زاموا محەمەد؛ کەمێک سەیرتر لە خەیاڵ

Loading

1

پاش ئادەم، حەواش خوڵقێندرا. بۆ شەوەکەى، یەکەم ژن و مێردی مرۆڤایەتیی لە کوخێکى باغچەى عەدەندا دانیشتبوون. لە دەرگا درا، حەوا پرسی: “کێیە؟”.  لەودیو دەرگاوە ئافرەتێک گوتی:”خۆمانین”.

2

خانووەکەمان یەک نهۆمە. شەوانە دەتوانم تەپەی پێی ئەو منداڵانە ببیستم، کە لە نهۆمی دووەم چاوشارکێ دەکەن.

3

بیستم کە وەختى خۆی پلاتۆن (ئەفلاطون) سێ شاعیری لە ئەشکەوتێکدا کوشتووە، لەبەر ئەوەى ئەوان بەزمانێکى جیاواز باسی خۆریان کردبوو.

دادایزم ؛ فۆتۆگرافی ١٩٢١ تیرستان تارزا
دادایزم ؛ فۆتۆگرافی ١٩٢١ تیرستان تارزا

4

دیکارت خۆی کرد بە باڕێکدا، ساقی لێی پرسی کە چی دەخواتەوە، دیکارت گوتی:”لە ئێستادا ناتوانم بیر لە هیچ بکەمەوە” و لەو چرکەساتەدا دیکارت نەما، لەو ڕۆژەوە بێسەروشوێنە.

5

کانت: هەرگییز سێوت خواردووە؟

دۆستەکەى: ئااااااای! ئەی چۆن!

کانت: منیش بە منداڵیی وامدەزانی خواردوومە.

کانت پانتۆڵەکەى هەڵدەکێشێتەوە و بە دۆستەکەى دەڵێت:” دەوری نییە، ئەگەر  لەگەڵتدا  بکەم، مانای وەهایە  من تەنها ئەقڵی خۆم دەگێم!

6

کافکا، سادقی هیدایەت، سۆرێن کێرکێگارد، هەرسێک لە قاوەخانەیەکدا و لەسەر یەک مێز دانیشتبوون. پاش دەیان بچم و نەچم، پاش چەندەها جار پەشیمانبوونەوە، کێرکێگارد ڕوخسەتی لە دوو هاوڕێکەى خواست تا بچێتە بۆ ئاودەست. گلۆپەکە ئیشی نەدەکرد و چاوى لە هیچ نەبوو، بۆیە ناچار هەردوو چاوی داخست تا بتوانێت میزەکەى بکات. کە گەڕایەوە، کوندێک و قالۆنچەیەکى زەبەلاح لەجێی دوو هاوڕێکەى چاوەڕوانی بوون.

7

دەگێڕنەوە کە یەکێک لەحەزە  سەیرەکانی سۆرێن کێرکێگارد بە گەنجی، خەتخەتێن بوو بەسەر کتێبەکانی هیگڵدا. کە لێیان دەپرسی بۆچی بەسەر ئەو کتێبانەدا بازبازێن دەکات؟ دەیگوت:” بە باڵی ئیمان دەفڕم. ئەى قوڕی کوێ بکەم بەسەر خۆما؟!.

8

دەڵێن مێژووی فەلسەفە و مێژووى ڕۆمان، دوو تەزبیحی دەنک شووشەى درێژن. گوایە دوا دەنکی تەزبیحی یەکەمیان ناوى هیگڵە و دوا دەنکی تەزبیحی دووەمیان ناوى ساموێل بیکێتە. جا کێشەی سەرەکیی ئەم تەسبیحە شووشانەش ئەوەیە کە زوو زوو دەپسێن.

9

ڕۆژێکیان نەنکی مارکیز بە بۆڵەبۆڵەوە هات ڕۆن-گەرجەکمان لێ بکڕێت، زوو زوو لەبەرخۆیەوە دەیگووت: ئەو سەگ سیفەتە هەموو چیرۆکەکانى منی دزیووە، خۆی بە قسەکانى منەوە بادەدات.

مارکیز و شەمەندەفەرێک بۆ ماکاندۆ
مارکیز و شەمەندەفەرێک بۆ ماکاندۆ

10

مەحوی خۆی کوشت. چونکە نەیتوانى لەنێوان خواردنەوەى پێکێک و سەیرکردنى، لەنێوان ماچکردنی یار و سووتان بۆی، لە نێوان پرچی سیا و کاکوڵی قەتران، لەنیوان سەلەفیەت و تەسەوفدا، هەڵبژێرێت.

11

بیرمە لە هاوینی ساڵی 1922دا، لەبەر ئەوەى لە قوتابخانە دەرنەچووبووم، باوکم خۆشەویستترین فەرهەنگمی سوتاند، کە فەرهەنگیکی ئەڵمانیی بوو بۆ ئاستی باڵا. لە هەمان ڕۆژدا فەیلەسوفێکى گرنگ بە ناوى (مارتن هایدیگەر) وە، ئاگر دوابەگەردی خۆی و ماڵە سێ هۆدەییەکەى کە لە دارستانى ڕەشدابوو، کردبووە خۆڵەمێش.

12

ئایۆن، پاش ئەوەى لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ خوشکانی مۆیرای سەبارەت بە قەدەری مرۆڤایەتیی نەگەیشتە هیچ ئەنجامێک، بڕیاریدا لەڕێگەی تاقیکردنەوەیەکەوە وەڵامى خۆی لە زانا و فەیلەسوفەکانى مرۆڤ وەربگرێت. شەمەندەفەرێکی هێنا کە هێڵەکەی بۆ دووڕیانێک دابەش دەبوو، کەسێکى ئاوەزمەندی هیڵی ڕێگەى ڕاستەوە بەستەوە، چوار کەسی گەمژەشی بە هێڵی ڕێگەى لای چەپەوە بەستەوە و داواى لە فەیلەسووف و زانایان کرد بڕیار بدەن، شەمەندەفەرەکە بەکام لادا بڕوات و کێ بمرێت؟

ئەنجامەکان هێندەى تر ئایۆنیان ڕاڕا کرد: نیتچە و هایدیگەر شەمەندەفەرەکەیان بە لای چەپدا بردبوو. داروین و مارکس شەمەندەفەرەکەیان بەلاى ڕاستدا بردبوو. کانت و کیرکێگاردیش هیچ لایەکیان هەڵنەبژاردبوو، ئیدی شەمەندەفەرەکە وەرگەڕابوو.

13

مارتین فرۆید پێی دەنایە نۆزدە ساڵییەوە. ڕۆژێکیان مارتا بە سیگمۆند فرۆیدی گوت:” ئەمڕۆ مارتنی کوڕمان دەستی بۆ مەمکم برد”. فرۆید دەستی کرد بە گریان.

دکتۆر لەخەونمدا دەعاجنیبوونم و بوو، بە (کافکا) .... کاریکاتێرێک؛ دەربارەی ڕۆمانی کافکا (دەعەجانیبوون) کە پاڵەوانی رۆمانەکە دەبێت باقالۆنچە..
دکتۆر (فرۆید) لەخەونمدا دەعاجنیبوونم و بوو، بە (کافکا) ….
کاریکاتێرێک؛ دەربارەی ڕۆمانی کافکا (دەعەجانیبوون) کە پاڵەوانی رۆمانەکە دەبێت باقالۆنچە..

14

 خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیا گەورەکانى ئەمریکا، لە یاداشتەکانیدا نووسیبووی:” سەرمایەدارانی جیهان یەکبگرن!.

15

 لە کۆتاییدا، دوایین گۆڕهەڵکەنی دونیا نەمرد، چونکە کەس نەبوو گڵی بەسەردا بکات.

تەواو