باخان جه‌عفه‌ر؛ شەرەف لە چەند سانتیمێکدا کۆنابێتەوە !

Loading

 

باخان جەعفەر
باخان جەعفەر

بەردەوام بیر لەوە دەکەمەوە بۆچی لەگەڵ ئەو ھەموو پێشکەوتن و کرانەوەیەی کۆمەڵگە بەخۆیەوە بینیووە، رێژەی کوژرانی ژن لەسەر ناموس کەم نابێتەوە بگرە ساڵ دوای ساڵ زیاد دەکات؟

پاشان بۆچی ژن لە کۆمەڵگەی رۆژھەڵاتی بەردەوام لە دواکەوتندایە و نەوەی نوێ جیاوازی نییە لەگەڵ چەن نەوەیەک پێش خۆی؟ ھۆکارەکان چین وا دەکات بەردەوام ژن ڕەزامەند بێت بەو بار و دۆخانەی ڕوودەدات؟

ئایا خاوەندارییەتی شەرەفی ژن بۆ باوک و برا ئەگەرێتەوە یان ھاوسەری داھاتوو؟

دەپرسم ئەو ھۆکارە چییە پیاوێک رادەکێشێت کە منداڵی خۆی بکوژێت لەسەر ناموس؟ دەبێت چ پاڵنەرێک وا لە دایک (مێینەیەک) بکات ھەواھی لە بەرژەوەندی پیاوێک بدات کە رۆڵەکەی کوشتووە! چ بارودۆخێکە وا دەکات پیاوێک بە وەرگرتنەوەی ژیانێک نەبێت توانای دەربازبوونی لەو شەرمە نەبێت؟

ئەمانەو چەندین پرسیاریتر بەردەوام لە مێشکمدا دێن و دەچن, کەچی بێ وڵامە. سەرەتا دەمەوەێ تیشک بخەمە سەر چەمکی نامووس “شەڕەف”.

ناموس(شرف): بریتییە لە کۆمەلێک بەھای ڕەوشتی کە پێکدێت لە ( راستگۆیی، ئەمانەت، ئازاییەتی، شکۆداری… ھتد) چەندین سفاتی جوانیتر، کە لە مرۆڤێکدا کۆدەبێتەوە دەیکاتە کەسێکی بەرێز و خاوەن پێگە لە کۆمەڵگە .
بەڵام ئایا لە کۆمەڵگەی کوردی شەرەف ھەمان مانای ھەیە؟

بێگومان نەخێر، لای ئێمە شەرەف دوو لایەنی پێکھێنەری ھەیە.

یەکەم: وەختێک پیاو شەرەفی بریتییە لە دایک و خوشک و کچ و ھاوسەر و مێینەی بنەماڵەی، تەنانەت ئەگەر کەسێکی( ناراستگۆ، داوێن پیس، دز… ھتد) بێت، ئەوا خۆی بەکەسێکی بەناموس دەزانێت و نابێتە جێی “تانە” لە کۆمەڵگە.

دووەم: ھەرچی ژنانیشە شەرەفیان ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە جەستەیانەوە، لە کاتێکدا کەسێک دەستی بەر ئەم جەستەییە کەوت جگە لە ھاوسەر ھەتا ئەگەر بەویستی خۆشی نەبێت، ئەوا بەر نەفرەتی کۆمەڵگە دەکەوێت و بێ شەڕەفی بەسەردا دەچسپێت.

ڕەفتاری کۆمەڵاییەتی و سیستەمی کۆمەڵاییەتی کۆمەلگەو شێوازی پەروەردەکردنی تاک ڕاستەوخۆ کاریگەری ھەیە لەسەر سەرجەم سیستەمەکانی تری کۆمەلگەو وەک: پەروەردە، ئابوری، سیاسی، رۆشنبیری… ھتد. بۆیە گەر ئێمە ووردبینەوە لە تەواوی بونیادی ئەم سیستەمانە دەبیبین کە تاکی کورد لە چ ئاستێکدایە، بەردەوام تاکی کۆمەڵگەی ئێمە لە دووفاقی ئەژی بەردەوام بەڵێنی شتێک دەدات کە ناتوانێت جێبەجێی بکات و بەرگری لە شتێک دەکات کە خۆی باوەری پێی نییە، لە دەرەوە جۆرێکەو لە ناخەوە جۆرێکی تر. بۆیە بەردەوام ژن باجی ئەم دووفاقییەی داوە بەردەوام ژن بەوە سەرقاڵ و بێدەنگ کراوە کە ژیانی داھاتووت باشتر دەبێت تا لە ماڵی باوکە، چونکە شەرەفی باوک و براکەیەتی رێگەی لێ دەگرن بۆ ھەر جولەو پێش چوونێک دەڵێن کە چویتە ماڵی خۆت و لای ھاوسەری خۆت دەتوانی چیت دەوێت بیکەیت ! لەم کاتەدا ژیانی ژن لە نێوان دووبەرداش ئەبێت وەستان لە بەدی ھێنانی خەون و ئاواتەکانی و چاوەروانی ژیانی داھاتوو کە باشتر بێت، بەڵام دواتر کە ھاوسەرگیری دەکاتتەنھا دەبێت بوەستێ تا مردن ئەمە دەردی ئێمەیە.. ئەمەیە دەردی ژن!.
کچێک وەختێ باوک و براو خانەوادە داکۆکی لێ نەکات و بەرپرسیارییەتی ھەڵنەگرن لە بەردەم داھاتووی و بەرپەرچ دانەوەی تانەی کۆمەڵگە چۆن ھاوسەر ئەو ئامادەییەی تێدا دەبێت؟

تا ناموسی نەتەوەیەک لە چەند سانتیمێک تێپەر نەکات، ھەرگیز دەوڵەت و شارستانی، پێشکەوتن و داھێنان بەسەر ئەم بستە خاکە و کۆمەڵگایە نایەت.

تەواو