خۆڕاگرە چڵێسەکان

حکومەت، مووچە و ئەزمونی ماشمێلۆ،

زۆر جار گوێمان لە سیاسیەکان بووە  کە بۆ شاردنەوەی شکستەکانی خۆیان و بێسەرەوبەرەیی پلانەکانیان (ئەگەر هەیانبووبێت)، رەخنەی ئەو مرۆڤە نوێیە دەکەن کە لە دوای ڕاپەڕینەوە (لە باشور) لە دایکبووە و وەک کەسێکی تەوەزەل، بێ حەوسەڵە، پشت بەستوو بە موچە بەتەنها و چاولەدەستی سیاسیەکان بۆ بژێوی خۆی، وێنایان کردووە. لێدوان و تەنز و تانەی وا زۆر زۆرن لە کارەکتەری ئەو مرۆڤە لە لایەن سیاسیەکانەوە و ئاسان هەژمارناکرێن، لەدیارترینیان کە زۆر لەبەرچاو بێت وتەکانی نێچیروان بارزانی بوو کە ڕەخنەی مرۆڤی ئێمە دەکات و وەک بوونەوەری خێراشکستە و بێ پلان و مەسرەفچی، پێناسەیان دەکات، بە چاوپۆشین لە هەموو ئەو لێدوانە سیاسیە فەرمیانەی تر کە لێرە و لەوێ دەدرێن. دوا لێدوانیش کە دیسان جەختی لەسەر بوونی حەوسەڵە و تەحەمولی مرۆڤی ئێمە کردبێتەوە، قسەکانی مەسعود بارزانی بوو.

xoragre-kjh765ئەوەی بە لای منەوە سەرنجڕاکێشە قسەکردنە لەسەر مرۆڤی بە حەوسەڵە و دان بەخۆداگرتوو، مرۆڤێک کە بەرگەی زیاتر و زیاتری نەهامەتی و نەداری دەگرێت، بە هیوای ئەوەی کە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەسکەوتی گەورەتر و خەڵاتی باشتر چنگ بخات، سەرباری ئەوەی کە لەلایەن سیستم و کۆمەڵگەکەیەوە بەرز ڕابگیرێت و زیاتر و زیاتر دەستکەوتی مادی و رەمزی بچنێتەوە.

بۆ شیکردنەوەی ئەم دۆخە و خاسیەتەکانی ئەو مرۆڤە بێحەوسەڵە و دان بە خۆدا نەگرتووە، پەنا دەبەمە بەر ئەزمونی (ماشمێلۆ)، تا لە ڕێگەیەوە بتوانم دیوی ناوەوەی ئەو هاوکێشەیە شیبکەمەوە کە بریتیە لە پێکهاتە و هەلومەرجەکانی مرۆڤی بەرگەگرتوو، مرۆڤی بە حەوسەڵە و دواجاریش چاوەڕوانیەکانی لە خەڵاتکردن و پاداشت پێدان.

ئەزمونی ماشمیلۆ[1]

(خۆی سەرەتا وەک ئەزمونێکی تاقیگەیی دێت،  کە لە ساڵی (١٩٧٢) دا لە لایەن دەروونزانی ئەمریکی واڵتەر میشێل لە دانیشتنگای ستانفۆرد ئەنجامدرا، تاقیکردنەوە کە لەسەر کۆمەڵێک منداڵ کراوە بە مەبەستی ئاستی چاوەڕوانکردن و بەرگەگرتنیان بۆ فریوی ئۆبێکتی فریودەر (شیرینی). واڵتەر تاقیکردنەوەکەی لە گەڵ مناڵی تەمەن چوار ساڵدا ئەنجامدا و پلانی تاقیکردنەوەکەیشی ئەوە بوو کە دواتر ئەو مناڵانەی لە تاقیکردنەوەکەدا بەشداربوون بە دواداچوون بۆ ژیانیان بکرێت و بزانرێت دەرئەنجامی ئەو حەوسەڵە و تەحەمولەی کە لە مناڵیدا لە تاقیکردنەوەکەدا پیشانیان داوە بە سەر ژیانیانەوە، چیە؟

کۆی تاقیکردنەوەکە بریتی بوو لەوەی کە مناڵێک (دیارە بێ جیوازی ڕەگەز) بە تەنیا یان لە گەڵ هاوڕێیەکی تر لە ژوورێکدا دادەنرێن و بە ئامادەبوونی سەپەرشتیاری تاقیکردنەوەکە،  یەک ماشمێلۆیان بۆ دەخرێتە سەر قاپێک. بەرلەوەی دەستبکەن بە خواردنی، سەرپەرشتیارەکە پێیان دەڵێت: ئەم ماشمێلۆیە بۆ تۆیە، بەڵام گەر بتوانیت خۆت ڕابگریت و نەیخۆیت، تا من دەڕۆم و دەگەڕێمەوە لات، ئەو کاتە لە بری یەک ماشمـێلۆ دوو دانە وەردەگریت و یەکسەر دەتوانیت بیانخۆیت.

ئاشکرایە کە توانا و حەوسەڵەی مناڵەکان بۆ خۆڕاگرییان بەرامبەر نەخواردنی ماشمێلۆکە تەنها بۆ ئەوە نیە تا بتوانن بەسەر دەروونیاندا زاڵ بن و بەرامبەر بە جۆرێک لە خواردن خۆیان ڕابگرن، بەڵکو بڕی بەرگەگرتن و خۆڕاگرییەکەیان وەک نیشانەیەکیش دەبینرێت و دەخوێنرێتەوە کە ئاستی سەرکەوتنیان بەسەر گرفتەکانیان لە ژیانی داهاتوویاندا، دیاری دەکات.

دیارە وێنە و گرتە ڤیدۆییەکانی ئەو ئەزمونە تاقیگەییە ئەوە نیشاندەدات کە بە چ شێوازێک مناڵەکان خۆیان ڕادەگرن و تا ماشمێلۆکەی بەردەمیان نەخۆن و چاوەڕێ ماشمێلۆ دووەم بن، لەو شێوازانەش دەستدەگرن بە چاوی خۆیانەوە تا ماشمێلۆکە نەبینن، یان لە بێحەوسەڵەیی و توڕەیی خۆیاندا شەق هەڵدەدەن لە مێزەکەی بەردەمیان، یان هەندێکیان قژی خۆیان دەخۆن، یاخود هەندێکیان زمانێک دەدات لە ماشمێلۆکەو دواتر دایدەنێتەوە، وەکچۆنیش هەندێکیان تەحەمولناکەن و هەر یەکسەر دوای ڕۆشتنی سەرپەرشتیارەکە دەست بە خواردنی ماشمێلۆکە دەکەن. دەرئەنجامی تاقیکردنەوەکە ئەوەبوو کە سێ بەشی مناڵەکان توانیان خۆڕاگربن و تەحەمولئ ئەوە بکەن کە ماشمێلۆکە نەخۆن. هەرچەندە مەبەستی سەرەکی لە تاقیکردنەوەکە دۆزینەوەی ئەو ستراتیژیانە بوو کە مناڵەکان لە کۆنتڕۆلكردنی خۆیاندا بەکاریانهێنا تا بتوانن چێژو خۆشی هەنوکەیی خۆیان ڕابگرن بەو هیوایەی دواتر  بە دەستکەوتێکی باشتر بگەن، لێ دەرئەنجامی تاقیکردنەوەکە ئەوەی دەرخست کە پەیوەندییەکی بەرچاو هەیە لە نێوان شێواز و ستراتیژی خۆڕاگری مناڵەکان لە مناڵیاندا و دواتر لە ڕەفتار و حەوسەڵەیان لە قوتابخانەدا. بۆ نموونە ئەو مناڵانە زیاتر توانای چارەسەرکردنی کێشە و گرفتیان هەبووە و تەحەمولی سترێسیان کردووە.

 دواتر لە پاش (١٠) ساڵ، واڵتەر بە دواداچونێکی بۆ ئەو مناڵانە کرد کە لە تاقیکردنەوەکەدا بەشداربوون، دەرەنجام گەیشتە ئەو باوەڕەی کە ئەو مناڵانەی توانیویانە لەو ئەزموونەی سەرەتادا خۆیان ڕابگرن، هەم لە قوتابخانە بێ کێشە و گرفتن، هەم لە ماڵیشەوە . پاشتریش لە دوای سی ساڵ لە بە دواداچونێکی تردا دەرکەوت ئەو مناڵانەی کە نەیانتوانیوە چاوەڕێبکەن و خۆڕاگربن، زۆربەی زۆریان دووچاری گرفتی قەڵەویی و کێشەی بەکار‌هێنانی ماددە هۆشبەرەکان، بوونەتەوە.

کورد و ماشمێلۆ

ئەوەی کە زۆر گرنگە بیزانین ئەو ڕاستیە زۆر سادە و سانایەیە کە هەموو ئەو مناڵانەی لەو ئەزموونە تاقیگەییەدا بەشداربوون، لە دۆخێکی ئاسایی و جێگیری دەروونی و جەستەییدان. بەڵام گەر بێت و دۆخی دەروونی و جەستەیی ئەو مناڵانە بگۆڕدرێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەرئەنجامێکی تەواو جیاوازمان دەستدەکەوێت. من تەواو باوەڕم بەوەیە کە ئەگەر ئەو مناڵانە برسی بوونایە یاخود تامەزرۆی شیرینی بوونایە، ئەوا نەیاندەتوانی خۆیان ڕاگرن و هەر زووش پەلاماری ماشمێلۆکەیان دەدا و دەیانخوارد. مەبەستم ئەوەیە بلێم تۆ بۆ ئەوەی داوا و ئەرکی زیادە بخەیتە سەر مرۆڤێک، پێویستە پێشتر زەمینەسازیت بۆ کردبێت، لە دۆخێکی سەقامگیری دەروونی و فیزیکیدا بێت تا دەرەنجامی ئەزموونەکەت باوەڕپێکراو بن و ئەو ئەنجامەت دەستبکەوێت کە خۆت چاوەڕێی دەکەیت.

ئەگەر بێت و ئەم ئەزموونە تاقیگەییە هەڵبگێڕینەوە و هەوڵبدەین دۆخی ئەو مرۆڤە بێ تاقەت بێ حەوسەڵەیەی کوردی پێ بخوێنینەوە، ئەوا بە دڵنییایەوە سەرلەبەری دەرەنجامەکانی جیاوازن، لەبنەڕەتیشدا من بۆیە ئەم نمونەیەم هێناوەتەوە تا بتوانم بەسەر یەکێک لە دژوارترین دۆخە هەنوکەییەکانی ئێستای مرۆڤی کوردا پراکسیسی بکەم و دەرەنجامی جیاوازی لێ هەڵێنجێنم کە بریتیە لە مافخواراویی و خواردنی موچەی موچەخۆرەکان.

سەپاندنی دۆخی موچەخۆریی وەک ستراتیژێکی ئابووری، وەک دۆخێکی هەمیشەیی پشتبەستوو بە لایەنگیری بۆ دەسەڵاتی سیاسی ئەو ناوچە و زۆنە دیاریکراوەی کە لەناویدا گیرت خواردووە و یەکێکە لە پەتا درمەکانی سیاسەتی ٢٥ ساڵەی (بەناو) حکومەتی هەرێم و پارتەکانی، نەک نەیتوانیوە باری لاسەنگی ئابووری مرۆڤی ئێمە لە ژیانی ئاسایی خۆیدا تەرازوو بکاتەوە و لانیکەم کەمێک کاریگەری ئەو سترێس و پەشۆکانە سیاسی و نێودەوڵەتیانەی ناوچەکەی لەسەر شان سوکبکات و جۆرێک لە دڵنیایی ڕێژەیی پێ ببەخشێت، بەڵکو زۆر شەڕانگێزانە و خراپتر لە هەموو هێزە چەوسێنەر و داپڵۆسێنەرەکانی ناوچەکە، بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە لە دژی هاوڵاتیان، بەکاردەهێنرێت.

(بەناو) حکومەتی هەرێم کە گوایە دەخوازێت دەوڵەتی کوردی بە سەرۆکایەتی بەرزانی ڕابگەیەنێت، کە بەخەیاڵی خۆی خواستیەتی هەنگاوی گەورەتر بنێت و دەسکەوتی زیاترمان لەسەر زەمینەی واقیع بۆ بەدەستبهێنێت، یان خۆی دەخەڵەتێنێت، یان تەواو بێئاگایە لەوەی کە کارێکی وا بە مرۆڤێکی شکستە و برسیکراو و لە مافی خۆ داڕنکراو (بۆ نمونە موچە)، ناکرێت.

دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەبری ئەوەی لەسەر بنەمای تیۆرەیەکی زۆر سانای وەک ماشمێلۆ، خۆڕاگریی و ئاستی بەرگەگریی هاوڵاتیەکانی هەڵبسەنگێنێت، لە جیاتی ئەوەی سیاسەتێکی بۆ تێرکردنیان و پێدانی مافی خۆیان هەبێت، دواجاریش پاداشتکردن و خەڵاتکردنیان لەسەر بنەمای تە‌حەمولکردنیان، ڕێک بە بە پێچەوانەوە، سەرەتا لەو مافە دەدات کە دەبێت بێ هیچ بێنە و بەرەیەک، بێ هیچ لێکدانەوە و گلدانەوەیەک، بە هاوڵاتیان بدرێت.

‌دەسەڵاتی سیاسی کە بەتەمایە ڕیسکی زۆر گەورە و قەبەی وەک دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیمان پێ بکات، بەرەو جەنگی درێژخایەن و ململانێی سەختمان لەگەڵ هێزەکانی دەوروبەرماندا پێ بکات، لە جیاتی ئەوەی ساز و ئامادەمان بکات، مەشقمان پێ بکات و فێری خۆڕاگری و پاشان پاداشتکردنێک رەمزی ئەوتۆمان لەسەر بەرگەگریەکەمان، بکات، دێت ڕێک لەو بنچینەیە دەدات کە دەبێت دایبمەزرێنێت، لەو بناغەیە دەدات کە دەبێت دروستی کردبێت، بەو مانایەی هەر خودی ئەو دەسەڵات/کەسەی داوای خۆڕاگریمان لێدەکات، نەک ماشمێلۆیەکی زیادەی بۆ هەڵنەگرتووین تا دواتر وەک پاداشتێک بۆ خۆڕاگریی و بەرگەگرتنەکەمان پێمان ببەخشێت، پێشوەخت خۆی، ماشمێلۆی دووەم ( وەک سیمبولێک بۆ داهاتی نەوت و بەڵێنەکانی خۆشگوزەرانی) ی قووت داوە و تەمایە ماشمێلۆی یەکەمیش (موچە و مافی سەرەتایی خەڵکەکە)، حەپەلوش بکات.

بۆ ئەوەی ئەم بابەتە لێرەد قفڵ نەبێت و دەرگاییەکی تری بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بکەینەوە، دەپرسین چی دەبێت گەر (بە ناو) حکومەتی هەرێم و بە سیاستمەدارەکانی بچوێنین بەو مناڵە بێ‌ حەوسەڵە، کەم ئەزموون و کەم تەحەمولەی ناو ئەزمونەکەی واڵتەر کە بێ بیرکردنەوە لە وەدەستخستنی ماشمیلۆی یەکەم، دەمودەست پڕ دەکات بە ماشمێلۆی یەکەمدا و دەیخوات؟ ئایا دەرەنجامەکەی هەر وەک ئەوەی ناو ئەزمونەکە نابێت: مەبەستم پاش ٢٥ ساڵ جارێکی تر کە دێیتەوە سەری، دەبینیت، قەڵەوتر و تەوەزەلتر، خواردەتر و نەوسنتر، ئالودەتر بە چڵێسی و بەرخۆریی بووە؟


سەرچاوە:

Norberg, Johan (2012). Hjärnrevolutionen. Natur & Kultur. ISBN 978-91-27-13150-7

[1]  ماشمێلۆ (Marshmallow) جۆرێک شیرینیە لە هاوشێوەی گەزۆ یان لوقمێک کە مناڵان زۆر تامەزرۆی خواردنین.