان كۆدەبینەوە، قسە و گفتوگۆ لەسەر تێكستەكە ئەنجام دەدەین. جاری وا هەیە سیمینارێكی تایبەتیش كەپەیوەندی بەو بابەتەوە هەیە كە كتێبەكە لەسەری دواوە، پێشكەش دەكەین. هەر جارە و خانمێك ئەم كارە دەكات. هەروەها قسە لەسەر تێكستەكە دەكرێت و ڕەگەزەكانی تێكستەكە بەپێی تیۆرە ئەدەبییەكان شیدەكرێتەوە و خوێندنەوە بۆ پشت دەقەكانیش دەكرێت لەلایەن ئەندامەكانەوه.

چالاکییەکانی خانمانی سۆفیا، هەمەچەشن و پڕ بایەخن. سەبارەت بە چالاکی فرۆشتنی کتێب بە پاسکیل کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، لەنجە دەڵێت:

یەكێك لە پڕۆژە باشەكانمان لە سۆفیا بردنی كتێب بوو بە پاسكیل بۆ گەڕەكەكانی شار. لەبەر دوو هۆكار؛ یەكەم؛ هێشتا لە كۆمەڵگەی ئێمەدا لێخوڕینی پاسكیل شتێكی نەنگ و عەیبە، ئێمە ویستمان ئیش لەسەر ئەو لایەنەی بكەین و كردیشمان. دووەم؛ ئەوەیە كە پاسكیل دۆستی ژینگەیه.

ئەو كەسانەی كتێبمان بۆ دەبردن، لەهەردوو ڕەگەزەكە بوون بەڵام زۆرینەی ژن بوون، چونكە هێشتا لە كۆمەڵگەی ئێمە كتێبخانە وەك شوێنێكی ترسناك و خەتەر سەیردەكرێت. خێزانەكان ڕێگە نادەن كچەكانیان بچنە كتێبخانە و بخوێننەوە چونكە پێیان وایە دەبنە كەسی لادەر و یاخی لە كۆمەڵگه. نایانەوێت چاویان بكرێتەوه. بۆیە كچەكان زیاتر كتێبیان دەویست و بەپەرۆش بوون بۆئەوەی جارێكی تر بچینەوە بۆ لایان و كتێبیان بۆ بەرینەوه. هەندێكیان پێیاندەگووتین كە بەدزییەوەكتێب دەخوێننەوه. ئەمە پێمان دەڵێت؛ كە ئێمە دەبێت لەو وەهمە ڕزگارمان بێت كە پێمان وایە بەتەواوەتی ئازاد بووین.

چالاکی کچانی سۆفیای هەولێر لەگەڵ منداڵانی تووشبوو بە تالاسیما
چالاکی کچانی سۆفیای هەولێر لەگەڵ منداڵانی تووشبوو بە تالاسیما

(سەبری عه‌بدوڵا عبدیە)  ناسراو بە (سەبری عبدی) لە شاری هەولێر دادەنیشێت و خوێندکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکانە لە بەشی شانۆ. سەبری سەرپەرشتیاری بازنەی هەولێرە و دەربارەی هەندێک کار کە بۆ منداڵانیان کردووە دەڵێت:

لە هەوڵێر هەستاین بە سەردانکردنی مناڵانی خانەی بێسەرپەرشتان و بردنی کتیب بۆیان. تا هەنوکەش لەم کارە بەردەوامین و دەچین لەگەڵیان دادەنیشین و کتێبیان بۆ دەخوێنینەوە. منداڵەکان دڵیان بەم کارە زۆر خۆش دەبێت و کاردانەوەی ئەوەندە جوانیان هەیە کە سەختە بە وشە گوزارشتی لێبکرێت. تەنانەت یەکێک لەو منداڵانەی خانەکە، کە خوێندنی جێهێشتبوو، بە کاریگەری قسەی (کیژان)ی هاوڕێمان گەرایەوە بەر خوێندن.

یەکیکی تر لە چالاکییەکانمان بۆ منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشی تالاسیما بوو. لەم چالاکیەماندا جگە لە دڵخۆشکردنیان بە پێدانی کتێب و خوێندنەوە بۆیان و نمایشکردنی کاراکتەری ناو چیرۆکەکان، بڕیارماندا کارێک بکەین بۆ جەستەشیان بەسوود بێت. بۆیە لە و ڕۆژەدا زیاتر لە ٨٠ بتڵ خوێنمان لە خەڵکی خۆبەخش کۆکردەوە و خستمانە بانکی خوێنی هەولێرەوە بۆ مناڵەکان. دوای ئەو چالاکییە، دکتۆرەکان و دایک و باوکەکان پێمانیان ڕاگەیاند تا ئیستا تەنها کۆمەڵەی سۆفیا بووە کە گرنگی بە لایەنی ڕۆحی و دڵخۆشکردنی مناڵەکان داوە و هیوایانخواست کە زیاتر بایەخ بە منداڵەکان بدرێت.

ئەوەی زیاتریش دڵخۆشمان دەکات ئەوەیە کە منداڵانی خانەکە و نەخۆشخانەش کە تەمەنیان لە نێوان ١١ ــ ١٨ ساڵاندایە، بوونەتە خوێنەر و هاوڕێمان و پەیوەندیمان پێوە دەکەن و دوای خوێندنەوەی کتێبەکانیان بە ئیمێلێک باسی کتێبەکانمان بۆ دەکەن.

کچانی سۆفیای کەرکوک و چالاکی ئاڵوگۆڕکردنی کتێب لەسەرشەقام
کچانی سۆفیای کەرکوک و چالاکی ئاڵوگۆڕکردنی کتێب لەسەرشەقام

خاتوو چاوان خە‌لیلی ١٩ ساڵ، کە لەدایکبووی شاری کەرکوکە و لەوێ دەژی و خوێندکاری قۆناغی دووی بە‌شی شیکاریی نەخۆشییەکانە. وەک سەرپەرشتیاری سۆفیای کەرکوک سەبارەت بە یەکێک لە چالاکییەکانیان دەڵێت:

ئێمە لە درێژە‌ی چالاکیە‌کانماندا چالاکییە‌کی سە‌رشە‌قاممان لە بە‌رامبە‌ر قە‌ڵا ئە‌نجامدا، لەژێر ناوی (کتێبێک بێنە‌ و کتێبێک بە‌رە‌)، بەڵێ لە‌م چالاکییە‌دا کچانی سۆفیا بە‌شێک لە کتێبە‌کانی خۆیان بە‌خشی و لەپاڵ ئەمەدا هەندێک نمایشی شانۆیی و پارچە موزیک پێشکەشکرا. هە‌ڵبە‌ت پێشوازی خە‌ڵک بە‌ڕووی ئە‌م چالاکیە‌کەماندا زۆر باش بوو، بەدەر لە‌ ڕۆشنبیران و شاعیرانی شاری کە‌رکوک خە‌ڵکی ئاساییش کە‌ بە‌شە‌قامە‌کە‌دا تێدە‌پە‌ڕین، دە‌هاتن بۆ لامان و دە‌ست خۆشی و خۆشحاڵی خۆیانیان پێ ڕادە‌گە‌یاندین.

کچانی سۆفیای ڕانییە
کچانی سۆفیای ڕانییە

مۆناکۆ ئیبراهیم کە تەمەنی ١٩ ساڵە و هێشتا خوێندکارە، چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی، سەرۆکی گرووپی کچانی کتێب و سەرپەرشتیاری سۆفیای ڕانیەیە. مۆناکۆ خاتوون دەربارەی بایەخی سۆفیا بە ژنانی ناو بەندیخانەکان دەڵێت:

ئاوڕدانەوە لەو ژنانەی کە دابڕاون لە کۆی کایەکانی کۆمەڵگا، ئێمە وەکو هاوڕەگەزێک بە ئەرکێکی مرۆیی سەرشانمان زانیوە و توانیومانە لە گۆشە نیگایەکەوە ئاوڕێکی بچوکیان لێ بدەینەوە، تا لە نزیکەوە لە هەست و نەست و ئێش و ئازارەکانیان ورد بینەوە و کەمێک ئەو بارە قورسەی دەروونیان کەم بکەینەوە. ئەوان تاڕادەیەک لەهەموو ڕوویەکەوە ڕووخاون، بۆیە پێشئەوەی بایەخ بە خوێندنەوە بدەن، پێویستیان بە ڕێنمایی دەروونی هەیە کە بە خۆشحاڵیەوە توانیمان لەسەر دەستی کەسانی ئەکادیمی ڕێنمایی دەروونیان پیشکەش بکەین بۆ ماوەی هەفتەیەک. چونکە ئەوان بەدەر لە پێداویستی مادی، ڕۆژانە پێویستیان بە خۆراکی ڕوحی هەیە بۆئەوەی جارێکیتر لەگەڵ ژیان ئاشتت ببنەوە، بەڵێ کچانی سۆفیا ژنانی گرتوخانەکانی لەبیرنەکردووە و لەهەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا، چالاکییەکەیان تایبەت بەو ژنانە کرد.

کچانی سۆفیای هەڵەبجە
کچانی سۆفیای هەڵەبجە

چیا مورادی تەمەنی ٢٦ ساڵە، ماوەی ٥ ساڵ دەبێت کار لە بواری مافەکانی ئافرەتان و ئاشتیدا دەکات. کاری خۆبەخشی کاری دووەمی ئەوە و لە چەندین پڕۆژە و چالاکیدا بەشداربووە، خاتوو چیا سەبارەت بە بازنەی هەڵەبجەی سۆفیا دەڵێت:

یەکێک لە چالاکییە هاو بەشەکانمان لەگەڵ شارەکانیتردا، لە یەکەم ئێوارەی پایزدا، گەیاندنی نامەی پایزە بوو بە ماڵ و کتێبخانە و فەرمانگە و شوێنەگشتی و بازاڕەکان و خاوەن دوکان و سەوزە فرۆش و چاخانەکانی شار. لە نامەکەدا جگە لە خواستنی هیوای باشی و ئاماژەدان بە ئامانجەکانی سۆفیا، کۆمەڵێک پەیاممان ئاڕاستەی هاوڵاتیان کردبوو، تێیدا وێڕای دەربڕینی تێگەیشتنمان لە بارودۆخ و ئاستەنگییەکانی وڵات، داوای ئەوەمانکردبوو کە زیاتر بایەخ بە خوێندنەوە بدەن و کتێب بۆ یەکتری بکەنە دیاری، بەهیوای ئەوەی پێکەوە هەوڵی باشترکردنی کۆمەڵگە و کولتور بدەین و داهاتوویەکی ڕوونتر بۆ نەوەکانمان فەراهەم بکەین.

بەڵێ ئەمانە چەند نموونەیەکن لە کار و چالاکییەکانی بازنە جیاوازەکانی کۆمەڵەی سۆفیا، هەڵبەت ئەم خانمانە بە چەندین کاری دیکەش هەستاون کە جێی ئاماژەپێدان و دەستخۆشیین، وەک؛ چێکردنی کتێبخانە لەسەر شەقامە گشتییەکان و دانانی ڕەفەی کتێب لە کلینیکی پزیشکان و بایەخدان بە نەوجەوانانی گرتووخانەکان و هەروەها سازدانی کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینار لەگەڵ ئەدەبدۆستان و ڕۆشنبیراندا …

لۆگۆی کۆمەڵەی سۆفیا
لۆگۆی کۆمەڵەی سۆفیا