بۆچی کولتور مه‌گه‌زین-ی کوردی!

کولتور مه‌گه‌زین یەکێکە لەخەونەکانی هەردووکمان بەوەی کەگۆڤاریکی کولتوری کوردی بوونی هەبێت، کۆی توانا کولتوریەکان لەخۆیدا کۆبکاتەوە لەکولتوری سیاسیەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە لیتراتور (ئەدەب) و ڕەخنەی ئەدەبی (کریتیک) و موزیک و کاریکاتێر و فۆتۆگرافی و شێوەکاری و شانۆ و کورتە فلیمی یوتوبی کەکاری گەنجان و توانا نوێیەکان نیشانبدات. بەکورتی ماڵێک بێت هەڵبژاردە و بەفیلتەرێکی کولتوریدا تێپەڕبێت وکۆی ئەم توانا کولتوریە کوردیانە لەسەر ڕووبەرەکەی کۆبکاتەوە.
هەردووکمان (میران ئابراهام) و (ئیسماعیل حەمەئەمین) دوو نوسەری هونەری گێڕانەوەین کەڕۆمان و چیرۆکە و هەردووکیشمان کاری فیکری دەکەین، هەروەها لەگەڵ هاوڕێ نوسەرەکانماندا پێکەوە ماوەیەکی دوورودرێژ (ماڵپەڕی چراکان) مان بەڕێوەدەبرد. لەبەر سەرقاڵیمان بەژیانەوە ماوەیەک وەستاین و پاشان لەو زمەنەوە بیرمان لەکارێکی وەها دەکردەوە، بەمانای تەمەنی بیرۆکەی ئەم گۆڤارە دەگەڕێتەوە بۆ پانزە ساڵ لەمەوبەر. ئاوەها ئێستا لەم پڕۆژە کولتوریەدا دیسانەوە شانمان خستۆتە بەری و تەواوی لێپسراوین بەرامبەر ئەم ماڵپەڕە و میتۆدەکانی.
ئەم گۆڤارە بۆ ئەو مەبەستەیە کەدووربکەوینەوە لەو زمانە ناڕەسەنەی کەئێستا میدیای کوردی و ماڵپەڕی سیخناخدراو بەسیاسەتی ڕۆژانە خوێنەری کوردیان نێزیکخستۆتەوە لە (بازاڕیەت و ڤەڵگەریزم و بیرکردنەوەیەکی شێواوی بێ جیهانبینی، زمانێک بەبێ رەچاوکردنی ڕێزگرتن لەزمانی کوردی، زمانی قسەی سەرجادە لەڕۆژنامەو ماڵپەڕەکاندا هەمان زمانی نوسینە، بەمانای چۆن قسەدەکەن ئاوەها دەنوسن، ئەمەش کارەساتە! کەبێگومان لەهەموو دونیادا زمانی ڕۆژنامەکان باڵایە و خوێنەر لێوەی فێری تەعبیرکردن دەبێت لەخود لەفۆرمێکی زمانەوانی باڵادا و تەنانەت لەقوتابخانەکاندا وەک نمونەی دەقی تایبەت دەدرێت بە خوێندکاران بۆ فێربوونی شێوازی نوسین. بەداخەوە میدیای کوردی نەک خویندکاران لێوەی فێرنابن، بەڵکو دەبێت خوێندکارانی زمان و ڕۆژنامەنوسی خۆیانی لێ بەدووربگرن وەک ئەنفلۆزایەکی زمانەوانی و کولتوری!
دیارە نوسەرانی کورد بەئاستێکی باش و باڵا دەنوسن، بەڵام بەداخەوە گوتاری ئەوان لەتەنیشت گوتاریکی پڕ لەهەڵە و ڕێنوس شێواو و بازاڕیەتی سیاسی بڵاودەبێتەوە کە جێگەی غەمباری هەموو نوسەران بووە تائێستا، بەنوسەرانی سیاسیەوە کەلەئاستێکی زمانی سیاسی باشدا دەنوسن. لێرەوە ئێمە ڕەچاوی ئەم زمانە دەکەین، هیچ ڕەخنەگرتنێک لەسیاسەت، لەکۆمەڵگە ، لە ئاین و شێوازی ژیان لەم ئاستە دانەبەزێت و ڕێگەی پێنادەین.
لەکارە ئەدەبیەکاندا فیلتەرێکی خۆمان هەیە و بڵاوکردنەوە لەسەر ئەو فیلتەرە دەڕوات بەڕێوە…بەگشتی پەلەی ئەوەمان نییە بەرەدەوام بابەتمان هەبێت، گەر هەمان بێت ئەوا لەئاستێکی کولتوری پێویستدایە. ئێمە هەوڵدەدەین ئاستی خوێنەری کورد بەرزبکەینەوە نەک تووشی سەرئێشەی بازاڕیەت و سادەکاری بکەین. ئەمەش لەڕێگەی هەڵبژاردنی گوتار و نوسینە باشەکانی نێوەندەکەیە و دانانەوەیەتی لەسەر ئەم ڕووبەڕە کلتوریە کوردیە.
ئەوانەی بابەتێک دەنێرن بۆ ئێمە و تەنها بۆ ئێمەیە، دەبێت ئەوە بزانین کەسوستێمی ماڵپەڕەکەمان وەها داناوە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بەداگرتنی نادەین و ئاڕمی ئێمەی لەسەرە وەک کولتور ماگازین ، هەروەها نوسەری بابەت خۆی دوایی ئازادە دەیدات بەکامە گۆڤار یان ڕۆژنامەی چاپ، بەڵام لەکاتی پێدانی بە ماڵپەڕێکی دیکە، یان گۆڤارێک دەبێت دەبێت بەڕوونی ئاماژە بەسەرچاوەکە بدرێت .
لە(پرسی ئێستا) دا هەموو کەسێک دەتوانێت لەنێوان پێنج سەد وشە تا شەش سەد وشە پرسێک بهاروژێنیت، چ سیاسی یان کولتوری یان جیهانی یان فەلسەفی یان جێندەری بێت، بەمەرجێک پرسێکی ئیستای چرکەساتی ئەم ماوەیە بێت، تەنانەت قسەکردن بێت لەسەر کتێبێک ، فلیمیک، ڕووداوێک کەبەڕای ئەو پرسێک دەهاروژێنێت .
فیمینزم، جەندەر ، پرسی ژن لەدونیا و فیمینزمی کوردی و ئەدەبی ژنان و شانۆی ژنان و نوسینی ژنان لەئاستێکی باڵادا لەداهاتوودا بەشێکی تایبەت وەردەگرێت و هەمیشە تازەدەکرێتەوە. ئەم پرسە ئەوەندە گرنگە کەخەریکی ڕاوێژین لەگەڵ پسپۆڕانی ئەم بوارانە و لەداهاتوودا دەیخەینە بەر بڵاوکردنەوە و پلاتفۆرمی تایبەتی دەبێت؛ بەڕاست ژنی کورد کێیە! ئەی پیاوی کورد کیێە؟، فیمینزمی کوردی خاوەنی جیهانیبنینیە یان بوونی هەیە؟ گەر خەیاڵێک هەبێت دەبێت لەکامە کاتیگۆریدا کاربکات و زۆرانبازیەکانی لەکوێی کیشەگڵۆبالیەکانی ژندایە لەدونیادا! تێرمەکان و کێشەبەندیەکان و سەرەتای تێوریان چۆن هاتووە و چۆن دەبێت نمایشبکرێن و چۆن قسەی لەسەر دەکرێت ، ئەمانە پرسی قورسن، لەداهاتوودا قسەی لەسەر دەکرێت.
هەروەها لەڕۆژمێرەکاندا باس لەو کتێبانە دەکەین کەبەباشی دەزانینی خوێنەری کوردی پێی ئاشنا بێت، وەک کانونێک بۆ خوێندنەوە لەگەڵ خوینەراندا دەبین و نوسەرەکان هاریکارمان دەبن لەم بوارەدا، تەنانەت سینەماکاران و شانۆکاران و شێوەکارانیش و سیاسیەکانیش دەتوانن ئەو خوێندنەوانە پێشکەشی خوێنەرانی ئەم ماڵپەڕە بکەن.
بەشی زمانەکانی دیکە لەم گۆڤارەدا ئەو گوتارو نوسینە گرنگە کولتوریانەن کەلەزمانەکانی دیکە جێگەی گفتوگۆن، چونکە ئێمە دەزانین کەخوێنەری کوردی ئێستا بەچەندەها زمان قسەدەکەن و دەخوێننەوە، لەبەر ئەوە لینیکی گوتار و نوسین و ڤیدۆکان دادەنێین بەخۆشحاڵیەوە لەگەڵ چەند دێریکی کورت لەسەر نوسین و کارەکە.
دیارە دەبێت کۆی بابەتی نیردراو بە یونیکورد بێت و پاکنوس و هەڵەچن کرابێت و خاڵبەندی پێویست و ڕێنوسی کوردی ستانداردی تێدا ڕەچاوکرابێت.
ئێمە خوێنەری کورد بەشایستەی ئەوە دەزانین کاری هەڵبژاردەو پوختی پێشکەش بکەین و دیالۆگی لەگەڵدا بکەین و لەئاستێکی کولتوری باڵادا لەگەڵیدا بدوێین.
ئاوەها کاردەکەین و ڕەخنە و پێشنیازەکانتان بۆ ئێمە جێگەی بەختەوەریە.


کولتور مه‌گه‌زین:
ئیسماعیل حەمەئەمین / میران ئابراهام