inen Geburtstagsgruß von Slavoj Žižek lesen Sie im Feuilleton der aktuellen ZEIT

چەند سەرنجێک لەبارەی فەلسەفەی سلۆتەردایکەوە

وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: بەکر عەلی

١. ڤۆلفگانگ ڕیم
هانز یورگەن هاینریکس: ئایا ئێوە لەوەدا تەبان، کەوا فەلسەفەی سلۆتەردایک فۆرمێکی گەشەکردووی زمانەوانییانەی تایبەتمەندی موزیکە؟

ڤۆلفگانگ ڕیم: ئەوە تاکە فۆرمێکی هاوچەرخە کە موزیکانە بیردەکاتەوە. بەڵام پێموانییە ئەوە بیرکردنەوەیەک بێت لەسەر خودی موزیک. بەڵام هەڵبەتە ئەوە بیرکردنەوەیەکە، کە خۆی وەک بیرکردنەوەیەکی موزیکانە پیشان دەدات.
هـ.ی. هاینریکس: ئەم داوایەی سلۆتەردایک چەندێک کارتان تێدەکات، هەموو ژیانێک لە((یەکەمین بیستن)) دا دەست پێ بکات و بەشادمانیشەوە وەکو هەڵهاتنەوەیەکی نوێی جیهان تەماشا بکرێت؟

ڤ. ڕیم: بیرکردنەوەی ئەو لە شادمانی و لە هەڵهاتنی جیهانەوە ئۆرکیسترا کراوە، کە منیش حەز دەکەم لەگەڵ خۆی بمبات.

هـ. ی. هاینریکس: هیچ بیستەرێک بڕوا بەوە ناکات کە لەسەر قەراغی جیهان دا نیشتەجێ بێت. بەڵکو ئەو هەمیشە لەنێوەڕاستی جیهان و لە هەڵهاتنی جیهاندایە.

ڤ. ڕیم: هیچ کەس ناتوانێت بەشێوەیەکی ئەرخەمیدیسیانە لە جیهان دەرپەڕێتە دەرەوە بۆئەوەی خۆی لە قولاپەکە بکاتەوە. تەنانەت ئەوەشی کە هیچ نابیستێت، لەدواجاردا شتێک هەر دەبیستێت، واتە هیچ دەبیستێت.
هـ.ی.هاینریکس: ئایا فەلسەفەی سلۆتەردایک کاریگەری هەیە لەسەر موزیک؟

ڤ. ڕیم: من هەمیشە پێموایە، ئەوەی کتێبەکانی سلۆتەردایک بخوینێتەوە، دەبێت لەهەمانکاتدا گوێگرێکی باشیش بێت، لەبەرئەوەی دەبێت ئەو جووڵە و ڕەوکردنانە بۆ خۆی بکاتەوە تاوەکو شوێن ئەو تێکستانە بکەوێت کە شوێن گواستنەوەیەکی سەنتەرییانە ناکەون، بەڵکو ئەو هەڵدێرانەی هەیە کە چەقێکی تری هەیە، چەقێک کە من بەو شتەی دادەنێم کە بەرەو موزیک دەڕوات.

هـ.ی. هاینریکس: ئایا موزیک تەوژمێکی شاراوەی ناو ئەم فەلسەفەیەیە؟

ڤ. ڕیم: وا دەردەکەوێت. بەڵام من ناتوانم ئەوە بپشکنم، لەبەرئەوەی من موزیک لە ئاستێکی ماتەریالییانەو جەوهەرییانەدا، واتە وەک شتێکی ئەفرێنەر دەژێنم و ئەویش لەسەر ئەمە شتێک ناڵێت. ئەو دەتوانێت بەو کەسەی دەیخوێنێتەوە و وەریدەگێڕێت شتێکی پێ بڵێت. کاتێک من ئەو دەخوێنمەوە وەرگێڕانێک چێ دەبێت، مەرجیش نییە پێی بزانم، بەڵام وەرگێڕانێک ڕوودەدات.

هـ. ی. هاینریکس: ئایا فەلسەفە ئەوەی پێدەکرێت کە موزیک دەیکات، واتە میزاجی مرۆڤ بگۆڕێت و، بیانبات بۆ هەرێمێکی تری رەوشی دەروونی؟
ڤ. ڕیم: من تەواو باوەڕم بەوە هەیە. میزاجدارەکە تێبینی ئەوە دەکات، کە لێرەدا بە شێوازی ئاوازی ئەو گۆرانییەکە دەگوترێت و دەژەنرێت و بیر دەکاتەوە.
هـ.ی.هاینریکس: سلۆتەردایک بەپێی ئەدگارەکانی خۆی کەسێکە خۆقەتیسکەر Oknophile، کێش قورس و گرێدراوی زەوییە، کاتێکیش ئەو لە جووڵەو گەشتدایە بەشێوەیەکیی Philobati ، ئەوا وەک کەسێک حەزی بە ڕۆشتنی فیکرییە و، وەک کەسێک کە لەفڕیندایە، توانیویەتی لەم نێوەندەدا جووڵە و شوێنەکان هەردووکیان بەشێوەیەکی هونەری پێکەوە گرێبداتەوە.
ڤ.ڕیم: بەڵی. هەروەها لای ئەو پێدەچێت شتێک نەبێت پێی بگوترێت نێوان. واتە لەنێوان ئەوەی ئێوە پێی دەڵێن ئۆکنۆفیل((حەز لە خۆقەتیس کردن)) و فیلۆباتی(( حەز لە جووڵەکردن))، لەبەرئەوەشی لەوانەیە لای ئەو نێوانێک نەبێت، ئەوا لای ئەو هەستی کات بوونی نییە. ئەو کاتێک دەڵێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەکی بەرچاو خۆی بەوەوە نابەستێتەوە.

هـ.ی.هاینریکس: لەبنەڕەتدا ئەو لەدەرەوە لەنگەری نەگرتووە، تەنانەت ئەگەر ئامادەبوونیشی وەهاش دەربکەوێت و لەو جۆرەدا گەلێک ئیشی تۆربەند کردووە. بۆیە لەوانەیە هەرلەبەرئەمەش بێت.
ڤ.ڕیم: لەڕووی ئەدگارەوە ئێمە لەیەک دەچین، بەڵام بە وزەکانمان تەواو لێک جوداین: ئەو لە سەریەوە تاوەکو شانەکانی قورسە، بیرکردنەوەکانی قورسن، بەڵام لەخوارتردا زۆر ئاسانە. بەڵام لای من ئاوەهایە: من لەسەرەوە تاوەکو سەر شانەکانم ئاسانم و، لە خوارترمەوە قورس دەبم.

978-3-446-23017-0_2112712234-55
پیتەر سڵۆتێردایک؛ هونەری فەلسەفاندن، لەنوسینی هانز یورگن هاینریخ ، دەزگای چاپی هەنازەری ئەڵمانی

٢. دورس گرونباین

هـ.ی. هاینریکس: با تێڕامانەکانمان کەمێک زیاتر شوێن نزیکایەتییە بنەڕەتییەکەی زانست و ئەدەب و موزیک بکەون و کەسیی تر و تایبەتمەندتریان بکەین. بەلای منەوە ئەوە هەمیشە نموونەی بڕوایەکی تایبەت بووە کە لەلایەن هەریەکە لە میشێل لایریس، ڤیکتۆر سێگالن، هوبەرت فیشتە، و هەروەها لە حاڵەتێکی وەک کلۆد لیڤی شتراوس لە بەرجەستەکردنی مرۆڤ لە شیعردا(( ئیتنۆپۆیسی))، سنوورە نەریتییەکان ببەزێنرێت و بەدوای زمانێکی نوێدا بگەڕێین، و خولیای زمانی موزیکایەتی و ئاواز بین. لە پەیوەست بە فیلمیشەوە، دەرهێنەرێکی وەک کلۆد سۆتێت دەڵێت، بەلای ئەوەوە فیلم بەپلەی یەکەم ڕەوتێکی موزیکایەتییە.
لەنێو فەلسەفەی هاوچەرخیشدا پیتەر سلۆتەردایک خۆی تەواو لە ئاوازە ئەکادیمییەکە دوورخستۆتەوە و فەلسەفاندنی کردۆتە تێپەڕاندنی فەلسەفە وەک سیستەم. ئێوە ئەمە چۆن دەبینن؟

دورس گرونباین: دێتەوە بیرم لە پێشنیوەڕۆیەکدا، کە هێشتا ئەڵمانیای خۆرهەڵات مابوو، لە ئیستگەی ڕادیۆی ئەڵمانیا وە گوێبیستی ئاهەنگی شاکارە فەلسەفییەکەی ڕەخنەی ئەقلی سینیزم ی سلۆتەردایک بووم. لەوێکاتەوە سلۆتەردایک مایەی بایەخی من بووە. من ستایشی بیرکردنەوەی ئەو دەکەم، لەبەرئەوەی ئەو ڕووناکییەی ئێمە هەردووکمانی تیادا دەجوڵیینەوە، من لەودا دەیبینمەوە.
ئەو فیلۆسۆفە و، کەچی میتافەرەکانی وەلا نەخستووە. بلومەنبێرگ بەشێوەی خۆی لێکۆڵینەوەی ئەمەی دەکرد، دیارە بۆ لێکۆڵینەوەش پێویست بە ڕێسای دروست دەکات. فەلسەفە قەرزارباری ئەدەبە بە میتافۆرۆلۆگی، ئەو ئەوەی بۆ ئەدەب میراتی کردووە، تاوەکو شتێک نەڵێت زەوتی بکات. ئەمە ئەو تێزەیەیە کە من هەمیشە دەیخەمەوە ڕوو.
دیارە ئەمەش لای بەرسوکراتییەکان دەستی پێکردبوو، وە دواتر و دواتر فەلسەفە ئیتر دەبێتە شتێکی تاکرەگەزی و هێگەمۆنیال. فەلسەفە زەوتی شیعریەت و دەسەڵاتی گوتنی کردووە، بەڵام هێشتا هەر خۆی تیادا بەشدار دەکاتەوە. کەواتە ئەمە پەیوەندییەکی مشەخۆرانەیە.
ئەوەبوو سەرەتا لە سەدەی ١٩ دا لەگەڵ نیتچەی ڕابەردا دۆزینەوەیەکی تر دەێتە ئاراوە کە خۆی لەو شوێنگانە نزیک دەخاتەوە. ئایا ئەمە مانای چی دەگەیەنێت؟
دۆلۆز ئەمەی گەیاندۆتە خاڵەکەی خۆی: پێکهاتەی ئەم دەرک پیکردنە، و کۆنسێپتەکانی پێکهاتەی ئیدیا پەتییەکان، لە دواجاردا بریتین لە سەروکاری فەلسەفە و زانستە ڕۆحییەکان، بەڵام لە سەرەتادا جوانیناسی و ئیستاتیک، وەک خۆنزیککردنەوە لە یەکتری، دەچنە نێو پەیوەندییەکی ئازادی ئاڵوگۆڕکردنەوە. کەواتە ئەوەی ئەو ماوە درێژە بینیمان، بریتی بووە لە جۆرێک لە ئیمپەریالیزمی فەلسەفی.
سلۆتەردایک سەربەوانەیە کە بەوە دەزانن و لەڕووی تیۆریشەوە بە پیتیان کردووە. ئەمەش شتێکە بە هیچ ناقەبڵێنرێت و، فەلسەفە تاوەکو ئەمڕۆ لەناو خوێندنگا ئەکادیمییەکاندا هیچ واتایەکی نەگەیاندووە. ئەوانە شاکارە پێشینەکانن، کە یەک دوو نەوەمان پێویست دەبێت تاوەکو دێن،. زۆرجاریش ئەمەمان بینیوە.

هـ.ی.هاینریکس: لە بری میتافۆرۆلۆگی، چونکە ئەمە بەپێی فەلسەفە جارێکی تر هەروەک سیستەم دەنگدەداتەوە، دەشێت لەبارەی فیکرێکی میتافۆرۆلۆگی کایەناسییەوە قسە بکرێت. ئەوسا دەشێت هێزی ئەو دینامیک و گۆڕانبوون و مۆرفۆلۆگییە لەبەرچاو بگیرێت. بیری سلۆتەردایک شتێکی موزیکایەتییە، بەو پێیەی ئەم بیرە وەک پرۆسێس و ڕەوتی گۆڕانکارییەک دەردەکەوێت. ئەو لەبارەی زمانەوە دەڵێت، زمان جیازییەک و دیارییەکی مەستیهێنی مرۆڤە . لێرەدا ئەو ئەم پەیوەندییە شادیهێنەی زمان دەبەستێتەوە بە نیتچە و باتای و هایدێگەرەوە.

د.گروینباین: لە فەلسەفەی خوێندنگەییدا پرسیار لە ڕەوایەتی ئەم جۆرە بیرکردنەوە پڕ میتافۆرۆلۆگییە دەکرێت و لەسەرووی ئەوەشەوە پرسیار لە ڕەوایەتی ئەم بونیادە موزیکییەی دەق دەکرێت. ئاوەهات بەسەردا دێت، ئەگەر ببیتە دژیاری دەزگا زانستییەکان.
دیارە شتەکان لەناو موزیک دا و لەناو فەلسەفەدا بەشێوەی جیاواز کەنالی خۆیان لێدەدەن. شتەکە بەردەوام بەم جۆرەیە کاتێک هەرسێ بەرگەکەی کایەکان دەخوێنیتەوە، وێنەیەکی سەرانسەریت پێدەدات، وێنایەکی بنەڕەتییانەی میتافۆری لەسەر شێوازی خڕۆکبوونی تەنەکان و زەوی و شوێنەکانیش. ئەمە هەر لەوە دەچێت کە لە سینفۆنییەکانی بیتهۆڤندایە.
بەڵام ئایا ئەمەش ناکرێت ببێتە بابەتی فێرکردنی خوێندنگەیی؟ ئایا ناکرێت هونەرمەندێک بێت و لێوەی پرۆژەیەکی وێنە و نیگارکردنی لێوەداڕێژێت؟ ئایا کاریگەرییەکەی چۆن دەبێت؟ بەداخەوە ئێمە ناتوانین ئەم پرسیارانە لە خۆمان بکەین.
هـ.ی.هاینریکس: ئایا ئێوە پێتان وایە سلۆتەردایک هەم وەک بیرمەند و هەم وەک نووسەر هێمایەکە بۆئەوە؟

د.گروینباین: سلۆتەردایک بۆ من بریتییە لە چرکەساتەکانی تیۆدۆر دۆیبلەر. سلۆتەردایک لۆگیسمی نوێ لە ئاوازێکی سرووتییانەوە دادەماڵیت.

٣.ڕودیگەر سافرانسکی

ڕودیگە سافرانسکی
ڕودیگە سافرانسکی

هـ.ی.هاینریکس: بەڕای ئێوە لەناو چەقی شێوازی فەلسەفەی سلۆتەردایک دا ئەوە چییە دەفەلسەفێنێت؟ بزوێنەری ئەم بیرکردنەوەیە چییە؟

ڕ.سافرانسکی: لە بیستەکانی سەدەی ڕابوردووەوە، کاتێک دەستکرا بە بیرکردنەوە لە شوێن، ئیتر ئەو بیرکردنەوە پڕاوپڕە بە ئەزموون و ئەو بیرکردنەوە تێرە ڕاستەقینەیە لەسەر ڕاستییە بنەڕەتییەکان دیار نەماوە، کەوا ئێمە لەناو ناوەڕۆکێکداین. ئەوەش دەردێکی تەواوی فەلسەفەیە، کەوا بەردەوام لەناوەڕۆکیدا خۆی توند چەسپاندووە بە شێمای سوبیەکت و ئۆبیەکتەوە، وەک ئەوەی وەها بێت ئێمە مرۆڤەکان و شتەکان هەروا بەرامبەر بەیەکتری دانێین و بەس. ئەم بیرۆکە بنەڕەتییەی لەناوەوەدا بوون، لەناو ئەتمۆسفێردابوون، لەناوکایەدابوون، لەناوپەیوەندیدابوون،لەناوخودادابوون( لەبواری ئایندا)، ئەم ڕوخسارە بنەڕەتییە لەناو فەلسەفەدا نادیاربووە. ئەوە سلۆتەردایک بوو دیسانەوە بە توندی هێنایەوە سەر شانۆ.

هـ.ی. هاینریکس: ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەش لە بنەڕەتەوە گرێدراوی پەیوەندییەکی چر و ئەفرێنەرانەیە بە زمانەوە.

ڕ.سافرانسکی: کاتێک سلۆتەردایک دەخوێنیتەوە یەکڕاست تێبینی ئەوە دەکەیت، ئەم سستی و زەلیلییە بۆچی هەبووە، وەسفکردنی ئەم ئەزموونە وردانەی لەناودابوون، ئەم ئەزموونە وردەی لەناو ئەتمۆسفێردا بەشداربوون، پێشمەرجێکی گەورەی هونەری وەسفکردنی گەرەکە، وەک لەو وەسفکردنەی لە جووڵەنەوەی بیرۆکەکاندا دەکرێت. لێرەوەیە بۆ پرۆژەیەکی لەم جۆرە وەستایەتییەکی زمانەوانی پێویستە، کە خۆشبەختانە سلۆتەردایک ئەو وەستایەتییەی هەیە. هەروەها دەشێت بڵێین، لەبەرئەوەی ئەو ئەم وەستایەتییە شک دەبات، ئەوا لەبەرئەمەیە ئەم پرسیارکردنانەی هەڵبژاردووە. هەندێکجار وێنەکانی زمان و میتافەرەکان دوورترمان دەبەن لەو شوێنەی کە بیرۆکەکان لەبنەڕەتدا ویستوویانە. سلۆتەردایک متمانەیەکی گەورەی بە زمان و بە وێنەکان هەیە.

هـ.ی.هاینریکس: شتە کراوەکە، ئاسۆکراوەکەی بیرکردنەوە و پەیوەندی تەنگ و نزیکی بەزمانەوە لەناو فەلسەفەی سلۆتەردایک دا: ئەمە ئەو کاریتەیەیە کە فەلسەفەی ئەکادیمی بە گرانییەکەوە دەتوانێت بەسەریدا بڕوات. ئایا ئەمە ئەو بیرکردنەوە بزێوەیە کە هەر لە بناغەوە دەتوانێت بەربەستەکان بشکێنێت؟

ڕ.سافرانسکی: سلۆتەردایک خۆی توندگرێدراوی فەلسەفەی ئەکادیمی نییە. بەڵکو گرێدانەوەکان کەوتوونەتە نێو فەلسەفەی ئەوەوە بۆ شوێن. کاریگەرییەکی دووری بیرکردنەوەی ئەو لەسەر شوێن لەوێوەیە، بەوجۆرەی کە شوێن وەک بارودۆخی مرۆیی سەرلەنوێ بیری لێ بکرێتەوە، ئالەمەدا من دڵنیام لێی.
سەختی توانستی خۆگرێدانەوەکە سێ هۆکاری هەیە: یەکەم، پرۆژەی کایەکان لەخۆیدا شتێکی گردکراوە و خڕ و داخراوە، کە بە باشی ناتوانیت خۆتی پێوە ببەستیتەوە. ئەوە خۆی لەمانایەکی پۆزەتیڤدا بڵقێکی گەورەیە. دووەم، هونەری وەسفکردنەکانی بەرەو ئەو شوێنە دەچن کە، بیرۆکەکانی زۆر ئاشکرا دەبن، بەڵام وا هەست دەکەیت کە ئەو بیرۆکانە لەناو منداڵدانی ئەو زمانەدا دەژین کەدەیداتە بیرۆکەکانی. هەندێک لە بیرۆکەکانی دەتوانرێت بە ونکردنی بڕێکی گەورەی ئاشکراییەوە بخرێنە زمانێکی ترەوە. هەروەها هێندە پڕە لە چێژ و خۆشی کە ڕۆت دەچێنێتە نێو گەردوونە مانەوانییەکەیەوە، وە هەندێکجاریش مایە ئازارێکی زۆرە کە بزانیت ئەم ڕوودانی ئاشکراییە بەزەحمەت بۆ شتیتر دەگوێزرێتەوە. بەرامبەر بەمە لە تەوژمە سەرەکییەکەی فەلسەفەدا ئەوە وەک سیفەتێکی باش تەماشا دەکرێت، کەوا هەموویان شیاوی ئەوەن وەربگێڕدرێن بۆ یەکتری. سێیەمیش ئەوەیە حەزدەکەین لەسەر هونەرمەندێکی ئاوای فەلسەفە بڵێین، کەوا ئەو فەیلەسوفی خۆشیگوزەراندنە. فەلسەفەی ئەو لەئاستێکی زۆر باڵادا خۆشیئامێز و گاڵتەئامێزە لەمانایەکی تەواو فەلسەفیدا و سەرەتاش بۆ خودی فەلسەفەیە و بەس.

هـ.ی.هاینریکس: ئێوە ڕوویەکی دیارتان سەلماند، کەبریتییە لە: قورسی ئەوەی ئەم جۆرە فەلسەفەیە وەربگێڕدرێتە سەر زمانێکی دوورمەودا. ئایا ئێمە نزیکین لێوەی، وە ئایا ئێمە لەناو جێبەجێکردنەوەیەکی لاساییئامێزانەدا دەمێنینەوە، ئێمە ئەم گرفتە لە هایدێگەر و لاکانەوە بەجۆرو شێوازێکی ئاماژەیی دەناسین.
من حەزدەکەم بچینە سەر ڕوویەکی تری قسەکردن، کە لەدوای بڵاوبوونەوەی لێکۆڵینەوەکەی سلۆتەردایک ((جۆشی خودا)) و ئەو ڕاڤەکردنەی ئەو لەوێدا بۆ توڕەیی دەیکات و لە پێشخانی کتێبەکدا دەردەکەوێت: واتە ئایا هەستەکان و کاریگەرییەکان چ شوێنگەیەکی بەها یان هەیە بەگشتی لەناو فەلسەفەدا و بەتایبەتی لای سلۆتەردایک؟

ڕ.سافرانسکی: فەلسەفە بەوجۆرە دەبێت کە مرۆڤەکان دەبن، سەرەتاش ئەو هەستە کاریگەرییانەی لەنێوماندا دەفەلسەفێنن، چونکە لەبەرئەوە نا کە ئەوان بەس دەیانەوێت خۆیان دەربڕن، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەوان دەیانەوێت ڕوون و ترانسپارێنت بن. دەشێت تەواوی فەلسەفەی هایدێگەر وەک پرۆژەی ڕوونی و ترانسپارێنتی نیگەرانی بوون تەماشا بکرێت. واتە خودی هەستەکان ببرێنە نێو دەمامکەکان و بکرێنە بابەت، بەبێ ئەوەی بکرێنە شتی پسایکۆلۆگی، بەڵکو هەستەکان وەک ناوکێکی ئەفرێنەر وەربگیرێن و لێیانەوە لە پرعژەی جیهان تێبگەین و بتوانیشین لەناو مێژوو و لە ئێستادا شوێن جیهان بکەوین، ئەمەش کۆششێکی زۆر گرنگە. بەڵام ڕاستییەکی فەلسەفەی ئەکادیمی بەرەو ئەوە چووە، کە بەو ئاستە درێژەی نەکێشاوە. لای سلۆتەردایک ئێستا مەسەلەکە تەواو بووەتە شتێکی سەنتراڵ. بارستایی کولتورییانەی توڕەیی ئێمە هەمیشە هەمان بووە.
ئەمەش ئەرکی فەلسەفەیە کە ئەو شتەی لەئارادیە پاڵ پێوەنێ بەرەو پێشەوە و دواتر بە جارێک ناسینە کۆنەکە وەکو شتێکی تەوا نوێ ئاشکرادەکاتەوە. ئێمە هەر لە سەردەمی قوتابخانەوە ئەوە دەزانین کە گەورەترین شیعری میراتی خۆرئاوا کە ئەلیادەی هۆمیرۆسە بە هاواری توڕەیی دەست پێدەکات. بەڵام چوون بەرەو ئەو ئیدێیە، کە دەبێت بەهەند وەربگیرێت، دەبێت ئەنجام بدرێت. لەوەشدا ئەو ئەزموونە خۆش و کتوپڕئامێزانە هەیە، کە ئێمە دەتوانین بیانکەین، واتە وەسفکردنی یانەکان وەکو ((کۆگاکانی توڕەیی)) هەڵبەت ئەمە شتێکی نایابە.
من چێژم لەوە بینی کە یەکەمین مەشقە ئاسانکارییە فەلسەفییەکەی سلۆتەردایک، ئەوەی ئەو بە ڕەخنەی عەقلی سینیزم لەبەردەمی ڕای گشتیدا نمایشی کرد، کە پێشتر وەکو کتێب زۆر باریکتر دیزاین کرا بوو. ئەو نوێخوازی و فزولەشی کە هەر لەسەرەتاوە بۆ کارەکانی ئەو هەمبوو، قەت کۆن نەبووە و هەرگیز فەرامۆش نەبووە لام، بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوەیە.

سەرچاوە:

Hans Jürgen Heinrichs
Peter Sloterdijk
DiKunst des Philosophierens.S. 158-165. Carl Hanser Verlag 2011.

 

ئەم کتێبە یەکێکە لەو کتێبانەی بەوردی بیۆگرافیای ژیان و بیرکردنەوەی سلۆتەردایک بۆ خوێنەران ئاسان دەکاتەوە. هاینریکس ((لەدایکبووی ١٩٤٥)) وەک نووسەر و فیلۆسۆف و ئیتنۆلۆگ خۆی سلۆتەردایکناسێکی بەتوانایە و کتێبێکی تر گفتوگۆکردنیشی لەسەر سلۆتەردایک هەیە بەناوی ((خۆرومەرگ)) کە یەکێکە لە کتێبە هەرەجوان و گفتوگۆ هەرە درێژەکانی بواری فەلسەفە. ئەو خاوەنی چەندەها کتێبی جۆراوجۆرە.
لەنێوبەندی ئیشکردنی لەسەر ئەم کتێبەی لەسەر سلۆتەردایک بەناوی: هونەری فەلسەفاندن. جگە لە دیدارە دورودرێژەکانی لەگەڵ سلۆتەردایک دا ڕووی چەند پرسیارێکیشی ئاراستەی سێ فیگوری دیار و ناسراوی بواری مێژوو، موزیک، وە فەلسەفی ئەڵمانی کردووە تاوەکو سەرنجی خۆیان لەسەر سلۆتەردایک دەربڕن. کە بریتین لەم سێ کەسایەتییە:
ڤۆلفگانگ ڕیم: لەدایکبووی ١٩٥٢ لە کارلسروهە، موزیکدانەر و لێکۆڵیارە. زۆرێک لەکارەکانی نیتچە و پاول سیلان و ئەنتۆنین ئارتۆ و جەیمس جۆیس ی کردۆتە کاری موزیکی. خاوەنی چەندەها کاری موزیکی و لێکۆڵینەوەیە.
دورس گروینباین: لەدایکبووی ١٩٦٢ لە دریسدن. شاعیر و وەرگێڕ و لێکۆڵیارە. ئێستا ئەندامی ئەکادیمیای هونەرە لە بەرلین.چەندەها خەڵاتی ناوداری وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتی نیتچە، وە خەڵاتی هوێلدەرلین.
ڕودیگەر سافرانسکی: لەدایکبووی ١٩٤٥ نووسەر و ئەدەبناس و فیلۆسۆفە. وانەی فەلسەفە و زانستە ڕۆحییەکان لەزانکۆی ئازادی بەرلین دەداتەوە. ئەو خاوەنی چەندین کتێبی گرنگە لەسەر شۆپنهاوەر و نیتچە وهایدێگەر و شیللەر و گۆیتە. جەندەها خەڵاتی ناوداریشی وەرگرتووە. دۆستێکی دێرینی سلۆتەردایکە و ماوەی دە ساڵ پێکەوە بەرنامەی چوارینەی فەلسەفییان لە کەناڵی دووی ئەڵمانی بەڕێوە دەبرد.


مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.