شارێک لە باشوور

Loading

ڕەنگە یەکێک لە وڵاتێکی سارد و سڕدا ئەم قسانە ببیستێ سەری بسوڕمێ. بەڵام بابێت ڕۆژێک وەک من بژی و خۆی شایەت بێت . بزانێت کە گەرما و تەپ و تۆز و بێ سێبەری چی لێ کردووم؟..تەنیا چی لەمن کردووە نەک خەڵکی تر .خەڵکی تر کێشەی نیە.

تەنیا دەسڕێک دەرئەهێنێت و ناوچەوانی ئەسڕێت و ئەڵێ دەی هەر ئەم چەند مانگەیە … ئەوکاتە حەقم پێئەدات و وەک برادەران بە گلەیی نامشواتەوە و تۆزیک حەقم بەبەرەوە ئەهێڵێتەوە..هەموو جارێک ئەڵێم ئەم وڵاتە سێبەری نیە بۆیە بەو جۆرە لەیەک توڕەین. لە فیلم و پۆستەرە ڕەنگاوڕەنگەکانی سەری ساڵا ئەمبینى. یانیش جاروبار خزم و کەس و کار لە وڵاتێکی ساردەوە وێنەیان ئەناردەوە و ئەمبینی ئەوێ چەند پڕە لە سێبەر چۆن شەقامەکانیان بەبێ داریش سێبەری ئەستوری ڕەش ڕوواوە. ئەو بێ سێبەرییەی ئێرەش هێندە توڕەی کردووم کە تەنانەت ئەگەر ناوی وڵاتەکەش نەزانم و نەزانم لە چ قارەیەکەیە بەڵام ئەڵێم ئایا وڵاتێکە سێبەری هەیە یان نا؟
سنور ناناسم. تەنیا لای من دوو جۆر جوگرافیا هەیە یەکێکیان بەر نەفرەتی بێ سێبەری کەوتوەو، ئەوەى دەیکەشیان هەوا ئازادە و سێبەری بێ شوماری لێیە… هەرچەندە ئەمە باسەکە نیە باسەکە ئەوەیە بەو گەرما و بێ سێبەرییە (جگە لە سێبەری گەرمی جەمالۆنەکان) ئەبوو بچم بۆ شارێکی تر کە چەند سەعاتێک لە شارەکەی ئێمە باشوورتر بوو.. نیوەڕۆییەک بە زەردییەکی تۆقێنەرەوە چوومە گەراج و ئەو پاێەش کە بەرەو ئەو شارەی ئەبردین کە بۆ ئەو شارە ئەرۆشت چاوەڕوانی پڕ بوونی سەرنشینەکان بوو. دیار بوو ئەبوو چاوەڕوانیەکی باش ئازار بچێژین لەو گەرمایەدا.. شۆفێرەکەش وەنەبی بزانێت کەسێک هەیە گەرما هەلاهەلای کردوە. دوای ئەوە خۆشی لە ژورێکدا کە دیوارەکانی گەچکاری نەکرابوو هێشتا هەر بلۆکێکی وشک بوو بەدیار موبەریدەیەکی دەنگ نوساوەوە لەگەڵ کۆمەڵێک شۆفێری تردا خەریکی گاڵتە و گەپی بێتام و، دۆمینە بوون . جارجارێکیش پەردەکەی لائەبرد تا بزانێت پاێەکە پڕ نەبوە.. من لە پاێەکەیدا شوێَنێکم دۆزیەوە کە لە لای پەنجەرەوە بێت.. نازانم لای ئێوە چۆنە بەڵام یاسایەک هەیە لای من کە مورادیفی لوتکەی قێزلەخۆبوونەوەیە ئەویش سەفەرکردنە بەپاێێکی بێ فێنککەرەوە لەگەرمایەکی تۆقێنەردا بەرەو شارێکی باشووریی لە نیوەڕۆیەکی تەمووزدا.. ئۆه تەنانەت بەڕستەش هەست ئەکەی ڕستەیەکی داخە… خۆ ڕەنگە تا ئێرە باسەکە بە ئاسایی وەرگرن و بڵێن ئەمە شەڕی شتی ترە بەو گەرمایەی ئەفرۆشێت بەڵام باشە ئەی ئەگەر سەرنشینێکی بەتەمەنی دانزەرد لەتەنیشتەوە دابنیشێت و بۆنێکی خەستی جگەرە و چای لێبێت و داوات لێبکات کە جێگاکەی خۆتی بدەیتێ چونکە ئەویش حەزی لەوەیە کە لای پەنجەرەوە دابنیشێت؟ هەر ئاسایی وەریئەگرن؟ یان پیرێژنێکى ماندوونەناس بە خاوەخاو سوار ئەبێت و بەشی زستانێکی سارد خۆی داپۆشیوە و هەست ئەکەیت ئەوەی تۆ ئەیڵێیت ئەو قەت تێیناگات وەک بڵێی خەڵکی هەسارەیەکی ترە.. بۆ ئەمەش هەر ئاساییین ئیوە؟ یان لە هەمووی دڵتەزێنتر کە هەست ئەکەم ئیتر ڕازی بن لەگەڵم ئەویش ئەوەیە کە مناڵێک بە سینییەک پاقلاوەی شیرین شیرینی نەبرژاوەوە بە وەزن و قافیەوە هاوار بکات بۆ فرۆشتنی و لەهەمووشی ماندوکەرتر چەند سەربازێک ببینیت کە زیاد لە سەعاتێک چاوەڕێی هاتنی ئەو منداڵە ئەکەن تا بە خۆشیحاڵیەوە سەروچەند پاقلاوەیەکی لێبکڕن و بە شەربەتێکی گەرمەوە لووشی بەن.. پێم وابی ئیتر ئەمە ئاسایی نیە.. ئەوانەی من بینیم ماکیاجکردنی ئەو دیمەنە گەرمە دۆزەخییەبوو بە ماکیاجێکی دۆزەخیتر.. خۆم پێناگیرێ و هێڵنجم دێت..ئەمەوێت دابەزم بچم ئاوێک بە دەمووچاومدا بکەم بەڵام تەمەڵییەکی قورس گرتوومی.. نەئەتوانم بڕۆم نە دانیشم.. چاودائەخەم حەزم بە ڕشانەوەیەکی زۆر قوڵە بەجۆرێک کە بمەوێت ڕیخۆڵەم لەگەڵی بێتە دەرەوە بەڵام تەمەڵیەکەم زۆرترە.. ئەمەوێت چاوداخەم و تەکنیکێکی سایکۆلۆجی بیرخۆم بخەمەوە کە لەو کتێبە دەروونشیکارییە هەرزان باییانەوە فیربووم کە بەحساب وێنای ناخۆش بگۆڕێت بۆ دیمەنی جوانتر بەڵام هەست ئەکەم هەموو شتێک لەگەڵ ئەو گەرما و تەمەڵییە بێ مانایە یان ڕاستتر بیڵێم قسەی قۆڕە! ئەزانم تازە نەمئەتوانی هیچ وێنایەک بخەمە سەرمەوە بەڵام ویستم هیچ نەبێت بیهێنمە بەرچاوم کە سەرما چۆنە؟ بەفر کە بەر لەش ئەکەوێت چ هەستێک داتئەگرێ؟ هیچم بیر نەمابوو..هیچ ..هیچ..

هاتن پارەکەیان لێ وەرگرتین و بەوە دڵم کۆڵێک خۆش بوو و زانیم ئیتر ئەڕۆین..ئەو ڕاوەستانە کۆنکرێتیە منی پارچە کردبوو..ئێستا تەنیا یەک هیوام هەیە کە پاێەکە ئەکەوێتە جوڵەو لەجامی نیوەکراوەوە تۆزە هەوایەکی داخ دێتە ژورەوە. هەرچەند لە سەدا سفری ئەوەی پێی ئەوترێ فێنکی لەهەوادا نەمابوو بەس گرنگ بجووڵێین و من لەم شوێنە قێزەونەدا نەمرم.. کە خەریکیش بوو هەناسەم بۆ نەئەدرا……..

کاتی بانگدان گەیشتمە ئەو ناونیشانەی کە بۆی چووم و کە لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا چەندەم جارمە.. دەرگایەکی تەنگ و نزم. دەرگام کوتی و پیرێژنێکی داپۆشراو بردمیە ژورەوە و بەڕاڕەوێکی درێژدا چوومە حەوشەیەکی گەورە. لەوێ کەمێ وەستام هەتا (ئەبو ڕەعد) ئەمجارە یەکێکی تری نارد بە شوێنما و دوای کەوتم.. بە ڕاڕەوێکی تاریکی تردا منی برد و ئەمجارە دەرگا نەبوو تەنیا ئەکرێت وا وەسفی بکەیت کونێک و پەردەیەکی سەوزی پیادراوە کە من سەرەتا نەمزانی سەوزە بەس دواتر کە ئاگرەکە ڕووناکی کردوە ئینجا بینیم.. پەردەمان لابرد و چوینە ئەودیوەوە باخێکی گەورە.. دارستان.. جەنگەڵێک لە دارخورما کە تا ئەو ساتە باخی وا گەورەی خورمام نەبینیبوو..هەستم بە فێنکیەک کرد ..باخ و باخاتێکی چڕ بوو ئەگەر بۆنی ئەو چێشتە زۆرە پڕ بەهاراتانە نەبووایە بە ئاسانی بۆنی دارپرتەقاڵەکان ئەکرا.. دانیشتین و ئەبوو ڕەعد بە گوێی کچێکدا چرپاندی و کچەکە بە پێکەنیننەوە بەرەو ڕووی من هات و لەباوەشمدا دانیشت و دەستی کرد بە ماچکردنم. منیش ئەوەم ئەویست . ئەمەش زیاد ئەکەم و بە ئێوەی ئەڵێم و ئێوەش کەیفی خۆتانە.. ئەزانم حوکمی خۆتان ئەدەن وەک هەمیشە .. دەی بە قسە توندەکانتان وەک هەمیشە حوکمم بدەن.. ئەسڵەن کوا گوێم بەوە داوە؟ یان بۆ خۆتان وانین؟
ویستم ئەوە بڵێم ئەو ئافرەتانەی ئێوە پێی ئەڵێن قەحبە من خۆشم ئەوێن. ئەزانم ئەوانیش هەندێ جار بەهۆیی ناچارییەکانی ئێوەوە خۆیان قەحبە ئەکەن بەڵام بەگشتی قەحبەکان ئافرەتی باش و بەئابڕوون.. خۆشمئەوێن چونکە دوای سێکس ئەبن بە حیکایەتخوان.. هەندێکیش هەن لەو لەشفرۆشانە کە جارجار وەک ئەستێرەیەکی کشاو ئەکشێن و ئەڕۆن و قەت ناگیرێن. ئەوانە ترسناکن.. ناسکترین ئافرەتی دونیان. هەموو قەحبەکان ناچارکراون کە ئەو کارە بکەن بەڵام ئەوانەیان وەک وتم کە وەک ئەستیرەی کشاون خۆیان ئەو کارەیان هەڵبژرادووە چونکە موڵکی پیاوێک نین.. هی زۆر کەسن.. بە یەک کەس ناگیرێن.. ئا ڕێک وەک ئەستیرەی کشاو لە ئاسمانیکی ڕوونا.. لەناکاو خورپەیەک لێت ئەدا.. بە خۆت ئەڵێیت بڕۆ بیگرە و هەموو شتێک بەجێ بیهَڵە .. بەشێکی تر هەر لە ناو خۆتدا پێت ئەڵێت ( وازبێنە ئەوە قەحبەیە و بۆتۆ نابێ) بەڵام گوێت لەو بەشە نیە و ئەتەوێ دوای بکەویت. بەڵام دوای چی؟ کێ ئەستێرەیەکی کشاوی پێ ئەگیرێت؟ ئاه..بۆیە ڕۆژێک ئەگەر دیارنەمام ئەوا ڕەنگە بەدوای سۆزانیەکی کشاودا بگەڕێم…

خەیاڵم چوبوە سەرکچەکانی و، ئەبوو ڕەعد لێی پرسیم: لەکەس ناپرسی؟ باشترت دۆزیوەتەوە؟
منیش وتم: نا ئەبوو ڕەعد ئەبێ کێم دەست بکەوێ؟ تەنیا ماندووم لەم کارە.
– یەکێک نەزانێ ئێمە دلمَان خۆشە بەوەی ئەیکەین..عەموو منیش تاقەتم چووە لە دارخورما و قەحبە و کۆتر و کتێبەکانیش ..باش بوو هاتی، دەمێکە ئەمویست پێت بڵێم کە بڕۆ و کتێبەکانیش بەرە بۆ خۆت.. هەمووی..لەوانەش بێزار بووم.
منیش پرسیم هەموو کتێبەکان؟
ئا هەمووی-
ئەی ئاردەکە؟-
– ئەویش لە کتێبەکاندایە …ئەویش ببە بەڵام پارەکەیم پێشەکی بەرێ هەرچەند بە هەرزانتر لە هەموو جارێک ئەتدەمی وە گرنگیشە پارەکەت پێبێت.. پێویستم بە پارەیە.. هەموو شتێک ئەفرۆشم و ئەڕۆم.. بە پێکەنینەوە وتی کچ و ژنەکەم لێ ناکڕیت؟
بۆ کوی ئەبوو ڕەعد؟ کوێت هەیە؟-
-گرنک نیە بۆ کوێ.. هەر قەحبەخانەیەک بێت .. بۆ شوێنێکی تر خەڵک تۆزێ نەرمتر قسە بکات..کورە ئەوەش قسەی قۆڕە تەنیا تاقەتی ئێرەم نیە . ئەم باخ و بێستانە بوە بە ئاودەستێکی گەورە لە بەرچاووم.. هەموو شتێ ڕوونە…

ئەبوو ڕەعد کەسێکی سەیرە.. قەت ناوی منی نەهێناوە .جاروبار بە عەرەبیە عامییەکەى بە (عەموو) بانگم ئەکات.. قەتیش سەیری نەکردووم هەندێ جار گومانم هەیە من ببینێت ئەمناسێتەوە. پەیوەندی من و ئەبوو ڕەعد بەو جۆرە مەزانن کە بۆم باس کردن.. بەو جۆرە نیە.. ئەبوو ڕەعد بێدەنگترین کەسە ناسیبێتم..بە ئاستەم کە پێویست بکا قسە ئەکات.. لەژیانیدا نەمبینیوە پێبکەنێت.. خۆی زو زو ئەڵێت من یەک جۆرم نە دڵخۆش نە دڵ تەنگ.. ئەو گەنجێکی سەرەڕۆی ماسیگر ئەبێت لە تەنکاوەکانی باشووردا دواتر خزمەتی سەربازی ئەبینێت دواى ئەوەش هەرچۆنێک بووە ئەبێت بە ئەفسەرێکی پایەداری دەوڵەت. نە لەبەر ویژدان و نە باوەڕی سیاسی ئەبوو ڕەعد ئەبێ دواتر ئەبێت بە دژی دەوڵەت و خۆی ئەشارێتەوە و تەمەنێکی زۆر لە جەردەیی و دزیدا ئەژی هەتا لەو وڵاتە شۆڕش ئەکرێ و پاشا ئەکوژن.. لەدوای کوژرانی پاشاوە ئەبوو ڕەعد وا ئەژی کە خەونی پێوە بینیبوو بەڵام چیبوو کە وا بێدەنگ بوو؟ کەس لێی تێنەئەگەیشت ئەبوو ڕەعد خولیای کۆکردنەوە دەستنوس و کتێبەکۆنەکانى هەبوو.. گەورەترین کتێبخانەی هەبوو کە تەنیا من و چەند کەسێکی نزیکی خۆی پێمان ئەزانی.. وە نەبێ خوێنەرێکی باش بووبێت هەرچەند عاشقی شیعر و خوێندنەوەی ژیانی پاشا کۆنەکان بوو. تەنیا عەرەبیشی ئەزانی بەڵام بە هەزاران دەستنوسی شاکارە جیهانیەکانی هەبوو..دەستنوسی (هاملێت ، فاوست، شەڕوئاشتی..) من بەچاوی خۆم بینیومە لەکتێبخانەکەیدا کە دەستنوسی ئەسڵی نوسەرەکان بوون.. وە سەدان دەستنوسی شاکاری تر کە خۆی پیشانی دام و ئەیوت عەموو ئەمانە ملیۆنان پارەی پێدراوە و خوێنی لەسەر ڕژاوە تاگەیشتوە بە من..
پەیوەندیم بە ئەبوو ڕەعدەوە نە زۆر دەمێکە نە تازە .. کەسمان باوەڕمان بەیەک نیە.. ئەویش کەم پرسیار ئەکات و غرورێکی ماندووکەری هەیە کە بە فیزەوە قسە لەگەڵ چواردەوری خۆی ئەکات زۆربەی جار کە پرسیاری لێ ئەکرێت تەنیا سەر ڕائەوەشێنێت نەک لەگەڵ ئێمە کە سادەین خۆم بینیومە لەگەڵ وەزیرە گەورەکان بە بێئەدەبی و غرورێکی بێ ئەدەبانەوە تەلەفۆنی کردوە.. ڕەنگە هی ئەوەش بێت کە قەت خۆی پێ غەڵەت نیە .. کەسێکە ئەبوو لە ئەنجامی خەڵەتاندن و فێڵەکانی بیکوژم بەڵام ئەبوو ڕەعد کەسێکی سەیرە جارجارە پیاو بیری ئەکات ….
هەندێ ساڵ هەیە دەیان جار دێم بۆ لای بەڵام وا تەمووزە و یەکەمجارمە دَیم بۆ لای .. ئەمجارە هاتم بەشە ئاردەکەی خۆم بەرم ( ئێوەش نەبن بە دایکم کە هەر بە ڕاستی وایزانی کە من بازرگانی ئاردم و بەگاڵتە ڕۆژێک بەدایکم وت ئا هەر بەو ئاردە نانێنکمان بۆ دروست بکە تا بفرین لە خۆشیدا)
ئەمساڵ کە هاتم بۆ لای ئەبوو ڕەعد یەکەم جارمە بەجۆرێکی تر ئەبینم کە هەر سەرەتا بۆ ئێوەم باس کرد کە بە گووێی لەشفرۆشێکا بچرپێنێت و پێبکەنێت لەهەمووی سەیرتر بەخشینی کتێبەکان بوو بە من و باسکردنی ئەوەی کە سەفەر ئەکات و لێرە نامێنێت.. ئەبوو ڕەعد رایچڵەکاندم و وتی :ئەوە بۆ وا راچڵەکایت؟
وتم هیجَ..هیچ……دوای دێمەوە سەر درێژەی قسەکانمان لەگەڵ ئەبوو ڕەعد ئێستا قەڵەمەکە ئەدەم بە یەکێکی تر کە هەمیشە گلەییم لێئەکات کە من درۆ ئەکەم و منیش وەک ئەبوو ڕەعد خۆمم پێ ڕاستە.. لەسەرەتای ئەم گێڕانەوەیە ئەویش ئاگاداربوو وتی ئەمجارە ئەو گێڕانەوەیە بە بێ من ناگێریتەوە . (شاباز) دەمێکە برادەرمە بەڵام هی ئەوە نیە پشتی پێ ببەستی لەڕۆژی قورسا. کەمێک کەرۆکەیە هەرچەند جارجار لە رۆژنامەدا چیرۆک بڵاوئەکاتەوە و خەڵک بە قەڵەم بە دەستێکی خراپ ناوی نابەن.. وەلحاڵ با ئەویش شتێک بڵێ. دوای دێمەوە سەر قسەکانی خۆم و ئەبوو ڕەعد…

**

درۆ ئەکات.ئەو چی وت ئێوە تۆزێک خۆتان ماتڵ بکەن و بیر لە پێچەوانەکەی بکەنەوە. من لەگەڵى بووم کە چووین بۆ لای ئەبوو ڕەعد. بڕوام وایە ئەسڵەن ئاماژەی بە منیش نەکردبێی.. دە وازی لێبێنن.. ئەو هەروایە… پێکەوە بووین کە چووین ئەو هەر وا حەزی لێیە لە خۆیەوە قسەی قۆڕ بکات .. خۆی بێدەنگە و زوو زوو ڕائەمێنێت بەڵام بە سروشت حەزی لە هاوار و هەڵایە. شەرمنە و قەت ناتوانی سەیری ناوچاوی بەرامبەر بکات بەڵام حەزی بەوە نیە خۆی هەموو جارێک ئەڵێت شاباز چی بکەم؟ ئەم سرووشتە یەک پارچە لە گوەم ناگۆرێت.. چی ئەڵێت من گووێی لێناگرم بەڵام سوێندی داوم بە گیانی دایکم کە تەنانەت ناویشی لێرە نەهێنم. سوێندەکەم ناشکێنم بەڵام ناکرێت بە (ئەم و ئەو) بانگی بکەم ناوێکی خوازراوی بۆ ئەهێنم تا ئاسانتر بزانین باسی کی ئەکەین هەرچەند بۆ گاڵتە و گەپیش جارجارە خۆی بەو ناوەوە بانگ ئەکەین… ناوى ئەنێین ئیڤان خراپ نیە. ناوێکی باشە… دەمێکە ئیڤان ئەناسم لە ڕێگای گروپێکەوە کە ناوی( چیرۆکنووسانی وڵاتی بێ سێبەر) بوو پێشنیاری ناوەکە هی خۆی بوو، سەرەتا کە ئەو ناوەی پێشنیارکرد هەموومان پێکەنین بەڵام پاساوەکەشی جوان بوو کە وتی خۆتان بێ عەقل مەکەن سەیری چیرۆکەکانتان بکەن ئەڵێى لە تەنوردا نوسراوە زەڕڕەیەک فێنکی تیادانیە ئەو کات ڕازی بووین کە ئەو ناوە خراپ نیە … دوای ئەوەش ئەو ئەکاتەی ئێمە ئەو ناوەمان هەڵبژارد سەدان گروپ هەبوو لە ناوی ڕۆمان و شیعری شاعیرە فارسەکانەوە خوازرابوو ئێستاش کە باسی ئەکەین پێکەنین هێنەرە بۆ هەموومان بۆ نمونە (گروپی پاییز) یان (کۆمەڵەی ئەو چیرۆکنوسانەی کە مۆسیقارن) (شیکەرەوە گەڵاییەکان) (ڕەخنەگری ئەدەبیات جگە لە مەحوی) (دانیشتوانی دانیشتنە ئەدەبیەکانی گوێگری مۆسیقا هیندیەکان) ئیستاش پێیان پێئەکەنین.. با دورنەکەومەوە کەچی ئەڵێم.. ئیڤانم لەوێ ناسی.. عاقل نەبوو بەڵام وەک ئێمەش کەر نەبوو. وەک ئێمە حوکمی نەئەدا و وەک ئێمە خیرا عاشق نەئەبوو.. وەک ئێمە لایەنگیری ئەم و ئەو نەئەبوو بەڵام ئەوەی دواجار ئیڤانی کردبوو بە قەشمەرێکی ڕەها ئەو تێکەڵبوونەی بوو لەگەڵ پاڵەوانی کتێبەکان. ئەو عەرەبیەکی زۆر باش و ئینگلیزیەکی باشی ئەزانی و ئەبوو ڕەعد و چەند کەسێکی تر کتێبی جۆراوجۆریان پێ ئەدا.. وەک وتم ئەوەی ئیڤانى قەشمەر کرد ئەو تێکەڵ بوونەی بوو.. ڕۆژ هەبوو هاواری ئەکرد و شێتانە گاڵتەی ئەکرد کە دوای بۆمان دەرئەکەوت لەبەر ئەوە بووە ئەو ماوەیە سەرقاڵی( یەسەنین) بووە هەندێ ڕۆژیش هێمن و بەختەوەر و ژیان دۆست خۆی ئەنواند کە لێمان ئەکۆڵیەەوە ئەمانبینی ئەو ماوەیە خەریکی خویندنەوەی (پامۆکە).. ڕۆژ هەبوو یان هەفتە و مانگ هەبوو لە عەلاگەیەکی ڕەشدا بیرەی دەرئەهینا و جنێوی ناشیرینی تەنانەت بە کچەکانیش ئەدا لێمان ئەپرسی ئیڤان ها ئەمجار کێَ لەگەڵ خۆی بردوویتی؟ ئەویش لێی نەئەشاردینەوە و بیرەی بەرز ئەکردەو و ئەیوت گەوجانە (بۆکۆڤسکی)!! بوکۆفسکی سەگبابێکی خۆشەویستە!!
ئیڤانی ڕاستیمان کەمجار ئەناسی ئەویش کاتێک بوو ئەگەر کتێبێکی سیاسیمان بە دەستیەوە ببینیایە.. جارجاریش بە گفتی خۆی ئەیوت ئەبوو ڕەعد جارجارە 100 غرامێک ئاردی سپیم ئەداتێ و ئەوەش وای ئەکرد شتێک لە سروشتەی ببینین کە شتێک لە خۆی تیابوو….. زوو زووش باسی ئەبوو ڕەعدی ئەکرد هەڵبەت کەسمان ئەبوو ڕەعدمان نەبینی بوو بەڵام ئیڤان ماوە ماوە کە دیار نەئەما ئەیوت کە لای ئەوو بووم..تەنانەت وای لێهات سەفەرەکانی بۆ لای ئەبوو ڕەعد زیادی کرد و ئەیوت شاباز بە کەسیان مەڵێ ئێستا جگە لەکتێب لەگەڵ خۆمدا ئاردێکی سپی مەستکەر ئەهێنم و ئەتوانین پێکەوە کڕیاری تایبەتی خۆی بدۆزینەوە و پارە پەیدا بکەین و دەوڵەمەند ببین .. سەرەتا لەگەڵی نەبووم، و دواتر ڕازی بووم . بەڵام هەر ئەیوت جارێ پەلەمەکە شەراکەتی ئەم جۆرە ئیشانە متمانە و چاوەڕوانی ئەوێت.. هەرچەند هەمیشە غافڵ نەبووم لەوەی کە ئیڤان بارگاوییە بە درۆ. من پێی ئەڵێم درۆ هەندێ لە هاوڕیان پێی ئەڵێن (خەیاڵ) هەرچییەک بێ لەکۆتاییدا درۆیە چونکە ڕاستی نیە. خەیاڵی نەفرەتی کە کتێبەکان بۆیان دروست ئەکرد، ئیڤان ئەکرا لە هەر قسەیەکیدا کە ئەوپەڕی قسەیەکی سادەش بێت خەیاڵ یان درۆیەک بدۆزرێتەوە.. ئەو کوڕەی کە بوبو بە برادەرمان و ناوی ئیڤان بوو کە سی ساڵ و چەند مانگێک بوو خۆی نەبوو هیندەی کۆکراوەی چەندەها بیرۆکە و فەنتازیاى ناو کتێب و فیلمەکان بوو بە غرورێکی خەستیشتەوە…

ئاگاداری کردمەوە کە سبەی ئەچین بۆ لای ئەبوو ڕەعد ..سبەی بۆ نیوەرۆ هات بە شوێنما و بەدریژایی ڕیگاکە و کە لەگەراجەکەش چاوەڕێی پڕ بوونی پاێەکە بووین ئیڤان کەوتە ناو بێدەنگیەکەی خۆیەوە وتی شاباز ئەم زەردی و هێڵنجهێنان و گەرمایە هەست ئەکەم بەشێکم لە (پیدرۆ پارامۆ) . بەجنێوێک دەمیم داخست چونکە هەر ئەو کاتە زانیم وا بۆ ئێوەى باس ئەکات کە لەناو پاێەکە چ دۆزەخێەک بووە. ڕاستە گەرم بوو بەڵام هیچ ڕووینەدا.. هەموو شتێک باش بوو… وەلحاڵ چووینە ماڵی ئەبوو ڕەعد و ژنێکی بەتەمەن دەرگای لێکردنیەوە .. بەڕاڕەوێکی دریژدا چووینە ماڵێکی مامناوەندەوە و لەناوەڕاستیدا حەوشەیەک هەبوو لەوێوە کچێکی بچووک پێی وتین وەرن بۆ باخەکە باوکم لەوێ چاوەڕێیە چوینە باخەوەکەوە چەند دانە دارخورمایەک و لە نێوانیاندا حەسیرێک داخرابوو. کابرایەکی مام ناوەندی کەمێک لاوازی چرچەوە بوو بەخێرهاتنی کردین کە ئەبوو ڕەعد خۆی بوو کچێکی چوار پێنج ساڵانەی لە باوەشدا بوو کە دوای تۆزێک دانیشتنمان بە کچەکەی وت بچۆ دەستی مامەکان ماچ بکە من ماچێکی سەریم کرد و چووە باوەشی ئیڤانەوە دانیشت ئیڤانیش وەک ئیش و کارو کەسابەتی خۆی کەوتەوە ناو خەیاڵە قوڵەکانی .. ئەبوو ڕەعدم لە نزیکەوە بینی و زانیم ئەو دەعبا قوڵە نیە کە ئیڤان ساڵانێکە بە سەرکێشی و بەسەرهاتەکانی مێشکی بردبووین.. کابرایەکی بێدەنگی ماندوو… ناسیاویەکی دوریان لەگەڵ ئیڤاندا هەبوە و دوای تازە بوونەوەی ناسیاوییەکەیان لەڕێگای خزمێکی ئیڤانەوە ئەبوو ڕەعد بە ئیڤان ئەڵێت ئەگەر کتێبت ویست وەرە بۆ لام .. کتێبخانەیەکی خنجیلانەی هەبوو بەڵام نەک بەو جۆرەی کە ئیڤان باسی ئەکرد.. کابرایەک بوو وەک ئیڤان ژیانی لە خەیاڵا بردبووە سەر .. ئا .. ڕێک ئیڤان بوو … ئەویش زو زو خەیاڵ دور ئەیبرد.. ئەسڵەن هیچ ئاردێکیش لەگۆڕێدا نەبوو. وەک ئەوەى درۆیەک بێت و خۆی و ئیڤان لەسەری ڕێککەوتبێتن…
بە ئیڤانی وت کتێبەکانم بۆ داناویت و بیبە بۆ خۆت و ئەمجارە ئێمە سەفەرە ئەکەین و ڕەنگە نەمبینیت.. ئێرە چیتر ئارام نیە و ئیش نەماوە و زو زوش مناڵ ئەفڕێنن.. ئیڤان پێت ناڵێم بۆ کوێ ئەچین نەوەک سەرکێشی بکەیت و خۆت بگەیەنیتە ئێمە.. جارجار نامەت بۆ ئەنێرم.. ئیڤان لەکاتی ئەو قسانەدا وەڵامێکی ئەدایەوە و ئەچووەوە ناو خەیاڵەکانی خۆی.. پەست بووم لێی.. زۆر پەست کە ئەو دوو وەهمەم لەتەنیشت یەکەوە بینی.. کە ئەو دووانەیەم بینی کە یەک کەسن و یەکێکیان زەمەن زۆرتر کشانویەتی و یەکێکیان تازە بەو رێگایەدا ئەڕواتەوە کە ئەوی تری پیاڕۆشتوە و ئەم خەڵەفاوەی ئێستای لێ دەچوە. پەست بووم وتم ئیڤان ئەم بێدەنگیە کۆتایی پێ بێنە .. کوڕی کەر…. بەسە خەیاڵات دروست مەکە.. ئەمە ئەبوو ڕەعدە سۆپەرمانەکە بوو؟
ئا با یەک شتی ترتان پێ بڵێم پێش ئەوەی ئیڤان خۆی بۆتان باس بکات چونکە ئەزانم ڕەنگە هیندە سامناک باسی ئەو عادەتەی من بکات کە لای ئێوە بمکات بە بێ ئەخلاقترین کەس .. شتەکە وانیە تەنیا کە زۆر توڕە ئەبم لە ئیڤان بیری ئەخەمەوە کە تۆ پاڵەوان نیت و تەنیا وەهمە حیزەکانی خۆتە ئەم کەلاوەیەی کردووە بە کەشوهەوای ناو ڕۆمانەکان .. ئەوەش خاڵی لاوازی ئیڤانە کە یەکێک واقیعی بیربخاتەوە.. زۆر توڕە ئەبێت هەڵبەت منیش ئەو چەکە بەس ئەو کاتانە بەکارئەهێنم کە زۆری لێ پەست ئەبم.. کە ئەزانم سادە ترین شت ئەو کوڕە ئەباتە خەیاڵێکی قوڵەوە.. پێم وت قسە بکا چونکە من لەم بێدەنگیەدا لەنێوان ئێوەیا نائارامم.. تۆش و ئەبوو ڕەعدیش بێدەنگن و ئەوە بۆ من بێزارکەرە.. ئیڤان بە ئاگا هاتەوە و سور بوەوە هەستی کرد کە هەستم کردوە ئیڤان کێیە؟ ئەتوت تا ئەو ساتە بێئاگا بووە لەوەی کە من نازانم ئەو کوڕە کێیە؟ پێشتر ڕەنگە بێ ئاگا بووبێت بەڵام بە جۆرێک سەیری کردم کە ئیتر تێگەیشت منیش و هەمووشمان دەمێکە زانیومانە ئیڤان کێیە.. ڕەنگە ڕۆشتنی ئەبوو ڕەعد و نەبینینوەشی توڕەی کردبێت سەرباری ئەوەی کە منیش قسەی خۆمم پێ وت..

منیش زیاتر تاسە گرتمی کە توڕەتری بکەم.. زانیم کە دەماری گرتی هەستم ئەکرد کە کاتیەتی بەر تیری بدەم.. ئیڤان کەم بەقسەی ئێمە توڕە ئەبوو ئەسلەن حسابیشی بۆ نەئەکردین . کات بوو کە داخی ئەوانەی پێ بڕێژم.. ئەوەش زۆر پەستتری کردم کە ئەبوو ڕەعدم بینی چ بودەڵەیەکی داماوە و ئیڤان چەند ساڵە چۆن باسی ئەکات .. زانیم توڕە بوو پێکەنیم.. هەستم بەوە کرد کە پێکەنینەکەم بۆ ئەو زۆر توڕەکەرە.. ئەمزانی هەر وشەیەک بڵێم ئەو ڕابردووی خۆی بیر ئەکەوێتەوە کە لە چ وەهمێکدا بوە.. هەر وشەیەک کە وتم لاوازیەکانی خۆی بیر ئەکەوتەوە .. وتم بەسە بەئاگا بەرەوە.. بڕوا بکەن ئەمویست دەستی بگرم و بێتەوە ناو واقیع.. جارێکی تر بە سوکایەتیەوە وتم ئەمە بوو ئەبوو ڕەعدە عەفریتەکە؟ هاهاها… ئاگری گرت.. ئاخر نەئەبوو… ئەبوو ڕەعد کەوتە قسە زانیم کابرایەکە وەک ئیڤان داماو.. تەمەنێکی بە فەنتازیا بردۆتە سەرنەگبەتی لە ئیڤان داماوتر.. نیو سەدەی بە خوێندنەوە بردبوە سەر لەناو ئەو جەنگە زۆرانەیا کە بەدرێژایی تەمەنی ئەو وڵات تێیکەوتبوو ئەبوو ڕەعد تەنیا بە کتێب قەڵایەکی فەنتازی بۆ خۆی دروست کردبوو .. ئیڤانیش باوەڕی بەوە هێنابوو.. بۆ ئیڤان و ئەبوو ڕەعد ئاسانتر بوو باوەڕ بە وەهمەکانی یەکتر بێنن وەک لە ڕاستی.. ئەبوو ڕەعدی داماویش هەر برا و کەس و کاری کوژراوە و لە سێدار دراو و ئەمیش هەر هیچی پێ نەکراوە جگە لەوەی بەسەرهاتی ژەنەڕاڵ و زاڵمەکان بکات بە هی خۆی.. ڕۆژێک خۆی بکات بە ماسیگرێکی لێهاتوو ڕۆژێک دزێکی نێودەوڵەتی ڕۆژێک جەنەڕاڵێکی کودەتاچی. هەندێکجاریش خۆی بکات بە کۆکەرەوەی دەستنوسی شاکارە جیهانیەکان.. ئەوەی ئیڤانی توڕە کرد لە قسەکانی مندا ئەوە بوو زانی من درکم بەهەموو ئەو شتانە کرد.. زانی کە هەستم بە شکانی غروری کرد.. زانی من ئیڤان ئەبینم وەک گەنجی ئەبوو ڕەعد و داهاتووی ئیڤانیشم لەبەردەمە کە داماوێکی وەک ئەبوو ڕەعدە.. لەکەسی قبوڵ نەئەکرد تەنانەت لە خۆشی کە غروری لەبەردەمیا بشکێیت..
تەواو من لەوە زیاتر ناڵێم وابزانم ئیتر خۆتان شتێک حاڵی بوون، تکایە ئێوەش باوەڕی پێ مەکەن چونکە تا ئێوە باوەڕی پێ بکەن ئەو خراپتر ئەبێ.. ئیڤانم خۆش ئەوێ و کوڕێکە ناوی ئەنێم مناڵێک بە سروشتێکی مناڵانەو سادەییەکانیەوە…

***

کەسیان باوەڕم پێ ناکەن و ئەبێ منیش تەنیا بۆ ئەوە بژیم کە چاوەڕێی ئەوە بم ئەوان باوەڕم پێ بکەن… شاباز با بنوسێت و چی وتوە وەک خۆیی لێی وەرگرن تەنیا ئەوەتان لێ ئەخوازم کە چی ئەڵێم لێم تێبگەن و هەموو قسەکانی ئەو مەکەن بە ڕاستیەکی تەواو.. لەگەڵ ئەبوو ڕەعد لە قسەدا بووین و بێدەنگ بووین… ماوەیەک تێڕاماین و شاباز بە گووێمدا چرپاندی و بیرم نیە چی وت بەڵام لە خۆمەوە هەستم کرد تەنیام .. هەستم کرد هەوا گەرم و شێدار و ئەمەوێت بڕشێمەوە بە خۆما… ئەبوو ڕەعد… شاباز… نەئەبوایە شاباز وا تێبگات من لە ئەبوو ڕەعد ئەچم… من ئەو نیم.. ئەو ساتە پێویستم بە دڵنەوایی بوو.. پوێستم بە دانپیانان بوو کە من بچووک نیم.. ئەمویست ئەو غرورەم کە وردەوردە بەرز ئەبوە وە نەکەوێتە خوارەوە.. ئەمویست بە پاڵتۆیەکی ڕەشەوە بچم بۆ شارێکی مۆدێرن و قومار بکەم و خەڵک بزانن من بەهێزم. هەموو خەڵک تێبگەیشتایە بە هەموو بونێکمەوە.. بەباشی و خراپەوە من هەم و ڕاستیم… ئەو ساتە حەزم لە پاڵەوان بوون بوو بەڵام شاباز پێجەوانەی هەموو ئەوانەی نیشاندام کە ئەبوو ڕەعدی بوودەڵە بو..ئەبوو ڕعد ڕای چڵەکاندم وتی بۆ ڕاچڵەکای؟ وتم :هیچ.هیچ..

من پێم وت: ئەبوو ڕەعد؟
(سەیری کردم)
ئەبوو ڕەعد تۆ هیچ نیت… هیچ هیچ نیت. تۆ پیاوێکی وەک تەپەدۆر.. وەک هەوا. وەک کانزای زۆر وزەبەندی هەرزان
ئەبوو ڕەعد وتی: ئەبوو زۆر پێش ئیستا وام پێ بڵێیت
– ئەبوو ڕەعد تۆ ئینسان نیت .. بشکوژرێیت لۆمەی بکوژ ناکرێ.. بە من ناکوژرێی تۆ بە کەس ناکوژرێی ئەی ئەبوو ڕەعد.. باشتر کە ئەڕۆیت و ناتبینمەوە.. ماڵئاوایش ناکەین.. با یەکسەر نەتبینمەوە
– عەموو لە کۆتاییدا درکت کرد ساڵانێکی زۆرە ئەو ئازارەم هەیە کە تۆ هەتە.. ئیڤان ئێمە ڕاستی نین؟؟ ئێستا بینیت ئێمە هیچ قەڵایەکمان نەبوە!..چەند زوو ڕووخاین!..چەند سادە کاول بوویت و بووم!
پێم وت:ئەبوو ڕەعد پێویستم بە نەوتە.. ژێر قادرمەکان لێیەتى؟

****

خۆمم شاباز.. ئەبوو ئیڤان خۆی ئەم باسە دابخات و کۆتایی پێ بێنێت بەڵام پێئەچێت نەتوانێت.. ڕەنگە تا ماوەیەکى زۆریش نەتوانیت… وابزانم هەموو ئەزانن کە چی ڕوویدا؟
ئیڤان ئەو شەوە چی بە ئەبوو ڕەعد وت هەستی کرد ڕۆژێک دێت یەکێک وای پێ ئەڵێتەوە و زۆرترسا.. هەر کە من تۆزێک لۆمەم کرد و توڕە بووم زانیم لە ناخەوە ئەکوڵا.. ئەبوو ڕەعد هەر هێندەی وت چی بوو بۆ وا ڕاچڵەکایت؟ ئیڤان هەستی کرد ئەگەر حساباتی خۆی یەکلایی نەکاتەوە ئیتر مێژووی ئەبوو ڕەعد ئەکات بە هی خۆی .. ئەبوو پتەوییەک بدات بە جدیاتی یەکلاییکردنەوەی ئەو مێژووەی کە تێیکەوتوە ئەبوو ئەو کارە بکات.. ئەبوو بقیڕێنی و هاوار بکات بەسەر ئەبوو ڕەعدا… هاوارێک لە کوشتن ترسناکتر.. هاواری ئەکرد و ئەیوت ئەبوو ڕەعد تۆ هیچ نیت.. تۆ ئەبێ بکوژرێی بەڵام حەیف کە تۆ هی کوشتن نیت و ناکوژرێیت… ئیڤان باش ئەیزانی ئەم قسانە بەخۆی ئەڵێ .. هەستا و پرسیاری نەوتی کرد پێئەچوو ئەبوو ڕەعدیش ساڵانیکی زۆرە چاوەڕێی ئەو ساتە بکات لە ئیڤان.. ئەویش بێزار ببوو لەو شارستانیەتەی لە شارێکی تاڵ و بێ سێبەری باشووردا بۆ خۆی دروست کردوە.. ئەویش نەفرەتی ئەکرد بەڵام هێزی نەبوو دەریببڕێت.. ئیڤان چوە ژێرقادرمەکان… ئەبوو ڕەعد هاواری کرد ئیڤان هیچ نەبێ کتێبەکانی سەر مێزەکە بەرە.. وەک بڵێی هەردووکیان ساڵانێکە خەریکی داڕشتنی ئەو سیناریۆیەبن.. ئیڤان وتی نا هیچیان با ڕزگارین نەبێ. ئیڤان بەرەو ژوورەوە ڕۆشت من تاسا بووم من سەیری ئەبوو ڕعدم ئەکرد. ئەبوو ڕعدیش بەشەرمێکەوە سەیری دارخورماکانى ئەکرد. بۆن دوکەڵێک لەکتێبخانەکەوە هات و ئیڤان هاتە دەرەو و پێی وتم با بڕۆین… ئەبوو ڕەعد لە جێی خۆی نەئەجوڵا.. وەک بڵێی خۆشی تێگەیشتبێ کە بوونی نیە… ئیڤان سەیری هیچی نەکرد و چوە دەرەوە تەنیا من سەیری ئەبوو ڕەعدم کرد و وتم خوات لەگەڵ . وەڵامی نەبوو منیش ڕامکردە دەرەوە…..
لە ماڵەکان دورکەوتینەوە ..سوتانی کتێبخانەکە و ماڵەکەی ئەبوو ڕەعد لە ناو باخە خورماکاندا ئەو ناوەی تەواو ڕووناکرکردبۆەوە.. دیمەنێکی جوان بوو بەڵام خەمهینەریش بوو…


سه‌رچاوه: http://www.chrakan.com/?p=2006