وێنه‌ی ژماره‌ سی و حه‌وت

تارمایی ناو ژوورەكە


Loading

چیرۆكنوس؛ سه‌ید شاڵاو

تارمایی ناو ژوورەكە

کورتە چیرۆک

سەید شاڵاو

لە نیوەشەوێكی چلەی زستاندا، لوورەی گژەبایەك ڕایچڵەكاند، دڵی كەوتە كوتەكوت. هەستی بە پێشهاتێكی خراپ كرد. لە جێخەوەكەی هاتە دەرەوە، بە دەم ڕۆیشتنی بۆ ناندینەكە ئەمەی دەگوتەوە: “من تەنیام، هەمیشە تەنیام بە درێژایی تەمەنم هەر تەنیا بووم.” كوێرەموشانە بەرەو ناندینەكە ڕۆیشت. بە توندی دەرگای ساردكەرەوەكەی كردەوە. ئەو ژانەی پشتەسەری كە وەك دوومەڵ لەناكاو هەڵتۆقی، تەواو جاڕزی كردبوو. گوتی: “نەفرەت لە تۆش ئێستا كەی كاتی ئەمە بوو، تۆ نازانیت من بەیانی كارێكی گرنگم هەیە.” ترساو، لەگەڵیشیدا شڵەژاو، دەرگای ساردكەرەوەكەی داخستەوە. ئەو ژانەسەرە تا دەهات زیاتر دەبوو، ژانێكی كاتی یاخود نازێكی جەستە نەبوو. نەیزانی بۆچی؟ بەڵام دووبارە دەرگای ساردكەرەوەكەی كردەوە. ویستی كەمێك ئاو بخواتەوە، بەڵام چاوی بە شتێك كەوت كە نەدەبوو چاوی پێكەوتبایە. گوتی: “نەفرەت خۆم دەزانم.” لەو كاتەدا ڕێك گەڕایەوە بۆ دووساڵ پێش ئێستا، ئەو كاتەی بە هۆكارێك لە هۆكارە نادیارەكانی ژیان، تووشی هەمان ژانەسەر و لەگەڵیشیدا دابەزینی كێش بوو بوو.

دەرگای ساردكەرەوەكەی داخستەوە، بە هەڵەداوان بەرەو هاوێنەیەك چوو. تەماشای خۆی كرد، هەستی دەكرد كێشی لەشی بە تەواوی كەمی كردووە. قاچەكانی لەرز گرتی و لەدوای نەدەهاتن. سەرلەنوێ‌ بۆ ساردكەرەوەكە گەڕایەوە، دەرگاكەی كردەوە، ئەمڕا چاوی كەوت بە دوو پارچە حەب. بە بینینی حەبەكان، ڕێك گەڕایەوە بۆ ئەو كاتەی لەمبەری شەقامی گۆران دەپەڕییەوە بۆ ئەوبەر. زۆر شتی ئەو ڕۆژەی لە یاد نەمابوو، هەستی دەكرد تووشی بیرچوونەوە بووبێت. تەنها ئەوە نەبێت تەكسییەك بە لایدا گڤەی كرد، چاوی چووە سەر تابلۆكەی, دوو ژمارەی یەكەمی بە یەك و پێنج دەستی پێ دەكرد. هەر لە قەراغ شەقامەكەش فرۆشیارێك بە سەدايەكى ناسك هاواری بۆ شتێكی هەرزان دەكرد، بەڵام ئەوەشی بیر نەمابوو چیبوو! تەنها ئەوە نەبێت هەرزان بوو. گوتی: “نەفرەت بۆ بەمشەوە، بۆ ئێستا؟” دووپارچە حەبەكەی دەرهێنا و خستییە گیرفانی و دەنگێك لە گوێیدا دەزرینگایەوە. لە شەقامی گۆران پەڕییەوە بۆ نۆڕینگەی دكتۆرێك. دكتۆرەكە پاش ئەنجامدانی چەندین پشكنین، پاش چەندین كاتکۆ چاوەڕوانی دەستێكی هێنا بە پرچیدا. ڕدێنی نا، تەوێڵی خوراند و گوتی: “همم! تۆ تووشی نەخۆشی هایپەر سیرۆید گلاند بوویت.”

دەرگای ساردكەرەوەكەی پێوەدا. بە لەرزەلەرز بەرەو هاوێنەكە ڕۆیشت، دەستێكی هێنا بە قژیدا. كاتێك دەستی داگرت، چەند تاڵە موویەك بە قامكەكانیەوە هاتبوونەوە. لەبەر ڕووناكییەكی كزی مەیلەو زەردی، ناندینەكەش پێستی سەری بە هاسانی دەبینرا. گوتی: “نا، نابێت مەحاڵە چۆن شتی وادەبێت؟”

 

 وەك منداڵێكی ساوای ترساو خورپە دەیگرت. كوتەكوتی سنگی تا دەهات زیاتر دەبوو، ئازارەكەشی لەگەڵیدا زیاد دەبوو. هاوشێوەی ئەوەی قورساییەكی بیست كیلۆگرامی سینگی بە خۆوە بگوشێ‌، تا دەهات هەناسەدانی تەنگتر دەبووەوە. ئەو ڕۆژەی بیر كەوتەوە كە لەناو ساڵۆنی نۆڕینگەكە، پیاوێكی دیكەی لێ بوو. بە ئەستەم دەیتوانی هەناسە بدات، كەللەی سەری هاوشێوەی چەوەندەر سوورسوور بووبۆوە. دەرگای ژووری دكتۆر كرایەوە و بەردەستەكەی ئەمی بەرەو ژوورەوە بانگ كرد. بە هەنگاوی قورس لەگەڵیشیدا تۆقیو بۆ ژوورەكە ڕۆیشت. دكتۆرەكە چاویلكەكەی خستە سەر نووكی لووتی و گوتی: “همم! چۆن هاتووە ئاواش دەڕوا.”

 دۆخێكی دەروونی تەواوی ئەو شەوەی لێ‌ شێواند. ئازارێكی تازە، بەڵام ئاشنا لە بنی گەروویەوە تا تەوقی گەرووی چەكەرەی دەكرد، هاوشێوەی ئەوەی شتێك چڕنووك لە گەرووی بگرێت و بیەوێت بیخنكێنێت. دكتۆرەكە گووتی: “همم! هەندێك جار تووشی خنكان و هەناسە توندی دەبیت، بەڵام كێشە نییە ئێستا شێوازی بەكارهێنانی دەرمانەكانت پێدەڵێم چۆن هاتووە ئاواش دەڕوا.” ویستی شتێك بڵێت، بەڵام قوڕگی گیرابوو، وشەكانی لە زار وەك بۆڕەبۆڕێك دەهاتە دەرەوە. ئارەقەیەكی سووتێنەر لەو شەوە ساردە تەوێڵی دەبرژاندەوە. شۆلاوگەی ئارەقە تەوای گیانی گرتەوە. قسەكانى ئەو ڕۆژە كە دكتۆرەكە شێوازی خواردنی دەرمانەكانی پێدەگوتەوە، لە گوێى دەزرنگايەوە.

وێنه‌ی ژماره‌ سی و حه‌وت

جەستەیەكی لەرزۆك و بێهێز ترسێكی گەورەی خستبووە دڵی. لە دڵیدا نەك بە زاری، گوتی: “نابێت چۆن دەبێت؟ ئاخر من بەیانی…” هەرچی دەكرد نەیدەتوانی دەنگ هەڵبڕێت، ئەمەش وای دەكرد لێدانی دڵی توندتر و خێراتر بێت، لەگەڵیشیدا ئازاری ناوەندی سنگی زیاتر دەبوو. حەفتا، هەشتا، سەد، سەدوبیست، سەدوچل… هێندە زۆر بوو، نەیدەتوانی خۆی لەسەر قاچەكانی ڕابگرێت و داڕمایە سەر زەوی. بە دانیشتووی خۆی بەرەو ساردكەرەوەكە خێش كرد، دەرگای ساردكەرەوەكەی بە توندی كردەوە، ویستی حەبەكان دەربهێنێت و بیخوات، چونكە هیچ گومانی نەبوو تووشی نەخۆشییە كۆنەكەی بۆتەوە. حەبەكان لەناو ساردكەرەوەكە نەبوو… پاش وچانێك بیری كەوتەوە كە لە گیرفانیدایە. لە دەستشۆرەکەوە خۆی هەستاندەوە. خەریك بوو دەكەوتە حاڵەتێكی بێهۆشی حەبەكانی لە گیرفاندا دەركرد و تاوێكی كورت لێی ڕاما. دكتۆرەكە گووتی: “حەبەكان دوو جۆرن. دانەیەكیان دەبێت بە ماوەی شەش كاتکۆ دنكێك بخۆیت. ئەوی دیكەشیان لە ڕۆژێكدا یەك دنك یاخود دوو دنك زیاتر نەخۆیت.” پەرداخێكی لە چەكمەجەكەدا دەركرد و پڕی كرد لە ئاو. لە دڵی خۆیدا گووتی: “نابێت كارەكەی بە یانی لە دەست بدەم.” ئەو بڕیاریدا، لە هەر پارچەیەكیان یەك دنك بخوات. گووتی: “نا… كردی بە دوو… نا دووان كەمە، كردی بە سێ‌… چوار… نا نا نابێت بەیانی كارێكی گرنگم هەیە.” بێ‌ بیركردنەوە لە ئەنجامەكەی هەردوو دەستە حەبەكەی كردە ناو لەپى دەستی كە پێنج حەبی كاربیمازۆڵ و پێنج حەبی پڕۆپڕانۆلۆل بوو. هەمووی كردیە دە دنك، بێ‌ وەستان هەموو حەبەكەی بە گەروویدا بۆ ناو گەدەی ڕەوانە كرد و پەرداخە ئاوەكەی كرد بەسەردا. دووبارە پەرداخە ئاوەكەی پڕ كردەوە و ئەویشی یەكبینە فڕ كرد. دكتۆرەكە لە ژوورێكی پڕ لە بۆنی تیتۆڵ، گووتی: “خاترجەمبە، ئەم دەرمانانە وەك ئەسپی ساغت لێ دەكەنەوە. چۆن هاتووە ئاواش دەڕوا.”

قسەكانی كۆتایی دكتۆر وەك زەنگۆڵە لە گوێیدا دەزرینگایەوە. حەبەكەی خوارد و بەپەلە و بە لەنگەرى ناڕێك بەرەو ژوورەكەی گەڕایەوە. ویستی بە بیركردنەوە لە ڕووداوە خۆشەكانی ژیانی بۆ ساتێك ئەو نەخۆشییە لە كۆڵ خۆی بكاتەوە و هۆشی ئاسوودە بكات؛ بەڵام هیچ ڕووداوێكی بە بیر نەهاتەوە كە مايەى دڵخۆشى بێت. تاكە پاڵنەرێك بۆ بەردوامی و دڵخۆشی تەنها كارەكەی سبەینێی بوو. دوای کاتکۆیەک لە خواردنی حەبەكە، لەتاو ئازاری سنگ و پشتە سەری وەك شێتێك لە سووچێكی ژوورەكەیدا هەڵترووشكابوو. لەدوای ئەمەوە، دوای نیو كاتکۆی دیكە، هەستی كرد كەمێك لە ئازارەكەی كەمی كردووە. ئەمجارە دەیتوانی هەستێت و بە ئاسانی خۆی لەسەر پێكانی ڕابگرێت. بزەیەك هاتە سەر لێوەكانی، دەنگی بۆ گەڕایەوە و گووتی: “خۆم دەمزانی، هەر ئەوەبوو.”

بە مەبەستی نووستن، گەڕایەوە ناو جێخەوەكەی، بەڵام بیری كەوتەوە كە دكتۆرەكە حەبێكی خەوتنیشی بۆ نووسی بوو. بەپەلە گەڕایەوە ناندینەكە و پێنج دنك لەو حەبەشی خوارد. دوای ئەوە، بە خەیاڵێکی ئاسوودەوە، بە مەبەستی پشوودان لەدوای ئازارێكی زۆر، دەچێتە ناو جێخەوەكەی و چاو دادەخات. وردەوردە ژانەسەری نەدەما، بۆڕی هەناسەدانی كرانەوە و دەیتوانی بە نەرمی هەناسە بدات. لەشی شل شل و داهێزراو ببوو. لەنگەری ڕاگرتنی ملی، لە جڵەوی خۆیدا نەدەما. هەستی بە لێدانی دڵی نەدەكرد، هەرچی كرد نەیدەتوانی دەنگ هەڵبڕێت و كەسێك لەناو ماڵەكە لە دۆخی خۆی ئاگادار بكاتەوە. ئارەقەی سوتێنەر گۆڕدرا بۆ ئارەقەیەكی سارد و دانەچۆقەی تێكەوتبوو. دڵەخورپەی لەناكاو و لێڵی بینایی دۆخێكی نیوە بوورانەوەی بۆ دروست كردبوو. نیو كاتکۆی دیكەش هەروا تێپەڕی، واتە دوو كاتکۆ لەدوای خواردنی حەبەكان.

ئەو ڕۆژە، لەوبەری شەقامی گۆران، بۆ ئەمبەری دەپڕییەوە، بەڵام نەیدەتوانی. ئەمجارە خەیاڵ شوێنی هەقیقەتی گرتەوە. هەرچەند هەوڵیدەدا و خۆی ماندوو دەكرد، نەیدەتوانی هەنگاوێك بچێتە پێشەوە. دەپەڕییەوە، نەدەپەڕییەوە. دەپەڕییەوە، نەدەپەڕییەوە… ئەمجارە بەخێرایی لاقی هەڵهێنا و یەك بۆ دوو هەنگاو چووە پێشەوە، بەڵام لە هەمان جێگای سەرەتادا خۆی بینییەوە… دكتۆرەكە لەوبەر شەقامەكە چاوەڕێی دەكرد و هاوارێكی لێ كرد: “چۆن هاتووە ئاواش دەڕوا.” زۆر هەوڵیدا، لێ‌ بێسوود بوو. لە كۆتا هەوڵیدا، تەواو خۆی لەناو ڕوناكییەكی خەستی شینباو دۆزییەوە. سێبەرەكەی تۆختر لە ڕووناكییە شینباوەكە دەركەوت. دەنگە نەرم و ترسناكەكەی بوو دەبیسترا: “چۆن هاتووە ئاواش دەڕوا.” تارماییەكە بەرەو ڕووی هات و دەستی گرت و هاوشانی یەك وەستان و لايەكى بۆ كردەوە، چاوەكانی دەبریسكانەوە، بزەیەكی كرد و گوتی: “چۆن هاتووە ئاواش دەڕوا.” هەردووكیان لە ئاسۆیان ڕوانی. تارماییەكە لاقی هەڵهێنا و یەكەم هەنگاوی هاویشت. ئەمیش نەیزانی چی بكات؟ بۆیە گورج خێرا بەدوایدا هەنگاوی هەڵهێنا…

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌