من هەر ئاوها دەزانم مەولانا

Loading

 

 

من فەلەکناس نیم، وەلێ دەزانم لە خولەکێکدا:
شەش نێزەک لە چاوتا دەکوژرێن.
من گەڕیدەی ڕووسی نیم، وەلێ دەزانم لە هەنگاوێکتدا:
شەش تەتەر بە شوێن پێتدا دێن.
من کەشناس نیم، وەلێ دڵنیام لە چاوەکانتدا:
سبەی شەش جار دەبێتە باوبۆران.

من جوانناس نیم، وەلێ دەزانم لە کوڵمەکانتدا:
شەش چیچانی بە دوای ماچی پەمەییەوەتن.
من لە دەنگسازی بەڵەدنیم، وەلێ دەزانم لە چریکەتدا:
شەش هیندۆسی گیرۆدەی گەرووت دەبن
من لە خوداناسیش زۆر دوور نیم، وەلێ دەزانم لە ڕۆحیشتدا:
شەش بودایی زیکرت دەکەن.

گرافیکی گراس ؛ ماسی بووت
گرافیکی گراس ؛ ماسی بووت

من ڕۆحانی نەبووم، کەچی لە سەمەرقەندرا ئاوها عاشقی بوخارا بووم.
من شوێنەوارناس نەبووم، کەچی لە ڕۆحتدا تووخنی مرۆڤایەتیت بووم.
من سروشتناسیش نەبووم، کەچی بۆ چڵە نێرگزێك دەشتودەرت پێ کردم.

 

بە خاڵقی ڕۆحی مەولانا ئاوها نەبووم
چەندین جار بۆ گوڵچنین، دەستنوێژم هەڵگرتووە، نەبادا گوڵ پەژموردە بێت.
کەڕەتی ئاواها  هەبووە، بەردم تەڕ کردووە بەشەونم، تا خودا ڕۆحی وەبەر بێنێت.
نەختێك جار وەها ڕوویداوە، ئەستێرەی وا بدزم، پڕ بە ڕۆشنایی چاوەکانت.
سێ جار بۆ زیکری ئاو، خۆڵ دە چاومم کردووە، تا بەحری چاوت ڕوونتر بێت.
وامەزانە کە پەیامبەر نیم، نەتوانم پەیامی دڵت، بخەمە سەر زوبانی شێت.
وامەزانە کە مەغۆل و ڕاوچی دڵت نیم، نەتوانم ڕایکێشم گڕوتینی هەناوت.

 

لە خانەقا لامدا:
دەستنووسێکی شیعری مەحوی و چاوێکی نالیم دۆزیەوە،
شێخ ڕەزا خستنیە نێو بەیتێکی شیعری خۆیەوە.
لە ئەشکەوتێك لامدا:
لە بری شمشێری بزێو و لاپەڕەی ڕزیوی مێژوو بدۆزمەوە،
دەنگی لوورەلووری گورگ و قورسکەقورسکی سەگی دەدایەوە.
هاتمە دەر، چوومەوە نێو ڕۆح، ڕۆحێك ئاشنا پێم، وەکوو پەروانە.
بوومەوە چەکچەکی بۆی، شەو بۆ سووتانی دڵ، وەکوو پەروانە.
٢٧ / ٩ / ٢٠١٥