کاک میرانی ئازیز (شه‌وگه‌ڕه‌کان)م به چێژه‌وه خوێنده‌وه: ئه‌م ڕۆمانه به سرووشتی خۆی له تووخمی ئه‌و ڕۆمانانه‌یه که خوێنه‌ر به زوویی په‌لکێش ده‌که‌نه ناو خۆیه‌وه و تێکه‌ڵی کاراکته‌ر و ڕووداوه‌کانی ده‌که‌ن.. مرۆڤ کاتێ ئه‌م ڕۆمانه ده‌خوینێته‌وه، هه‌ست به‌و جیاوازییه گه‌وره‌یه ده‌کات که له‌نیوان کلتوور و بیرکردنه‌وه و دنیابینی و هه‌ڵسوکه‌وتی کۆمه‌ڵگه جیاجیاکانی دنیادا هه‌یه، هه‌ربۆیه تۆ به ژیریی و هۆشیارییه‌وه ڕۆمانه‌که‌ت بۆ کردووین به دوو به‌شه‌وه، دوو به‌ش که مرۆڤ و خودا و سرووست و ئاسمانیان له‌یه‌ک جودایه، به‌شێکیان په‌یوه‌ندی به ڕووداوه‌کانی نێو وڵاتی هۆڵنداوه هه‌یه، له‌وێ ژیان و مرۆڤ و کێشه و ڕوداو و شته‌کان جۆرێکن له ساده‌یی و خۆشه‌ویستیی و هونه‌ر و ئازدیی و جوانیی، خوێنه‌ر له‌م به‌شه‌دا هه‌ست به ئارامیی و هێمنیی ده‌کات، ته‌نانه‌ت ڕیتمی گێڕانه‌وه و فه‌زا و ڕوداوه‌کانیش له‌م به‌شه‌دا شتێکی ته‌واو نه‌رم و له‌سه‌رخۆن و کاراکته‌ره‌کانی ئه‌م به‌شه که‌سانێکن هاوشانی ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان و گێڕانه‌وه‌کان به نه‌رمیی و هێمنی ده‌ژین و ده‌رده‌که‌ون، به‌ڵام کاتێ ده‌چێته ئه‌و به‌شه‌ی که پاڵه‌وانه که‌مدووه‌که تیایدا بڕیاری سه‌فه‌ر ده‌دات بۆ مۆزه‌خانه‌یه‌کی وڵاتی میسر، ئیدی ماجه‌راکان به جۆرێک له توندوتیژیی و به‌رکه‌وتنی خێرا و جیاوازیی و ناکۆکییه ئاینیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌رجه‌سته ده‌بن، مرۆڤی هه‌ڵه‌شه و هه‌ڵپه‌که‌ر و دڵره‌ق و به‌رژه‌وندخواز، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی باس له وڵاتی هۆڵه‌ندا ده‌که‌یت به ڕیتمێکی خاو شته‌کان ده‌ڕۆنه پێشه‌وه، کاره‌ساته‌کانی وڵاتی میسر و ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و هونه‌رمه‌نده گه‌نجه‌دا پێش زیندان و له‌ناو زیندان به‌سه‌ریدا دیت، یه‌کپارچه ڕیتمی گێڕانه‌وه و فه‌زای ڕۆمانه‌که خێرا ده‌که‌ن.
له هه‌ردوو باره‌که‌دا تۆ توانیوته سه‌رکه‌وتوانه به‌رجه‌سته‌ی حاله‌ته گشتیی و تایبه‌تی و سایکۆلۆجییه‌کانی کاره‌کته‌ره‌کان بکه‌یت، ئه‌و دیمه‌نانه‌ی له ناوزیندانه‌که‌دا ده‌یبینین وه‌ک فیلمێک دێته به‌رچاومان، ئازار تا ئێسک و ڕۆح و دڵی خوێنه‌ریش ده‌چێت و هه‌ست به‌و سوکایه‌تییه ده‌کرێت که له‌وڵات و کۆمه‌ڵگه‌ی پڕ له ناکۆکیی چینایه‌تیی و نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیی و بیروباوه‌ڕیی توندره‌وانه‌دا به ئینسان ده‌کرێت، ئه‌م حاڵه‌ته ده‌کرێت بۆ هه‌رکۆمه‌لگه‌یه‌ک درووست بێت که ژیان و یاساکان تیایدا له‌سه‌ر بنه‌ماکانی توندوتیژیی بونیاد نابێت، ئیدی له‌و سایه‌یه‌دا مرۆڤێک په‌روه‌رده و گه‌وره‌ده‌بێت که کووشتنی مرۆڤی به‌لاوه کاریکی ئاسان ده‌بێت، هێنده به‌سه که تۆ ئاینت جیاواز بێت له‌وانی دیکه، ئیدی ئه‌مه باشترین بیانووه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌سڵه‌تی ئینانبوونت لێ بسه‌ننه‌وه و مافی ژیانت لێ زه‌وت بکه‌ن.
میرانی ئازیز: ده‌توانم وه‌ک خوێنه‌رێک ئیدی متمانه به هه‌ر نووسێنێکت بکه‌م و به شه‌وقه‌وه چاوه‌روانی به‌رهه‌می تازه‌ت لێ بکه‌م، چونکه هه‌ست به بوونی باگرواندێکی فراوان ده‌که‌م له تۆدا که ده‌بێته شاهیدی ئه‌وه‌ی بتوانیت کاری جوانتر و داهێنه‌رانه‌تر بکه‌یت، ئه‌وه‌ی توانایی تۆی له نووسیندا پێ نیشانداام له‌م ڕۆمانه‌دا، ئه‌وه‌یه که بێ دوودڵی ده‌توانم بڵێم (میران) له دواجاردا ده‌بێته گێره‌وه‌ی غه‌مه زۆر تایبه‌تییه‌کانی ئینسان و تراژیدیا گه‌وره‌کانی نه‌ته‌وه، تۆ له‌م ڕۆمانه‌دا ته‌واو بێلایه‌ن ده‌رکه‌ویت و له ئاست ڕووداوه‌کان و دڵڕه‌قیی و تووندوتیژییه‌کاندا شه‌یتان و فریشته.. ڕه‌ش و سپییت جیانه‌کردووه‌ته‌وه و به زه‌قی لایه‌نگریت پێوه دیار نییه، ئه‌مه‌ش ئیشی نووسه‌ره گه‌وره و قووله‌کانه که خاوه‌نی دید و ڕوانگه‌ی ئینسانیی و گه‌ردوونیین،گهه‌موو ئه‌مانه له ڕۆمانه‌که‌تدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه.
کاکه میران.. هاوڕیی تازه‌م: ده‌ستخۆشیی و ئافه‌رینی زۆرم بۆت هه‌یه، ئه‌م نامه‌یه ته‌نها دڵخۆشیی خوینه‌رێکی ساده‌یه بۆ نووسه‌ری ڕۆمانێکی مه‌زن که یه‌که‌مجاریه‌تی به کوردی ده‌نووسیت و خوینه‌ری کورد پێی ئاشنا ده‌بن، ده‌کرێت که‌سانی پرۆفیشناڵ و ته‌یبه‌تمه‌ند له بواری ڕه‌خنه و ڕاڤه‌ی ئه‌ده‌بییدا زیاتر قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ن و ببێته جێگه‌ی مشتومڕێکی جدی ئه‌ده‌بیی.. سوپاس بۆ شه‌وگه‌ڕه‌کان.