هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتن له‌ ده‌روونشیكاری؛ چاوپێکەوتن له‌گه‌ڵ‌ ژاك لاكان!

 

لە ئینگلیزییەوە: بڕوا عه‌لادین

 

له‌م چاوپێکەوتنەدا كه‌ ساڵی 1974 سازكراوه‌، ژاك لاكان زۆر پێشبینیكارانه‌ له‌ مه‌ترسیەکانی گەڕانەوەی‌ ئایین و كه‌ڵكه‌ڵه‌ی زانستخوازیی، ئاگادارمان ده‌كاته‌وه‌. لاكان پێی وایە ده‌روونشیكاریی تاکە به‌ربه‌ستێکە‌ دژ بە مەترسیە‌ هاوچه‌رخه‌كانی دونیای ئه‌مڕۆ. ئەم چەشنە وتوێژ و ئارگیومێنتانە تەواو سەرسوڕهێنەرن بۆ ژیان و کێشەکانی ئێستا و هەنوکەی ئێمە.

وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌فسوونێكی له‌ پشت بێت، لاكان به‌ هه‌موو هێز و توانای خۆیه‌وه‌ له‌م دیالۆگه‌دا كه‌ ساڵی 1974 له‌گه‌ڵ

لاكان؛ تراوما هه‌میشه‌ و به‌به‌رده‌وامی له‌ ڕووداندایه و ڕوویداوه‌.
لاكان؛ بێگومان دەروونشیکاری فەلسەفە نییە

 

گۆڤاری پانۆرامای ئیتاڵییدا ئه‌نجامی داوه، وەک کەسێک کە سەرلەنوێ دەژێتەوە، بەڵگەی زۆر گرنگ بۆ قسەکانی خۆی دەهێنێتەوە.‌

(ئیمیلیۆ گرانزۆتۆ) ی ئیتاڵی کە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ کردووە، لە یەکێک لە پرسیارەکانیدا تێبینی ئەوە دەکات کە بەردەوام باس لە قەیرانەکانی دەروونشیکاریی دەکرێت. بێگومان کە باس دێتە سەر دەروونشیکاریی، خۆشبەختانە لاکان دەبینین خاوەنی جۆرێکە له‌ هێزی ڕاشكاویی، لە هه‌ستی ڕاسته‌قینه‌، لە ڕوونیی و ئاشكرایی و وردبینیی، تەواو دوور و جیاواز لەو دەرەوونشیکاریە خۆشکەیف و بێخەمەی کەخوێندکارەکانی فرۆید دایاننا و تەواوی تەکنیکی چارەسەری دەروونشیکارییان گۆڕیبوو بۆ جۆريک لە (سرووت ) تا بەهۆیەوە بتوانن سەرلەنوێ نەخۆش لەگەڵ ژینگە کۆمەڵایەتیەکەی ئاشتبکەنەوە و بیگونجێنن.

جۆريک لە تەکنیک کە بڕوای لاکان بۆ خۆی ڕەتکردنەوە و نەفیکردنی فرۆیدە. بەڵام ئایا لاکان لەو کاتەدا لە چی ترساوە؟ وەک لە دیالۆگه‌کەدا دەیبینین، لاکان هەر‌ لە ساڵی 1974 توانای پێشینیکردنی خۆی بەکاردەهێنێت تا له‌ مه‌ترسیەکانی گەڕانەوەی‌ ئایین و كه‌ڵكه‌ڵه‌ی زانستخوازیی، ئاگادارمان ده‌كاته‌وه‌. بوونی سێکس لە هەموو شوێنێکدا؟ نا. ئەوە جۆرێک لە ڕزگارکردنی ساختە و درۆزنانەیە و هیچ بایەخێکی نیە. بەڵام بوونی چەشنيک لە زانست بەڕێژەیەکی مامناوەند و دادپەروەرانە، ئەوەیان شتێکی ترە.

ئیمیلیۆ گرانزۆتۆ: قسه‌كردنێكی زۆر سه‌باره‌ت به‌ قەیرانی ده‌روونشیكاریی لە‌ ئارادایه‌، ده‌ڵێن فرۆید تێپه‌ڕێنراوه‌ و ئیدی پێویستمان پێی نیه‌، وەکچۆن باس لەوە دەکرێت کە كۆمه‌ڵگه‌ی هاوچه‌رخ بۆی دەرکەوتووە كاره‌كانی فرۆید به‌س نین بۆ تێگه‌یشتن له‌ مرۆڤ و شرۆڤه‌كردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی به‌ جیهانه‌وه‌؟

ژاك لاكان: ئه‌م قسانە ڕاست نین و هیچ نرخێکی ئەوتۆیان نییە. جارێ با باسی قه‌یران بكه‌ین. ئەوەی کە پێیدەڵێن قەیران شتێک نییە کە لە بنەڕەتدا هەر بوونی هەبێت، چونكه‌ هێشتا ده‌روونشیكاریی‌ سنووره‌ تایبه‌تیه‌كانی توانای خۆی بۆ ده‌رنه‌كه‌وتوه‌، هێشتا‌ زۆر شت هه‌ن کە تاوەکو پراکتیکیان نەکەیت بۆت دەرناکەون.‌له‌ ده‌روونشیكارییدا شتێک نیە ناوی بوونی وەڵام یا چاره‌سه‌رێكی دەستبەجێ و ڕاسته‌وخۆ بێت‌، ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ ته‌نها توێژینه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوان و درێژخایه‌نە بۆ دۆزینه‌وه‌ی هۆكارەکانی نەخۆشیه‌ سایكۆلۆژیه‌كان.

پاشان دێمە سەر ئەو بەشەی تری پرسیارەکەت کە تایبەتە‌ به‌ فرۆید: ئێمە چۆن دەتوانین بڵێین فرۆیدمان تێپه‌ڕاندووه‌ له‌‌ كاتێكدا به‌ باشی لێی تێ نه‌گه‌یشتووین؟ ده‌بێت هه‌موومان ئه‌و ڕاستیه‌ بزانین و لێی دڵنیابین كه‌ فرۆید هه‌ندێك شتی نوێی فێرکردین كه‌ به‌ر له‌و مرۆڤ هه‌ر بیریشی لێ نه‌كردبۆوه‌ و خه‌یاڵی بۆی نه‌چوو بوو: هه‌ر له‌ گرفته‌كانی نائاگاییه‌وه‌ بیگره‌ تاوه‌كو بایه‌خ و گرنگیی سێكس، له‌ ڕاڤەکردنی سیمبولیزمەوە تا ملکەچی بۆ یاساكانی زمان. گر‌نگیەکەی فرۆید دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە‌ ڕاستی ده‌خاتەوە‌ ژێر پرسیار‌، ئه‌وه‌ش شتيکە کە بەر هەمووان دەکەوێت، تەنانەت یەک بە یەکی تاکەکەسەکانیش.

پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌و قسە بێمانایانەی بەردەوام خەریکی لێدانەوەی ئەو قەوانە کۆنەن کە گوایە دەروونشیکاری

توشی قه‌یران هاتووە، دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌: ئێمه‌ تەواو له‌ فرۆیده‌وه‌ دوورین. بێگومان هەر بەناوی ئەویشەوە پەردە لەسەر چەندین شت هەڵماڵرا کە هەنديکیان لە دەرەنجامدا جۆريک لە لادان و دەرچوون لە ڕێبازەکەی خودی فرۆیدیان لێکەوتەوە، چونکە ئەوانەی کاریان بە دەروونشیکاریی دەکرد، هەمان ڕێچکەکەی ئەویان بەپێی پێویست نەگرتە بەر، کە ئه‌وه‌ش بۆ خۆی کيشە و ئاڵۆزیەکەی زۆری خوڵقاند.

کاریکاتێر؛ یۆنگ لەپێشەوە و فرۆید لەپشتەوە!
کاریکاتێر؛ یۆنگ لەپێشەوە و فرۆید لەپشتەوە!

پاش مەرگی فرۆید له‌ ساڵی (1939) دا، زۆربه‌ی خوێندكاره‌كانی‌ پراكسیسكردنی ده‌روونشیكارییان به‌ شێوه‌یه‌كی جیاوازتر له‌وەی فرۆید بەکارهێنا، تەواوی ڕێنمایی و میتۆدەکەیان كورتكرده‌وه‌ بۆ هه‌ندێك ده‌سته‌واژه‌ی بێفەڕ و کەمنرخ، بۆ نمونە: ويناکردنی ته‌كنیك بەتەنها وه‌ك سروتێکی پەتی‌، یان کورتکردنەوەی سەرلەبەری پراكسیسی دەروونشیکاریی بۆ جۆريک لە چاره‌سه‌ركردنی ڕه‌فتارییانەی نه‌خۆشه‌كان کە ئامانج لێی لكاندنه‌وه‌ و گونجاندنه‌وه‌ی تاكه‌كه‌سە به‌ نيوەند و ژینگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌یه‌وه‌. بێگومان ئەم چەشنە مامەڵە ساڵۆنییە لەگەڵ دەروونشیکارییدا ته‌واو ناكۆك و دژ بە فرۆیده‌.

فرۆید خۆی پێشبینی ئه‌م دۆخه‌ی كردووه‌، کاتێک وتویەتی:‌ سێ لۆكاڵی دژوار هەن کە دەسەڵاتمان بەسەریاندا ناشکێت، سێ کارەی سەرەکی هەن کە مە‌‌حاڵە بتوانین کۆنترۆڵیان بکەین: فه‌رمانڕه‌وایه‌تیكردن، په‌روه‌رده‌كردن و پراكسیسكردنی ده‌روونشیكاریی.

له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆماندا هەرکەسێک بۆی بلوێت لافی ئەوە لێدەدات کە دەتوانێت ئەرکی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیکردن بگرێته‌ ئه‌ستۆ، هه‌موو کەسێکیش خۆی به‌ مامۆستا و فێر‌كار ده‌زانێت، لێ لەو ڕووەوە کە تایبەتە به‌ ده‌روونشیكاران، سوپاس بۆ خوا كه‌ وەک شارەزا و فاڵگرەوە و جادوگه‌رەکان ڕۆژبه‌ڕۆژ‌ نەشونما دەکەن و لە زۆربووندان‌. كه‌ تۆ بانگەشەت بۆ کۆمەک و چارەسەرکردنی خەڵکی بە چەشنە چارەسەرێکی کاریگەر کرد، ئیدی دڵنیابە کە کلینیکەکەت بەرناکەوێت و خەڵکی بە لێشاو لە بەردەمیدا ڕیز ده‌به‌ستن و سه‌رەت بۆ‌ ده‌گرن، ده‌روونشیكاریی شتێكی تره‌، تەواو جیاواز لەم چەشنە مامەڵەکردنەی نەخۆش لە کلینیکەکاندا.

ئیمیلیۆ گرانزۆتۆ: دەتوانیت زۆر بەووردی بۆم پێناسە بکەیت کە داخۆ ده‌روونشیكاریی چیه‌؟

ژاك لاكان: من وەک سیمپتۆمێک (نیشانەکانی نەخۆشیەک) پێناسەی دەکەم، وەک شتێک پەردە لەسەر تێکچوونی باری تەندروستی ئەو کۆمەڵگەیە هەڵبماڵێت كه‌ تێیدا ده‌ژیین. بێگومان دەروونشیکاری فه‌لسه‌فه‌ نیە، من خۆم لە فه‌لسه‌فه‌ بێزارم و قێزی لێ دەکەمەوە‌، چونکە زۆر ده‌مێكه‌ شتێكی گرنگ و به‌هاداری ئه‌وتۆی نیە بیڵێت، دەروونشیکاریی باوه‌ڕیش‌ نیە، نایشمەوێت لە خانەی زانستدا پۆلينی بکەم. با‌ بڵێین پراكتیکە، زیاتر بایه‌خ و گرنگی بەو شتانه‌ ده‌دات كه‌ ناڕێک و ناڕاستن. ئەوەی کە وا دەکات ده‌روونشیكاریی پراكسیسێكی سه‌خت و دژوار بێت شێوازی کارکردنەکەیەتی کە دەیەوێت دەست بۆ ئەو شتانەی ناو ژیانی ڕۆژانە ببات و بیانگرێت کە مەحاڵ و خەیاڵیین و دواجاریش پێکیانەوە گرێبدات و ببەستێتەوە. هەنوکە ده‌روونشیكاریی گه‌یشتۆته‌ هه‌ندێك ده‌ره‌نجام، لێ هێشتا هه‌ر لەسەر بنەمایەکی تۆکمە و چەسپیو دانەڕێژراوە، ئەمە جگە لەوەی کە هێشتا هەر ئه‌گه‌ری زۆرە توشی چه‌ندین چەشن ئاڵۆزیی ببێت.

نابێت ئه‌وه‌مان له‌ یاد بچێت كه‌ چ لە ڕوانگەی‌ بواری پزیشكیەوە لێی بڕوانیت یا زانستی سایكۆلۆژیا بە هەموو لقەکانیەوە. ده‌روونشیكاریی خۆی هێشتا شتێکی زۆر تازه‌‌یه: هێشتا هەڕەتی لاویەتیی.

فرۆید خۆی ٣٥ ساڵ دەبێت مردووە، یەکەمین کتێبیشی (ڕاڤەکردنی خەونەکان) ساڵی ١٩٠٠ بڵاوکراوەتەوە کە وابزانم کەمترین سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە ساڵانی دوایی پاش بڵاوبوونەوەیشیدا بەتەنها ٣٠٠ دانەی لێ فرۆشراوە. با ئەوەشمان لە یاد بێت کە ژمارەی خوێندکارەکانی کەم بوو، بە شێت و دێوانە و شتی وایش دادەنران، ئەمە جگە لەوەی کە هەر خودی خوێندکارەکانی لەناو خۆیاندا نەیانتوانی لەسەر ئەوە ڕێکبکەون کە داخۆ چۆن پراکسیسی ئەو شتانە بکەن کە لە فرۆیدەوە فێری بوون.

ئێمیلیۆ گرانزۆتۆ: دەتوانم بزانم ئەو شتە ناڕاستوڕێک و ناتەندروستە چیە کە لەمڕۆدا خەڵکی گیرۆدەی بوون؟

ژاک لاکان: خامۆشیی مرۆڤە، لاوازیی و بێدەسەڵاتیەتی، وەک دەرەنجامی پێشبڕکێیەکی پڕ لە هەڵچوون و سەرشێتانە بەرەو پيشکەوتن، هەربۆیە خەڵکی دەیانەوێت لە ڕێ و بە هۆی دەروونشیکارییەوە بۆیان دەربکەوێت کە داخۆ تا چەند بەو خامۆشی و لاوازیەی خۆیانەوە کە ڕایدەکێشن و هەڵیانگرتووە، دەتوانن بەردەوام بن، تا چەند هێزیان تێداماوە و لەو پيشبڕکێیەدا بڕدەکەن.

ئێمیلیۆ گرانزۆتۆ: ئەی بەڕای تۆ چ شتێک وا لە خەڵکی دەکات خۆیان بخەنە بەردەستی دەروونشیکار؟

ژاک لاکان: ترس. کاتێک مرۆڤەکان دووچاری شتێک دێن کە تێیناگەن، بەچاوپۆشین لەوەی کە ئارەزووی ڕوودانی ئەو شتەیشیان کردبێت، کەچی ڕوودانەکەی هەر دەیانترسێنێت و تووشی پانیک و تۆقین دەبن. کێشەکە ئەوەیە کە مرۆڤەکان بەدەست تێنەگەیشتنیانەوە لەو شتانە دەناڵێنن، هەربۆیە هێدی هێدی ترسەکەیان دەستپێدەکات و بەرەو جۆرێک لە تۆقاندنیان دەبات. ئەمە خۆی نیرۆسە. لە نیرۆسی هیستیریایشدا جەستە بەبۆنەی ترسیەوە لە نەخۆشکەوتن، نەخۆشدەکەوێت، ئەگەر هاتوو تەنانەت نەخۆشیەکەیش ڕاستی نەبێت.

لە نیرۆسی وەسواسییشدا ترس هەندێک ئایدیا و بیرۆکەی زۆر سەیر و نامۆ دەخاتە مێشک و ئەقڵی مرۆڤەوە کە زۆر سەختە بتوانێت کۆنترۆڵیان بکات، هەندێک ترس و فۆبیا کە تیایدا هەم فۆرمەکان و هەم شتەکانیش مانای جیاوازجیاواز وەردەگرن بە ڕادەیەک کە مرۆڤ دەخەنە جۆرێک لە دۆخی ترس و تۆقینەوە.

ئێمیلیۆ گرانزۆتۆ: بۆ نمونە وەک چی؟

ژاک لاکان: کەسی توشبوو بە نیرۆس (نیرۆسی) هەستدەکات هەندێک شت بەزۆری زۆرداری ناچاری دەکەن دەیان جار دڵنیابێتەوە لەوەی کە داخۆ بەڕاست بیری نەچووە بەلوعەی ‌حەمامەکەی بگرێتەوە، یان ئایا هەموو شتەکان لە شوێنی خۆیاندان، لەکاتێکدا سور دەزانێت کە بەلوعەی حەمامەکەی گرتۆتەوە و هەموو شتەکانیش لە شوێنی خۆیاندان. ئێمە بۆ چارەسەری دۆخێکی نیرۆسیی لەو چەشنە هیچ جۆرە ‌حەب و دەرمانێکمان نییە، بەڵکو دەبێت هۆکارەکانی ئەو جۆرە هەستە دەربخەین و بزانین مانای چییە.

ئێمیلیۆ گرانزۆتۆ: ئەی چارەسەر؟

ژاک لاکان: نیرۆسی (العصابي ) بەهۆ و لە ڕێگەی ئاخاوتنەوە چارەسەر دەکرێت، بەر لەهەر شتێکیش ئاخاوتن دەربارەی ئەو شتانەی کە تایبەتن بە خودی خۆی. ئەو دەبێت قسەبکات، بئاخڤێت و بگێڕێتەوە، دەبێت خۆی لێکبداتەوە و ڕاڤەی خۆی بکات.فرۆید خۆی وەک ئەو چرکەساتە پێناسەی دەروونشیکاریی کردووە کە تیایدا بابەت مێژووە تایبەتیەکەی خۆی دەناسێت و بۆی دەردەکەوێت، مێژوویەکی تایبەتی کە لەسەر ئاستی گوتارێکی ئاڕاستەکراو بۆ کەسێکی تر (واتە دەروونشیکار) فۆرمەلە و دروست دەبێت. کایەی دەروونشیکاریی بریتیە لە ئاخاوتن، ئاخاوتنی نەخۆشەکە (توشبووەکە) خۆی، هەر لەبەرئەوەیشە کە هیچ ڕەچەتەیەکی چارەسەرکردن لە دەروونشیکارییدا بوونی نیە. فرۆید خۆی ئەوەی بۆ ڕوونکردووینەتەوە کە نەست هێندەیش قوڵ نییە کە هۆشیاری نەتوانێت بیدوێنێت و بیخاتە قسە. هەر لە ناو چوارچێوەی ئەو نەستەیشدایە کە قسەکەر بۆ خۆی سوبێکتيکە لەناو سوبێکتيکدا کە باڵانما بە سوبێکت (نەخۆشکەوتوو یان قسەکەرەکە خۆی) دەکات. گەورەترین کۆڵەکەی بەهێزی دەروونشیکاریی بریتیە لە ئاخاوتن.

ئێمیلیۆ گرانزۆتۆ: ئاخاوتنی کێ؟ نەخۆش یان دەروونشیکارەکە؟

ژاک لاکان: لە دەروونشیکارییدا زاراوەکانی وەک (نەخۆش)، (پزیشک)، (چارەسەر) هیچ نین جگە لە کۆمەڵێک داڕشتە و فۆرمی ئاڵوگۆڕ پێکراو کە تازە ڕۆیشتوون و بەکارهێنراون. هەر بۆیە کاتێک کە بڵێین لەلایەن دەروونشیکارەوە شیکاری بۆ دەروونت کراوە، ئەوە هەڵەیە. ئەوەی کە بە کارە ڕاستەقینەکە (پرۆسەی دەروونشیکارییەکە) هەڵدەستێت خودی ئەو کەسەیە کە قسە دەکات و دەئاخڤێ، واتە ئەوە سوبێکت خۆیەتی کە خۆی شیکاری دەکات، جا با دەروونشیکارەکەیش پێشنیاری بۆ بکات، سەرپەرشتی پرۆسەکە بکات یان بە گفتۆگۆکانی یارمەتی نەخۆشەکە بدات، دواجار ئەوە خودی نەخۆشەکەیە کە خۆی وەک بابەت و سوبێکتێک شیدەکاتەوە.

خۆی سوبێکتیش لە ڕێی ڕاڤەکردن و لێکدانەوەوە بەرجەستە دەبێت و دەردەکەوێت. لە یەکەم نیگا و تێڕوانیندا وا دەردەکەوێت کە دەخوازێت مانایەک بەو شتانە ببەخشێت کە سوبێکت (نەخۆشەکە) دەیاندرکێنێت. بەڵام خودی ڕاڤەکردنەکە خۆی زۆر فيڵباز و سەرلێشێوێنەرە، چونکە هەڵدەستێت بە داماڵین و دورخستنەوەی مانا لەو شتانەی کە سوبێکتەکە بە دەستیانەوە دەناڵێنێت. ئامانجی سەرەکی پڕۆسەی ڕاڤەکردنەکە ئەوەیە کە لە ڕێگەی شێوازی ئاخاوتنەکەیەوە بۆ سوبێکت (نەخۆشەکە) ی دەربخات کە سیمپتۆمەکەی یان بابڵێین نەخۆشیەکەی پەیوەندی بە هیچەوە نیە، وەک چۆن هیچ مانایەکی دیاریکراوی ئەوتۆیان نیە. تەنانەت گەر وایش دەرکەوت کە نەخۆشیەکە دیارە و دەبینرێت، ئەوا هەر بوونی نیە.

ناسین و زانینی ئەو هێڵانەی کە ئەرو شيوازی ئاخاوتنانەی لێوە هەڵدەقوڵێن، پێویستیان بە شارەزایی و پراکتیکی زۆر، هەروەها سەبرێکی ناکۆتایشە. کەلوپەل و ئامرازە سەرەکیەکانی دەروونشیکاریی بریتین لە پێوانەکردن و نەفەسدرێژی (تە‌حەمولکردن). تەواوی تەکنیکی چارەسەرکردنەکەش دەکەوێتە سەر بڕ و ئاستی ئەو کۆمەک و یارمەتیەی کە تۆ پيشکەش بە نەخۆشەکەی دەکەیت تا خۆی شیکار بکات. بیرت نەچێت کە دەروونشیکاریی شتيکی هەروا ئاسان نیە.

ئیمیلیۆ گرانزۆتۆ: هەر کە باسی ژاک لاکان دەکرێت، ڕاستەوخۆ ناوەکەی دەمانبەستێتەوە بە گوزارشتێکەوە کە پێی دەوترێت (گەڕانەوە بۆ فرۆید). داخۆ ئەم ڕستەیە چ مانایەک دەگەیەنێت؟

ژاک لاکان: تەواوە، هەر ئەوەیە کە دەیڵێن. دەروونشیکاری واتە فرۆید. ئەگەر بتەوێت دەروونشیکاری بکەیت، ئەوا پێویستە بگەڕێیتەوە بۆ فرۆید، بۆ زاراوە و پێناسەکانی، بەشێوەیەکی زۆر ورد وەک خۆی چۆنە (دەقاودەق، بەشێوەیەکی حەرفی) ڕاڤەی بکەیت. من خۆم ڕێک بە ئامانجی کارێکی لەو جۆرە خوێندنگەی فرۆیدییم لە پاریس دامەزراند. بیست ساڵ زیاترە من هەر خەریکی ڕوونکردنەوە و شیکردنەوەی ئەو تێڕوانینەی خۆمم بۆ ئەو دەستەواژەیە: گەڕانەوە بۆ فرۆید واتە بنەبڕکردنی لادانەکان لە فرۆید، واتە ڕەواندنەوەی هەموو تەمومژ و ئاڵۆزیەکانی فینۆمینۆلۆژیای بوونخوازیی ( هەموو ئەو دەزگا و کۆمەڵە ڕووکەشیانەی دەروونشیکاری بۆ نمونە)، پاشانیش سەرلەنوێ خوێندنەوەی میتۆدی فرۆید لە ڕێی ئەو پرنسیپە بنەڕەتیانەوە کە لە کارەکانیدا هەن. سەرلەنوێ خوێندنەوەی فرۆید واتە سەرلەنوێ خوێندنەوەی فرۆید، ئەوەیشی لە باسکردنی دەروونشیکاریدا ئەم کارە ناکات، تەنها و تەنها چەمکەکانی دەروونشیکاری بە هەڵە بەکاردەبات و ستەم لە دەروونشیکاری دەکات.

ئیمیلیۆ گرانزۆتۆ: فرۆید خۆی قورسە، لاکانیش ئەوەندەی تر قورسی کردووە و وای لێکردووە کە کەم کەس تێیبگات. لاکان خاوەنی جۆرێک گوتار و شێوازی نوسینە کە جگە لە چەند هەوادار و لایەنگرێکی کەمی خۆی نەبن، کەس بۆی هەرسناکرێت..

ژاک لاکان: دەزانم، دەزانم، من وەک کەسێکی ئاڵۆز نیشان دەدەن، کەسێک کە ئایدیا و بۆچونەکانی خۆی لەپشت تەموژەوە شاردبێتەوە. منیش خۆم دەپرسم کە ئایا بۆچی وا لە من تێگەیشتوون. لەگەڵ فرۆیددا دووپاتیدەکەمەوە و دەڵێم دەروونشیکاری بریتیە لە گەمەیەکی نێوانخودیی (inter-subjective) کە هەقیقەت دەهێنێتەوە بۆ ناو واقیع (real). لەوە ڕوونتر چی بڵێم؟ خۆ دەروونشیکاری یاری مناڵان نیە.

هەمان شت بە کتێبەکانیشم وتراوە، گوایە کەس تێیان ناگات. بەڵام بەڕای تۆ ئەو کتێبانە بۆ کێ قورسن؟ خۆ من ئەو کتێبانەم بۆ هەموو کەسێک نەنوسیوە تا هەر چیەک هەستا و خوێندیەوە ئیتر وا بزانێت لێی تێدەگات. ڕێک بە پێچەوانەوە، من هیچ خۆم بەوەوە ماندوونەکردووە تا چێژ و دڵی خوێنەرەکانم رازیبکەم، جا با هەر کێیەکیش بن. من هەندێک شتم هەبووە کە ویستومە بیڵێم، ووتویشمە. بەلای منەوە تەنها ئەوەندە بەسە کە کەسانێک هەن کتێبەکانم دەخوێننەوە، گەر تێیشی نەگەیشتبن ئەوە خەتای من نیە، بەڵکو گوناهی خۆیانە کە سەبریان نیە و نەفەسکورتن. ئەگەر مەسەلەیش خوێنەر بێت ئەوا دەکرێت بڵێم کە من زۆر شانسم زیاترە لە فرۆید و خۆشبەختترم، لەوانەیە کتێبەکانم زۆر زیاتر لە نوسینەکانی ئەو بخوێندرێنەوە، کە ئەوەیش بۆ خۆی سەرسامم دەکات.

من زۆر بڕوام بەوە هەیە کە ئەوانەی پاش دە ساڵێکی تر دەمخوێننەوە، زۆر سادە و ساکار نوسینەکانم ببینن، بە جۆرێک کە هەستبکەن لە خواردنەوەی پەرداخێک بیرە بەلایانەوە ئاسانترە، ئەو کات دەڵێن: کێ، لاکان؟ هەر زۆر پووچ و بێمانایە.

ئیمیلیۆ گرانزۆتۆ: تایبەتمەندێتیەکانی لاکانیزم چیین؟

ژاک لاکان: هەستدەکەم تۆزێک زوو بێت باس لەوە بکەین، چونکە هێشتا شتێک بەناوی لاکانیزمەوە بوونی نییە. دەکرێت هەر ئەوەندە بێت کە هەستی بە بوونی بکەیت و بۆنی سەرهەڵدانی بکەیت، بەڵام جارێ خۆی نەچەسپیووە لاکان کەسێکە کە زیاد لە چل ساڵ بەس دەروونشیکاری پراکسیس کردوە، وەک چۆن لەوەش زیاتر خوێندویەتی. من خۆم باوەڕم بە زانستی زمان و بونیادگەراییە. لە کتێبەکەمدا نوسیومە ((ئەوەی کە فرۆید دۆزیویەتیەوە دەمانبات بەرەو سیستمێکی زەبەلا‌حی زۆر گەورە ڕاپێچمان دەکات، گەر ئەو گوزارشتە شیاو بێت دەکرێت بڵێین دەمانباتە ناو دۆخی سەر لەنوێ لەدایکبوونەوەوە، دۆخی دەرچوونمان لە قۆناغی مناڵی کە هێشتا زمانمان نەگرتووە و ناتوانین قسەبکەین)).  

ئەو سیستمە سیمبولیەی کە فرۆید دۆزینەوە و داهێنانەکانی لەسەر بونیاتناوە بریتیە لە زمان: زمان وەک چرکەساتی سەرهەڵدانی گوتارێکی گەردوونیی جێگیر و تۆکمە. کەواتە ئەوەی کە جیهانی شتەکان دەخوڵقێنێت بریتیە لە ووشە و جیهانی ئاخاوتن. بەر لە ووشە و ئاخاوتن، جیهانی شتەکان شاراوە و پەنهان بووە، هیچ دەرکەوتەیەکی دیار و بەرجەستەی نەبووە. کەواتە ووشە تاکە کەرەستەیەکە کە مانایەکی تەواو بە شتەکان دەبەخشێت. ئەگەر ووشە نەبووایە هیچ شتێک بوونی نەدەبوو. ئەگەر هيزی ئاڵوگۆڕپێکردن و پێکگەیاندنی زمان و ئاخاوتن نەبووایە، چێژ چ مانایەکی دەبوو؟

بەڕای من ئەوەی ڕێگە بۆ (فردیناد دە سوسور) خۆش دەکات دەروازەیەکی نوێ لەبەردەم زانستی مۆدێرنی زماندا بکاتەوە، هەوڵە پێشینەکانی فرۆیدە، پاش ئەوەی لە کتێبەکانی سەرەتایدا (ڕاڤەکردنی خەونەکان، تەوتەم و تابو، لەسەرو پرنسیپەکانی چێژەوە) یاساکانی نەست ئاشکرا دەکات و پەردە لەسەر ڕووی تاریکیان هەڵدەماڵێت.

ئیمیلیۆ گرانزۆتۆ: ئەی فیکری پەتی؟

ژاک لاکان: ئەویش وەک هەموو شتەکانی ترە، سوبێکتێکە ملکەچی یاساکانی زمانە. بەبێ زمان مرۆڤ ناتوانێت یەک هەنگاو چیە لە بواری توێژینەوەی فیکرییدا پێشبکەوێت. ئەمە بۆ دەروونشیکارییش ڕاستە. بەچاوپۆشین لەوەی کە چ ئەرک و فەرمانێکی دەدرێتە پاڵ (جا چارەسەرکردن بێت، پراکسیسکردن بێت یان زانیاری وەرگرتن) دواجار مەسەلەکە لەوە تێناپەڕێت کە دەبێت نێوەندگەیەنەرێک هەبێت بتوانیت بەکاریبهێنیت: واتە گوتار و ئاخاوتنی نەخۆشەکە خۆی. ئێ هەموو ئاخاوتنێکیش پێویستی بە وەڵامدانەوە هەیە.

ئیمیلیۆ گرانزۆتۆ: تۆ باس لە دەروونشیکاری وەک دیالۆگ دەکەیت، دیالۆگی نێوان نەخۆش و دەروونشیکار، لێ کەسانێک هەن وەک جۆرێک لە ئەڵتەرناتیڤ بۆ دانپیانان دەیبینن.

ژاک لاکان: بەڵام چ دانپیانانێک؟ لە دەروونشیکاریدا شتێک نیە ناوی دانپێدانان بێت، هێندەی هەیە وا دەکەیت کەسێک قسەبکات و بدوێت، چی بە خەیاڵیدا دێت باسی بکات، مەسەلەکە هەر وشەیە و بەس، لەوە زیاتر نیە. داهيێانە سەرەکی و گرنگەکەی دەروونشیکاری بریتیە لە بینین و پۆلێنکردنی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی قسەکەر. کاری دەروونشیکار بەتەنها بریتیە لە ڕێکخستنەوەی وتەکان و گوتاری نەخۆشەکە تاوەکو بتوانێت مانا و دەلەلاتێکی پێببەخشێت. تاکە گەرانتییش بۆ بەڕێوەچوونی ئەم پڕۆسەیە بریتیە لە بوونی هەماهەنگی، لێکتێگەیشتن و ڕێکەوتنی نيوان دەروونشیکار و ئەو ئۆبێکتەی کە خۆی شیکار دەکات.

دواتر لە کۆی ئەو گوتار و ئاخاوتنانە دەروونشیکار بیرۆکەیەک سەبارەت بە کەسی دەروونشیکارکراو هەڵدەهێنجێنێت، ئینجا دیوی پشتەوەی سیمپتۆم و نیشانەکانی نەخۆشیەکان دەپشکنێت تاوەکو ئەو هۆکارانە بدۆزێتەوە کە کەسەکەی نەخۆش خستوە. کەواتە کاری سەرەکی دەروونشیکار بەتەنها ئەوەیە کە مانایەک بۆ قسەکان و ئەو گوتارە بدۆزێتەوە تاوەکو نەخۆشەکە بتوانێت تەواوی ئەو ئەنجامانەی بۆ هەرسبکرێت کە چاوەڕوانە لەو پڕۆسەیەدا بیانچنێتەوە و دەستی بکەوێت.

ئیمیلیۆ گرانزۆتۆ: کەواتە ئەو پەیوەندیە پێویستی بە زۆرترین ڕادەی بڕواپێبوون و متمانەیە لە نێوان دەروونشیکار و شیکارکراوەکەدا…

ژاک لاکان: ڕاستتر بڵێین، ئاڵوگۆڕکردن، چونکە یەکیان دەئاخڤێت و ئەوی تر گوێی گرتووە، ئەوەش گرنگترین خاڵی پرۆسەکەیە. بەهەمان شيوە بێدەنگییش گرنگە، چونکە دەروونشیکار نە پرسیار دەکات و نە هیچ ئایدیا و بیرۆکەیەکی خۆی دەخاتە بەرباس، دەروونشیکار تەنها وەڵام بۆ ئەو پرسیارانە دەدۆزێتەوە و پيشنیاری دەکات کە دەیەوێت ئاڕاستەی شیکارکراوەکەی بکات. لێ دواجار شیکارکردنی سوبێکتەکەیش (نەخۆشەکە) ئەو ئاڕاستەیە دەگرێتەبەر کە دەروونشیکارەکە بۆی دیاریدەکات.

ئیمیلیۆ گرانزۆتۆ: باسی چارەسەرت کرد، ئایا هیچ ئەگەرێک بۆ چاکبوونەوە لە نەخۆشی دەروونی هەیە، نیرۆس بۆ نمونە؟

ژاک لاکان: دەروونشیکاری ئەو کاتە سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت کە توانیبێتی بە دزەکردنی بۆ دیوە شاراوەکەی پشتەوەی سیمپتۆم و ئاماژەنەخۆشیەکان، پشتی واقیع، گۆڕەپانەکە ڕۆشنبکاتەوە. ڕوونتر بدوێم: ئەو کاتەی دەست لەهەقیقەتەوە دەدات.

ئیمیلیۆ گرانزۆتۆ: دەکرێت هەمان چەمک بەکاربهێنیت، بەڵام ڕوونتر و کەمتر زاراوەی لاکانیانە بەکاربهێنیت؟

ژاک لاکان: سیمپتۆم (ئاماژەنەخۆشی) لای من واتە هەموو ئەو شتانەی کە لە واقیعەوە سەرچاوە دەگرن، ئێ واقیعیش بریتیە لە هەموو ئەو شتانەی کە باش نین و بەدەست گرفتەوە دەناڵێنن، ئیشناکەن و لەکارکەوتوون، هەموو ئەو شتانەی بەربەست لەبەردەم ژیانی مرۆڤدا دروستدەکەن و دەبنە مایەی پەکخستنی کەسایەتی ئەو. هەموو جارێک واقیع دەگەڕێتەوە بۆ هەمان شوێن، هەمیشە بە هەمان دەرکەوتە و بەرجەستەبوونەکانی خۆیەوە لەو شوێنەدا دەیبینن. هەندێک زانا هەن پێیان وایە کە لە سایەی واقیعدا شتێک بەناوی مەحاڵەوە بوونی نیە، تەنانەت فشاری ئەوە بۆ نیرۆسیەکان دەبەن کە ئەم جۆرە قسانە بکەن کە بە ڕای من بۆ خۆی دەرەنجامی نەزانی و نائاگاییانە بەرامبەر بەوەی کە کەسێک دەیڵێیت و دەیکات. خۆی مە‌حاڵ (ئەستەم) و واقیع دوو شتی پێک ناکۆکن لەگەڵ یەکتری تەبانایەنەوە، هەر بۆیە لۆژیک نیە کە لەیەک ئاستدا بن.

کاری دەروونشیکاری بریتیە لە بزواندنی سوبێکت ڕووەو مە‌حاڵ، پێشنیارە بۆ ئەوەی تا بتوانێت جیهان وەک خۆی چۆن هەیە، هەر وایش وەریبگرێت و بیبینێت: جیهانێکی وەهمی بەبێ هەبوونی هیچ مانایەکی ئەوتۆ. لە کاتێکدا تەواو هاوشێوەی باڵندەی نەورەسە، تەنها لەسەر ئەو شتانە دەژی کە مانایان هەیە، واتە ئەو کردار و ڕووداوانەی کە واتا و گرنگیەکیان هەیە. زۆرجار گوێمان لێدەبێت کە دەڵێن پێویستە مانا ببەخشینە فڵان یان فیسارە شت: بە ئایدیا تایبەتیەکان، خواست و ئاواتەکان، بە سێکس یان ژیان. بەڵام ئێمە هێشتا هیچ لەبارەی ژیانەوە نازانین، شارەزا و پسپۆڕەکانیش بەدەست ڕاڤەکردن و لێکدانەوەیەوە هەناسەبڕکێیانە و شەکەتبوون، خۆ هەر وا شتێکی ئاسان نیە.

من لەوە دەترسم کە بەهۆی هەڵە و شکستی ئەوانەوە دواجار واقیع (وەک ئەو شتە دزێوەی کە هەر بوونی نیە) گەمەکە بباتەوە. کارەساتە گەورەکە ئەوەیە کە زانست خۆی لێ بووە بە ئایین، بەڵکو لەو ستەمکارتر، تاریکتبینتر و دواکەوتووتر ڕەفتار دەکات. تۆ سەیرکە بزانە چی دەبینیت: خواوەندی ئەتۆم، خواوەندی ئاسمان … هتد. گەر ئایین و زانست سەربکەون و گەمەکە ببەنەوە، ئەوا دەروونشیکاری کۆتایی هاتووە.

ئیمیلیۆ گرانزۆتۆ: لە دۆخی ئێستاماندا، پەیوەندی نێوان زانست و دەروونشیکاری چیە؟

ژاک لاکان: بۆ من تاکە زانستێکی ڕاستەقینە کە شایستەی بایەخپێدان بێت خەیاڵی زانستیە، لێ زانستەکەی تر کە لە تاقیگە و لابورەکانیدا خەریکی سەربڕین و قەسابخانەیە نا دادپەروەرانە ملی ڕيگای گرتۆتە بەر و بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت، ئەم چەشنە زانستە لە دۆخێکدا دەژی کە وای لێهاتووە ئیتر لە سێبەرەکەی خۆیشی دەترسێت. بەڕای من رۆژێک دێت کە ئەم پسپۆڕانە خۆیشیان توشی ڕاڕایی و دڵەڕاوکێ دەبن. ئەمانە کە بە پۆشاکە پاکژ و دژە ڤایرۆسەکانیانەوە لە تاقیگەکاندا بە توێژینەوەکانیان سەرسام و شاگەشکە و دڵخۆشن، ئەم دەستەپاچە ئەقڵبەرتەسکانە یاری بە شتێک دەکەن کە خۆیان هیچی لێنازانن، ئامێری ئاڵۆزی ئەوتۆ دروستدەکەن کە هەمیشە داڕشتنەوەی ئاڵۆزتر دەخوازێت، هەمیشە پرسیاریان ئەوەیە کە ئاخۆ سبەی چی ڕووبدات، تۆ بڵێی ئەم توێژینەوە تازانە چی شتێکی تریان لێ سەوز ببێت. من دەڵێم با بەس بێت!

ئەی ناترسن لەوەی کە تازە کار لە کار ترازابێت؟ لە ئيستادا تەواوی بیۆلۆژیست و کیمیاگەر و فیزیا ناسەکان (کە بەڕای من تێکچوون) پرسیارەکەیان گۆڕیوە و پێیان وایە تەواو، تازە سیمای جیهانیان گۆڕی، ئێستا گرنگە بایەخ با کۆنترۆڵکردنی مەترسیەکانی ناوی بدەن. ئەی ئەمانە ناترسن کە هاوکێشەکە هەڵبگەڕێتەوە و تەواو پێچەوانە بەسەریاندا بشکێتەوە؟ ناترسن هەر خودی ئەو بەکتریایانەی کە ئەمان عەشقێکی زۆرەوە لەناو لابورەکانیاندا نەشونمایان پێدەکەن و دەیانپیتێنن، بگۆڕێن بۆ دوژمنێکی کوشندە؟

فرۆید ڕای وابوو کە سێ ئەرک هەن لە ژیاندا زۆر دژوارن: فەرمانڕەوایەتی، خوێندن و پەروەرد، دەروونشیکاری. منیش دەمەوێت ئەرکێکی تری بۆ زیاد بکەم وەک چوارەم کە ئەویش زانستە. زانست یەکێکی ترە لە کارە سەخت و دژوارەکان کە ئاسان دەسەڵاتمان بەسەریدا ناشکێت. گرفت ئەوەیە کە هێشتا پسپۆڕەکان نەبوونەتە خاوەنی ئەو شارەزاییەی کە بۆیان دەردەخات کارەکەیان زۆر سەخت و دژوارە.

ئێمیلیۆ گرانزۆتۆ: بەڵام تێڕوانینێکی زیاتر ڕەشبینانەتان هەیە بۆ ئەو شتەی کە پێی دەڵێن پێشکەوتن…

ژاک لاکان: نەخێر، شتێکی ترە. بەدڵنیاییەوە من ڕەشبین نیم. من من ڕام وایە کە هیچ شتێکی ئەوتۆ ڕوونادات. من لەبەر یەک هۆی سادە ئەم قسەیە دەکەم، چونکە مرۆڤ خۆی هیچی پێناکرێت و بەکەڵکی هیچ نایەت، تەنانەت توانای نیە خۆیشی وەک ڕەگەزێک وێران بکات. بەلامەوە مایەی سەرسوڕمان دەبێت کە مرۆڤ بتوانێت تاعونێک بەرهەمبهێنێت، ئەوسا دەڵێم مانای وایە مرۆڤ دەتوانێت هەندێک شت بکات کە دوورن لە دەستێوەردانی هێزی سروشتی یان یەزدانی و زادەی بیرکردنەوە و کرداری خۆیین.

هەموو ئەو بەکتریایانەی زیادەڕەوانە بەخێودەکرێن تا وەک سن و کوللە بە جیهاندا بڵاوببنەوە، بۆ خۆیان نیشانەی سەرکەوتنی مرۆڤن، بەڵام هەرگیز ئەو پێشکەوتنە ڕوونادات. زانستەکان زۆر سەرمەستانە بەردەوامن لە قەیرانی بەرپرسیارێتیەکانیان: وەک ئەوان دەڵێن، هەموو شت دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی خۆی. وەک ئەوەی کە منیش دەیڵێم: هەمیشە هەر ڕیاڵ گەمەکە دەباتەوە، ئێمەش هیچ نابین جگە لەوەی کە پێشتر خۆمان (ملکەچانە) هەبووین.

ئێمیلیۆ گرانزۆتۆ: جگە لە سەختی زمان و چەمکە ئاڵۆزەکانی، یەکێکی تر لەو پارادۆکسانەی ژاک لاکان کە بە بەردەوامی ڕەخنەدەکرێت، بریتیە لە گەمەکردن بە وشەکان، جۆرێک لە گاڵتەجاڕیی زمانەوانی، شاردنەوە و دیارنەخستنی کۆنسێپتەکان، دروستتر بڵێم، خودی پارادۆکسەکانی لاکان خۆیەتی، بە جۆرێک کە ئەوەی بتخوێنێتەوە یان گوێت لێبگرێت هەست بە جۆرێک لە سەر لێ تێکچوون بکات.

ژاک لاکان: من گاڵتەوگەپ ناکەم، هەر چیەک کە دەیڵێم بە ڕاستیمە و مەبەستیشمە. زۆر بە سادەیی پێت بڵێم − وەک پێشتریش بۆم باسکردیت − چۆن زاناکان ئامێری دڵۆپاندن یان خولگەی ئێلکترۆنی بەکاردەهێنن، بەهەمان شێوە منیش وشەکان بەکاردەهێنم، لێ جیاوازیەکەمان تەنها ئەوەیە کە من پاشخان و سەرچاوەکەم بریتیە لە ئەزمونەکانی دەروونشیکاری.

ئێمیلیۆ گرانزۆتۆ: تۆ دەڵێیت: ریاڵ بوونی نییە، لێ مرۆڤی ئاسایی (خەڵکی سادە) پێی وایە کە ڕیاڵ واتە جیهان، واتە ئەوەی کە بە چاوی خۆی لە چواردەوری خۆی دەیبینێت و بە دەستی خۆی، دەستی تێوەدەدات.

ژاک لاکان: جارێ سەرەتا با هەر واز لەو مرۆڤە ئاساییە بهێنین، چونکە بوونی نیە و بەتەنها خەیاڵێکی ئامارییە. هەمانە و نیمانە بوونی تاکەکەسەکانە. کاتێک خەڵکی باس لە مرۆڤی سەر جادە، ڕاپرسی گشتی یان دیاردەی کۆگەلی و شتی لەو جۆرە دەکەن، ڕاستەوخۆ بیر لەو نەخۆشانە دەکەمەوە کە بەدرێژایی 40 ساڵ گوێم لێگرتوون. بە پێوانەیەک لە پێوانەکان، کەس لە کەس ناچێت. کەس هەمان فۆبیا، هەمان دڵەڕاوکێ، هەمان شێوازی قسەکردن و هەمان ترسی لەو شتە نیە کە تێیناگات. ئیتر مرۆڤی ئاسایی ئاساییتان لە چیە؟ کێ ئاساییە؟ من، تۆ، پاسەوانی باڵەخانەیەک یان سەرۆک کۆمار، کاممان؟

ئیمیلیۆ گرانزۆتۆ: مەبەستمان لە واقیعە، واتە ئەو جیهانەی کە دەیبینین..

ژاک لاکان: ئێ باشە. جیاوازی لە نێوان ڕیاڵ وەک ئەوەی کە ناتەواوە و نێوانی ئەوەی کە سیمبولی، خەیاڵییە ئەوەیە کە ڕیاڵ بریتیە لە جیهان. بۆئەوەیشی کە دەرک بەوە بکەیت کە جیهان بوونی نییە، کە هەر نییە، تەنها ئەوەندە بەسە بڕوانیتە هەموو ئەو گەوجێتیە کۆگەلیانەی گروپە گەمژەکان پێیانوایە ئەوە جیهانە. من داوا لە هاوڕێیانی (گۆڤاری پانۆراما) دەکەم کە بەر لە تۆمەتبارکردنم بە پارادۆکس و ناکۆکی، کەمێک لەو قسانە ڕابمێنن کە کەمێک پێش ئێستا کردم.

ئیمیلیۆ گرانزۆتۆ: خەڵکی رایان وایە کە لە هەر کاتێکی تر ڕەشبینتریت؟

ژاک لاکان: ڕاست نییە، من هیچ پەیوەندیەکم بە ڕەشبینەکان یا ئەوانەوە نیە کە دڵەڕاوکێیان هەیە. ئەو دەروونشیکارەی نەتوانيت قۆناغی دڵەڕاوکێ بەجێبهێڵێت ئەوا بەدبەخت و سەرگەردان دەبێت.

ڕاستە بە شتگەلێک گەمارۆدراوین کە دەبنە مایەی پەرشکردن و دڵەڕاوکێمان، بۆ نمونە تەلەفزیۆن کە وەک خانەخوێیەک دەمانبینێ و لەسەر بەشێکی گەورەی ئێمە دەژی و دەخوات، زۆرمان لێدەبات، لێ ئەوەش خۆی پەیوەستە بەوەی کە توانای ملکەچی و خۆبەدەستەوەدان بۆ تەلەڤزیۆن شتێکە لە خەڵکی لە خۆیاندا، خۆیانن کە دەهێڵن لێیان ببرێت، بە ئەندازەیەک کە بەهای زل و گەورە بۆ ئەو شتانە دادەنێن و هەڵدەبەستن کە دەیانبینن.

بێگومان هەندێک شتی نەخۆشخەر و ستەمکارانەی ترییش هەن: ناردنی ڕاکێت بۆ سەر مانگ، توێژینەوە لە بنکی دەریادا و … هتد، هەموو ئەم شتانە بە خەڵکی دەفرۆشرێنەوە، بەبێئەوەی مەبەست لێیان ئەنجامدانی شتێک بێت لەدەرەوەی ئەو دراما و نمایشە.

من تەواو دڵنیام لەوەی گەر هاتوو بووینە خاوەنی بڕی پيویستی ڕۆکێت یان چەندین کەناڵی تەلەڤزیۆنی بە هەموو توێژینەوەکانیەوە لە شتی بێسوودا، ئەو کات بە دوای شتێکی تردا دەگەڕێین تا خۆمانی پێوە سەرقاڵبکەین. ئەوەیش خۆی سەرلەنوێ زیندووبوونەوەی ئایین و خولە دۆنادۆنیەکەیەتی، وانیە مەگەر؟ بەڕای تۆ چ هۆڤ یا دێوێک هەیە لە ئایین باشتر بتوانێت لەناومان ببات؟ ئەوە کەشێکی ئاهەنگسازیی بەردەوامە، جۆرێکە لە چێژبینین کە هاوشێوەی ڕابردوو، چەندین سەدە دەخایەنێت.

وەڵامی من بۆ هەموو ئەو شتانە ئەوەیە کە مرۆڤ هەمیشە دەتوانێت خۆی لەگەڵ خراپەدا بگونجێنێت. تاکە ڕیاڵێک کە بشێت وێنای بکەین و ‌حەزبکەین پێی بگەین، بریتیە لە بوونی پێویستی بۆ جۆرێک لە هۆکار: وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا، واتە مانایەک ببەخشینە شتەکان. بە دیوێکی تریشدا دەکرێت بڵێم مرۆڤ هیچ دڵەڕاوکێیەکی نیە، فرۆید بەناوبانگ نابێت و منیش دەبمە مامۆستای یەکێک لە خوێندنگە ئامادەییەکان.

ئیمیلیۆ گرانزۆتۆ: ئایا ئەوە بەتەنها سیما و خاسیەتی دڵەڕاوکێیە یان دڵەڕاوکێ گرێدراوی هەندێک هەلومەرجی کۆمەڵایەتی، قۆناغی مێژوویی و شوێنگەی جوگرافییشە؟

ژاک لاکان: ئەمڕۆ مۆدێرنترین دڵەڕاوکێ دڵەڕاوکێی ئەو جیهانەیە کە لە دۆزینەوە و داهێنانەکانی خۆی دەترسێت. بەڵام داخۆ ئێمە چییش دەربارەی ئەو شتانەی کە لەسەردەمەکانی تردا ڕوویانداوە؟ ئایا ئێمە چی دەربارەی کارەسات و خەم و مەراقی توێژەرەکانی تر دەزانین؟ دڵەڕاوکێی ئەمڕۆ بریتیە دڵەڕاوکێی ئەو کرێکارە بەکۆیلەگیراوەی وەک سەوڵلێدەرە بە کۆیلەگیراوەکانی جارانی ناو کەشتیەکان لە کۆمپانیایەکدا بەس خەریکی ڕێکخستنی بەرهەمەکانی کۆمپانیاکەیەتی. ئەوە دڵەڕاوکێکەیە، یان زۆر ئاسانتر بڵێم، ئەو چەشنە دڵەڕاوکێیە پەیوەستی وشە و چەمکەکانی ئێستامانە.

ئیمیلیۆ گرانزۆتۆ: ئەی دڵەڕاوکێ بەلای دەروونشیکاریەوە چیە؟

ژاک لاکان: شتێکە دەکەوێتە دەرەوەی جەستەمان، ترسە، بەڵام ترس لە هیچ، ترسێک کە دەشێت هەم جەستە و

عەبدول شارەزایە لەزەوقی ژنان ژنەکە: واو سەری ئەفلام کارتۆنێک، چەندە جوانە لەتۆوە .. عەبدول ؛ بۆ تۆیە گیانە ..
کاریکاتێرێک کیشەی ترس و دڵەڕاوکێی و سێکس لەدونیای مۆدێرنەدا؛ ئیسلامیزمی فوندەمێنتاڵ  وەک نمونەیەک / (کاریکاتێر عەبدول شارەزایە لەزەوقی ژنان
ژنەکە: واو سەری ئەفلام کارتۆنێک، چەندە جوانە لەتۆوە ..
عەبدول ؛ بۆ تۆیە گیانە ..)

هەم ئەقڵیش ببیزوێنن و دروستی بکەن. بەکورتیەکەی ترسە لە ترس. زۆربەی هەرە زۆری ئەو ترس و دڵەڕاوکێیانە، بەو ئەندازەیەی کە وەرمانگرتووە، پەیوەستی سێکسە.

فرۆید باسی لەوە کردووە کە سێکسواڵیتی (بۆ مرۆڤ وەک ئاژەڵێکی قسەکەر) شتێکە بێ هیچ چارەسەر و ئومێدێک. یەکێک لە کارە گرنگەکانی دەروونشیکاریش بریتیە لەوەی کە لە گوتاری نەخۆشدا ئەو نادیارە مەزنە بدۆزێتەوە: مەبەستم لە پەیوەندی نێوان دڵەڕاوکێ و سێکسە.

ئیمیلیۆ گرانزۆتۆ: لە ئێستادا کە سێکس لە هەموو شوێنەکاندا دەبینین، سێکس لە سینەما، لە شانۆ، لەسەر تەلەڤزیۆن، لە ڕۆژنامەکاندا، لە گۆرانیەکاندا و تەنانەت لە کەنار دەریاکانیشدا. وەک باسی دەکەن، ئەمێستا خەڵکی کەمتر دڵەڕاوکێیان دەربارەی ئەو مەسەلانە هەیە کە تایبەتن بە لایەنی سێکسی. وەک دەڵێن، تابوەکان کەوتوون، خەڵکیش هیچ ترسێکیان لە سێکس نەماوە.

ژاک لاکان: ئەو هەوەسە سێکسیەی کە بەربڵاوە، دیاردەیەکە بەس بۆ بازاڕپەیداکردن. بەڵام دەروونشیکاری کارێکی جیدیە، وەک پێشتر گووتم زیاتر پەیوەستی پەیوەندیەکی زۆر تایبەتی نێوان دوو تاکەکەس: سۆبێکت و دەروونشیکار. شتێک نییە ناوی دەروونشیکاریی کۆگەلی بێت، وەک چۆن نیرۆس یان دڵەڕاوکێیەکیش نیە لەسەر ئاستی گروپ.

خۆ ئەو بازاڕبۆپەیداکردنەی قسەکردن لەسەر سێکس، نمایشکردنی لەسەر شەقامەکان و مامەڵەکردنی بەشێوەیەکی بەردەوام وەک هەر ماتەریاڵێکی تر لەسەر تیڤیەکان، شتێکی دڵخۆشکەر نییە و شادمان ناکات.

من ناڵێم ئەوە کارێکی خراپە. بەڵام دڵنیایشم لەوەی کە ئەوە بەتەنها بەس نیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دڵەڕاوکێ و کێشە تایبەتیەکان. ئەوە هیچ نییە جگە لە مۆدەیەک لە مۆدە ساختەکانی لیبرالیزم کە وەک ئەوەی دیاریەکی خودایی بێت و ئەو کۆمەڵگەیەی پێی دەڵێن ئاسانکار، پێمانی ببەخشێت. بەڵام لەسەر ئاستی دەروونشیکاری هیچ سوودێکی نییە.

سەرچاوە: فەرموون بابەتەکە لەسەرچاوەکەیەوە بەزمانی ئینگلیزی

http://www.critical-theory.com/this-so-called-crisis-it-does-not-exist-jacques-lacan-on-psychoanalysis-in-1974/