چەند سەرنجێک لەسەر پێگەی ژن لە کۆماری کوردستان و هەڵوێستی سیاسەتمەداران


Loading

 

کورد بەردەوام کۆماری کوردستانی ساڵی ١٩٤٦ لە مەهاباد بە سەرۆکایەتی پێشەوا قازی محەممەد وەکو لاپەڕەیەکی گەشی مێژووی خۆی سەیر دەکات. سەبارەت بە زەمینەی پێکهاتنی کۆمار، (کۆمەڵەی ژێ کاف) و دواتر دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و رووخانی کۆمار و هۆکارەکانی و هەروەها لە سێدارەدانی قازی محەممەد و برا و ئامۆزاکەی زۆر شت نووسراوە و لێکدانەوەی زۆر کراوە. کۆماری کوردستان سەرەڕای تەمەنی کورتی یازدەمانگەی دەسکەوتی زۆری بووە و ئەگەر بۆ نموونە بەراوردی ئەو یازدە مانگە بکەین لەگەڵ دەسەڵاتی کوردی لە هەرێمی کوردستان، ئەوسا گرینگی ئەو دەسکەوتانەمان بۆ دەردەکەوێت.

یەک لەو بوارانەی کە کۆمار بە تایبەتی سەرنجی دایە، بارودۆخی ژنان بوو. لە ڕۆژنامەی کوردستانژمارە یەک ١١/١/١٩٤٦ دا هاتووە: “لەسەر ئەمری پێشەوای موعەظەم و قەراری حیزبی دیموکراتی کوردستان، لەوەی بەولاوە پێویستە بۆ پەرەپێدان و ڕەواجی زمانی کوردی، خوێندن لە مەدرەسەکاندا بە کوردییە. لەو تاریخەوە تا ١٠ رۆژی دیکە هەرکەسێک کوڕ و کچی هەبێت کە عومری ئیقتیضای خوێندن بکا دەبێ بنێرێتە مەدرەسە. ئەڵبەتە هەرکەس لەو ئەمرە ڕوو وەرگێڕێ بە توندترین موجازات تەنبێ دەکرێ.”

حاجی قادری کۆیی نزیکەی سەدو بیست ساڵ پێش ئێستا بانگەوازی ئەوەی کردووە کە بە منداڵەکانتان و لەوانە بە کچەکانتان بخوێنن. بڕیارەکەی سەرەک کۆمار قازی محەممەد زیاتر لە پەنجا ساڵ پاش حاجی قادر و نزیکەی پەنجا ساڵ پێش دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتی کوردستان لە باشوور دراوە.

سێ بەشی ئەم بڕیارە جێگای سەرنجە؛

یەکەم: خوێندن بە زمانی کوردی،

دووهەم: ئیجباری بوونی خوێندن بۆ کوڕان و کچان .

سێهەم: ئەوەی کە هەرکەس لەژێر ئەم بڕیارە دەرچێت بە توندترین موجازات تەنبێ دەکرێ.

بڕیاردەری ئەم یاسایە زۆر بە پەرۆشی خوێندن بە منداڵان بووە بەگشتی و بە کچان بەتایبەتی. هەروەها ئاگاداری بارودۆخی ئەوسەردەمەی کوردستان بووە کە زۆر دایک و باوک منداڵەکانیان و بەتایبەت کچەکانیان نەدەنارد بۆ خوێندن. هەربۆیە لە دوای دەرچوونی ئەم بڕیارەوە ئەم کارەیان بە تاوان داناوە. بەڵگە لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی بزانین لەو ماوە کەمەدا و لەو بەشەی کوردستان کە لەژێر دەسەڵاتی کۆماردا بووە، تاچەندە ئەم بڕیارە برەوی هەبووە.

ڕۆژنامەی کوردستانی ژمارە ٢٤ باس لە کردنەوەی یەکەمین خوێندنگەی کچان لە شاری شنۆ دەکات. له‌راپۆرتێکدا سه‌باره‌ت به‌م خوێندنگه‌یه‌که له‌لایه‌ن حه‌سه‌ن کاظمی‌ به‌رێوه‌به‌ری خوێندنگه‌که‌وه نووسراوه، هاتووه‌که `پێویسته هه‌موو خه‌ڵکی شار سپاسی ڕێبه‌ری ح.د.ك. بکه‌ن بۆئه‌م خزمه‌ته‌گه‌وره‌یه‌و به‌خۆشی‌و مه‌یله‌وه کچه‌کانیان بنێرن بۆ ئه‌م خوێندنگه‌یه.`

لێرەدا سەرنجێک بۆ سەر ڕێژەی خوێندەواری لە باشووری کوردستان و بەتایبەت لەناو مێینەدا زۆر پێویستە. ئەگەر شەست و پێنج ساڵ پێش ئێستا بڕێارێکی وەها لەلایەن سەرەک کۆماری کوردستانەوە دەرچووبێت، دەبوو بارو دۆخەکە لەمەڕ نەخوێندەواری لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی کوردیدا زۆر زیاتر لەوەی کە هەیە بەرەوپێش چووبێت.

بەپێی ئاماری یونێسکۆ UNESCO لە ساڵی ٢٠٠٧دا ٢٤% ژنان و ١١% پیاوان لە عێراق نەخوێندەواربوون و بەداخەوە سێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی لەو پارێزگایانەن کە زۆرترین ڕێژەی نەخوێندەوارییان تێدایە. هەروەها بەپێی ئاماری حکوومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٩دا کە یونێسکۆ بڵاوی کردووەتەوە، لە هەرپێنج منداڵ لە عێراق یەکیان ناچێتە خوێندنگە.

تەنها چوونە خوێندنگەیش بە واتای خوێندەواری نییە. ئاماری فەندی منداڵانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەریدەخات کە تەنها 55%ی مێینەی نێوان ١٤ هەتا ٢٤ساڵ کە بەپێی ڕاپۆرتەکان چوونەتە خوێندنگە خوێندەواربوون! هۆی نەچوونە خوێندنگەیش سەرنجڕاکێشە: 50%ی نەچوونی کچانی گەنج بەهۆی نەهێشتنی دایک و باوکەوە بووە و ئەم ڕێژەیە 15% ە بۆ کوڕان. هەروەها 16%ی کچان بەبۆنەی هەژارییەوە نەیانتوانییە بچنە خوێندنگە و ئەم ڕێژەیە بۆ کوڕان 28% ە.

بۆ دەستخستنی ئامارێکی ورد لەلایەن کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێمەوە لە کوردستان دوو لێدوان لەلایەن بەڕێوەبەری فێركردنی نائاسایی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە کە بەداخەوە گومان دەخاتە سەر ڕاستبوونی ئامارەکە. ئەم بەرپرسە ڕۆژی ١/١١/٢٠٠٩بە رۆژنامەی هەولێر ئەڵێ ڕێژەی نەخوێندەواری لە کوردستان دابەزیووە بۆ ١٤%. بەڵام نزیکەی یازدە مانگ دواتر واتە ٢٢/٨/٢٠١٠ بە هەمان رۆژنامە ئەڵێت ڕێژەیی نەخوێندەواری لە کوردستان بۆ ١٨% نزم بووەوە! ئەم ئامارەی دوایی لەلایەن وەزیری پەروەردەیشەوە دووپات کراوەتەوە. گومان لەوەدا نییە کە هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی خوێندەواری لەناو خەڵکدا بەگشتی و لەناو کچان و ژناندا بەتایبەتی یارمەتیدەرە بۆ پێش‌خستنی دۆخی ژنان لە کوردستان.

سەبارەت بە بەشداری سیاسی ژنان لە کۆماری کوردستان پێویستە بگوترێت کە کەمتر لە دوو مانگ پاش دامەزراندنی کۆمار، حیزبی دیموکراتی ژنانی کوردستاندادەمەزرێت. ئەم ڕێکخراوەیە لە ژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستاندا جاری وایش بووە بە یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستاننێوی براوە. ڕاستە لەباڵاترین ئاستدا و لەلایەن خودی سەرەک کۆمارەوە پشتگیری لە ژنان کراوە، بەڵام بەداخەوە ئەمە ناگەیەنێت کە بەگشتی دۆخی ژنان و پێگەی ژن لە کۆمەڵگەی ئەو کات‌دا بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆی بەخۆوە بینیبێت. هەرچەند (مینا خانم) هاوسەری پێشەوا قازی محمەد و ژمارەیەک لە هاوسەرانی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکرات چالاک بوون، سەرەڕای ئەوەش ژنان لە شوێنی گرینگی بڕیارداندا نەبوون و سیستەمی سیاسی بەتەواوی پیاوانە بووە.

مافی دەنگدان بۆ ژنان هەر هەمان ساڵی ١٩٤٦ لە کۆماری ئازەربایجانی دراوسێدا بە ڕەسمی ناسراوە. له کۆماری کوردستان هه‌رچه‌ند که باسی ده‌نگدان نه‌هاته ئاراوه، به‌ڵام سه‌ره‌ک کۆمار له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابوو که مافی ده‌نگدانی گشتی بدرێت. له‌کونفرانسێکی رۆژنامه‌وانیدا له قازی‌محه‌ممه‌د پرسیارکرا `حیزبی دیموکراتی ئازه‌ربایجان مافی ده‌نگدانی له ‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا داوه به‌ژنان، ئایا ئێوه‌ش ئه‌مکاره‌تان کردووه؟` وه‌ڵامه‌که ئاوابوو، `هه‌رچه‌ند ئێمه ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئازه‌ربایجان به ئه‌رێنی هه‌ڵده‌سه‌نگێنین به‌ڵام ده‌بێ ئاگادارتان‌بکه‌مه‌وه که ئێمه نه‌مانتوانیوه ئه‌م سه‌رکه‌وتنه به‌ده‌ست‌بێنین.’ لەم هەڵوێستەیشدا دەبینین کە سەرۆکی کۆماری کوردستان چەندە گرینگی دەدات بە مافی دەنگدانی ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا و ئەوە بە سەرکەوتنێکدەزانێت بۆ کۆماری ئازەربایجان.

لە ئێران ساڵی ١٩٦٢ ژنان مافی دەنگدانیان بەدەست هێنا و لە عێراق ١٩٨٠. وەکوو بەراوردێک لە ئاستی جیهانیدا و هەڵسەنگاندن لەگەڵ وڵاتانی دەورووبەری کورد سەرنجێک لە نێوان ئێران و وڵاتی فینلاند لەجێی خۆیدایە. لە فینلاند ساڵی ١٩٠٦ مافی دەنگدان درا بە ژنان. ڕێک هەمان ساڵ لە ئێران شۆڕشی مەشرووتە بەرپا بوو کە رووداوێکی زۆر گرینگە لە مێژووی نوێی ئێراندا. لەو پەرلەمانەی کە بەناوی مجلس شورادامەزرا بەم شێوە باس لە ژنان و مافی دەنگدان دەکرێت: “ژنان، ئەوانەی لە دین دەرچوون، شێتەکان، خەڵکی بیانی، دز و بکوژ و سواڵکەران و ئەوانەی تەمەنیان لە خوار ٢٠ ساڵ بێت، مافی دەنگدانیان نییە“!

لەم سۆنگەوە سەرنجدان بە وتەکەی پێشەوا قازی محەممەد سەبارەت بە مافی دەنگدان بۆ ژنان و بڕیاری خوێندنی زۆرەملی بۆ کوڕان و کچان گرینگییەکی تایبەت پەیدا دەکات. وەها هەڵوێستێک لەو ساڵانەدا نیشانی ئەدات کە دەکرێت سەرکردەی وڵاتێک کە هێشتا بەتەواوی نەکەوتووەتە سەر بواری پێشکەوتن دەتوانێت رۆڵی گرینگی هەبێت لە گەشەپێدانی کۆمەڵگەکەیدا. قازی محەممەد ناکەوێتە هێنانەوەی بیانوو کە گوایە ئەوە جارێ زۆر زووە بۆ ئێمە و میللەتی ئێمە دواکەوتووە و وڵاتی ئێمە هێشتا زۆری ماوە بگاتە ئاستی وڵاتانی پێشڕەفتەی دونیا و یان ئەوەی بڵێت ئاخەر خۆ ئێمە موسوڵمانین و نابێت داب و نەریتی خۆمان ڕەچاونەکەین. لەم جۆرە بیانوو هێنانەوە بەداخەوە شەست‌وپێنج ساڵ پاش لەسێدارەدانی ئەو مرۆڤە زانا و بوێرو گەورەیە لە زۆر شوێن و لەلایەن زۆر سەرکردەی سیاسی کوردەوە دەبینرێت.

کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتی قازی محەممەد نەک هەر بۆ وەگەڕ خستنی ژنان لە بوارەکانی فێرکردن، فه‌رهه‌نگ‌و ژیانی سیاسیدا، بەڵکوو لەبەر دامەزراندنی سیسته‌می مودێرنی فێرکردن، ده‌زگای راگه‌یاندنی مودێرن، ئه‌رته‌شی میللی، سیسته‌می باج‌وه‌رگرتن، سروودی میللی، ئاڵای میللی، زمانی میللی لە فۆرمەکانی دیکەی حکوومەتی پێش مودێڕن جیادەکرێتەوە. سەرەڕای ئەوەش ناتوانین ئەو ڕاستییە نەبینین کە سیاسەتەکانی کۆماری کوردستان لە هەموو بوارەکاندا تایبەتمەندی پیاوانەی پێوەدیارە. لەلایەکی دیکەوە لەناو ئەو هەموو دوژمنە ناوەکی و دەرەکییە و لە هەل‌ومەرجی هەستیاری پاش کۆتایی شەڕی جیهانی دووهەم و بە ڕەچاوکردنی ژێرخانی ئابووری وڵات و پێگەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی زۆربەی رێبەرانی کۆمار کە فیۆداڵ، سەرۆک عەشیرەت و خاوەن مڵک و سەرمایەی شاری بوون، بەربەستی زۆر لەسەر ڕێگایدا هەبوو و ماوەی حوکمڕانییەکەشی زۆر کورت بوو. رۆڵی کەسایەتییەکی وەکوو پێشەوا قازی محەممەد، هەرچەند زۆریش بەرجەستە بووبێت ناتوانێت موعجیزە بخولقێنێت.

 

سەرچاوەکان: