ڕامیار مه‌حمود بە ئەزمونێکی جیاواز، شاعیرێکە، به چاکیی مۆرکی ڕۆژانه‌ی که‌سایه‌تی شاعیری له نێو ده‌قی هه‌ڵبه‌سته‌کانیدا ده‌بینینه‌وه. لێرە، ڕامیار مەحموود، کە خۆزگەی وەک هیوایەک و ئۆمێدێکی موحاڵ خستۆتە بەرچاو، لە هەڵبەستی (خۆزگه‌كانی منیش بچوكن). ڕامیار که‌سایه‌تی شاعیری پەراوێزکراو پێشنیار دەکات. له نێو ده‌قی هه‌ڵبه‌سته‌کانیدا ئەو بەکەنارکردن و وەلاوەنانەی شاعیر، کە تا ڕادەیەک وەها دەردەکەوێ کە ئەوانی دیکە هۆی ئەوەن، بەڵام ئەمە خودی شاعیرە کە لەو دۆخەدا دەیبینینه‌وه، نەک ڕامیار وەک کەسایەتی خۆی. هەر تێکشکانی ڕیتمی مۆسیقی لە کۆپلەکاندا ئەو دۆخی پەراوێزکردنەی شاعیر ڕوون دەکاتەوە.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هه‌ڵبه‌سته‌که‌وه بۆنی نه‌بوونی شتێک ده‌که‌ین، پیدەڵین ( ونبوون). دیارە به تەوزیفکردنی وشەی (من) یش، پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێ که هی هه‌موو خه‌ڵکی تر وایه ئه‌وجا هی منیش.
له‌گه‌ڵ مندا ڕاسته‌وخۆ بۆ ڕێگایه‌كی تر ئه‌چن (بێگومان له‌م دوو کۆپله‌یه‌دا مه‌به‌ست له ڕێی هه‌قه، ڕێی جوانی و عه‌داله‌ت ده‌نا چی به‌رامبه‌ر به واتای ڕێیه؟)
كه ڕێگای خۆشت گۆڕی ژیانیشت ئه‌گۆڕێت (به‌وەی چەندە سه‌یرە ئه‌م سه‌ره‌تایه، دەشکرێ ئه‌وه‌ی پێشووی تێدا بخوێنیننه‌وه و ده‌شکرێ ئه‌وه‌ی تێدا ببینین که گۆڕینی ڕێ خۆ نوێکردنه‌وه‌یه، وه‌لێ که خۆزگه دێت ئه‌م واتایه ده‌گۆڕێ با بچوکیش بێت.)
خۆزگه‌كانی منیش بچوكن
باسی خۆرئاوا ناكه‌م (ئیدی ئه‌مه نه خۆزگه‌یه‌که که له ڕۆژهه‌ڵات ده‌یخوازین به‌وه‌ی بچینه ده‌ره‌وه و ئازاد بین، نه خۆزگه‌یه‌کی رۆژئاواشه که به‌شێکی گه‌رمی رۆژهه‌ڵاتمان به‌رکه‌وێ)
باسی وڵات ناكه‌م
سه‌رده‌می ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه به سه‌ر چوو (ته‌نها ناوه‌وه و ده‌ره‌وه نییه، به‌ڵکو کێشه‌که خودی مرۆڤه، بۆیه مه‌به‌ستی له خۆشی نییه، چونکو خۆشی یه‌کێکه به‌رامبه‌ر به هه‌موو مرۆڤ که گشت که‌سه)
به‌ڵام له راستیدا باسی خۆشم ناكه‌م
هیچ شتێك له ژیان له رۆژگاری ئێستادا ناخۆشتر نییه (ئه‌مه‌یان ته‌واویی ڕتکردنه‌وه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه، که بێ جیاوازی هیچ کوێ هه‌مووی جێی ناخۆشن، واته هێنده ناشرینن)
خراپترین به‌خت ئه‌وه‌یه نه‌ژیابیت و دۆستی ژیان بیت (گه‌وره‌یی ئه‌م ڕسته‌یه له‌وه‌وه‌یه که نه‌فیکردنێکی وجودی ته‌واویی تێدایه، که من و ئه‌و هه‌موو ژیانمان تاڵ بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چنگ له ژیان گیرده‌که‌ین، ڕسته‌یه‌که پڕی هیواشه، چونکو ئه‌گه‌ر هیوات نه‌بێ ناتوانی ببیته دۆستی ژیان)
دڵنیاشم له‌وه‌ی بیركردنه‌وه خۆی نه‌گه‌یشتنه به ژیان (لێره‌شدا ماییه‌ی ئه‌و نه‌ژیانه‌ی پێشوو، ئه‌مدیوی بیرکردنه‌وه‌یه، واته که من بیرده‌که‌مه‌وه و هۆشم به دوروبه‌ری خۆمه ئه‌مه ماییه‌ی دوورکه‌وتنه‌وه‌یه له ژیان، خودی تامنه‌کردنی ژیانه)
مرۆڤی مه‌زن هه‌میشه سه‌روو ژیان ئه‌كه‌وێت (ئه‌م ئاستی به‌رزبوونه‌وه‌یه له‌سه‌رووی ژیان، واته ئه‌ودیو مانای ساده ژیان و تا ڕاده‌یه‌ک بێماناییشی، ده‌شتوانین وای ببینین که به ئامرازیی فیکری پێشکه‌وتوو و پێگه‌یشتوو شته ساده‌کانی ژیان ده‌خوێنه‌وه، هه‌ر بۆیه واتا له‌و که‌سانه‌وه جێده‌مێنێ، واتای چی؟ بێگومان مه‌به‌ستی له واتای ڕاستی ژیانه)
بۆیه ئه‌وه‌ی له مرۆڤه مه‌زنه‌كانه‌وه به جێماون واتاكانن
ئه‌وانه‌ی گه‌یشتون به مه‌رامی خۆیان جرجن
ژیان ته‌نها ماته‌ریالێكی رووته داهێنانی بۆ خۆت به جێهێڵدراوه(واته ژیان که خامێکی ڕووت بێت، که‌س هیشتا کاری تێدا نه‌کردبێ، که‌س قازمه‌یه‌کی لێگیرنه‌کردبێ، بۆ هه‌موو که‌س هه‌یه به بۆچوونی خۆی و به پێی فیکر و توانای داهێنێ. ئا لێره‌دا پرسیاری داهێنان خۆی ده‌سه‌پێنێ. داهێنان خامێکی ڕووته، ئه‌و ماده سه‌ره‌تاییه‌یه که هێشتا ئیشی تێدا نه‌کراوه و بۆ هه‌موو که‌سێکی پڕ له خه‌یاڵ ده‌رگای داهێنان کراوه‌یه.)
شادی
شادی ته‌نها جگه له من و هاورێكانم (به‌وه‌ی ڕه‌تی تێگه‌یشتن له شادی ده‌کات، به ی‌ڕوای من مه‌به‌ستی زیاترله‌مه به‌خته‌وه‌رییه که چه‌مکێکی ئاڵۆزه و که‌س پێی ناگات، ئه‌گه‌ر ئه‌و هاوڕێیانی پێی گه‌یشتون، واته <>ئه‌وی>> شاعیر ئه‌وه مه‌به‌ست له خودی نووسینه، ته‌نها له نووسیندا شادیی هه‌یه)
كه‌س هیچی له باره‌یه‌وه نازانێت (لێره‌دا جه‌غت له‌سه‌ر به که‌سبوونی، به مرۆڤبوونی شادیی ده‌کات، وه‌ک بڵێی شادی که‌سێک بێت و وونبووبێ له‌به‌رچاو. هه‌روه‌ها ئه‌مدیوی ئه‌وه‌شی تێدا ده‌خوێنیننه‌وه که ئه‌وانی دی هیچی له‌باره‌وه نازانن، چونکو ئه‌گه‌ر خۆی و هاوڕییانی تامیان کردبێ، ئه‌مانی تر ڕێشی نادۆزنه‌وه.)
دڵم دا ئه‌خورپێت (له‌م دوو کۆپله‌یه وه‌بیرکه‌وتنه‌وه ماییه‌ی دڵخورپانه، ئه‌وه‌ی ئیسپاتی دوو شت ده‌کات: که ئه‌وه‌ی بیری ده‌کات له‌وێ نییه، ئه‌وه‌ش ئیسپات ده‌کات که ته‌نیاییه، بیرکردنه‌وه ماییه‌ی ته‌نییایه)
كه یادت ئه‌كه‌مه‌وه
له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌زانم ئه‌مه له گه‌ڵ نه‌ریتی مندا ناگونجێـت (نه‌ریتی ئه‌م یادنکه‌ردنه، خۆشه‌ویستیه به دزییه‌وه، شاردنه‌وه‌ی هه‌سته)
به‌س خۆ كه‌س نازانێت من چه‌ندم خۆش ئه‌وێیت
ئه‌م شاره وا نه‌بوو (هه‌ر بۆیه لێره‌دا ئیسپاتی ئه‌وه ده‌کات ئه‌گه‌ر ئه‌م له نه‌ریتیدا نه‌بووبێ بیر له خۆشه‌ویسته‌که‌ی بکات، چونکو ئه‌م خۆی ئێستا بوونی نییه، ئه‌م بوونه‌ی ئه‌وسا که ته‌نها ئه‌و و سه‌گ له شاردابوون، ئه‌می مرۆڤی ته‌نیا، ئه‌وی سه‌گی به‌سزمان که ڕاوده‌نرێن له شه‌قامدا)
ته‌نها به ده‌ست من و سه‌گه‌وه بوو
ئێستا به ده‌ست گورگ و ڕه‌شاباوه‌یه (به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئێستا به ده‌ستی گورگه، دڕنده‌کان بۆیه ئه‌م گۆڕاوه)
زۆرینه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك له گه‌جه‌ر و گوجه‌ر پێكهاتووه (دیاره لێره‌دا شاعیر په‌نا بۆ وشه‌ی به‌کارهێنانی ڕۆژانه ده‌بات، که ئه‌سڵه‌که‌ی غه‌جه‌ر و کۆچه‌ره، ئه‌و که‌سانه‌ی سه‌قامگیر نین له شوێن و قسه‌ش، چونکو به درۆ ناوبانگیان هه‌یه)
ئه‌مه‌ش نهێنی كۆبونه‌وه‌ی گه‌وجێتی به‌خته‌وه‌رییه پێكه‌وه (ئه‌وه‌ی پێشوو ئه‌مه‌ی بۆ ڕوونده‌کاته‌وه که که بۆچی به‌خته‌وه‌ری ئه‌گه‌ر هه‌بێ له‌به‌ر ئه‌م هاوته‌باییه‌ی نێوان گه‌وجی و به‌خته‌وه‌ریی، چونکو له بۆچوونی شاعیره‌وه شادی بوونی راستی نییه، ئه‌گه‌ر هه‌بێ ئه‌مه هۆکه‌یه‌تی)
ئه‌و شتانه‌ی من ئه‌مه‌وێن شاردراونه‌ته‌وه لێم (له‌م دوو کۆپه‌له‌یه‌شدا چه‌مکی نهێنی به شیعره‌وه ده‌به‌ستێ، واته ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یخوازێ و ده‌ستی ناکه‌وێ و محاڵه، که ده‌کاته ئه‌مدیوی به‌خته‌وره‌یش، ته‌نها شیعر ده‌رهه‌قی دێت، هه‌ر به نێوه‌ند ئه‌و ده‌توانێ سه‌ری نهێنی ژیان هه‌ڵداته‌وه و لێتێبگات و ره‌نگه به‌وه به‌خته‌وه‌ر بێت)
بۆیه شعر زمانی به‌شه شاراوه‌كه‌ی ژیانه
قه‌ت خۆزگه‌م به‌وه نه‌خواردووه له چ سه‌رده‌مێكدا بژیم
چونكه هیچ سه‌رده‌مێك ئاده‌مییانه نییه (لێره دێته سه‌ر ته‌واویی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی هه‌موو سه‌رده‌مێک، هه‌موو کات که لای وه‌ک یه‌کن، بێگومان ئه‌مه له تاڵی و نایه‌کسانی و نابه‌خته‌وه‌رییدا وه‌ک یه‌کن.)
كاتێك گفتۆگكردن دێته سه‌ر ژیان
هیچ بوارێك نیه بۆ ئه‌وه‌ی له بنه‌وه یان له‌و دیوه‌وه ده‌ست پێبكه‌یت
به‌ڵكوو ئه‌مه ته‌نها شتێكه ئه‌بێت له خۆیدا بخوێنرێتـه‌وه
ژیان خوێندنه‌وه‌و خود خوێندنه‌وه یه‌ك شتن (هه‌ر بۆیه واتای ژیان و بوون دوو ڕووی یه‌ک پاره‌یه)
مردن وه‌ك ئه‌وه وایه ژیان بۆ دواوه ئاوڕبداته‌وه (لێره‌دا ژیانی ته‌واو کردوه به که‌سێک هاوڕ بۆ دواوه ده‌داته‌وه و وه‌ک بیه‌وێ بڵێ تا له رابردووی تێبگات)
من بۆ یه‌ك جار دوا جار (لێره‌دا یاریکردن به وشه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی هێز بخاته به‌ر یه‌ک که سه‌ره‌تاییه و دوا که کۆتایی به شته‌که ده‌هێنێ)
دوو گالیسكه
له ماڵی ئێمه‌دا دانرابوون
ده‌وڵه‌ت و شعر (ته‌شبیهکردنی ده‌وڵه‌ت و شیعر به گالیسکه له خۆ‌یا ماییه‌ی تێڕامانه وه‌ک ئامرازێک که له جووڵه‌دایه، شوێن ده‌گۆڕێ، ده‌ڕوات و دێته‌وه و دوور ده‌که‌وێته‌وه و له هه‌موو به‌هێزتر پاڵده‌نرێ)
له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باوكم بۆ هه‌موو ژیانی هیچیان هه‌ڵنه‌بژارد و له ناوه‌راستا مایه‌وه
ئه‌گه‌ر من به هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم
وابزانم هه‌ر پاڵ به شعره‌وه ئه‌نێم (هه‌ر بۆیه له‌و پاڵنانه شێعر وه‌ک فۆرمێکه، ئه‌مه ته‌واو نوێگه‌رایه له‌لای ڕامیار مه‌حموود، ده‌ستکاریی کردنی وشه بپ وه‌دیهێنانی فۆرمێکی نوێ له شیعر، خودی وشه‌که ده‌بیته‌وه فۆرمی وشه و فۆرمی جووڵه‌ی شیعڕی)
چیتر هیچ شتێك نادۆزمه‌وه بێزارم بكات چونكه بیر ناكه‌مه‌وه (واته بیرکردنه‌وه ماییه‌ی بێزارییه، ئه‌وه‌ی که له سه‌ره‌تادا ماییه‌ی نابه‌خته‌وه‌ری بوو، ماییه‌ی بێزاریشه)
كاتیك ئاهێكی قوڵ هه‌ڵ ئه‌كێشم
یان به دڵه گوشراوه‌كه‌مه‌وه له ماڵ دێمه ده‌ر
ئه‌ڵێم: (لێره‌وه فۆرمی دیالۆگ دێته پێشێ، من و من، من به‌رامبه‌ر به <>من>>ی ئه‌ویتر، خۆم و ئه‌ویتر، ئه‌و و ئه‌م. که‌س نازانێ لێره‌دا جه‌ند <>من>>ی تێکه‌ڵکردوه، هێزی <>من>> لێره‌دا جه‌ند ره‌هه‌ندێکه و به هه‌موو شێوه‌یه‌ک دێته دیالۆگ و ڕه‌تدانه‌وه له هه‌ناوی ئه‌مبه‌ر وئه‌وبه‌ر هه‌یه)
هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی مرۆڤ ئه‌وه‌یه ته‌نها خۆی ڕه‌چاو ئه‌كات (ئا لێره‌دا ته‌واو به پێچه‌وانه وشه‌ی رۆژانه ده‌گۆڕێ به وشه‌ی ئاکادیمی ڕچاوکردن یه‌عنی له‌به‌رچاوگرتن، واته مرۆڤ ته‌نها خۆی ده‌بینێ، به‌ڵام ده‌کرێ لێره‌دا بپرسین ئایا به‌کارهێنانی مرۆڤ ناکاته ئه‌وه‌شی که ئه‌و و بوونه‌وه‌ری تر، یاخود مرۆڤی بوونه‌وه‌ر وه‌ک هه‌موو ئه‌وانی تر)
ئه‌ڵێم:
ده‌رگای ئه‌و برینانه دامه‌خه كه هۆشیاری دروستیكردوه تیاتدا (ئه‌مه باسی هۆشیاری یه‌که‌مه که هێنایه پێشێ، هۆشیاری به مه‌سله‌کان به کێشه‌کان، به گرفته گه‌وره‌کان برین ده‌که‌نه‌وه، ره‌نگه تۆزێک هۆش به‌و شتانه هه‌بووبێ، به‌ڵام که هۆشیاری ته‌واو هه‌بێ بڕین به سه‌ختی ده‌کرێته‌وه)
ئه‌ڵێم:
من راسته ئه‌ژیم به‌س خۆزگه شه‌وێك به ئیسراحه‌ت ئه‌نوستم (ئه‌م هۆشه گه‌وره‌یه وایلێده‌کات تێبگات له‌وه‌ی مانای راستی ژیان چییه، بۆیه بڕوای به‌م ژیانه نییه، چونکو ئه‌گه‌ر به ئیسراحه‌ت بنوستایه تامی ژیانی ده‌کرد)
ئه‌ڵێم:
برینه‌كانی له‌شی من وه‌ك چرا وان (ئه‌مه ته‌واو قسه‌کردنه له ته‌نییای، ڕووناکی یه‌عنی هۆشیاری: به خۆی ده‌ڵێ برینی له‌شم چرایه‌که، واته هۆشیاریان کردومه‌ته‌وه)
ئه‌ڵێم:
من سامانێكی گه‌وره‌م هه‌یه
كه سه‌یر ئه‌كه‌م
هێشتا خۆمم (هه‌ر سێ دێره‌که جه‌غت له‌سه‌ر ئه‌و هۆشیارییه ده‌کات که پێی گه‌یشتوه، ئه‌وه‌ش خۆیه‌تی، واته که‌سێکی ده‌ستکرد و موزه‌یف نییه، پێجه‌وانه‌ی ئه‌مه ده‌ستکردی خه‌ڵکی تره)
ئه‌ڵێم:
به مافی خۆمی ئه‌زانم خه‌مگین بم
چونكه ئه‌توانم هه‌ست بكه‌م
هه‌ست كردن دوا ترۆپكی بون به مرۆڤه (ئه‌م هه‌ستکردنه‌ش ته‌واوکه‌ری ئه‌وه‌ی پێشوه، واته هه‌ستیاریی ئه‌م به شته‌کان، هه‌ستیاریی له ئاست ئه‌و شتانه‌ی ده‌مانوروژێنن، له ئاست ئه‌وانه‌ی که توڕمان ده‌که‌ن و خه‌مۆکمان بکه‌ن و ئه‌وجا ده‌پرسن بۆ خه‌مباری؟)
ئه‌ڵێم:
ئه‌گه‌ر ده‌ردێكی راسته‌قینه هه‌بێت له میژوودا ئه‌ویش خه‌ڵكه (ئه‌مه‌یان تاوانبارکردنی هه‌موو مرۆڤه، کاتێ خه‌ڵک ده‌کاته مه‌خلوقات، ئه‌وانه‌ی مێژوو ده‌شێوینن و ئازاری گه‌وره دروست ده‌که‌ن، له هه‌مانکاتدا ئه‌م خه‌ڵکه جۆرێکن له خه‌ڵک، ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان له شیواندنن هه‌یه بۆ هه‌موو به‌شه‌رییه‌ت)
ئه‌گین وه‌ك خۆم باشم ( ده‌نا ئه‌م خۆی باشه، واته گوێ به‌هیچ نادات، باکی پێنییه دونیا چی پێده‌دات و لێده‌سه‌نێ، چونکو ئه‌م خۆیه‌تی)
من ئێستا زۆر باشم
باشم زۆر
ئه‌ڵێم:
زۆر تاقه‌تم نه‌ماوه ناوم رامیار مه‌حموده (لێره‌دا ته‌واویی تێکه‌ڵکردنی (من) ی شیعرییه‌ت له‌گه‌ڵ (من) ی ڕاستی شاعیر ڕامیار مه‌حموود، به‌و واتاییه ده‌یه‌وێ به‌ناوی ئه‌وه‌وه ئه‌م ده‌قه تۆمار بکرێ و مۆرکی ئه‌وی تێدا بخوینیننه‌وه).