ئۆفیلیا


Loading

ناتوانم گوێ بۆ شۆفێری ئەم تاکسییە ڕادێرم
کە بێپەروا باسی شۆڕشم بۆ دەکات و
پێیوایە: شۆڕش دەتوانێت ژیانمان چاک بکات.

گرافیک؛  گونتەر گراس / ماسی بووت و ژن
گرافیک؛ گونتەر گراس / ماسی بووت و ژن

من لە شۆڕش تێنەگەیشتووم و
کاتی ئەوەشم نییە.

حەزەکەم لە تاکسییەکە دابەزمە قەراغی شۆستەکە
وەک منداڵێکی ئەفریقی سەرم بخەمە ناو ھەردوو دەستم و
تێر بگریم
فرمێسەکانم ببنە ھەرمێ
بە شەقامەکەدا گلۆر ببنەوە
وەک قەرەجێکی دڵشکاو بەنێوان سەیارەکاندا بڕۆم و
تێر بگریم
فرمێسکەکانم ببنە شوشە عەتر
لەسەر شەقامەکە بشکێن.

بە قسەکانی شۆفێرەکەدا ئەو شەوەم بیردەکەوێتەوە
کە لەبەر پێمدا چوویتە سەر ئەژنۆکانت
زمانت خستە بەینی پەنجەکانی دەستمەوە
لە تاریکییەکەدا سەرێکت بۆ ھەڵبڕیم
بریسکەی خەنجەرێکم لە چاوەکانتدا بینی
ئازارێکی باریک کەوتە کاسەی سەرمەوە.
ئەو شەوەم بیر دەکەوێتەوە
کە خۆت ھاویشتە باوەشمەوە و
گوتت: برینەکانت لە جەستەمدا ھەڵدەگرم
لەو کاتەدا درۆیەک ھەوای ژوورەکەی پیس کرد
لەنگییەک کەوتە قوڵایی بوونمەوە
لە تاو ئازار برینەکانم داگیرسان.

شەوەکانی قسەکردنم بیردەکەوێتەوە
لە دووریی دوو شارەوە
تا بەیانی لەسەر دەستم بوویت
ڕۆژەکانی پێکەوەبوون
لە کافتریاکەدا دادەنیشتین
حەزت دەکرد بڕژێمە ناوتەوە.

دەزانم تۆ لە بیرت کردووە
نانخواردنی نیوەڕۆکە
پیاسەی کۆڵانە باریکەکە
پاڵکەوتنی بەر ھەتاوەکە
ئەو شەوەی مانگ لە تەڕایی چاوەکانتدا دیاربوو
ئەو ڕۆژەی حەزم دەکرد لە باوەشتدا بمرم.

لە بیرت کردووە
ماچکردنی ناو حەمامەکە
بۆنی شامپۆ و سابوونەکە
پێکەوە وەستانی بەردەم دووشەکە
کەفی ھەڵچوی سەر جلشۆرەکە
ھەردووکمان کە نوقمی ئارەقەبووین
بە ھەناسە سوارییەوە دەمانگوت:
دونیا یەعنی ئەم ساتەوەختە.

ئەو خاولییە سپییەت لە بیرکردووە

سکلپتوری ژن / سۆلۆ گیۆڤانی
سکلپتوری ژن / سۆلۆ گیۆڤانی

کە لە ئامێزیگرتبووین
ئەو نوێنە سەوز و سورانەی
کە لە گەرمی ئێمە وەڕس ببون.

گریانەکان
بزە و
خەمەکان
شەڕەکان
باران و
پیاسەکان
ھەموویانت لە بیرکردووە.

لە بیرت کردووە
کە من لە ناو تۆوە ھاتمەوە ناو ژیان
لە بیرت کردووە
کە تۆ بەخوێنی من برینەکانت سارێژبوون.

لە جامی تاکسییەکەوە سەیری دەرەوە دەکەم
دونیا لەبەرچاوم شین.. شین دەنوێنێت
شۆفێرەکە پێ بە بەنزیندا دەنێت و
پێداگیریی لەسەر بۆچوونەکانی دەکات
منیش زیاتر دڵم تەنگ دەبێت و
بە نەشازی دونیا و
ئەم ژیانە سکرابەم ھێڵنجم دێت.

نینۆکە درێژەکانتم بیردەکەوێتەوە
بە ناو مووەکانی سەر سنگمدا دەتگەڕاندن
ئەو دەمەی خۆت بەسەرمدا دەدا و پێت دەگوتم:
ژیان لە دەرەوەی ئەم عیشقەمان وێرانەیە.

جانتا سورەکەتم بیردەکەوێتەوە
ئاوەدانبوو بە مت و موروی ڕەنگا و ڕەنگ
ھەریەکەیان ئاماژەبوون بۆ ژووانێک
مانگ لە جانتاکەی تۆوە دەردەکەوت
لە قژتدا ئاوادەبوو.

گوڵە یەخەکەتم بیردەکەوێتەوە
بۆنی نیلۆڤەری دەپرژان بە ژوورەکەمدا
دەمی پڕ دەکردم لە تامی ژیان
ھەوای ماڵەکەمی سورھەڵدەگەڕاند.
نقێمە وردەکەی سەر گۆنات
دڵی تاریکمی ڕووناک دەکردەوە
لەبەر جلیوەیدا بێدەنگ دادەنیشتم
تاکو چاوانمی سەرڕێژدەکرد لە بریقە.

تامی مەمکەکانت
تامێک بوو، وەکو شەربەتی گێلاس
بۆنی جەستەت
بۆنێک بوو، وەکو شەرابی سپی
درەوشانەوەی ناوکت
درەوشانەوەیەک بوو، وەکو دەنکە ھەنارێک
لەبەر تیشکی خۆری ئێوارەدا.

لیکی دەمت
کە لەسەرم دەبوویت
دەتکایە ناو دەممەوە
ھەر بۆ ئەوەی نەخنکێم و
بڕێکیتر بەرگەی وشکەساڵی بگرم
زۆرجار بیری لێدەکەمەوە.

پێیەکانت
پاوانەکانت
ھەنگاوەکانت
توڕەیی و
شێتی و
دڵقڕەقییەکانت
وەک ئەوانەی لە دەستمچوون
بیریان دەکەم.

چروتێک بە یادی لێوەکانت دەکێشم
بیر لە ژیانم دەکەمەوە
ھیچم نییە دڵم پێی خۆشبێت
ھیچم نییە لە پێناویدا بژیم
بزە دەمگرێت کە دەبینم
فرمێسکەکانم لە جامەکەوە دەکەونە سەر شەقامەکە
وەک ھەرمێ گلۆر دەبنە
وەک شوشە عەتر دەشکێن.

(دادەبەزمە سەر شەقامەکە.)

وەک ئەوەی جارێکی دیکە دونیا نەبینمەوە
بە دەستێکم ئارەقەی ماندووێتی دەسڕم
بە دەستەکەی دیکەم سڵاوێک لە ئاسمان دەکەم.

ماڵئاوایی لە شۆفێرەکە دەکەم
لە خۆری ئێوارانی زستان
لە بینینی کێڵگەی گوڵەبەڕۆژە
لە دەنگی ڕژانی ئەستێرە.

ماڵئاوایی لە شەربەتی سێو و
کافتریاکان دەکەم
لە ئاگری شەرابی سپی
لە سوتانی مۆمی مێو
لە تامی ھەنگوین و ڕەشکە
لە بۆنی گوڵە گەنم.

ماڵئاوایی لە دەستخستنە ناو ئاوی سارد و
کارێزی وەستا شەریف دەکەم
لە پیاسەی باخچەی گشتی
لە ڕۆیشتن بەدەم خەیاڵەوە
لە نەرمی لمی ڕۆخی دەریا
لە زبری توێکڵی کاڵەک.

(دەچمە قەراغی شۆستەکە)

وەک ئەوەی جارێکی دیکە دونیا نەبینمەوە
بەدەستێکم ئارەقەی ماندوێتی دەسڕم
بە دەستەکەی دیکەم سڵاوێک لە زەوی دەکەم.
(ھەنگاو دەنێمە سەر شۆستەکە)

ژیانە سکرابەکەم لەوێدا ڕادەگرم
ئەم شیعرەش لێرەدا دەوەستێنم.
جوونی٢٠١٤
ھەولێر/ سلێمانی