هونه‌رمه‌ندێکی به‌سه‌لیقه و چالاک، هونه‌رمه‌نێکی گه‌ڕۆک… پیاوێک ڕه‌نگی له‌کۆڵگرتووه و فیگور و هێڵکارییه‌کانی له خه‌یاڵیدا به‌ده‌وام له‌به‌ر ئاوێنه‌ی هزنیدا خه‌ریکی خۆ ڕازاندنه‌وه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌کاندا سه‌رله‌نوێ به خواستی ئارام خۆیان نمایش بکه‌نه‌وه… (کولتور مه‌گه‌زین)
به‌رنامه‌ی ژیان له فه‌رهه‌نگدا-ی ده‌نگی کوردی ئه‌مریکا
ئاماده‌کردنی: به‌ڵێن ساڵح
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که ده‌گوترێت هونه‌ری شێوه‌کاری به به‌راورد له‌گه‌ڵ ژانره فه‌رهه‌نگیه‌کانی تری کوردی‌دا نوێیه به‌ڵام به‌و مانایه نییه که خاوه‌نی مێژووی خۆی نه‌بێت و نه‌یتوانیبێت شوێنێکی گرنگ له فه‌رهه‌نگدا بۆخۆی بگرێت.
مێژووی هونه‌ری شێوه‌کاری ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قۆناغی دێرینی ژیانی مرۆڤ له ئه‌شکه‌وته‌کاندا و وێنه‌ی ئاژه‌ڵه‌کان و هێما و سیمبۆله‌کانی ئه‌و سه‌روه‌ختانه به‌لای زۆرێک له ڕه‌خنه‌گرانی شێوه‌کاریه‌وه سه‌ره‌تایه‌که بۆ ئه‌م هونه‌ره.
هه‌ندێک له‌و بڕوایه‌دان کاریگه‌ریه‌کانی ئه‌م هونه‌ره به به‌راورد له‌گه‌ڵ ژانره‌کانی تردا سنورداره و بۆ هه‌ندێکیش هونه‌ری شێوه‌کاری ئه‌و هونه‌ره‌یه به ڕه‌نگ و فیگه‌ره‌کان و جوڵه‌ی فڵچه مێژوو ده‌نوسێته‌وه له ڕوانگه‌ی دیدی خاوه‌نه‌که‌یه‌وه.
کاتێک شاعیرێک ده‌ست به نوسینی شیعرێک ده‌کات، یان چیرۆکنوسێک ده‌که‌وێته چنینی دراماکه‌ی هیچی زیاتر نییه له‌گه‌ڵ تێڕامانی هونه‌رمه‌ندێک له ته‌ختی سپی تابلۆکه‌ی و بیرکردنه‌وه له چۆنیه‌تی پڕ کردنه‌وه‌ی ڕه‌نگ و نوسینه‌وه‌ی په‌یامه پیرۆزه‌که و ئاشناکردنی به دیدی بینه‌رانی خۆی.
دارا ئارام، خاوه‌نی چه‌ندان پێشانگای هونه‌ری و تایبه‌تییه له وڵاتی که‌نه‌دا و وڵاتانی ئه‌وروپاش.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌مان توانیویه‌تی له ڕێی سه‌لیقه‌ی هونه‌ری به‌کارهێنانی ڕه‌نگه‌کانه‌وه خۆی به بینه‌رانی خۆی بناسێنێت.
بینه‌رانی تابلۆ هونه‌ریه‌کان وه‌ک یه‌کن؟ دارا ئارام وه‌ک هونه‌رمه‌ندێکی کورد له هه‌نده‌ران، ئایا توانیویه‌تی له‌ڕێی ڕه‌نگه‌کانی و له‌ڕێی فیگه‌ر و به‌کارهێنانی فڵچه‌وه په‌یامی خۆی بگه‌یه‌نێته ڕۆژئاواییه‌کان؟
ئه‌وه‌نده‌ی له تابلۆکانی دارا ئارام ده‌ڕوانم ئه‌ڵبه‌ت له ڕێی ئینته‌رنێته‌وه، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌مان کار له‌سه‌ر ته‌کنیک و بیرۆکه‌کان ده‌کات و هه‌میشه‌ش به ڕه‌نگ ڕوانینه‌کانی خۆی نومایشت ده‌کات و ته‌کنیک ده‌خاته خزمه‌ت بیرۆکه‌کان، یانیش به پێچه‌وانه‌وه بیرۆکه‌کان دێنێت و ده‌یانکاته دایکێک بۆ ته‌کنیکی نوێکانی خۆی.
دارا ئارام، له هه‌نده‌ران ده‌ژی، به‌ڵام هه‌میشه وا له ئامێزی نیشتیمان‌دا، هه‌میشه ڕه‌نگه‌کانی ئاوێته‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ن بۆ نیشتیمان، زێدی یه‌که‌م ژووانی له‌گه‌ڵ ڕه‌نگدا و مه‌ڵبه‌ندی یه‌که‌م فڵچه‌گرتنه ده‌ست و هه‌واری ئاشنابوون به یه‌که‌م ژیاری هونه‌ر و یاده‌وه‌ریه‌کان.
له‌م لینکه ده‌تونیت گوێبیستی به‌رنامه‌ی ژیان له فه‌رهه‌نگدا-ی ده‌نگی کوردی ئه‌مریکا بگریت:
http://www.dengiamerika.com/content/article/2448933.html
ئاراس حه‌مه حسێن: هونه‌رمه‌ندی شێوه‌کاری کورد دارا ئارام، یه‌کێکه له‌و هونه‌رمه‌نده ده‌گمه‌نانه‌ی کورد له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان تا ئێستا به ڕۆحێکی قووڵ و عاشقانه‌ی هونه‌ر، ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆی بۆ هونه‌ر ته‌رخان کردووه، پرۆفێشناڵانه قوڵبوونه‌وه و مامه‌ڵه‌ی جوانی به هونه‌ره‌که‌ی به‌خشیوه، دارا ئارام خاوه‌نی چه‌ندین پێشانگای تایبه‌ت و هاوبه‌شه له وڵاتی که‌نه‌دا و وڵاتانی ئه‌وروپا، وه‌کو هونه‌رمه‌ندێکی کوردی چالاک ناسراوه.
هه‌ر جاره‌ی به شێوه‌یه‌ک له پێشانگاکانیدا به کاره شێوه‌کاریه‌کانی ده‌مانجوڵێنێت، ئه‌و بابه‌تانه‌ی کاری پێ ده‌کات وه‌کو نامه‌یه‌کی مرۆڤایه‌تی نیشانی ده‌دات و به‌رده‌وام سه‌رقاڵی گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی بیری نوێیه بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌زمونێکدا پێمان ببه‌خشێت.
به لای داراوه کێشانی تابلۆیه‌ک ته‌نها پڕ کردنه‌وه‌ی چوارچێوه‌یه‌کی کانفاس نیه به چه‌ند فیگه‌رێک یان چه‌ند ڕه‌نگێک، به‌ڵکو کاره‌کانی ئایدیا وته‌کنیکی گرتوه‌ته خۆ، گه‌ڕان به دوای ناوه‌ڕۆک، به دوای ئایدیای نوێ که به پێویستی مرۆڤایه‌تی ده‌زانێت بخرێته ڕوو وه‌کو ڕاستیه‌کی مێژووی.
بیۆگرافی: دارا ئارام
– 1963 له سلێمانی له‌دایك بووه.
– 1985 په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كانی سلێمانی ته‌واوكردووه.
– 1991 كۆلیجی هونه‌ری ئۆنتاریۆ- تۆرنتۆ- كه‌نه‌دای ته‌واوكردووه.
– 1988 یه‌كه‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی له‌مه‌ڵبه‌ندی رۆشنبیری روسی له‌شاری دیمه‌شق.
– 1990 دووه‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی له(بی-ئی ئیسماعیل) تۆرنتۆ- كه‌نه‌دا.
– 1991 سێیه‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی له‌هۆڵی شاره‌وانی تۆرنتۆ-كه‌نه‌دا.
– 1992 چواره‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی گه‌له‌ری 306 تۆرنتۆ –كه‌نه‌دا.
– 1993 پێنجه‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی ئه‌سپه‌یس گه‌له‌ری تۆرنتۆ.
– 1994 شه‌شه‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی ئه‌سپه‌یس گه‌له‌ری تۆرنتۆ.
– 1994 حه‌وته‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی هۆڵی كیچنه‌ر كه‌نه‌دا.
-1994 هه‌شته‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی كه‌نه‌دیان سته‌ریچ كۆمیته‌ی تۆرنتۆ.
– 1995 نۆیه‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی له‌هۆڵی ئه‌كادیمیای كوردی دیسڵدۆرق ئه‌ڵمانیا.
– 1996 ده‌یه‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی له‌پراكس گه‌له‌ری تۆرنتۆ.
– 1997 یانزه‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی پراكس گه‌له‌ری تۆرنتۆ.
– 1998 دوانزه‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی مۆسته‌رگه‌له‌ری ستۆكهۆڵم –سوید.
– 1990 سیانزه‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی نیكۆڵا روكا گه‌له‌ری تۆرنتۆ.
– 2000 چوارده‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی گوینره‌مه‌ت گه‌له‌ری ستۆكهۆڵم- سوید.
– 2001 پانزه‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌ت گۆدا گه‌له‌ری مۆنتریال- كه‌نه‌دا.
– 2003 شانزه‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی ئێل بی گه‌له‌ری كۆپنهاگن- دانیمارك.
– 2004 حه‌ڤده‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی پراكس گه‌له‌ری تۆرنتۆ.
– 2005 هه‌ژده‌مین پیشانگه‌یتایبه‌تی پراكس گه‌له‌ری تۆرنتۆ.
– 2005 نۆزده‌مین پیشانگه‌ی تایبه‌تی له‌نس گه‌له‌ری تۆرنتۆ نیكۆڵا روی گه‌له‌ری تۆرنتۆ.
– 1985-2005 به‌شداری زیاتر له (40) پیشانگه‌ی هاوبه‌شدا كردووه له (سلێمانی، تۆرنتۆ، تۆكیۆ، كۆپنهاگن، ستۆكهۆڵم، ئه‌مستردام) .
-خاوه‌نی خه‌ڵاتی پیشبڕكێی ساڵانه‌ی هونه‌رمه‌ندانی كه‌نه‌دی ساڵانی
(1994-1997- 1999- 2002-2003).