فینۆمینۆلۆجی «ئەویدی بوونێتی»

Loading

 

 

بەشی چوارەم

 

 

ئێمانوێل لێڤیناس لە چاوپێکەوتنێکدا لە ساڵی ١٩٨١دا دەڵێت : «من هێشتا لە ڕووی میتۆدۆلۆجی[1] و تێڕوانینی فەلسەفی خۆم بە فینۆمینۆلۆج دەزانم» ئەو هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت کە «فینۆمینۆلۆجی[2] شێوازی بیرکردنەوەیەکە ، لە مەڕ ڕەوتی ئاگامەندبوونی مڕۆڤە لە جیهانێک کە تێیدا ژیان دەکات» (جهانبگلو، 1386). ئەم هەڵوێستەی لێڤیناس لەوەوە سەرچاوەدەگرێت کە ئەو لە ژێر کاریگەری نەریتی فینۆمینۆلۆجی یان دیاردەناسیەوە دەستیکردوە بە بیرکردنەوە . ئەو لە ساڵی ١٩٢٨بۆ ١٩٢٩ ، لە زنجیرەیەک وانەوتاری[3] هوسرڵ کە لە زانکۆی فرایبۆرگ سەبارەت بە میتۆدی فینۆمینۆلۆجی پێشکەشیدەکرد ، ئامادەبووە وە هەروەها تێزی دکتۆراکەشی لە ژێر ناوونیشانی «تیۆری حەدەس لە فینۆمینۆلۆجی هوسرڵ»[4] دا نووسی . لێڤیناس ڕۆلێکی بەرچاوی لە ناساندنی بزوتنەوەی فینۆمینۆلۆجی لە نێوە توێژی بیرمەندانی فەرەنسادا هەبووە بە جۆرێک کە جگە لە نامەی دکتۆراکەی ، کتێبی «تێڕامانە دێکارتیەکان»[5]ی هوسرڵیشی وەرگێڕایە زمانی فەرەنسی . فیلیپ نێمۆ پێیوایە کە لێڤیناس لە سەرەتادا شرۆڤەکاری فەلسەفەی هوسرڵ و هایدیگەر بووە (نمو، 1387، ص 61) بەڵام دواتر ئەو لە ڕێگەی ڕەخنە ڕوخێنەرەکانی لە فینۆمینۆلۆجی ، هەنگاوی بەرەو فەلسەفەی تایبەتی خۆی هەڵێناوەتەوە .

هوسرڵ ، هەر وەک دێکارت کەڵکەڵەی پتەوکردنەوە و تۆکمەکردنەوەی فەلسەفەی لە مێشک کەوتبوو واتا « فەلسەفە وەک زانستێکی پتەو[6] » (مهدوی، 1387، ص 26). ڕێبازی بنەڕەتی هوسرڵ ئەوە بوو کە ، بۆ هەموومان یەک شت بوونی هەیە کە بێ هیچ دڕدۆنگیەک باوەڕی گومانبەدەرمان پێی هەیە وە ئەویش «ئاگامەندی» ئێمەیە . هەتاکو ئێرە هوسرڵ لەگەڵ دێکارت هاوبڕوایە (مگی، 1385، ص 414 ) ؛ بەڵام هوسرڵ بۆ پتەوکردنەوەی فەلسەفە وەک زانستێکی پتەو ، فینۆمینۆلۆجی دامەزراند . بە گوێرەی بۆچوونی هوسرڵ فینۆمینۆلۆجی ، سایکۆلۆجی وەسفکارە[7] ؛ کەوایە فینۆمینۆلۆجی میتۆدێکە ، کە سەرقاڵی وەسفکردنی ئاگامەندی و دۆخەکانی ئەو دەبێت (خاتمی، 1386، ص 47). بەڵام دەستبەجێ کە ئەم ئاگامەندیە شیدەکەینەوە ، دەبینین کە هەمیشە ئاگامەندی لە «شت»ێکەوەیە ، وە بێجگە لەوەش ناتوانێ ببێت . ئاگامەندی دەبێ ئاگامەندی لە شتێک بێ و مومکین نیە خۆی بە تەنیا ، بێ ئەوەیکە پێوەبەستراوێکی[8] هەبێت ، بوونی هەبێت . هەر بۆیە هوسرڵ ڕێنمایی یان فۆرمولەیەکی گشتی هەیە لە سەر ئەو بنەمایە کە دەڵێت : « بۆ خودی شتەکە بگەڕێوە » ، واتا دەسپێکردنی هەموو ئیشەکان بە بێ هیچ پێش گریمانەیەک(خاتمی، 1386، ص 51). ئەم فۆرمولە گشتیە بریتییە لە دوو قۆناخ : یەکەمیان هەڵواسین یان «ئیپۆخە»[9]یە ؛ واتا ئەوەیکە هیچ حوکمێکی ئیجابی یان سەلبی بۆ هەبوون یان نەبوونی ئەو شتەی کە سەربەخۆیانە لە زەینی مرۆڤ  گریمانەکراوە ، بەرزنەکەینەوە . بە زمانێکی بێگرێوگۆڵ ئیپۆخە یانی هەلواسینی حوکم . دووهەمین قۆناخ «کەمکردنەوە»[10]یە کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لێکەوتەی ئیپۆخەیە . لە ئاکامدا ئەوی دەمێنێتەوە منی پەتیە[11](مهدوی ، 1387، ص 29) . واتا دوای ئیپۆخە کردن یان لە کەوانە هاویشتنی جیهان ، ئەوەی کە دەردەکەوێت «من»ە ؛ «منی پەتی» یان «منی بەرز»[12] کە وەکوو بەڵگەنەویستێکی گومانبەدەر[13] ئاشکرا دەبێت . بنەمای بیرکردنەوەی هوسرڵ لە سەر ئەوە دامەزراوە کە ئاگامەندی هەمیشە  ئاگامەندی لە شتێکەوەیە ، واتا دۆخەکانی ئاگامەندی خاوەن تایبەتمەندیەکی هاوبەشن وە ئەم تایبەتمەندیەش «مەبەستدارێتی»[14]یە ؛ واتا «ئاگامەندبوون» هەمیشە بابەت یان پێوەبەستراوێکی دەوێت(زمانی ، 1386، ص 177).  هوسرڵ لە سەر ئەو باوەڕەیە کە لە نێوان ئاگامەندی و پێوەبەستراو یان ئۆبژەدا ، پەیوەستبوونێکی دوولایەنە لە ئارادایە ، بەشێوەیەک کە  هەر چەشنە ئاگامەندیەک ، مەبەستدارێتیەکە . لە سەر ئەم بنەمایە دەتوانین بڵێین هوسرڵ لە ڕیزی ئەو فەیلەسوفانەدایە کە هەموو شتێک لە سووژەدا قاڵدەکاتەوە ؛ واتا پێیوایە کە هەر شتێک کە ئێمە دەیبینین و دەیناسین ، هەموویان دەرهاویشتەی کار و چالاکیەکانی بیر و هزری سووژە بۆ خۆیەتی . بە زمانێکی بێ پێچ وپەنا یانی ئەوەی ئێمە پێیدەڵێین ئۆبژەکان یان جیهان یان بەدیکراو[15] وە تەنانەت «ئەویدی»یش دواجار پێکهاتن و بەردەوامبوون و پتەوبوونەوەیان دەگەرێتەوە بۆ سەر خۆ یان ئیگۆ[16](رشیدیان، 1386، ص 23). تەنانەت هوسرڵ بۆخۆشی بە ڕاشکاوی لە دوا دێڕی کتێبی «تێڕامانە دێکارتیەکان»دا دەڵێت کە فینۆمینۆلۆجی لە بنەڕەتدا «منناسی» یان «خۆناسی»[17]یە(مهدوی ، 1387، ص 49). هوسرڵ کاتێک لە کتێبی تێڕامانە دێکارتیەکاندا باسی بێجگە لە «خۆ» دەکات ، لە سەر ئەو بڕوایەیە کە ئەم «بێجگە لە من»ە ئیگۆیەکی دیکە نیە ، بەڵکوو «منێکی دیکە»یە . واتا دیسان ئەویدی دەگەرێتەوە بۆ سەر «من» ؛ وە منێکە کە لە گۆشە نیگای «ئەویدی»یەوە سەیرکراوە.

عەبدولکەریم ڕەشیدیان[18] پێیوایە کە تەوای هەوڵ و تێکۆشانی هوسرڵ لەو پێناوەدایە کە تەنانەت «ئەویدی» بۆ «خۆ» کورتبکاتەوە و هەموو شتێک بە تەنیا سەیردەکات بەڵام بە چەشنێکی تراسندێنتاڵ[19] وە هەوڵدەدات هەموو شتێک بگەڕێنێتەوە سەر «منی تراسندێنتاڵ»(رشیدیان، 1389، ص 8). بەڵام لێڤیناس شێلگیرانە و یەکلاکەرەوانە لە بەرامبەر هوسرڵدا هەڵوێست دەگرێت و دەڵێت : «ئەویدی بە هچ شێوەیەک منێکی دیکە نیە  کە لە بوونێکی هاوبەش لەگەڵ مندا بەشدار و پشکدار بێت ؛ پەیوەندی لەگەڵ ئەویدیدا پەیوەندیەکی پاک و خاوێن و هاوئاهەنگ لە ڕەگەزی شەریکایەتی و هاودڵی نیە ، کە لەم ڕێگەیەوە خۆمان لە جێگای ئەویدی دانێین .ئێمە ئەویدی وێکچوو لەگەڵ خۆمان بەڵام لە دەرەوەی خۆمان بەدیدەکەین ؛ پەیوەندی لەگەڵ ئەویدیدا ، پەیوەندیەکە ئاوێتە لەگەڵ بڕێک سڕڕ و ڕاز »(دیویس، 1386، ص 66).

بە پێی چەمکی بنەڕەتی مەبەستدارێتی لە فینۆمینۆلۆجی هوسرڵدا ، جیهانێک بەرەو ڕووی سووژە خۆی ئاشکرا دەکات کە بەردەوام و لە پێشدا ، لە لایەن ئەوەوە داگیرکراوە و دەستی بەسەرداگیراوە ؛ بە جۆرێک کە ناتوانێت خۆی لەگەڵ هیچ کەسێکی دیکە لەم دەست بەسەرداگرتنەدا بە هاوبەش بزانێت ؛ سووژە تەنیایە وە غەیر یان ئەویدیەک وەک هاوبەش و شەریک بوونی نیە . لێڤیناس لە سەر ئەو بڕوایەیە کە مەبەستدارێتی هەڵگری ناتەباییە ؛ لەبەرئەوەیکە هەم کردەوەی[20] ئاگامەندیە وە هەم پەیوەندی لەگەڵ ئەو شتەیە کە لە دەرەوەی ئاگامەندی دایە . هەر بەم هۆیەوە مەبەستدارێتی ، جیهان هەر بەو جۆرەی کە خۆی لە خۆیدایە  ناخاتەڕوو  وە لە نێوان سووژە و جیهانی دەرەوە بەربەستێک سازدەکات  بە چەشنێک کە سووژە دەکاتە بە مۆناد[21]ێک کە تەنیا ، ئەو واتا و مانایانە لە جیهاندا دەدۆزێتەوە ، کە لە لایەن خۆیەوە خوڵقاندونێتی . ئەو شتەی لە ڕەخنەکانی لێڤیناس لە مەبەستدارێتی ، گرنگایەتی شیاو پەیدادەکات، جەختکردنەوەی لێڤیناسە لە سەر لێهاتویی ئاگامەندی ، بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ شتێک کە بێجگە لە خۆیەتی . لە سەر ئەم بنەمایە ئەو هەڵدەستێت بە دووبارە پێناسەکردنەوەی مەبەستدارێتی وە دەڵێت : «مەبەستدارێتی ئیتر نەک بەس ئاگامەندی لە شتێکەوەیە ، بەڵکوو هاتنەدەر لە خۆ یە»(دیویس، 1386، ص 46). بە زمانێکی سووک و ساکار یانی هەمان پەیوەندی لەگەڵ غەیر و ئەویدیدا . لێڤیناس لە داخ سووژەی دەستهەڵاتخواز و فەرمانرەوای ڕەهای هوسرڵ کە تەنیا و تەنیا وەڵامدەرەوەی خۆیەتی ، هانا بۆ فینۆمینۆلۆجی ئۆنتۆلۆجییانە[22]ی هایدیگەر دەبات. هایدیگەر ڕێچکەیەک دەخاتە بەردەم لێڤیناس کە لە ئەودا بوون و بوونەوەر[23] لە بنەڕەتدا و بە شێوەیەکی ڕەسەن ، لە کات و مێژوودا گیرساونەوە .

هایدگەر لەگەڵ هاوسەرەکەی لە کۆڵیتەکەی خۆی لەدارستەکان ڕەشەکانی ئەڵمانیا
هایدگەر لەگەڵ هاوسەرەکەی لە کۆڵیتەکەی خۆی لەدارستەکان ڕەشەکانی ئەڵمانیا

فینۆمینۆلۆجی هایدیگەر ، نەخشە ڕێگای چارەسەری کێشەی قەیرانی مرۆڤی هاوچەرخی ڕۆژئاوایی یە؛ کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ناچار دەبێت پرسیارکردن لە بوون بوروژێنێت (خاتمی، 1386، ص 127). لە سەر ئەم بنەمایە هایدیگەر بنکە و بارەگای ئەپستمۆلۆجی[24] خاپووردەکات و دێتە سەر ئەو باوەڕەی کە مرۆڤ سووژە نیە بەڵکو «ئیگزیستنس»[25]ە  وە دەتوانێت پەیوەندی بوونەکی[26] سازبکات نەک پەیوەندی مەعریفی کە لە ئەودا شتەکان یان جیهان بە شێوەی ئۆبژە بۆ  ناسین دادەبەزێن . کەوایە هایدیگەر مرۆڤمان بە «دازاین»[27] پێدەناسێنێت کە بە واتای «لە-جیهان-دا»  بوونە (خاتمی، 1386، ص 151). لە-جیهان-دا بوونی دازاین بریتیە لە پەیوەندی و نسبەت سازکردن لەگەڵ غەیر و ئەویدی ، نەک داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتن بەسەر ئەویدیدا . بەم حاڵەوە بەڵام پەرۆشیە ئۆنتۆلۆجیانەکانی هایدیگەر ئەم دەسکەوتە گرنگەی  لەباربرد و پوچەڵیکردوە بە جۆرێک کە هۆگر و گیرۆدەی دۆخەکانی «بوون»  دەبێت . لە ئاکامدا ، ئامادەبوون یان ئامادەنەبوونی ئەویدی ، ڕەنگە بۆ بوونەوەرەکان گرنگ بێت بەڵام لە ڕووی ئۆنتۆلۆجیەوە بەدەر لە  گرنگایەتیە . بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین کە لێڤیناس بۆ پشت قایمی ڕەخنەکانی خۆی لە هوسرڵ ، یارمەتی لە هایدیگەر وەردەگرێت ؛ بەڵام دواجار خاڵە لاوازەکانی هایدیگەر ڕێک وەکو خاڵە لاوازەکانی هوسرڵ بوون . هەر دووک فەیلەسوف دواجار ئەویدی دەخەنە ژێر دەستهەڵات و ڕکێفی «هەمان»ەوە ؛ جا هوسرڵ پێیدەڵێت «ئاگامەندی» وە هایدیگەر بە «بوون» ناویدەبات(دیویس ، 1386، ص 47). بەڵام لە لای لێڤیناس بە پێچەوانەی هایدیگەر ، بوونەوەر ئەولەویەتی بەسەر بووندا هەیە ، چونکە پەیوەندی ئەخلاقی لەگەڵ ئەویدیدا بێجگە لە بوونە نەک بەشێک لە بوون .

لێڤیناس هەرچەند کە فینۆمینۆلۆجی هوسرڵ و هایدیگەر دەخاتە بەر شاڵاوی ڕەخنەکانی خۆی بەڵام لە ڕووی میتۆدەوە دواجار هەر وەک فەیلەسوفێکی فینۆمینۆلۆج ئەژماردەکرێت . لەبەرئەوەیکە زمانی وەسفکارانە و شەرحدەرانەی لێڤیناس لە لایەکەوە ، وە لەو لاشەوە پاڵدانەوەی لێڤیناس بە شهوود[28] ، کە هەر دووکیان لە تووخمە سەرەکیەکانی فینۆمینۆلۆجین ، ئەو دەخاتە نێو چوارچێوەی نەریتی فینۆمینۆلۆجیەوە (علیا، 1386، ص 21). بەڵام لێڤیناس چاکسازیەکی ڕیشەیی لە میتۆدی فینۆمینۆلۆجی کلاسیکدا دەکات و فینۆمینۆلۆجیەکی نوێ دەخاتەڕوو کە بۆخۆی بە  «فینۆمینۆلۆجی ئەویدی بوونێتی»[29] ناودێریدەکات(دیویس،1386، ص 52). فینۆمینۆلۆجییەک کە هەڵدەستێت بە وەسفکردنی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویدیدا وە هەروەها ڕوودەکاتە نامۆبوونی جەوهەری و بنچینەیی ئەویدی . لەم فینۆمینۆلۆجیەدا «ئەویدی» نە ئۆبژەیە و نە درووستکراوی ئاگامەندیە ، بەڵکوو بەردەوام غەیرێکە کە هەر غەیر دەمێنێتەوە . بەم پێیە لێڤیناس دواجار ڕێگایەک دەدۆزێتەوە کە نیشانماندەدات کە ،  ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو شتەی کە لە دەرەوەی بووندایە یان لە دەرەوەی هەمان یان ئیگۆدایە بە پێچەوانە و دژ بە مومکینات نیە  (دیویس ، 1386، ص 63) ؛ وە تەنانەت لێڤیناس بەرەو سەرتر هەڵدەکشێت و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ غەیر لەو ڕووەوە کە غەیرە ، بە درووستکەر و ستراکتوری جەوهەری سووژەی لە قەڵەم دەدات.

سەرچاوەکان:

 

١- جهانبگلو، رامین.(1386). «سخنرانی دکتر رامین جهانبگلو درباره امانوئل لویناس». www.nazur.net/1386.10.26/37.ht.ml

٢- نمو، فیلیپ.(1387).«گفت وگوهای امانوئل لویناس و فیلیپ نمو». کتاب اخلاق و نامتناهی. تهران: فرهنگ صبا.

٣- مهدوی، یحیی.(1387). نگاهی به پدیدارشناسی و فلسفه های هست بودن. چ 2. تهران: خورازمی.

٤- مگی، براین. (1385). فلاسفه بزرگ. ترجمه عزت الله فولادوند. چ 3. تهران : خوارزمی.

٥- خاتمی ، محمود. (1386). مدخل فلسفه غربی معاصر. تهران: نشر علم.

٦- زمانی ، مهدی. (1386). تاریخ فلسفه غرب 2. تهران: انتشارات دانشگاه پیام نور.

٧- رشیدیان، عبدالکریم.(1386). «حضور دیگری، شرط امکان اخلاق». کتاب ماه فلسفه. ش2 . صفحات 17 تا 27.

٨- رشیدیان، عبدالکریم.(1389). «پدیدارشناسی دیگر بودگی لویناس». روزنامه شرق. ش 1051. صفحه 8.

٩- دیویس،کالین. (1386). در آمدی بر اندیشه لویناس. ترجمه مسعود علیا. تهران: موسسه پژوهشی حکمت و فلسفه ایران.

١٠- علیا، مسعود. (1386). «حضور دیگری، شرط امکان اخلاق». کتاب ماه فلسفه. ش 2. صفحات 17تا 27.

[1] Methodology

[2] Phenomenology

[3] Lectures

[4] The Theory of Intuition in Husserl’s Phenomenology

[5] Cartesian Meditations

[6] علم متقن

[7] Descriptive psycology

[8] متعلق

[9] Epoche

[10] Reduction

[11] Je Pure = I Pure

[12] Transcendental Ego

[13] بداهتی یقینی

[14] intentionality

[15] عین

[16] Ego

[17] Egologie

[18] عەبدولکەریم ڕەشیدیان (لەدایکبووی ١٩٤٨) دکتۆرای فەلسەفەی لە ساڵی ١٩٧٨ لە زانکۆی سۆربۆنی پاریس وەرگرتوە . ئێستاکە مامۆستای فەلسەفەیە لە زانکۆی شەهید بێهێشتی تاران . ڕەشیدیان ، لە ساڵی ٢٠٠٦ لەبەر نووسینی کتێبی«هوسرڵ لە دەقی بەرهەمەکانیدا » وەکو باشترین توێژینەوەی ساڵ لە بواری فەلسەفە لە ئێراندا ، خەڵاتکرا.

[19]  Transcendental   استعلایی=

[20] act

[21] monad

[22] Phenomenological ontology

[23] وجود و موجود

[24] Epistemology

[25] existence

[26] وجودی

[27] Dasein

[28] intuition= حەدەس

[29] Phenomenology of alterity