ساكار زێڕین

ساكار زێڕین; وەڵامی ژنێك بۆ تێزێکی بەختیار عەلی سەبارەت بە ” ژن – بوون”


Loading

لەم نوسینه‌مه‌داهەوڵ دەدەم دەقێکی نووسەر بەختیار عەلی کە لە کتێبی “کەشتی فریشتەکان” دەرهێنراوە ولەسەر زاری “وەفای ڕەفعەت بەگ”ەوە نوسەر ئەم تێزە دادەڕێژێ بیخەمە ژێر ڕۆشنایی ڕەخنە وئەزموونی ژنێك کە بە پرۆسەی ژنبوون تێپەڕیووە. دیاره‌ ئەگەری ئەوە هەیە نوسەر بڵێت؛ ئەم دەقە تەعبیر لە ڕوانینی شەخسی خۆم ناکات وتەنها دەربڕینێکە کە تەعبیر لە جۆرێك لە ئەقڵیەتی پیاوانەیە دەکات لە دونیای کوردیدا….به‌ڵامترسناکی قەڵەم ونوسین بە تایبەت چیرۆك و ڕۆمان لێرەدایە کە نوسه‌رەکان دەتوانن بیروباوەڕی خۆیان یان بە ناوی کەسانی ترەوە بەبەر گوێی سەدەها وهەزارەها خوێنەر بدەن بەڵام بەرپرسیارێتی ئەگەری خراپ بەکارهێنانی نەگرنە ئەستۆ.

 من ئەو دەقەم لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەرچاوکەوت، کە گەنجێك لە پەیجی فەیسبووکەکەی داینا بوو لەژێر ناوی؛ بەختیار عەلی (نەك وەك وتەی وەفای ڕەفعەت بەگ لەو کتێبەدا) …دڵنیام مەبەستی ئەو گەنجە لە دانانی یان ماناداری ئەو دەقەیە کە لەگەڵ سیستەمی مانا وبیروباوەڕی ئەو کەسە یەكدەگرێتەوە، وپێخۆشە لەو جۆرە دونیابینیە  بڵاوبکاتەوە، به‌مانای وستوویەتی لە ڕێگەی پەیجەکەی بیخاتە بەرچاوی هاوڕێیانی، بۆئه‌وه‌ی  بزانێت چەند کەس لەگەڵی هاوڕا یان جیاواز دەبن.  من هەڵوێستەم لەسەری کرد بۆ ئەوەی بتوانم وەك هەوڵێك پێشگیری لە بڵاوەکردنی ئەو جۆرە لە پاسیڤ کردنی “ژن – بوون” بگرم جا لەژێر ناو وسەر زاری هەر کەسێك بێت.

کاتێك دێین چاومان دەکەوێت بەم چەند دێرەی دەسپێکی دەقەکە؛

 “یەکەم پیاو کە خانمێک دەکاتە ژن، ئەو کەسە نییە کە لەگەڵیدا دەخەوێت، ئەو کەسە نییە پەردەی کچێتی لادەبات و بارێکی سەخت و ناشرینی لەکۆڵ دەکاتەوە”

  • بڕوانه‌: به‌ختیار عه‌لی؛ كه‌شتی فریشته‌كان – كتێبی یه‌كه‌م –  ئه‌ندێشه‌. ل١٤١-١٤٢

 له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م دێڕانه‌ هەستێکی خۆش دامان دەگرێت و وه‌ها دەزانین نوسەر خەریکە پەنجە دەخاتە سەر گرێی پیاوبوون و گرێی گیرۆدەبوونیان بە پەردەی کچێنی وکردنەوەو باس کردنی ئەم گرێیە. دەرئەنجام ئازاد کردنی ژن وجەستەی ژنە لە داوی ئەم گرێکوێرەیە، کەچی ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان وشڵەژانە دێڕەکانی دوای ئەم چەند دێرەن.

هەر ڕێك دوای ئەم دێرە نوسەر دێت و جەستەی ژن وپڕۆسەی “ژنبوون” زۆر بە سانایی تەسلیمی “نیگای پیاو” دەکات. بە بڕوای نوسەر یەکەم پیاو:

 “ئەو کەسەیە کە یەکەمجار وێنەی ژنێکی ڕاستەقینەی تێدا دەبینێت. وادەکات ئافرەتێک لەڕێگەی نیگاکانی ئەوەوە لە منداڵییەوە بەرەو ژنێتی بگوازێتەوە.”  — ه.س.پ.

لە دریژەی قسەکانیەوە نوسەر زۆر بە یەقینەوە دەڵێت وپێداگیری لەسەر ئەوە دەکات کە ژنبوون؛

 “جۆرە باوەڕێکی تایبەتییە، جۆرە ئیمانێکی ژنە بە جەستە و توانای خۆی، کە بەبێ نیگای پیاو نایەتەدی..” –ه.س.پ

وا وەیلا بۆ ئەو ژنەی کە قەت شانسی بەریەککەوتنی بە نیگای پیاوی بۆ هەڵناکەوێت، ئیتر تا دوا ساتی  ژیانیان وەك “ڕۆحی ڕووت دەسوڕێنەوە” وهەمیشە چاوەڕێی نیگایەکن وەک جەستە دانیان پێدا بنێت.” …هەروەك نوسەر لە درێژەی دەقەکەیدا ئاماژەی پێدەکات.

بە بڕوای من کێشەی ژن و ژنبوون، لەو ڕۆژەوە چڕتر بووبێتەوە کاتێ پیاوان بە دیدگای خۆیان، بە بیرو باوەڕ ونیگای پیاوانەی خۆیان دێن تیشك دەخەنە سەر مانای بوون وڕۆڵ وپێگەی ژن لەم جیهانەدا. ئەم جۆرە پیاوانە زانا وفەیلەسوف ونوسەر وبەناو “ڕۆشنبیر” وپیاوانی ئایین و ودادورە وپیاوانی هەموو بوارە جیاوازەکان دەگرێتەوە. هەر یەکێك لەوانە بە کەیف ومەیلی خۆی ماهیەتی ژنبوون، ڕۆڵ وپێگەی ژنیان دیاری کردووە.

کێشەی هەرە سەرەکی من لەگەڵ ئەم تێزە وەکو ژنێك ئەوەیە؛ کە بەڕاستی نوسەری پیاو لەسەر زاری فیگۆرێکی پیاو چۆن تووانیویەتی خۆی بخاتە شوین (منی ژن)  وبە من و بەهەزارەها خوێنەری ژن وپیاو بڵێ کە ژن بوون چیە وچۆنە؟ پرسیارە بەدیهیەکە ئەوەیە کە ئایا ئەو بۆ خۆی وەکو پیاو قەت بە ئەزموونی “ژنبوون” تێپەڕیووە؟

 ئەگەر نا ئەو بە چ مافێك دێت بۆ ئیێمەی ژن واتا وتێزی “ژنبوون” دادەڕێژێت، کە سەرتاپای کێشەدارە ولەوە ناچێت لایەنی کەم لێکۆڵینەوە یان پرسیاری لە چەند ژنێك کردبێت، کە بە پڕۆسەی ژنبووندا چووبن یان “نە”چووبن؛ ئەوە کاتێك ئەگەر ئەو ژنانە تا ئێستا شانسی گەیشتن بە نیگای پیاویان نەبووبێت؟!

ئەگەر تەنها پڕۆسەی ژنبوونی من ئەو کاتە بێت، من بەر نیگای پیاوێك دەکەوم ولە چاوی ئەو پیاوە باوەڕ بە جەستە وتوانای خۆم لا دروست دەبێت.  دەی گریمان من وەك ملیۆنەها ژنی تر ئەو دەرفەتەم هەر بۆ دروست نەبوو کە بەر نیگای پیاوێك بکەوم و ئەو پیاوە بتوانێ منێکی مناڵی تەمەن سی، چل ساڵە بکات بە ژنێکی کامڵ وبە جەستەی ڕاستەقینەی خۆم بگەم!  کەواتە گەر ئەو دەرفەتە بۆ هەر ژنێك دروست نەبوو، ئەو ژنە نا کامڵە، نیوە ژنە، مناڵکارە وبۆ هەمیشە لە چاوەڕوانی نیگایەکە؟

دەی گریمان ئەو ژنە ئەو دەرفەتی بەریەککەوتن بەو نیگایەی هەر بۆ پێش نەهات، ئیتر تا دوا ساتی ژیانی تەنها وەك  (ڕۆحێکی ڕووت)  دەسوڕێتەوە وناتوانێت هەست بە بوونی خۆی بکات وەک ژنێك چونکە کەس دانی بە جەستەی دانەناوە؟

پاشان چ “پیاو” ێك وچ جۆرە “نیگای” پیاوێك کە “نوسەری پیاو” قەدەری ژنبوون ڕادەستی ئەوان دەکات؟! وە چین ئەو “پێوەرانەی” کە نیگاکانی پیاوی لەسەر دەوەستێت بۆ ئەوەی ئاڕاستەی هەر ژنێكی بکات تا ئەو ژنە شانسی دەستکەوتنی ئەو نیگایەی هەبێ لەلایەن پیاوەوە و بە مانای ژن بوونی ڕاستەقینەی خۆی بگات؟

 ئایا گەرێنتی چیە کە ئەو ژنە بەر نیگای پیاوێکی برسی چڵێس یان نەخۆش ناکەوێت،  کە جەستەی ژن وەك ئۆبژێکتێك بۆ ئارەزووەکانی و وەکو کاڵایەك نابینێت بۆ تێرکردنی چڵێسی، و گورگ ئاسا لە جەستەی ژنێکەوە بازدەداتە جەستەی ژنێکی تر؟

 جەستەی ژن بە جۆرێك لای پیاو بە کاڵا وبێ نرخ کراوە، کە وەکو (گوڵ)  شوبهێندراوە کە کاتێ بۆنکرا، ئیتر فڕێ دەدرێت وقەدری نامینێ…من بۆ خۆم لە پیاوانم بیستووە کە ژن بە شۆرباو دەشوبهێنن کە هەموو رۆژ لێی بخۆیت، لێی بێزار دەبیت.

ئیتر پیاوەکان بەجۆرێك بار هاتوون کە هەموو هزر وبیركردنه‌وه‌یان ته‌نها لای لەشولاری ژن بێت، ژن لە نیگای پیاودا پارچە پارچە کراوە بۆ؛  دەم ولێو، چاو وبرۆ، قژ، سینە، سمت ولەش ولار وهەر پارچەیەك نرخی خۆی بۆ دانراوە وزۆر ئەستەمە ژن وەك خاوەن جەستە وکەسایەتیەکی کامڵ وتەواو ببینرێت لە دیدگای پیاواندا.

ئیتر مادەم جەستە خاڵ وچەقی ڕاکێشانی نیگای پیاوە، هەر ئەو نیگایەی پیاوان کە ئەوڕۆ لەسەر منی ژن دەبێ، بەیانی لەسەر ژنێکی ترە. هەر ئەو جەستەی من کە ئەوڕۆ پیاوێك ئارەزووی دەکا، سبەی لێی بێزاروماندوو دەبێ.

جا بەڕاست نوسەر چارەنووسی ژنبوونی من دەخاتە دەستی لەو جۆرە پیاوانەوە؟

هەر لە درێژەی تێزەکەدا نووسەر دەڵێ “نیگای پیاو ئەو پردەیە کە خانمان بەرەو جەستەی خۆیان بەسەریدا دەپەڕنەوە.” دەی کەواتە هەر ئەو پردەی کە ئەمڕۆ منی پەڕاندەوە بۆ “ژنبوون”، بەیانی بەدوای ژنێکی تر وگوڵێکی تر وجەستەیەکی ترە، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا من دەگەڕێمەوە قاڵبی پێشووم یان بڕوام بە ژنبوونی خۆم هەر بە پتەوی دەمێنێتەوە چونکە ئیتر من بۆ جارێکیش بێت بووم بەسەرنجی نیگای پیاوێك ئەگەرچی ئەو ئەوڕۆ نیگای لەسەر ژنێکی ترە؟!

ئەی ئەگەر ئەو ژنە هەر نیگای پیاوی لا گرنگ نەبوو وە مەیلی هاوڕەگەزی خۆی هەبوو، ئەو کاتە ئەو پردی پەڕینەوە بەرەو “ژن – بوون” لە نیگای ژنێکی تردا دروست دەبێت؟ لەوە دەچێت وا بێت بەڵام نوسەر تەنها لە قالبێکی هێترۆسێکسواڵی پەیوەندیەکان دەبینێت!
ئەی پیاو چی؟  پردی پەڕینەوە بەرەو “پیاو – بوون” چیە وچۆن پڕۆسەیەکە؟ یان تەنها ژنەکە دەبێت خاوەن جەستە بێت ودان بە جەستەی دابنرێ تا هەست بە “ژن بوون”ی خۆی بکا؟!

لەم قسەگەلانەی وه‌ك:

 “هیچ لەشێک نابێتە لەشێکی ڕاستەقینە، تا نەبێتە جێگای ئارەزووی کەسێکی دی، تا یەکێکی دی وەک لەش دانی پێدا نەنێت.”

تەنها شتێك بەدیدەکەم ئەویش، بەکاڵا کردنێکی ته‌واوی جەستەی ژنە لە خزمەت ئارەزووی پیاودا ودووبارە بەرهەم هێنانەوەی هەمان زهنیەتی پیاوسالاریە کە تەنها خزمەت بە پیاو دەکات، وژن هەڵدەخەڵەتێنێت، بەوەی دەبێ حەتمەن نیگای ئەویتر هەبێت تاوه‌كو هەست بە بوونی خۆی بکات وەك ژن…کارەساتەکە ئا لێرەیە، چ سەرگەردانیەکە ئەم پێش مەرجە!

هەر ڕەواجدان بەم دیدە پیاوسالاریە کە ژن دەبێ موحتاجی نیگای پیاوێك بێت تا هەست بە ژنبوونی خۆی بکات ئەمڕۆ بە سەدەها ژنی وێڵکردووە بە دوای کار ونەشتەرگەری جوانکاری تا سەرنج ونیگای پیاو بۆ خۆی ڕاکێشێ هەر چەندە ئەو نیگایەش کاتی ومەرجدار وبە پێی پێوەری سەردەم لە گۆڕان دایێت.

بە پێچەوانەی ئەم تێڕوانینە تەسك وسەقەتە، منی ژن هەر زوو پاش “پەڕینەوە لەو پردی گەیشتن بە جەستەی خۆم” لە ڕێگەی نیگای پیاودا، بە بێ نرخی جەستەی خۆم گەیشتم وتێگەیشتم پیاو ئەوبونه‌ره‌ پیرۆزە نیە کە نوسەر -ئەکتەری پیاوی بانگێشەی بۆ دەکات، تاوه‌كو لە ڕێگەی ئەوەوە من هەست بەبوونی خۆم بکەم وەکو ژن.  پیاو تاوه‌كو پێی بکرێت لە نرخی ژن وجەستەی ژن کەمدەکاتەوە بۆ مەبەست ومەرامی خۆی. مادام پیاو جەستەی ژن تەنها وەکو ئۆبژێکتی ئارەزووەکانی دەبینێت، ئاسان دەتوانێ وێڵی بکا وباز باوێت بۆ جەستەی ژنێکی تر ونێچیرێکی تر بۆ نوێکردنەوەی ئارەزووە سێکسیەکانی.

بەش بە حاڵی خۆم ئەوەی بە ڕاستی بە مانای ژنبوونی خۆمی ئاشنا کردم، تەنها خوێندنەوە بوو نەك نیگای پیاو. خوێندنەوەی ژنە نوسەری وەکو (جودیث بەتڵەر وئەنزالدوا)  وسەدەها ژنی وەکو ئەوان، کە باشترین نموونەن بۆ ئەوەی من بە مانای ڕاستەقینەی “ژن بوون” ی خۆم بگەم وجەستەی خۆم وەکو پەرستگایەك لا جوان وپیرۆز بێت وپێویستم بە نیگا وڕەحم وبەزەیی پیاو نەبێت، تا بە مانای ژنبوونی خۆم ئاشنا بکەن. منی ژن بە پێچەوانەوە لە نیگای چڵێسی پیاو ڕادەکەم وئارەزووی نیگای مرۆڤێکی باڵا دەکەم کە لە ڕێگەی ڕۆحمەوە دان بە جەستەم دابنێت.

پڕۆسەی بە “ژن – بوون” ی من لەو ڕۆژەوە دەست پێدەکات، کە من وەك مناڵێك بۆ جاری یەکەم وێنەی خۆم لە ئاوێنەدا دەبینم، دەزانم کە لە ڕەگەزەکەی تر جیاوازم وئەرکی دایك وباوك وخانەوادە وقوتابخانە وهەموو دامودەزگاکانی تری کۆمەڵگه‌یە هاوکار بن لەو پڕۆسەی گەیشتن بە “ژنبوون” بە شێوەیەکی تەندروست وهاوکاریم بکەن، لەوەی من بتوانم بە مانای ڕاستەقینەی “ژن – بوون” ی خۆم بگەم.

 بە تەنها نیگای پیاو نەیتوانیووە وناتوانێت، ئەم پڕۆسە سەختە بخاتە ئەستۆی خۆی چونکە پیاویش بۆ خۆی بونه‌رێكه‌ لە گۆڕان وهەڵبەز ودابەز دایە و پڕە لە (گرێی دەروونی پیاوبوون)  وناکرێ چارەنوسی “ژنبوون” ی خۆم بخەمە دەستی ئەویتری پیاوەوە.

ته‌واو

په‌راوێز:

*دەقی نووسینەکە لەسەر “ژن بوون” لە کتێبی کەشتی فریشتەکان/ کتێبی یەکەمی نوسەر (بەختیار عەلی ) و لە زمانی “وەفای ڕەفعەت بەگ”ەوە لاپەڕە ١٤١-١٤٢ وەرگیراوە. 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین