بوون وەک پەیوەندی ھێزەکان، بوون لە پەیوەندی ھێزەکاندا

Loading

لەئۆنتۆلۆژیای جەوھەرو چییەتی نەگۆڕەوە بۆ ئۆنتۆلۆژیای پەیوەندی…

١

ھەموو ھێزێک لە پەیوەندیدایە لە گەڵ ھێزێکی دیکەدا، جا چ بۆ ملکەچپێکردنی بێت یاخود بۆ ڕێکخستن و ئـاراستەکردنی. ئـەوەی جەستەیەک دیاری دەکات و تەعریفی دەکات ئـەم پەیوەندییەی نێوان ھێزە ھەیمەنەکارەکان و ھێزە ھەیمەنە لەسەرکراوەکانە.ھەموو پەیوەندییەکی ھێزەکان جەستەیەک پێک دێنن، جەستەیەک دەخولقێنن :جەستەیەکی کیمیکی، بیۆلۆژی، کۆمەڵایەتی، سیاسی. دوو ھێز جا ھەرچۆنێک بن، بەو شێوەو بەو پێیەی نا یەکسان و نا ھاوسەنک بن، لەو شوێنەی دەچنە پەیوەندییەوە جەستەیەک پێک دێنن.[…….] جەستە فینۆمین و دیاردەیەکی مۆڵتیپل و فرەیە، بەو شێوەی پێکھاتووە لە فرەیی ھەمەجۆری و جۆراوجۆری ھێزە ناچارییەکان؛ یەکێتییەکەی بریتییە لەوەی لە فینۆمینێکی مۆڵتیپل و فروەو ھەمە جۆریدایە،” یەکێتی ھەیمەنەکردن”
ژیل دولوز، نیتچەو فەلسەفە. ل ٤٥

٢

ھەموو فینۆمینێک لەدونیادا بە لای کەمەوە پەیوەندی نێوان دوو ھێزە، (ئەوەی بونی نەبێت نۆمین و شتە لە خۆیدا, ڕەخنەی نیتشە لە میتافیزیکیای جەوھەرو ماھیەتی ئەبەدی و نەگۆر,ڕخنە لە نۆمین و شت لە خۆیدا”ی کانت). پەیوەندی دوو ھێز کە یەکێکیان لە دۆخی ھێرشبردن و ھەڵکوتانە سەر ئەویتردایە.ھەموو ھێزێک لە گەڵ ھێزێکی تردا لە بەریەککەوتن و بەیەکدادانێکی ململانێ و ھەیمەنەکردندایە.ئەم ململانێ و بەرکەوتنە ڕەنگدانەوەوتیشکی بۆ سەر کۆی ھێزەکانی تر دەبێت “ئیرادەی ھێز دەرناکەوێت تەنیا لە ڕێگەی پەیوەندی بەرەنگاری و بەرگرییەوە نەبێت, ھێزێک بە

دوای ئەو ھێزەدا دەگەرێت کە بەرھەڵستکارو بەپەرچدەرەوەیە.ھێزێک بە دوای بەریەککەوتن و بەرھەڵستکاری و پێکداداندا دەگەڕێت,بەمشێوەیەو بە ڕێژەیی بە دوای یەکە باڵاکاندا دەگەڕێت.یەکێتی و یەکبونێکی باڵا دەبێت وەک یەکەیەک لێیتێبگەین کە یەکەیەکە پەیوەندی ھێزەکان لە خۆی دەگرێت و لە ھەناویدایە،واتە ھێرش و بەرگری,ھێرش و بەرەنگاری,کردارو پەرچە کردار.
وێنەیەکی تەواو گشتگیرو گشتی بۆ “ئیرادەی ھێز” کردارە,کردار نواندنێکە دژ بە ھێزی تر، دژ بە بەرگری ئەو ھێزەی بەرانبەری دەوەستێتەوە. بۆ ئەوەی لەو شتە تێبگەین چی بە سەر ھەر ھێزێکدا دێت لە میانەو لە ناو ئەو پرۆسەیەی

Nietzsche1882
Nietzsche1882

کە ئیرادەی ھێز ھیچ نییە جگە لە (پەیوەندی)، دەبێت بڵێین ھەموو ھێزێک ھەیمەنەو باڵادەستی و فراوانخوازی خۆی فراواندەکات بە سەر ھێزێکی تردا لە ھەمان ئەو دەمەی ھێزێکی تر ھەڵدەسێت بە بەرگری و بەرەنگاربونەوە. بەمشێوەیە دورخستنەوەی ھەر ھێزێک مانای نابێت. ھەموو دیاردەیەک لە بووندا پێویستە بەوشێوەیە لێ یتێبگەین کە، گوزارشتکردن و مانێڤستبونی ململانێ و کێبەرکێ و بەریەککەوتنی ھێزەکانە، ھەندێکیان دژ بە ھەندێکی تریان. ئێمە ئەگەر یەکبوون و یەکێتییەکمان بینی لە دراو و دیاردەیەکدا،ئەم یەکبوونە ھیچ نییە جگە لە یەکەیەک کە کۆمەڵێک ھێزی گەمەکەری لە خۆ گرتووە.ئەمەی کە وتمان بۆ بوون و بۆ دونیا بە گشتی دەکرێت ڕاستی بێت. ڕاستییەکە بۆ ھەموو دونیا و بوون دەشێت : دونیایەک لە خۆیدا بوونی نییە، ھەر لە بنەڕەت و بنچینەدا دونیای پەیوەندییەکانە،دونیای پەیوەندی ھێزەکانە.

ئەم ھەڵوەشاندنەوەو تورھەڵدانەی “یەکێتی و یەکبوونی “بوون” لە کۆی تێکستەکانی نیتشەدا دەبینرێت. ئەم ھەڵوەشاندنەوەو ھەڵگەرانەوەیە وێرانکدرنی ئەو دیدگا ئەقڵانییەیە کە بِڕوای بە “یەک،یەکێتی و یەکبوون” ھەیە, دژ بە جەوھەرخوازییە، دژ بە ھۆ و ھۆکاربەندییە. دژ بەو “یەک” ئۆنتۆلۆژییە،میتافیزیکییە یونیڤیرساڵ و گەردونییەی کە، “حیکایەت و گێڕانەوە گەورەکان ھەر لە ئەفلاتونەوە تا ھێگڵ و بە مارکسیشدا تێدەپەڕێت.

ئەو دونیایەی نیتشە دەیەوێت لە دەرەوەی “بنچینەی سەرەتایی و یەکەمین،بنەڕتی یەکەمین وێنای بکات و چییە؟ ئایا ئەمە بە ئاسانی و بەوەی کەزوو دێتە دەستمانەوە دەیەوێت بڵێت: فرەیی ھێز و ھەمەچەشنی و جیاوازی ھێزەکانە؟.ئێمە لەوە تێدەگەین نیتشە کاری پاچەپارچەکردن و بەشبیەشکردنی “یەک و یەکگەراییە”؟.

ئەو کاتەی پەیوەندییەکان دەچنە پێشەوە و باڵادەست دەبن ، ئەو کاتە شوێن و پێگەی “یەک”بە ھەمانشێوەی خۆی نامێنێتەوە: دونیای پەیوەندیبوون ئامادەیی دەبێت بە بێ یەکەیەکی تر : ھێزێکی ئامادە لە ھەموو شوێنێکدا،”یەک”ەو فرەشە وەک یاری ھێزەکان،چەشنی یاری شەپۆلی دەریاکان لە ھەڵکشان و داکشانیاندا،وەک زەریایەک کە پڕ بێت لە تۆفان و ھەڵکشان و زیادبونێکی بەردەوام لە گۆڕانێگی ھەمیشەیی و بەردەوامدا، “بەمشێوەیە “یەک،تاک”پەیوەندییەکی تەنگاوتەنگ و ناچاری بە فرەییەوە ھەیە،وە پەیوەندی بە یاری و گەمەی ھێزەکان و شەپۆلەکانییەوە ھەیە. پەیوەندی بە دریژبونەوەو شەپۆلی بەردەوامەوە ھەیە, بەمشێوەیە : یەک “ی جەوھەری,ئەقلی، میتافیزیکی، مێژویی.. سروشتی خۆی لە دەستدەدات.تەنانەت فرەیی و ھەمەچەشنی ھێزەکان بنەڕەت و بنچینەی “یەکەمین “نین.ئەوەی بونی ھەیە:(یەک-فرەیی ) وەک ئەوەی یەکێک لە گەورە فەیلەسوفانی ژیان “برگسۆن”باسی دەکات.

ئیرادەی ھێز، فرەیی ھێزەکانە کە سروشتی پەیوەندی و پەیوەندگیرییە،وە سروشت و سیمای ئەم پەیوەندییەش ململانێ و بەریەککەوتنی ھەمیشەییە.

شتێک کەدەبێت لە سەری بوەستین:نیتچە بە تاک باسی “ئیرادەی ھێز”دەکات، ئەو کاتەی ھەموو دیاردەیەکیش یەکێتییەکی ڕاگوزەریانەی کۆمەلێک ھێز ھێزە .نیتشە دەیەوێت ئاماژە بۆ ئەو تەنیا سیفەتە بکات کە دەکرێت کەشف بکرێت و بدۆزرێتەوە ،واتە ئەو شتەی لە گشتێتی و کوللیەیتی واقعدا دەردەکەوێت. یەکێتی ڕیالیتێ. بەڵام ئەم سیفەتی کە دەتوانرێت و دەکرێت بدۆزرێتەوە نە یەکە،نە پرەنسیپە,نە یەکئکی میتافیزیکییە،نە حەقیقەتێکی جەوھەریی، بەلکو، سیفەتێک دەبێت کە واقع و ڕیالێتێیەکی دیاریکراوی دەبێت.وە ئێمە ناتوانین بیدۆزینەوە تەنیا لەو کاتەدا نەبێت بونێکی عەینی و تایبەتکراو دیاریکراوی ھەیە لە “فرەییدا”، بەشێوەیەک کە ھەرگیز ناتوانرێت لە “گشتێتی و کوللییەتی خۆیدا “گەمارۆ بدرێت.دەکرێت بە تاک باسی ئیرادەی ھێز بکرێت چونکەئەو ماھیەتە پەیوەندبەندییەیە کە ھەموو شتێک دەردەخات.

ھەر بەمشێوەیە دەبێت ماھیەتی پەیوەندبەندی و پەیوەندگیری ئیرادەی ھێز دیاریبکرێت،ئەو کاتەی بە بێ ئەمە ناتوانرێت ھیچ گۆران و گۆرانکاری و جێگۆرکێ و جوڵەو بزاوت و ێەیرورەو ھێزی جوڵێنەری دونیا ببینرێت.لە ھەموو شوێنێکدا،لە ھەموو پنتێکی بوونداھیچ بونی نییە، نە گەردێک,نە گەردیلەیەک ،بەڵکو ئەوەی ھەیە تەنیاو تەنیا “پەیوەندییە” .بەمشێوەیە لای نیتشە نە گەرد بوونی ھەیە, نە مونادەکان,نە یەکێتی ھێزەکان لە ناو سەیرورەدا.لێرەوە لەوە تێدەگەین بۆچی نیتشە بە تاک باسی ئیرادەی ھێز دەکات، چونکە یەک ماناو یەک ڕەھەند بۆ تێگەیشتنی ئیرادەی ھێز ھەیە ئەویش “پەیوەندییە”.

٣

ئەو کاتەی یەکلاکراوەو ساغکراوە بوو کە، ئەو ھێزەی سروشتێکی ( ئەسڵ و جەوھەر)ی بە شتێک دەدات، بە بوونێک، بە مانایەک، بە ئاستێکی میتافیزیکی و ئۆنتۆلۆژی دۆخی وەستاو جێگیرو بەردەوامی شتەکان، بۆمان ڕوونبووەوە کە ناونان و ناولێنان و تەعریفکردنی ھەمیشەیی بوون و دۆخی شتەکان وەک پرسێکی ھەمیشەیی کاری ئیدیۆلۆژیاو دۆگم و نەزمی مەعریفەیەکی میتافیزیکییە، واتە کاری ناولێنان و ناونان و شوێن و پێگە دیاریکردنی شتەکان و نەزم و دۆخی شتەکان وەک ھەبوویەکی ئەبەدی و سەردەمی بە ڕوو دەخرێن، واتە زانیمان لە پشتی ناولێنان و تەعریف و پێناسەو دیاریکردن و تایبەتمەندکردنەکانەوە، ھێز ھەیە نەک ماھییەت و جەوھەرێک، ھێزو پەیوەندی ھێزەکان ھەیە، ستراتیژی ھەیمەنەکردن و زاڵبوونی ھێز ھەیە لە ناو ململانێ و بەرکەوتنی ھێزەکاندا، ئەو کات دەبێت بزانین ماناو پۆلبەندی و چینبەندییەکان لە کێوە دێن. ئێمە دەزانین شت لە خۆیدا بوونی نییە، ئەوەی ھەیە ماھییەت و جەوھەربەخشینە بە شتەکان لە لایەن ھێزەکانەوە، بە تایبەت چ ھێزێک زاڵ و باڵادەستبوو، دەبێت بە گوتاری ناونان لە شت و پەیوەندییەکان. واتە ھێزێکی زاڵ، لە ناو کۆنتێکست و ھەلومەرج و ڕێوشوێن و پرۆسێسیوسی تایبەتدا تەعریفی شتەکان و بوون و پەیوەندییەکانیش دەکات، نەک تەنیا پێناسەکردن و تایبەتمەندکردن و سروشت پێبەخشین، بەڵکو ئەو ھێزە زاڵ و باڵادەستە کاری خولقاندن و پێکھێنانی ھەلومەرجێکە تا بتوانرێت ماناو تەعریفەکان لە خوارەوە ویستی بۆ دروستبکرێت، دۆخێک کە وەک ناچاری و پەیوەندی دەرکەوێت، دۆخێک کە زالبوون و تەفسیرو ڕاڤەی گوتاری خۆی بکات بە حەتمییەت و جەبر، واتە کاری ھێز و دەسەلاتەکان تەنیا ناونان و ناولێنان و بەرھەمھێنانی ئاستەکانی مانا نییە، بەڵکو خولقاندنی ھەلومەرج و ڕێوشوێن و مۆڕاڵ و زیھنییەت قەبوڵکردنی ماناو تەعریف و تەعریفکراوەکانە وەک ماناو ئاستێکی ئەبەدی، وەک جەبرو ناچاری و پێویستی و قەدەر. ئەو ھێزانەی شەرعییەت لە جەوھەرو ماھییەت و کرۆکخوازییەوە وەردەگرن لە گوتارێکی تیۆلۆژییەوە دەست پێدەکات، لە ناو گوتاری زانستە مرۆیی و تەنانەت کۆمەڵایەتییەکانیشدایە. لەناو سۆسیۆلۆژیا، سایکۆلۆژیا، دەروونشیکاری، پزیشکی دەروونی، ئابووری، زمانناسی و زمان و زمانەوانیدایە، لە ناو یاساو زانستە سیاسییەکاندایە. واتە تەواوی زانستەکان لە ناو پراتیکە گوتارییەکاندان. دەتوانین بڵێی : میکانیزم و ئامرازێکی ئیدیۆلۆژی زانست بوونی ھەیە وەک پراتیکی گوتاری کاراو پتەو لە نێوان پراتیکەکانی دیکەدا. تەواوی مەیدانەکان لە ناو پراتیک و مومارەسە گوتارییەکاندا، کە ( کێیەک) لە پشتەوەیە، لە ناو ستراتیژی ھەیمەنەکردن و زاڵبووندا، ھەم ماناو ھەمیش دۆخی قەبوڵکردن و زاڵکردنی مانای بەرھەمھێنراو دەسەپێنێت، بە زۆر نا، بەڵکو وەک زەرورەت و ناچاری و پێویست وەردەگیرێت، وا دەکات لە خوارەوە شەرعییەت و خواست و سروتی قەبەڵکردنیش بخولقێنێت.

سوریالزم ؛ سلڤادۆر دالی ؛ منداڵیکی جیۆپۆلیتیکی چاودێری لەدایکبوونی پیاوێکی نوێ دەکات. ١٩٤٣
سوریالزم ؛ سلڤادۆر دالی ؛ منداڵیکی جیۆپۆلیتیکی چاودێری لەدایکبوونی پیاوێکی نوێ دەکات. ١٩٤٣

٤

جەوھەرو ئەسڵێک بوونی نییە، ئەوەی ھەیە ناولێنراوێکی سەپێنراو زاڵە. بەڵام ئەی ماناکان و ئاستە دەلالییەکانی بوونی شتێک لە کوێوە دێت ؟ جەوھەرو ماھییەت و کرۆکێک بوونی نییەو گەمەو یاریکردنی ھێزەکانە. ململانێ و بەریەککەوتن و لێکخشانی تووندو زبری ھێزو دەسەڵاتەکان بوونیان ھەیە، ستراتیژی زاڵبوون و ھەیمەنەکردن و باڵادەستبوون بوونی ھەیە، سەرمایەو کاپیتاڵ و شەرعییەت بوونی ھەیە، ئەوەی دمێنێتەوە بەرزونزمی ھێزو دەسەڵاتێکە بە سەر ھێزو دەسەڵاتێکی دیکەدا تا ماناو دەلالەتی خولقێنراوێنراوی خۆی کە لە ناو پەیوەندی دەسەڵات و ھێزەکاندا، ئیرادەی ھێزێکی سەرکەوتووی ھێزو دەسەڵدەیسەپێنێت. ھێزێک بە سەرکەوتنی بەسەر ھێزێکی دیکەدا کارو گەمەو یارییەکەی تەواو نابێت، دەبێت بزانین بە کۆتا نەھاتووە، بێپایان ھێز ھەیە، ھێزو دەسەڵات لە ھەموو شوێنێکە، ململانێ و بەریەککەوتن بە ئیمانانسی لە ھەموو شوێنێکە لە خوارەوە نەک لە سەرەوە. بەمشێوەیە ململانێ و کێشمەکێشی ھێزەکان بێپایان و کۆتا نەھاتووە، بەرھەمھێنان و پیشەسازی ماناو خولقاندنی ھەموو شتێک لە ناو کێشمەکێش و ململانێی دەسەڵات و ھێزەکاندا بە کۆتانایەت، لێرەدا ئێمەی مرۆڤ بەرھەمھێنراوی ناو پیشەسازی و بەرھەمھێنانی ھێز و دەسەڵاتی باڵاو باو و زاڵین.

من و تۆ جەوھەرو ماھییەتێکمان نییە، تەنیا فۆرمی دەرکەوتنی ئیرادەو ویست و توانای ھێزو دەسەڵاتی زاڵکراو و زاڵبووین، من و تۆ، ئیحساس و زەوق و ئیستاتیکاو جوانیناسی و مۆراڵ و پەیوەندی و دیدگاو سەرنج و ئیدیاکان و مەعریفەو زانینمان بەرھەم و پێدراوی ئیرادەی ھێزی زاڵ و باڵادەست و ھەژموونکارە، بوونێک نامێنێت بە ناوی بێلایەنی و بکەری ئازادو ئەکتی ئازاد و ستراتیژی خەون بینین، خەون و خەیاڵیشمان بۆ خولقێنراوە، بژاردەکان پێشوەخت ھێزو دەسەڵاتی زاڵ بۆی ھەڵبژاردووین.

بەمشێوەیە دەبێت تا ھێزێکی دیکە سەردەکەوێت و زاڵ دەبێت و بە فۆرمی دیکە ماناو دۆخی شت و بوونی شتەکانمان بۆ بەرھەمدەھێنێتەوەو دەچینە ژێر باری ێەو ھێزەو ئیرادەی ئەو ھێزەو بووکەشووشەی دەستی ئەو ھێزە. ئەوی لە پەیوەندیداو لەناو پەیوەندی و ھاوسەنگی و پارسەنگی و نا ھاوسەنگی لە گەڵ ھێزێکی دیکە خۆی و ماناو سەرمایەو شەرعییەت و حیکایەت و چیرۆکی خۆی دەخولقێنێت.

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.