ڕۆشنبیر و پاساوهێنانەوە بۆ توندوتیژی

گەر بەو لۆژیکە قسەبکەین کە نابێت ڕەخنەی ئیسلام و مرۆڤی ئیسلامی و ئایینیی بکەین چونکە دەبنە پەڕگیر، دەبنە بکوژ و خۆکوژ، بەومانایەی هەموو ڕووبەر و سپەیسەکانی ڕادەربڕین و بەرگری لەخۆکردنیان لێ دەگرین، کەواتە زۆر هەڵەیە و نابێت ڕەخنەی پارتی و یەکێتییش بکەین کاتێک سنورەکانمان دەبەزێنێنن و مافەکانمان زەوتدەکەن! بۆچی؟ چونکە هار و برینداریان دەکەین و موقەدەسەکانیان دەشکێنین، واتە ئێمە ناچاریان دەکەین پەنابەرنە بەر لادان و

ئینحیراف (بۆ نمونە وەک عەلی حەمەساڵح لە پەرلەماندا لەسەر بەرزانی پیرۆزکراوی خەیاڵی ئەوی پارتی خۆ بەزۆرینەزان، بەرزانیی سەرکردە و مەعشوق و سەرچاوەی ئیرۆسەکەی، بەرشەقمان بدەن)، لەسەر درکاندنی نهێنیەکانی تەندروستیی تاڵەبانی تیرۆرمان بکەن، لە سەر و قاچمان بدەن و ناومان بزڕێننن، یان لەسەر ئاستە بەرینەکەی گۆڕەپانی سیاسی، بچن لەدژی یەک، ئێران و تورکیامان بۆ بهێنن: خیانەت بکەن!

ئەگەر ئەمە تێگەیشتنی سۆسیۆلۆژیانە بێت بۆ ململانێ و ڕێکخستنی، بۆ ڕەخنەکردنی پرنسیپپ و دۆگمی ئایدیۆلۆژی و ئایینی، ئەوا دیارە لەقەیرانێکی قوڵدا دەژین کە قەیرانی ڕادیکالیزمە، قەیرانی مۆراڵە، قەیرانی ڕەخنەی بوێر و چالاکە لە جومگە سەرەکیەکانی گەندەڵی و دواکەوتوویی، وەکچۆن جۆرێکیشە لە حەزی قەیراندروستکردن وەک میکانیزمێک بۆ مانەوە لەسەر کورسی و لەناو گۆڕەپانەکەدا.

د. عادل باخەوان ؛  بەرەو پۆست ئیسلامیزم / لەدیداڕیکیدا لەخاک تی ڤی.
د. عادل باخەوان ؛ بەرەو پۆست ئیسلامیزم / لەدیدارێکیدا لەخاک تی ڤی.

مەترسی ئەم لۆژیکە لەوەدایە کە لە نەستی خۆیدا و بێئەوەی بە خۆی بزانێت، ڕەوایەتی بە خۆگێلکردن و گەوجاندن و نەفامکردن، هاوکات ڕەوایەتی بە توندوتیژی و قبوڵکردنی بەبێ لێپرسینەوە، دەدات. تۆ لە پارتی بپرسە بۆ ٣١ ئابت کرد؟ دەڵێت پیلانێک هەبوو بۆ لەناوبردنم (هەرێمیی)، بە ینک بڵێ بۆ پاسدارت هێنا؟ دەڵێت لە دوو لاوە گەمارۆدرابووم، ویستم باڵانسی هێز تەرازوو بکەمەوە، بە ئیسلامیەکیش بڵێ بۆ خۆت دەتەقێنیتەوە، بۆ پەنا بۆ توندوتیژی دەبەیت؟ دەڵێت دەیانەوێت بێئەخلاقم بکەن و نۆرمی بەرەڵایی و ئەوروپیم بەسەردا زاڵبکەن: قاندراوم بە بەدمۆراڵی و چەپەڵیی سێکۆلاریستەکان…. هتد!

گەر ئەم بیانووە پوچانەمان بۆ توندڕەویی قبوڵکرد، وابزانم هیچ بنەمایەکی ئاکاری شایستە بە ژیان خۆی لەنێوانماندا بۆ پێکەوەژیان نامێنێتەوە و دەبێت هەمیشە دەستمان لەسەر دڵمان بێت کە ئەم هەموو نەخۆشە (بۆردەرلاینە) بێحەواس و بێحەوسەڵە و فۆبیکانە، ئەو هەموو هەستناسکە رۆمانسی و دڵڕەنجاوە خێراشکاوە، زویرنەکەین.

ئەم تێزە ئولیڤیە ڕواییە بۆ ئیسلامی سیاسی (واتە بێبەریکردنی موسوڵمان لە چالاکی سیاسی و ژینی شایستە بە مرۆڤ) لە کوردستان هەڵەیە، چونکە ئیسلامیەکان نە بێبەشن لە چالاکی و کاری سیاسی، نە بێ بودجە و پارە کراون لەئابووری پەرێشانی کوردستان، نە بێ دەسەڵاتیشن لەسەر ئاستی کۆمەڵگە. ئەو تێزە کاتێک ڕاستە کە تۆ موسوڵمانێک بێئیش بکەیت لەسەر موسوڵمانبوونی، لەسەر ئیسلامیبوونی پەکی بخەیت و سستی بکەیت وەک ئابووری، لەکاتێکدا خۆشگوزەرانی رەفاهی مرۆڤی ئایینی لە کوردستاندا لە ترۆپکی خۆیدایە، ئاماری ‌حەج و حاجیەکان ببینە، موسوڵمان بەلێشاو مزگەوت و خوێندنگە و مەعبەدی خۆی هەیە، کەم کتێب وەک قورئان کڵاشەدەکات لە ڕووبەرە کولتوریەکاندا، ئیسلام لە لەدایکبوونتەوە تا ناونانت و هاوسەرگیری و جیابوونەوە و مردنیشت هەر بەدواتەوەیە،

ئیسلام و ئایین لەجلەکانتان، لەزەخرەفەی دیوارەکانتان، لەفەرشە چنراوەکانتان، لە خواردن و کات و خەستەخانە و نەخۆشی دەروونی و بانگ و سەڵا و سروتەکانی جەژن و بۆنەکانتان….هتد، لەبنەڕەتەدا کەم توێژ هەیە وەک مرۆڤی ئایینی سپەیس و جوگرافیای لە کوردستاندا پێ بەخشرا بێت، یان ڕاستتر داگیری کردبێت. کەواتە کێشە هێرش نیە بۆ سەر ئیسلام، کێشە سنوردارکردنی و لەپەلوپۆخستنی پەخشبوونەوە و پەلهاویشتنی درمئاسایەنەیەتی بۆ ناو ژیانمان. ئەوەی کە پێی وایە قسەکردن لە دۆگمی ئایینی و هەڵماڵینی ڕووە مەترسیدارەکانی قیڕەقیڕ و ژاوەژاوی ئانارشیانەیە، یان دەیەوێت پاساو بداتە هەموو گوناهێک کە مرۆڤی دڕندە و توندڕەوی کوردی پراکسیسی دەکات، چ وەک ئایدیۆلۆژیا و چ وەک ئایین، یان بێئاگایە و بەمەبەست خۆی لە نێڵەنێڵی ئاگری نەزانیی ئایینیی دەخڵافێنێت.

ئیسلام و فانتازیە ئایننیەکانی خۆیان بەتاڵبوونەتەوە لە ئەفسوونی ڕاڤەکردنی دونیا، خۆیان تێزە و تیۆرەی کەموکورت و نوقسانن، خۆیان بەرگەی ئەم هەموو لێکنزیکییەی مرۆڤ و مرۆڤ لەیەکتری ناگرن. ئیسلام خۆیەتی پەکی کەوتووە لە تێگەیشتن لە مرۆڤی مۆدێرن، خۆیەتی چەقیوە لە تێگەیشتنی سەدەکانی ناوەڕاستدا بۆ سایکۆلۆژیا و جەستەی مرۆڤ، بۆ گەردوون و یەزدان و فیزیا و …. هتد، ئیدی بۆچی توندڕەویی ئەو بە ئەستۆی ڕەخنەکانی ئێمە بێت؟!

مەریوان وریا قانیع ؛ نامەوێت بەرگریی لەو دیدە بکەم کە نابێت دەستور باسی دینی تێدابێت، یان نابت دین ھیچ ڕۆڵێکی لە ژیانی سیاسیی و گشتییدا ھەبێت، من نزیکەی بیست ساڵە ڕەخنەی ئەم تێزە دەکەم و لەم ڕووەوە نووسینێکی زۆرم ھەیە...سەوابتەکانی ئیسلام /سپی میدیا
مەریوان وریا قانیع ؛ نامەوێت بەرگریی لەو دیدە بکەم کە نابێت دەستور باسی دینی تێدابێت، یان نابێت دین ھیچ ڕۆڵێکی لە ژیانی سیاسیی و گشتییدا ھەبێت، من نزیکەی بیست ساڵە ڕەخنەی ئەم تێزە دەکەم و لەم ڕووەوە نووسینێکی زۆرم ھەیە…سەوابتەکانی ئیسلام /سپی میدیا

کێشەی هەندێک ڕۆشنبیر لەوەدایە کە تێزەکانی ڕۆشنبیرانی خۆرئاوایی وەک خۆی هەڵدەدەنە گۆڕەپانی کوردییەوە بەبێئەوەی بیریان لەوە کردبێتەوە کە سەرچاوەکانی توندوتیژی مرۆڤ بەگشتی و مرۆڤی ئایینی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بەتەنها بەتاڵە و نەبوونی دارایی نیە وەک ئەو لێکدانەوە ئابووریەی بۆ تەشەنەسەندنی داعشیزم دەکرێت کە دەکرێت ڕاست بێت و بەشێکی قەیرانەکە بێت، کێشەی مرۆڤی ئایینی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا خۆ بە پیرۆززان و خۆ بە چەقزان و گرێی سەنتەریزمی پیرۆزانەی خۆیەتی، کێشەی نارسیزمێکی قيزەونە کە هەموومان بە نەزان دەزانێت و تەنها خۆی بە نێوانگری نێوان خوای گەورە و ئێمە جاهیلی بچوک دەزانێت.

دواجار یان ئەوەتا ئەو بیانووە زۆر مناڵانەیە لە توندوتیژیی تێکست و ڕەفتاری ئایینی دەسەنینەوە کە بەناوی شکاندنی پیرۆزیەکانیەوە، دەستمان بۆ دەبات، بوزمان پێوەدەکات، هوهامان لێدەکێشيت و داوای تەمێکردن و تەکفیرمان دەکات، یان با لەبنەڕەتەوە زاراوەکانی وەک توندوتیژی سیاسی و مۆراڵ و ململانێ و خیانەتیش لە زمانماندا بسڕینەوە و وەک مرۆڤی نابەرپرس، وەک پلاستیک و کۆتەرە دارێک بژین.

تایبەت بەکولتور مەفەزین
تایبەت بەکولتور مەفەزین

                                  تێبینی؛ فۆتۆ و کۆمێنتەکان لەلایەن کولتور مەگەزین دانراوە.