لەدێرسیم مردم، لەبانە شێتبووم

Loading

تاریك و ڕوونی بەیانی تەقەی قاپی لەخەوێكی قووڵ و شیرینی كردم، بەڕوخساری خەواڵوەوە لۆژەلۆژ بەرەو دەرگاکە چووم و گوتمكێیە؟بەدەنگێكی قەبەوە گوتی دەرگاکەم لێ‌ بكەوە خۆ ناتخۆم، میوانم میوان.”

قاپییەکەم كردەوە پیاوێكی ڕەقەڵ و باڵا بەرزی دەموچاو كونج كونجاوی بوو، بە پێچە و كڵاو و مرادخانی بەرییەوە لەخەڵكی ناوچەی موكریان دەچوو. هێشتا من فەرمووم لێ‌ نەكردبوو خۆی كرد بەژووردا، ئیتر منیش بەدوویدا چووم. ڕێبوارێكی هیلاك و شەكەت بوو، لەسەر قەرەوێڵەكەم دانیشت و گوتیبرسیمە، هیچ هەیە بیخۆم.”

بەچاوان ئێستا خواردنت بۆ ئامادە دەكەم.

تۆجارێ‌ بچۆ دەموچاوت بشۆ بەم لوتە زلەوە دەڵێی بەرازی سەرخۆشی

ببورە ئەمشەو درەنگ خەوتووم بۆیە خه‌به‌رم نه‌بۆوه‌.

وەك دوو دۆستی بیست ساڵە بەیەكەوە نانی بەیانیمان خوارد و ئەوجا كەوتینه‌ گفتولفت. وەختێ‌ لەئاغای میوانم پرسی چ كارەی؟

دەستی كرد بەگیرفانی شەرواڵەكەیدا و سیدی یەكی دەرهێنا و گوتیلەنێو و نێونیشانی من گەڕێ‌، ها ئەم سیدییە بگرە.”

ئەمە چییە؟

ئەوە بۆ تۆیە، دوایی گوێی لێ بگرە، دەزانی چییە. تۆ جارێ‌ بڕۆ چۆڕێ‌ ئاوم بۆ بێنە.

سیدییەكەم لێوەرگرت و چووم بۆ چێشتخانە تا پەرداخێك ئاوی بۆ بێنم، لێ‌ تا من گەڕامەوە، ئاغای نەناس بۆی دەرچوو بوو. ئیتر نەمزانی چۆن ونبوو، بەكوێدا رۆیشت. تا سەری كۆڵان چووم نەمبینیەوە، نازانم زه‌وی قووتی دا، فڕی..! نازانم بۆكوێوە چوو. دەرگای ماڵم داخست بەخەیاڵی سیدییەكەوە چوومە ژوورەوە و لاپتۆپەكەم داگیرساند تا بزانم نهێنی ئەم سیدییە چییە. شیعرە، گۆرانییە، شانامەیە..

ئەوەی لەسیدییەكەدا تۆماركرابوو، ئەمەیە كە من بۆ ئێوەی دەگێڕمەوە:

بەدەنگی خشەخش و كرانەوە و داخرانی دەرگا و كۆكە كۆك خولەكێك و پانزە چركەی سیدییەكە ڕۆیشت. لەپاشان دەنگێكی لی هات، هەستم كرد دەنگەكە نزیكە لەدەنگی ئاغای میوانەوە، لێ‌ دڵنیا نەبووم دەنگی هەمان ئەو پیاوەیە كە سیدییەكەی بۆ هێنام، ئاخر خۆ من ئەوەندەم قسە لەگەڵ نەكرد تا بتوانم بەباشی دەنگی بناسمەوە..

گێڕەرەوەی حیكایەتی نێو سیدییەكە ئاوها دەستی پێكرد:

بیکاسۆ ١٩٣٢ ؛ ژنێک لەگەڵ کتێبەکەیدا
بیکاسۆ ١٩٣٢ ؛ ژنێک لەگەڵ کتێبەکەیدا

من حەسەنی خوسرەویم، شەوێكی ساردی زستانی ساڵی 1346ی هەتاوی لەگوندێكی دوورە شاری ناوچەی موكریان لەدایكبووم، ڕوخساری دایكمم بەباشی نایەتە بەرچاوان، تەمەنم چوار ساڵی تەواو نەدەبوو، شەوێكی درەنگ دایكم تووشی نەخۆشیەكی نەزانراو بوو. لەگوندێكی دوورە دەستدا هەر كەس دەردێك بگرێ‌، مەگەر خودا حەكیمی بێت. هەر ئەو شەوە دایكم بەژانێكی قورسەوە مرد، بۆ منی منداڵیش جگە لەگریانێك شتێكی تر نەبوو، باوكیشم وەك زۆربەی پیاوانی دی هەر زوو دایكمی لەبیركرد و چاوی بۆ ژن دەگێڕا… ساڵێك بەسەر مەرگی دایكمدا تێنەپەڕی بوو، باوكم ژنی هێنایەوە، ئیتر ژیانی من لێرە بەدوا هەر بەلەنگازی و ئاوارەیی بوو، باوكم لەدوای ئەوەی ژنی هێنایەوە لەسەر ویست و ئارەزووی ژنی تازە منی دەرپەڕاند و ماڵە مام منیان گرتە خۆ.

بەنازی مام و مامۆژنی وەجاخكوێر ساڵانێكم بەتێروتەسەلی لەو ماڵەدا گوزەراند، تا ئەو كاتەی بووم بەگەنجێكی تەواو، ئیتر خولیای گەشت و گەڕان لەسەریدام، ڕۆژێك دوای مشتومڕێكی زۆر ڕەزامەندیم لەمامم وەرگرت و ڕۆیشتم، لەم شار بۆ ئەو شار و لەم گوند بۆ ئەو گوند دەگەڕام، لەكوێ‌ ئاهەنگ بوایە من گورانیم تێدا دەچڕی. لەژیانمدا هیچ كارێكم نەدەزانی جگە لە گۆرانی گوتن، خوا هەموو شتێكی لێ‌ سەندمەوە و دەنگخۆشی پێبەخشیم.

بەگۆرانی ژیام

بۆ عەشق مردم

سەروەت و سامانم بەلاوە گرنگ نەبوو، لەهەر كوێ‌ ئارەزووم بكردایە گۆرانیم دەچڕی، بەنان و ماستاوێك ڕازی بووم. تا جلكم نەدڕایە هی تازەم نەدەكڕی، ئەوەی دەستم دەكەوت دەمخوارد. كەم شەو هەبوو دەعوەت نەكرێم، هەر جارە بۆ ماڵێك بانگێشتی سترانچڕین دەكرام، جارێك لەماڵە ئاغای، جارێك لەماڵە كوێخای و جارێك لەشار لەماڵی ئەفەندیان و جارجارێك لەئاهەنگی ژن و ژنخوازی ئیدی ئاوهام ڕابوارد تا شەوێك خزامە تاریكی عەشقێكەوە.

شەوێكی فێنكی بەهار لەماڵی عەلی بەگی بانە بانگهێشتی سترانچڕین بووم. ئەو شەوە لە حەساری عەلی بەگ دەنگم لێهەڵبڕی بوو، كەیفم هەبوو، عەلی بەگ زوو زوو مژی لەقلیانەكە دەدا و دەیگوت ڕەحمەت لەبابەت. عەلی بەگ شاهەنشایەك بوو بۆخۆی، ڕەوەیەك خزمەتكار وغوڵام و ریزێك ژنی جوان و جاحێڵی هەبوو. مەڕ و ماڵات و مڵكی زۆریشی هەبوو. وەهای دەگوزەراند، شای بەسەپان رانەدەگرت. ئیدی ئەو شەوە لەحەوش و باخی فێنێكی ماڵی عەلی بەگەوە دەنگم لێ‌ هەڵبڕی سترانم چڕی و كەیفم كرد، لەو وەختەیا چاوم چووە سەر گوێ‌ سەبانەی ماڵی بەگ، كێژێكی جوانم بینی لەمانگی دەڕوانی، ئیتر خۆشم نەمزانی ڕێڕەوی گۆرانیم بەرەو كوێوە چوو، ئاگام لەمەجلیسی عەلی بەگ نەما. ئەو كچە ڕێحانە خانم بوو، كچە بچووكی عەلی بەگ بوو لەژنی سێیەمی.

لەوە شەوەڕا عەشقی من بۆ ڕێحانە دەستی پێكرد، ئیتر ماڵی عەلی بەگم كردبوو بەڕێی كانی، زوو زوو خۆم پێدا دەكرد، چەند جارێك داوام لەعەلی بەگ كرد كارێكم پێ‌ بسپێرێ‌. هەر دەیگوت باشە.. تا لەدواییدا لەحەساری عەلی بەگ وەك خزمەتكار و سترانبێژ نیشتەجێ‌ بووم، عەلی بەگ ئەمری كرد ژورێكم بۆ تەرخان بكەن لە خانووی خزمەتكارەكان لەتەنیشت كۆشك و باڵەخانەی خۆی، ئەو ژوورەی درا بەمن پەنجەرەكەی لەسەر حەوشە و حەساری عەلی بەگ بوو. بۆ بینینی ڕێحانە چاوم لەسەر پەنجەرە بوو، ڕێحانەش بێ‌ ئاگا لەمن جرت و فرت رۆژی بیست كەڕەت بەلای پەنجەرەی ژورەكەدا دەهات و دەچوو. ئەم عەشقە هەر وا لەدڵی خۆمدا قەتیس مابوو، نەدەموێرا دڵم بۆ ڕێحانە بكەمەوە و نەدەموێرا لای خزمەتكار و غولامەكانی دی باسی بكەم، ئاخر عەلی بەگ بیزانیبایە شەق شەقێنی ئەو ماڵەی پێدەكردم. لەو ڕۆژەوە ڕێحانەم دیبوو، هەرچی گۆرانیم هەبوو بۆ ئەو بوو، هەرگیزیش نەموێرا بۆ تەنیا جارێك ئەو ڕازە بدركێنم مەگەر شەو درەنگانێ‌ لەژێر لێوەوە بەئاوازێكی هێمن و نەرم دەمگوتعەشقی رێحانە كردمی بەدیوانە.. دیوانەی چاوی، شێت و شەیدای لەنجەولاری، دیوانە دیوانەیە حەسەن، دیوانەی لێوانی، مەست و سەرخۆشی مەمانی …”

بەعەشقی ڕێحانەوە ژیام، بەخەیاڵی باوەشییەوە ڕۆژگارم دەگوزەراند. شەوانە بەخەیاڵی ڕێحانەوە دەخەوتم و خەونم بەڕێحانەوە دەبینی. ستران چڕینم هەر بۆ وی بوو، گریان و خەمخواردنم هەر بۆ ویهەستم دەكرد ناگەم بەموراد، ڕۆحم پێی دەگوتم تۆ سەرگردان دەبی، بەعەزابی ئەو عەشقەوە شێت دەبی. شەوێكی ساردی پاییز پەژارە دایگرتم غەم گەرووی گرتم، خەریك بوو دەخنكام.. لە حەژمەتا چوومە سەربان تا هەوایەكی فێنك هەڵمژم، بە خەیاڵی ڕێحانەوە چاوم بڕییە مانگ و بەدەنگێكی نزم گۆرانیم دەچڕی، هەر بەو خەیاڵەوە خەوم لێ‌ كەوت و بەرەبەیان لەسەرما وەخەبەرهاتم، بە لەرزە لەرز چوومە خوارەوە و خۆم تەپاندە ژێر لێفەوە و خەوتمەوە و بەیانی وەختێ‌ وەخەبەرهاتم هەستم كرد نەخۆشم، جەستەم گەرم بوو، قورگ و كەپۆم‌ گیرابوو. هەرچەندم دەكرد نەمدەتوانی هەستم. بەجارێ‌ تێكشكا بووم، وەك شۆڕەبی ده‌له‌رزیم، وردە وردە حاڵم خراپتر دەبوو، بەخۆم نەدەزانی دەنگی ناڵە ناڵم گەیشتە گوێی غوڵام و خزمەتكارەكان. ئیتر هاتن بەدەنگمەوە، وەختێ‌ عەلی بەگ پێی زانی یەكێ‌ لەپیاوەكانی ڕاسپارد تا بمبات بۆ خەستەخانە.. ئەو نەخۆشییە پایزییە سەرمایەكی وەهای خستە جەستەمەوە هەرچیم دەكرد لێم نەدەبوویەوە، یەك تۆز سەرمام بوایە حاڵم لێدەهاتەوە، بە یەك كزەی سارد هەفتەیەك لەجێدا دەكەوتم، وەك بڵێی نەخۆشییەكە لەگیانمدا خۆی شاردبێتەوە. خەریكبوو پاییز بارگەی دەپێچایەوە، باڕێزەی زستان گەڵاكانی پایزی ڕاماڵی و بەفربارین دەستی پێكرد. ئێوارەیەك لەپەنجەرەكەوە دەمڕوانییە حەوشە وردە وردە بەفر سپی دەكرد، دەمێك بوو میزم دەهات لەترسی سەرما نەمدەوێرا بچم بۆ سەرئاو، ئێ‌ سەراوەكەش لەحەوشە بوو، ئیتر میز زۆری بۆ هێنام ناچار بووم بڕۆم، ئەوەندە بەپەلە رۆیشتم لەحەوشەكەدا خلیسكام، بەجۆرێك كەوتم هەرچیم دەكرد، نەمدەتوانی هەستمەوە، خەریك بوو بێ‌ هۆش دەبووم، نەمدەتوانی دەنگ هەڵبڕم، نازانم عەلی بەگ لەكوێوە منی بینی بوو، گوێم لێ‌ بوو هاواری كرد كوڕەكان فریای حەسەن كەون.

خلیسكام

كەوتم..

وەختێك بەخۆم زانی لەدێرسیمم

پیاوانی عەلی بەگ دەمودەست گەیشتنە سەرم و بەباوەش بردیانمە سەرجێگاكەم، دایان پۆشیم و کورەیان بۆ داگیرساندم، وردە وردە گەرم بوومەوە، حاڵم باشتربوو، عەلی بەگ هاتە سەرسەرم ویستم هەستم دەستی خستە سەرسنگم و گوتی هەڵمەسە، چیتە ڕۆڵە بۆ ئاوها خلیسكای، نابێ‌ ئاگات لەخۆت بێت.. ئادەی كوڕەكان بچن شۆربای بۆ بهێنن. حەسەن من دەڕۆم، تا تەواو باش نەبووی لەژێر لێفە نەیەیتە دەرێ‌.

بۆ نانی ئێوارە مریشك و برنج و شۆربایان بۆ هێنام، ناوسكم بەتەواوی گەرم بووەوە و لە ژێر لێفەی قورس و ئەستوردا خەوم لێ‌ كەوت، شەو درەنگ لەدەنگی جیڕەی دەرگا بێدار بوومەوە، پیرێژنێك بەسەر سەرمەوە وەستا بوو، خۆشم نەمزانی كێیە و لە كوێوە هاتووە، پیرێژنێكی پشت چەماوەی سپی كەلانە، برۆكانی پڕ و سپی بوون، چاوەكانی قووڵبوون. خاڵێكی رەش لەسەر ڕوومەتی لای چەپی بوو، بەسەر سەرمەوە وەستا بوو. دەستەكانی خستبووە سەر شانم و ئەم حیكایەتەی بۆ گێڕامەوە:

خوسرەوی ئازیز ئای تۆ چەند بەد بەختی، عاشقێكی دڵشكاو و نامورادی. تۆ لە ژیانەكەی پێشووتریشدا ناموراد بووی. تۆ لە ئەزەلەوە دڵت بۆ شكست كراوە، ئیدی ئاغا بیت، یان مسكێن هیچ لە حاڵی تۆ ناگۆڕێ، دڵی تۆ دڵی دیوانەی عەشقە، سەد جار بمری‌ و زیندووبیەوە لە دەستی ئەو دڵە نامورادە دەرباز نابی، تۆ لە ژیانەكەی پێشووتردا ئاغابووی، ئاغایەكی دڵشكاو، ڕۆحێكی پەرەوازە بووی خەڵكی خۆزگەیان بەحاڵت دەخواست، لێ‌ تۆ خۆزگەت بەحاڵی هەموو كەسێ‌ دەخواست جگە لەخۆت، ئاغای مەملەكەتێك بووی، كە دەیانگوت سەلجان ئاغا شاخ دەلەرزی، ئاو دەوەستا، بەرد دەهاتە قسە. ئەرێ‌ تۆ سەلجان ئاغای كوڕی زەینەڵ ئاغا بووی، وەختێ‌ لەدایكبووی ئاغابووی، ئاهەنگ و بەزم و باڵۆرەی لەدایكبوونت لە دێرسیمدا دەنگی دایەوە، لە چارسەنجەق و قۆزیجان و ئەرزنجانەوە پیاوی گەورە گەورە داوەت كرابوون، دەتگوت ئاهەنگی سوڵتانە، هەر لەمنداڵییەوە بەسەلجان ئاغا بانگ دەكرای. پیاوەكانی باوكت فێری ئەسپ سواری و تیرهاوێژی و ویقاری ئاغایەتییان كردی. وەختێ‌ زەینەڵ ئاغای بابت مرد تۆ گەنجێكی تەواو بووی، بەباڵا و بەهیكەل و بەویقار ئاغایەتی هەر لە خۆت دەهات. هەر ئەو وەختە لەگەڵ ناو و ناوبانگی تۆدا، ناوبانگی ناریكەخانیش دەنگی دایەوە نەك لە ئاموتقە و ڕوسنەكا و چامورك، بگرە لەسەرانسەری دێرسیمدا باسی جوانی و سەنگینی ناریكەخان دەكرا. بەڵێ‌ ئەم حەسەنە بەدبەخت وبێچارەیەی ئێستا، لەژیانی پێشووتدا سەلجان ئاغای دێرسیم بووی، عاشقە ئازیزەكەی ناریكەخان.

بڕیار وابوو لەگەڵ ڕیش سپی مەملەكەتدا بچنە خوازبێنی ناریكەخان، لێ‌ دەركەوتنی جەندرمە لە دێرسیم بارودۆخەكەی گۆڕی، ئیتر هەوری ڕەش ئاسمانی دێرسیمی داپۆشی، جەندرمەكانی دەوڵەت بەڕم و نیزەوە كەوتنە وێزەی خەڵك، لافاوی خوێن هەستا، شەڕی جەندرمەكانی دەوڵەت و شۆڕشگێڕان و ئاغاكان گوند بەگوند و كۆڵان بەكۆڵانی شاری گرتەوە، دوای لەسێدارەدانی سەید ڕەزا و هاوڕێكانی، جەندرمەكانی دەوڵەت كەوتنە وێزەی خەڵكی. كەللەسەری پیاوانی بێگوناهە بەدەستی جەندرمەوە بوو، دارستانی چاخلی لەخوێندا سووربوو بوو، ئەشكەوتەكانی كوتوزیكداغ سیخناخ بوون لە لاشه‌ی مرۆڤ، خوێن گەیشتە لوتكەی توجك.

وەختێ‌ جەندرمەكانی دەوڵەت دایان بەسەركۆشك و دیوەخانی تۆدا، خۆت و پیاوەكانت ئازایانە هاتنە دەست و بەرگریتان كرد، ئیتر تۆش وەك هەندێك لەئاغاكانی دیكە دات بەشاخا و یاخی بووی، لەم شاخ بۆ ئەو شاخ یاخیبوونت بەرپا كرد، لەچیای ژێلەوە بۆ سانیگا و.. ئیزرایلی جەندرمە بووی، جارێ‌ لەقزڵ كیلسە دەردەكەوتی و جارێك لەئاموتقەوە هەڵتدەكوتایە سەریان. كاتێكیش كە بیستت جەندرمەكان پەلاماری ماڵی ناریكەخانیان داوە و ئەفسەرێكی پلە بەرز جلكی بەری ناریكەخانی دادڕیوە و كردوویەتی بەژن و پاشان كوشتویەتی. ئیدی شێت و هاربووی، هەموو جەستەت ره‌قبوو، بووی بەبەرد، چاوەكانت سووربوون.

تا ئەو كاتەی ئەفسەرەكەت نەكوشت كۆڵت نەدا، بەوەش دڵت ئاوی نەخواردەوە لەهەر كوێیەک‌ جەندرمەیەکت دەبینی هەر بەچەقۆ لەتوپەتت دەكرد. ئیتر سەلجان ئاغا بوو بەئیزرائیلی جەندرمە، لەهەر كوێ‌ باسی سەلجان ئاغا دەكرا جەندرمە ڕادەچڵەكی، بەسەدان جەندرمە هێرشیان دەكردە سەرت كۆڵت پێ‌ دەدان، هەرچییان دەكرد چاریان نەدەكردی. چەندین جەندرمە و ئەفسەری پلەدارت كوشت و دڵت ئاوی نەخواردەوە، تەنانەت ئاڵپ دۆغانیش لێت دەترسا شەوان بەترس و دڵەڕاوكێوە خەوی لێ‌ دەكەوت كە دەنوستیش خەونی بەتۆوە دەبینی و ڕادەچڵەكی. دۆڵی زخوریت پڕكرد بوو لە كەللەسەری جەندرمە هێشتا تینوێتیت نەشكا، ناریكەخان برینێك نەبوو هەروا بەئاسانی سارێژ بێ‌. باس و خواسی خەڵك هەر ئازایەتی تۆ بوو. وردە وردە شەڕ و كوشتار بەرەو كۆتایی دەچوو، یاخیبوونیش بەرەو دامركانەوە، لێ‌ تۆ كۆڵت نەدا، بووی بەئاغای كێو و ئەشكەوتان. بەژانی عەشقی ناریكەخانەوە لەم شاخ بۆ ئەو شاخ دەگەڕایت، لەئەشكەوتەكان دەخەوتی، پیاوەكانت هەموو بێزار بوون، یەكە یەكە بەجێیان دەهێشتی و دەگەڕانەوە سەر ژیانی ئاسایی، دواجار هەر خۆت مایتەوە، ساڵانێك تێپەڕی بەژانی ئەو عەشقەوە دەژیای، بارودۆخەكە بە تەواوی هێوربووەوە، سەلجان ئاغا لەبیرو خەیاڵاتی جەندرمەدا نەمابوو، دێرسیم ژیانی ئاسایی خۆی دەستپێكردەوە، تۆش چەك و چەقۆت فڕێدا و بۆ عەشقی ناریكەخان بەكێواندا دەگەڕایت و گۆرانیت دەگوت، ئیتر لەخۆت نەدەپرسی من بۆ وا لەخۆم دەكەم، بۆچی دەژیم. ڕیشت شۆڕبووەوە بۆ سەر ورگت، جلكی بەرت شڕ و شاتاڵ بوو، چڵكن و پۆخڵ، بە جۆرێك بووی كەس نەیدەناسیتەوە، رۆژێك بەدوو دڵییەوە لەكێوان هاتیتە خوارەوەو رووت لەئاوەدانی نا، كەس نەیدەناسیت، سێ‌ شەو سێ‌ رۆژ بەنێو شاردا گەڕای، هاوارت كرد.. كەس نەیناسیتەوە، خەڵكی بەپێكەنینەوە دەیانگوت ئەمە تازە بابەتە، ئەم شێتە تا ئێستا كەس نەیدیوە، ئەمە لەكوێوە پەیدا بوو، یەكێكیش بەزەیی پێتدا دەهاتەوە نانێكی گەرمی پێدەدای و دەیگووت كوڕە ئەوەندە نەهامەتیمان بینی هەموومان خەریكە وەك ئەم بەدبەختەمان لێ‌ دێت، تۆش دەتگوت بابە من عاشقم، عاشقی ناریكەخانمهەموو قاقا پێ‌ دەكەنینكەس نەیدەناسیتەوە، ئاخر سەلجان ئاغایەك بەو هەموو ویقار و هەیبەتەوە لەكوێ‌ و شێتێكی چڵكنی ریش هاتوو لەكوێ‌، هەر زوو ناویان نای بزنەكەی ناریكەخان، ساڵانێكی زۆر بەو دەردەوە ژیای، ڕۆژگارت لەنێو بازاڕ و لەپاڵ دیواری ماڵان و لەمزگەوتەكاندا بەسەر دەبرد و شەوگاریشت لەقەیسەرییەكاندا بەڕێ‌ دەكرد، هەندێك جار كەسێك بەزەیی پێتدا دەهاتەوە و دەیبردییەوە بۆ ماڵ شەوێك یان دوو شەو داڵدەی دەدایئاوها ژیای تاوەکو شەوێكی ساردی زستان لەحەژمەتی ئەو عەشقە ناكامەت جارێكی تر دات بەكێودا و هەر رۆیشتی و هەر رۆیشتی.. تا لەپەلوپۆكەوتی و لەنێو بەفردا ڕەقبویتەوە.. ئەو سەلجان ئاغایەی دەوڵەت لێی دەترسا وەك شێتێكی بێچارە و برسی و چڵكن لەنێو بەفردا ڕەقبوویەوە. وەختێكیش هاوین بەفری زستانی تواندەوە، تەنها كۆمەڵێك ئێسك و پروسكت مایەوەمردنەكەت نەبووە جێی باس و خواسی خەڵكی، مەگەر جار جارە ئەو گەنجانەی كە سەریان دەخستە سەرت دەیانگوت ئای یادت بەخێر، ئەرێ‌ كەس نەیزانی چی لێ‌ بەسەر هات.. سەلجان ئاغا ئەو پیاوە بەویقارەی بەنامورادی سەری نایەوە، بەژانی عەشقێكەوە ژیا و هەر بەژانی ئەوعەشقەوە سەری نایەوە، ئێستاش، لەم ژیانتدا ئاكامی عەشقەكەت هەر وەهایە بەنامورادی سەردەنێیتەوە..

دوای ئەم قسانە پیرێژن نیوچەوانی ماچكردم و من راچڵەكیم، وەختێك بەهۆش خۆم هاتمەوە و چاوەكانم هەڵهێنا لێوی مریەم خان لەسەر نێوچەوانم بوو، مریەم خان دایكی پەروێزی قاسمی بوو، ئەو پیاوەی كەوتبووە دوای حیكایەتی من پەروێز سەردەستەی پاسەوانەكانی عەلی بەگ بوو. پیاوێكی بەویقاربوو، گاڵتەوگەپی نەدەزانی، لێ‌ بەبەزەیی بوو. عەلی بەگ زۆری خۆش دەویست. گەرچی بەشێوە ناشیرین بوو ڕە‌قەڵێکی درێژی دەموچاو كونج كونجاوی بوو هەمیشە پێچە و كڵاو و مرادخانی موكریانی دەپۆشی. مریەم خانی دایکیشی وابوو زۆر سەنگین و بەویقار بوو، پیریژنێكی زۆر بە ڕەحم و دڵپاك بوو. ئەوەی بیناسیبایە خۆشیدەویست. من هەرپێم دەگوت دایە مریەم، وەختێ‌ چاوم هەڵهێنا گوتم: دایە مریەم من بەنامورادی سەر دەنێمەوە؟ ئەی شێت دەبم؟

كە لەماڵی عەلی بەگ دەرپەڕیم

نەمزانی كەوتمە كوێی دنیاوە

بەزمانە شیرینەكەی خۆی زوو زوو دەیگوت: نانا حەسەن گیان تۆ خۆشبەخت دەبی، خودا تۆی خۆشدەوێت، هیچ نییە چاك دەبیتەوە وەك جارانت لێ‌ دێتەوە. قسەكانی ئارامیان پێبەخشیم، دایكە مریەم فرسەتی هێنا و چووە دەرەوە بانگی پەروێزی كرد و پێی گوت: كوڕم بەعەلی بەگ بڵێ‌ ئەم كوڕە گوناهە، حاڵی باش نییە، با بیبەن بۆ لای دختۆر.

كە گوێم لەقسەكانی دایە مریەم بوو ئیتر زانیم ئاقیبەتی من ئاقیبەتی سەلجان ئاغایە. بەژانی ئەو عەشقەوە شێت دەبم و بەنامورادی سەردەنێمەوە. دوای ئەوەی بردیانم بۆ لای دكتۆر تۆزێك حاڵم باش بوو، بەڵام هەر دەترسام، غەمبار بووم، چارەنووسی خۆم وەك سەلجان ئاغا دەهاتە پێش چاو، جار بەجارێ‌ حاڵم لێ‌ دەهات، لێ‌ زوو فریام دەكەوتن و هێوریان دەكردمەوە. بەعەشقی رێحانەوە ژیام و هەرگیز نەموێرا بیدركێنم. تا شەوێكی هاوین ڕێحانە وەك عادەتی چەند ساڵەی لەگوێ‌ سەبانی ماڵ دانیشتبوو سەیری مانگی دەكرد، عەلی بەگیش وەك چەند شەوە قلیانی دەكێشا و زەوقی هەبوو، دیمەنی ڕێحانە دڵخۆشی كردم، وردە وردە مەست دەبووم، لەپڕێكدا چریكاندم، كەوتمە گۆرانی گوتن بەبیستنی دەنگی من هەموو سەراسیمە بوون، دوای ئەو ماوە زۆرە لەنەخۆشی و بێدەنگی و نائارامی بەدڵێكی خۆشەوە سترانم دەچڕیئیتر وردە وردە هەموو لەدەورم كۆبوونەوە و عەلی بەگیش زوو زوو دەیگوت ئەی ئافەریم حەسەن بچریكێنە، بچریكێنە تا هەرچی دەرد هەیە دەرچێ لەگیانت. لەو وەختەدا من گۆرانیم دەگوت دەنگی تەقە بیسترا، شەڕ و پێكدادان لەنێوان پاسدار و پێشمەرگە دەستی پێكرد، ڕێحانە ترسا خێرا هەستا بێتەخوارێ‌، من دڵم لەمشتمدا بوو، دەمویست بڵێم خۆت هەڵدە خوارێ‌ من بە باوەش دەتگرمەوە. لەكاتی هەستانیدا گوللەیەك پشتی سەری رێحانەی پێكا و لەسەربانەوە كەوتە خوارێ‌، كەوتە باوەشی منەوە، لێ‌ بەمردوویی. ئیتر ماڵەكە شێوا، عەلی بەگ خێرا پەلاماریدا و هاواری دەكرد رێحانە رێحانەدەمودەست ڕێحانەیان بۆ بیمارستان برد، منیش وەك شێت بەدواییاندا، بیمارستان چ سوودی هەیە، ڕێحانە هەر بەئاسمانەوە ڕۆحی دەرچوو. ئیتر كەس ئاگای لە من نەما، شێت و هاربووم، لەماڵی عەلی بەگ دەرپەڕیم. هەر ئەوەندەی دەرچووم، ئیتر خۆشم نەمزانی چیم لێ بەسەر هات، كەوتمە كوێی دنیاوە. چارەنووسە ئیدی، لەدێرسیم مردم و لە بانە شێتبووم. ریشێكی درێژ و چڵكن جلكەكانی بەرم شڕ و دڕاوبوون. گۆرانییەکانم ‌‌گوزارشتبوون لەنامورادی و ئاوازەکانم تۆنێکی تاریک بوون لە شکست، لەم شار بۆ ئەو شار شێت و سەرگەردان و ناموراد گۆرانیم دەگوت و دەگریام و هاوارم دەكرد و دەمچریکاند: رێحان رێحانە، رێحانەی جوانم، عەشقی کوژراوم. ئەوەی کەوتە خوارێ ڕۆحی تۆ بوو یا هی من