ئەو نیشتمانەی کە هیچ ڕۆژێک هیی هەمووان نەبووە


Loading

ئازاد به‌رزنجی نوسه‌ر و چیرۆكنوس و وه‌رگێڕ و شانۆكار

هەر مرۆڤێکی کورد، چ لەڕێی کتێبە مێژووییەکانەوە بێت، یان لەڕێی ئەو یادەوەری و بیرەوەرینامانەوە بێت کە لەم ساڵانەی ڕابردوودا نووسراون، ئەو ڕاستییەی لا ئاشکرا دەبێت کە ئەفسووس، چ لە مێژووی کۆنماندا و چ لە مێژووی نوێماندا، شتێک نەبووە پێی بوترێ نیشتمانی هەمووان و گوتارێکی یەکگرتوو نەبووە کە کۆکەرەوەی خەونەکانی گرووپ و تاکەکانی سەر بە نیشتمانەکەمان بێت و ئەو سروودانەی بە مناڵی و کاتێ لە گۆڕەپانی قوتابخانەکاندا ڕیز دەبووین و دەمانوتنەوە، جگە لە وەهم و درۆی گەورە هیچی تر نەبوون. چونکە هەموو، بە سیاسی “گەر سیاسیمان هەبووبێت” و بە ڕۆشنبیر و بە تاکەکانی کۆمەڵگای کوردیشەوە و هەر یەکە و بەڕێژەیەک، سەلماندیان کە نە “ڕەقیب و دانەری تۆپی زەمان کورد ناشکێنێ” و نە”کوردستان جێگای بەچکەشێرانە” و نە “بەهەشتی سەرزەمینە” و نە “نیشتمانی جوان”ە و هتد… بەڵکو هەمیشە خۆخۆری و زاڵبوونی ڕۆحی نەرجسییانە و خێڵەکی و چاندنی ڕق و تۆڵە و گرووپ گرووپێنە و سیخوڕیکردن بەسەر یەکترییەوە و غەدر و لێکنەبوردن و کوشتنی نەیار، لۆجیکی زاڵ بووە بەسەر هزر و بیرکردنەوەی بڕێکی زۆری ئەوانەی بەتایبەتی لە کایەی سیاسیدا کاریان کردووە و بەرپرسیارێتیی سیاسییان هەبووە و ڕۆڵیان لە بڕیارداندا لەسەر مەسەلە چارەنووسسازەکان هەبووە.

وەختێ مرۆڤ یادەوەرییەکانی “هەڤاڵ کوێستانی”ی شاعیر و نووسەر دەخوێنێتەوە، ئەم ڕاستییەی لا تۆختر دەبێتەوە و بەگومانیکی قووڵەوە دەڕوانێتە هەموو ئەو جووڵانەوانەی کە بەناوی جووڵانەوەی شۆڕشگێڕییەوە لە مێژووی دوور و نزیکماندا بەرپا بوون و هەموو ئەوانەش کە بەناوی نیشتمانپەروەری و پرنسیپی شۆڕشگێڕییەوە نوێنەری ئەو جووڵانەوانە بوون.

یەکێک لەو پرسیارە زەقانەی لە زەینماندا دروست دەبێت ئەوەیە کە ئاخۆ تا چەند دەتوانین بەو جووڵانەوانە بڵێین شۆڕش؟ هەروەها تا چەند دەتوانین شوێنکەوتووانی ئەو جووڵانەوانە ناوبنێین شۆڕشگێڕ؟ پاشان ئاخۆ دواجار پێوەری شۆڕشەکان و سەرکەوتنیان چییە؟ شۆڕشێک کە لەسەر بنەمای فەلسەفەی سیاسی و تیۆرییەکی خاوەن ڕوانینی گشتی دانەمەزرابێ و هەر ڕۆژە و ڕوو لە ئاقارێک بووبێت، شۆڕشێک نەیتوانیبێت هوشیاریی شۆڕشگێڕی نەک لەناو کۆمەڵگادا، بەڵکو تەنانەت لەناو کادیر و لایەنگرەکانی خۆشیدا بنیات بنێت، شۆڕشێک کە نەتوانێ تەنانەت لەناو خۆیشیدا پرنسیپەکانی ئازادیی بیروڕاو و عەدالەت پراکتیک بکات، شۆڕشێک کە میزاج و هەواوهەوەس و نەرجسییەتی کۆمەڵێک بەناو سەرکردە بەڕێوەی ببات و ئاڕاستەی بگۆڕێت و دیاریی بکات، شۆڕشێک کە نەتوانێ کەسانی ئازاد دروست بکات، تا چەند دەتوانین ناوی شۆڕشی لێ بنێین؟
ئەی شۆڕشگێڕ کێیە؟ ئاخۆ هەر کەسێک ڕۆژێک لە ڕۆژان بڕێک تووڕەیی بەرامبەر بە ستەم یان هەستی چەوساندنەوە یان هەستی نەتەوەیی لا پەیدا بووبێت و پاڵی پێوە نابێت بۆ خەبات و هەڵگرتنی چەک بەرامبەر بە دوژمن، دەتوانین ناوی شۆڕشگێڕی بخەینە پاڵ؟ یان شۆڕشی ڕاستەقینە ئەو شۆڕشەیە کە لە هوشیارییەکی قووڵەوە دەستپێدەکات، هوشیاری بە خود و کۆمەڵگا و واقیع و دونیا و ئینسان؛ هوشیاری بەو بەها و پرنسیپانەی هەمیشە لە بەرەی بەرگریدان لە کەرامەت و ئازادی و عەدالەت و ئینسانیبوونی ئینسانەکان. لەڕاستیدا پێویستە هەموو ئەو چەمکانە بخەینە ژێر پرسیارەوە و پێداچوونەوەیان بۆ بکەین.
ئەفسووس وەکو وتم، کاتێ ئەم بیرەوەرییانەی هەڤاڵ کوێستانی دەخوێنینەوە، غەمێکی قووڵ چنگ لە ڕۆحمان گیر دەکات و لە ئاست هەموو ئەو ناشرینی و ناهەقییانەی شۆڕش بەرامبەر بە ڕۆڵەکانی خۆی کردوونی، لە هەندێ حاڵەتدا، تا ڕادەی تاسان دەتاسێین. هەست دەکەین بەرامبەر چارەنووسێکی گەلێ دڵڕەقین، چارەنووسێک کە پڕە لە پیلان و سووکایەتی بە یەکتر کردن و تەخوینکردنی یەکتری و ئەنجامدانی تاوانی وەها کە ئینسان تەواو نائومێد دەکەن و ڕۆحی تاریک دەکەن، تا ئەو ئەندازەیەی دەگاتە کوشتنی عاشقان.
ئاخۆ ئەمانەن ئەو شۆڕشانەی کورد کە بەناوی ئازادی بۆ ئینسانی کورد و فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە و پڕکەرامەت و سەربەرزییەوە بەرپا کراون؟

هەقیقەتێک هەیە ئەویش ئەوەیە کە “شۆڕش بە ئەنجامەکانی دەپێورێ” واتە تا چەند ئەنجامەکانی شۆڕش بۆ ئەو پرنسیپانەی ئەمەکدارە کە بەناوییانەوە بەرپا کراوە، هەروەها شۆڕشگێڕیش بە”ئەو پرنسیپانەی کە بەناوی شۆڕشەوە بۆیان جەنگیوە و بەراوردکردنەوەی بە کەسێتی و ڕەفتار و بیروبۆچوونەکانی لەدوای شۆڕش”.

هەڵبەتە ئێمە کە ئەمجۆرە بیرەوەرییانە دەخوێنینەوە، چیتر دوچاری شۆک نابین لەئاستی ئەو واقیعە دزێوەی کە وەکو بەرەنجامێکی ئەو جووڵانەوانە دێتە ئاراوە، چونکە درێژکراوەیەکی سروشتیی ئەو مێژوو و ڕابردووەن.

من پێم وایە نووسینەوەی ئەم ڕاستییانە و تۆمارکردنی ڕاستەقینەی ئەو ڕووداو و مێژووانە و وردەکارییەکانیان، بۆ خوێنەری کورد و ئینسانی کورد و بەتایبەتیش لاوان و نەوەی تازە گەلێ پێویستن. ئێمە دەبێ بە چاوێکی کراوەوە، نەک نووقاوەوە، ڕووبەڕووی ئەو ڕابردووە تەڵخ و دزێوانەی خۆمان ببینەوە. تا ئەمجۆرە ڕووبەڕووبوونەوانە نەبێت، ئێمە لە دەست کۆمەڵێک وەهم ڕزگارمان نابێت بەرامبەر بە هەموو ئەوانەی بەناوی نیشتمانپەروەری و سیاسەتەوە گەورەترین زیانیان بە کۆمەڵگای کوردی و ئینسانی کورد و مەسەلەی کورد گەیاندووە گورزی توندیان لێ وەشاندووە و ئەگەر مرۆڤی کورد ساڵێک لە وەدیهێنانی خەونی ئازادییەوە دوور بووبێت، ئەمان ئەو ساڵەیان بۆ کردووە بە سەد ساڵ. لەڕاستیدا پێویستە ئینسانی کورد بە هوشیاری و بە چاوێکی وردەوە هەموو ئەو کاراکتەرە سیاسییانەی خۆی هەڵبسەنگێنێت کە بڕێكی زۆری چارەنووسی ئەم کۆمەڵگایەیان لە دەستدایە و نابێ کوێرانە متمانەیان پێ بکات. دەبێ سیاسیی ئینساندۆست و مۆراڵیست لە کەسانێک جیا بکاتەوە کە سیاسەت وەکو دەمامک و ئامڕازێکی ماکیاڤێللیانە بەکار دەبەن بۆ گەیشتن بە ئامانج و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان، وەکو لەم چەند دەیەیەی ڕابردوودا نموونەی بێشومارمان لێ بینیون.

من هێندەی یادەوەرییەکانی تایبەت بە “شاخ”م خوێندوونەتەوە، پتر ئەو باوەڕەیان لا چەسپاندووم کە هیچ هێزێک یان حیزبێکی کوردی، خاوەنی گوتارێکی سیاسی و مۆراڵێکی سیاسی نەبووە، مەگەر لەسەر کاغەز. هەروەها هیچ ستراتیج و پلانێکی قووڵیان نەبووە، مەگەر (وەکو هەڤاڵیش لە چەند جێیەکی کتێبەکەیدا باسی لێ دەکات) بۆ سڕینەوەی نەیارەکانی ناوەوە و دەرەوەی حیزب، بە حیزبە کوردییەکانی ترەوە کە وەکو ئەوان لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندا بوون. سەیر لەوەدایە تا ئێستاش ئەم مێنتاڵێتییە لەئارادایە.

جەخار، بەدرێژایی دەیان و بگرە سەدان ساڵە هێزە سیاسییەکانی کورد بەردەوام بە خەون بۆ ئازادی و فڕین دەستیان پێ کردووە و ئەنجامەکە بە هەوڵدان بۆ سڕینەوەی یەکتر و یەکترشکاندن و دروستکردنی قەفەس بۆ ئەو خەونانە شکاوەتەوە. هەڤاڵ لە شوێنێکی کتێبەکەدا ئەم چارەنووسە بە چارەنووسێکی چون چارەنووسی کرمی ئاوریشم دەشوبهێنێت، کە ئەویش بەردەوام خەون بە فڕینەوە دەبینێت، کەچی خۆی قۆزاخەی قەفەسئاسا بەدەوری خۆیدا دروست دەکات. لێرەشدا من پارچەشیعرێکی شاعیرێکی ئێرانیم هاتەوە یاد”حوسێن مونزەوی” کە ئەم وێنەیەی جوان بەرجەستە کردووە و دەڵێت:
چارەنووسێکی چەندە غەمگینە
کرمی ئاوریشم پڕ بەتەمەنێ
بەدەوری خۆیدا قەفەس ئەچنێ
کەچی خەیاڵی هەر لای فڕینە

چارەنووسی ئێمەی کوردیش وا بووە؛ لەکاتێکا هەمیشە خەونمان بە ئازادییەوە بینیوە، کەچی دواجار هەر خۆشمان قەفەسمان بۆ باڵندەی خەونەکانمان چنیوە. ئاخۆ ئەمە پێکهاتەی مرۆڤی کوردە؟ پێکهاتەی زەینی و کۆمەڵایەتیمان؟ من پێم وایە پێکهاتەی مرۆڤی کورد پێویستی بە توێکاری و شیکارییەکی وردی سایکۆلۆجی و سۆسیۆلۆجی هەیە لە چەشنی توێژینەوە وردەکانی “عەلی وەردی” بۆ کەسێتیی عێراقی.
بەش بە حاڵی خۆم، لەناو ئەو یادەوەرییانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا خوێندوومنەتەوە، هەستم کردووە ئەمەی هەڤاڵ کوێستانی و ئەوەی مامۆستا پشکۆ نەجمەدین(واتە ئەزموون و یاد) ڕاستگۆیی و جوانی و چێژیکی تایبەت بە خۆیان هەبووە. ڕەنگە بەشێک لە هۆکارەکەش پەیوەندیی بەوەوە هەبێت کە ئەمان خۆیان شاعیر و ئەدیب بوون و لە بانیژەی ئەو دنیایەوە ئەو یادەوەرییانەیان نووسیبێتەوە. هەڵبەتە هیچ یادەوەرینامەیەک کامڵ و بێ خەوش نییە و ئەوەش بڵێم کە بەشێکی زۆری یادەوەریی سیاسییەکان بریتین لە جۆرێک پاکانەکردن و هەر یەکە دەیەوێ بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆی وەکو قارەمانێکی بێگەرد نمایش بکات و ئەوانی تر بە ترسنۆک و ناپاک وزیاتر زمانێکی سیاسی بەسەریاندا زاڵە، وەلێ لەم یادەوەرییانەی هەڤاڵدا(هەروەها م. پشکۆ)، زمانێکی شاعیرانەی پوخت و دڵنشین دەبینینەوە، کە جاری وایە دەمانباتەوە بۆ هەڕەتی لاوی و دڵداری و هەندێجار بۆ لای ژیانی سروشتیی لادێنشینەکان و عیشقی ناکامی “کاڵێ” و هەندێجار بۆ لای ئەم نووسەر و ئەو شاعیر، هەندێجاریش بۆ ناو بەرەکانی شەڕی دوژمن و شەڕی کورد- کورد و ململانێ ناشەریفەکان و کارەساتەکان و تاڵان و بڕۆ و بەناهەق کوشتنی کەسانێکی بێگوناه و هتد…
یەکێک لەو شتانەی کتێبەکە کە سەرنجی ڕاکێشام، ناونیشانەکەی بوو، کە بەلامەوە سەیر بوو. نیشتمانێک کە هەمیشە ئەم هەموو ململانێ ناشرین و ملشکاندن و سووکایەتی بەیەککردن و تاوان و پیلان و ناعەدالەتییانەی تیا بووبێت، چۆن دەکرێ نیشتمانێک بووبێت بۆ هەمووان؟
ئەم یادەوەرییانە بە زمانێکی سەردیی وەها سەرنجڕاکێش نووسراونەتەوە کە چێژی خوێندنەوەی ڕۆمانێکی جوان بە خوێنەرەکەی دەبەخشێت. بگرە هەندێجار هەست دەکەیت لە چاوی کامێرایەکی سینەماییەوە ڕووداوەکان و کەسەکان دەبینیت، ئەمە لەپاڵ زمانە ڕەوان و بێ گرێ و گۆڵەکەی هەڤاڵدا، گەرچی هەندێ هەڵەی تایپ و ڕێنووس لە کتێبەکەدا ماون، بەڵام لەچاو قەوارەی کتێبەکەدا زۆر نین و ئەمەش دەردی گەلێ کتێبی کوردییە.
دەمەوێ بڵێم کتێبەکە زۆر زیاتر لەم چەند دێڕانە هەڵدەگرێت کە لەسەرم نووسیوە، بەڵام ئەمە هەر بەسەرکردنەوەیەک و هەڵوەستەیەکە لەئاستیدا.

دڵنیاشم گەلێ ڕووداو و کارەساتی تریش لە هەگبەکەی هەڤاڵدا هەن و ماون، لێ ڕەنگە بەناچاری و لەبەر هەندێ ئیعتیبارات هەمووی نەخستبنە سەر کاغەز. بەڵام هیوادارم ئەمە بەرگی یەکەم بێت و بە هەمان هەناسە لە بەرگی دووەمدا یادەوەرییەکانی تەواو بکات، چونکە بەدڵنیاییەوە ئەم کتێبەی، یەکێک دەبێت لەو کتێبانەی کە بەها و ئەرزشی خۆیان دەبێت لە کتێبخانەی کوردیدا و پێویستیشە هەموو مرۆڤێکی کورد بیخوێنێتەوە، تا بە بەشێکی زۆری لاپەڕە گەش و ڕەشەکانی مێژووەکەی خۆی ئاشنا بێت.

ته‌واو

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین