دیار سۆفی

Loading

دادایزم

لە بیری جیهان چوومەتەوە.

لەناو چۆڵەوانیی خۆمدا پیاسه دەکەم،

ئەوە وادەکات درەنگتر خۆمم بیر بچێت.

 

وەک ئەوەی خۆر لە تەنیاییمدا بسووتێ،

جێیەک نییە کەمێک فێنکاییم بداتێ،

سێبەرێک نادۆزمەوە بۆ بڕێک دڵنەوایی.

 

 

 

 

بێدەنگی وەک دەمار جه‌سته‌ی  تەنیوم

پەنجەرەیەک نییە خۆمی لێ فڕێبدەمە قەرەباڵغییەکەوە.

 

دەرەوەیان پڕکردووە لە چاڵ

دەترسم لێیەوە بکەومە ڕابوردوومەوە.

 

 

لەژێر چەترێکدا کۆدەبووینەوە

سفرەیەک بانگی دەکردین.

جێیان هێشتین،

هەریەکەمان کەوتینە نێو خۆمانەوە.

پەرتبووین

ئاوەدانییەکمان پێ نەدۆزرایەوە.

بەدەم تەماشاکردنەوە

گۆرانیمان بۆ بۆشاییەکانی ناوەوەمان دەچڕیی.

 

 

هەموومان بووینە چۆڵەوانی

یادەوەرییمان وشکبوویەوە،

ڕووخسارمان بووە وێنە،

چاوەکانمان ڕەنگیان بیرچوویەوە.

 

 

دادایزم؛ یۆهانیس بارگێلد Oktober 1892 -. August 1927 ڤینۆس له‌كاتی گه‌مه‌ی پاشاكاندا.
Die „Venus beim Spiel der Könige“

تەنیاییم هەراش بووە

کەس زەنگ لێ نادات بێتە نێومەوە

خەریکە بیرم دەچێت بژیم.

 

پڕبووم لە چۆڵەوانی

ڕێمبدەن تەنیاییم تف بکەمەوە.

دەنگێک ئاشتم ناکاتەوە بە بیستن

دەنگێک نامهێنێتەوە ناو ژیان.

دەنگێک گوێیەکانم لە خشتەنابەن.

بێتاقەتییم بە کەنتۆری جلەکانەوە هەڵدەواسم

تا ڕووت ببەمەوە لە بیرکردنەوە.

تا کێشی مێشکم دابەزێنم.

من بەردەوام لە درەنگکەوتن دەترسام

بۆیه گشت ڕابردووم بە ڕاکردن بەسەربرد.

دادایزم؛ یۆهانیس بارگێلد Oktober 1892 -. August 1927 ڤینۆس له‌كاتی گه‌مه‌ی پاشاكاندا.
Die „Venus beim Spiel der Könige“

جیهان ڕادەکێشمە ناوەوەم

تا بە ئاسانی بەنێویدا پیاسە بکەم.

 

وەک چۆن بێگانەیەک بێگانەیەکی تر دەردەکات،

ڕژامە تاریکایی خۆمەوە.

قسەکردن لەسەر تەنیایی کەمێک دژوارە

بەڵام لەبەر ئەوەی کە تەنیام،

بەردەوام لە گۆڕاندام.

 

 

 

 

دەبێ هاوسەنگییەک ڕاگرم لە نێوان خۆم و دەرەوەدا

وەختە ناوەوەم لە جیهان فراوانتر دەبێ،

من لە ناو خۆمدام

لێرە کەسم نییە، جگە لە ترس و دوودڵی

ئێمە پێکەوە شەتەک دەدرێین و تل دەخۆین،

پێکەوە فڕێدەدرێینە ناو شەوەوە.

 

 

من ئاسمانی خۆمم هەیە

زەویی خۆم.

 کە ئەم هەموو هەورە بەسەرمندا ببارێ

تەنیاییم پێ وشک ناکرێتەوە.

بیر لەوە دەکەمەوە ئەم زەوییەی ناوەوەم دابەش بکەم

بێخەمبن، بەشی هەمووتان چۆڵەوانییم هەڵگرتووە.

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.