کوڕه‌کان به‌یانییه‌ک سه‌عات نۆ
له چایخانه‌که‌ی گه‌راج
به‌رامبه‌ر یه‌ک داده‌نیشن
چایه‌ک ده‌خۆنه‌وه و جگه‌ره‌یه‌ک ده‌کێشن
پاشان جانتاکانیان هه‌ڵده‌گرن
…سوار پاسێکی کۆسته‌ر ده‌بن
زۆر خه‌مگین
جامه‌که‌ی لای خۆیانه‌وه ده‌که‌نه‌وه و
به‌ره‌و جێگایه‌کی دوور ده‌ڕۆن
کوڕه‌کان که سه‌فه‌ر ده‌که‌ن
له چۆله‌که‌ی ته‌ڕ ده‌چن
که بۆ تاوێک هه‌ست بکه‌ن
باڵه‌کانیان له دوویان نه‌یه‌ت و
هه‌تا ماون
نه‌توانن بفڕن
جارێک له جاران
له سه‌یرانێکدا له کوڕه‌کان ده‌پرسن
ئه‌رێ باوکتان به‌و ناوه قورسه‌وه
ئیشی به‌م غه‌ریبییه چی بوو
کاتی چۆن به‌سه‌ر ده‌برد
له‌م سه‌هۆڵبه‌ندانه‌دا خۆی به چییه‌وه
خه‌ریک ده‌کرد؟
کوڕه‌کان له پێشانگاکان
له به‌رده‌م هۆڵی شانۆکان
له باغه‌کان
له حه‌وشه‌ی په‌یمانگا و زانکۆکان‌دا
دێن و ده‌چن
پڕن له قسه
له نائومێدیی
له بێده‌نگیی و
له خه‌ونێک که ڕه‌نگبێ سبه‌ی بیبینن
کوڕه‌کان به‌و هه‌موو حوزنه‌وه ده‌ڕۆن
خۆیان ده‌ده‌نه ده‌م با
له زه‌ریا تووڕه‌کان ده‌ده‌ن
به شاخه‌کاندا سه‌رده‌که‌ون
ده‌چنه به‌ر ڕێژنه‌ی باران
پاش ساڵانێکی زۆر
هیندییه‌کی حه‌کیم له تاج مه‌حه‌ل
ده‌ستیان بۆ ده‌خوێنێته‌وه و پاشان
به قافڵه‌یه‌کی مێخه‌کدا
ده‌یاننێرێته‌وه شاره‌کانی خۆیان
کوڕه‌کان هه‌ندێ شه‌و
قوڵپ قوڵپ
به ده‌م خه‌وه‌وه ده‌گرین
کوڕه‌کان به ده‌م خه‌وه‌وه ده‌ڕۆن
کوڕه‌کان له‌خه‌ونیاندا
خه‌ونی ڕووناک ده‌بینن