پاسکیلە سوورەکە

Loading

کچەکەم:
باوکت بە پاسکیلێکی سوورەوە لەسەر هەوری سپی ئاسمانە شینەکانەوە سەربەرەوخوار، بەخۆی و دوو قەلەڕەشکەی سەر شانی و حاجی لەقلەقەکەی سەر سەری و پوشکە بەقنەکانی سەر عەینەکەکەی و پانتۆڵە هەنگ لەسەر نیشتووەکەی و کراسە خاڵخاڵۆکەکەیەوە، بەبێ ئیستۆپ قاچ لە هەورەکان ئەئاڵێنێت و وەک نیوە مانگێکی شکاو تۆزێک لەدوای خۆی هەڵئەستێنێت و لەبەردەم تۆدا ئەوەستێت.

هیوا قادر
هیوا قادر

وەک پەپوولەیەکی زەبەلاحی هەزاران ساڵ خەوتووی گەورە کە باڵەکانی لەگەڵ زەمەندا هەڵوەریبن، ئاوا باوکت تۆز لە خۆی ئەتەکێنێت؛ تۆ چاوە ڕەش و کوردانەکەت هەڵئەگڵۆفیت، چاو ئەکەیتەوە، لەباوەشی باوکتا، وەک دانیشتن لەسەر قەڵاندۆشکانی دێوێک، ئاوا دەریا لە خوار ئەژنۆی باوکتەوە ئەبینیت، تۆش سەرت لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا گا لەسەر هەورەکانە و گا لە ژێریانا، گوێت لەتەپەی باڵ و قوڕگی قاز و قوڵنگەکان ئەبێت؛ کە لە خۆشیا سەر ڕائەوەشێنیت بەفر بەسەر شانی باوکتا ئەبارێت، کە قژی ڕائەکێشیت و لە قریوەیەکدا ئەڵێیت: بابە، وەک لە بێدەنگی ئەشکەوتێکدا گوێت لە دوو دڵۆپە ئاوی یەک لە دوای یەک بێت، دوو فرمێسکی تەقیو بەسەر گۆنای باوکتەوە ئەبینیت. وای

کچەکەم:
هەرچ کاتێک سەیری ئاسمانت کرد
پێش خودا باوکت لە بیربێت،
نا لەبەر ئەوەی گەورەیە
بۆئەوەی لەسەر ئەو هەورانە بێتە خوارەوە،
دەنا هیچ باوکێک بەبێ بوونی ماڵێک باوک نییە.
لەبەردەمی دەرگایەکدا دۆشەکەڵەیەکی پینەکراوی پیرێژنێک کە هێشتا گەرمە بە قەرز وەرئەگرین و لەسەری دائەنیشین، وەک فەرشی با پێی ئەفڕین، تۆ توند قۆڵی ڕاستم ئەگوشیت، بەسوکی بە گوێما ئەچرپێنیت: بابە؛ نوقڵی ترش و شیرین، ڕەحەتەلقوم، پسکیتی زەرد، مەساسە، شەربەتی هەنار ئەخۆم. ئەو هەمووە! بەسەر چاو کچەکەم. تۆ وا ئەزانیت هەموو ئەو شتانە لەسەر چاوی باوکتن، دەست ئەخەیتە سەر چاوم، سەر پێڵوەکانم ئەگەڕێیت؛ هیچی لێ نییە بابە! پێئەکەنم. سەیری چاوم کە؛ پێکەوە دیسان سواری پاسکیلە سوورەکە بووینەتەوە، تۆ لە دواوە دەستە بچووکەکانت بەسەر ئەو کەروێشکە سپیەدا ئەهێنیت کە لەگەڵماندا ڕائەکات، ئەڵێم «سێوە» خۆت توند بگرە بانەکەویت! هێندە نابات بە ئاسمانەوە چاو ئەکەیتەوە، دەستەکانت بەدەست دوو فریشتەوەن و لەگەڵیاندا بەسەر مندا ئەفڕیت، ئەقریوێنیت، من لە خۆشی پیکەنینەکەی تۆ، بەسەر پشتی کیسەڵێکی نوستووی سەر ڕێگاکەدا ئەڕۆم و لەپاسکیلەکە ئەکەومە خوارەوە و ئەخزێمە ناو جۆگەلەیەکی گۆرانیبێژەوە، کە هەڵئەستمە سەر پێ سەرتاپای گیانم شین بووە و تەڕتەڕ بووم، شڵەژاوانە چاوئەگێڕم، گسکێکی شکاو لەویادا ئەبینم و سواری ئەبم، تۆ ئەڵێیت بابە منیش دێمە لای تۆ، فریشتەکان لە دوای منەوە دەستێک ئەیەن لە پشتت، دوو باڵی مێشێک لە پشتت ئەڕوێت، گیزە گیز ئەمشانە و ئەمشانم ئەکەیت، پێش من ئەکەویت و گازێکی بچووک لە هەرمێیەک ئەگریت و دەنکە گێلاسێک ئەگریتە لوتم و بەهێیەکی توکن ئەخەیتە گیرفانم و قۆخێک لە ناوەڕاستدا لەت ئەکەیت بۆ هەردووکمان؛ وای بابە کەخۆشە، من ئەفڕم:
کچم چاوت لێیە فڕین
بیرت ئەباتەوە،
ئێمە بۆیە قاچمان هەیە تا لەسەر زەوی پێی بڕۆین،
کچم چاوت لێیە فڕین
چ موسیبەتێکی گەورەی شاعیرانە،
چاوت لێیە شاعیرەکان چەندە بریندارن.
کچەکەم؛ لەگەڵ مندا پێ لەسەر توێی ئەم ئاوانە وەک پێ لەسەر چێمەنی تەر دانێ و مەترسە؛ چاوت لەم هەموو وشە فڕێدراو و پیتە شکاو و ڕەنگ پواوانەیە، گوێت لەم هەموو دەنگە نوساو و خۆش و لەیەک ترازاوانەیە، ئەم هەموو تەنافە هەڵخراوانە کە پیت و نیوە ڕستەی تەڕی پیا هەڵواسراوە ئەبینیت، ئەم هەموو هەستە کە وەک هەناسە هەڵیان ئەمژیت و نایانبینیت و سنگت گەرم ئەکەن پێ ئەزانیت، ئەم هەموو دەمە کراوانە ئەبینیت کەدەست بەسەر دیوارەکاندا ئەخشێنیت و گۆناکەن و ناتوانن هیچ بڵێن؛ ئێرە: ئا ئەم کەلاوە نەبینراو و فەرامۆشکراوە، ناو مەملەکەتی ئەم هەموو وشە نەوتراو و ڕستە تەواونەبوانە ئەبینیت، ئەو قەرەوێڵەیە ئەبینیت کە بە پیتە بچووک و گەورەکانی «ئا» دروستمکردوون، جێگەی منە؛ ئەو لەمپا بەلادا کەوتووەی پیتی میم، کە پیتی نونی لێوە نزیک ئەکەمەوە دائەگرسێت، دۆلکەی ئاوەکەم کە مانگ هەمیشە وەک پارچەیەک سەهۆڵی نەمر لەناویایەتی، ئاوێنەکەی ژوور سەرم کە هێندە قوڵە هەندێک جار لێی ئەترسم کەسەر ئەکێشمە ناوی، کورسییە دارینەکەم بەدەم لەنگینیەوە دەنگی ئەو بولبولانەی لێوەدێت کە ڕۆژانێک بەسەریەوە نیشتونەتەوە، ئەم کەلاوەیە ئەبینیت کە ئەتوانیت بە گسکێکی دارخورما لەبەیانییەوە تا ئێوارە پڕ بە عەرەبانەیەکی سەد ئەسپی خوداوەندەکان جوانی لێ کۆبکەیتەوە، من ئا لێرە، ئا لێرە ئەژیم کچەکەم؛ باوکت لەم تەنهاییەدا وەستایەکی دەستەپاچەی ناو ئەم هەموو پیت و ڕستانەیە. کچەکەم ئەو کاتانەی بیرت کردم بەرگی کتێبێک بکەرەوە و وەرە بۆ لام، ئەو کاتانەی توڕەبوویت لێم، کتێبێک فڕێدە دەریاوە، بیسوتێنە، فەرامۆشیکە لەناو تەپوتۆزدا.
هەرچ کاتێک سەیری ئاسمانت کرد
پێش خودا باوکت لە بیربێت
نا لەبەر ئەوەی گەورەیە،
بۆئەوەی لەسەر ئەو هەورانە بێتە خوارەوە،
پێی بڵێ ئەی گوناهبار، ئەی ئاگر دز، ئەی سیزیف، ئەی شاعیر؛
تۆ لە کوێیت!

نۆڤەمبەر ٢٠١٢