گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئاسووده‌یی

 59 جار خوێنراوه‌ته‌وه

 

 

١

هه‌ڵوێسته‌ نوێکانی به‌شێک له‌و ڕۆشنبیرانه‌ی که‌ له‌ ڕابوردوودا خاوه‌ن پرۆژه‌ی گرنگ بوون، پێویستی به‌ پێداچوونه‌وه‌ و هه‌ڵوێسته‌ کردنێکی جددی هه‌یه‌. چونکه‌ مه‌ترسی سه‌ره‌کی به‌ته‌نیا ئه‌وه‌ نییه‌، که‌ حیزبه‌کان و سیاسیه‌کان چۆن بێباکانه‌ چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بۆ بەرژەوەندی خۆیان به‌کار ده‌هێنن، بەڵکو به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ش مه‌ترسیداره‌ کاتێک ڕۆشنبیران ده‌که‌ونه‌ ناو یاریه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌.

له‌ کاتێکی پڕ له‌ شپرزه‌یی وه‌ک ئێستای ئه‌و کایه‌ رۆشنبیری و سیاسیه‌ی ئێمه‌دا، سیاسیه‌کان به‌مه‌به‌ستی له‌بارکردنی زۆرترین زه‌مینه‌ بۆ کۆنترۆڵکردنی ئه‌و شتومه‌کانه‌ی خۆیان، که‌ ئێمه‌ پێیانده‌ڵێین کۆمه‌ڵگه‌، هه‌موو ئه‌زمونێکی دیموکراسی و نادیموکراسی تاقیده‌که‌نه‌وه‌. ئەمەش بۆ ئەوەی زۆرترین شه‌رعیه‌ت به‌ قامچیه‌کانی خۆیان بده‌ن بۆ ڕامکردنی په‌نهانترین جیهانه‌کانی تاک وه‌ک بوویه‌کی ده‌سته‌مۆکراو. ڕۆشنبیرانیش زۆرترین نوسینه‌کانی خۆیان، که‌ده‌ره‌نجامی خوێندنه‌وه‌ و ڕاڤه‌  و ڕامانه‌کانیانه‌، دەخەنە پێناو ئەو سیاسیانەوە کە هیچ ئومێدێک لە کارو پرۆژەکانیاندا نادۆزیتەوە بۆ ئایندە.

ناجی العلی – توژه‌ڵه‌ ؛ من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم !

کاری ئەو ڕۆشنبیرو نوسەرو هونەرمەندە حیزبیانە، ئەوەندە سادەو لاوەکی نییە وەك ئەوەی دەبینرێت، یان خۆیان پێیانخۆشە نیشانی بدەن. بەڵکو زۆر کاریگەرە. لە مێژووی دوورو نزیکی حیزبەکاندا هەمیشە بینیومانە، ڕۆشنبیرەکان ڕێنیشاندەر و دەستپێشخەر بوون بۆ دروستکردنی کاریزماکان. ئەو کاریزمایانەی لەئەنجامدا بوونەتە میرو ئاغا و دیکتاتۆرو هەمیشەش تێکڕای دەستکەوت و قوربانیەکانیان خستۆتە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیان و خانەوادەو بنەماڵەکانیانەوە. هەمیشە بە بڕیارە تاکەکەسیەکانیان گەورەترین زیانیان بە بوونی مرۆڤی ئێمە گەیاندووە.

کارەساتەکە ئەوەیە، ئەم هاوڕێ ڕۆشنبیرانە، وەك سیاسیەکان، هەرگیز وانە لە ئەزموونەکانی پێشخۆیان و دەوروبەریان نابینن. سەرەتا کە دەچێتە لای “سەرۆك” یان “ڕابەر” پێیوایە کە توانای دەستکاریکردنی نەخشەی بیرکردنەوەکانی ئەوی هەیە، دەتوانێت پرۆژەکانی خۆی تێکەڵ بە پرۆژەکانی حیزب بکات و خەونە شاعیریانەکەی خۆی و هاوڕێکانیشی لەڕێگەی سەرۆکەوە بێنێتە دی. بەڵام هەمیشە ئەو ڕۆشنبیرانە بوونەتە بەشێك لە پرۆژەکانی سەرۆك و لەو پێناوەدا، نەك قوربانییان بە خەونەکانی خۆیان و هاوڕێکانیشیان داوە، بەڵکو بوونەتە پایەیەکی سەرەکیش بۆ گەشەکردنی دیکتاتۆر.  زۆر جار بەناوی بێلایەنیەوە، گەورەترین گورزیان لە هەر پرۆژەیەکی سەربەخۆ وەشاندووە. بەناوی ئامانجەکانی شۆڕش و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و سەروەری نیشتمانی و ترس لە پیلانی دوژمنان و…هتد دژی هەر دەنگێك کاریانکردووە کە ڕەخنەی بنەڕەتی لە سیستەم دەگرێت.

بۆ ئەوان، باڵێکی خلیسکاوی ناو دەسەڵات لە هەر پرۆژەیەکی دەرەوەی ئەو باشترە. ڕازیکردنی دڵی ڕەوتە ئیسلامیەکانیان بەلاوە گرنگترە لە گوێگرتن لە گەنجێك کە تا ئاستی نەفرەت لە هەموان بێزار و ناڕازیە، کە دەستبەرداربوون و گەڕیدەبوونی ناو سنوورەکانی پێ شیاوترە لە ژیانێکی سەرشۆڕانەی بێمانا.  ئەو ڕەوتە ئیسلامیانەی، کە قوربانییان بە هەموو بەها مرۆڤایەتیەکانیان داوە بۆ بەرژەوەندیە تایبەتی و سیاسیەکانی خۆیان. ئەو ڕەوتە ئیسلامیانەی کە هەر ئەوەندەی دەرفەتێکیان بۆ ڕەخسا، دەنگێکی ئازاد تیرۆر دەکەن. کە لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیان و حیزبە دەسەڵاتدارەکاندا، کۆمەڵگا لە تاریکی و بێئاسۆیی و نائومێدی و نەخوێندەواریدا نغرۆ دەکەن.

 

 

٢

 

هەرچەندە دواکەوتنی مووچە سووکاتیکردنێکی ڕاستەوخۆیە بە ئیرادەو ژیانی یەك بە یەکی کۆمەڵگەی ئێمە، بەوانەشەوە کە مووچەخۆر نین، بەڵام مژدەی گەیشتنی مووچە سووکایەتیپێکردنێکی زۆر لەوە ڕوخێنەرترو کارەسات ئامێزترە . ئەو برادەرە لووتبەرزانەی کە لەو بانەوە فەرمانڕەوایی دەکەن، بچوککردنەوە و لووتشکاندنی هاوڵاتیانیان کردۆتە ئامانجێکی سەرەکی، چونکە ئەوە تەنیا ڕێگایانە بۆ درێژەدان بەو دەسەڵاتە نا مرۆڤانەییەی خۆیان. ئەوان بەوەوە ناوەستن کە بێشەرمانە و بەبەرچاوی هەموانەوە دزی لە پارووی سەرجەم منداڵان و هاوڵاتیانی ئەم دەڤەرە دەکەن، هەڵیشدەکوتنە سەر کارەکتەر و بوونی تێکڕای تاکەکان و ڕۆژانە بیریاندەخەنەوە کە لەم نیشتمانەدا لە کۆیلەو کۆتکراو زیاتر نین.

 

توژەڵە؛ نوسینەکەی ئەمڕۆتم خوێندەوە لەبارەی دیموکراسیەت! دەستخۆش ، بەڵام ئیشتا چی دەنوسیت .  نوسەر: وەسیەتەکەم !   –  كاریكاتێرستی كوژراو (ناجی العلی)

 

ئەم دەسەڵاتە فاشیستە، زۆرترین توانای خۆی لە ڕامکردنی تاکەکاندا بەکاربردووە. بۆ ئەمەش، پەنای بۆ هەموو شێوازەکانی سیخوڕی و سەرکوتکردن و تیرۆر بردووە. جگە لەوەی لەشکرێکی بەربادی میدیایی پێکهێناوە تا چاوبەستراوانە داکۆکی لە حیزب و فەرماندەو سەرۆکەکانی بکەن. تا خیانەتەکانیانمان بە نرخی دەستکەوت و خەبات پێبفرۆشنەوە، تا سەرلێشێواندنێك بنێنەوە کەس نەتوانێت بگاتە کرۆکی ڕاستیەکان. بۆ ئەمەش جگە لەو هەموو کەناڵ و پرێس و لینکانەی بەناوی حیزب و حکومەت و بێلایەنەوە دەستگیرۆیی دەکرێن، سیاسەتی کارکردنیان بۆ دا دەڕێژرێت و لە کاروانی کۆیلەکردنی کۆمەڵگەدا ئەرکی گرنگیان پێدەسپێردرێت؛ ئێستا ئەوەشی هاتۆتە سەر کە ئەندامەکانی خۆیان بەرداوەتە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و لەوێش هەمان ئاژاوەیان ناوەتەوە. ئەو ئەندامە بەڕێزانەش، وەك ئەوەی ڕۆژێك لە ڕۆژان، نەك بەهای کۆمەڵایەتی، بەڵکو بەهایەکیان بۆ خودی خۆشیان نەبووبێت، بێباکانە درێژە بەو یاریە دەدەن. ڕۆژانە دەیانبینیت بە چەندین شێوە ماکیاژی خیانەت و گەندەڵیەکان دەکەن و خۆیان قوربانی سەرۆك و سەرکردە حیزبیەکانیان دەکەن، لەو لاشەوە هێرشدەکەنە سەر هەر دەنگێك کە بە ئاوازەکەی ئەوان نایژەنێت. ئەم کارەش بە زمانێکی ئەقڵانی و ڕەخنەگرانە نا، بەڵکو بە زمانێکی زبر کە تا ئاستی هۆنینەوەی جنێونامە پەلدەهاوێت، وەك ئەوەی ئەو بڕە پارەیەی لە بەرامبەر کۆمێنت و پیاهەڵدان و هێرشەکاندا وەریدەگرن، بە نانەوەی زۆرترین ئاژاوەی لاوەکی بپێورێت. دەست ئاوەڵاکردنی ئەو هەموو چالاکانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانداو بوونی ئەو هەموو دەزگایانەی ڕاگەیاندن، جگە لەوەی مانەوەی ئەوانی فەرمانڕەوا مسۆگەر دەکات، باشترین ڕێگەی گەیشتنیشە بە بچوکترین خانەی کۆمەڵایەتی. هەروەها ئاسانترین ڕێگایە بۆ سەرلێشواندن و لەبیربردنەوەی ڕووداو   و کارەساتە گەورەو سەرەکیەکانی ژیانی ئێمە. ئەمە جگە لە هەزاران ڕێکخراوی بەناو مەدەنی و حیزبی کە لەژێر چەندین ناوی جیا جیادا ئەرکی بەرپا کردنی کەرنەڤاڵەکانیان گرتۆتە ئەستۆ، کەرنەڤاڵی گردبوونەوە بێبەرهەمەکانی وەك داکۆکی لە ژنان و ڕۆژنامە نوسان و بەدواداچوونی دۆسیەکانی تیرۆرو پێشێلکاریەکان و چەندین ناوی گرنگیتر. ئەمانە نەك بەو ئەرکەی خۆیان هەڵناستن و نایگەیەننە ئەنجام، بەڵکو لە کۆتاییدا لە چوارچێوەی ئاهەنگ و کەرنەڤاڵەکاندا، ڕوداوەکە لە بارگەکانی خۆی بەتاڵ دەکەنەوە. بەمەش ڕووداوە بارگە لێداماڵراوەکە، تەنیا بۆ ماوەیەکی کەم لەیادەوەریدا دەمێنێتەوەو هیچ کاریگەریەکی لەدوا بەجێنامێنێت. لە باشترین حاڵەتدا، ڕەنگە تا چەند ساڵێك مەراسیمی یادکردنەوەی بۆ بگیرێت و ئیتر وەك بەسەرچوویەك، وەك جەستەیەکی بێگیان، وەك مردوویەك هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکرێت.

 

٣

    ئەرکێکیتر کە ئەم دەسەڵاتە فاشیستە خستوێتیە ئەستۆی ئەو لەشکرەی میدیا، بریتیە لە داماڵینی مانا لەچەمك و زاراوە گرنگەکان، دابەزاندنی ئاستی گفتوگۆ و لێوردبوونەوەکان، بەڕووکەشکردنی بینینی دیاردەکان. بۆ ئەم مەبەستەش سوودی لە نزمترین شێوازەکانی گوزارشتکردن و نوسین بینیوە، چەندین بۆشایی فیکری و تێزی ناڕۆشن دەکاتە دیاردەی گرنگ و، سەرجەم کەناڵە میدیاییەکانی پێوە سەرقاڵ دەکات. چەندین ڕۆشنبیری کردۆتە لێبووك و بە نرخی داهێنان بە کۆمەڵگەیان دەفرۆشێت. لە بەرامبەریشدا چەندین سایکۆپاتت هەیە کە چێژ لە بینینی ئەو ڕۆڵە وەردەگرن، چونکە جگە لەوەی ئاسانترین ڕێگایە بۆ ناوبانگ، ئاسانترین شێوازی دابینکردنی بژێویشە.

ئەو بەڕێزانەی ئەو ڕۆڵە وەردەگرن، تەنها بەوەوە ناوەستن، بەباشترین شێوە داخوازی سەردارەکانیان جێبەجێ بکەن، بەڵکو داهێنانەکانی خۆشیانی تێکەڵ دەکەن. بەمەش تا ئاستی ئاوێتە بوون لەگەڵ کارەکتەرە لێبووکئاساکەیاندا دەڕۆن و دەیانەوێت درۆکانمان بە هەقیقەت پێبگۆڕنەوە. کە دەیانبینیت، پێتخۆشە بڕوا بهێنیت کە ئەوانە گێلن، کەچی وەك تلیاك تێکەڵ بەمولوولە خوێنەکانی جەستەی کۆمەڵایەتیمان دەبن ، بە باشترین شێوە گەراکانیان لەو جەستەیەدا دادەنێن. بەجۆرێك ئەگەر لە ئان و ساتی خۆیشیدا کاریگەریەکانی نەبینرێت، ئەوا بێگومان لە ئایندەیەکی نزیکدا نیشانەکانی دەردەکەون. چونکە ڕمەکانیان ڕێك بە ئاراستەی فەنتازیا و خەیاڵی لاوان و گەنجان دەهاون، ئەو ڕمانەی برەو بە ئاژاوەکانی بیرکرنەوەو سەرلێشێواندن دەدەن، تا لە ئەنجامدا یان بیانکەنە ملکەچێکی بێمێشکی دەسەڵاتە بێبەزەییەکانی ئەوان، یان ببنە موریدێکی نابینای ئیسلام و گرووپە ئیسلامیەکان.

بەمەش جگە لەوەی مانایەك بۆ ئازادی و دادپەروەری و مافی تاك و هەڵبژاردن ناهێڵنەوە، هەر دەرفەتێکیش لەناو دەبەن ” ئەگەر هەبێت” بۆ شیکار و خوێندنەوەی قووڵی ژیان و بارودۆخەکان. ئەوان بە باشی ئەوە دەزانن ئەگەر بیرکردنەوە لە ڕووکەش تێپەڕێت، ئەگەر دیاردەکان هەڵکۆڵینیان لەسەر بکرێت و هەڵبوەشێنرێن و شیبکرێنەوە، ئەوا ئەو ژیانە شاهانەییەی ئەوان هەنگاوێك نزیکتر دەبێتەوە لە کۆتایی. بۆیە هەوڵدەدەن ڕێککەوتن لەگەڵ دوژمنترین و گێلترین مرۆڤەکاندا بکەن و بیانکەنە کاریزماو شیکاری بارودۆخەکانیان پێبنووسن. ئەو جۆرە لە شیکار کە تەنها خزمەت بە بەرژەوەندی دەسەڵاتداران دەکات.

ئەو جۆرە لە نوسین، کە ئەگەر ڕەخنە ئامێزیش بێت، ئەرکی سەرەکی ئەوەیە کە ڕەخنە بێبەها بکات. لە دووبارەکردنەوەی چەمکەکاندا بە چەندین شێوازی ناقۆڵا و بۆ چەندین جار و چەندین مەبەست، ژیان لە واتا قووڵەکانی چەمکەکان دادەماڵێت، دەیانکاتە بابەتی وتراوو کول و دووبارە. بەمەش ئەو زەمینەیە فراوان دەکات کە دیاردەکان تەنها لە ڕووکەشدا دەهێڵێتەوە، کە دەرفەتی پرسیار و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەبار دەبات. ئیتر دەبێت هەمووان بەیەك چاوو لەیەك گۆشەنیگاوە بڕواننە دونیا و ڕوداوو دیاردەکان، دەبێت هەمووان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتەوە ڕەخنەو خوێندنەوەکانیان دابڕێژن.