لهڕێکەوتی 25.12.2016 دا ھونەرمەندی شێوەکار ( زانا رسول) لەھۆڵی پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی سلێمانی پێفۆرمانسێک بەناو نیشانی ( گێڕانەوە بەتامی ڕاستی ) لەپێشکەشکرد.
ماوەی نمایشەکە سی و چوار دەقیقەی خایاند، ھونەرمەند بەشێوەیەکی سهرپێی کەوتە گێڕانەوەی یادەوەریەکانی خۆی، دیاره پێش نمایش ئەو تەنھا خۆی بۆ ئەوە ئامادەکردوبوو کە بەگشتی ژیانی خۆی بگێڕێتەوە، واتا گێڕانەوەکەی بەشێوەیەکی زارەکی تەنھا فۆرمە گشتیەکەی دەزانێت كه لەکاتی نمایشدا گرنگی بە بەشە بچوکەکانی بابەتەکەی دەدات و سەربەستی زۆر بەلەشی خۆی دەدات لە کاتی گێڕانەوەکەدا . بهمانای گرنگی بەھاتووچۆی خۆی دهدات بەدەوری ھۆڵەکە و قسەکردنی بەدەم خۆیەوە بە دەنگی بەرز !ئهوهی مەبەستمە بڵیم ئەوهیه، كه لە وتاربێژێک یان کەسێک ناچێت کە وتار و پەیام ئاراستەی بینەران و گوێگرانی بکات، بە ڵکو زیاتر بەوە دەچوو کە قسە بۆ خۆی بکات.
پەیامەکەی زانا لە گێڕانەوە ی تەواوی ڕوداوەکاندا نییە، بەڵکو لە پرۆسێسی تەواوی ( گواستنەوە) یەو لەپەیوەندی گێڕەرەوە و گێڕدڕاوەیە، کەلەوشەی زارەکیەوە دەگوێزرێتەوە بۆ نوسراو یان(وێنەی وشە) لەسەر سکرین .
زانا ڕەسوڵ خۆی وتەواوی یادەوەرییەکانی دەبنە ماتریاڵ و کەرەستە بۆ بەئەنجامگەیاندنی پێفۆرمانسەکەی . ماتریاڵ و کەرەسەکانی ناو ھۆڵەکە پێکھاتبوو لە دوو جۆر کەرەستە ؛ کەرەستەی زیندوو کە ( ھونەرمەند خۆیەتی , چوار تایپیست ) کە ھەریەکەیان فۆنكسێۆنی ( بهكاربردنی ) تایبەتیان ھەیە لە کاری ( گواستنەوەی ) گێڕراوەکە . کەرەستەی بێ گیان وەک ؛ ( مێزێکی گەورە لە ناوەڕاستی ھۆڵەکە چوار کورسی و چوار لاپتۆپ کە راستەو خۆ بەستراون بە چوار داتاشۆ لەسەر چوار دیواری ھۆڵەکە ڕاستەوخۆ و لە ھەمانکاتدا قسەکانی زانا دەگوێزنەوە , کێبل و روناکی و گڵۆپ )
ئهوهی گرنگە بگوتریێت کە ھیچ کام لەتایپستەکان پێش نمایشەکە زانیارییان لهمهڕ چیرۆکی ژیانی زانا نییە ، ئهوهی تهنها لەلایەن ھونەرمەندەوە تەنھا پێگوتراوە ؛ کە سەربەستن چەندو چۆنی گێڕانەوەکە تایپ بکەن.
ئایا بوونی زانا خۆی گرنگە لە نمایشەکەدا ؟ چی دەبوو ئەگەر تەنھا خۆی یان چوار کەسی لە دەرەوەی خۆی یادەوەریەکانیان تۆماربکردایەو بینەر تەنھا یادەوەریە نوسراوەکانی ببینیایە؟
خاڵی جەوھەری کارەکە لەو پەیوەندییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە گرێدانەوەی ( گێڕانەوە بە ئەوانیدی و گۆڕینە بۆ وێنەی وشە. ئایا ڕاستی بیرەوەیەکان لای ھەرکامێکیان چۆن بەرجەستە یان وێنە دەبێت ) میمۆری چی یە ؟
ڕاستی لەکوێدایە؟ تەنانەت لەکاتی گێڕانەوەکەشدا وشەی ( نازانم بەڵام لەیادەوەریمدا ئاوایە ) گومانی لەڕاستی گێڕانەوەکانی خۆشی ھەیە، کە گێڕانەوەکە سۆزی ڕابوردووی تیابێت . ئەمە پرسیارە جەوھەریەکەیە کەلەم نمایشەدا وروژیێنراوە و گوماناوی کراوە . ههر لەبەر ئەو ھۆکارەیە بینەر گوێدەگرێت و لە ھەمان کاتدا پێویستە سەیری نوسراوی سەر سکرینەکانیش یەک بەیەک بکات و فریای گرێدانەوەی ھەموو پارچەکان بکەوێت لە ھەمان کاتدا . ھەر تایپیستەو بەپێی ئەکتیڤی و گرینگیدانان بە بابەتەکە، یان وەرگرتنی ھەندێک پارچە لەبیرەوەریەکان کە بۆ ئەو گرنگە دەنوسێت ئەگەر سەرنج لە نوسراوەکان بدەین لەگەڵ ئەوەی ھەمان قسە تایپ دەکەن کە لە بەر دەمیاندا ،لە ھەمان ساتە وەختدا دەگێررێتەوە، بەڵام بێگومان جیاوازی زۆر زۆر لەنوسراوەکاندا دەبینین! وەک لەلای یەکێک تایپستەکان ڕستەکان پچڕ پچڕەو تەنھا ئەوخاڵانەی نەنوسیووەتەوە کە سەرنجی ڕاکێشاوە یان کاریگەری ھەبووە لە سەر کەسایەتی لە لای ئەوی تر، بهمانای تەنھا دەیەوێت بە خێرای تایپ بکات و بە پەلە ڕووداو یان گێراوەکان بنوسێتەوە. یاخود لای یەکێکی تریان خەیاڵی لەگەڵ قسەکان دەڕوات وجار جار تایپدەکات و زیاتر گوێ دەگرێت و کەمتر دەنوسێت .
ئەم ڕەفتارانە وبەشێوەیە ئەو پرسیارە دەوروژێنێت ئەگەر گێڕەرەوە خۆی لێرە ئامادە نەبوایە ئەو نوسراوانەی سەر سکرینەکە توانای گەیاندنی ڕاستی و ڕوداوەکانی بیرەوەریەکان دەبوون ؟
لێرەوە ئەتوانین بڵێین لە ڕێگەی پەیوەندی گێڕەرەوە و تایپیست و سکرین ھەوڵ دروستکردنی گومان بووە.
پرسیاری دووههم کە لەم نمایشەداھەیە ئایا پرسی بابەتە کەسیەکان و وردەکاریەکانی ژیان تاچەند گرنگە ؟دەتوانرێت لەو ڕێگەیەوە پرسیاری گشتگیر کەپەیوەندی ژیانی تایبەت بەژیانی گشتیەوە یان ( کۆمەڵەوە ) گرێبدات؟
ھونەرمەند باسی جەنگ و کاریگەریەکانی جەنگ لەسەر وردترین ڕووداوەکانی ژیانی دەکات، دەمانخاتە بەر پرسیارو بیرکردنەوە لەوانی ر لە ڕێگەی خۆیەوە…لەبەر ئەو ھۆکارانە پێموایە ھونەرمەند خۆی کردۆتە کەرەستەیەک لە پەیوەندیدا لەگەڵ کەرەستەکانی تری بەکار ھاتووخۆی ( ئەزموون ) دەکات ئەو بەم وشەیە دەستی پێکرد ؛
( ڕێک بیست و نۆ ساڵ پێش ئێستا تۆپێک تەقی، تۆپەکە نەمساویی بوو، بە پارەی ئیراق کڕدرابوو )
بەم وشەیەش کۆتایی بە باسەکەی ھێنا؛ ( ئەگەر ئەو شەوە تۆپەکە نەتەقیبایە، ئێستا چۆن دەبوو )
جگە لەوە ئەم گێڕانەوەیە جەخت لەسەر گرنگی کات یان چرکەسات دەکات ئەو کاتە کەمەی وەک سەرەتایەکە بۆ دیاریکردنی تەواوی ژیانێک و گۆڕینی ئاراستەکەی .