Death and Life Gustav Klimt 1908-1910

ئافرەتى ژمارە 44 یان سەرەتا زەوى هەبوو


Loading

 دەمێک بوو دەمویست ئەمە بنووسم

نووسیم: ژیان خراپە بەڕێوەى دەبات

زۆرینەى ڕووبەری جیهان خراپەکارییە

مرۆڤ درۆ دەکات کە دەڵێت: گیرم خواردووە

مرۆڤ ناهێڵێت جیهان چاک بێت

دەنا بنەچەى جیهان باشەیە

مرۆڤ ئەى داهێنەری هێزى خراپە

ئەى خواوەندى جەنگ و نەفرەت

لە بیرى مەکە سەرەتا زەوى هەبوو

پاشان

تۆ

پاشان

خودا.

مرۆڤ ڕقی لە مرۆڤە

مرۆڤ دژی مرۆڤە

مرۆڤ بۆ مرۆڤ باش نییە

مرۆڤ دڵسۆزى مرۆڤ نییە

ئەمانەم لە ئەزموونەوە بۆ دەرکەوتن.

 

من ژیانم بە بیرکردنەوەى زۆر و

خەمى زۆر و

قەلەقی زۆرەوە دەخۆم

ئەمانە بەردى منن

بەردى هەمیشەیی سەرشانم.

 

کەس حەزى لە خەونى کەس نییە

کەس بۆن بە گوڵی ئەویترەوە ناکات

کەس -با-ى ئەویتر نایگەشێنێتەوە

کەس دڵخۆشى ئەویتر شادی ناکات

کەس ڕووناکى ئەویتر ناکاتە چرا

هەمووان دەیانەوێت چرایان هەبێت

چرای ترسناک، چرای ساختە.

ئەمەى دەیکەیت وەکو ژیان

شتێکە وەکو نەفرەت

دڵت بە هەرچی خۆشە دەستبەرداریببە

ڕۆژێک بۆت دەبێتە تاعون

هەر کەست خۆش دەوێت فەرامۆشی بکە

ڕۆژێک لێت دەبێتە جەلاد

جەللادە ڕاستەقینەکان ئەوانەن کە لە تەنیشتمانەوەن

کە لە تەنیشتمانەوە دەخەون

لە تەنیشتمانەوە خەون دەبینن

لە خەونیاندا کەللەى سەرمانیان بە دەستەوە گرتووە و

بە بیابانێکدا ڕادەکەن

چونکە تۆفانێک شوێنیان کەوتووە.

ئێمە کەوتینە ڕۆژگارێکى هێند بێشەرمەوە

خەبجەر وەشێنەکان خۆیان باسی ئازاری خەنجەر دەکەن

من بەمە سەرم لێدەشێوێت

من بەمە تەریق دەبمەوە.

ئێمە کەوتینە ڕۆژگارێکى هێند بێشەرمەوە

مرۆڤ  بیرچۆتەوە مرۆڤ بە ئاسانى نەخۆش دەکەوێت

مرۆڤ بیری چۆتەوە مرۆڤ بەئاسانى دڵی دەشکێت

مرۆڤ بیری چۆتەوە مرۆڤ بە ئاسانى ئازار دەچێژێت

مرۆڤ بیری چۆتەوە مرۆڤ بە ئاسانى قوڕگى پڕدەبێت

مرۆڤ بیری چۆتەوە مرۆڤ بە ئاسانى دەمرێت.(هەناسەم سواربوو)

ویستم ئیتر نەنووسم

هیچم نەما خۆمى تێدا بشارمەوە

ژنێکى گەورەم دۆزییەوە

حەزم لە دڵى بوو پاشان خۆشمویست

حەزم لە دەموچاوى بوو

هەروەها لە دەنگی

حەزم لە دەستەکانى بوو

هەروەها مەمکەکانى

حەزم لە ڕانەکانى بوو

هەروەها لە پێیەکانی

بۆیە خۆم هاویشتە ناویەوە

لەوێدا نووستم

لەوێدا خەونم بینى

لە ناکاو لەشکرێک لە مرۆڤ هاتن

لەو مرۆڤانەى دەرفەتى شکاندنى ئەوانیتر لە دەست نادەن

خستیانمە بەردەم خۆیان

ئێسکیان شکاندم

گۆشتیان جنیم

ڕۆحیان هاڕیم

خواردیانم.

هاتن و

دڵمان دایە بەر ڕێژنەى جنێو

هاتن و

پێکەکانیان پڕکردم لە ژەهرى پەشیمانى

وەک ڕەشەبای بیابان بە توڕەییەوە

وەک دڵۆپەى باران بە خوڕ

وەک کلوە بەفر

وەک دەنکە زیخ

هاتن ئەوانەى دەرفەتى شکاندنى ئەوانیتر لە دەست نادەن.

Grunewald, Isaac (1889-1946) – 1912 Self

هەر ئەوەندەى ژنێکى گەورەم دۆزییەوە

حەزم لە دڵى بوو پاشان خۆشمویست

حەزم لە دەموچاوى بوو

هەروەها لە دەنگی

حەزم لە دەستەکانى بوو

هەروەها مەمکەکانى

حەزم لە ڕانەکانى بوو

هەروەها لە پێیەکانی

بۆیە خۆم هاویشتە ناویەوە

لەوێدا نووستم

لەوێدا خەونم بینى

بەچاوى خۆم بینیم

درەختەکان پۆلیسیان گرتووە

شەقامەکان جمەیان دێت لە پۆلیس

هاوڕێکانم هەموویان بوون بە پۆلیس

خاڵ و مامەکانم بوون بە پۆلیس

برا و خوشکەکانم

دایک و باوکم

مۆبایل و لاپتۆپەکەم

ئایپاد و سیسەمەکەم بوون بە پۆلیس.

سەربان و سندوق و سەبەتەکانمان پڕبوون لە پۆلیس

حەوشە و حەمام و حاشیەکانمان پڕبوون لە پۆلیس

عەرەبانە و عەینکاوە و عەلاگەکانمان پڕبوون لە پۆلیس

فڕۆکە و فرمێسک و فەلافلەکانمان پڕبوون لە پۆلیس

قاپ و قابلەمە و قەوانەکانمان پڕبوون لە پۆلیس

کتری و کوپ و کەوچکەکانمان پڕبوون لە پۆلیس

گەلەری و گوێچکە و گانەکانمان پڕبوون لە پۆلیس

ئاژداد و ئاباد و ئاوەکانمان پڕبوون لە پۆلیس

کوێستان و کانى و کەوانەکانمان پڕبوون لە پۆلیس

نان و نون و نهۆمەکانمان پڕبوون لە پۆلیس

ورگ و  واو و واڵەکانمان پڕبوون لە پۆلیس

هۆڵ و هۆتێل و هاوینەکانمان پڕبوون لە پۆلیس

بەڵێن و بەها و بەهارەکانمان پڕبوون لە پۆلیس

پلاک و پایپ و پایزەکانمان پڕبوون لە پۆلیس

زاراوە و زێ و زستانەکانمان پڕبوون لە پۆلیس

پڕبوون لە فۆلیس

پڕبوون لە قۆلیس

پڕبوون لە ڤۆلیس

پڕ

پڕ

پڕ

پڕن لە پۆلیس

پۆلیسەکان لە ناو پەڕەى گوڵەکاندا خۆیان حەشارداوە

لە پاڵ وشەى شیعرەکاندا ئێشگرن

لە تەنیشت عەمودەکاندا بەپێوەن

لەسەر کورسییەکانمان دانیشتوون

لە نێوان لاپەڕەى کتیبەکانماندا جگەرە دەکێشن

لە ناو کراس و پانتۆڵەکانماندا وەنەوز دەدەن

لە ناو خەونەکانماندا کابووسن.

پۆلیسەکان بە خۆیان و کامێراکانى دەستیانەوە

بە خۆیان و دارە کارەباییەکانیانەوە

بە خۆیان کەلەپچە و دەمانجە و تف و سوکایەتییەکانیانەوە

بەدوامانەوەن بۆ ناو مزگەوت و باڕ و تەوالێتەکان

بۆ ناو باخچە و ژوورى نووستنەکان

چاودێریمان دەکەن پۆلیسەکان

گوێمان بۆ هەڵدەخەن پۆلیسەکان

ژیانمان دەپشکنن پۆلیسەکان

وانەمان دادەن پۆلیسەکان

خەیاڵمان دەکوژن پۆلیسەکان

عەقڵمان دەگێن پۆلیسەکان.

پۆلیسەکان شاعیرن

 عاشقن

میدیاکارن

باغەوانن

گۆرانیبێژن

مامۆستان

عەترفرۆشن

دووکانى ئاڵوگۆڕى دراویان هەیە

شۆفێرى تاکیسین

لە ئاهەنگەکانمدا لە شانمانەوە هەڵدەپەڕن

پرسەکانماندا لە تەنیشتمانەوە شیوەن دەکەن

پۆلیسەکان دەمانناسن

ئێمە پۆلیسەکان ناناسین

پۆلیسەکان خۆشیان دەوێین

ئێمە لە پۆلیسەکان هەڵدێین

پۆلیسەکان نازمان دەکێشن

ئێمە بە دیداریان دڵتەنگ دەبین

خۆیان بە دڵسۆزمان دەزانن

دەست بەسەرماندا دەهێنن

 ئامۆژگارییمان دەکەن: ئێمە لە خزمەتى ئێوەداین

ئێمە بەم قسەیە دڵمان دەشکێت

حەز دەکەین دەست بکەین بە گریانێک هەتاکو مردن خۆشنەکاتەوە.

بوونەتە –با-

بوونەتە ئاو

بوونەتە هەر شتێک کە ئێمە دڵمان پێی دەکرێتەوە

دەبنە هەر شتێک کە ڕەنگە ئێمە دڵمان پێیان بکرێتەوە

وەهان پۆلیسەکان وەهان.

فێرمان دەکەن لە کوێدا گۆرانى بڵێین

لە کوێدا پێکەنین هەروەها بگرین

لە کوێدا بخەوین لە کوێدا خەون ببینین

فێرمان دەکەن لە کوێدا مەست بین

لە کوێدا عاشق بین هەروەها بفڕین

لە کوێدا ماچ بکەین لە کوێدا سێکس

کە کوێدا بژین لە کوێدا منداڵمان ببێت

پۆلیسەکان فێرمان دەکەن پۆلیسەکان.

ئاڤانگارد

من ئەوەندە بیری ژنە گەورەکەم دەکەم

ئەوەندە حەزم لە قسەکانیەتى

ئەوەندە حەزم لە خواردنەکانیەتى

ئەوەندە حەزم لە سێکسەکانیەتى

خەریکم دەیکەم بەخۆمدا

خەریکم دەیڕێژم بە خۆمدا

خەریکم دەیسووم بە خۆمدا

قسە و

      خواردن و

             سێکسەکانى ژنەکەم

لەگەڵ ئێوەمە

بیرتان دەکەم.

لایکى زۆرینەى مرۆڤ ناکەم

ماسکدار و سوکەڵەن

کۆمێنتم هەیە لەسەر ئەم ڕۆژگارە

فریودەر و ساختەیە

دواى لێبوردن ناکەم

دەزانم زۆرینە درۆزن و بێمانان

پاسۆردى ئەم شیعرەش نادەم بە کەس

ژنەى پێشووم نەبێت

ئەو خۆی دەزانێت من باسی چی دەکەم

ئەوەى ئێوە دەیخوێننەوە شیعرەکە نییە

بمبوورن

خواتان لەگەڵ.

مەى/2016

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین

ئەم شیعرە لە ژمارە (3) گۆڤاری (کەلێن)دا بڵاوبۆتەوە.