جەستەی ژن وەک کاڵایەکی دەگمەن

Loading

ئەم مرۆڤانە کاردەکەن

پرۆژەی ئەم مرۆڤانە کاردەکەن پرۆژەیەکە کە بە شێوازی جیاواز کاری تێدا دەکرێت وەک نمایشی هونەری، سمینار، گفتوگۆ، تێکست و زۆر شێوازی تر کە لە شوێن و کاتی جیاوازدا ئەنجامدەدرێت. ئاڤان عومەر ڕێکخەر و بەڕێوەبەری پرۆژەکەیە.

تێمای گشتی پرۆژەکە دەربارەی پرسی کارە بەگشتی و ڕۆڵی جێندەر لە پرسی کاردا بە تایبەتی.  خۆشبەختانە  کۆمەڵێک ووزە و توانای نایاب و تایبەت ئامادەبوون و ئامادەن  بۆ کارکردن لە پرۆژەکەدا، چونکە بابەتەکەیان بەلاوە گرنگە.  هەریەک لە بەشداربوان  لە بواری خۆیدا لەسەر بابەتەکە کار دەکات کە بە تەواوی بە شێوازێکی خۆبەخشە.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی  ٢٠٢١ دا ، پڕۆژەکە بە زنجیرەیەک کاری هونەری، کە لە شوێن و کاتی جیاوازدا لە شاری سلێمانی ئەنجامدران دەستی بەچالاکیەکانی کرد. کۆمەڵێک هونەرمەندی شێوەکار و کەسانی تر بە پڕۆژەو کاری گرنگ بەشداریان کرد، کارەکان لە چوارچێوەی دوو نمایشی گروپی و حەوت نمایشی سەربەخۆدا پیشاندران.  لە ڕێگای ماڵپەری تایبەت بە پڕۆژەکەوە دەتوانن زیاتر دەربارەی چالاکیەکان زانیاری وەربگرن

 www.ammrovanakaardakan.com

پڕۆژەی ئەم مرۆڤانە کاردەکەن.

 

شارا تاهیر  نوسەر لەبواری سایکۆلۆژیا و گوتاری ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و فکری، بە بابەتێک لە پڕۆژەکەدا بەشدارە لە ژێر ناونیشانی:

جەستەی ژن وەک کاڵایەکی دەگمەن

لە ژێر ڕۆشنایی ئەم بابەتەدا و لە چوارچێوەی سمینارێکدا،  شارا تاهیر لە ڕوانگەیەکی دەرونشیکاریانەوە تیشک دەخاتە سەر چەمکی نامۆبوون لای کارل مارکس. لێرەوە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ژن پێش ئەوەی وەک کرێکار لە سستەمی سەرمایەداریدا نامۆ بێت، پێشتر لە ڕێگای پیاوسالاریەوە نامۆبووە و ڕیشەی ئەمە  زۆر قوڵترو کۆنترە.  ئەمەش وایکردووە کە ژن بخاتە دۆخی خود ئەڤینیەکەوە لەگەڵ خۆی و جەستەی خۆیدا بەشێوەیەک کە بینەرو بینراویش بێت لای خۆی، بەڵام بە چاوێکی پیاوانەوە بینەری خۆی بێت.  پاشان لە درێژەی سمینارەکەیدا ئاماژە بەوەدەکات کە چۆن سیستەمی پیاوسالاری و سەرمایەداری کە دروستکەری ئەم دۆخەن، لە کۆتایدا سودمەند دەبن و بەردەوام بەکاریدەهێننەوە.

هەندێک هێڵی سەرەکی سمینارەکە:

  • کارکردن و بەرهەمهێنان خەسڵەتێکی گرنگی مرۆڤن کە لە سستەمی سەرمایەداریدا ئەمە دەشێوێندرێت و بەهای ئەو گرنگیە تێکدەچێت.
  • ژن پێش ئەوەی بەر نامۆبوون بکەوێت وەک کرێکار، زۆر پێشتر لە ناو خێزان و کۆمەڵگادا بەر نامۆبوونی خود دەکەوێت، کە بە میکانیزمی خود ئەڤینی لەگەڵ جەستەی خۆیدا دەیبات و دوانەی خۆی دروست دەکاتەوە کە ئەویش ژنێکی ترە تا خۆی پێ بەراورد بکات.
  • لە سستەمی پیاو گەرایدا ژن تەنها سێ ڕۆڵی هەیە، ئەوانیش: دایکایەتی، پاکیزەی و لەشفرۆشیە.
  • گەر نامۆبوونی کرێکار هەوێنێک بێت بۆ شۆڕش، نامۆبوون لای ژن تەواو پێچەوانەیە چونکە ژن دڵخۆش و ڕازیە بەو دۆخە.
  • سستەمی سەرمایەداری لەگەڵ ئەوەی لەسەر نادادی دروست دەبێت، بەڵام لەناوناچێت، چونکە بەڵێنێکی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە کە وا دەکات بەردەوام و پارێزراوبێت.
  • جەستە لەسستەمی سەرمایەداریدا بەردەوام فۆڕم دەکرێتەوە، هەمیشە بەو شێوەیە دەبێت کە سستەمەکە دەیخوازێت.