ڕەشەبا
ڤان شێرزاد
ڕۆژێک لە چوقی چڵی دارێک کەوتمە سەر زەوی،
میوەی پێگەیشتوو نەبووم، گەڵای پیریش نەبووم.
من کرمێکی تازە بووم، ڕەچەڵەکی خۆم نەدەزانی،
کەوتمە بەردەمی باڵندەیەکی برسی.
زامی نوک بەنوکی، بەسەر پشتمەوە دیاربوو، گینگڵم دەدا.
دڵم نەبوو، ئەگینا لەدڵی خۆمدا دەمگووت؛ نەمدەویست نە کرم بم،
نە باڵندە،
نە داریش بم…
دەموویست ڕەشەبابم،
هەر کات ئازارم هەبوو هەڵبکەمە گەردەلوولێ
ئافاتێک بەرپابکەم،
قەڵەڕەشەکان بەسەر دارەکانەوە هەڵفڕێنم
چاوی باڵندەکان کوێر بکەم مشک و
جرجەکان بگەرێنمەوە قڵیشانەکانی برینی زەوی.
هەر خۆم هەڵبکەمە تووڕەیی و هەرخۆشم کپ بم و دابمرکێمەوە.