شاعیر: ستەمکاری چەوساوە و فالوس بەقەرز

(١)

زاڵترین ڕەگەزی ئەدەبی لە ڕۆشنبیری ئێمەدا بریتیە لە شیعر، شیعر وەک ساتی بەرکەوتنی تاکی کوردی بە دونیای دەرەوەی خۆی، شیعر وەک زمانێکی میتافۆریانەی پیاو بۆ فانتازیکردن و دروستکردنی ئەو جیهانەی کە مەرامی بووە بیخوڵقێنێت. هیچ کام لەو تێکستانە لە لاپەڕەی دیوانە شیعریەکاندا بە بێدەنگی نامێننەوە، بەڵکو دێنە دەرێ تاوەکو لە نەست و نائاگایی ئێمەدا خۆیان قایم بکەن و دواتر لە ڕێی کار و کردەوەکانمان لەگەڵ ئەوانیتردا، خۆیان نمایشبکەنەوە. ئەوەی من لێرەدا زیاتر مەبەستمە بە تەنها وێناکردنی ژنە: ژن وەک میتافۆڕ لە هزری شاعیری پیاوی کوردا.

دیارە بە ووردبونەوە لە تێکستە شیعرییەکانی زمانی کوردی جا کلاسیک بن یان ڕۆمانسی و مۆدێرن، ئەوا ژن بەپێچەوانەی واقیعی خۆیەوە بونەوەريکی زاڵم و ستەمکار و چەوسێنەوەرەی پیاوە کە هیچ باکی بە بوون و نەبوونی ئەو نییە، لەم لایشەوە پیاو وەک ئۆبێکیتکی بێدەرەتان و زەلیل ئامادەیە کە بە بەردەوامی لە لایەن تیر و تیغ و برژانگ و موژگانی ژنەوە لێی دەدرێت، دەبڕدرێت، برینداردەکرێت، دەربەدەردەکرێت، دەکوژرێت و لە چاڵدەنرێت. بە مانایەکی تر، ئەوە ئارەزوو و سێکسوالیتی پیاوە کە بە بەردەوامی لە ژێر هەڕەشە و ئاکت و فریوی بێ بەزەییانەی ژندایە.

دەمەوێت لەبەر ڕۆشنایی تیۆرەی زمان و تێزەی شۆڕشی شیعریی (ژولیا کرستیڤا) دا لەسەر وێنای ژن لە شیعریکوردیدا و پەیوەندی بە توندوتیژیەوە لە واقیعدا، بوەستم. کریستیڤا ڕای وایە مرۆڤ هەڵگری هەمان ئەو بونیادی زمانەیە کە پێی دەئاخڤێت. زمان بۆخۆی هيترۆجین (واتە جیاواز و ناچونیەک)ە هاوشێوەی هەمان دیالێکتی هیگلی،

ژولیا کریستیڤا فەیلەسوف و ڕەخنەگری فەڕەنسی
ژولیا کریستیڤا فەیلەسوف و ڕەخنەگری فەڕەنسی

چونکە لەدووبەشی ناچونیەکی جیاواز پێکهاتووە کە بریتین لە (سیمۆتیکی) و (سیمبولی). سیموتیکی ئەو دەنگەیە کە لە نەستەوە دێت بۆ دەرەوە، بۆ لای سوبێکت خۆی تا لەنەستەوە ببێت بە هەست: سیمۆتیکی لەسەر بنەمای ژیانی هەستیی مرۆڤ دروست بووە کە هەیەتی بۆ چواردەورە کۆمەڵایەتیەکەی (سیمبولی). بەڵام بەشەکەی تری زمان (واتە سیمبولی) دەربڕی هەموو ئەو نۆرم و بەها کولتوریانەیە کە پێیان گۆشکراوین، ئەو زمانەیە کە فێری بووین (بەتەواوی ووردەکاریەکانی و جیاوازیە ڕەگەزی و ڕەفتاریەکانی ناویەوە). زمانیش بۆخۆی گەمە یان جوڵەیەکی بەردەوام بزواوی نێوان سیمبولی و سیمۆتیکیە: سیمبولی وەک ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و سیمۆتیکییش وەک سایکۆلۆژیای ناوەوەی مرۆڤ و جەستەی.

کرستیڤا ڕای وایە زمانی شیعر باشترین نمونەی ئەم پەیوەندیە بەردەوامەی نێوان سیمۆتیکی و سیمبولییە، چونکە لەیەک کاتدا هەم هەڵگری مۆرکی ڕێکخستن و ڕێزمان و یاسایەکی دیاریکراوی بەکارهێنانە کە لەهەر زمانێکدا هەیە، هەم جۆرێک لە داهێنان و تێکدان و ڕیتم خوڵقاندنیشە. ئەو پەیوەندیە دیالەکتیکیەی نێوان ئەو دوو بەشە ناچونیەکە (سیمۆتیکی و سیمبولی) ئەو کاتە زیاتر دەردەکەوێت کە مرۆڤ دەیەوێت ناو لە دۆخ و دیاردەکان بنێت، وشەی تریان بۆ بدۆزێتەوە گەورەتر لە قەبارەی خۆیان وەک وشە بەو شێوە سیمبولی و کۆمەڵایەتیەی کە هەن، بەتایبەتی دۆخەکانی وەک ڕق، خۆشەویستی و تۆقین کە هەستگەلێکی سایکۆلۆژی زێدەڕەون و پێویستیان بە جۆرێکی دیکە لە باسکردن و قسەلەسەرکردن هەیە گەورەتر بێت لە تێگەیشتنی ئێمە بۆیان وەک ئەوەی کە لەناو زمان خۆیدا، لە سیمبولییدا هەن و دروستبوون. هەربۆیە کاتێک گوزارشت لەمانە دەکەین زمانی سیمبولی بەکاردەهێنین تا ڕاوی ئەو ناوەرۆکە سیمۆتیکیەی پێ بکەین کە لە ووشە خۆی زیاترە.

لای کریستیڤا سیمۆتیکی بۆیە گرنگە چونکە تاکە بوارێکی فێمنیستیە کە تیایدا بشێت بتوانین لێکدژەکان تێکبشکێنین بۆ نمونە، سروشت/کولتور، پیابوون/ژنبوون. ئەم دژانە هەم بۆ یاخیبوون لە دۆخە جێگیرەکە و هەم بۆ پاراستنیشی بەکاردێن و سوودیان لێ وەردەگیرێت. لە دۆخە جێگیر (سیمبولی) یەکەدا دەسەڵاتدار هەموو ئەو شتانە دەچەوسێنێتەوە کە (سیمۆتیکی) ین تا هەژموون و دەسەڵاتی خۆی لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیدا بپارێزێت. بێگومان مەبەستی کرستیڤا لە سیمۆتیکی هەموو چەشنەکانی ئەدەب و میوزیک و هونەرە کە دەسەڵاتێکی سیمبولی جێگیر (دەوڵەتێک، مێنتاڵتیەک یان ترادسیۆنێک) ڕەتیاندەکاتەوە، لەکاتێکدا من دەمەوێت بڵێم ئەوەی کە سیمۆتیکیشە (مەبەستم لە میتافۆرە شیعریەکانی پیاوە لەسەر ژن لە ئەدەبی کوردیدا) هێندەی سیمبولی خۆی چەوسێنەرە!

ئەوەی لە واقیعی ئەدەبی شیعری کوردی (سیمۆتیک) دا دەیبینین بوونی پیاوێکە چەوسێنراوە و زەلیلی دەستی ژن، لەکاتێکدا لە (سیمبولی) واتە ژیانی کۆمەڵایەتیدا ڕيک پێچەوانەکەی دەبینین: ژنە چەوساوە و پیاوە چەوسێنەر. مایەی توێژینەوە و هەڵوەستە لەسەرکردنە لەکاتێکدا کەدەبوو سیمۆتیک (شیعر) شوێنی دەربڕینی ئازار و فشار و چەوسانەوەی دەروونی ئازاردراوە سەرەکیەکە بێت، کە ژنە لە سیمبولیدا، کەچی دەبینین شیعری کوردی تەواو بەپێچەوانەوەیە، پیاو هەموو دۆخە دەروونی و جەستە چەوساوەکەی ژنی بۆ خۆی دزیوە و هاوشوناسبووە لەگەڵی: گەمەیەکی ساختە، پارادۆکسی و هەڵخەڵەتێنەرانە کە بۆتە مایەی سەرلێشيواندن و ڕەوایەتیدان بە توندوتیژیەکی بەردەوام.

(٢)

مەرگ زەقترین دیاردەی ناو تێکستی شیعرییە لە ئەدەبی کوردیدا ! مەرگ وەک تاکە ئەڵتەرناتیڤيک بۆ گەشتن بە باوەش و خۆشەویستی یار، یار وەک شەونمی نێوان کتێبە دۆزەخییەکان و تاقانەترین شەرابی ناو تاعونەکان: یاری بێ مروەت و بێوەفا، دڵفریو ، فیتنگەر و کافری خوونخوار، پەری ڕوخسار، زاڵمی غەدار و بەدی بەدکار.

ئەم مەرگە تا توندوتیژتر بێت، هێندە شیرینتر و نەرمتر خۆی نمایشدەکات بە جۆرێک کە ناتوانین لەخودی شاعیری جیابکەینەوە، شاعیر وەک عاشقێکی بێچارە و سەرگەردان. بۆ ئەوەی شوناسی شاعیری کوردت بۆ یەکاڵابێتەوە و باوەڕ و متمانە بەو تۆن و ڕیتۆریکە سادۆمازۆشی، دەسەڵاتخواز/خۆچەوسێنەرەوەیەی بکەیت، دەبێت پەردە لە سەر نهێنیەکانی ئەو یارە دڵدارە هەڵماڵیت کە شاعیری توشی ئەو قەیرانە میلانکۆلییە سایکۆلۆژییە کردوە. ئەم کارەش وامان لێدەکات بڵێین: ئیدی کاتی ئەوە هاتوە بزانین ئایا ئەو یارە بوونی هەیە؟

وەک درێژەپێدانيک بۆ بەشی یەکەم، ئەمجارەیان بە تێرمێکی تری (جولیا کرستیڤا) کە بریتیە لە (چۆرا)، هەوڵدەدەم لەڕەهەندە دەروونیەکانی ئەم خەسڵەتە شیعرییەی شاعیری کورد بکۆڵمەوە و ڕاڤەی بکەم .

بە ڕای کرستیڤا مناڵ لە شەش مانگی تەمەنیدا بە جۆرێک لەگەڵ جەستەی دایکی هاوژین و هاوتایە کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان خۆی و ئەو جەستەیەدا نابینێت، ئەو قۆناغەی کە لای فرۆید بە (نارسیزمی سەرەتایی ) ناودەبرێت، واتە بوونی سوبێکت لە خاڵی سفردا، قۆناغێکە پڕە لە کاوس و قەیران. لەم قۆناغەدا جەستەی دایک هەم ژیانبەخشە و هەم مەرگئامێزیش، ژیانبەخشە چونکە سەرچاوەی ژیان و ئارامییە بۆ مناڵ و خۆراک و پێداویستیەکانی خۆی لێوە وەردەگرێت، مەرگئامێزیشە چونکە باوەش و ئامێزی دایک ڕێ لە مناڵ دەگرێت بۆ خۆی ببێتە کەسێکی سەربەخۆ. کرستیڤا ئەم پەناگە سەرەتاییەی مناڵ بە (چۆرا) ناودەبات .

چۆرا (Chora) وشەیەکی گریکیە و کریستیڤا وەک زاراوەیەک لە پلاتۆوە وەریگرتووە کە بە مانای شوێن یان فەزایەک دێت، لێ لای ئەم وەک هاومانای مناڵدانی دایک بەکاردێت لەو قۆناغەدا کە هێشتا توانای زمان گەشەی نەکردووە و دۆخێکە پڕ لە هەڵچوون، کاوس، ئاژاوە و ژاوەژاوی هەستەوەر و پێداویستیەکان، دۆخێک کە هێشتا مناڵ تیایدا نازانێت ئەوی تر لە دەرەوەی خۆی و جەستەی دایکی بوونی هەیە. ئەوەی کە لەم قۆناغەدا جڵەوی مناڵ دەکات هەردوو غەریزەکانی ژیان و مەرگن.

کریستیڤا پێی وایە مانەوە لەم قۆناغەدا یان گەڕانەوە بۆی لە قۆناغەکانی تری تەمەندا، واتە توشبوون بەنەخۆشی دەروونی و سیکۆس کە لە فۆڕمی میلانخۆلیا ( خەمۆکی و ڕەشبینی) دا خۆیان نمایشدەکەن . کەسی میلانخۆلی لەزماندا ويڵی ئەو دایکەیە کە لە قۆناغی پێش ئۆدیپیدا هەیبووە، دایکێک کە ئەستەم بووە بتوانێت لێی جیاببێتەوە، هەر بۆیە ئەم تازێباری و ناسۆرییەی شاعیر وەک کەسێکی مێلانخۆلی دەگەڕيیتەوە بۆ ئەو جیابوونەوە سەرەتاییەی یەکەمجار لە جەستەی دایک کە کریستیڤا بە (ئابجێکشن) ناویدەبات، منیش و لە ستوونی ئایندەدا باسی دەکەم.

بۆ ڕونکردنەوەی خاسیەتەکانی کەسێتی مێلانخۆلی کرستیڤا لە کتێبی (خۆری ڕەش) دا باس لە بوونی شتێک (Thing) دەکات، شتێک وەک خۆرێکی فانتازی کە هەم ڕۆشنە و هەم تاریک: (شت) ێکە کە کەسی مێلانخۆلی بە هۆی نەبوون و لەدەستدانی (ئەوی دی / ئەویتر) یەوە ئاوێزانی بووە، ئەوی دییەک کە هەم جوانە، هەم خراپ و دزێویش. کریستیڤا دەڵێت: ((من ڕقم لەو (شت)ە دەبێتەوە چونکە خۆشم دەوێت، تاوەکو لێم ون نەبێت، دەیخەمە ناو خۆمەوە و توند لە خۆمیەوە دەئاڵێنم، بەڵام لەو کاتەشدا هەر ڕقم لێیەتی. ئەوی دیی ناو من، منێکی ناشرین و دزێوە، هەر بۆیە من خراپم، من بوونم نیە، من دەمەوێت خۆم بکوژم)).

لەبەرئەوەی کەسی مێلانخۆلی هەستێکی بەردەوامی خۆشەویستی/ ڕقی بۆ ئەو (شت) ە (جەستەی دایک) هەیە، دەبیین کە چەندەها جار خۆی کەمنرخ و بچووکدەکاتەوە. ئەو (شت)ە دۆخێک لە سەرلێشێوان و شپرزەیی ئیرۆتیکی بۆ دروستدەکات، هەر بۆیەش کەسی مێلانخۆلی لەگەڵ کەمترین ناڕە‌‌حەتی ژیانی ڕۆژانەدا ئامادەیە خۆی فڕێبداتە ناو جۆرێک لە فەوتان و لە ناوچوونی ئەبەدیەوە تا بە ئۆبێکتە لەدەستچوە کۆنەکەی (جەستەی دایک) شاد بێتەوە.

پەنابردنی من بۆ ئەم تێرمەی کرستیڤا لەبەرئەوە بوو تا تیشک بخەمە سەر ئەو ڕەهەندە بەرلەئۆیدیپۆسیەی شاعیری کورد بە هەموو دەرکەوتە سیکۆسی و مێلانکۆلیەکانیەوە لە تێکستەکانیدا. تامەزرۆیی و عەوداڵی شاعیر بۆ چۆرا (جەستەی دایک) کە لە شیعردا بە دەمامکی فیگەری (یار) ەوە خۆی نیشاندەدات و دەردەکەوێت، دیارکەوتنەکانی توندوتیژ و مەرگئامێزن، زیاتر بریتین لە خودسزادانێکی مازۆخیانە، خۆدارکاریکردنێک پڕ لە هەستی پەشیمانی، بوونی عەشق و ‌حەزێکی سێکسی فیتیشییانە کە هیچیان مژدەی پەیوەندیەکی تەندروستی نێوان دوو عاشق نین، بەڵکو باشترین گوزارشتن لە ڕەفتارێکی لادەرانە، لە فۆبیای جیابوونەوە: جیابوونەوە لە جەستەی دایک.

(٣)

پاش ئاماژەدان بە چەمکی (چۆرا) وەک ئەو پەناگە ئارامەی شاعیر کە فانتازی دەکات و بەردەوام بە دەمامکی یار و عاشقێکی سەرهەڵگرتوو و دڵشکاوەوە بۆی دەگەڕێتەوە، (چۆرا) وەک سیمبولی مناڵدانی دایک، پێم باشە بۆ تەواوکردن و زیاتر چەسپاندنی ئەم تێزەیە پەنا ببەمە بەر چەمکێکی تری گرنگ و تاڕادەیەک ئاڵۆزی کریستیڤا کە بریتییە لە چەمکی ئابجێکشن (Abjection). سەرەتا بە پێویستی دەزانم ئەوە ڕوون بکەمەوە کە وەرگێڕانی ئابجێکشن بۆ زمانی کوردی و دۆزینەوەی هاوتایەک بۆی، گەر مە‌حاڵ نەبێت ئەوا هەر زۆر ئەستەمە، هۆکارەکەیشی دەگەڕیتەوە بۆ فرە ڕەهەندی و فرە مانایی ئەم چەمکە کە لە کۆنتێکستی جیاوازدا ماناو دەلالەتی جیاواز لەخۆدەگرێت، ئەمە سەرباری ئەوەی کە لە زۆربەی زمانە ئەوروپیەکانیشدا هەر بە ئابجێکشن ناو دەبرێت.

لە کتێبی ((دەسەڵاتی تۆقاندن: وتارێک دەربارەی ئابجێکشن)) دا، کرستیڤا باس لە ئابجێکشن وەک هەستێکی زۆر

فالوسی فڕیو / مۆزەخانەی کۆنی بەرلین ٢٠١٣
فالوسی فڕیو / مۆزەخانەی کۆنی بەرلین ٢٠١٣

بەهێز دەکات کە هەم جەستەییە و هەم سیمبۆلیکیشە، ئەمە جگە لەوەی کە شۆڕشێکیشە دژ بە هەر هێزێکی دەرەکی کە هەڕەشە بێت بۆ سەر قەوارە و شوناسی مرۆڤ، هەربۆیە دەبێت خۆتی لێ بە دووربگریت. ئابجێکشن ئارەزووی جیابوونەوەیە بۆ ئۆتۆنۆمی، ئەگەرچی هاوکات دەرککردن و هەستکردنیشە بەوەی کە مە‌حاڵ و سەختە بتوانیت ئەو کارە بکەیت. بە ڕای کرستیڤا ئابجێکت شتێکی قێزەونە چونکە لە یەک کاتدا، هەم بە لای خۆیدا ڕاتدەکێشيیت و سەرنجت دەبات، هەم ڕەتیشت دەکاتەوە، سەرباری قێزلێکردنەوە، هێڵنجدان و دڵتێکهەڵاتنیشت لێی، هەر لێت نابێتەوە. ئابجێکت بریتیە لەو شتەی کە دەکەوێتە سەر سنوور، بەڵام هیچ ڕێزێک لە سنوور ناگرێت. نەسوبێکتە و نە ئۆبێکتیش، بەڵکو شتێکە لە نێواندا، تەواو ئاڵۆز و تەمومژاویە. کرستیڤا خۆی بەم شێوەیە وەسفی ئابجێکت دەکات، ئەو دەڵێت: ( ئابجێکت تیرۆرێکە شاراوە و پەنهان، ڕق و کینەیەکە کە بەدەمتەوە پێدەکەنێت، عەشقێکە لەجیاتی ئەوەی بۆ جەستەی بەرامبەر بسوتێت، ئاڵوگۆڕی پێدەکات و بە شتێکی تری دەگۆڕێتەوە، قەرزارێکە، لەبری ئەوەی قەرزەکەت بداتەوە دەتفرۆشێت، هاوڕێیەکە کە پێت پێدا دەنێت…).

کەواتە ئابجێکت بریتیە لەو شتەی کە نە (ئەم) ە و نە (ئەو) یشە، وەک چۆن سیفەتێکیش نییە بۆ خۆی لەخۆیدا، بەڵکو بوونی پەیوەندیە بە سنورێکەوە، نوێنەرایەتی هەموو ئەو شتانەیش دەکات کە دەکەونە دەرەوەی ئەو سنورە، بەمانایەکی تر، دیوەکەی تری ئەو سنورەیە: پەراوێزەکەیەتی. ئابجێکت بریتیە لە هەڕەشە بۆ سەر شوناس، نە باشە و نە خراپیشە، وەکچۆن نە ئیگۆیە و نە نەستیش، بەڵکو هەڕەشەیەکە بۆ سەر خودی سنورە جیاکەرەوەکان. ئابجێکت بریتی نییە لەو ئۆبێکتەی کە لەگەڵ ئیگۆ تەبایە، بەڵکو ئەو شتەیە کە لە لایەن سوپەرئیگۆوە دوورخراوەتەوە.

بە ڕای کریستیڤا هاوتابوون لەگەڵ سنوردا، یان باشترە بڵێین هاوتابوون لەگەڵ ئەوەی کە سنور (واتە سنوری ناوەوە و دەرەوەی جەستە) دەشکێنێت، لە زۆر ڕوەوە کاریگەری زۆری لەسەر دۆخی ئۆیدیپۆسی دەبێت، چونکە مناڵ (بەتایبەتی ڕەگەزی نێر) لە دایکی توڕە دەبێت، لەبەرئەوەی کە لە مناڵدانی خۆیدا هەڵیگرتووە و بێبەشی کردووە لە هەبوونی شوناسێکی ئۆتۆنۆم و سەربەخۆ. پرسیارەکە بۆ ڕەگەزی نێر ئەوەیە کە چۆن دەتوانێت ببێت بە پیاو لە کاتێکدا ئەو ڕۆژێک لەڕۆژان ژن بووە، هاوتای جەستەی دایکی بووە و بەشێک بووە لە ژن؟ ئەمێستا ئەو بریتیە لەو بەشە دەردراوە دەرکراوەی جەستەی ژن (دایک)، وەک ڕشانەوەیەک هێنراوەتەوە و دەردراوتە دەرێ، ئیدی چۆن بتوانێت ببێت بە پیاوێک و ژنێکی خۆشبوێت؟!

بەڕای کریستیڤا پێویستە مناڵ _ بەتایبەتی ڕەگەزی نێر_ دایکی بکات بە دوو بەشەوە تاوەکو بتوانێت شوناسێکی سێکسی خۆی دروستبکات! لەتکردنی دایک بۆ دوو بەش: بەشێکیان ئابجێکت (Abject) و بەشەکەی تریشیان باڵانمابوو (Sublime) ڕێخۆشکەرە بۆ جیابوونەوەی مناڵ لە جەستەی دایک و بونیاتنانی قەوارەیەکی ئۆتۆنۆم و سەربەخۆ. بەڵام گەر دایک بەتەنها وەک ئابجێکتێک ببینرێت ئەوا پاشتر دەبێتە ئۆبێکتێکی فۆبیکی تۆقێنەر و خودی مناڵەکە دەبێتەوە بە ئابجێکت. بەمانایەکی تر، گەر دایک هەر وەک ئابجێکت بمێنێتەوە، ئەوا هەرگیز نابێتە ئۆبێکت، بەتایبەتی ئۆبێکتێک بۆ خۆشەویستی، هەربۆیە پێویستە باڵانما بکات تاوەکو سێکسوالیتێی نێرینە بتوانێت ژنێک بکاتە ئۆبێکتی خۆشەویستی بۆ خۆی، بەڵام گەر هەر بەتەنها باڵانما بێت، ئەو کات مناڵەکە لێی جیانابێتەوە، واتە مناڵەکە نە وەک سوبێکت و نە وەک ئۆبێکتیش هیچ شوناسێکی نابێت، وەک چۆن بەر هیچ پڕۆسەیەکی سەرەکی و لاوکیانەی چەپاندنیش ناکەوێت. هەر بۆیە ئەوی تر بەتەواوی قەدەغە دەبێت، هەرگیز خۆی دیارناخات، ئەمەش وا دەکات کە مناڵ ببێتە کەسێکی سیکۆس. یەکێک لە تایبەتمەندێتیەکانی کەسێتی سیکۆسییش ئەوەیە کە ئەوی تر، ئۆبێکت لە ژیانیدا بوونیان نیە. هەربۆیە دەبێت هەردوو ئابجێکت و باڵانمابوو پێکەوە لە ژێر چەتری باوکایەتیدا خۆیان دەربخەنەوە تاوەکو ئۆبجێکتی خۆشەویستی بۆ مناڵ دروست ببێت. بەکورتی، مناڵ بەتەنها لەڕێی نێوەندگیری باوکەوە (باوەک وەک خۆشەویست) دەتوانێت بەسەر دایکدا وەک ئابجێکت، زاڵ ببێت.

فالوس بەقەرز

بۆئەوەی کۆتایی بەم بابەتە بهێنم، دەمەوێت دیسان ڕوونیبکەمەوە کە مەبەستی من لەم تێزە (شاعیر: ستەمکاری چەوساوە) چی بووە؟ سەرەتا دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە من بۆ شیکردنەوەی ئەو دۆخە سایکۆلۆژی _ مێلانکۆلیەی شاعیری کورد پەنام بردە بەر (ژولیا کرستیڤا) هەر لە ڕوانگەی هەردوو چەمکەکانی وەک (چۆرا و ئابجێکشن) یشەوە هەوڵمدا ئەو توندوتیژیە خودچەوسێنەرە خۆئەشکەنجەدەرانەیەی شاعیری کورد بخوێنمەوە کەزۆر ئایرۆنیانە گەمە

سۆفی لەگەڵ قارچکەکان
گونتەر گراس/  سۆفی لەگەڵ قارچکەکان

بەوشە دەکات تا ڕووە ستەمکارەکەی خۆی بشارێتەوە.

شاعیر خۆی کە ستەمکارترین فیگوری کۆمەڵایەتیە، کە وەک هەر نێرینەیەکی تر چەقی بەبونبەستگەیشتنی هەموو مانا و ئاماژە نێرسالاریەکانی کۆمەڵگەیەکی پاتریارکیە، لە تێکستەکانیدا بەدەمامکێکی تەواو چەوساوەوە دێتە سەر شانۆکە و خۆی نمایش دەکات. ئەوەی کە شاعیر دەیشارێتەوە توندوتیژیە لە واقیعدا بەرامبەر بە مێینە و کردنی مێینەیە بە توندتیژ و ستەمکار، لەکاتێکدا پڕۆسەکە لەسەر زەمینەی واقیع و لەناو مێژوو خۆیدا تەواو پێچەوانەیە. ڕیشەکانی ئەم گەمە خەڵەتێنەرە سەرلێشيوێنەرە ڕەگی قوڵیان لەخودی تێکستەکاندایە، وەک چۆن لەو گرێ ئەبەدی و ئەزەلیەیشدایە کە شاعیر وەک ئۆیدیپۆسێک هەڵگریەتی.

بۆ ئەمەش تەنها ئەوەندە بەسە کە چاوێک بە ئەدەبی کوردیدا (لەوسەری کلاسیکیەوە بۆ ئەمپەڕی مۆدێرنی، بێگومان پاش تێپەڕین بە ڕۆمانتیکەکانیدا) بخشێنیت ئەو شاعیر_ پیاوە دەست وقاچ بەستراوە ببینیت کە بۆتە کۆیلە و ژێردەستەی یار، کە یار بۆتە مەرجی بوون و نەبوونی، مایەی بەهاداریی یان بێنرخیەکەی ئەم (ئەمی چەوساوە). ئەوەی زیاتر بۆ من گرنگ بوو ناسینی شاعیر بوو لەڕێی یار (فریشتەی خەیاڵ و مەعشوقەکەی) ەوە نەک بە پێچەوانەوە. وەک ئەوەی بەدرێژایی مێژوو ڕەخنەی ئەدەبی کوردی سەرقاڵی بووە: من بۆئەوەی شاعیری چەوساوە بناسم، دەبێت چەوسێنەرەکەی (یار) پێناسە بکەم. بەڵام ئایا ئەوە یار بووە کە شاعیری ئازارداوە یان بەپێچەوانەوە؟ پرسیارەکە بۆ من ئەو کاتە ڕوونتر بۆوە کە زیاتر جەختم کردەوە سەر شوناسی یار، یار وەک ئەوی تری شاعیر و ئەو شوێنەی کە تیایدا چیتر شاعیر خۆی نیە: واتە پەناگە جۆراییەکە: مناڵدانەکە.

گەر ئەو دیدە (لاکان) ییەمان بۆ زمان قبوڵبێت کە پێوایە ئەوە زمانە کە سوبێکت دروستدەکات، نەوەک سوبێکت زمان دروستبکات، ئەوا زۆر سانا دەبینین کە چۆن زمانی شیعری کوردی سوبێکتێکی مێلانکۆلی و نارسیس و مەرگدۆستی دروستکردووە: سوبێکتێکی لەت، بیمار و بێسنور بەمانا سایکۆلۆژیەکەی. تەواوی ئەو خۆشەویستی و عەشقەی کە لە شیعری کلاسیکدا لە فۆرمی غەزەل و سۆفیزمدا و لە شیعری نوێدا وەک ڕۆمانتیزم خۆی نمایش دەکات، هێندەی گوزارشتە لە مەیل و ئارەزووی شاعیر بۆ مردن، نیو هێندە بۆ ژیان و خۆشەویستی نییە. میتافۆری مەرگ لە شیعر (سیمۆتیک) دا بە هەموو چەشنە نەرم و دڕەندەکانیەوە و دواتریش بە توندوتیژییەکی زەقتر و ڕەقترەوە لە واقیعدا خۆی نمایش دەکاتەوە.

کرستیڤا پێوایە کە زمانی هونەرمەندە گەورەکان (ئاڤانگاردەکان) بە گشتی و زمانی شیعر بە تایبەتی زمانێکی ژنانەیە، چونکە تەنها لە شیعردا سێکسوالیتی و ژیۆسانسی (دایک، ژن و یار) دەدرەوشێنەوە و دەگەنە ئەوپەڕی چێژی خۆیان.

بەکورتی، تەواوی پڕۆسەکە بریتیە لە شاعیر وەک سوبێکتێکی قسەکەر و خاوەن دەسەڵات کە لە ڕێی فانتازی و خەیاڵ و وێنە شعرییەکانییەوە فالوسی خۆی بەقەرز دەبەخشێتە یار، ئەمەش وەک ڕەتکردنەوەیەکی تەواوی لۆژیکی گوتاری پاتریارکی و هاوتابوون لەگەڵ ڕێساکانی باوکدا، شاعیر خۆی لە نێواندا دەبینێتەوە: ئیدی نە پیاوە بە مانای پیاوبوون و نە ژنیشە!

هەربۆیە دەبینین کە یار تەنها لە شیعردایە کە خاوەنی جەستەیەکی زاڵ و نیگایەکی تیژە، جەستە و نیگایەک کە هەموو دەرکەوتنێکیان بۆ خۆیان، مردنێکن بۆ شاعیر: ئەم زمانە شیعرییە پارادۆکس و نێگەتیڤە کە تەواو پێچەوانەی واقیع و کۆدە کۆمەلایەتیەکانە، جارێکی تر خۆی دووپاتدەکاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان وێنەکە پێچەوانە دەبێتەوە، واتە شاعیر لەواقیعدا نکوڵی لەو وینە خەیاڵیە بۆ ژن دەکات و خۆی لەگەڵ تەواوی بەها و ڕێسا پاتریارکیەکاندا هاوتادەکاتەوە: شاعیر ئەو فالوسە لە یار دەسەنێتەوە کە بەقەرز پێیی دابوو، واتە لەهەموو ئەو ستاتوس و نرخ و بەهایەی دادەماڵێت کە وەک دەسەڵاتدارێکی بڕیاربەدەستی چەوسێنەر هێنابوویە سەر شانۆ.

سەلماندنی ئەم تێزەیە لە واقیعدا زۆر لەوە بەڵگەنەویستترە کە خۆمانی بۆ ماندوو بکەین. گەر بڕوانیتە مێژووی ئەم ئەڤانگاردە ئەدەبیە، ئەم نوخبە رۆمانسیە دەبینیت کە بە هیچ پڕۆسەیەکی قاتوقڕکردنی ژن لە کۆمەڵگەکەدا شۆک نابن و نابێتە پرسیاریان: مەبەستم ئەوەیە هیچ کوشتن و بڕینێکی ڕاستەقینە لە واقیعدا بەرامبەر بە یار شاعیران تووشی شۆک ناکات و ڕایان ناچڵەکێنێت، چونکە هیچ توندوتیژییەکی واقیعی (ئەوەی کە لە واقیعدا) بەرامبەر بە ژن (یار) هەیە، قەرەبوویەکی ویژدانیانەی ئەو توندوتیژیە ڕەمزییە ناکاتەوە کە لە تێکستەکاندا یار (ژن) بەرامبەر بە شاعیر (پیاو) ئەنجامی دەدات.

تەواو