پاڵەوانی تراژیدی : سەرۆک بە فالوسيکی گەورەوە

(١)

ئەوەی سەرنجێکی کورت لە دۆخی بنبەستی سیاسی هەریمی کوردستان بدات، زۆر سانا جەنگێک بەدی دەکات کە جەنگی نێوان (گوایە) مۆدێلی جیاجیای فەرمانڕەوایەتیە، واتە ململانێیەکی سەخت و دژوار لەسەر ئەوەی کە داخۆ ئەکتەر یان سترەکتور، سەرۆک یان دەزگا، کامیان سیستمەکەمان بۆ بەڕێوە ببەن باشترە! هەر بۆیە لەهەر کاتێکی تر زیاتر، بوونی باوەڕ بە پاڵەوان، ئومێدهەڵچنین لەسەر یەک تاکە پاڵەوان، خۆدانە دەست بڕیارەکانی پاڵەوانێکی تاقوتەنیای بانزەمینی و خورافی (دامەزرێنەری دەوڵەتی کوردی بۆ نمونە وەک لە نمایشکردنەوەی بارزانی دا دەبینرێت)، گوتار و خولیا و دواجار بیرکردنەوەی زۆربەی زۆری چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیان داگیرکردووە، لەهەموویشیان بەرچاوتر، نوخبەکان، ڕۆشنبیر و خاوەنبڕوانامە و پیاوانی ئایینی. ‌حەزێکی زۆر وعەشقێکی بێ وێنە بۆ بوونی یەک پاڵەوان و هەڵبژاردنەوەی، بۆ بینینی تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگەیەک وەک خەسیو و خەمڵاندنی تەنها یەک کەس (سەرۆک) وەک تاقە پیاوی شایستە، لەهەناوی خۆیدا دەربڕی جۆرێک لە سایکۆلۆژی و میراتی کولتوریە کە پێم باشە لەبەر ڕۆشنایی توێژینەوە سایکۆلۆژیەکاندا بۆ فیگەری ئەفسانەیی، بۆ پاڵەوان بە مانا خورافیە ڕزگارکەرە یەکلاییکەرەوەکە، چەند سەرنجێکی لەسەر بنوسم، بۆ ئەم کارەش بەشێوەیەکی سەرەکی پەنا دەبەمە بەر تێزەی سەرەکی دەروونناسی نەرویجی (پاوڵ مۆخنیس)، کە پڕۆفیسۆری بواری سایکۆلۆژیای دامەزراوەکانیشە. مۆخنێس لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی (پاڵەوانەکان، جادوگەرەکان، سۆزانیەکان) زۆر بە ووردی تیشک دەخاتە سەر تێمای پاڵەوان، تا هەرچی زیاترە گرنگی، ڕۆڵ و پایەی پاڵەوان لەهەریەکە لە خێزان و دەوڵەت و تەواوی دەزگا و دامەزراوەکاندا، شیبکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستەیش، دەگەڕیتەوە بۆ ئەفسانەی گریکی وەک نمونەیەکی تەواوی حەز و ئارەزووە غەریزییەکانی مرۆڤ کە لە ڕێی فانتازیاوە وەسفدەکرێن. یان وەک ئەوەی کە یۆنگ پێی وابوو، شیکارکردنی ئەفسانە شاڕێیە بۆ چوونەوە سەر غەریزە سەرەتاییەکانی خودی مرۆیی.

موخنیس بۆ قسەکردن لە سەر پاڵەوان پشت بە وەسفەکەی (پاول ڕادین)ی ئەنترۆپۆلۆژیست دەبەستێت کە پێی وایە پاڵەوان لە چەند فۆڕم و قۆناغێکی جیاوازدا دەردەکەوێت، کە تایبەتمەندترینەکانیان بریتین لە:

1/ قۆناغی ئاژەڵیی: لێرەدا پاڵەوان زیاتر وەک ئاژەڵ یان وەک مناڵی بچووک وایە، بێباک و بێهەستە، ئەوەی بۆی گرنگە زیاتر ڕازیکردن و تێرکردنی غەریزە و پێویستیە سەرەتاییەکانی خۆیەتی. هەرچەندە وەک ئاژەڵ مامەڵەدەکات و لە ئاژەڵیش دەچێت، بەڵام ناتوانیت بە پاڵەوان لە قەڵەمی نەدەین، چونکە هەموو ئەو شتانەی دەستدەکەوێت کە بە دوایاندا دەگەڕێت و ئارەزوویان دەکات. هەربۆیە دەتوانین بڵێین کە ئەمە زیاتر کۆرپەلە و بێچویەکی گشتاڵتی پاڵەوانە.

2/ قۆناغی ئاژەڵمرۆیی: لەم چەشنەیاندا پاڵەوان زیاتر سیمای ئاژەڵی هەیە بەڵام سیفاتە ئاژەڵییەکانی ووردە ووردە بەرەو نەمان دەڕوات و دەبێتە بەشێک لە کەلتوری مرۆڤ. بە پێچەوانەی قۆناغی ئاژەڵییەوە، لەم قۆناغەدا، ئیدی دەروون دەبێتە بەشێکی گرنگ و پێکهێنەری پاڵەوان.

3/ قۆناغی مرۆیی: لەم قۆناغەیاندا پاڵەوان دەبێتە ئەو ئارکیتیپ و نمونەیەی کە ئێمە پێی ئاشناین و لە ئەفسانەی پاڵەواناکاندا دەیبینین، پاڵەوان بەتەواوی لە دۆخە ئاژەڵییەکەی ڕزگاری بووە و بۆتە مرۆڤ، بەڵام هێشتا هەر هێزو توانای خۆی لە خواوەندەکانەوە وەردەگرێت.

4/ قۆناغی تراژیدی: کۆتایی ئەو قۆناغەیە کە خواوەندەکان دەستبەرداری پاڵەوان دەبن, چیتر سۆز و هێزی خۆیانی پێ نابەخشن و بەجێی دەهێڵن بۆ خۆی، ئەمەش پاڵەوانی تراژیدییە، چونکە بە بێ پارێزەرەکانی، ناتوانێت هەموو ئەو گەورەیی و سەرکەوتنانەی کە دەیخوازێت، بە دەستیان بهێنێت و بۆ خۆیان جۆر بکات.

بەڵام کێشەکە لەوێوە دەست پێدەکات کە پاڵەوان ناتوانێت سنورێک بۆ گەورەبوونی خۆی دابنێت، گەڕانی بەردەوامی بۆ خودمەزنکردن و خۆ بە خودا زانی، وای لێ دەکات توشی ئەو دۆخە بێت کە گریکیەکان بە (هایبریس) واتە (دێوانەیی مەزنبوون) ناویان ناوە. عەوداڵبوونی بەردەوامی پاڵەوان بۆ مەزنبوون، بۆ خۆ بە گەورە زانی و تاکە فریادڕەسی، پاڵەوان بەرەوە داڕمان و شکست دەبەن، بەڵام شکست وەک پاڵەوانێک نا، بەڵکو وەک کەسێكی دۆڕاو، وەک گەمژەیەک و نەازنيک.

گەر پاڵەوانی ئەفسانەکان ئەو کەسانە بن کە ئامادەن تەواوی ژیانی خۆیان ببەخشن بەوانی تر تا وەکو ئەوان خۆشگوزەران خۆشبەخت بن، ئەوا هەر بە سەرکەوتنیان، دەستبەجێ لەم ڕۆڵەدا دەگۆڕێن و دەبنە کەسێک کە پێشتر نەبوون، کەسێکی گەورەتر و مەزنتر، کەسێک بە فالوسێکی گەورەوە کە چیتر خۆی لە ئاستی مرۆڤ و لە سەر زەویدا نابینێت. ئەم دۆخە لە گۆڕانی پاڵەوان (گوستاڤ یۆنگ) بە (دووبارەلەدایکبوونەوە) ناوی دەبات. لەبەشی دووەمی ئەم نووسینەدا ڕۆشنایی دەخەمە سەر لێکدژیی و پێکدادانی ئەم چەشنە دید و بۆچوونە جیاوازانەپاڵەوانانە لەناو یەک کارەکتەردا کە سەرۆکی چاوەڕوانکراوی هەرێمی کوردستانە،

(٢.٢)

لەبەر ڕۆشنایی ئەفسانەی گریکیدا نمونەی چوار مۆدێل پاڵەوانم هێنایەوە بەو مەبەستەی کە بیسەلمێنم، تا ئێستایش بۆچوونی کۆمەڵگەی ئێمە، گوتاری سیاسی و میدیایی ئێمە هەمان ئەو تێگەشتنە ئەفسانەیی و خورافیەی بۆ پاڵەوان

    Mustafa Barzani, New York Times, Book review  / 1975 بارزانی باوک (مەلاموستەفا) وەک کاریکاتێری تایمس لە ١٩٧٥
Mustafa Barzani, New York Times, Book review / 1975
بارزانی باوک (مەلاموستەفا) وەک کاریکاتێری تایمس لە ١٩٧٥

تێنەپەڕاندووە و زۆر بە زەقیش لە ووتە و ڕاگەیاندن و پڕوپاگەندەی تەواوی لایەنە سیاسیەکاندا دەبینرێت. زاڵبوونی ئەم وێنە خورافیە بۆ سەرۆک وەک پاڵەوان وامان لێدەکات باوەڕ بەو تێزە چۆمسکییە بێنین کە پێێ وایە (ئێمە چیتر بە ئازادی لە دایک نابین)، بەو مانایەی کە مرۆڤ وابەستە و پەیوەستی ستراکتور و زمان و نەست مێنتاڵیتی پێشووی خۆیەتی: واتە ئەوەی کە وەک نەریت و ترادسیۆن هەیە و باوە.

گەر تێبینیەکی ووردی ململانێکانی ئێستای ناو ئەو جوگرافیایە بکەیت کە ناوی هەرێمی کوردستانە، زۆر سانا دەتوانیت پێکدادانی ئەو فانتازی و وێنە خورافیانە بۆ سەرۆک ببینیت. تۆ بڕوانە وێنەکانی سەرۆکی هەرێم وەک تاکە فریادڕەس، تاکە پاڵەوانی ناسیۆنالیستی (لەسەر مۆدێلی سەرۆکی پێویست و مێژوویی و تاکەچارە وەک ئەوەی بۆ سەدام یان قەزافی… هتد، باو بوون)، یان وەک دڕندەترین هۆڤی سیاسی، وەک بەڵایەکی گەورە، وەک خوێنمژێکی پولپەرست و بەرژەوەندیخواز، چ ڕەنگدانەوە و کاردانەوەیەکی لەسەر توێژ و ئایدۆلۆژییە جیاوازەکان دروستکردووە. گەر لەو ڕاڤەیە بۆ پاڵەوانی خورافی لانەدەین، ئەوا زۆر ئاشکرا ئەو چوار چەشنە لە مۆدێلی پاڵەوان بێشەرمانە و بێ هیچ تۆلێرانسێکی سیاسی و مۆراڵی خۆیان بەیاندەکەن.

١/ تێگەشتنێک هەیە کە پێوایە بارزانی هیچ نییە جگە لە ئاژەڵێکی بێڕەحمی بێبەزەیی چاوچنۆک و برسی کە هاوشێوەی گەلەگورگ و گەلەسەگ خۆی و تاقمەکەی، خۆی و عەشیرەتەکەی، بەردەوام لە دوای نێچیرێکی دەستەمۆ دەگەڕێن تا ڕاوی بکەن.

ئەم گوتارە کە پتر گوتاری نەیارەکانی بارزانیە، ناتوانێت بارزانی لە دەرەوەی وێنای ئەو ئاژەڵە سیاسیە دڕەندەیە ببینێت کە بەردەوام خەریکی تێرکردنی خۆی و گەلە گورگەکەیەتی. کێشەی ئەم گوتارە لەوەدایە کە هیچ کام لە گورگەکانی تری ناو کایەی سیاسی و کۆمەڵگە نابینێت و تەنهاوتەنها پێی وایە کەڵبەی ئەم گورگە گەورەیە کە لە جەستەی کۆمەڵگە گیربووە و توشی خوێنبەربوون و ووشکەوەبوونی دەبات: بۆچوونێک کە جەختی تەنها لەسەر یەک گورگی مەزن، بێ بینینی گورگە مەزنەکانی تر. ئەم بۆچوونە تەواو هاوشێوەی دیدی یەکەمە بۆ پاڵەوانی ئەفسانەیی کە ئاژەڵێکی دڕندە و خاوەن هێز و توانای لەڕادەبەدەرە لە یەکاڵاکردنەوەی ململانێکاندا.

٢/ بۆچوونێکی تر هەیە کە پێیوایە بارزانی لە دۆخێکی گواستنەوەئاسای نێوان (ئاژەڵ/مرۆڤ) دایە!

ئەم گوتارەیان کەم تاوەکو زۆر و شەرمنانە دان بەدڕەندەیی و گورگبونی بارزانیدا دەنێت، بەڵام هەمیشە پاساوێکی ماکیاڤیلیانەیشی بەناوی (بەرژەوەندی گشتی و باڵاوە) بۆ دەهێنێتەوە. ئەم گوتارە ستەمەکانی بارزانی دەبینێت، وەكچۆن هەڵەو بێگوێییەکانیشی دەبینێت، بەڵام هاوکات پێیشی وایە جۆرێک لە ڕاشناڵیزم حیکمەتی سیاسی لە پشتەوەی ئاکتەکانیەوەن و هەروا لە خۆڕا بە فیڕۆناچن.

٣/ بۆچونێکی تر بارزانی وەک پاڵەوانێکی خاوەن ئیرادەی تاکهەڵوێست، سەرکردەیەکی خاوەن دەسەڵاتێکی ئەفسانەیی و هەلگری مژدەی دەوڵەتی کوردی دەبینێت کە لەسەر دەستی ئەو نەبێت، لە سەر دەستی هیچ سەرکردەیەکی تر بە دی نایەت.

کاریکاتێر : مەسعود بەرزانی
کاریکاتێر : مەسعود بەرزانی پاڵەوانێکی تاک و تەنیا

ئەم تێڕوانینە دەیەوێت بڵێت بارزانی بەئەمەک و بەوەفا بۆ گەلەکەی، وەک پاڵەوانێکی ئیدیاڵ، وازی لە هەموو خێروخۆشییەکانی ژیانی خۆی هێناوە و شەو و ڕۆژ خەریکی پاراستنی ڕۆح و گیانی خەڵکی کوردستانە (دیارە مەبەستم لە (گوایە) ئامادەبوونی هەمیشەییەتی لە بەرەکانی جەنگ لە گەڵ برا پێشمەرەگەکاندا دژ بە داعش). ئەم گوتارە لەوەش دوورتر دەڕوات و بارزانی بە شکێنەری ئەفسانەی داعش دادەنێت. دیارە لەم دۆخەدا بارزانی بە پێچەوانەی پاڵەوانی ناو ئەفسانەکان لە بری ئەوەی خواوەندەکان (وەک سیمبولی هێزی چاکە و ڕەوایەتی) پشت و پەنای بن، ئەم هێزی بنەماڵە و ترادسیۆن، بڕێکی بێشومار ڕۆشنبیرو و شاعیر و مامۆستای زانکۆ و هێزی هەرێمیی پشتیانگرتووە و بەبەردەوامی ئەوەی بۆ دوپاتدەکەنەوە کە ئەم تەنها خاوەن دەسەڵاتێکی ئەفسوناویە تا کورد ڕزگار بکات. هەڵبەت تا ئێرەش کێشە نییە کە هەموو ئەمانە بارزانی وەک پاڵەوان و فریادڕەس ببینن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە بارزانی خۆیشی خۆی بە پاڵەوان و نێراوی خوا دەبینێت و چیتر ناتوانێت دەستبەرداری مەزنبوونی خۆی ببێت. ئەم جۆرە هەستە نارسیسی و بەخۆشەیداییە، زۆر بە ووردی لە گوتارە دژ بەیەکەکانیدا دەبینرێت.

٤/ دوا بۆچوون چرکەساتەکانی وێرانبوون و داڕمانی بارزانیە!

لەم تێگەیشتنەیاندا بارزانی بەوەفا و پاڵەوان، بارزانی خاوەن هەموو سیفاتە تایبەتمەندەکانی سەرۆک و پاڵەوان وەک قوربانیدان و ڕووبەڕوو بوونەوەی مەحاڵ، تەنیا دەکەوێت، کەس نیە دوای بکەوێت و پشتگیری بکات (کە ئەمەیان پتر گوتاری فەرمی پارتی خۆیەتی). ئەم دیدە کار لەسەر ماکیاژکردنی بارزانی وەک پاڵەوانێکی تراژیدی دەکات کە تاکە باڵە و هەموو هێزەکان دەستیان لێ بەرداوە و تەنیا و تەنیا سووربوونی خۆیەتی، پرنسیپ و کوردۆستی خۆیەتی کە ملی پێ نادات (بێگومان هەمان حیکایەت، حیکایەتی تاکباڵی و تەنیا کەوتن و دەستلێبەردانی هێزە گەورەکان لە ڕابردووی پارتیدا بۆ مستەفا بارزانیش دەبینین).

پرسیارەکە ئەوەیە کە داخۆ بارزانی قۆناغی چوارەمی ئەو پۆلبەندیە دەبڕێت و وەک پاڵەوانێکی تراژیدی دەکەوێت؟