نائومێدی لە شیعری دوای ڕاپەڕیندا


Loading

نائومێدی لە شیعری دوای ڕاپەڕیندا، (ڕامیار محمود) وەک نموونە

 

“نوسەر بۆ ئەوە دەنووسێت تا باشتر بەرگەی نەهامەتییەکانی ژیان بگرێت”….(ماکس فریش)

ڕەنگە هیچ بوارێک لە بوارەکانی ژیان هێندەی نوسین سوبێكتیڤی و تایبەت نەبێت، بەو مانایەی نوسین تاکە شتێکە کە بە تەواوی مانا، تایبەتە بە خودی نوسەر و واتا و دەلالەتەکانی تەعبیر لە دونیابینی و تێڕوانینی کەسی نوسەر خۆی دەکەن. هەروەک ئەوەی کە (کاروان کاکە سوور)یش دەڵێت” نوسین بە ڕادەیەک حاڵەتێکی زاتییە، کە بواری داهێنەر نادات، لە وێنەکانی ناوەوەی خۆی، زیاتر بیر لە هیچ شتێکی دیکە بکاتەوە.”

بۆیە کاتێک کە بمانەوێت باس لە (دەق، یان تێکست)ی نوسەرێک بکەین بەتایبەت ئەگەر ئەو نووسینەش (شیعر) بوو، ئەوا دەبێت زۆر بە ووردی ئاگاداری هەستی نوسەرەکەی بین، ئەگەرچی لەگەڵ ئەوەشدام کە هەموو کەس هه‌ستی جوانی هەیە و ڕەنگە ئەو هه‌ستانه‌شی بکات بە نوسین، بەڵام مەرج نییە هەمووهه‌ستێكی  جوان شیعر بێت. هەروەک چۆن (ئۆجین گلیڤیکی) شاعیری فەرەنسی دەڵێت؛ ” من شیعر دەنووسم، تاکو خودی خۆم، بەرەو ڕووی خۆم ببمەوە، بە هیچ شێوەیەک بیر لە جەماوەر ناکەمەوە، ماوەیەکی زۆرە باوەڕم وایە کە ئەوەی دەینوسم بەلای خەڵکەوە گرنگ نبیە.”

ڕامیاڕ مەحمود نوسەر و شاعیر
ڕامیاڕ مەحمود نوسەر و شاعیر

لە دوای ڕاپەڕینەوە لە باشووری کوردستان، ڕەنگە زۆرترین بواری نوسین کە نووسرابێت (شیعر) بێت، هەر بۆیە هەم لە ناوی نوسەر و هەم لە شێواز و بابەتی شیعریدا فراوانی و جۆراوجۆری زۆرە، بەڵام ئەوەی لای من جێگای لەسەر وەستان و تێفکرینە ئەوەیە، کە بە گشتی ئەم شیعرانە شیعری جۆرێک لە (دڵشکان و بێزاری و نائومێدی)ین، بە هەموو جۆرەکانییەوە، کەمتر لەم شیعرانەدا گەشبینی و ژیان دۆستی دەبینرێت، ئەگەر زیادەڕۆیی نەبێت، ئەتوانین بڵێین زۆرێک لە شیعری دوای ڕاپەڕین شیعری (دڵڕەنجان و یەکتر تۆمەتبارکردن بە خیانەت و بێبەها سەیرکردنی شتەکان و بێزاربوونن) بە پێچەوانەی ڕابردووەوە کە شیعری کوردی جۆرێک بوو لە شیعری (گەشبینی و وەسف و پیاهەڵدان بە سروشت و نەتەوە و شۆڕشدا)، لەگەڵ ئەوەشدام کە هەر سەردەمە و پێوسیتی بەجۆرێک لە نووسینی تایبەت بە قۆناغەکەی خۆیەتی.

پێش ڕاپەڕین خەمی شاعیرانی ئێمە زیاتر خەمی گشتی بووە و کەمتر باسی ناوەوە و جەستەی مرۆڤیان کردووە، نوسین لە دونیای ئەو دەمەی ئێمەدا، لە چوارچێوەی ئەدەبی مقاوەمە و خەمی ئازادی هەموواندا سوڕاوەتەوە، ئەگەرچی ناکرێت چەند هەوڵێکی جدی ئەودەمەی نووسینەکانی (شێرزاد حەسەن) لەبیر بکەین، کە بوێرانە پرسی ناوەوەی مرۆڤ و تێگەیشتن لە جەستەی خۆی و مەسەلە دەروونییەکانی وروژاندوە.

لە دوای ڕاپەڕینیشەوە، نووسین لە کێشەی گشتییەوە دەگۆڕێت بۆ کێشە زاتیەکان و خەمی گەورە و جەوهەریی نووسەری ئێمە، دەبێتە کێشەی تاک و ناوەوەی مرۆڤ خۆی و ئیتر تا ڕادەیەکی زۆر (نەتەوە و خاک و جوانی سروشت) نابنە ئەو بابەتانەی جێگا بایەخی نوسین بن. هەڵبەتە ئەمە لەناو نوسەرە گەنجەکاندا زیاتر ڕەنگدەداتەوە، لێرەشەوە شەڕی نائومێدی مرۆڤی ئێمە لەناو نووسیندا دەستپێدەکات و ئەم شێوازە لە نوسین، پانتاییەکی گەورە لە بەرهەمە ئەدەبییەکان داگیردەکات. ئەگەرچی من باوەڕی تەواوم بەوە هەیە کە هەندێک لەم نووسینانە لە ئاگایی و مەعریفەیەکی قووڵەوە نوسراون و بەداخەوە زۆرێک لەوانەش هۆکارەکەیان تەنها کێشەی سۆزداری  و دەردەدڵەو پاش چارەسەربوونی کێشەکانیان و دوای ماوەیەک، نوسەرەکانیان لە نوسین دوور دەکەونەوە. خۆ ئەگەر ورتر لەسەر لایەنی (نائومێدی لە تێکستی شیعریدا) بوەستین، ئەوا دەبێت پۆلێنبەندی بکەین بۆ دوو جۆر، ئەوانیش (نائومێدی خودی و نائومێدی گشتی)ە، کە من هەوڵ ئەدەم کەمێک لە شێوازی ئەمانە دیاری بکەم.

نائومێدی خودی \ سوژه‌یی:
مرۆڤ وەک بونەوەرێکی ژیان دۆست، هەمیشە زۆرێک لە هەوڵەکانی لە پێناو گەڕاندا بووە بە دوای حەز و و ئارەزووە تایبەتییەکانیدا، جا بە هەر جۆر و شێوە و نرخێک بووبێت. خۆ ئەگەر لە هەر چرکەیەک و لەهەر قۆناغێکی ئەو گەڕانەدا نەیتوانیبێت بەم ئامانجەی بگات، ئەوا تووشی جۆرێک لە شکست و نائومێدی بووە لە ناخی خۆیدا، ڕەنگە بۆ بەتاڵبوونەوە و دەربڕینی ئەو نائومێدییەش نووسین باشترین ڕێگابووبێت کە مرۆڤ ئەزموونی کردووە. ڕۆمانی (پیرەمێرد و زەریای) (هەمینگوای)، (لەچاوەڕوانی گۆدۆ)ی (ساموئێل بیکێت)، (ئەفسانەی سیزیف)ی (ئەلبێرکامو) و (مەلحەمەی گەلگامێش) نموونەی ئەو نائومێدییانەی ئینسانن کە لە ڕێگەی نوسینەوە دەربڕاون. هەندێکجاریش مرۆڤ خۆی هەر لەبنەڕەتەوە نائومێدە و لە ئەنجامی تێفکرین لە ژیان و دەوروبەردا، تێدەگات کە هەر لە سەرەتاوە ژیان بۆ خۆی بێمانا و نامەقولە و شیاوی ئەوە نییە کە تێیدا مرۆڤ بیر لە خۆشبەختی و ئاسودەیی بکاتەوە، کە زۆرجار ئەم جۆرە بیرکردنەوانە، مرۆڤ بەرەو ڕەشبینی تەواوەتی پەلکێشدەکەن. ڕەنگە نموونەی ئەم جۆرە نووسەرانەش (ئەمیل سیوران)ی ڕۆمانی بێت کەدەڵێت “مەرگی ڕاستەقینەی مرۆڤ، ئەو کاتەیە کە لەدایک دەبێت.”

نائومێدی گشتی:
ئەم جۆرە لە نائومێدی، بەشە زۆرەکەی مرۆڤ دەگرێتەوە، چونکە نائومێدی ئەمانە، بە شێوەیەکی کاتییە و بۆ شتی تایبەتییە، بۆیە بە تێپەڕبوونی کات ئەم جۆرە مرۆڤانە، دەگەڕێنەوە سەر ژیانە ئاساییەکەی خۆیان و هیوا بە ژیان دەستپێدەکەنەوە و هەمیشە بەهانەیەکیان بۆ گەشبینی پێیە کە دەتوانن لە ڕێگایەوە درێژە بە ژیان بدەن.

 

ڕامیار محمود وەک شاعیرێکی نائومێد:
لەناو ئەو نموونانەی سەرەوەدا و بەپێی ئەو گێڕانەوانەی کە بۆ نووسین و بەتایبەت بۆ شیعر کردمان، لە دوای ڕاپەڕین لە هەرێمی کوردستان و بەو جیاکردنەوەیەی بەشەکانی شێواز و جۆری نووسیندا، نموونەی بەرچاوی ئەو نووسەرانەی کە نائومێدی بەشێکی زۆری شیعرەکانی داگیرکردووە، لای من (ڕامیار محمود)ە. ئەو یەکێکە لەو شاعیرە گەنجانەی کە بە بڕوای من شێواز و دونیابینی خۆی هەیە، هەم لە ژیان و دەوروبەر، هەم بۆ شیعر و شێوازەکانی نووسین. ئەگەرچی بەلای منەوە (ڕامیار) نووسەرێکی نائومێدە، بەڵام نائومێدی ئەو دەچێتە خانەی ئەو جۆرە لە نووسین کە پشت دەبەستێت بە مەعریفە و ئاگایی، هەر ئەوەی کە (هایدیگەر) ناوی دەنێت ”مرۆڤی ڕەسەن و خودی بەئاگا” چونگە لە تێڕوانینی ئەودا، مرۆڤ کە بەئاگا بوو دەتوانێت ئاگامەندیانەش لە شتەکان و دەوروبەر بڕوانێت، هەر بۆیە تێڕوانین لە نامۆبون یان نا ئومێدبوون لای (ڕامیار)، بە بڕوای من تێڕوانینێکی (کامۆ)یانەیە نەک (شۆپنهاوەر)یانە، بەو مانایەی چەمکی (نائومێدی) ڕامیارانە، نائومێدییە لەپێناو تێگەیشتن لە ناماقوڵبوونی ژیان و ڕووداوەکان و هەوڵدان بۆ بەردەوام بوون و ڕاهاتن لەگەڵیاندا، نەک ڕەشبینی و بێزاری دەستەوەستان و کوشتنی کات بۆ چاوەڕوانی مەرگ. چونکە لای کامۆ “مرۆڤ بۆ ئەوەی ببێت بە مرۆڤ، بۆ ئەوەی بتوانێت مرۆڤانە لەگەڵ خۆی و لەگەڵ ئەوانیتر و لەگەڵ ژیاندا بژی، دەبێت واز لە زۆر شت بهێنێت و خۆی لە زۆر شت ڕووتبکاتەوە، زۆر بەرگ و پێست و قاوغ فڕێبدات و ببێت بە مرۆڤ، بەو شێوەیە ببێت و بژی کە هەیە.” بە پێچەوانەی ڕەشبینی (شۆپنهاوەر)وە کەپێیوایە “مرۆڤ هیچ کات بەختەوەر نابێت، ئەگەر سەرتاسەری ژیانی خۆیشی بە دوای بەختەوەری و خۆشبەختیدا وێڵ بێت.” لێرەوە ئەگەر لەشیعری ڕامیار بڕوانین، دەبینین جۆرە شیعرێکن لە نائومێدی، بەڵام پڕپڕ لە باوەشکردن بەژیاندا، وەک هەوڵێک بۆ ڕاهاتن لەگەڵ ئازارەکانید،  ئەوەتا لە شیعری (من کەس نیم، ئەگەر تۆ یەکێکی، بەمنیش بڵێ کێم) دا دەڵێت:

ئێستا خەریکە بێزار ئەبم
لە نووسینەوەی ئەو شتانەی بەجێیانهێشتووم
چونکە بڕوام بەوە نییە نووسین مرۆڤ لە بەجێمان ڕزگار بکات
ژیان کەڵکی ئەوەی نییە بیری لێ بکەیتەوە
تەنها ئەتوانی بیکەیت …
ئەگەر ژیان درۆ نەبوایە
ئەمردین لە پێکەنینا …

من زۆرجار لە شیعری(ڕامیار) دا هەست بەوە دەکەم کە ئەو نایەوێت شیعر وەک مانای شیعر بنووسێت، بەڵکوو ئەو، نائومێدی و ئازارەکانی لە فۆڕمی شیعریدا دەنووسێت، بۆیە دەبینین شیعر لای ڕامیار زیاد لە وەزیفە و شێوازێک بۆ دەربڕین وەردەگیرێت، ئەگەرچیش تێمای سەرەکی شیعرەکانی ئەو لەسەر جۆرێک لە نائومێدی بەرامبەر بە ژیان و مرۆڤ بنیات نراوە، بەڵام هەمیشە بیرۆکەکانی لەگەڵ خوێنەرانی و ئەوانیتردا دابەش دەکات، ئەویش لە ڕێگەی وتنی ئەو شتانەوە کە کەمتر ئەوانی تر دەیڵێن یان جورئەت و توانای ئەوەیان هەیە کە بیڵێن، ئەوەتا (تەڵعەت تاهیر) لە نووسینێکدا دەربارەی شیعری (ڕامیار) دەڵێت “بە جورئەت بۆ ڕامیار حسێبە کە قووڵی خۆیمان نیشاندەدات و خۆی لە پەناو پەسێوی یارییە ستۆکەکانی زمانەوانیدا ناشارێتەوە، ڕامیار ڕوونە و لە بینینی تەکنیکی ئاوەکەیشی ناسڵەمێتەوە، وشە و ڕستەکانی لیخن و قوڕاوی ناکات تاوەکو خوێنەر قووڵیەکەی نەزانێت.” ڕامیار وەک مرۆڤ و وەک شاعیر سەیری ژیان و قۆناغەکانی ناوی ئەکات، ئەو هەرگیز لە ئازارەکانی ڕاناکات، زۆر لەسەرخۆ دەڕوات و ئازارەکانی وەک ئەوەی کە هەن قبووڵ و ئەزموون دەکات.
بۆیە لە شیعری (وشەیەک ڕەنگە سەر لەبەری ژیانمان بگۆڕێت)دا دەڵێ:

تەماشاکە چەند خامۆش ئەسووتێم …
ترپەکانی دڵم …
ڕەسمی چ بێتاقەتییەک لە ڕووخسارما ئەکێشێت
ڕەنگە بزانێت ئیسراحەت دوورە …
لە نێوان دڵی من و دونیادا، گۆرانییەک هەیە …
ڕەنگە نووسین بریتی بێت لەو گۆرانییە.

تەکنیک و زمان لە شیعری ڕامیار مەحمودا:

لە یەکێک لە دیدارەکانیدا، (گارسیا لۆرکا)ی شاعیری ئیسپانی، بەم جۆرە وەسفی شیعر دەکات “شیعر شتێکە کە لەسەر شەقام دێت و دەڕوات، شتێک کە دەڕوات و دەجوڵێت، لە پاڵ ئێمەدا دێت و دەچێت.” لای ڕامیاریش شیعر ئەو هاوڕێ هەمیشەییەیە کە بەردەوام وەک سێبەرەکەی لەگەڵیەتی، لە گشت جێ و لە گشت چرکەیەکدا، بۆیە دەڵێت” تا زیاتر بنووسم زیاتر لەخۆم ون دەبم.” زمانی نووسینی ئەو زمانێکی تاڕادەیەک ڕۆژنامەنووسیانەیە و کەمتر لە شیعری ئەودا بەر جۆرێک لە ڕێکخستنی ئاواز و ڕیتمی شیعری باوی وەک ئەوەی کە هەیە دەکەوین، هەمیشە دێڕەکانی ئەو ڕستەن بۆ گەیاندنی بیرۆکە بە تەعبیری واقعی نەک خەیاڵ، بەڵام ئەمە هیچ لە ماهیەتی شیعری ئەو کەم ناکاتەوە، چونکە ئەگەر سەیر بکەین لای ڕامیار شیعر بە هۆی ئەو تەکنیکە بەرزەوە کە هەیەتی لەوە دەکەوێت تەنها ئاوازێک بێت بۆ ڕێکخستنی ژیان، بەڵکو شیعری ڕامیار ئەزموون کردنی خودی ژیان خۆیەتی، ئەویش بەو پێودانگەی کە نووسین دەبێتە تاکە ئامڕازی دەربڕی هەموو دونیابینییەکانی نوسەر. ڕامیار زۆر جاران دیالۆگی شیعرەکانی بە زمانی کەسی یەکەمی تاک دادەڕێژێت، بەڵام لە چوارچێوەی گفتوگۆ و دیالۆگی کۆدا، کە بە بڕوای من ئەمەش خاڵی بەهێزی نووسینی ئەوە، هەر وەک ئەوەی کە (کاروان کاکە سوور)یش پێیوایە ” نوسین دەنگی تاکە بەرانبەر بە دەسەڵاتی کۆ.”

بۆیە لە خوێندنەوەی هەموو دێڕە شیعرێکی ڕامیاردا بەر زانیاری نوێ لە تێڕوانینی ئەو بۆ ژیان و هەبووەکانی ناوی دەکەویت، بەو پێیەش نووسینی ئەو دیالۆگێکی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ ژیان و ئازارەکانی ناویدا، بۆیە زوو دەگەنە ناوەوەی خوێنەر و جگە لەوەی کار لە ڕۆحی دەکەن، بێشک پرسیاریش پاش خۆیان بەجێدەهێڵن، هەر ئەمەش خاڵی بەهێزە بۆ هێنانە ئارا و نووسینی شیعری نەمر، بە جۆرێک بۆ هەموو کات و سەردەم و ڕۆژگارێک بگونجێت، هەروەک (هایدیگەر)یش پێوایە ” دیالۆگی ڕاستگۆیانە و پراکتیکیانەی گوتەی شیعری، پێکنایەت، ئەگەر ئەو دیالۆگە ئاراستە نەبێت بۆ شیعر خۆی.” شیعریش لای ڕامیار شیعری پرسیارە ئەزەلی و ناکۆتاکانە، ئەو پرسیارانەی کە مرۆڤ لە سەرەتای بونییەوە تا ئەمرۆ وێڵی دوای وەڵامەکانیەتی، نەک قسەی سواو و باوی ڕۆژانە کە بەداخەوە بەشێکی زۆری پانتایی دونیای نوسینی ئێمەیان داگیر کردووە. ڕامیار لە شیعری (دوو بەیانیش هەروەها)دا دەڵێ:

ئەوەی من دەینووسم شەڕی جیاکردنەوەی خۆمە
لەگەڵ ئەو شتانەی لە من ئەچێت
لەگەڵ هەموو ئەو سەرە ڕۆییەی
بە درێژایی ژیانم کردوومە.

خۆ ئەگەر لەسەر زمانی نووسینیش لای ڕامیار بووەستین، ئەوا بە ئاسانی هەست بە شارەزایی تەکنیکی بەکارهێنانی تێما بۆ ڕێکخستنی هەستی خەیاڵی شیعریانە دەکەین، ئەو بەجۆرێک مامەڵە لەگەڵ وشەکاندا لە ڕێگەی زمانەوە دەکات، کە خوێنەر لەگەڵ خوێندنەوەی هەر بڕگەیەکی شیعریدا هەست بە ئێش و ئازارەکەشی بکات، ئەو ئەزموون دەکات و دەنووسێت. دەنووسێت و دەبینێت و هەموو ئەنجامی بینینەکان دەکاتە پرۆسەی نووسین، هەر وەک ئەوەی کە (گوستیکا براداتان) دەڵێت؛  ” نووسەر بە تەنها زمانی بۆ دەربڕینی شتەکان نییە، بەڵکوو بۆ بینینی شتەکانیشە.” ڕامیار لە جۆری ئەو نووسەرانە نییە، لە نووسینێک بۆ نووسینێکی کە هەوڵی گۆڕانکاری لە شێوازەکانیاندا دەدەن، بەناوی ستایل و ئەزموونی نوێ وە، بەڵکوو ئەو هەمیشە بە یەک شێواز دەنووسێت و پەیامەکانی وەک ئەوەی خۆی دەیەوێت دەیگەیەنێت، بەڵام بە تەکنیک و شێوازێکی بەرزی شاعیریانەوە. ئەوەتا لە شیعری (من جیهان ڕاڤە ئەکەم)دا دەڵێ”

من نازانم تۆ ژیانی خۆتت هەیە یان نیتە
بۆ ڕۆژێک ئەگەڕێم
دڵم بێ خەفەت بێت تیایدا
ئینسان حەز بکات دڵی خۆش بێت نەنگی نییە
من خۆم بێزارم پەیوەندی بە هیچەوە نییە
ئەگین بەڕاستی ژیان خۆشە”

دەلالەتەکانی شیعر لای ڕامیار مەحمود:
من چەند ساڵێکە خوێنەری زۆربەی نوسین و شیعرەکانی ڕامیارم، بە بڕوای من ئەو لەو جۆرە نوسەرانەیە کە نوسین لە پێناوی نوسیندا نانوسن، بەڵکوو هەمیشە وام هەستکردووە جۆرێک لە بێمنەتی لە دەربڕین و نووسینی ئەودا هەیە، کە دەشڵێم بێمنەتی مەبەستمە بڵێم ئەو زیاتر بۆ خۆی و ئازارەکانی خۆی دەنووسێت، بەو تێڕوانینەنانەوە کە ئەو ژیانی پێ ئەزموون دەکات و دەبینێت، لای من ڕامیار مرۆڤێکی تەنیایە، جا با هەمیشە لەناو جەنجاڵی و قەرەباڵەغیشدا بێت، بەتایبەت لەناو دونیای نوسیندا، ئەو هەمیشە لە مەنەلۆگێکی بەردەوامدایە لەگەڵ خۆی و لەدیالۆگێکی بەردەوامدایە لەگەڵ دونیادا، ئەو مرۆڤێکی ڕەشبینە، نائومێدە، بەڵام هەر یەکێک لەم بابەتانە کەرەستەن بۆ بەردەوامبوون لەژیان لای ئەو، ئەو خاوەنی دونیایەکی تایبەت و ژیانێکی نامۆیە، شیعری ئەو شیعری بێدەنگی نییە، بەڵکوو شیعری گفتوگۆکردنە لەگەڵ ژیان و ڕووداوەکانیدا، شیعری ڕامیار شیعری بەرەنگاربوونەوەی ئازار و یاخی بوونە، یاخیبوون لەدەست ئەوانی تر و تەنانەت یاخی بوون لە خودی خۆیشی. (کامۆ) لە پێناسەی مرۆڤی یاخیدا پێیوایە (دونیا لە ڕێگای بێمانایی خۆیەوە غەدرێکی گەورە لەمرۆڤ دەکات، یاخیبوون بریتییە لە کردەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو غەدرە ” هەر بۆیە ڕامیاریش شەڕی خۆی و ژیان بە نوسین دەکات و لەڕێگەی تێکستەکانییەوە ڕووبەڕووی ناماقولییەکانی ژیان و هەموو غەدرەکانی دونیا دەبێتەوە. بۆیە دوبارە لە شیعری (من جیهان ڕاڤە ئەکەم)دا دەڵێت:

کە ئەڵێم ئازارم زۆرە
تۆ ئەگەر مەولەویت بیر ناکەوێتەوە
واتا هەرگیز لە من نەگەیشتوویت
ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان بیرت لە خودی خۆت کردەوە
یان شیعر هەر یەک شتە
شیعر بریتییە لەوەی کە ئەتەوێت خۆت بیت
جۆرێکە لە تاقانەکەوتن بەرامبەر بە هەموو شتێک
لەڕاستیدا ئەمە شۆڕشی ڕاستەقینەیە.

لەبری کۆتایی:
ڕەنگە نووسین بەتایبەت شیعر، ئاسانترین کەرەستە و بابەت بێت تا لە ڕێگەیەوە بتوانین کەسایەتی کەسی نوسەر و چۆنێتی دونیابینی ئەو بۆ ژیان و ئەوەی لەناویدا ئەگوزەرێت بزانین، ئەگەرچیش هەر نووسەرێک بە پێی ئەو دونیابینیانەی کە بۆ ژیان و شیعر هەیەتی جۆرێک لە بابەت و تێما بۆ کارکردن لە پرۆسەی نوسیندا هەڵدەبژێرێت، بەڵام هەر یەکێک لەوانە دەبێتە دەروازەیەک کە دواتر کەسی نوسەر بەرەو پرۆسە گەورەکەی داهێنان ئاراستە دەکەن، ئێمە بۆ تێگەیشتن لە ئەدەب پێویستمان بە تێکستی زیندووی داهێنەرانە هەیە کە دواتر دەتوانین لە ڕێگایەوە بە جیهانی شاراوەی داهێنەریش بگەین. هەروەک (کاروان کاکە سوور) دەڵێت” لە پێشدا داهێنان دەناسرێت و دوایی داهێنەر، نەوەک بە پێچەوانەوە، لێرەشەوە داهێنان و نووسەر، وەکوو ڕووناکی و دەنگ وان. ڕووناکی دەگات و دواتر ئێمە دەنگ دەبیستین. بۆ من شیعری ڕامیار مەحمود، هەنگاوێکی گەورەیە بۆ سەر ڕێخستنی ئاراستەکان بەرەو داهێنان، هەوڵێکن بۆ نزیک بوونەوە لە خود، کە سەرەنجام و پاش خوێندنەوەیان مانا لە هزری خوێنەردا بەجێدەهێڵن، چونکە ئەو بۆ خۆی کەسێکی ماناگەڕە و هەموو نووسینەکانیشی لەپێناو دروستکردنی مانادایە، تا لەم ڕێگایەشەوە بتوانێت ئاگایانە نێوەنگیرییەک لە نێوان بێمانایی دونیا و ئازارەکانیدا بەنووسین بکات، ئەو دەیەوێت بەدیدێکی تر لەژیان بڕوانێت، (سوهراب) ئاسا (چاوی دەشوات، بۆ ئەوەی بە جۆرێکی دی دونیا ببینێت.) بینینێک جیاوازتر لەوەی ئەوانیدی دەیبینن، بۆیە لە شیعری (من جیهان ڕاڤە ئەکەم)دا دەڵێت:

ئەگەر هەموو کەسێک وەک من بیزانیایە ژیان چییە؟
دونیا شتێکی تر دەبوو.
بۆ ئەم نوسینە، سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتوە:

١. تەڵعەت تاهیر، ڕامیار مەحمود لەنێوان دوانەی ڕۆشنبیر و داهێناندا، نووسین، پاشکۆی ڕەخنەی چاودێر، ژمارە 380
٢. مناڵێک بەدزیەوە کتێب دەخوێنێتەوە، گفتوگۆ لەگەڵ کاروان کاکەسوور، سازدانی دانا فایەق، لە بڵاوکراوەکانی پاشکۆی ڕەخنەی چاودێر، 2008
٣. مەریوانی وریا قانع، چی لە ئەلبێر کامۆ بکەین، نووسین، گۆڤاری ئەدەبی سەردەم، ژمارە 5
٤. گارسیا لۆرکا، شیعر لەپاڵ ئێمەدا دێت و دەچێت، نووسین، و/ لە فارسیەوە: ئازاد بەهین، پاشکۆی ڕەخنەی چاودێر، ژمارە 380
٥. ڕامیار محمود، دڵ لەناو سنگی ئەم جیهانەدا لێنادات، کتێبی شیعر،2012

 

ته‌واو

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی - مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی – مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌

 

كولتور مه‌گه‌زین: كۆی ئه‌م نوسینه‌ له‌ڕووی ڕسته‌سازی په‌ره‌گرافی و ڕێنوسه‌وه‌ جارێكیتر داڕێژراوه‌ته‌وه‌ و دوو نوسه‌ری ستافه‌كه‌ پێداچوونه‌وه‌ و له‌هه‌ندێك شوێندا  ڕسته‌كه‌مان واز لێهێناوه‌ بۆئه‌وه‌ی ده‌نگی نوسه‌ره‌كه‌  خامۆش نه‌كه‌ین. دیاره‌ جۆرێك له‌وشه‌سازی عه‌ره‌بی و تێكه‌ڵكردنی تێرمی تێدا به‌دیده‌كرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌زۆر شوێندا بیرۆكه‌كانی پێكاوه‌ . نوسه‌ری بابه‌ت شاعیرێكی گه‌نجه‌ و ده‌كرێت ئه‌م نوسینه‌ له‌م گۆڤاره‌ی ئێمه‌دا له‌و چوارچێوه‌ی هه‌وڵدانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی سه‌یر بكرێت و وه‌ك هاندانێك  بۆمان بڵاوكردۆته‌وه‌.