خه‌نده‌ حه‌مید

كار‌ی كولتوری هۆشیاری و هێمنی ده‌وێت


Loading

Scott Jacobsen

سکۆت: تۆ بۆ پڕۆژەی کولتور دەنووسی. من سەرەتا پڕۆژەی کولتور هەم وەک کۆکردنەوە و هەڵگرتن، هەم وەک کۆگە و دروستکەری کولتوری کوردی فۆرمولە دەکەم. هۆزان مەحموود تۆی پێشنیاز کرد، من متمانەم پێی هەیە و ڕێزی دەگرم. تۆ چۆن ئەوت دۆزییەوە یان ئەو چۆن تۆی دۆزییەوە؟

 

 

خەندە: بەڵێ من بۆ پرۆژەی کولتور دەنووسم، ئێستاش وەک ڕێکخەری پرۆژەی کولتور و سەرپەرشتیاری گۆڤاری کولتور مەگەزین لە کوردستان کاردەکەم. لە ڕاستیدا پرۆژەی کولتور بۆ من دەسپێکی بڵاوکردنەوەی نووسینەکانم بوو، من زۆر خۆشحاڵم بە کارکردن لەگەڵ هۆزان مەحمود و هاوکارەکانی، وەک خۆم زۆر  لە هۆزانەوە فێربووم و ئەو هاندەرێکی زۆر باش بووە بۆم بۆ ئەوەی بەردەوام بم و بنووسم. بەگشتی من ئاگاداری چالاکی و نووسینی ژنە چالاکوانە کوردەکان بووم، بەڵام بەتایبەتی و لە نزیکەوە ئاگاداری کار و چالاکییەکانی هۆزان بووم هەوڵەکانی بەلامەوە گرنگ بوو، پێم وایە جیاواز لە هەمووان ڕەخنە و نووسینەکانی بۆ بونیادنان و دروستکردنی کولتورێکی کراوە و ئازادە لە کوردستان. هەروەها قسەکردن لەسەر ڕێسا خێڵەکی و پیاوسالارییەکان و ڕەخنەگرتن لێیان هەمیشە کرۆکی ئیشکردنەکانی بووە. هەربۆیە لەو ژنە دەگمەن و فێمێنیستانەیە کە کۆمەڵگەی کوردی پێویستی پێیەتی، لەبەرئەوەی ئاگاییەکی جێندەری بەرزی هەیە زۆر بە هۆشیارییەوە، بە جیهانبینییەکی ژنانەوە ڕەخنە لە گوتاری زاڵی پیاوانە و ئەقڵییەتی پیاوسالاری و داب و نەریتە ترادیسیۆنییە کوردییەکان دەگرێت و ئەڵتەرناتیڤی خۆی هەیە بۆیان. بیر و بۆچوون و نووسینەکانی هۆزان هەمیشە جیاواز لە نووسین و ئیشکردنی چالاکوانەکانی تر ئەوەیە کە چالاکی و نووسینەکانی ئەو ناچنە خانەی بەرپەرچدانەوەی دژ، و ڕەفتارنواندنی دژ، ئەو بەردەوامە لە گەیاندن و باسکردنی پەیام و ڕەخنەکانی خۆی، تیشکی خستۆتە سەر لایەنە ناڕوون و شاراوەکانی کێشە و ڕووداوەکانی کۆمەڵگەی کوردی و جیهانی، بیر و بۆچوونەکانی ئەو تاڕادەیەکی زۆر تازەن بۆ کۆمەڵگەی کوردی، هەربۆیە هەست دەکەم ئەرکەکەی قورسە و کاتی دەوێت تاکو ئەم ئەقڵییەتە زاڵە بگۆڕدرێ، بەڵام بێ گوێدانە ئەوەی چۆن لێی تێدەگەن و بەر ڕەخنەی توند دەبێتەوە ئەو بەردەوامی هەڵدەبژێرێ و کۆڵنادات. هەموو ئەمانە بۆ من هۆزان جیادەکاتەوە لە کارکردن و بەناو چالاکی ژنانی تر، خۆم هەمیشە شتەکانیم خوێندۆتەوە و بەردەوام لێیەوە فێربووم.

دواتر من و نەبەزی هاوژینم پەیوەندیمان پێوەکردن، نەبەز چەند وتارێکی بە کوردی و بە ئینگلیزی نووسی و حەزی دەکرد لە گۆڤاره‌ ئۆنلاینه‌كه‌یان  (کولتور مەگەزین) دا بڵاوبێتەوە. منیش بە هەمان شێوە پێم باشبوو نووسینەکانم لەو گۆڤاره‌ بڵاوببێتەوە، لەبەرئەوە زۆرینەی نووسینەکانم بۆ هۆزان دەنارد دەم ویست ئەگەر تێبینی هەبێت لەسەر نووسینەکانم پێم بڵێت، ئەویش بەدڵێکی گەورە و بەسادەییەکی جوانەوە کە سیفەتی خۆیەتی، بەردەوام بە تێبینییەکانی منی بەرەو پێش بردووە سوودم لە بیروبۆچوونەکانی وەرگرتووە.

من وەک حەزێکم بۆ فیلم بە پێویستم زانی هەندێ لە فیلمە باشەکان بناسێنم و ڕانانیان بۆ بکەم، بۆیە جار جار خوێندنەوە و ڕانان بۆ هەندێ فیلم دەکەم. بیرمە کاتێک ویستم یەکەم ڕانان بۆ فیلمی وشەکان و وێنەکان بکەم، دەم ویست نووسینەکەم بۆ هۆزان بنێرم، ئەو بیرۆکەکەی زۆر پێ باش بوو، بەڵام زۆر جەختی لەوە کردەوە کە لایەنی خوێندنەوەی جێندەری فیلمەکان بەهەند وەربگرم، هەروەها زیاتر لەبارەی ئەو فیلمانە بنووسم کە کێشەی جێندەری دەخەنە ڕوو. خوێندنەوەیەکی سەربەخۆی ژنانە و جێندەریانەم بۆیان هەبێت، ئەمە زۆر کاری تێکردم وایکرد بابەتەکەم دوابخەم و زیاتر فۆکس بخەمە سەر ئەو لایەنە، بۆیە دەڵێم هۆزان وای لێکردم زیاتر گرنگی بەلایەنی جێندەری و فێمێنیستی بدەم. بەڵێ ئەمە ڕاستییەکەیە کە ئێمەی کورد زۆر پێویستمان بەوەیە کە ئەو لایەنە لەنێو ئەقڵیەتی تاکی کوردیدا ڕۆشنبکەینەوە. هەرچەند پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ کوردستان تەنیا لە دوورەوە یەکترمان دەناسی و جار جار قسەمان لەسەر نووسین دەکرد بەهۆی ئاڵوگۆڕی و گفتوگۆ و قسەکانمانەوە زیاتر ئاشنای یەکتری بووین.

خه‌نده‌ حه‌مید – نه‌به‌ز سه‌مه‌د سه‌رپه‌رشتیاران و ده‌سته‌ی نوسه‌رانی كولتور مه‌گه‌زین و و پرۆژه‌ی كولتور له‌كوردستان

کاتێ پار گەڕایەوە کوردستان ئەو ماوەیەی لێرەبوو زۆر تایبەتبوو، زۆر بەیەکەوە بووین لە دەرەوە و لەو کۆنفرانسەی بانگهێشت کرابوو. ئەوە دەسپێکی بینینی من و ئەو بوو لە نزیکەوە. دوای گەڕانەوەی داوای لێکردم کە وەک سەرپەرشتیار و ڕێکخەری پرۆژە و گۆڤاری کولتور مەگەزین لە کوردستان کاربکەم لەگەڵیاندا، منیش بەخۆشحاڵییەوە داواکەم قبوڵکرد، چونکە دەزانم ئەمە دەسپێکی کاری جدی و هۆشیارانەی من دەبێت و ئەزموونێکی گرنگ دەبێت لە ژیانمدا. ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەری بە توانا و بە ئەزموون دەمانەوێ بنووسین و قسەمان هەبێت لەسەر دیاردە و ڕووداوەکانی کۆمەڵگەی کوردی. کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەو بۆشایییە کولتوری و کەلێنە جێندەرییە پڕ بکەینەوە کە لە کوردستان بوونی هەیە. هەروەها ئاگایی و هۆشیارییەکی جێندەری و فێمینستی بگەیەنین کە لە کوردستاندا فەرامۆشکراوە.

ناسینی من و هۆزان بەو جۆرە بووە، ئێستاش لە پەیوەندییەکی هاوڕێیانەی پڕ زانیاری بەسوود و ئاسودەداین.

سکۆت: چۆن دەستت بە کارکردن کرد و خۆت لەتەک هۆزان مەحمود دۆزییەوە بۆ چێکردنی کولتور؟ بۆچی ئەمە بۆ تۆ بڕیار و پلانێکی بەهادارە؟

 

خەندە: من هەمیشە خوێندنەوە و نووسین خولیام بووە، کاتێک لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان فەلسەفەم خوێند ئەم حەز و خولیایەم زیاتر بوو. خۆم یاخی بووم لە زۆرینەی داب و نەریتە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکانی کۆمەڵگەی کوردی.  لەبەرئەوە بەدوای شتێکی یاخییانە و پرۆژەیەکی جیاوازدا دەگەڕام، لێرە ئاگاداری ئیشکردنی هەندێک لەو سایت و ڕۆژنامانەبووم کە گرنگی و بایەخی خۆیان هەیە لە دروستکردنی کولتور و هۆشیاری کۆمەڵگا، پرۆژەی کولتور بۆ من جێی گرنگیدانی یەکەمم بوو، لەبەرئەوەی بە ماوەیەکی کەم کاریگەرییەکی پۆزەتیڤی هەبوو، هەروەها هەموو دەنگە جیاوازەکانی کۆکردبۆوە لە زۆربەی لایەن و بەشە جیاوازەکان پشگیری کۆمەڵێک گەنجی باش و بەتوانایان دەکرد و نووسین و بابەتەکانیان بە شێوەیەکی باش و پرۆفیشناڵ بۆ بڵاودەکردنەوە. ئاخر من ئاگادارم هۆزان و هاوکارەکانی چەندین گەنجی بەتوانایان هێناوەتە ناو ئەو پرۆژەیە لەوێدا خۆیان دۆزیوەتەوە، هەروەها یارمەتیان دەدەن و هانی نووسین و خۆ پێگەیاندنیان دەدەن. من و هاوژینەکەم نەبەز حەزمان دەکرد نووسینەکانمان لەو پرۆژەیەدابێت و لە سایتی کولتور مەگەزین بڵاوببێتەوە. لەبەرئەوە خۆمان پەیوەندیمان پێوەکردن و ئەوانیش زۆر بە جوانی پێشوازیان لەو خواستەی ئێمە کرد. هۆزان بەردەوام بە تێبینییەکانی نووسین و بابەتەکانی ئێمەی باشتر دەکرد.

بۆ من زۆر شت جێگەی تێڕامان و هزرینن بۆیە لەسەر زۆر کێشە و بابەتی جیاواز دەنووسم پێم وایە ئەمە ڕێگە چارەیەکە بۆ ئەوەی کە ئەوەی دەیڵێم و دەینووسم نرخی گوتن و نووسینی هەبێت. چونکە پێم وایە کاری کولتوری کاری کۆمەڵێکە کە بە ئەرکی خۆیانی بزانن و بە هۆشیاریی و هێمنی ئیشی بۆ دەکەن، بۆ ئەوەی بەتەواوی کاریگەرییەکانی لە کۆمەڵگەدا ڕەگ داکوتێ و جێگیرببێت. هەموو ئەمانە بۆ من زۆر بەهادارن چونکە پرۆژەی کولتور و بەتایبەت هۆزان لەو یەکەم کەسانەبووە بەردەوام هانی داوم کە بنووسم و بەردەوام بم و کاری کولتوری بە ئەرکی خۆم بزانم.

خه‌نده‌ حه‌مید – نوسه‌ر و ڕێكخه‌ری پڕۆژه‌ی كولتور و كولتور مه‌گه‌زین

سکۆت: لە نووسینێکدا لە کولتور پرۆجێکت سەبارەت بە سەما، تۆ باس لە ڕەتکردنەوەی جەستە دەکەیت لەنێو کولتوری کوردیدا. سەرچاوەی ئەم ڕەتکردنەوەیە چییە؟ یان سەرچاوەکانی ڕەتکردنەوەی جەستەی خەڵکی لەنێو کولتوری کوردیدا چییە؟

 

خەندە:کورد بەهۆی داگیرکاری جۆراوجۆرەوە هەم داگیرکاری ئاینی و هەم کۆڵۆنیالیزم بەگشتی کولتور و دابونەریتێکی ترادیسیۆنی داخراوی هەیە، لەبەرئەوە جەستە لە کۆمەڵگەی کوردی و ئیسلامیدا بەتەواوی پشتگوێخراوە و فەرامۆشکراوە. پێم وایە ئەمەش ئاینی ئیسلامە کە جەستە ڕەتدەکاتەوە، لە ئاینەکان بەگشتی و ئاینی ئیسلام بەتایبەتی هەمیشە ڕۆح باڵاترە لە جەستە. هەربۆیە ئەم وەهمی بەرزی ڕۆح و نزمی جەستەیە پەڕیوەتە نێو کولتوری کوردی. لێرە تاکی کورد ناتوانێ وێنای جەستەیەکی سەربەخۆ و جوڵاو بکات، چونکە سەما یاخود شایی کوردی ڕیزبەند و سنوردارە، تاکەکان دەستی یەکتری دەگرن و بەڕیز هەڵدەپەڕن. هەرچەندە ئەم جۆرە شایی و سەمایە هێشتاش لەلایەن مەلاکان و پیاوانی ئاینییەوە بە حەرام و کوفر دادەنرێ. لەبەرئەوەیە زۆربەی کات چاوی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی ناتوانێت سەیری سەمایەکی سەربەخۆ بکات، بەبێئەوەی ڕوانینێکی سێکسیانەی بۆی نەبێت. بەگشتی خەڵک کاتێ سەماکار دەبینێ سەما دەکا و دەجوڵێ سەرنجی لەسەر ئۆرگانە سێکسییەکانی جەستەی سەماکارەکەیە، لێک نزیک بوونەوە و پێکەوە نووسانەکان دەبینێت نەک هاڕمۆنی جووڵەکان، یاخود چیرۆک و ئەو بەهایەی لە پشتی سەماکەوەیە.

پێموایە یەکێ لە هۆکارە سەرەکیەکان ئاینی ئیسلام و کولتوری داخراوی پیاوسالارییە، کە سەما کوفرە حەرامە جەستە شتێکی بڤەیە، دەبێت داپۆشراو بێت کەم جوڵە و بزووتن بێت. بەڵام هۆشیاری جێندەری و سەما دەتوانێت ئەم وێناکردنە بۆ جەستە کاڵبکاتەوە و لەم ڕوانینە ترادیسیۆنییە بێتە دەرەوە و ئەم فیگورە پیاوانەیە تێکبشکێنی، کە کۆمەڵگەی خێڵەکی و ئاینی ئیسلام بۆ تاک دایتاشیوە. بەهۆی بەشداری کردنم لە کۆرسی سەمای هاوچەرخدا، كه‌ سه‌ماكار و شانۆكار (كاروان عومه‌ر)  له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یدا له‌ سویسراو  ئه‌و خوله‌ی كرده‌وه‌، ویستم خۆم بە پراکتیک هاوسەنگی و هاڕمۆنی جەستەم ڕێکبخەم.

كاروان عومه‌ر؛ كارێكی سه‌ما – ماڵێك خاڵی، خاڵی له‌سه‌ما

ئەمە بۆ من ئەزموونێکی تایبەت و ناوازە بوو، کە خۆم یاخییانە بە پراکتیکی سەما بکەم کە لە کۆمەڵگەی کوردیدا حەرام و عەیبەیەکی گەورەیە، بەو بەشدارییە ویستم تەنیا لە بارەیەوە نەنووسم، بەڵکو خۆم ئەزموونێکی پراکتیکیم هەبێت و بەشداربم هەست بە ئەندامەکانی جەستەم بکەم کە چیرۆکی خۆیان هەیە و لە ڕێگەی سەماوە دەمەوێت بیگەیەنم.

لێرە نەک تەنیا جەستە ئازاد نییە، بەڵکو هەڵچوون و هەستەکانیش ئازاد نین لە کۆت و بەندی کۆمەڵایەتی و ئاینی، ئەم بەشدارییە وای لێکردم هەڵچوون و هەستەکانم زیاتر ئازاد بکەم وەڵامی پرسیارەکانم سەبارەت بە کۆتوبەندی جەستەی خۆم و کۆمەڵگە دەستبکەوێت. لەبەرئەوەی من جەستەم خۆشدەوێ ڕێزی دەگرم، بۆیە ویستم وەک ژنێک بەهەموو بوونمەوە سەما بکەم، چونکە زۆرێک لە تاکی ڕۆژهەڵاتی ئەم بیرۆکەیەی لە ئەقڵیدا قەتیس کردووە و بەو جۆرە بیردەکاتەوە، کە پێیوایە سەما شتێکی نەشیاوە بۆ كچ و ژنان. من بە پێویستم زانی لەڕێگەی بەشداریکردن و نووسینم لە بارەی سەماوە ڕەخنەی ئەم ئەقڵیەتە ئاینی و پیاوسالارییە بکەم و ئەم فیگورە تێکبشکێم.

هەموو ئەمانە بۆ من ئیشکردنە لە جەستەدا، ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی یەکسانی جێندەری لەنێو ژیان و لەنێو سەمادا بەدی دێت. ئاخر جەستە پێویستی بەوەیە لە کۆت و بەندی ئاین و نەریتی کۆمەڵایەتی و پیاوسالاری ئازاد بکرێت، یەکێک لە ڕیگەکانی ئەم ئازادبوونەش سەمایە هەروەها بیرکردنەوەی سەربەخۆیانە بەدەر لە ئاین، چونکە کەسی ئاینی ناتوانێت جەستەیەکی سەربەخۆ و ئازادی هەبێت.

من خۆم وەک ژنێک نەریتە ئاینییەکان ڕەتدەکەمەوە و باوەڕم بەهیچ ئاینێک نییە، بەتایبەت ئاینی ئیسلام کە پڕە لە توندوتیژی بەرانبەر بە مرۆڤ بە گشتی و ژنان بەتایبەتی. ئیسلام چەندین کۆت و بەندی بۆ ژنان داناوە هەر لە لەبەرکردنی جلوبەرگ، چۆنییەتی قسەکردن، چۆنییەتی خواردن و ڕەفتار نواندن، جوڵە و بەڕێگادا ڕۆیشتن…هتد. هەربۆیە ئێمەی ژنان پێوستمان بەجۆرە یاخیبوونێکە بۆ لادان لە چاوەڕوانییەکانی ئاین و نەریتی ئاینی(یان کۆمەڵگا). پێم وایە هەموو ئەمانەش بەڕێگەی ئیشکردنی کولتورییانەوە دەکرێت. کە ئێمە لە پرۆژەی کولتوردا هەوڵدەدەین ئیشیان لەسەر بکەین و ڕەخنەییانە لەبارەیانەوە بنووسین.

 

سکۆت: چۆن جەستەی پیاوان، ژنان و منداڵان بەگشتی لەنێو کولتوردا لێیان دەڕوانرێت؟ ئایا ئەمە پەیوەندی بە ڕابوردووی دەیان ساڵە یان چەندین سەدە هەیە؟

 

خەندە: ئەو لێڵی و ناڕوونییەی بۆ جەستە لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە هۆکاری سەرەکی ئاینی ئیسلامە، کە هەمیشە ڕۆحی لەسەرووی جەستەوە داناوە بۆیە لێرە جەستە فەرامۆشكراوە. بەڵام بەگشتی ئەوەی بەدیدەکرێ جەستەی پیاو لە سەروو جەستەی ژنان و منداڵانەوەیە، ئەمەش وەک شتێکی ئاسایی دەبینرێت، چونکە کوردستان کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارییە وەک زۆرینەی کۆمەڵگەکان، پیرۆزکردنی پیاو بەجەستەشیەوە شتێکە قابیلی پرسیار و گومانکردن نییە. لەبەرئەوە زۆر ڕێگەیان داناوە وەک نەریتی ئاینی و کۆمەڵایەتی پەیڕەوی دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردن و دسپلینکردنی جەستەی ژنان، سەرەکیترینیان خەتەنەکردن و سەرپۆش(حیجابە). دوو دیاردەی کۆمەڵایەتی و ئاینین، لە ڕێگەی ئاینی ئیسلامەوە هێنراونەتە نێو کۆمەڵگەی کوردییەوە. تاکە پاساو بۆ ئەمە داپۆشین و کۆنترۆڵکردنی سێکسوالێتی ژنانە، هەروەها دسپلینکردنی جەستە و ژیانی کچان و ژنانی ئەو کۆمەڵگایانەیە کە زۆر داخراون و فۆبیای ژنیان هەیە.

خەتەنەکردن توندوتیژییەکی فیزیکییە بەرانبەر بە بەشێکی زۆری کچانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا دەکرێت. من خۆم یەکێکم لە قوربانییەکانی خەتەنەکردن، بەزۆر لەتەمەنی منداڵیدا خەتەنەیان کردم، لە دوا پرۆژەی کولتوردا ”خود نووسینەوەی ژنان” و له‌ نووسینه‌كمدا له‌ژێر ناوی (ده‌ستێك پڕ له‌خوێن)  باسی ئەم ئەزموونە قورسەم وەک یادەوەرییەکی تاڵ و توندوتیژییەکی دەروونی و فیزیکی دەکەم، کە لەژێر هەژموونی پیاوسالاری، بەها خێڵەکی و ئاینییەکانەوە دەرهەق بە جەستەی کچان و ژنان دەکرێت. لە کوردستان کچان و ژنانێکی زۆر خەتەنەکراون و ئێستاش ڕێژەیەکی زۆر لەژێر هەڕەشەی خەتەنەکردندا ژیان دەکەن. بۆیە بە پێویستم زانی بە نووسینەوەی یادەوەری و خود نووسینەوەیەکی ژنانە هەڵوێستەیەکی ڕەخنەیی و یاخیانە بنووسم سەبارەت بەم ستەمەی بەرانبەر بە ژنان دەکرێت. لە داهاتووشدا بەهەموو ڕێگرییەکانەوە هەوڵدەدەم بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە مەترسییەکانی ئەم دیاردەیە وەستاندنی شێواندنی کچان و ژنان لەژێر ناوی نەریت و ئایندا، بەردەوام دەبم بۆ بنەبڕکردنی ئەو دیاردە  ستەمکاری و نەشیاوە تاوەکو پەیامەکەم دەگات.

خه‌نده‌ حه‌مید

لێرە ژنان بەڕادەیەکی زۆر جەستەیان ئازار دەدرێت، ڕووبەرووی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە، هەروەها لە شەقامەکاندا گێچەڵی سێکسیان پێ دەکرێت. بۆ هەموو ئەمانە هۆکار و فاکتەری زۆر هەن هەندێکیان لەژێر کاریگەری ژەهری ئاینی و نەریتی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا ئەنجام دەدرێن. لە کوردستان خێزان، بنەماڵە و کۆمەڵگا بۆ چاودێری جەستەی کچەکانیان سەرپۆش یان حیجابیان پێ دەکەن. پێیان وایە دەبێت جەستەی کچان و ژنان داپۆشراوبێت هەست و هەڵچونەکانیان کپبکرێنەوە، ئەوان بەوجۆرە لێکی دەدەنەوە کە کچەکانیان دەپارێزن! پرسیار ئەوەیە لە چی و لە کێ دەیانپارێزن؟ هەربۆیە تاکو ئەو ئەقڵییەتە پیاوسالاری و خێڵەکی و ئاینییە نەگۆڕدرێ توندوتیژی و گێچەڵی سێکسی بنەبڕ نابێت. لەبەرئەوەیە لێرە زۆرینەی کچان بەزۆر سەرپۆشیان پێدەکرێت بۆ ئەوەی پارێزراوبن! ئەوانیش بە ناچاری دواتر وەک ڕاستییەک قبوڵی دەکەن. هەموو ئەم ڕەفتارانەی بەرانبەریان دەکرێت تاکە هۆکار و پاساویان ئەوەیە کە کچان بە پاکیزەیی بمێننەوە!

سکۆت: ئایا هیچ کاریگەرییەکی ”کولتوری خۆرئاوا” هەبووە بۆ گۆڕینی ئەم تێڕوانینە بە هەر شێوەیەک بێت؟

 

خەندە: بەڵێ کاریگەری هەبووە بەڵام ناتوانم بڵێم کاریگەرییەکە تەنیا پۆزەتیڤ بووە، لەبەرئەوەی کاریگەرییەکە دوو لایەنە بووە. هەندێک خەڵک، پیاوانی ئاینی و مەلاکان بێ ئاگا لە کولتوری خۆرئاوایی تەنیا لە دوورەوە شتە ڕۆتینی و ڕووکەشییەکانیان بینیوە و لێرە بە خراپ باسی دەکەن و کوفری ئەم کولتورە دەکەن. بەڵام هەندێک کەسی تر لایەنە باش و جوانەکانی کولتوری خۆرئاوا دەبینێت و ڕەنگە ئەزموونیشی هەبێت لەگەڵ ئەم کولتورە لێرەدا بە گشتی ئیشی لەسەر دەکات. پرۆژەی کولتور ئیشکردنێکی لەم جۆرەی هەیە ئێمە لەنێو ئەو پرۆژەیەدا هەوڵدەدەین لە تیۆرییە ڕۆژئاواییەکان سوود وەرگرین و پەیوەست بە کولتوری کوردییە بنووسین و توێژینەوە بکەین نەک تەنیا هزری خۆرئاوا بگوازینەوە، بەبێ ئەوەی هیچ کاریگەرییەک دابنێت. ئێمە لە پرۆژەی کولتوردا  چالاکی و ڕووداو و کێشەکان تەنیا وەک هەواڵ نانووسینەوە و بەو شێوەیە نایگوازینەوە، بەڵکو قسە و ڕەخنەی خۆمان هەیە بیرۆکە و ئایدیای خۆمان هەیە بۆیان.

هەرچەندە من وەک خۆم گرنگی بە کولتور و هزری ڕۆژئاوایی دەدەم بەتایبەت جەستە لە تیۆرییە فێمێنیستی و جێندەرییەکاندا بەها و نرخی خۆی هەیە ئەمە وای لێکردم بە شێوەیەکی تر و تێڕوانینێکی جیاوازم هەبێت بۆ جەستە. توێژینەوە فێمێنیستی و جێندەرییەکان لە شرۆڤەکردن و ڕەخنە کولتورییەکانیاندا زۆر جەخت لەسەر جەستە دەکەنەوە. ڕەخنەی فێمێنیستی لە ”فالۆسێنتەری”ی کولتوری خۆرئاوایی بەگشتی بەشداری دەکات لە ڕەخنەی دوالیزمی هۆش/جەستە. جیاوازی نێوان هۆش و جەستە، گیان و ماتەر لەنێو فۆرمە جیاوازەکانیدا لە فەلسەفەی خۆرئاوایی هەر لە پلاتۆن و ئەریستۆتێلیسەوەتا دێکارت دوانێتییەکی قووچەکی (ستوونی/هایەرارکی) و جێندەریین: هۆش پەیوەستکراوە بە ئاگایی و ئاوەزەوە و باڵاترە لە جەستە کە پیاو نوێنەرایەتی دەکات، هەروەها جەستە وەک ناهۆشەکی و حەزمەند وێناکراوە و پەیوەستکراوە بە ژنەوە. پڕۆژەی فێمێنستی ڕەخنەی ئەم دوالیزمیانە دەکات. هەربۆیە گرنگی تەواو بە پرۆژە و تیۆرییە فێمێنیستییەکانی خۆرئاوا دەدەم. ئەم پەیوەستکردنەی جەستە بە ژنەوە زۆر نزم دەبینرێت، واتا بەهۆی نزمی جەستەوەیە کە پەیوەستکراوە بە ژنانەوە.

سکۆت: ئایا هیچ بزووتنەوەیەک هەبووە لەنێو کولتوری کوردیدا بۆ گۆڕینی ئەمە. گۆڕینی ئەم تێڕوانینە بۆ جەستەی خەڵک لە نادیارییەوە بۆ هێنانەگۆڕێی گفتوگۆ و دیسکۆزر؟

خەندە: پێم وانییە بزوتنەوەیەکی لەو جۆرە لێرە بوونی هەبوو بێت، ئەم بزووتنەوە و ڕێکخراوانەی هەیە زیاتر درێژکراوەی حیزب و خواستی پیاوانی حیزبین کە ئەمانیش بەدەر نین لەم ئەقڵیەتە خێڵەکی و پیاوسالارییە. لێرە تاکو ئێستا بزووتنەوەیەکی ژنانە، بزووتنەوەیەکی فێمێنیستی لە واتای ڕاستەقینەی وشەکەدا دروست نەبووە، بەڵکو لێرە کۆمەڵێ ڕێکخراوی ژنانی سەر بە حیزبەکان هەن، کە ئەوەندەی بۆ ئیدیۆلۆژی و بەرژەوەندی حیزبەکانیان دڵسۆزن هێندە کێشەی ژنان و ئازادی ژنانیان بۆ گرنگ نییە. ئەم ڕێکخراوانە تاکو ئێستا نەیان توانیوە هۆشیارییەکی جەستەیی و جێندەری دروستبکەن، پتر وەک ژمارە و ئامار ئیشیان لەسەر کێشەی ژنان کردووە. زیاتر ژنیان وەک قوربانی پیشانداوە و ئاماری کوشتن و توندوتیژییەکانی دژ بە ژنانیان وەک هەواڵ بڵاوکردۆتەوە، بۆیە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبووە و زوو بیرچوونەتەوە.

بۆ نموونە ڕێکخراوی ژنانی حیزبە ئیسلامییەکان بەرگری لە شەریعەتی ئیسلامی دەکەن کە پڕیەتی لە دژایەتی و توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان. بەهەمان شێوە زۆرینەی ژنانی نێو حیزبە بەناو عەلمانییەکانیش، هەروەها ڕێکخراوەکانی ژنان لەبەرئەوەی سەربە حیزبەکانن و نوێنەرایەتی تێڕوانین و جیهانبینی حیزبەکانیان دەکەن، نەیان توانیوە یەک دەنگ و یەکگرتووبن  و پێکەوە ئیش لەسەر کێشەکانی ژنان بکەن.

سکۆت: لە کۆتاییدا ئەگەر هیچ بیرۆکەیەک یان شتێکت هەبێت؟

خەندە: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە بەهۆی ئەم چاوپیکەوتنەوە توانیم کەمێک خۆم دەرببڕم، ئەو ڕەخنانەی کە لە کۆمەڵگەی داخراو و ئاینی هەمە دەریانبڕم. ئێمە لە پرۆژەی کولتوردا هەموومان خەون و ئومێدێکمان هەیە کە کاری جدی و کولتوری دەتوانێت ئەم دەمارگرژییە خێڵەکییە پیاوسالارییانە کاڵ بکاتەوە، ئەگەرچی کاریگەرییەکانی هێواش و لەسەرخۆش بێت. ئێمە لەنێو کێشەکانی ئەو کۆمەڵگایەداین، هەربۆیە لەو کێشانە تێدەگەین و دەیان بینین کە لەنێو کۆمەڵگاکەماندا هەیە، بە هەموومان دەتوانین تیشک بخەینە سەریان و ڕاستی بکەینەوە. ناوەستین و کاردەکەین بۆ کۆمەڵگەیەکی یەکسان و بڵاوکردنەوەی هۆشیارییەکی جێندەری کە شایسەتەی ژیان و گوزەرانی هەموو تاکێک بێت، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە گۆڕانکاری خەمیانە و دەیانەوێت لە ژیانێکی شایستەی یەکسان و گونجاودا بژین. لانیکەم بۆ ئەوەی کە بەرانبەر بە ئێمە کرا بە رانبەر بە نەوەی داهاتوو نەکرێت.

سکۆت: سوپاس، بۆ ئەم دەرفەتە و بۆ کاتەکەت، خەندە؟

سوپاس بۆ تۆش. بەهیوای سەرکەوتن.

ئەم چاوپێکەوتنە پێشتر بە ئینگلیزی لە(Culture Project)  بڵاوبۆتەوە.

NGO’s cannot raise gender equality and body awareness among women

 

 

فه‌رموون له‌گه‌ڵ نوسینه‌كانی خه‌نده‌ حه‌مید؛

http://cultureproject.org.uk/kurdish/author/xandahamed/

خه‌نده‌ حه‌مید ؛ نوسینه‌كانی له‌ كولتور مه‌گه‌زین
تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین