تاریکاییەک دەبینم
پڕ لە شەهوەتی سپی
لە ژوورێکدام خەریکە بنیچەکەی بڕوخێت
لەژێر داروپەردووی مۆدێرنەدا
خۆم وەک سەگێکی تۆپیوو دەبینم
تاریکاییەک دەبینم
پڕ لە خەونی خەوتوو
لەهەسارەیێکدام پڕ لە زیندەوەری مردوو
ئێواران بەسەر دووکەڵی شارەکاندا پیاسەدەکەم
بەیانیان ڕۆبۆتێک هەڵمدەستێنێ
تاریکاییەک دەبینم
پڕ لە ئومێدی بۆگەنکردوو
لە حەوشەکەمدا ئینجانێک بارووت هەیە
لە گەڕەکەکەماندا باخچەیێک چەکی ڕەنگاوڕەنگ دەبینرێت
دارفیشەکێک لەسەری کۆڵان بۆمبی گرتووە
بەیانیان تانکێک دەمگەیەنێتە سەر کار
ئێوارانیش ناگەڕێمەوە
قوتابخانەیێک دەبینم
پڕ لە سەربازی پێنەگەیشتوو
منداڵێک خەریکە یاری بە فیشەک دەکات
مامۆستایێک خەریکی وتنەوەی وانەی جەنگە
گوێم لەدەنگی تۆپخانەیێکە نزیک
مزگەوتێک دەبینم
پڕ لە تارمایی سپی
لە منارەیێکەوە دەنگی ژنێک دێت دەگری
گوێم لێیە، منداڵێک بە ترسەوە
سوڕەتی ( تەوبە) دەخوێنێت
تەرمێک کراوە بە ئاڵا
بانگەشەی مەلاکان دەستی پێکردوە
بۆ بوون بە جێگیری خودا
لە تەوالێتی مزگەوتێکدا تا دەتوانم دەڕشێمەوە
بەیانی مەلایێک دادگاییم دەکات
دوو بەیانی لە جەهەندەم گۆرانی دەڵێم
کەنیسەیێک دەبینم
خاپوور
مەسیح لە ئاپارتمانێکەوە
شەوانە سەکسیفۆن دەژەنێت
داوای لێدەکەم بهێڵێت بخەوم
تادەتوانێت تفێکم تێدەگرێت
منیش دەڵێم: سوپاس…
ئهم شیعره لهدیوانی ؛ ” کووخەکەم لەمبەر دەریاچەکەیە” ٢٠١٨ – لاپەڕە ٥٥. بڵاوبۆتهوه