خەندە حەمید؛ وشەکان و وێنەکان

Loading

ناوی فیلم: وشەکان و وێنەکان Words and Pictures دەرهێنەر: فرێد شەپیزی Fred Schepisi ساڵی بڵاوبوونەوە: ٢٠١٤
ناوی فیلم: وشەکان و وێنەکان Words and Pictures
دەرهێنەر: فرێد شەپیزی Fred Schepisi
ساڵی بڵاوبوونەوە: ٢٠١٤

ئەو فیلمەی بەو بڕیارەی گەیاندم، كه‌دەبێت من فیلمی لەو شێوەیە بە زۆرێک لەوانە بناسێنم کە دەیانەوێت وەک لێڕوانەر چێژ وەرگرن.

(وشەکان و وێنەکان) فیلمێکی درامی ڕۆمانسی کۆمیدییە، کە باس لە خوێندنگەیەک دەکات ململانێی زیندووی پەروەردە و فێرکردنی تێدا بەدی دەکرێت. (جاک مارکوز )یەکێکە لەمامۆستا باش و بەتواناکانی ئەو خوێندنگەیە وانەی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی دەڵێتەوە، ئەو زۆر شارەزایانە یاری بەزمان دەکات. ململانێکان لەوکاتەوە دەست پێ دەکەن، کاتێک (دینا دێلسانتۆ )وەک مامۆستای هونەر دێتە ئەو خوێندنگەیە، ئەو بەهۆی کێشەی تەندروستی خۆی دێت بۆ ئەوێ بۆ ئەوەی لە خوشکەکەی نزیک بێت، چونكه‌ ئەو لە خوێندنگەیەکی بەرز و گەورەتر بووە لە (نیۆرک) توانا و ناوبانگی خۆی هەیە لە هونەری ئەبستراکتدا. هەر ئەوەشە وای لێکردووە لەپەیوەندیدا سارد، گۆشەگیر و بێباک دەرکەوێت.

(دێلسانتۆ) پێیوایە کێشەکان لە وشەدایە ئەو دەڵێت: وشەکان درۆ و تەڵەن. وێنەیەک هەزاران وشە بەنرخترە.

لەژێر کاریگەری ئەو ڕستەیە، زۆرێک لە فێرخوازەکان پێیان وایە وێنە زۆر بەهێزترە لە وشە. لەوێدا جاک توڕە دەبێت، دەیەوێ بەئارگۆمێنتەکانی بەرگری لە وشە بکات. ئەو دەڵێت: وشەکان وڵات دروستدەکەن، تەواوی وڵات دروستدەکەن، پاشان لە کاتی جەنگدا دەیپارێزێت، خەون بە باشترەوە دەبینی و باشتری دەکات. وشەکان ئەمەیانکرد، نەک وێنەکان! ئەمە جەنگە. دواتر جاک دەکەوێتە خۆشەویستی دێلسانتۆوە.

ئەو گاڵتەئامێزانە دەیەوێت بە ڕێگەی یاریی زمانەوانییەوە (دێلسانتۆ )شکست پێبێنێ. جاک چەند وێنەیەک دادەنێ لەژێریدا چەند وشەیەک دەنوسێت، کە زۆر زیاتر هەڵدەگرێ لە وێنەکان. لەوکاتەدا لێڕوانەر بۆ چەند ساتێ دەوەستێ و ناتوانێ بڕیار بدات کە ئایا کامیان زیاتر دەهێنن، کامیان لە ئەوی دیکەیان بەنرختر و باڵاترە، وشەکان یان ڕستەکان کاریگەرترن.

دوای ئەوە دێلسانتۆ چەند ڤیدیۆیەکی هەواڵ و پەیامنێران دادەنێ لەسەرەوە نووسیویەتی؛ وێنەیەک بەنرخترە لەهەزاران درۆ. لەژێریدا چەند وێنەیەکی جوانی هێڵکاری داناوە یەکێک لەوانە منداڵێکی ئەفریقییە کە تووشی بەدخۆراکی بووە. لێڕوانەر یەکسەر بۆ ئەوە دەچێ لە ڕاستیدا وێنەکانیش کاریگەری خۆیان هەیە و بەنرخترن لەو هەموو وشە ناڕاستانەی ناو هەواڵەکان!

ئەوەی لەو فیلمەدا بەدی دەکرێ ئەوەیە، هەردوو مامۆستاکە بەگیانێکی لێبوردەییەوە ئارگۆمێنتەکانی یەکتریان قبوڵە و بەرگری لەوە دەکەن کە دەیانەوێ بیگەیەنن بە فێرخوازەکانیان. سەرەرای ئەوەی هیچیان بێ کەم و کورتی نین، جاک ئەلکهولییە و دێلسانتۆش کێشەی تەندروستی هەیە و بە شەقە (گۆجان) دەڕوات، ئەمە دۆخێکی بۆ دروست کردوون کە ناتوانن وەک پیشتر پەرە بە بوارەکەیان بدەن.

جاک ترسی ئەوەی لەسەرە کە لە کارەکەی دووربخرێتەوە چونکە بەردەوام دوا دەکەوێت و ئەلکهولییە، لەو گۆڤارەی کە دەریشی دەکات نوێگەری تێدا نییە. ئەو پاش هەوڵدانێکی زۆر بۆ نوسین شکست دێنی، ترسی لەدەستدانی ئیشەکەی وای لێدەکات بڕیار بدات شیعری کورەکەی بەناوی خۆی بڵاوبکاتەوە. ئەو شیعرە هێندە کاریگەرە دلێسانتۆ پاش خوێندنەوەی، داوا لە فێرخوازەکانی دەکات کە هەریەکەیان چی تێدا دەبینێ وێنەی بکێشێ، بۆ ئەوەی تەنیا لە وشەدا نەمێنیتەوە و بیکەن بە تابلۆ.

خه‌نده‌ حه‌مید
خه‌نده‌ حه‌مید

لەو فیلمەدا ململانێکان زۆرن بەشێوەیەک، لێڕوانەر دەتوانێ لەگەڵ هەریەکەیان بڕوات و نەتوانێ بە هیچ لایەکیاندا بڕیار بدات، بە تێڕوانینی من ئەوە یەکێکە لە خاڵە سەرکەوتووەکانی فیلمەکە، تۆ کە لە کڵاسی یەک لە مامۆستاکاندا خەریکە دەگەیتە سەرئەنجام و بڕیارێکی یەکلایی، بەڵام لە کلاسەکەی تردا پاشگەز دەبیتەوە. لە هەمان کاتدا، پرسیار سەبارەت بە هونەر، نووسین، چێژ، بیرکردنەوە لەلات دروستدەبێت. دوا جار جاک و دێلسانتۆ، بڕیاری دیبەیتێک دەدەن لەبارەی وشە و وێنە، بەئامادەیی هەموو فێرخواز و مامۆستاکان. هەر یەکەیان وێنە و وشەی خۆی هەیە، لەوێدا ئەوە ڕووندەبێتەوە، وشەکان و وێنەکان هیچیان لە ئەوی دیکەیان باڵاتر، کاریگەرتر و بەنرختر نییە، بەڵکو هەردووکیان هاوسەنگن و پێکەوە هاڕمۆنییەکی جوان دروست دەکەن.

ئەوەی جێی سەرنجە لەو فیلمەدا ئەوەیە؛ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی جاک، پیاوەکان بە وشە و ژنەکان بە وێنە دەچوێنێ. لێرەدا پرسیار ئەوەیە بۆچی پیاو نوێنەرایەتی وشە و ژن نوێنەرایەتی وێنەیە؟ یەکێک لە فێرخوازە کچەکان لەڕووی سێکسییەوە هەراسان دەکرێت لە ڕێگەی یەکێک لە فێرخوازە کوڕەکانەوە. ئەو کچە کاتێ بەقیژەوە هاوار دەکات کە وازی لیبێنێت، بەڵام کورەکە بە گاڵتەوە وەریدەگرێت و وەک پرێنسس (شازادە) ناوی دەبات، کە بۆچی پشتگوێی دەخات. دوا جار کوڕەکە هەوڵدەدات هەراسانی بکات لە ڕێگەی وێنەیەکی کاریکاتێری ڕووتەوە، بۆ ئەوەی ملکەچی بکات بۆ مەبەست و حەزەکانی خۆی.

ئه‌مە بۆ ئەوەمان دەبات کە لە ترادیسیۆن و ئەفسانەکاندا (خوا وەک پیاو)  یان (فەرمان دەرکەر، وشە دەربڕ و خاوەن وشە و قسە ) نیشاندراوە، بۆیە پیاو نوێنەرایەتی ئەم ڕووەی خوایەتی دەکات. لە کاتێکدا ژن وەک وێنە، جەستە، ڕووتییەکی پەتی و گوناهبار وێناکراوە.

لە کۆتاییدا بۆچوونی من لەسەر ئەو دوو ڕوانگەیە ئەوەیە؛ وێنەکان تەنیا بۆ چێژ وەرگرتن نین، بەڵکو ڕێگەیەکن بۆ بەئاگا هاتنەوەی ئێمە لە بینینی ئەو شتانەی کە بە چاوی ئاسایی ناتوانین بیانبینین. ئەوان ڕێگەی خۆیانیان هەیە بۆ جێگیربوون لە هۆش و تاساندنی وشە لە زمانماندا. هەروەها زۆر وشەم هەیە بەڵام هیچ ڕێگەیەکم نییە بۆ ئەوەی بیانڵێم، تەنیا ئەوە نەبێت کە بڵێم ؛ ژیان لەنێو وشەکاندا زۆر قووڵە، وشەکان چەندین وێنا لە خۆیاندا هەڵدەگرن بۆ نمونە لە شعر، چیرۆک و ڕۆماندا هەندێ دیمەنی وێناکراو بە وشە هەن، ناکرێت بە هیچ تابلۆ و وێنەیەک دەرببڕدرێن. لە دوا جاردا وەک جاک دەڵی ئێمە هەستەکانمان وەسف ناکرێن، هەستی منیش بۆ ئەو فیلمە وەسف ناکرێت.

ته‌واو

 تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی
تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی