ئیدوارد مونخ - Madonna, 1895/1902, by Edvard Munch.

دوایین شەوەکانی سیمرخ


Loading

دوایین شەوەکانی سیمرخ*

قەسیدە – کاری شیعریی

سەڵاح شوان

 

ئێدوارد مونخ- قیژە – ١٩١٠
Edvard Munch, The Scream, 1910, tempera on board, 66 x 83 cm (The Munch Museum, Oslo)

١
تا ئەمڕۆکەش…
ھەموو ڕۆژێک کاتێ کە ئێوارە دادێ
بە یادی عەشقە جوانەمەرگەکەی تۆ
پەردەکانی دڵم دادەدەمەوە و
مۆمە شیعرێکی گەش وەک چاوەکانت
دادەگیرسێنم و بێدەنگ
پشت لەم سەردەمی گورگانە دەکەم و
ڕووەو ڕۆژئاوا دادەنیشم.
زۆر چاوەڕێم کرد تاوەکو کوێراییم داھات
ئێستاکەش خۆری خوداکەی تۆ
لێم ھەڵنەھات،
تازە بەم درەنگان شەوە
بەم درەنگە زەمانە،
بە دەم مەستیی و نەستییەوە
نە خۆر ھەڵدێ و نە من چاوەڕوانی خۆرم.
بە مۆمە کوژاوەکانی خەونەکانمدا دەچمەوە،
لاپەڕە بە لاپەڕە ھەڵیان دەدەمەوە بەڵکو
لەم شەوە سارد و تاریکەی دوا دواییدا
ترووسکاییەک ببینم.
ھیچ دیار نییە،
وتی لێرە دانیشە
لەگەڵ یەکەمین گزنگی خۆرھەڵاتندا دێمەوە
ئێستا و ئەوسا نەمدییەوە
تا ئەمڕۆکەش…
ھەموو ڕۆژێک کاتێک کە ئێوارە دادێ
بە یادی عەشقە جوانەمەرگەکەی تۆ،
پەردەکانی دڵم دادەدەمەوە و
مۆمە شیعرێکی گەش وەک چاوەکانت
دادەگیرسێنم و بێدەنگ
پشت لەم سەردەمی گورگانە دەکەم و
ڕووەو ڕۆژئاوا دادەنیشم.
خۆی پێی وتم؛
کاڵوکرچە بەری داری زڕی ئەوان
بۆش و بەتاڵە پەیامی پێغەمدزان
من بە خوێنی باخچەی تەمەن بۆت دەنووسم
گەر یەک جار بیخوێنیتەوە
ئیتر پێویستت بە پاپۆڕ نابێت تاکو
دەریاکانی ھوشیاریی پێ پەی بکەی.

 

 

٢
با شەویش بێت و با دنیا
ئاگربارانی دۆزەخ بێت.
من دەیبینم،
خۆی بە پەڕەی گوڵێکی وەریو پۆشیوە
تا بە ئاگری دۆزەخی مارس نەسووتێ
تۆ سەیریکە…
ئەم گەردوونە چۆن لە گۆمی
قیڕی توواوەی تاریکیی خودای جەنگدا
توواوەتەوە و خنکاوە.
ئەوە شیعرە، یان کۆنە دڵی عەشقێکە
وا بە شمشێری جەللادەکان ئاوەھا لەتلەت کراوە؟
ئەوە ئاواتەکانی منە، یان ئاوازەکانی داودە
وا دڵی ئەمدیوو و ئەودیوو
بە تیری ڕق سمێنراوە؟
بەردبارانە، ئاگربارانە،
غەمبارانە ئەم گەردوونە ئەمشەو
کوا تازە بە من چارە دەکرێ
ئەم بەزم و ڕەزمی زەمانە!
کوا تازە من چارەسەری ئەم بەزم و ڕەزمی زەمانەم پێدەکرێ.

 

 

 

Print of ‘The Scream’ (1895) © Private Collection, Norway

٣
ئێستا لە دوایین ھەنگاودا
ئاوڕ دەدەمەوە ڕێگام خۆڵەمێشە،
نازانم کێ پێشتر گڕی تێبەرداوە
نازانم کێ
کێ بوو؟ بۆچی؟
گوڵزارەکەی ئەوسای جێگا دڵداریمانی کردووە
بە وشکە خاکێکی وەکو
وەکو دڵم ڕەق و چۆڵ و شەقار شەقار؟
ئەو وتی ئێستاش ھەر ماوە
تۆ نایبینیت.
کوێرە چاوێک خەو بە خۆری سبەینێوە نەبینێ
وێرانە دڵێک نەبێتە چوارچێوەی خۆرێکی عاشق،
من ھەردوو خۆرەکەم دۆڕاند.

 

 

٤
ئەو وتی بەسە با ئەمشەو
لەوە زیاتر نەخۆینەوە
من دوایین شیعرم ھێشتاکە لە نیوەبوو
کە سەیری دەوری خۆم دەکەم کەس نەماوە
ھیچ کوێیەکم لێ دیار نییە
ھیچ دەنگێکیش لەم مەیخانەیەوە ناێت ئەمشەو
دنیا ئەمشەو مەیخانەیەکی چۆڵی داخراوە
وێرانە وێرانە وێران
ئەم خاکی خودایە خەوتووە
تاریکەخاکە ئا ئەمشەو
منیش لە خودا
تەنیاتر و
دڵتەنگتر و
بێزارترم.

 

٥
جەللاد جارێکیان
شێرەکانی خۆی بەردایە گیانم تا بمخۆن
من شیعربارانیانم کرد.
بەڵام تائێستاش نەڕەیان
دێتە گوێم و لەودیوو دیواری
زەمانەوە خۆیان مەڵاس داوە بۆم،
ڕۆژێک دێت پەلامارم بدەن.

 

 

٦
من وتم بەھەشتم ناوێ
بە ڕووباری شیر و شەراب و ھەنگوینەوە
تەنیا شیعرێک
تەنیا پێکێک
بە یادی چاوەکانی تۆ بیخۆمەوە.

ئیدوارد مونخ- ڤامپیرII
Vampire II, 1896, by Edvard Munch

٧
ئا ئەمڕۆ نا…
دوێنێ بوو ھەر تەنیا دوێنێ
ڕەوە کۆترێکی سپی
ئا لێرەدا ھەڵنیشتبوون.
نازانم کام گەردەلوولی قینێک ھات
ڕاپێچی ئەو دنیای کردن؟
کامە دنیا؟ کامە ئەودیوو؟
دنیا ھەر یەک دیووە و ھەرگیز
خودا ڕوویەکی دیکەی نییە
ئاسمان ھەر یەک ڕەنگە ھەرگیز
ڕاستی ڕەنگی دیکەی نییە.
شیعر ھەر یەک دەنگە، باران
ھیچ دەنگێکی دیکەی نییە.
ئەودیو، ئەوسا، ئەو دنیا و ئەو
ئەو ھەموو ئەوانەی دەڵێن؛
کەی؟ لە کوێ؟ چۆن دەردەکەون؟
من چاوەڕوانیی زیاترم پێناکرێ.

 

٨
لەوەتەی ھەم دەخولێمەوە
بەدەوری خۆم و ئەوان و شوێنەکان و کاتەکاندا
نە چراکەی دیۆجینۆسم پێیە،
نە کەڕەناکەی داود.
ھەرچی ھەیە وەکو من دەخولێتەوە
بەدەوری خۆی و خودادا
زەوی و خۆر و ڕێی کاکێشان و گشت گەردوون دەخولێنەوە،
خەڵکی لە دەوری بەردە ڕەشەکەی دەستی ڕاستی خودا.
دایکم پێمی دەگووت: لە دەورت گەڕێم،
شۆفێر لە دەوری فولکەکەی سەرا
گەردەلوول، گێژەنگ
ئەتۆم و ئەوەی نایبینین،
ھەر ھەموو دەخولێنەوە.
ئەی خودا بە دەورەی کێ، چیدا دەخولێتەوە؟
ئەم خولانەوانە گشت پووچن،
خولانەوەی من و زەوی و ئەستێرەکان و گشت گەردوون
کێ دەتوانێت ڕایان بگرێ؟

٩
کێ لە خولانەوە دەوەستێ؟
کێ لە کوێدا ڕادەوەستێ؟
لە سەرەتا، یان ناوەڕاست، یان کۆتایی؟
سەرەتای کۆڵان، یان شەقام؟
سەرەتای ڕۆژ؟ خواردن؟ خەوتن؟
سەرەتای ژیان؟ یان مردن؟
کوا سەرەتای من لە کوێوە دەست پێدەکات؟
لەدایکبوون، یان کۆرپەیی، یان لە لەشی دایک و باوکمدا
ئەی ئەوان لە کوێیان ھێنام؟
خودا دەڵێت: لە ئادەم و لە حەواوە من ھێناتم
داروین دەڵێت: لە دوو ترشۆکەی دەریاوە
ئەی دەریا خۆی لە کوێوە ھات؟
ئەی خودا خۆی لە کوێوە ھات؟
منیش ھەر لەوێوە ھاتم
ھیچ شتێک سەرەتای نییە
ھیچ شتێک کۆتایی نییە
ھەموو شتێک خۆی سەرەتا و کۆتاییە
ئەگەر بتوانین بیبینین.

 

١٠
تۆ ڕوو لە کامەیان دەکەی؟
کامەیانت پێ واز لێدێت؟
نوێژ و نزا، یان خواردن و ھەناسەدان؟
مزگەوت جێگای کامەیانە؟
خۆ دوو گڵۆڵە بە یەک دەست ھەڵناگیرێت
بۆیە زەردەشت گووتی:
یەک درۆیە، ھەمووی دووانە
بوون و نەبوون، تاریک و ڕوون
سەرەتا و کۆتایی،
چاک و خراپ.

 

 

١١
ھێشتا سەرەتای بەھار بوو
کە جێی ھێشتم
لەوساکەوە بەدوای خۆیدا
چوار وەرزەیەکی باران و گەڵاڕێزانی بۆ جێھێشتم.
کێ پایز و گەڵاڕێزان و مردنی بۆمان ھێنا،
کێ کوشتن و درۆ و ڕقی پێمان بەخشی
کێ ئەم دنیایەی وا دانا،
بۆ وای دانا
یەک تای تەرازووی ھەبوو، ئەویش لاسەنگ.

 

 

ئێدوارد مونخ؛ دایك و منداڵ

١٢
بە لاپەڕەی کاڵبووەوەی تەمەنمدا دەچمەوە
بەرەو دواوە، بەرەو دواتر
تاکو دەگەمەوە ئەوێ.
ئەوێ لە باوەشی دایکم
لە پایینی (خاڵخاڵان)دا
بەڵام نازانم بۆ؟ کەی؟ چۆن؟
نە دایکم، نە باوکم، نە ئەوێش ھیچیان نەماون.
کێ ئەو ھەموو خاڵانەی سڕیوەتەوە؟
خەم و خۆشی، خەون و خەیاڵ
ھەست و سۆز و ئاوات و ئومێدی بەتالڕ
بەتاڵە بەتاڵە بەتالڕ
ئەم گەردوونە، ئەم ژیانە
پڕە لە بۆش و لە بەتاڵ،
ئەم گەردوونە بێخاوەنە
کێ یەکەمین بەردی داناوە؟
بۆچی ئێستا دیار نەماوە؟
بۆ دروست بوو؟
بۆچی؟ کەی؟ چۆن؟ لەناودەچێ؟
کێ وەڵامێکی ھەیە بۆم؟
پێش مردنم با پێم بڵێ
تا بە بەتاڵی نەمرم.

 

 

 

Madonna, 1895/1902, by Edvard Munch.

١٣
منیش ڕۆژێ لە ڕۆژان منداڵبووم
خۆشەویستی دایە و باوە
ئێستاکە پیرێکی تەنیای پڕ
پڕ لە ئاگری کوژاوە؟
ئێستا لەسەر کەلی
ئاوابوونمدا وەستاوم
دوایین سەرنج
دوایین ئاوڕ
لە ڕابوردوو دەدەمەوە.
ڕێگایەکە
بە بست ھەر بستێ دووان دەبێ،
بە کاتیش وەھا درێژە،
لە سەرەتای ئەم دنیایەوە
ھەر ھەیە و ھەر ھەبووە،
تا کۆتایی ئەم دنیایەش ھەر دەمێنێ،
ھەر دووکەڵە و تەپوتۆزە
دووکەڵی دانەمرکاوەی
ئازار و غەمەکان ھێشتا
بۆنچڕووکیان لێ ھەڵدەسێ.
تەپوتۆزی ئاژاوەکان
ھێشتا سەر و چاوی ئەوانی پۆشیوە،
گوڵی شیعرەکانم سیس و ھەڵوەریون
تاشەبەردی بیرۆکەکانم ھێشتاکە
ڕێگاکەیان تەنگ کردووە.
ئەو ھەموو گەردانەی عەشقە
بۆ بێلانە جێھێڵراون؟
کێ ھەندێکی لەگەڵ خۆیدا برد و ڕۆیی؟
نازانم بۆ پێشم کەوتن،
خۆ من وتم
مەرگم بە پێش مەرگتان کەوێ
وتم مەرگتان نەبینم ھەرگیزاوھەرگیز
بۆچی کەسێ نەبوو جارێ گوێم لێبگرێ
کاتێ گووتم…

 

 

١٤
کوانێ ئەوەی دەڵێن گوێی لە خشەی مار و مێرووە، کوا؟
بۆچی ئێستاکە کەڕ بووە؟
درۆیە درۆیە درۆ،
کەس نییە گوێ لە کەس بگرێ
ھەر دووکەڵە و ھەر تەپوتۆز.
وتی بەر بەدواوە مەکە
ئەگینا دەتکەم بە بەرد
ئەم ھەموو بەردانە کێ بوون؟
چییان دەوت؟ چییان دەکرد؟
کێ دەزانێ؟
لە کێ پرسم؟
کێبوو وتی: ئاخر شیعر بۆ کێ بڵێم
کوا کێ ماوە دڵێکی ئاشقانەی ھەبێت.
زەمانی دڵبەردەکانە ئا ئەم زەمانە، ئەم زەمان
زەمانی مرۆڤ خۆرانە
زەمانی درۆبارانە ئەم زەمانە.
ھەزاران ساڵ بوو بێدەنگ بووم
وامدەزانی گورگە ھارەکانی دارستانی پاشا
خواردوویانە،
بەڵام کە گوڵێ دەوەرێ
دەیان تۆوی گوڵی نەمر جێدەھێڵێ.
وتیان گوڵە کێوییەکان بگرن، بیان کوژن،
ئێمە تەنیا گوڵی سەر مێزمان گەرەکە
بچن لە بازاڕی خۆفرۆشاندا بیکڕن،
ئەو گوڵزارانە وێران کەن
کە گوڵ بۆ خۆیان ناگرن.
وێرانە وێرانە وێران
ئەمڕۆکە خاکی کوردستان
کە گوڵی یاخی ناگرێ،
وێرانەخاکە ئەو خاکەی
جێگای گۆڕی
شاعیرێکی گێلی تێدا نابێتەوە.
جێگای دڵی عاشقێکی
خەمان گەستەی وەک منی تیا نابێتەوە،
نالی، حاجی، شێخی سەنعان
ئەوانی تری گۆڕغەریبان.
وێرانەخاکە ئەو خاکەی
کرا بە جێی گۆڕپەرستان
کرایە جێی براگەورە و
دەرباری گەورە و
کەری گەورە.
من گەورەکان ناپەرستم
بچووکەکانم خۆشدەوێ
وەک کانییەکەی گۆران و
پێکەکەی دەستی خەیام و
گۆچانەکەی دەستی شارلی و
کەرەکەی حەزرەتی نالی.

 

١٥
من وڵاتێکم بۆچییە
وەرزی دیار و نادیاری
تارمایی ئەژدیھا و کابووسبێت

 

ئێدوارد مونخ؛ نیگه‌رانی – ١٨٩٤
Anxiety. 1894. 94 cm × 74
cm (37 in × 29 1⁄4 in). Munch Museum, Oslo

١٦
ئێستا گورگە چاوسوور و سەگە ڕاھێنراوەکان
کەڵبەیان لە شیعرەکانم گیرکردووە،
دەیانەوێ جریوەکانی خەفەکەن.
خۆ من داود نەبووم کەچی
ویستیان گۆرانی خودایان بۆ بڵێم،
کەی سروودی سروودەکان
لەناو قەفەسدا وتراوە.
کەی خوڕەی ئاو
لەناو زەلکاودا خوڕەی دێ،
کەی ئەھریمەن لەژێر خۆردا
بۆ گوناھکاری دەگەڕێت
بۆشە
ناھەقە
ناڕەوا
ھەرچی ھەیە لەسەر زەوی و
لەژێر ئاسماندا بەتاڵە
ناڕەوایە
بەتاڵە وەک
دڵی گورگەکانی جەللاد،
ناڕەوایە وەک کوشتنی شیعرەکانم.
لە باخچەکەی جەللاددا دەستم برد بۆ گوڵێ،
ئەو جەندرمەکانی خۆی ناردە گیانم
لەپای گوڵێ ھەزاران دڕکی قینیان
چەقاندە ناو دڵی خۆم و شیعرەکانم
من دڵی دڕکاویم ناوێ
من خودایەکم…
من خودایەکم دەوێ چەتە و شیعرکوژی
نەبێت و دڵی ھیچ کەسێک
دڕکاوی و ژەھراوی نەکات
وتیان خودا
لە خشەی مار و مێروولەش ئاگادارە
کە چووم گلەیی لا بکەم
لەوێ نەبوو
وتم ئاسمان لە گیرفانی بەتاڵی من بەتاڵترە
وتیان بڕوانە حەلاج و
گیڤارا و
شیعرەکانی خۆت
خۆت لە ھەناسەی ساردی من دەپارێزی و
دەشارییەوە.
نەک ببێ بە گەردەلوولی ئەشقێک و
ئیتر ئەشق ڕاپێچت کا و
بتباتەوە بۆ دۆزەخی دڵدارییەکەی جارانمان
بەتاڵە بەتاڵە بەتاڵ.
کێ ئەم شووشانەی بەتاڵکرد؟
چۆڕێ نییە بیخۆینەوە
کێ ئەم ڕووبارانەی بەتاڵکرد؟
کێ ئەم ئاسمانە…
ئەم گەردوونەی…
ئەم ژیانەی بەتاڵکرد؟
منیش داوەکانی دروشانەوەی ژیان دەچنم
ماچی گەرمی دەف دەکەم و ناوچەوانمی لەسەر دادەنێم.

ئابی ٢٠١٧: نەرویج

 

 

 

* سیمرخ باڵندەیەکی ئەفسانییە  ئاگرینە و  دەبێتە خۆڵەمێش و دوایی لەناو قەقنەسدا لەدایکدەبێتەوە. 

* تابلۆکان هونەرمەندی نەرویجی Edvard Munch  ئێدوارد مونخ  ١٨٦٣ – ١٩٤٤

 

 

 

 

سەڵاح شوان

کورتەیەک لەسەر شاعیر سەڵاح شوان 

* سەڵاحەدین ئەحمەد خورشید: سەڵاح شوان
* لە ١٥/٤/١٩٤٧ لە دێی مام ڕەش، ناوچەی شوان، پارێزگای کەرکووک لەدایک بووە.
* دەرچووی بەشی کوردی زانکۆی بەغدایە، ساڵی ١٩٧٢.
* لە ساڵی (١٩٩٦)ەوە لە نەرویج دەژی.
* چاپکراوەکانی:
١- دڵدارەکەم پایزە گەواڵەیەک نییە: کۆشیعر ١٩٧٨.
٢- ئەستێرە بەرزە: کۆچیرۆک ٢٠١٢.
٣- شەوێک لە شەوانی سیمرخ: کۆشیعر ٢٠١٣.

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌