ئه‌حمه‌د حه‌یران - به‌یتبێژێكی گه‌نج

بەیت بێژ، گێڕەوەی ئەزموونی بیرەوەری


Loading

ڕەنگە پەژارەی لە ناو چوونی بەیت بێژی کوردستان، زۆر جیاوازتر لە نیگەرانی (ڤاڵته‌ر بێنیامین )لە وتاری (حەقایەت بێژ: ڕامانێک لەسەر بەرهەمەکانی نیکۆلای لێسکۆف) نەبێت. «حەقایەت بێژی بەرەو لە ناو چوون دەچێت. هەر رۆژ کە تێپەر دەبێت لە ڕێژەی ئەو کەسانەی توانستی گێڕانەوەی حەقایەتێکیان بە ڕێکی هەیە کەم دەبێتەوە»(Benjamin:1936). وەدیهێنانی ئەم چەشنە بزر بوونە لە ڕوانگەی بێنیامینی “بێ تابشتی لەمەڕ گۆڕینەوەی ئەزموونە”. واتە لە ناوچوون و ڕووخانی ئەزموونە کە شێوەی زارەکی حەقایەت بێژیش بزر دەکات. لە ناو نەتەوەی کورد، هەر لەسەردەمانی زووە، بەیت بێژ پلە و پێگەیەکی بەرچاو و بەنرخی هەبووە. کەسایەتیەک کە دیوەخان و کۆبوونەوەکانی بە سیحری گێڕانەوە دەرازاندوە و باسی لە چیرۆکێک دەکرد کە پێدەچوو–مێژووی نەنووسراوەی- ئەوانە. مێژوویەک کە تەنیا لە (ئەزموون)دا توانستی ئاڵۆگۆڕی و گۆڕینەوەی هەیە و تەنیا بە بۆنەی بەیت بێژە- بە شێوەی زارەکی- مانادار دەبێتەوە. بێنیامین هەر لەو وتارەدا (حەقایەت بێژ)  بەو کەسایەتییە پێناسە دەکات کە بەم هۆیەی توانای گێڕانەوەی-ئەزموونی تاکی خۆی و ئەزموونی ئەویتری- هەیە، توانستی گۆڕینی –گێڕانەوە- بۆ –ئەزموون- و هەناردە کردنیشی بە مێشکی ئەویتر هەیە. واتە لە شێوەی گێڕانەوەی زارەکی ئەو دایە کە چەشنێکی تایبەت لە ئەزموون بۆ بەردەنگ هەناردە دەکرێت. بە ڕوانگەی بێنیامین تەنیا حەقایەت بێژ ئەو توانستەی هەیە و ڕۆماننووس بە هۆی گۆشەنشین بوون و بێ بەهرەیی لە ڕاوێژ و ڕابێژ، توانای هەناردەکردنی ئەم چەشنە لە ئەزموونی نییە. «بێشکەی ڕۆمان هەر ئەو کەسایەتییە گۆشەگیرەیە کە ئیتر توانایی نییە مەبەستەکانی خۆی بە هێنانەوەی نموونەگەلێگ لە گرینگترین دڵخۆشییەکانی باس بکات. ئەو خۆی بێ بەهرە لە ڕاوێژە و کەسەکانیش بێ بەهرەن لە ڕاوێژی ئەو»(Benjamin:1936).

بەیت بێژ لەو ئەزموونە زارەکییە دەدوێت کە زیندوو کەرەوەی ئیماژی کلاسیک و فەرهەنگی لە مێژینەی ئەوە- هەڵبەت نە بەشێوەی تاک بەڵکوو بە شێوەی بەکۆمەڵ-. کە واتە بەیت بێژ هەڵگری –بیرەوەری و ئیماژێکی کلتووریە- کە چەشنی “ئاخافتن”ی بەرسەر چەشنی “نوسین”دا ڕەسەنترە. بەیت بێژ هەڵگری ئەزموونێک لە مێژوویە کە ڕابوردووی بەردەوام لە ئێستادا مانا دەکاتەوە. بە ڕوانگەیەک ئەو لە مێژوویەک ئەدوێت کە شیاو و ژێهاتوی نوسینەوەی نییە. ڕەنگە بە کەمێک چاو پۆشین بتوانین ئەوە بڵێن کە نوسینەوە لەم چەشنە گێڕانەوەدا- مەرگی ئەزموونە-، ئەوەش بەم هۆیەیە کاتێک بەیت بێژ، بەیتێک دەگێڕێتەوە، لە –پێشا ڕەوایەتێک – بۆ دەڕبرین کەڵک وەرئەگرێت کە لە نوسینەوە‌دا توانستی ئەم شێوەی لە گێڕانەوەی نییە. سەر و ژوور کردنی دەنگی گێڕەوە (راوی)، مەودای نێوان وشەکان و ڕستەکان و، خەم و نزایەک کە لە کاتی گێڕانەوەدا هەیە، هێمایەک لەسەر ئەزموونی زارەکی نێوان بەیت بێژ و بەردەنگە. واتە مێژوویەک کە لە “ئەزموون”دا مانا دەبێتەوە، تەنیا کاتێک بە نواند دەگا کە بە چەشنی زارەکی و ڕاستەوخۆ و بە دەنگێکی دیاری کراو بگێڕدرێتەوە.

 بە ڕوانگەی بێنیامین، «ئەگەر خەو ئەوپەڕی ماندووی جەستەیە، دڵتەنگی و خەمۆکی ئەوپەڕی ماندوویی مێشکە»(Benjamin:1936).ئەمە هەر ئەو چەمکەیە کە کوڕت کردنەوە و بەردەوام بوون بۆ حەقایەت گێڕانەوە دەستەبەر دەکات و بەم هۆیەش ساکارتر لە بیر دەمێنێت و خۆی لە بازنەی “فەرامۆشی”، وەکوو خەساری بنەڕەتی “ئەزموون” نادات.

بەیت بێژەکان، کە هەنووکە لەگەڵ ڕێژەیەکی کەمیان بەره‌وڕووین، کورت و کۆیەکی دەست نیشانکراو لە مێژوو پێناسەدەکەن، کە وێنای “نەنوسراوەی ڕابوردووه‌”. لەم ڕوانگەیەدا بەیت بێژە، تەنیا هەل و ئیمانێکی پێوەندی نێوان ڕابوردوو و ئێستاکەن، کە واتە لە ناو چوونی ئەم تاقمە و شێوە گێڕانەوەیان، لە ناوچوونی مێژوویە!.

ڕێز لێنان و پاراستنی بەیت بێژ، ڕێز گرتن لە مێژوویەکە کە لە ئەزمووندا مانا دەکرێتەوە، واتە ڕابوردوویەک کە هەنووکە لە چەشنی بیرەوەری پاتە دەبێتەوە. بەیت‌بێژ گێڕەوەی ئەزموونی ئەم بیرەوەریەیە. بەیتێک کە بەیت بێژ دەیگێڕێتەوە تەنیا گێڕانەوەی ئاسایی چیرۆکی دڵداری و تراژیا نییە، بەڵکوو لە شێوەی گێڕانەوەی ئەم مێژوویە- یان بەیت- چەشنێکی تایبەت لە گێڕانەوەی خۆ ئەنوێنێت کە ناوەرۆک و شێوە گێڕانەوەی تایبەتی لێدەبێتەوە، واتە شێوەیەکی سەقامگیر لەسەر مێژووی “بەشێوەی زەینی و نەستی بە کۆمەڵ”، کە تەنیا بە چەشنی زارەکی هەناردە دەکرێت.  ڕەنگە هەر بەم هۆیە بێت کە پرۆفێسۆر (ئووریش مارزێلۆف) لە کتێبی (پۆلێن بەندی حەقایەتەکانی ئێرانی)، دەڵێت:« حەقایەتە کوردییەکان ماهییەتێکی تایبەتیان هەیە کە دەبێت جیاواز لە حەقایەتی نەتەوەکانی‌تر باس بکرێت». بێژەری بەیتە کوردییەکان خۆی وەکوو قارەمانێکی تراژێدیک یان نەستەق بێژ پێناسە دەکات، کە لە ڕاستیدا گێڕەوەی بەسەرهاتی خۆیەتی! باس لە قارەمانێک دەکات، کە لە شەڕێکی دەستەویەخەدا لەمەڕ تەقدیر، هەوڵی گۆڕینی – چارەنووس- بۆ- بەسەرهات- دەدات. بەیت بێژ، “ئەزموونی زەینی” لە مەبەستی قارەمان هەیە و لە حەولی گێڕانەوەی چیرۆکی قارەمان دێت. ئەو بە گێڕانەوەی زارەکی و ڕاستەوخۆ بە چەشنێک چیرۆکەکە هەناردە دەکات کە ببێتە ئەزموونی سەڕڕاست و رێک لە مێژووی زەینی بیرەوەری.

 

سەرچاوە:

Benjamin, Walter .‘The Storyteller: Reflections on the Works of Nikolai Leskov’ [1936]

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار ؛ به‌یتی ئازیزێ

به‌یتی ئازیزێ – موزیكی زمانی كوردی