هیتله‌ر و ستالین

چاوخشانەوەیەکی تر بە ڕیڤیژینیزم: ئێرنست نۆڵتە و دۆمینیکۆ لۆسۆردۆ لەسەر سەردەمی توندڕەوی


Loading

ڕیڤیژنیزم تاڕادەیەک چەمكێکی تازەیە. زۆربەی وشەناسەکان ڕەگ و ڕیشەی بۆ دەوروبەری ساڵی ١٩٠٣ دەگەڕێننەوە؛ ئەو دەمەی ناکۆکی ڕیڤیژنستەکان بوونە هەوێنی لەدایکبوونی سۆشیال دیموکراسی ئەڵمان. کەم تا زۆر، ماناکەی تا ئێستاش نەگۆڕە: ڕیڤیژینیزم گوزارشت لە هەوڵێک دەکات بۆ تێهەڵچوونەوە بە -یان دووبارە خەمڵاندنی- بڕواگەلێک یان سازانێکی زانستی. سەرەڕای تەمەنە کورتەکەی، ڕیڤیژینیزم، توانیویەتی ببێتە قوتابخانەی لێکدانەوەی چەندین دیاردەی مێژوویی. ئەگەر بێتو ئەو دیاردانەی ئەم چەمکە لێکدانەوەیان بۆ دەکات دەربخرێن و پۆلێنبکرێن، ئەوا پێویستە چەمکەکە لە خاسیەتە فرە-واتاییەکەی دابماڵرێت و پوخت بکرێتەوە.

هیتله‌ر و ستالین

مردنی ئێرنست نۆلتە لە تەمەنی ٩٣ ساڵی، لە هەفتەی پێشوو، دەرفەتێکی گوجاو بۆ ئەم پرسە دەستەبەر دەکات.[i] ئەم مێژووناسە ناوازەیە لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا هەڕمێنێکی دنیایی پەیداکرد؛ ئەم ناوبانگەشی لە ڕاستیدا ناوی زڕاند، ئەمیش لەهەمبەر “بەگژیەکداچوونی مێژووناسەکان”.[ii] سەرەتا بە وتارێک دەستیپیکرد لە مانگی شەشی ١٩٨٠ لە میونیخ، بە ناونیشانی “لە نێوان ئەفسانەی مێژوویی و ڕیڤیژینیزمدا؟”. لەوێدا، نۆڵتە دەیویست جینۆسایدی نازییەکان بخزێنێتە نێو چێوەی شەڕێکی ناوەخۆی جیهانی کە لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ەوە دەستپێدەکات تا ڕووخانی بەرلین لە مانگی پێنجی ١٩٤٥.[iii] ئەم وتی کە ڕووداوێکی نەویستە، (بەڵام دەکرێ لێێ تێبگەین) وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەم توندوتیژییە تۆقێنەرەی لەسەر دەستی بۆلشەفیکەکان ڕوویدا لە ڕووسیا:

“ئاوشوێتز [کەمپی کۆکردنەوەی جووەکان] بەتەواوی ناخرێتە پاڵ ڕەمەکێکی نەریتی دژە-سامییەکان، تەنانەت ناتوانین بڵێین کە کەیسێکی “جینۆساید”ە. ئەو ترسێکە وەک کاردانەوەیەک بۆ وێرانکارییەکانی سەردەمی شۆڕشی ڕووسی هاتۆتەکایەوە. لەگەڵ ئەوەی کە زۆر نائەقڵانەتر و سامناکتر و بێزراوترە لەو گوتارەی [سۆڤیەت] بانگەشەی بۆ دەکات، هیچ یەک لەمانە ئەم ڕاستییە ناگۆڕن کە لەناوبردنی جووەکان لەلایەن ڕایخی سێیەمەوە تەنیا کاردانەوەیەک یان کۆپیەکی تەڵخکراو بوو، نەوەک چالاکییەکی تازە و ڕەسەن.”

نۆڵتە دوای ٦ ساڵ ئەم پرسیارەی کردەوە: “ئایە هیتلەر- یان ناشیناڵ سۆشیالیستەکان[iv] ئەم کردەوە “ئاسیاویەیان” ئەنجامدا تەنیا لەبەر ئەوەی خۆیان وەک قوربانی دواتری ئەوان سەیر دەکرد؟” بۆ نۆڵتە، “کوشتنی چینێکی تەواو بەدەستی بۆلشەفیکەکانەوە [کولاکەکان یان جووتیارە دەوڵەمەندەکان]، هۆکارە ڕاستەقینەکە و لۆجیکاڵەکەی پشت ‘کوشتارە ڕەگەزییەکەی’ ناشناڵ سۆشیالیزم بوو…” سەرەڕای ئەم هاوکێشە ئاڵۆزانە، بە تەنیا ئەڵمانیا تۆمەتبارکرا و لە “ڕابردوویەک کە هەرگیز بەسەرناچێ” قەتیسکرا. لەمەش سەیرتر، ئەو دەڵێت ” قسەکردن لەسەر تاوانبارکردنی ئەڵمانەکان لەم ڕووەوە، وەک ئەوە وایە بڵێیت جووەکانیش تاوانبارن؛ کە ئەمەش بەرسڤی ناشناڵ سۆشیالیستەکان بوو.” هەروەک چاوەڕێدەکرا، لێدوانە هەژێنەرەکانی نۆڵتە هەرای لێکەوتەوە. ئەمەش لە نامە پڕ لە ڕەخنەکانی ناو گۆڤاری فاز[v] ڕەنگیدابۆوە.

یورگن هابەرماس، یەک لەوانە بوو کە وەڵامەکەی بۆ بەرسڤی نۆڵتە لە هاوینی ساڵی ١٩٨٦ گەیاندبوو. ئەم نامەیەش ڕاستەخۆ سەنگ و قورسایی دا بە دیبەیتەکە. ئەو دەم، هابەرماس گەیشتبووە ترۆپکی بڕست و ناسراوی؛ بە ناوبانگترین ڕۆشنبیری وڵاتەکەی بوو. دەتوانین بڵێین جێگرەوەی تیۆدۆر ئەدۆرنۆ بوو. لەم بۆتەیەوە، نوێنەرایەتی “نەوەی دووەم”ی قوتابخانەی فرانکفۆرتی ڕەخنەیی[vi] دەکرد. نۆڵتە شوێنکەوتووی مارتین هایدێگەر بوو؛ ئەم فەیلەسوفە بەدناوە نازییەی کە ئەدۆڕنۆ بەردەوام مشتومڕی بوو لەگەڵی. هەر لە سەرەتاوە ڕوون بوو کە ‌هابەرماس بەتوندی هێرش دەکاتە سەر مەیلە پۆزشخوازەکانی قوتابیەکەی هایدێگەر؛ کە تیۆریەکەی ناونابوو “نووسراوێکی فەلسەفەی سەبارەت بە مێژوو”. هەرچەندە لێدوانەکان دەیان ویست ڕۆڵی ئەم کەتە ڕۆشەنبیرانە کەمکەنەوە، بەڵام پێچەوانەکەی ڕوویدا. بۆ نموونە، هابەرماس ڕایگەیاند کە “ئەمە ئەنتاگۆنیزمێک نییە پۆپەر و ئەدۆرنۆ کۆبکاتەوە، تەنانەت ڕایەکی جیاوازی ئەکادیمیش نییە. ڕاستییەکەی، وابەستەی ئەو پرسیارانەش نییە کە لە دەربازبوون لە دەست هەڵسەنگاندنە کەسییەکان دەکۆڵنەوە.” هەر لە نامەکەیدا، چەند لاپەڕەیەک خوارتر، دووپاتی کردەوە: ” لە ١٩٤٥ بەولاوە…. ئێمە دەبێت مارتین هایدێگەر، کارل شمیت، ‌هانس فریەر، و تەنانەت ئێرنست یونگەریش، جیاوازتر لەوە بخوێنینەوە کە لە پێش ١٩٣٣ دەمان کرد.”

ئێستا کە لە دوای ٣٠ ساڵ سەیری ئەم دیبەیتە دەکەین، ئەو پرسیارە دێتەکایەوە کە ئایا بەڕاستی ئەم مشتومڕە لەسەر ئەم بابەتانە کراوە؟ ئایا ڕووداوێک دەکرێ بە مێژووی بکرێت بێ ئەوەی نامۆیی و جیاوازییەکەی لەدەست بدات؟ یانیش بە کۆنتێکستکردنی ئەم ڕووداوە لە چێوەی جیهانی بوون ڕووداوەکە ئاسایی دەکاتەوە؟ دەکرێ ئەرگومێنتەکە لە یەک کاتدا “ئیدانە بکرێ و وەریشبگیرێ،” هەر وەک کریستیان مایەر لە تایتڵی گوتارەکەی خۆی لە دیبەیتەکە پێشنیار دەکات؟ ئەگەر دوو بابەت بەراوردبکرێن، ئەوا بێگومان هەوڵێک هەیە بۆ بەیەکتربەستنەوەیان، ئەوا ئەگەر یەکسەر لە شوێنی خۆیانەوە بە ڕێژەیی نەکرێن. هانس مۆسین، نۆڵتە و سەگە هارەکەی-جۆواکیم فیست-ی خستە بەر ڕەخنە لەسەر بنەمانی ئەوەی دەیانەوێ نازیزم “بە ڕێژەیی بکەن” [لە ڕۆڵە دڕندەییەکەی کەمکەنەوە]، کاتێک بەراوردی دەکەن بە بۆڵشەفیزم. بە جەختکردنەوە لەسەر بەراوردکارییەکە، یان “ڕێگەدان بە چەند بەراوردکردنێک” (وەک نۆڵتە دەڵێت)، هەموو باسەکانی نامۆیی دەسڕێتەوە. فرانسێس فورێت، مێژووناسی ڕیڤیژینیستی شۆڕشی فەڕەنسی، دەڵێت” یەک لە تایبەتمەندیە ناوازەکانی نۆڵتە ئەوەبوو چاپووکانە ڕووبەڕووی یاساغکردنی هاوتابوونی نازیزم و بۆڵشەڤیزم بۆوە.” پۆل ڕیکپیر لە کتێبی (بیرەوەری، مێژوو،لەبیرچوون)، ساڵێک پێش مردنی، دەنووسێ “ئەم بەکارهێنانە پەڕگیریەی بەراوردکردن خاسیەتی نامۆیی یان ناوازەیی دەکوژێت، چونکە هەر ئەمەیە ڕێگە بە دیاریکردنی جیاوازیەکان دەدات… هەر کە دیبەیتە ڕەخنەگرانەکە بەم چەشنە گەشەی کرد، نۆڵتە پێشبینی دەکات کە ڕابردوو [هۆلۆکۆست] وەک هەر دیاردەیەکی تر ‘تێپەڕبێت’ و ونبێت.

نزیکەی دە ساڵ دوای “بەگژیەکداچوونی مێژووناسەکان” فەیلەسوفی ئیتاڵی ستالینیستی، دۆمینیکۆ لۆسۆردۆ، کرۆکی ڕیڤیژینیزمی لە توێی دوو گوتار خستەبەر لێکۆڵینەوە. یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا[vii] هاودەمبوو لەگەڵ ئەم توێژینەوەیە. لەگەڵ ئەوەشی کە ناشیۆنالیزمێکی دزێو دژ بە بێگانە لە سەرەتای نەوەدەکان ئەڵمانیای تەنییەوە، پرسی تایبەت بە شوناس گرنگی خۆی وەک بابەتێکی گەرم لەدەستدا. هەروەها، ئەرشیڤەکانی سۆڤیەت ئاوەڵابوون و پانتایی فراوانی ئاشووبەکانی کەوتە بەر تیشکی خۆر.[viii] لۆسۆردۆش دەبوو وێنە هەڵەکە لەبەر چاوان بسرێتەوە. بە پێچەوانەی مۆمسین و هابەرماس، لۆسۆردۆ هەڵپەی بۆ ئەم جۆرە لە میتۆدە بەراوردکاریە نەبوو، کە ئەمان وابەستەی بوون. ڕێک بە پێچەوانەوە: ڕەخنەی لۆسۆردۆ لە نۆڵتە ئەوە بوو کە ئەم لە لێکۆڵینەوەکانی بە تاو و گوڕ نەبووە. “بە نسبیکردنی کردارە تۆقێنەرەکانی ڕایخی سێیەم[ix]، لە ڕێی زنجیرەیەک لە بەراوردکاری دەکرێ لەگەڵ کردارە تۆقێنەرەکانی ڕووسیای ستالینیستی.[x] هەرچۆنێک بێت، شیکاری ڕیڤیژینیستانەی میژووی، هاوتاکردنی ئەڵمانیای هیتلەر لەگەڵ ئەو وڵاتەی کە لێکەوتەی شۆڕشی بەلشەڤیە بە زەحمەت دەزانێت.” لە جیاتی ئەمە، لۆسۆردۆ پەنای بۆ شتێکی تر بردووە: بەراوردکردنی تاوانی فاشیستەکان بە کۆمەڵێک دیاردەی تر. لۆسۆردۆ لەسەر ئەمە بەرسڤی ڕکابەرەکەی نۆڵتە دەداتەوە: “دژواریەکەی هابەرماس لەگەڵ ڕیڤیژینیزمی مێژووی، شانبەشانی هوتافکێشانی دەڕوا بۆ ‘فۆرمەکانی ژیانی ئەوروپایی’. لێرەدا، هابەرماس خۆنەویستانە لەگەڵ نۆڵتە هاوڕا دەبێت. ئەو زۆر پەرۆشە بۆ دەرخستنی خاسیەتە ئاسیاوی و ڕۆژهەڵاتیەکانی نازیسم. لە دیدی هەردووکیشیانەوە، کاریگەریەکانی نەریتی کۆلۆنیالی ڕۆژئاوایی-بەتایبەتی دیوە بەڕیتانی و ئەمریکیەکەی- لەسەر پلانە ئیمپریالیستەکانی هیتلەر و قڕکردنی ڕۆژهەڵاتیەکان، کپکراون.”

کەواتە، بۆ لۆسۆردۆ، ئەوەی بوو بە سروشێک بۆ دارشتنی پلانی جینۆساید لەلایەن نازییەکانەوە توندوتیژی کۆلۆنیالانەبوو، نەک توندنووتیژی کۆمەنیستی. ئەم تێزە چەند جارێک بەرەوپێش براوە، بە تایبەتی لەلایەن هانا ئارێنت لە کتێبی بنەڕەتەکانی تۆتالیتاریانیزم (١٩٥١). ئەو لەوێدا هۆشداریدا لەسەر ئەم “هێڵە تەڵخەی نێوان میتۆدە کۆلۆنیاڵەکان و سیاسەتە ئاساییەکانی ناوەخۆ، وەک ‘کاریگەری بازرەیەک’ی ئیمپریالیزم کە لەوانەیە بۆ نیشتیمان بگەڕێتەوە.”[xi] ئەم وتارە، وەک مەجازێکی هاوبەشی وابەستە بە شرۆڤەکردن لە هەردوو بەرسڤدا دەبینرێ؛ دەتوانین بڵێین نمایشکردنێکی ئاسانڕەوی دوو شتی پێچەوانەیە کە “دوو ڕووی یەک دراون”. نۆڵتە، وەک نوێ-کۆنسێرڤەتیڤێکی لیبرال، پشتی بەو مەجازە بەستووە [مەجازەکەی ئارێنت] بۆ ساغکردنەوەی هێڵی هاوبەش لە نێوان فاشیزم و کۆمەنیزم. لۆسۆردۆش، ستالینیستە کارامەکە، هەمان شتی کردووە بەڵام بۆ فاشیزم و لیبرالیزم. فاشیستەکان و دژە-سامییەکان بەگشتی، کاپیتالیزم و کۆمەنیزمیان وەک باڵی ڕاست و چەپی پلانگێڕی نێودەوڵەتی جوولەکە بیناکردووە. تەنانەت ئەنارکیستێکی وەک باکونین پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە “جیهان ئێستا لەلایەک لەژێر چەپۆکی مارکس دایە، و لەلایەکی تریشەوە لەژێر چەپۆکی ڕوەیشاڵدەکان”.

لە کۆتاییدا، لۆسۆردۆ دەیویست کەیسێکی تری ڕیڤیژینیزم هەڵپەسێری-ئەو کەیسەی کە لە ساڵی ١٩٥٦ەوە توێژاڵێک گومانی خستبووە سەر ستالینیزم.[xii] لە ڕاستیدا، مەیلە دژە-ڕیڤیژینیزمەکەی لۆسۆردۆ (پەیوەست بە ستالین)، لێکچوونێکی سەیری لەگەڵ ڕیڤیژینیزمەکەی نۆڵتەدا هەیە (پەیوەست بە هیتلەر). بەڵام ئەم تەریببوونە تەنیا لە گۆشەی سترایژییەکانیان بۆ مێژوو نووسینەوە [هیستیریۆگرافی]دا دەبینرێت؛ چونکە نۆڵتە و لۆسۆردۆ تەنیا لە پۆزش هێنانەوەدا هاوشێوەن.

هەرچۆنێک بێت، نۆڵتە لەناو ڕیڤیژینیستەکاندا ڕیزپەربوو. زۆرجار چەمکی مەبەست مانای ڕەتکردنەوە بەدەستەوەدات کاتێک بۆ هۆلۆکۆست بەکاردێت. بەڵام نۆڵتە چەند جارێک ڕوونیکردەوە کە ئەم هاوڕا نییە لەگەڵ ئەوانەی [ڕاستڕەوەکانی تر] کە ئەم دیاردەیە لەگەڵ خۆیان ڕادەدەن؛ لەناو ئەمانەش هاوڕێیەکەی، ڕۆبێرت فاوریسۆن، کە نۆڵتە دەرکی بە کینەکەی دژی ئیسرائیل و هاوسۆزییەکەی بۆ فەڵەستین کردبوو. “باشە ئەمیان هەمیشە مۆتیڤێکی ناشایستەیە؟” نۆڵتە لە نامەیەکیدا لە دیسیمبەری ،١٩٨٦ بەسەرسامییەوە لە دۆڤ کۆلکای مێژووناسی ئیسڕائیلی دەپرسێت. نۆڵتە هەرگیز “کۆتا چارەسەر”[xiii]ی وەک کارەساتێکی جەرگبڕ نەفی نەکردووە. هەروەها، حاشای لە بوونی ژووری گاز و فڕنەکان نەکردووە، یانیش گومانی لە ژمارەی زۆری قوربانییەکان کردبێت. بەگشتی، جینۆسایدەکەی بە نالۆژیکی و بێپاساو ناوزەند دەکرد، گەرچی لە نەوەدەکان نۆڵتە زمانێکی توندی بەکاردێنا (بۆ نموونە: لە چاوپێکەوتنەکانی دەیوت “هۆکاری تەواو بەجێ” هەبوون بۆ بە دوژمن ناساندنی جووەکان و “گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست”، ئەمەش لەبەر نوێنەرایەتییە زەقەکەیان لە بازنە کۆمەنیستەکان). گەرچی شتێکی نامۆیە بەڵام، سەرباری ئاماژەدان بە “هەڵەکان” و “زێدەڕۆییەکان”، نۆڵتە پتر ڕۆیشت. ئەو دەمەی هایدێگەر لەلایەن زۆرینەی بیرمەندەکانەوە بە ساویلکە ناوبرا لە هەشتا و نەوەدەکان، نۆڵتە دەیویست پاکانە بۆ مامۆستا کۆنەکەی بکات: “تا ئەو پنتەی هایدێگەر چارەسەری [کۆمەنیستی] ڕەتدەکاتەوە، ئەو وەک زۆرینەی بیرمەندان، لە بۆتە مێژوویییەکەیەوە ڕاست دەبێژێت… ڕەنگە بەهۆی ئاوێتەبوونی بە چارەسەری [ناشناڵ سۆشیالیستەکان] وەک فاشیست بەدیارکەوتبێ، بەڵام ئەمە ئەوە ناگیەنێت کە لە مێژووگێڕانەوەکە هەڵەبوو بێت.”

‌هێڵی لۆسۆردۆی ستالینیستی و دژە-ڕیڤیژینیزمی ڕوانینێکی هاوشێوەی [نۆڵتەی] هەبووە. بەپێچەوانەی گرۆڤەر فور، هاودەم و هاوپەیمانە جارجارەکەی و خاوەنی کتێبی خرۆشچۆڤ درۆی کرد، لۆسۆردۆ زۆرجار پەنجەی بۆ هەڵەکانی ستالین درێژکردووە. بۆ جارێکیش نەیوتووە سیستمی کولاکی زێدەڕۆیی تێداکراوە، یانیش چاوپۆشی لە قوربانیانی پاکتاوکردنە خوێناوییەکان و دادگا ڕووکەشەکان کردبێت لە سییەکان. بەڵام، لۆسۆردۆ هەڵستاوە بە پێوانەکردنی تاوانەکانی ستالین بە هەڕەشەی فاشیزم، وەک ئەوەی ویستبێتی پۆزش بۆ ستالین بێنێتەوە. ئێنزۆ تڕاڤێرسۆی چەپی ئیتاڵی کە کەمتر [لە لۆسۆردۆ] حەز بە بەرگری لە بەرسڤە نەریتیەکە دەکات، بێگومان لۆسۆردۆ لە یاد بوو کە وتی: “بیرمەندە مارکسیستەکان هەندێ جار بە هەڵەداچوون و پلانبەندییەکانی نۆڵتەیان ئاوەژووکردووە، ئەویش لە ڕێی پیشاندانی ستالینیزم وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەم ‌هەڕەشە گەورەیەی لەسەر یەکێتی سۆڤیەتی- ئاوێتەبوو بە نازیزم هەبوو؛ ئەم بەرسڤەشیان بە پشتبەستن بە داگیرکاری بڵیتزکرێگ[xiv] لە ساڵی ١٩٤١ لە هەسان دابوو، کە پرۆژەیەکی قڕکردنی ئەم ڕژێمە بوو. تاوانەکانی ستالینیزم دەبوو بەرەو پەژیوانبوونەوە بڕۆن، بەڵام وەک لێکەوتەی ئەم کارە دزێوە و لە ڕاستیدا، ڕوودانیان مسۆگەربوو. بێگومان ئەم کاردانەوەیە تەواو ناهاوتابوو [لەگەڵ تاوانەکانی ستالین]، بەڵام هێشتا سیاسەتێکی هەڵێنجدراو و هاوردەکراوبوو.” تڕاڤێرسۆ هاوسۆزانە وتی “ئەم بۆچوونە ڤێرژنێکی مارکسی چوونییەکە لەگەڵ ڕیڤیژینیزمی مێژووی نۆڵتە.” لەوەش زێتر، تراڤێرسۆ ئاڵەنگاری لەگەڵ تێزی “کاریگەری بازرەیەک”ی کۆڵۆنیالی ئەوروپایی دەکات:

“دۆمینیکۆ لۆسۆردۆ جینۆساید و کوشتاری ژێر هەژموونی نازییەکان لە جەنگی جیهانی دووەمدا وەک سەرەتایەک لە کارنامەی ئەوروپا [لێکدەداتەوە]، ئەمە لە کاتێکدا میتۆدی جۆراوجۆری ‌قڕکردن پێشتر لە شەڕە کلاسیکییە کۆلۆنیاڵەکانی سەدەی نۆزدەم بەکارهاتووە. [لۆسۆردۆ] لیبینسڕاوم لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا یان ئەفریقای وەک دواین وێستگەی فراوانخوازی ڕایخی سێیەم دەبینی، بە ڕابەرایەتی ناشناڵ سۆشیالیزم.[xv] بەڵام لۆسۆردۆ دەرئەنجامەکانی ئەم ڕوانینە شیناکاتەوە. یەکەم، شەڕێکی کۆڵۆنیاڵی لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم لەنێو جەرگەی ئەوروپا ڕوویدا. ئەم شەڕە گشت ئامرازە مۆدێرنەکانی وێرانکاری کۆمەڵگای پیشەسازی پێگەیشتووی تێدا بەکارهات، کە ئەمەش ڕەهەندێکی تری توندوتیژی بەڕووی جیهاندا کردەوە: بە دەیان ملیۆن قوربانی، و جینۆسایدێک کە لەجیاتی سەدەیەک یان چەند دەیەیەک، لە چەند ساڵێک چڕکراوە. دووەم، بەپێچەوانەی ئەفریقی و ئەمریکییە ڕەسەنەکان، جووەکان عەوامێکی ژێڕ چەپۆکی کۆلۆنیالیزم نەبوون، بەڵکو خەڵکانێک بوون هاوبەشیان لە بنیاتنانی شارستانی ڕۆژئاوا کردبوو؛ هەروەها، لە ڕۆشنگەرییەوە، ئەوان بەشێک بوون لە کولتوری ئەڵمانی و وەک هاووڵاتی ئەڵمانی ناساندرابوون. وەک ڕوونە، ئەم ڕاستییە پێوانەیەکی ‌هەڕەمی ناخاتە نێو دیرۆکی جینۆساید، بەڵام ئاستێکی تری توندوتیژی کەپیتاڵیزم پیشاندەدا: سەردەمی فراوانخوازی ئەم ئیمپریالیزمە کۆتایی هات کە قەڵەمڕەوی شارستانی ڕۆژئاوای لەودیو ئەوروپا دەسەپاند، و ئێستا ئان و ساتی کەوتنی خودی ئەم شارستانییەتەیە. دەتوانین وەک ئەدۆرنۆ و هۆرکهایمەر ناوی بنێین “خۆلەناوبردنی عەقڵ”.

سەرەڕای کینە ئاشکراکەی لە “بەراوردکردنە ئایدۆلۆژیایە خاوڕێکردووەکەی” نۆڵتە بۆ کۆمەنیزم و فاشیزم، کە وەک هەوڵێک بۆ “ئاساییکردنەوەی ڕابردووی ئەڵمان، یانیش دووبارە نۆژەنکردنەوەی” دایبوو، تڕاڤێرسۆ لە ناساندنی مەودای نێوان ١٩١٧ و ١٩٤٥ وەک شەڕی ناوەخۆی ئەوروپا، زیاتر لە ڕاستییەکی سادەی بەدی کرد. لە ڕاستیدا، تڕاڤێرسۆ دڵشاد بوو کە کتێبێکی بۆ ئەم بابەتە تەرخانکرد، بە ناوی ئاگر و خوێن: شەڕی ناوەخۆی ئەوروپا ١٩١٤- ١٩٤٥. وەک لۆسۆردۆ، ئاماژەی بەوەدا کە نۆڵتە ئۆکتۆبەری ١٩١٧ی وەک سەرەتا ئەم شەڕە دیاریکردووە، نەک ئۆگەستی ١٩١٤[xvi]: ” شەڕە ناوەخۆییە ئەوروپییەکەی نۆڵتە، لە ساڵی ١٩١٤ لەگەڵ داڕمانی پلەبەندییە ئیمپڕیالیستییەکە و هەڵگیرسانی یەکەم جەنگی جیهانی دەستپێناکات، بەڵکو لەگەڵ چرۆکردنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ١٩١٧ دەستپێدەکات. ئەم ڕوانینە ئۆشوێتز بۆ بەرهەمێکی لاوەکی دەپووکێنێتەوە؛ وەک ئەوەی لە ئەنجامی لاساییکردنەوەیەکی نەشارەزای ئەشکەنجە ‘ئاسیایییەکان’ی سەردەستی پۆلیسی نهێنی[xvii] لەدایکبووبێت.” لە کۆتاییدا، لە دوای چاوخشاندنەوە بە هێڵە زەمەنییەکە، تڕاڤێرسۆش هاوڕابوو لەگەڵ نۆڵتە بەوەی کە ئەم ماوەیە لە میژووی ئەوروپا “شەڕی ناوەخۆبوو”.

“شەڕی ناوەخۆ” لێرە زۆر بەشێوەیەکی کارامەیی و هونەری بەکارهاتووە. جارێکیان کارڵ مارکس “شۆڕشی مانگی شەشی” شەقامەکانی پاریس لە ساڵی ١٨٤٨، بە “شەڕی ناوەخۆ لەوپەڕی سامناکی، شەڕی کار دژی سەرمایە،” وەسفکرد. “ئەو مەبەستی ئەوەبوو کە ئەم شەڕە لەناو هەناوی کۆمەڵگای مەدەنیدا چەکەرەی کردووە، واتە ململانێی چینایەتییە لە نێوان پرۆلیتاریا و بۆرژوا. هەروەها، مارکس و ئەنگلس باسی “شەڕێکی جیهانی” چاوەڕوانکراویان هێناگۆڕێ.”: “ئەوروپا جۆرە سیمایەکی هەڵگرتووە کە هەر پرۆلیتاریایەکی تازە ئامادەگی هەڵچوونی هەیە لە دژی…. کە ئەمەش هاوکات جەنگێکی جیهانی لێدەکەوێتەوە، کە ئیدی لە خاکی نەتەوەییەوە پەلداوێ تا زورگی ئەوروپا تەی دەکات– ئەو تاقە مەزرایەی کە شۆڕشی کۆمەڵایەتی سەدەی نۆزدەمی تێدا لەدایکدەبێت.”[xviii] بۆیە ئەنگلس لە ساڵی ١٨٨٧ دەڵێت “شەڕێک ماوە… کە هەڵگیرسا دەبێتە جەنگێکی جیهانی-جەنگێکی جیهانی کە تا ئێستا زادەی هیچ خەیاڵێک نەبووە، جەنگێک کە گەردوون دەخاتە لێڕەواری بارباریزم.” کەمبوون ئەوانەی پێشبینی یەکتربڕینی جەنگی جیهانی و شەڕی ناوەخۆیان کرد لە سەرەتای ساڵی ١٩١٤. هەروەک کریس کورتۆن لەم دواییەدا ڕوونیکردەوە:

“ڤلادیمیر لینین، رۆسا لوکسەمبێرگ، و لیۆن ترۆتسکی،[xix] ئەم چەرخەیان بە دووڕیانی هەڵبژاردن لە نێوان “سۆشیالیزم و بەربەریزم” ناوبرد. یانیش، وردتر بڵێین، بە شەڕی ناوەخۆی [هەڵگیرساو لەسەر دەستی] کرێکاران دژی سەرمایەدارەکان [سۆشیالیزم]، پێچەوانەی جەنگی جیهانی نێوان دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکان [بەربەریزم]. ئەمە پێشبینییەک بوو. هەردوو پێشبینییەکەش -شەڕی ناوەخۆ و جەنگی جیهانی- ڕاستدەرچوون. تا ئەودەمیش، مارکسیستەکان بڕوایان وابوو کە یەکیان بەدیلی ئەویتریانە. بەڵام مەودای نێوان ١٩١٤ بۆ ١٩١٩ هەردوو جەنگی جیهانی و شەڕی ناوەخۆی بەخۆیەوە بینی، کە تێیدا ئینتەرناشیۆنالی دووەم[xx] بەهۆی جەنگی جیهانی ئیمپریالیستییەوە ڕووخاو، و شەڕی ناوەخۆی لێوانلێو بە ململانێی چینایەتی بەدوای خۆیدا هێنا. کەواتە ‌قەیرانی مارکسیزم تەنیا پەیوەست نەبوو بە جەنگی جیهانی، بەڵکو شەڕی ناوەخۆشی لەخۆگرتبوو.”

دروشمەکەی لینین دەربارەی ئەرکی مارکسیستەکان بۆ “گۆڕینی جەنگی جیهانی بۆ شەڕی ناوەخۆ”، جگە لەم پێویستییە دایەلەکتیکییە هیچی تری دەرنەخستبوو. هەر بۆیەش لێرەوە لۆسۆردۆ ئەرکەکەی نۆڵتەی لە ئەستۆگرت: “گۆڕینی جەنگێکی ئیمپریالیستانە بۆ شەڕێکی ناوەخۆ، خولیایەکی دروستکراوی دەستی ڕابەرە بەلشەفییەکە نەبوو، بەڵام ئەم توانی فۆرمێکی ڕێکخراو و عەقڵانی پێببەخشێت. نۆڵتە، کە بانگەشە بۆ چڕکردنەوەی لێکدانەوەی ئەم سەدە ئاڵۆز و پڕ لە دەژبێژیە دەکات لە قاڵبی شەڕی ناوەخۆ، ناچار دەبێت ئەو دەمەی پێویستە بەکاریبهێنێت، بەرسڤەکەی لەبیرکات یان کپی بکات.” فاشیزم تەنیا لێکەوتەیەکی دزێوی ئەم ململانێیە بوو لەناو جەرگەی کەپیتالیزمدا. ماکس هۆرکهایمەر لە ساڵی ١٩٣٩دا دەنووسێت “ئەو کەسەی ئامادەگی تێدانییە بۆ باسکردنی کەپیتالیزم، ئەوا دەبێت بۆ فاشیزمیش قڕوقەپ بێت.” بەڵام ئەم لەبیری کرد ئەوە زیادکات کە سیاسەتی فاشیزم تەنیا وەک دەرهاوێشتەیەکی کەپیتالیزم نەشونمای نەکردووە، بەڵکۆ وەک هەوڵدانێکی بێئاکامی زاڵبوون بەسەر کەپیتالیزم لەدایکبووە. ئا لێرەدا وتە سەرەکییەکەی ڤاڵتەر بێنجامێن دێت بە خەیاڵدا: “هەموو فاشیزمێک ڕێبەری شۆڕشێکی شکستخواردووە.” یانیش هەروەک هێنریک هەین پێش ئەم وتی “شۆڕش بەدبەختییە، بەڵام شۆڕشێکی شکستخواردوو بەدبەختییەکی گەورەترە.” بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت هەرگا مەترسییەکە گەورەتر بوو، شۆڕش بەلاوە بنرێت.

هەنووکە، شیکاری ئێمە بۆ ‘ڕیڤیژینیزم دووبارە دەبەسترێتەوە بە بەکار‌هێنانە سەرەتاییەکەی چەمکەکە، کە لەلایەن ئێدوارد بێرنشتاین و شوێنکەوتووانی لە سەرەتای سەدەی ڕابردوو بەکارهاتبوو. تەنانەت دەنگۆی ئەوە هەیە کە بێرنشتاین ئەم چەمکەی داهێنابێت بۆ ئاماژەدان بە جیهانبینییەکەی. ئەو شۆڕشی بە باورگەیەکی زۆر کۆن، و ئەستەم یان نەخوازراو ناساند، بەتایبەتی کە ڕەوشی ژیانی زۆرێک لە پرۆلیتاریا لە ڕێی ڕیفۆرمەوە بەرەوپێشدەچوو. کارل کاوتسکی و مارکسیستەکانی تر تۆمەتگەلێکیان ئاڕاستەی بێرنشتاین کرد، و لە کۆتاییدا لێکدانەوە شۆڕشگێڕییەکە- لێکدانەوە باوەکە- سەرکەوت. گەرچی لە لایەنە تیۆرییەکەوە ڕیڤیژینیزم شکستی خوارد، بەڵام لە لایەنی کردەییەوە سەرفراز بوو. “ڕاستە لە کۆنگرە حیزبیەکان [ی کۆمەنیزم] بەفەرمی ئیدانەدەکرا، بەڵام یەکێتییە بازرگانییەکان لە کۆتاییدا ڕیڤیژنیزمیان بەهەند وەرگرت،” دایەلەکتیکییەک وا دەنووسێت. لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، چەرخێکی نوێ لە پەرەسەندن، شۆڕشی کۆمەڵایەتی-وەک پرسێکی واقعبین و زەمینی بە هەموو ڕەهەندە گرنگەکانییەوە- خستەوە نێو ئەجێندایەکەی خۆیەوە. مارکسیزمی باوی پەتی- کە تا هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی ڤێرژنە سەنگینەکەی مارکسیزم بوو لە ئینتەرناشیۆناڵی دووەم- بەتەواوی داڕما و پەرتەوازە بوو.” کەمێک پاشی جەنگەکە، جۆرج لۆکاکس بە توندی لێدوانی لەسەر ئاشتبوونەوەی کاوتسکی دا لەگەڵ بێرنشتاین: “ئەو پیاوەی قسە و کرداری یەکنەبوو، ئەو پیاوەی کە وەعزی لەسەر نەدا بەڵام چاپووکانە ئەم ڤێرژنەی مارکسیزمی کارپێکرد، ئەوەی کە دایەلەکتیکی شۆڕشگێڕانەی گۆڕی بۆ فۆرمێکی ئاشتیخوازانەی پەرەسەندن،[xxi] تەنیا و تەنیا کارل کاوتسکی بوو… گەرچی کاوتسکی بە ڕووکەش زیاتر ساتە شۆڕشخوازەکانی دنیای ئەمرۆ دەناسێت، بەڵام ئەم بارێکی قورسی تیۆری دەخاتە سەر شانی ئەم ناساندنە کەوا دەکات لە پراکتیزدا بگاتە هەمان دەرئەنجامی میتۆدەکەی بێرنشتاین.”

کەواتە ڕیڤیژینیزم لەم چێوەدا، دەکرێ ڕۆڵی لە شکستی یەکجارەکی شۆڕشی جیهانیدا گێڕابێت لە ساڵی ١٩١٤ بۆ ١٩١٩. شەڕی ناوەخۆ تەنیا تا سنوورێکی دیاریکراو پەلیکێشا، و لە گەیشتن بە وڵاتانی پێگەیشتووی پیشەسازی تووشی نوشوست بوو. [شۆڕش] لە شیکردنەوەی کۆتایی ئابلۆقەدراو و نەفەسی لێبڕا، بەڵام دژە-شۆڕش تا ئەو کات تۆوی خۆی لە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، و فەڕەنسا چاندبوو.[xxii] ئەڕنۆ مایەر ئەمەی بە چڕی لە ڕاپڕسییە ناوازەکەی بۆچی بەهەشتەکان تاریکنەبوون؟ “کۆتا چارەسەر” لە مێژوودا (١٩٨٨)، دۆکیومێنت کردبوو؛ کە تەنیا دوای ساڵێک لە ناکۆکییەکەی نۆڵتە و هابەرماس بڵاوبۆوە. مایەر سەرهەڵدانی فاشیزمی وەک بزووتنەوەیەکی جەماوەری دەبینی، کە ڕاستەوخۆ پەیوەست بوو بە شکستی مارکسیزم وەک بزووتنەوەیەکی جەماوەری. تەنانەت تڕاڤێرسۆش وتی کە ڕیڤیژینیستە ئەڵمانییەکە [نۆڵتە] بێئاگایانە گەیشتبوە ڕاستییەکە. “نۆڵتە خۆڕسکانە خاسیەتێک لە خاسیەتەکانی نازیزم دەدۆزێتەوە: سروشتە دژە-شۆڕشەکەی، کە تایبەتە بە جووڵانەوەیەک کە وەک کاردانەوەیەک دژی شۆڕشی ڕووسی و سپارتاسیزمی ئەڵمانی لەدایکبووە ئەمیش وەک شەڕکەرێکی دژە-مارکسی و دژە-کۆمەنیستی. ئەمە ڕاستە بۆ فاشیزمەکەی هیتلەر و مۆسۆلۆنیش… [شۆڕشی] ئۆکتۆبەری ١٩١٧ ڕاتەکانێکی دەروونی بوو بۆ بۆرژوای ئەوروپا، کە لە زۆر لایەنەوە وەک ئەم ڕاتەکانە بوو کە ئەریستۆکراتی [ئەوروپی] لە ساڵی ١٧٨٩ [لە شٶڕشی فەڕەنسی] چاوساغییان کرد… دیکتاتۆری پرۆلیتاریا، بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمارە تەمەن کورتە سۆڤیەتەکانی باڤاریا و هەنگاریا کە لە ١٩١٩-١٩٢٠ سەریانهەڵدا، ترسی خزاندە نێو هەناوی چینە دەسەڵاتدارەکان.”

سلاڤۆک ژیژەکی تیۆریستی سلۆڤینی، ئەم تێڕوانینانەی لە ساڵی ٢٠٠٨ تا ڕادەی پێگەیشتن برد لە کتێبە گەورەکەی لە بەرگری ئامانجە ونبووەکان، کە زۆرجار وەک کارێکی بێهاوتا سەیردەکرێ. بە چاوخشاندنەوە بە “بەگژیەکداچوونی مێژووناسەکان”، ژیژک تێبینی کرد کە ” کاردانەوە ستانداردەکەی چەپی لیبراڵ بریتیبوو لە هاوارێکی مۆڕالی کە ئەم نازیزمی پێ ڕێژەیی دەکات، و دەیکات بە سەدایەکی لاساری کۆمەنیستی. بەڵام چۆن کەسێک کۆمەنیزم- کە وەک ڕێبوارێکی گیرۆدەی ئازادی خۆی دەناسێنی- لەگەڵ دێوەزمەیەکی ڕادیکاڵی وەک نازیزم بەروارد دەکات؟ بەپێچەوانەی ئەم نەشازییە، دەبێت دان بە خاڵە جەوهەرییەکەی نۆڵتەدا بنرێت: بەڵێ، نازیزم خۆی بەرپەرچدانەوەیەک بوو بۆ مەترسی کۆمەنیزم، و لە ڕاستیدا تەنها ململانێی چینایەتی تێپەرکرد و ململانێی ئاریایی و جوولەکەکانی لەخۆگرت. هەرچۆنێک بێت، کێشەکە لەم ‘تەنها’یەدایە، کە بەپێچەوانەی ئەوەی کە دەردەکەوێ، بەهیچ جۆرێك بێتاوان نییە. ئێمە لێرە سەروکارمان لەگەڵ جێگۆرکێیە بە چەمکە فرۆیدیەکەی. نازیسم جێگۆڕکێ بە ململانێی چینایەتی و ململانێی ڕەگەزی دەکات، بەمەش تێڕوانینە ڕاستییەکەی دەشێوێنیت. کەواتە نۆڵتە لەسەر حەق بوو: نازیزم دووبارەبوونەوە بوو، لەبەرگرتنەوەیەکی بۆلشەڤیزم بوو، دیاردەیەکی دووبارە-چالاککراوەی هەژێنەر بوو.”

 

[i] نۆڵتە نووسەرێکی ئەڵمانی بوو. لە مانگی هەشتی ٢٠١٦ کۆچی دوایی کرد (وەرگێڕ).

[ii] دیبەیتێکی زانستییانە بوو لە نێوان مێژووناسانی ئەڵمانیای ڕٶژئاوا؛ لە ناوەڕاست تا کۆتایی هەشتاکان درێژەیکێشا. بابەتە سەرەکییەکە چۆنیەتی ڕێکۆردکردنی دیاردەی نازیزم و جینۆسایدی جووەکان بوو لە مێژووی ئەڵمانیا. بێگومان ناکۆکی باڵی چەپ و باڵی ڕاستی لێکەوتەوە. نۆڵتە ڕابەرایەتی باڵە ڕاستڕەوەکە- ناشینالیستەکە-ی دەکرد. ئەو بڕوای وابوو کە هۆلۆکۆست نابێت بە ئەڵمانەکانەوە بلکێندرێ؛ ئەوان جووەکانیان کۆمەڵکوژ کرد چونکە خۆیان هەمان مەترسییان لەسەر بوو لەلایەن سۆڤیەتەوە. گوتارەکە بە تێروتەسەلی ئەم بەرسڤە دەخاتەڕوو و هەڵیدەسەنگێنیی (و).

[iii] شۆڕشی ئۆکتۆبەر ئاماژەیە بۆ شۆڕشی کۆمەنیزمی لە ڕووسیا، و بەروارەکەی تریش کەوتنی نازییەکانە لە دووەم جەنگی جیهانی.

[iv] ناشناڵ سۆشیالیزم ئایدۆلۆژیا بنەڕەتییەکەی فاشیزم و نازیزم بوو. بەکورتی، ئایدۆلۆژیاکە جەخت لە ئابوورییەکی تاڕادەیەک یەکسان (سۆشیالیزم) دەکات، لەگەڵ سەرخستنی بەرژەوەندی دەوڵەت لەسەر تاک (ناشنالیزم) (و).

[v] Frankfurter Allgemeine Zeitung

[vi] ‌قوتابخانەیەکی هزری ئەڵمانی بوو، کە بە شێوەیەکی سەرەکی ڕەخنەی لە خەوشەکانی کەپیتالیزم و مارکسیزمی لینیی (کلاسیکی) دەگرت. زۆرجاریش بە مارکسیزمی فەلسەفی ناودەبرا. بیرمەندانی ئەم قوتابخانەیە دەیان ویست دیوە ماتیریالەکەی مارکسیزم تەنک بکەنەوە و بگەڕێنەوە بۆ بنچینە هیگڵییەکەی. زێتر، بۆ وەچەرخانی کۆمەڵایەتی، ئەوان دەیان وت دەبێت پرۆلیتاریا –بە پشتیوانی ڕۆشنبیرەکان- گۆڕان لە ‘سەرخان’ بکات بۆ ئەوەی ڕەوشی ژیانی باشتربێت، نەک لە ‘ژێرخان’. خوێنەر گەر حەزبکات پتر لەسەر بیرۆکە بنچینەییەکان باشتر بزانێت، ئەوا وا باشە گەڕان بۆ ‘دایەلێکتیکی ئایدیالیزمی هێگلی’ و جیاوازی لەگەڵ ‘دایەلێکتیکی ماتریالیزمی مارکسی’، و چەمکەکانی ‘سەرخان و ژێرخان’ بکات؛ کە هەردوو لایەنەکە بەردی بناغەی تێگەیشتنن لە مارکسیزم (و).

[vii] ساڵی ١٩٩٠-١٩٩١ ئەڵمانیا یەکیگرتەوە و دیواری بەرلین ڕووخا؛ تا ئەو دەمیش، لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، ئەڵمانیا لە نێوان بلۆکی کۆمەنیستی و بلۆکی کەپیتالیستی (فەڕەنسا، بەڕیتانیا، ئەمریکا، و کەمێکیش بۆ هۆڵەندا) بەشکرابوو (و).

[viii] بێگومان پێشتریش لە هەشتاکان یەکێتی سۆڤیەت بۆ لێواری هەڵوەشانەوە برابوو، هەر ئەوەش وایکرد ئەڵمانیا یەکبگرێتەوە.

[ix] ئیمپڕاتۆریەتی ئەڵمانی سێیەم بە سەرکردایەتی هیتلەر. یەکێتی ئەو خەڵکانەی بە ئەڵمانی دەدوێن پێی دەوترێت ڕایخ (و).

[x] ستالین لە “تیۆریی شۆڕشی بەردەوام” کە بە پێویستی دەزانی کەڕەنای شۆڕش لە هەموو دنیا لێبدرێ دوورکەوتەوە، و ڕووی لە “سۆشیالیزم لە یەک وڵات” کرد. واتە پشتگیری شۆڕشەکانی تری دنیای نەکرد، هەروەک لە کۆماری مەهاباد ئێمەی کورد بینیمان. ئەو بڕوای وابوو بە ‘ڕیفۆرم’ی ناوەخۆ -ناو یەکێتی سۆڤیەت- بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی وڵاتانی تر بە چاکسازییەکان سەرسامدەبن و دەبنە کۆمەنیست. ئەم بیروڕایەش دەچێتەوە سەر سیستەمی سەرمایەداری؛ بۆیە دوای مردنی کۆمەنیستێکی زۆر ڕەخنەیان لێگرت. بێگومان چاکسازییەکان کوشتاری ملیۆنی لێکەوتەوە، بەتایبەتی لە قڕکردنی جوتیارە خاوەن موڵکەکان (کولاکەکان) بە پاساوی ڕادەستنەکردنەوەی زەوی و زارەکانیان (و).

[xi] بازرە وشەیەکی کوردییە، واتە هەڵبەزانەوەی گوللە لە شوێنێک دوای دەرچوونی. ئارێنت لێرە مەبەستی ئەمەیە کە ئەم کردارە نابەجێیانەی دەوڵەتە داگیرکەرەکان دەیکەن لە وڵاتانی تر، لە کۆتاییدا دەبێتە میکرۆبێک لەناو نیشتیمانی خۆیاندا گەرا دەخات. مارکس بەرسڤێکی هاوشێوەی هەیە (و).

[xii] نیکیتا خرۆشچۆڤ، دوای چەند پلانگێڕییەک لەناو حزب هاتە سەر دەسەڵات و بنەماکانی ستالینیزمی ئاوەژووکرد. لە گرینگترین گۆڕانکارییەکانیشی بریتیبوو لە گرتنەبەری شێوازێکی میانڕەوتر لە مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکی سۆڤیەت، و هەروەها یارمەتیدانی شۆڕشی نەتەوەیی و کۆمەنیستی وڵاتان دژ بە ئەمریکا؛ بۆ نموونە یارمەتیدانی مسڕ لە دژی ئیسڕائیل…. ئەمەش بۆ زۆران دەرخەری ئەوەبوو کە ستالین بە هەڵە کۆمەنیزمی پراکتیزە دەکرد (و).

[xiii] ‘Final Solution’. کۆدی نهێنی کوشتنی سیستەماتیکی جووەکان بوو لە ئەوروپا و دەرەوەی ئەوروپا، کە لە جینۆسایدە حەوت ملیۆنییەکەی هۆلۆکۆست چڕبۆوە. لە ساڵی ١٩٤١ خسترایە بواری جێبەجێکردن و جووەکان پەیتا پەیتا ڕادەگوێزران، ئەمیش دوای ئەوەی فەرماندە نازییەکان دەرکیان بەوەکرد کە کوشتنی بە گوللە کاریگەری لەسەر سایکۆلۆژی سەربازەکانیان هەیە. لەو ساڵەوە، قڕکردنی جووەکان کەوتە سەرشانی زانا و دکتۆرە نازییەکان، کە لە ژوورە گازییەکان و تاقیگە و فڕنە گشتییەکان ئەنجامدرا (و).

[xiv] تاکتیکێکی نازییەکان بوو بۆ خوڵقاندنی شێواوی لە ڕیزەکانی دوژمن لە ڕێی جووڵەپێکردنی هێزی بچووک لە سەرەتا، و دوایش چڕکردنەوەی هێرشەکە و بەکارهێنانی تۆپهاوێژ. ئەم تەکنیکە لە داگیرکاری زۆر وڵات بەکارهاتووە، بەڵام لێرە مەبەستیان هێرشەکەی سەر لەندەنە (و).

[xv] نازییەکان بڕوایان وابوو کە دەوڵەتەکەیان-ڕایخ- دەبێت ئەوەندە فراوانبێت کە شوێنی هەموو ئارییەکانی لێبێتەوە؛ ئەمەشیان بەدەستهێنا کاتێک تا ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا فراوانخوازیان کرد. ئەم دەوڵەتەیان ناونا Lebensraum یان ‘بۆشایی ژیان’. بەڵام بیرۆکەکە پتر دەڕوا و بانگەشە بۆ تاڵانکردنی سامان و بەروبومی وڵاتانی ڕۆژهەڵات دەکات لە ڕێی داگیرکردنیان و کردنیان بە کۆیلە (و).

[xvi] سەرەتای هەڵگیرسانی یەکەم جەنگی جیهانی (و).

[xvii] پۆلیسی نهێنی سۆڤیەتی کە لە سەردەمی ستالین لەلایەن بێریەوە بەڕێوەدەبردرا. ئەم دەزگایە بە دزێوییەکەی لە کوشتار و ئەشکەنجە و دەستدرێژی سێکسی ناسرابوو (و).

[xviii] مارکس و ئەنگلس بڕوایان وابوو کە ئەوڕوپا “خاکە بەپیتەکەیە” بۆ شۆڕشی پرۆلیتاریا؛ بەتایبەتیش بەڕیتانیا و فەڕەنسا. ئەمە لەوانەیە وەک بەرسڤێکی سەیر بەدیارکەوێ، بەڵام پۆزشی زانستی خۆی هەیە. هەرچۆنێک بێت پەیوەندی بە بابەتەکەوە نییە و لەبەر درێژییەکەی ناتوانین لێرە باسیکەین. (و).

[xix] هەرسێکیان لە قوتابخانەی مارکسیزمی کلاسیک بوون (و).

[xx] ڕێکخراوێک بوو کە یەکێتییە بازرگانییەکان، پارتە مارکسی و سۆشیالیستییە چەپەکان، و ئەنارکیستەکانی لەخۆگرتبوو و لە ١٨٨٩ەوە تا ١٩١٦ بەردەوامی بەکارەکانی دەدا لە چێوەی دروستکردنی بەرەیەکی کۆمەنیزمی جیهانی پتەو دژی کەپیتالیزم و یەکگرتنی کرێکاران و باشترکردنی بارودۆخیان. ئینتەرناشیۆنالی یەکەم و سێیەمیش هەیە. بێگومان، وتاری ئەوەی سێیەم لەوانی تر ئازایەنەتر بوو و داوای شۆڕشی جیهانیان دەکرد چونکە لە ١٩١٩ دروستبوو- ئەو دەمەی کۆمەنیستەکان جڵەوی دەوڵەتیان لەدەستگرتبوو- تا لە تاوی ستالینیزم لە ١٩٤٣هەڵوەشاوە. شەڕی ناوەخۆش مەبەستیان بە جەنگە جیهانییەکانە لە ئەوروپا، نەک جەنگی ناوەخۆی ڕووسیا (١٩١٧-١٩٢١) (و).

[xxi] مارکس خۆی و مارکسیزمی کلاسیک، بڕوایان وابوو کە مێژوو لەڕێی ململانێێ توندی چینایەتییەوە بەرەوپێش دەچێت.. بۆ نموونە کەپیتالیزم دەبێت بە شۆڕش لە کاتی خۆیدا ئاوەژووبکرێت تا کۆمەنیزم بەرجەستە بێت. ئەم میتۆدەش پێی دەوترێت ماتریالیزمی دایەلەکتیکی. بەڵام باسکردنی بۆشاییەکی ئێجگار زۆری دەوێ و پەیوەندیدار نییە بە بابەتەکەمان، بۆیە لێرە باسیناکەین. (و).

[xxii] تێزی “شۆڕشی بەردەوام و دژە شۆڕش” لەلایەن ترۆتسکییەوە هەڵێنجدرا و دواتریش لەلایەن ستالینەوە پشتگوێخرا. نووسەرەکان مەبەستیان ئەوەیە کە سۆشیالیستەکانی ئەم وڵاتانە ئەوکات بڕوایان بە شۆڕش نەمابوو بۆ وەچەرخان بۆ کۆمەنیزم؛ بەڵکو خزابوونە ناو پەرلەمان و ستراکتۆری بیۆکراسی کەپیتالیستی بۆ ‘ریفۆرم’ بە مەبەستی گەیشتن بە کۆمەنیزم… ئەمەش شتێک بوو کە سۆشیال دیموکراتەکان و ستالینیستەکان ئارەزوویان دەکرد.

 

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.