ڕۆژگار موسته‌فا

ڕۆژگار موسته‌فا؛ من له‌ ئه‌منه‌ سووره‌كه‌؛ کرێکارت دەوێت؟


Loading

 

لە سووچی ژوورێک لە ژوورەکانی بینای ئەمنە سوورەکەی شاری سلێمانیدا دەنوستم، لە چاوەڕوانی بەیانیەکی نوێدا بۆ کارکردن،  لەناو بینای ئەمنە سوورەکەی سلێمانیدا، من و چەندەهای وەک من لە چاوەڕوانی بانگکردنی ستافی ڕێكخراوەکاندا بووین بۆ پاککردنەوەی ماڵ و بینای کارەکانیان، خۆمان ئامادە دەکرد. من چەندەها ڕۆژ لە ماڵی ناسیاوێک دەمامەوە، کە تەنها ژن و پیاوێک بوون منداڵیان نه‌بوو. ئەوان ئاوارەی شاری کەرکوک بوون، ئەو کات سەردەمی دوای ڕاپەڕین بوو، سلێمانی ئاداد کرابوو لە دەستی ڕژێمی بەعس بەڵام کەرکووک  چەندین ناوچەی تر هەر لە ژێر کۆنتڕۆلی ڕژێمی بەعسدا مابوو بۆیە بە لێشاو خەڵکەکەی رایان دەکرد و ئاوارەی شارە ڕاپەڕیوەکان دەبوون بە تایبەتی سلێمانی، بۆیە چەندەها خێزانی ئاوارە ماڵ و ژیانی ئاساییان گواستبۆوە ناو بینای ئەمنە سوورەکە و چەندەها سووچ و بینای حکومی تری ناو شاری سلێمانی.

ناوەڕاستی نەوەدەکان، ئەوکات من سەرگەرمی تەمەنی هەرزەکاریم بوو، هەرزەکارێک تەنها ڕاکەڕاکم بوو بۆ هونەر وکارکردن. به‌ڵێ  کارکردن بۆ ژیان ودەستگرتنی باوکم لە بەڕێکردنی ژیانی ئێمەدا، چونکە باری ئابووری زۆربەی خەڵکی کوردستان لە ژێرفشارێکی زۆرگەورەدابوو، بۆیە کوردستان ئەزموونی قەیرانێکی ئابووری توندی ده‌کرد و باری ئابڵۆقه‌ی ئابووری هاوپه‌یمانان له‌سه‌ر ئێراق له‌لایه‌ك و ئابڵۆقه‌ی ئابووری حكومه‌تی ئێراقی سه‌دام له‌لایه‌كی تره‌وه‌. لەسەرەتای نەوەدەکاندا و دواتریش تا سەرەتاکانی ساڵی دوو هەزار، من هەرچەندە کچ بووم وتەمەنی هەرزەکاریم بوو، بەڵام دەمویست هەوڵی خۆم بدەم بۆ کارکردن و بەدەستهێنانی ئابوری خۆم. ئەوەی بۆ من گرانبوو تەنها بژێوی پەیدا کردن نەبوو، ئەوەی گران بۆ من کەوتەوە، تێپەڕینی تەمەنی لاویم بوو بە زەمەنێکی گرانی و بێدەرەتانی ژیاندا. تێپەڕینی تەمەنی لاویم بەبێئاگایی لە حەزەکانم، هەروەها چەپاندنی ئەو هەموو خولیا و خۆشەویستیە بۆ ژیان و گەڕان و جلی جوان کە هیچیم نەدی. دەچوومە دەرەوە  و بۆ کار دەگەڕام بەردەوام لەگەڵ ئەوەی خوێنکاریش بووم وکاری هونەریشم دەکرد.

چونم بۆ ناو بینای ئەمنە سوورەکە و پرسیاری  كاردن، زۆر جار مانەوە لە ماڵی ئەو ناسیاوەمان شەوان، ئەوە بوو کە خاوەن کارەکان زۆریان دەهاتن لە وشوێنەوە کرێکاریان دەبرد بۆ سەر ئیش، کارەکانیش شۆردنی خانووی تازە و ڕێکخستنی ماڵ و کاری بازاڕی وبەردەستی کارمەندانی ڕێكخراوە بیانیەکان بوو. ئەوەندەی من بیرمە هەرخێزانە لەناو بینای ئەمنە سوورەکەدا شوێنێک یان ژوورێکی بۆخۆی و خێزانەکەی گرتبوو، ئەو شوێنەی منیش لێی دەمامەوە یەک ژوور بوو. من نازانم بۆچی بیرم لە ئاسوودەیی وئازادی ئەو خێزانە نەکردبۆوە، کە دەچووم دەمامەوە له‌لایان؟  بۆچی بیرم له‌و نه‌ده‌كرده‌وه‌ كه‌خێزانن  و پێویستیان به‌ئازادییه‌ له‌ژووره‌كه‌ی خۆیاندا! بە هەموو خێزانەکان چەند دەستشۆرێکیان هەبوولەناو حەوشەی ئەمنە سوورەکەدا لە نزیک دیواری دەرەوەی بینای ئەمنەکە ، ئاوه‌ها وه‌ك ئه‌وه‌ وه‌هابوو له به‌ندیخانیه‌كی گه‌وره‌ی ده‌رگا كراوه‌دا بژین، ئاوا ژیان بەڕێدەکرا.

 فۆبیای ترس وتۆقێنی ناو ئەو شوێنە هه‌میشه‌ ئاماده‌گی هه‌بوو، به‌ندیخانیه‌كی ترسناك بوو، چونکە پاشماوەی دامودەزگای ئه‌منی و زیندانی ڕژێمی بەعسی پێشوو بوو. پڕبوو له‌ژووری تاریك و نسرم و ژووری ئه‌شكه‌نجه‌دان و له‌هه‌ندێك له ‌ژووره‌كاندا هێشتا نوسینی سه‌ردیواره‌كان دیاربوون، كه‌ زنیدانییه‌كان یاده‌وه‌ری خۆیانیان له‌سه‌ر تۆماركردبوو،

بینای ئەمنەسورەکە بیرەوەییەکی قورس وتاڵە لەمێژووی تاکی کوردا، ئه‌م بینایه‌  سومبولی هەموو هەوڵە بوو ‌ كه‌ حكومه‌تی ئێراقی  بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نه‌ته‌وه‌یی میلله‌تی كورد په‌یڕه‌وی كردبوو. بیرمە به‌ره‌به‌یانی ڕاپه‌ڕینی  ١٩٩١   بوو   كه خه‌ڵكی شاری سلێمانی ‌ دەستیانكرد بەهێرشكردنه‌ سه‌ر ئه‌م ده‌زگا ترسناكه‌ی به‌عس.  لەگەڵ هاوڕێکانمدا بە خێرایی ڕاماندەکرد بەرەو دەنگی تەقەکان، دەمانویست بزانین چی دەگوزەرێت لەناو ئەو گەڕەکانەی نزیک شەڕەکان، هەرچەندە ئەوە مەترسی یەکی زۆری هەبوو بۆ ژیانمان چونکە گولە بەلاماندا دەهاتوو دەچوو، بەرگری  پیاوانی ڕژێمی سه‌دام  هێشتا لەو گەڕەکانە وناو بینای ئەمنە سووره‌کەدا مابوو.

پاش ئەو مێژووە، سەردەمێک دوای ڕاپەڕین بینای ئەمنەکە ببووە شوێنی ژیانی خەڵکێکی زۆر، منیش بووم بە بەشێک لە گشت ئەو ڕووداوانەی لەو شوێنەدا ڕوویاندا.  باش بەبیرمدێت، پێش بوونی ئه‌منه‌ سووره‌كه‌  بە مۆزەخانە، وێنەی خۆمم دێتە پێش چاو هەمیشە، لە یەکێک لە ژوورەکانی نزیک دەرگای ئەمنەکە دەمامەوە، چەنده‌ها بەیانی  چاوم دەبڕییە هەر قەرەباڵغی یەک یان کەسێکی نامۆ بهاتایەتە ناو حەوشەی ئەمنەکە . هه‌ر كه‌یه‌كێك ده‌رده‌كه‌وت، من وچەند کەسێکی تر دەچووینە لایان ودەمانپرسی؛ کرێکارت دەوێت؟

من ئەوکات کچێکی تازە پیگەیشتوو بووم سنگم بەستبوو، بۆئەوەی سنگم سەرنجی دەوروبەر ڕانەکێشێت. قژم کورت وتیشێرت یان كراس و پانتۆڵێک، جلی هەمیشەی من بوو. له‌ڕاستیدا هەندێک جار ئەوەشم نەبوو لەبەری بکەم، هاوڕێکانم پێیان دەدام، بەڵام هەستی خۆ بەکەمزانیم تێدا نەبوو، هێندە لووت بەرزبووم زۆربەی کات بە فەنتازیاو خەیاڵی قووڵ دەژیام، بەشێوەیەک کەم کەس لە ڕاستی ژیانیا هەستی بەو ئەشقی ژیانە کردبێت. خەیاڵی دەرچوون وخوێندن، خەیاڵی ژیانیکی خۆشتر هەمیشە لە فەنتازیای مندا بوونی هەبوو.

 بیرمدێت یەکێک لەو کارانەی دەستمپێکرد و بۆیاندۆزیمەوە لەسەرەتای خوێندنی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان بوو، کارێکی باش بوو بۆ من؛ ڕۆژانەیەکی باشم دەستدەکەوت، منیش ڕۆژانە لە خوێندنی پەیمانگەوە بەپێ لەگەڵ هاوڕێیەکمدا دەچوومە سەرکار.کاری خۆم دەکرد زۆر دڵخۆش بووم هەستێکی وەها کە دەتوانم هاوکاری باوکم بکەم وکەرەستە و پێداویستی خوێندن پەیدابکەم.

چەند ڕۆژێک بەوشێوەیە بەردەوام بووم، پاشان  لە کاتی کارکردنم لەو شوێنەدا چەند جارێک خاوەن کارەکە دەیویست دەستبهێنێت بەسەروقژمداو دەستبازیم لەگەڵ بکات. بێگومان ئەو دەیویست نیشانی بدات وەک برایەک وه‌ها دەکات، من بەو حاڵەتە زۆر نائارام بووم و  خۆم دووردەخستەوە. پێمخۆش نەبوو نزیک بێتەوه‌ لێم، چونکە من بۆکارکردن چوبووم. هێندە درێژەی نەکێشا ماوەی کارەکەم هەر چەند ڕۆژێک دوای ئەوە، په‌یامێكیان بۆ ناردم کە نەیەمەوە بۆ کار!  هەرچەندە تەمەنم هێندە پێگەیشتوو نەبوو لەوە تێبگەم چیان لە من دەویست و بۆ دەرکرام، بەڵام  هەستم بە نامۆیی و گومان دەکرد لە بوونی خۆم، ببووە پرسیار؛ ئایا بۆ چ کارێک منیان وەرگرت؟ بە دڵنیایی نامۆ بوو دەرکردنەکەم. دووبارە دەستم کردەوە بە گەڕان بە دوای کاردا.

ژیانی کرێکاری وپەیداکردنی بژێوی وئابووری لە تەمەنێکی زۆر لاویمەوە لەسەر شانی خۆم بووە، هەرچەندە لەناو وڵاتی پڕ شەڕ و کوشتن وتوندوتیژی وپاشماوەی جەنگ وئەزموونی ژیانێکی زۆر قورسی ژێر فشاری ئابووری لەدایکبووین، بەڵام هەمیشە بەهێزتر لە ژیانی ئاسایی خۆم دەژیام وبیرەوەریم پڕبوو،  سەرەڕێژ بوولە خەونی گەورەو ململانێ وبەرەنگاری.

ته‌واو

 

 

ئەمنە سوورەکەی سلێمانی

ئەمنە سوورەکە، لە ساڵی 1979 لە سەرداوای حکومەتی ئەوسای عێراقی بۆ کۆلیژی کشتوکاڵ دروستکراوە و دواتر بۆتە ئیدارە محەلی سلێمانی، پاشان کرا بە زیندان بۆ شۆڕشگێڕان و کەسانی ئازادی خواز. لە بەرئەوەی ڕەنگی باڵەخانەکە سوورە بۆیە پێی وتراوە (ئەمنە سوورەکە).  بینایه‌كی زه‌به‌لاح ڕه‌نگی سوور ‌ له ‌قه‌ڵایه‌كی جه‌نگی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست  ده‌چێت، به‌چوار بورجی پاسه‌وانییه‌وه‌ له‌ناوڕاستی شاردا قووتكراوەتەوە. ئه‌م بینایه‌ ترس و تۆقین و تیرۆرێكی گه‌وره‌ی له‌دڵی خه‌ڵكدا چاندبوو.

لەگەڵ ئەوەی ئەمنە سورەکە شوێنی بەرخودان گیان فیدایی وشۆڕشگێڕی چەندەها مرۆڤی جوان بوو، شوێنی جوامێری وبەهێزی چەندەها ژن وگەنجی کوردبوو، به‌ڵام لەناو خۆیدا چەندەها چیرۆکی ناخ هەژێن وداستانی هەڵگرتبوو. لەپاڵ هەمووئەمانەشدا، شوێنی ئەشکەنجەدان ئەتککردنی چەندەها ژن و منداڵ بوو، شوێنی هەوڵی سڕینەوەی شوناسی کورد بو، شوێنی لێدان وگرتن وسەرکوتکردنی مرۆڤ بوو. به‌شێكی زۆری ئه‌و زیندانیانه لەوی زیندانیکرابوون له‌حه‌وشه‌ی پشته‌وه‌ی ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ ڕه‌می ده‌كران (گوله‌باران) یاخود به‌قولاپه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵیانده‌واسین و له‌سێداره‌یان ده‌دان.

 له‌ ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ دەستپێکردنی ڕاپەڕینی گەلی کورد له‌دژی ڕژێمی به‌عسی، ئەو بینایە زۆرترین بەرگری تێدا ئەنجامدرا. خه‌ڵكی شار  له ‌به‌ره‌به‌یانی حه‌وتی مارسی ١٩٩١  په‌لاماری ئه‌م ده‌زگا ترسناكه‌یان دا، به‌شێكی زۆری پیاوانی ڕژێم له‌ترسی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیوو هه‌ڵاتنه‌ ناو ئه‌و بینایه‌، هه‌ر بۆیه‌  پیاوانی ڕژێم  بۆ ماوه‌ی سێ شه‌و وسێ ڕۆژ به‌رگریه‌كی توندیان كرد. ده‌رئه‌نجام هه‌موو زیندانییه‌كان ئازادكران و كۆی پیاوانی ڕژێم له‌وێدا كوژران.‌ دیاره‌ دوای ئه‌وه‌ كۆڕه‌وی ١٩٩١ به‌سه‌ردا هات و ساڵێک بە چۆڵی مایەوە، پاشان ئاوارەکانی  شاری کەرکوک هاتن له‌وێ نیشته‌جێ بوون، ساڵانێك دوای ئه‌وه‌ی سه‌دام حوسێن له‌ ٢٠٠٣ دا ده‌ڕووخێت، ئه‌م ده‌زگا ترسناكه‌ی زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌ دەکرێتە مۆزەخانەو گەلەری نمایشی كاری هونەری.

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین