پلاتۆن و سوكراتیس

فەلسەفە چییە؟


Loading

نه‌به‌ز سه‌مه‌د

پرسیاری داخۆ فەلسەفە چییە؟ پرسیارێکی گەورە و کێشەیەکی گەورەیە بۆ خودی فەلسەفە. زۆر لە فەیلەسوفان و لێکۆڵیارانی فەلسەفەی بەخۆیەوە خەریكکردووە. ئەوان لە ڕوانگە و گۆشەی جوداوازەوە، هەروەها بە مێتۆدی جودا وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە. وەڵامەکان لە ئەنتیکەوە تاکو ئەمرۆ جودان، بۆیە تاکە یەك وەڵام لێرەبوونی نییە.

ڕەنگە بتوانین لە دوو ڕێگەوە وەڵامی پرسیاری فەلسەفە چییە؟ بدەینەوە. یەکەم: لە ڕووی زاراوەوە، دووەم: لە ڕووی فەلسەفە وەك خۆ-دروستکردن. ئەم دووانەش هەریەکەیان دابەش دەبن بۆ سێ لك.

 

یەکەم: فەلسەفە وەك زاراوە و مێژوو.

  1. A. لە ڕووی زاراوەوە: زاراوەی فەلسەفە لە گریکی ئەنتیکەوە سەرچاوەدەگرێ؛ وشەیییانە واتای ‘خۆشەویستی بۆ دانایی’ دەگەیەنێ (فیلۆ ‘Philo’ واتا خۆشەویستی، سۆفیا ‘Sophia’ واتا دانایی). پیتاگۆراس یەکەم فەیلەسوفە واژەی (Philosophia) بەکاردەهێنێ. پاشان پلاتۆن فەلسەفە وەك ‘خۆشەویستی بۆ دانایی’ یان ‘خۆشەویستی بۆ هەقیقەت’ دادەنێ.

  2. B. لە ڕووی مێژووییەوە: فەلسەفە لە گریکی ئەنتیکە لە نزیکی ٦٠٠پ.ز لە دوورگەی ئایۆنیا دەستپێدەکا. زۆرینەی فەیلەسوفان و لێکۆڵیاران لەسەر ئەوە کۆکن، تاڵیس یەکەم فەیلەسوفە. ئەو فەیلەسوفی تاکایەتییە و سەبارەت بە سروشت دەفەلسەفێنێ، بۆیە بنەڕەتی سەرجەم شتەکان بۆ یەك توخم دەگەڕێنێتەوە، ئەویش ئاوە. بەڵام ئیمپیدۆکلیس فەیلەسوفی فرەیییە و بنەڕەتی گەردوون بۆ چوار توخمی ئاو و هەوا، خاك و ئاگر دەگەڕێنێتەوە. ئەم چوار توخمە بەڕێی پرەنسیپی خۆشەویستییەوە شتەکان ئاوێتەدەکەن و بەڕێی پرەنسیپی ڕك و کینەوە شتەکان لە یەکدی جیادەکەنەوە. لە لایەکی دیکەوە، دیمۆکریتۆس فەیلەسوفی ئەتۆم، بنەڕەتی گەردوون بۆ ئەتۆم دەگەڕێنێتەوە (ئەتۆم وشەیەکی گریکییە بە واتای ‘نەکەرتێنراو’ یان ”نەشیاوی کەرتاندن” دێت).

مێژووی فەلسەفە بۆ فەیلەسوفان نەشیاوی دەستبەردارییە، ئاخر فەلسەفە بەبێ مێژووەکەی ناتوانێ بەردەوام بێ. لەگەڵ ئەوەشدا، مێژووی فەلسەفە جوداوازە لە خودی فەلسەفە لە ڕووی پرسیارکردنەوە. فەلسەفە پرسیار سەبارەت بە کێشە فەلسەفەییەکان دەکا، لە کاتێکدا مێژووی فەلسەفە بە ڕوانگەی فەیلەسوفانەوە بۆ ئەو کێشانە خەریکە (Rescher, 2001).

  1. C. کێشەکانی فەلسەفە: لە ڕێگەی پرسیاری داخۆ فەلسەفە بە چییەوە خەریکە؟ واتا کێشەکانی چین، ڕەنگە بتوانین باشتر لە فەلسەفە تێبگەین. لەسەر بنەمای کێشەکانی ڕەنگە فەلسەفە دابەشبکرێ بۆ ڕیالیتی (ئەویش بۆ مرۆڤ، سروشت و خوا دابەش دەکرێ)؛ بەها (ئەویش بۆ بەختەوەری، مۆڕاڵێتی، داد، و هونەر دابەش دەکرێ)؛ و زانین (ئەویش بۆ دروستێتی، مانا، و هەقیقەت دابەش دەکرێ). هەریەکێك لەو کێشانە پەیوەندی بە لکێك یان پتری فەلسەفەوە هەیە، چونکە لە فەلسەفەدا پەیوەندی نێو-دیسپلینەری هەیە (Creel, 2001).

     

دووەم: فەلسەفە وەك خۆدروستکردن

  1. A. فەلسەفە وەك خۆدروستکردن:

فەیلەسوف هەمیشە ‘ئیشێکی تەواونەبووە’. کارەکتەرێکە بە بەردەوام لە دروستکردندایە. لە ڕاستیدا، بوون بە فەیلەسوف واتا بە بەردەوامی خۆدروستکردن تاکو لە ژیاندا بیت. خۆدروستکردن هزرۆکەیەکی ناوەندییە (سێنتراڵ)ە لە هۆشی سەردەمی ڕێنیسانسدا، پاشان دەبێ بە ڕەهەندێکی گرنگی سەردەمی مۆدێرن. خود شتێك نییە بەخشرابێت، بەڵکو شتێکە دروستی دەکەین و دروستی دەکەینەوە. بۆیە خۆدروستکردن دەبێ بە پێکهاتەیەکی سەرەکی خۆ-نیشاندان و خۆ- نومایشکردنی ئێمە.

ڤیکۆ (Vico 1668-1744) دەبێژێ ”هیچ جەوهەرێكی پێش-ئەزموونی (appriori) بۆ خود بوونی نییە”. بۆیە ئێمە بەرهەمی خودی خۆمانین. یەکێك ”ئەوەیە، کە ئەو یەکە بۆ خۆی دروستکردووە”. ئەو کەسەی پرۆژەی خۆدروستکردن دەستپێدەکا، ئەوا وەك هونەرڤانێك ڕەفتاردەنوێنێ. لە ڕاستیدا، چێکردنی خودێکی دەگمەن بۆ یەکێك قورسترین هونەرە (Bradatan, 2015).

 

  1. B. فەلسەفە وەك هونەری ژیان

فەلسەفە لە سەرووی هەموو شتێکەوە، ئەوەیە کە تۆ پراکتیکی دەکەی. بێگومان، ئەوە هزرین و نووسین، خوێندنەوە و ئاخاوتن لەخۆدەگرێ، بەڵام پێویستە ئەوانە لەخۆیاندا وەك ئامانج نەبینرێن. ئاخر پێویستیان بەوەیە خزمەتی دوا مەبەستی فەلسەفە بکەن: خۆ_ڕیالیزەکردن. فەلسەفەکەت ئەوە نییە، تۆ لەنێو کتێبەکانتدا داتناوە، بەڵکو شتێکە تۆ لەگەڵ خۆتدا هەڵت گرتووە. فەلسەفە تەنیا ‘بابەت’ێك نییە تۆ قسەی لەبارەوە دەکەی، بەڵکو شتێکە تۆ جەستەیاندووتە. ئەو بیرۆکەیە پێی دەگۆترێ فەلسەفە وەك ‘ڕێگەیەك بۆ ژیان’ یان وەك ‘هونەری ژیان’. فەلسەفە تەنیا جەستەیەك لە دۆکترین نییە، کە لە پرەنسیپدا تۆ بتوانی بێدەنگ بی لێیان، یان فڕێیان بدەی، بەڵکو ڕێگەیەکە بۆ ژیانکردن. شتێکە سەرجەم ژیانتی گرتۆتەوە، هەڵبژاردنەکەت قورسایی لێرەبوونیانەی لەتەك خۆیدا هەڵگرتووە. تۆ ناتوانی بەهەمان شێوەی گۆڕینی جلەکانت تێڕوانینە فەلسەفەییەکانت بگۆڕی. ئاخر فەلسەفە بەجەستەبووە لەنێو فەیلەسوفدا، بۆ وازهێنان لێی گەرەکە فەیلەسوف جەستەی خۆی دابڕنێ (Bradatan, 2015).

 

فوکۆ لە ‘پراکسیسەکانی خود’ ئەو بیرۆکەیە دەباتەوە، کە فەلسەفاندن پتر لەبارەی خودی فەیلەسوفانەوەیە، نەك جیهانی دەورووبەریان. وردتر بێژین، فەلسەفاندن خەریکگەرییە لەتەك پڕۆژەی خۆ_ڕیالیزەکردن. واژەی گۆڕین transformation” لەنێو دڵی فەلسەفە وەك هونەری ژیاندایە. لە ڕاستیدا، ئەو تێگەیشتنە بۆ فەلسەفە ڕیشەکانی لەنێو ترادسیۆنی کۆنی ئاسیایی وەك کۆنفۆشیزم و بودیزمدا هەیە. لە فەلسەفەی خۆرئاواییدا، مارکسیزم نموونەی ئەو جۆرە تێگەیشتنەیە. سەرجەم فەلسەفەی مارکسیستی لەبارەی هۆکاری گۆڕینی کۆمەڵگەوەیە. مارکس دەبێژێ: ”تاکو ئێستا فەیلەسوفان بۆئەوە گەڕاون، کە لە جیهان تێبگەن؛ بەڵام گەرەکە ئەوان بە دوای گۆڕینی جیهاندا بگەڕێن”. بەپێچەوانەوە لە فەلسەفە وەك هونەری ژیاندا، گۆڕینی ژیانی خودی فەیلەسوفەکە گرنگە، نەك گۆڕینی جیهان و کۆمەڵگە. ئاخر بەرزکردنەوەی داواکاری بۆ گۆڕینی جیهان زۆر ئاسانە، چونکە کەس بەتەواوی نازانێ واتای چییە، ئەوە تەنیا قسەیەکی شۆڕشگێڕانەیە. ڕەنگە زۆر گۆتنی شۆڕشگێڕانە سەبارەت بە ‘گۆڕینی جیهان’ ئاسانترین ڕێگەبێ بۆ کۆتاییهێنان بە شۆڕش، تەنانەت پێش ئەوەی دەستپێبکا (Bradatan, 2015).

 

بەپێچەوانەوە ”خۆت بگۆڕە” وەك ڕێلکە (Rilke) دەبێژێ ”تۆ گەرەکە ژیانی خۆت بگۆڕی”. واتا تۆ لە ڕێگەی فەلسەفاندنەکەتەوە ژیانی خۆت دەگۆڕی. گەر تۆ ژیانی خۆت نەگۆڕی، ئەوا کەس ناتوانێ بۆت بگۆڕێت. لێرەوە هۆکاری سەرەکی خوێندنی فەلسەفە حەزی زانینی پتر سەبارەت بە جیهان نییە، بەڵکو تێگەیشتنێکی قووڵە لەبارەی نەگونجانی یەکێکەوە لەتەك ئەو دۆخەی ئەو یەکە خۆی تێدا دەدۆزێتەوە. ڕەنگە ڕۆژێك تۆ لە پڕ، ئازارکێشانە ئەوە ڕیالیزە بکەی شتێکی گرنگت لە ژیانتدا لەدەست داوە: هەبوونی بۆشاییەکی گەورە لە نێوان تۆ چیت لەگەڵ تۆ پێویستە چی بیت.

 

هادۆ (Hadot) پێشنیازی ئەوە دەکا، گەرەکە وەها لە فەلسەفەی ئەنتیکە تێبگەین وەك ”بانگهێشتکردنی هەر مرۆڤێك بۆ گۆڕینی خۆی”. فەلسەفاندن واتا پراکتیککردنی خود- داهێنانەوە، خود ئەفراندنەوە. هادۆ دەبێژێ ”فەلسەفە هەڵگەڕاندنەوە و گۆڕینی ڕێگەی بوون و ژیانی مرۆڤە”. هەڵگەڕاندنەوە و گۆڕین لە ژیانی هەرکەسێکدا، شتێکە ”تەواوی ژیانی ئەو کەسە ژێرە و ژوور دەکا”. گۆڕین و هەڵگەڕاندنەوە دەشێ چەندین جۆری هەبێ، وەك: ئاینی، مۆڕاڵی، هونەری، سیاسی، و فەلسەفەیی، بەڵام ئەنجامی هەموویان هەمیشە یەکە: بڕیاری خۆ- دروستکردنەوە (Bradatan, 2015).

فەلسەفە هونەری ژیانە تەنیا تا ئەو ڕادەیەی، کە هونەری مردنمان پێشکەش دەکا.

 

  1. C. فەلسەفە وەك هونەری مردن

میشێل دی مۆنتاین لە کتێبی گۆتارەکان (Essays)دا دەبێژێ ”فەلسەفاندن فێربوونە لەبارەی گەرەکە چۆن بمرین”. بۆیە فەیلەسوفی ڕاستەقینە شاگردی مەرگە. هەروەها سۆکراتێس لە دیالۆگی فایدرۆسدا، دەبێژێ ”فەلسەفە شتێکی دی نییە، جگە لە ئامادەکاری بۆ مەرگ”. ئێمە بۆ تێگەیشتن و لێکۆڵینەوە لە جیهان، بەگوێرەی دابەشاندنی ‘ئاشنا’ و ‘نائاشنا’، ‘ماڵ’ و ‘بێگانە’ و ‘پەسەند’ و ‘ناپەسەند’ ژیانی خۆمان و سۆزەکانمان ڕێکخستووە. ئەو کاتیگۆرییانە هۆشیان ڕێکخستووین و شێوەیان بە ژیانمان داوە.

ژیانکردن واتا پراکتیککردنی ڕامکردن ‘ماڵیکردن’: مرۆڤبوون گۆڕینی جیهانە بۆ ماڵ و گۆڕینی گەردوونە بۆ شوێنێك شیاوی ژیانکردن بێت. شتەکان و ڕووداوەکان دەبن بە شتێکی تێگەیشتراو، ئەگەر لەنێو کایەی ‘ئاشنا’دا بن. ئەوان پتر زانراو دەبن، ئەگەر بتوانین لەنێو هێڵی دابەشاندنەکەدا لای خۆمان شوێنێکیان بۆ چێ بکەین. ئەگەر ئێمە بتوانین هەمان شت بەرانبەر مەرگ بکەین، واتا بتوانین ماڵی بکەین، ئەوا ڕەنگە ژیانێکی باشتر بژین. باشتر ژیان بە تەنیا واتای بەئاگابوون لە مەرگ ناگەیەنێ، بەڵکو ماڵیکردنی مەرگە. گەرەکە تۆ لە ماڵەکەی خۆتدا مەرگ پێت بگات، میواندۆستی پیشان بدەی، لەسەر مێزەکەی خۆت شوێنێ پێبدەی، باش چاودێری بکەی و بەتەنگییەوە بچیت (Bradatan, 2015).

 

پلاتۆن و سوكراتیس

 

پرۆسەی فەلسەفاندن

ڕەنگە لە ڕێگەی پرۆسەی فەلسەفاندنەوە باشتر لە فەلسەفە تێبگەین، چونکە یارمەتیمان دەدا ئەدگار و خەسڵەتەکانی فەلسەفە بناسینەوە. فەلسەفاندن بە لێڕامان سەرەتا دەگرێ و پاشان پرسیار دێتەگۆڕێ. فەیلەسوف بەڕێی مێتۆدەوە هەوڵی وەڵامدانەوەی پرسیارەکەی دەدا؛ لێرەوە گومان وەك یەکەم هەنگاوی مێتۆد دێتەئاراوە؛ پاشان شرۆڤەکردن و ڕەخنە سەرهەڵدەدەن بۆ بردنەوەی هەقیقەت.

 

١. لێڕامان (دهشە- Wonder)

ئەریستۆتێلیس لە یەکەم کتێبی ‘مێتافیزیك’دا دەبێژێ ”لە بنەڕەتدا، مرۆڤ بەڕێی لێڕامانەوە فەلسەفاندن دەستپێدەکا”. واتا لێڕامان یەکەم هەنگاوی فەلسەفاندنە. مرۆڤ سەرەتا لە فێنۆمێنەکە ڕادەمێنێ بەڕێی ئەو هەژانەوەی کە پاش لێڕوانین لە فێنۆمێنەکە لە لای هاتۆتەگۆڕێ. لێرەوە پرسیار خۆی زیت دەکاتەوە.

 

٢. پرسیار (‌‌Question)

پرسیار دووەم هەنگاوی فەلسەفاندنە، پاش لێڕامان لە فێنۆمێنەکە. لە پرۆسەی فەلسەفاندندا، بازنەیەك پرسیار و وەڵامی دیالێکتیکی هەن. واتا پرسیارەکان بە بەردەوامی خۆیان زیت دەکەنەوە و دەشێ هەر وەڵامێك ببێتەوە بە پرسیار. بۆیە وەڵامی تازە و جوداواز بۆ پرسیارە کۆنەکان هەن. لە فەلسەفەدا پرسیار لە وەڵام کرۆکیتر و جەوهەریترە. بەڵام پرسیارەکانی فەلسەفە ‘پرسیاری گەورە’ن لە پرسیارە ئاساییەکانی ژیانی ڕۆژانە جوداوازن.

 

٣. مێتۆد و گومان (Method and Doubt)

فەیلەسوف بەڕێی مێتۆدەوە هەوڵ دەدا وەڵامی پرسیارەکانی بداتەوە؛ مێتۆد ڕێگەبڕینێکی هزرییە لە سفرەوە سەرەتا دەگرێ. واتا لە گومانەوە ڕووەو جەختێتی ڕەوتدەبەستێ. فەیلەسوف لەنێو کولتوورێکی تایبەت و سەردەمێکی دیاریکراوی مێژووی فەلسەفە هاتۆتە جیهانەوە. واتا داتای فەلسەفەیی لێرەبوونی هەیە، وەك زانین، ترادیسیۆن، مێژووی فاکتەکان، و بیروباوەڕی هاوبەش. فەیلەسوف کاتێ هەوڵ دەدا وەڵامی پرسیارەکانی بداتەوە، سەبارەت بەو داتا پێدراوانە دەفەلسەفێنێ، بەڵام لە یەکەم لێڕوانیندا، هیچ شتێك وەك فاکتێکی ڕاستێندراو وەرناگرێ، بەڵکو گومانیان لێدەکا و سەرلەنوێ لە سفرەوە مێتۆدییانە سەرەتادەگرێ.

 

٤. شرۆڤە و ڕەخنە (Analyse and Criticise)

هەنگاوێکی دیکەی گرنگ لە پرۆسەی فەلسەفاندندا، شرۆڤە کردن و ڕەخنەیە وەك چالاکییەکی فەلسەفەیی. فەیلەسوف شرۆڤەی زاراوە و واژەکان دەکا بۆئەوەی زۆر بەڕوونی لە ئالۆزییەکانیان تێبگات و بەوردی پەیوەندییەکانیان بە یەکدییەوە بناسێتەوە. بەجۆرێکی دی بێژین، واتا فەیلەسوف گەرەکە شرۆڤەیەکی ڕەخنەیی بۆ ئیشی فەیلەسوفانی پێش خۆی هەبێ. دوو جۆر ڕەخنە هەن، یەکەم، تاقیکردنەوەی ئارگومێنت و پێشەکییەکانی فەیلەسوفانی دی، بۆئەوەی بزانرێ داخۆ تا چەند بەهێزن. دووەم، داڕشتنی ئەلتەرناتیڤ و دژە- ئارگومێنت، ڕەخنەکردنی تیۆرییەکانی ئەوانی دی بەڕێی داڕشتنی تیۆری تازەوە. فەلسەفە داواکاری بۆ ڕەخنەکردنی بناغەی ئیدێی ئەوانی دی و قبوڵکردنی ڕەخنە بەرزدەکاتەوە لە جیاتی چێکردنی سیستەمێکی دۆگماتیك.

 

٥. هەقیقەت (Truths)

فەلسەفە داواکاری بۆ هەقیقەتی نەمر و زانینی ڕەسەن بەرزدەکاتەوە. بەگوێرەی فەلسەفەی دیالێکتیك، پەیڤێك ‘گۆتنێك’ بە تەنیا شیاوی تێگەیشتن نییە بەبێ ئەوانی دیکە، چونکە ڕاستی ئەو پەیڤە بەندە لەسەر ڕاستی ئەوانی دی. واتا پەیڤەکان ‘گۆتنەکان’ بەشێوەیەکی بەشەکی ڕاستن، ئاخر تەنیا لە یەك ڕووەوە دەتوانرێ بڕاستێندرێن.

لە دەرەنجامدا، فەلسەفە بە لێڕامان سەرەتادەگرێ، لێرەوە پرسیار دێتەگۆڕێ. فەیلەسوف گەرەکە وەڵامی پرسیارەکەی بداتەوە، بۆ ئەمەش پێویستی بە مێتۆدە. مێتۆد لە گومانەوە دەستپێدەکا بۆئەوەی دروستێتی پرسیارەکە تاقیبکاتەوە. پاش پرسیارکردنەکە، فەیلەسوف پێش وەڵامدانەوە، پرسیارەکە شرۆڤە دەکا بۆ جەختبوون لە وردی و ڕوونی پرسیارەکە. پاشان فەیلەسوف لە گشتێتیەوە ڕووەو تاکێتی دێ و بە وەڵامێکی دیاریکراو دەگات. پاشان ئارگومێنتی هۆشەکی بۆ یارمەتیدانی وەڵامەکەی دەهێنێتەوە. لە ئەنجامدا، ئارگومێنتەکانی ئەو لەلایەن فەیلەسوفانی دیکەوە ڕەخنەدەکرێن. پاشان ئەو پرۆسەی ڕەخنەکردن و بڕیاردانە بەردەوام دەبێ، کە پێی دەگۆترێ دیالێکتیك. دیالێکتیك بیرۆکە ‘تێز’، دژەبیرۆکە ‘ئەنتی تێز’ و تێکهەڵکێشی بیرۆکەکان ‘سەنتێز’ لەخۆدەگرێ. لە کۆتاییدا، فەیلەسوفان هەوڵ دەدەن ئاوەزمەندێتی و هۆشەکێتی باوەڕەکانیان بسەلمێنن تاکو هەقیقەتی فەندەمێنتاڵ بدۆزنەوە.

 

 

سەرچاوەکان

Bradatan, Costica (2015) Dying For Ideas. London, Bloomsbury.

Creel. R. (2001) Thinking Philosophically: an introduction to critical reflection and rational dialogue. Oxford: Blackwell publishers.

Janssens. E and Johnstone. H. (1968) The concept of dialectic in the ancient world. Philosophy & Rhetoric, Vol. 1, No. 3, pp. 174-181.

Kovel. J. (1998) Dialectic as praxis. Science & Society, Vol. 62, No. 3, pp. 474-482.

Palma. A. B. (1991) Philosophizing. Philosophy, Vol. 66, No. 255, pp. 41-51.

Peperzak. A. (1985) From dialectic to discussion. The Review of Metaphysics, Vol. 39, No. 2, pp. 243-259.

Rescher. N. (2001) Philosophical reasoning: a study in the methodology of philosophizing. Oxford. Blackwell publishers.

Williams. H. (1989) Hegel, Heraclitus and Marx’s dialectic. London: Harvester Wheatsheaf.

 

 

كولتور مه‌گه‌زین. ژماره‌ ٢ – ساڵی ٢٠١٧ – ئه‌م بابه‌ته‌ له‌م ژماره‌یه‌دا بڵاوبۆته‌وه‌.