دیوانی (زمان باڵندەم دەزانی) - کەژاڵ ئەحمەد

شیعر زمانی مرۆڤ و گەردوونە


Loading

ناڵە حەسەن

شیعر زمانی مرۆڤ و گەردوونە

ناڵە حەسەن

 

– خوێندنەوەیەک بۆ دەقی ( وەرە بەیەکەوە بژین ) ی کەژاڵ ئەحمەد

 

 

 

 

ماوەیەک لەمەوبەر لە نامەیەکدا ، خوێندنەوەیەکمان بۆ چەند دەستەواژەیەکی دەقێکی شیعری (سەباح ڕەنجدەر) ی شاعیر کرد هاوکاتیش، باسم لە مانیفێستێکی خۆم کردبوو، کە پێکهاتووە لە سێ بەش، لەوێدا دووبەشی مانیفێستەکەمان باسکردبوو ئەوانیش لەژێر ناوی (شیعر فۆرمێکی بێدەنگ نییە) و ( شیعر ئەشقێکی گەورەیە) ، هەروەها ڕەهەندەکانی پشت ئەو گووتنانە و لەچوارچێوەی خوێندنەوە بۆ هەندێک لە چەمک و هێما و کۆدەکانی نێو دەقەکە باسکردبوو. وا لێرەشدا بەشی سێیەمی مانیفێستەکە لەژێرناوی ( شیعر زمانی مرۆڤ و گەردوونە ) باسدەکەین و ( بەریەککەوتن و هاوتەریببوونی ) ناوەڕۆک و ئامانجەکانی ئەو بەشەش لە سیاقی خوێندنەوەمان بۆ ئەو دەقە بەدەردەخەین، هەروەها دەیکەین بە ( میتۆدێک ) بۆ خوێندنەوەی دەقی ( وەرە بەیەکەوە بژین )، کە یەکێک لە شیعرەکانی( کەژاڵ ئەحمەد) ی شاعیرە. هەوڵدەدەین هێندەی بۆمان بکرێت لە دەرگای چەند بابەتێکی پێویست و گرنگ بدەین.

 

 

لە سەرەتاوە شیعرەکە چ لە ڕووی ناوەڕۆکەوە یان لە ڕووی زمانەوانی و فۆرمەوە ، تا ئاستێکی بەرز جوانی بەرجەستەکردووە ، بە زمانێکی شیرین و پڕ هەست و سۆز ، دەقەکە نووسراوە ، وشە و میلۆدییەکانی ئەم دەقە، گەمە لەگەڵ دەمارە عاتیفەییەکانی خوێنەر دەکەن و چێژێکی بێوێنەی پێ دەبەخشن ، هەروەها لەم دەقەدا بە توانایەک و هەست و خەیاڵی شاعیرانەوە عەشقێکی گەورە نمایشکراوە ، یان باشترە بڵێم؛ چیڕۆکی عەشقێکی گەورە دەگێڕێتەوە ، وەک ئەو چیڕۆکانەی لەنێو کتێبی ئەفسانەکانەوە باسدەکرێن . لە پشتی ئەو خەیاڵە ڕۆمانسییانەوە لە دەرگای کۆمەڵێک بابەت و مەسەلەی  گرینگ دەدات، کە پەیوەندییان بە ژیان و چارەنووسی مرۆڤەکان و هاوکات پەیوەندییان بە شیعر و مەعریفەی شیعرییەوە هەیە ، لە سەرەتاوە شیعرەکە بەمشێوەیە دەست پێدەکات؛

سبەینێ واز

له‌ماڵه‌باجێنه‌ى ته‌نیایى ئه‌هێنم

تۆش واز له‌ دارلاستیکى سه‌رکێشى بهێنه…

 

 

لەم کۆپلەیە، هەست بە سەرەتای نەخشە و پلانێک دەکرێ ، وەک خۆئامادەکردنێک یان وەک سەرەتایەک بۆ چوونە نێو دنیایەکی جیاوازەوە،  ئەویش دنیای عەشقێکی نوێیە.  لەسەرەتاوە بە بڕیارێک دەست پێدەکات، شاعیر لەنێو شیعرەکەیدا دەگاتە ئەو باوەڕەی کە هەر لە سبەینێ وە واز لە ( ماڵەباجێنەی تەنیایی ) بهێنێ و دەخوازێ دڵدارەکەشی واز لە ( دارلاستیکی سەرکێشی ) بهێنێ. وادیارە (ئەو) واتە دڵدارەکەی هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو بڕیارە و بەتەواوی یەکلانەبۆتەوە، بۆیە لە سەرکێشییەکانی بەردەوامە، بەڵام ئەگەر ، لەڕووی زمانەوە سەیری ئەم دەستەواژە و ڕستە شیعرییانە بکەین، دەبینین پەیوەندییەکی بەهێز و ناوازەی لەنێوان وشەکانی ( دارلاستیک و سەرکێشی ) یان ( ماڵەباجێنە و تەنیایی ) دروستکردووە، هونەرکارییەکی شاعیرانەی تیاکردووە ، هەردوو وشەکەی لەمانا بنەڕەتییەکە داماڵیوە بەتایبەت (دارلاستیک و سەرکێشی) ، لە پەیوەندییەکی نوێدا مانایتری پێبەخشیون.

 

 

 وشەی ( دارلاستیک ) ، پەیوەندی بە تەمەنی منداڵییەوە هەیە ، زێتر منداڵ دارلاستیک بەکار دەهێنن بەتایبەت کوڕان وەکچۆن ( ماڵەباجێنەش ) یاری کچانەیە ، سەردەمانێک دیارە مەبەستمان  لایەنی کەم بیست ساڵێک لەمەوبەرە ، کە ئەوکات، ئەتاری و پلەیستەیشن و کۆمپیتەر و ئەنتەرنێت نەبوون، منداڵ دوای قوتابخانە زۆربەی کاتەکانی لە کۆڵان و لەگەڵ منداڵانیتر بەسەردەبرد ، دارلاستێک بۆ شەڕی نێوان کۆڵانەکان و گەڕەکەکان بەکاردەهات و یان بەردگرتنە چۆڵەکە و باڵندەکان، واتە دارلاستیک لایەنێکی ( نیگەتیڤ )یشی هەیە ، هاوکات سەرکێشیش بەهەمانشیوە. بەڵام  لێرەدا دارلاستیک هێمایە بۆ منداڵی، واتە وشەیەکە  پاکژیەکی جوانی پێبەخشیوە. سەرکێشیش دیوەە نێگەتیڤەکەی لێ داماڵراوە، چونکە ئەم دوو وشەیە لەپەیوەندییە نوێیەکەیان دەتوانین وا خوێندنەوەی بۆ بکەین ( سەرکێشییەکی منداڵانە ) واتە دەخوازێ دڵدارەکەی واز لە کێشییە منداڵانەییەکەی بهێنێ ، هەروەک چۆن خۆی واز لە ماڵەباجێنەی تەنیایی دەهێنێت!

 

پێشتریش لەسەر ئەم بابەتە قسەمان کردووە و گوتوومانە لە نێو زمانی شیعری داماڵینی وشە و چەمک و هێماکان لە مانا پێشوەختەکان و مانا فەرهەنگییەکان ، ئەوە پڕۆسەیەکی داهێنەرانەیە ، هەروەها د. محەمەد کەمال لە کتێبی ( فەلسەفەی بوون)  لە ڕووی بوونگەراییەوە باس لەم پڕۆسەیە دەکات و ئەو بە ( هەڵوەشاندنەوە و دامەزراندن ) ناوی دەبات و دەڵێت “پەیوەندی نێوان ئەم دوو خەسڵەتە گرنگە و ناتوانین لە یەکدییان جیا بکەینەوە  ( هەڵوەشاندنەوە ) بەبێ مەبەستی دامەزراندن و لە پێناو هەڵوەشاندنەوە دەبێتە ( وێرانکردن ) بەڵام  بۆ ئێمە هەڵوەشاندنەوە لە وێرانکردنەوە جیاوازە ، چونکە دەمانەوێت لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوە بیرۆکەی نوێ دابمەزرێنین و بە ئاکامێکی دیکە بگەین!“

 

 هەروەها هەر لە پەیوەند بەم بابەتە ئەوەش دەڵێت؛ کە ئەگەر هەڵوەشاندنەوە دامەزراندنی بەدوادابێت، ئەوا هەڵوەشاندنەوەکە دەبێتە ( پڕۆژە )  واتە پڕۆژەیەک ڕوو لە داهاتوو! هەروەکو ئەوەی لەو پەیوەندییەی نێوان وشەکانی ( دارلاستیک و سەرکێشی )  هەڵوەشاندنەوەمان بینی ، وشەکان لە مانا پێشوەختی و مانا فەرهەنگییەکانییان داماڵرابوون ، لە پەیوەدییەکی نوێ بنیادنرابوونەوە ، واتە دامەزرابوونەوە ، ئەم هونەرکارییە لە زمان تا ئاستێکی باش قووڵی و جوانکاری بە دەستەواژە و ناوەڕۆکەکە بەخشیوە.

 کەژاڵ ئەحمەد لە بەشێکیتری شیعرەکەیدا دەڵێت؛

من ڕێگه‌ى هه‌موو رۆژێک و

ئه‌درێسى ژیانم ئه‌گۆڕم

به‌کۆدێکى زۆر نهێنى

که‌ دڵته‌

تا هیچ که‌سێ نه‌توانێ بمدۆزێته‌وه‌

کلیلى دڵم ئه‌شکێنم.

 

 

 

شاعیر لەپێناو بەدیهاتنی خەونێکی گەورە و گەیشتن بەدواڕۆژێکی پڕ لەخۆشەویستی لەگەڵ کەسیکی دیکە سوارچاکی نێو خەون و خەیاڵەکانییەتی، ئامادەی هەموو بڕیارێک و هەموو گۆڕانێکە لە ژیان و لە خۆیدا، بۆیە  لە سەرەتاوە بڕیاردەدا واز لەماڵەباجێنەی تەنیایی بهێنێت ، ئەمیش واز لە دارلاستیکی سەرکێشیی بهێنێت ، ئێستا / بڕیاریتر دەدات کە ، ڕێگاکانی هەموو ڕۆژە و ئەدرێسی ژیانی بگۆڕێت، خۆی ونبکات و لەچاوی ئاوەدانی خۆی بشارێتەوە ، تەنها بە کۆدێک بدۆزرێتەوە ئەویش دڵی دڵدارەکەیەتی ، واتە وەک ئەشقیایەکی شەیدا، لەو زێتر کەسێکیتر ناتوانێ بیدۆزێتەوە . لە دیمەنێکیتری شیعرەکەیدا دەڵێت:

وه‌ره‌ به‌یه‌که‌وه‌ بژین…

له‌ناو ئینجانه‌یه‌کى زۆر بچکۆڵه‌دا

که‌ عاشقێکى خوێنشیرین

له‌ حه‌وشه‌ى خوێندنگه‌یه‌کى تێکه‌ڵاوا

دایبنێت و

مامۆستایه‌ک به‌تاسه‌وه‌ بۆنى بکا.

 

 

 

بەپێی ئەم دیمەنە شیعرییە، عەشقەکەیان گەیشتۆتە ئاستێک، کە مانەوەیان لەدووری یەک و لە نێو کونجەکانی تەنیاییدا سووتان و ئازارێکی گەورەیە.  ئازارەکەی هێندە کاریگەر و بەسۆیە کە بەرگەگرتنی کارێکی سانا نییە، بۆیە دڵبەر بە دڵدارەکەی دەڵێت  “وەرە بەیەکەوە بژین“  بەڵام شاعیر ئەم داوایە لە نێو وێنەیەکی شیعری زۆر نایاب و ناسکۆڵە دەردەدبڕی و دەڵێت `` وەرە بەیەکەوە بژین \  لەناو ئینجانەیەکی زۆر بچکۆڵانەدا``

ئەم دوو ئاشقە هێندە تامەزرۆی یەکتری و گەیشتن بەیەکن، هەرشوێنێک بێت ، تەنانەت، نێو ئینجانەیەکی بچکۆڵانەش بێت  قەبوڵیانە ، دەبن بە دوو گوڵی بۆنخۆش و دەچنە نێویەوە ، دەخوازن عاشقێکی خوێنشیرین لە حەوشەی ( خوێندنگەیەکی تێکەڵاوا ) دایانبنێت و لەوێدا مامۆستایەک یان قوتابییەک بەتاسەوە بۆنییان بکات . دیمەنێکی تابڵێی ڕۆمانسی و پڕ لە هەستی شاعیرانەو بە زمانێکی شیرینی شیعری ، بەکارهێنانی (خوێندنگەیەکی تێکەڵاو) زۆر لەشوێنخۆیەتی و مەودای بیرکردنەوە و ناوەڕۆکی  وێنە شیعرییەکەی قووڵتر کردووە ، کە لە بەشەکانیتری ئەم دەقە هەڵوێستەی زێتری لەسەر دەکەین . شاعیر بە هەمان وزە و خەیاڵە دۆزەخییەکانی لەنێو دەقەکەی بەردەوام دەبێ و دەڵێت؛

من و تۆ به‌یه‌که‌وه‌ بین

هێڵى ته‌له‌فۆنه‌کانى شار

بیست و چوار سه‌عات سه‌رقاڵى گوێگرتن له‌ ئه‌وین نابن

من و تۆ به‌یه‌که‌وه‌بین

ئیتر کاره‌با نابڕێت و

هه‌موو رۆژێ ئاو دێته‌وه‌

‏Googleیش رزگارى ئه‌بێ له‌گه‌ڕانمان به‌دواى یه‌کدا و

کچان بۆ تۆ و

کوڕان بۆ من ناتوێنه‌وه‌

 

 

 

کەژاڵ ئەحمەدی شاعیر

خۆی لە بنەڕەتدا شاعیر باسی ئەشقێکی گەورەمان بۆ دەکات، ئەو ئەشقەی دەتوانن مەوداکان ببڕن و لەنێو زەمەندا بمێننەوە، ئەو ئەشقەی نەک هەر شایستە بەوەیە شێوەی ژیان و یان خووە هەمیشەییەکانی بۆی بگۆڕی بەڵکو  شایستە بە هەموو قوربانیدانێکیشە. لەنیو کوورەی خەیاڵەکانی دوور دوور دەڕوات، تەنانەت بۆ ئەودیوو سنوورەکانی خەیاڵ، وایدەبینێ؛ بەیەکگەیشتنی ئەوان و بەیەکەوە ژیانی ئەوان وەک ( موعجیزەیەکی گەورە ) ، یان دەبێتە کلیلێکی سیحری گرێکوێرەی هەموو کێشەکان دەکاتەوە و چارەسەریان دەکات! ژیان دەگاتە ئەوپەڕی کەناری ئارامی. بڕوانە لەنێو ڕووبەری خەیاڵ چ فەنتازیایەکی خوڵقاندووە. یان دەڵێت “من و تۆ بەیەکەوە بین / هێڵی تەلەفۆنەکانی شار، بیست و چوار سەعات سەرقاڵی گوێگرتن لە ئەوین نابن“  بەمانای  هەموو هێڵی تەلەفۆنەکانی شار و هەموو خەڵکی ئەم شارە بەئەشقی ئەوانەوە سەرقاڵن.

باس تەنها باسی ئەوانە و هیچیتر گەر ئەوان بەیەکبگەن و بەیەکەوە بژین، ئیتر چیتر تەلەفۆنەکان سەرقاڵ نابن بە گوێگرتن لە چیڕۆکی ئەم دوو ئەویندارەوە . یان دەڵێت “من و تۆ بەیەکەوە بین ، ئیتر کارەبا نابڕێت و هەموو ڕۆژێ ئاو دێتەوە“

بەیەک دێرە شیعر باسی ( دوو ) گەورەترین کێشەی خەڵکی کردووە ( کێشەی ئاو و کارەبا)  بەدیوێک؛ گەورەیی و ئەفسونی عەشقەکەمان پێشان دەدات ، کە بەیەکەوەبوونی ئەوان ئیتر کارەبا نابڕێت و ئاویش دێتەوە. بە دیوێکیتر پێمان دەڵێت “ کە ئێمە لە نیشتیمانێک دا دەژین خەڵکەکەی (کێشەی ئاو و کارەبایان هەیە  و بەیەکەوەبوونی ئەوان ئەم کێشانە چارەسەر دەبن“

 

 

بەبڕوای من ناوەڕۆکی ئەم جۆرە دەقانە بە ئەندازەی ئەو ئەشقە ئەفسوناوییەی باسمانکردووە گەورەن، یان دەڵێت “گوگلیش ڕزگاری دەبێ لە گەڕانمان بەدوای یەکدا و کچان بۆتۆ و کوڕان بۆ من ناتوێنەوە“  لێرەش شاعیرانە ئەو تامەزرۆیی و چەپاندنە کوشندەیەی ( کوڕان و کچانی ) کۆمەڵگەکەمان باسدەکات.

کەژاڵ لێرەدا توانا شیعری خۆی لە ئاستێکی بڵند دەرخستووە، لە دوو وێنەی جوانی ( هونەری و شیعری ) باسی لە چەندین کێشەی گەورە و بابەتی زۆر گرنگ کردووە وەک ،( قوتابخانەی تێکەڵاو ، هێڵی تەلەفۆن ، کێشەی ئاو و کارەبا ، سایتی گوگل ، باری دەروونی کوڕان و کچان) بە زمانێکی شیعری پڕ چێژ و سەرنجڕاکێش.  شاعیر بەهەمان کڵپە ڕۆمانسییەکانی نێو دەمارەکانی عاتیفە و خەیاڵە تامەزرۆ و ئیرۆسییەکانی دەڵێت:

هه‌ر ئێستا وه‌ره‌ ماره‌مکه‌

به‌پێشه‌کى خه‌نده‌یه‌ک و

به‌پاشه‌کى نیگایه‌کت قایل ئه‌بم

تۆ (بمهێنه‌) بۆ ناو قسه‌یه‌کى خۆش و

منیش بۆ ناو شیعرێکى کچانه‌ ( ئه‌تهێنم !)

هه‌ر ئه‌مڕۆ ماره‌مکه‌

به‌پێشه‌کى چه‌پکێ گوڵ و

به‌پاشه‌کى ماچێکى دۆستانه‌

یان به‌سێ جار وتنى وشه‌ى ( گیانه‌که‌م )

ته‌ڵاقمده‌ و ته‌ڵاقته‌ده‌م !

 

 

 

شاعیر دەیەوێت کۆڵنەدات، ئەشقەکەی بەئاکام بگات و  دەستبەرداری ئەو خەونە گەورەیە نەبێت، دەیەوێت ئاکامێکی هەبێت، بۆیە لەسەرەتا داوا دەکات و بانگیدەکات ، یان پێی دەڵێت ( وەرە بەیەکەوە بژین ) بەڵام ، هێندە نیگەران و دڵبەسۆیە دەیەوێت ڕەسمیەتێک بەو بەیەکەوەبوونە بدات و بەپێچەوانەی زۆرێک لە کچانی نیشتیمانەکەی هەمیشە خۆی دەستپێشخەر دەبێ ، بۆیە بڕیار دەدەت و دەڵێت “هەر ئێستا وەرە مارەمکە“  بە دیوێکدا بەشێوەیەکی زۆرجوان و بە بیرکردنەوەیەکی هاوچەرخانە ئەو داوایەی خۆی بۆ مارەکردنەکە دەخاتەڕوو و دەڵێت “بە پێشکی خەندەیەک و بە پاشەکی نیگایەکت قایل دەبم“  یان دیسان گەرمتر و بەتاسەتر پێدادەگرێ و دەڵێت “ هەر ئەمڕۆ مارەمکە / بە پێشەکی چەپکێ گوڵ و بە پاشەکی ماچێکی دۆستانە“ ، بۆ “جیابوونەوەش وشەی ( گیانەکەم ) بەسەو زێتر هیچیترنا“

وەک شاعیرێکی هەستناسک، بەزمانێکی شیرین و بەسۆز، باس لەم بابەتە کۆمەڵایەتییە گرنگانە دەکات ،بابەتەکانی وەک؛ هاوسەرگیری و مارەیی و جیابوونەوە. لێرەدا ئەوەش دەبینین کە ئەشق چ بەهایەکی گەورەی هەیە ، ماڵی دنیا و ( هیچ شتێک ) لەسەرووی بەهاکانی عەشقەوە نابینێت ، بۆیە ( بۆ بەیەکەوەبوون و مارەیی / تەنها چەپکێ گوڵ و ماچێکی دۆستانە و دەخوازێت)   بەودیووەدا داهێنانێکی گەورەی کردووە، چ لە ڕووی زمانی شیعری و چ لەڕووی بیرکردنەوە و ناوەڕۆک و بیرکردنەوە هاوچەرخەکانی، بەڵام بە دیوێکی تر دا، بۆ پێکەوە ژیان ( فۆرمی مارەیی و ئیمزاکردنی پارچە کاغەزێک لەبەردەم دادوەر ) تاقە فۆرم و تاقە ڕێگە نییە، کەژاڵ ئەحمەد فۆرمی دووەمی بۆ ( بەیەکەوەبوون)  بە ( نادیدە ) گرتووە.  فۆرمی دووەمیش بریتییە لە بەیەکەوەبوون و بەیەکەوەژیان بەبێ ئیمزاکردنی هیچ پارچەکاغەزێک و ئەگریمەنت و بەڵگەنامەیەک یان بەبێ چوونە دادگا و هیچ شوێنێک، تەنها بوونی عەشق و خۆشەویستییەک و ڕەزامەندی هەردووکیان ، ئەوەندە بەسە بۆ بەیەکەوەبوونیان ئییتر هیچ شتێکی ترنا!

 

 

لە وڵاتە پێشکەوتووەکان ئەم فۆرمە بۆ بەیەکەوەژیان وەک فۆرمەکەی تدیکە لە ئاستێکی بەرین پیادەدەکرێت  وەک خێزانێک چاویان لێدەکرێت و منداڵیش دروستدەکەن و لەڕووی یاساییەوە هەموو مافێکی خێزانی و یاساییان هەیە.  بەمانای تەنها ( کچبرادەر و کوڕبرادەر )ن واتە ( گێرل فرێند و بۆیفرێند) ،هەرکاتێکیش بەیەکەوە نەگونجێن جیادەبنەوە. دیارە لە هەردوو باردا، ئەو پارچە کاغەزە ئیمزا بکرێت یان نا، کاتێک خۆشەویستی نەما ئیتر تەواو و ئەو پەیوەندییە کۆتایی دێت،  جا بەیەکەوە بمێنن یان جیاببنەوە.

کەژاڵ وەک شاعیرێکی ( دژەباو )  کە سەردەمانێک بەو ئاڕاستە کاریکردووە، دەبوا فۆرمی دووەمی نادیدە نەگرتبا، یان ئەوەتا هەرباسی مارەیی نەکردبا، بۆ نموونە؛ هەر پێی لەسەر ئەوە داگرتبا ( وەرە با بەیەکەوە بژین) یان دەیتوانی بەشێوەیەک باسی کردبا کە بوارێک بۆ فۆرمی دووەم بهێڵیتەوە ، یان لایەنیکەم ناڕاستەخۆ دەریبڕیبا بۆ نموونە بیگوتبا؛ وەرە بەیەکەوە بژین، گەر مارەم بکەی یان نا،  من خۆم و دەسکە گوڵێک هەر لە چاوەڕوانیت دا دەبم ..

 

ئالبێرت كاموو

لێرەدا باس لە هەردوو فۆرمەکە دەکرێت، وەک کەسێکی هاوچەرخ و دژەباو هەردوو فۆرمەکەی قبوڵدەکرد  چونکە لای ئەو ئەشق و بەیەکەوەبوونەکەیان لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە ، چونکە کەژاڵ ئەحمەد لە سەرەتاوە ، بە دوای کتێبەکانی ( بەندەری بەرمۆدا و وتەکانی وتن )ەوە ، بە ئاڕاستەی دژەباوی کاریکردووە.  بە چەند پلەیەک  لەم کتێبانەشدا،  بەڵام بەتایبەتتر لە کتێبەکانی ( قاوەیەک لەگەڵ ئەودا ) یان ( ئاوێنەم شکاند )  لەوێدا ( کەژاڵێکی جیاواز ) دەبینین بەتایبەتیش / لە کتێبی چوارەمی ( ئاوێنەم شکاند ) ئەم دژەباوییە و هاوچەرخییە بە ڕۆشنی ڕەنگدەداتەوە.  خۆشی لە زۆرێک لە شیعرەکانی بەم دیدەوە نووسیویەتی بۆ نموونە؛  شیعرەکانی ( ئاوێنەم شکاند ، کەژاڵێکی جودا، سەدساڵ غەریبیت دەکەم ، نازانم بەبێ تۆ بژیم  بە تەنوورەیەکی کورتی سوورەوە و زۆرێک لە شیعرەکانی ئەو سەردەمانەی… چونکە بەبڕوای من،  مرۆڤ دەبێ ڕاستگۆ بێت لەگەڵ ناخ و بیروباوەڕەکانی خۆیدا، ئەوەتا /( ئەلبێر کاموو  لە ( ئەفسانەی سیزیف )   ڕەخنە لە ( گالیلۆ ) دەگرێ و دەڵێت “بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو ڕاستییە زانستییە بووە وەختێ بووە مایەی هەڕەشە لەسەر ژیانی ، .. گەرچی یەکێک بوو لە گرنگترین ڕاستییە زانستییەکان “  ، یان هەر لەوکتێبەدا لەبارەی ( شوبنهاوەر )ەوە دەڵێت “وەک بابەتێکی پێکەنین باسی شوبنهاوەر دەکرێ کە چۆن خۆی لەسەر سفرەیەکی ڕازاوە دانیشتووە و کەچی ستایشی خۆکوشتن دەکات“

 

 

 بۆ ڕەخنەگرتن لەم بیرمەندانەش پشتی بە گووتەیەکی ( نێچە ) بەستووە کە دەڵێت “ فەیلەسووف بۆ ئەوەی شایانی ڕێزگرتن بێت پێویستە خۆی نموونەی ئەو شتانە بێت کە دەیانڵێت“ ئەو قسەیەی ( نیتچە ) بۆ هەرکەسێک و شاعیرێک و نووسەرێکیش هەر ڕاستە، بۆیە ئەو چاوەڕوانییەمان لەو شاعیرە ئازیزەمان ئەوەیە، کە   بەو ئاڕاستە دژەباوییەی خۆی سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە و ( ڕۆحی فڕوغ و ڕوئیاکانی کەژاڵێکی جودا ) لەنێو بیرکردنەوەکانی ئێستای زیندوو و چاڵاک بکاتەوە!

شاعیر لەنێو دەقەکەیدا بەهەمان هەست و سۆز و زمانێکی شیعری پڕ لە خرۆشان و چێژ بەردەوام دەبێت و دەڵێت:

 

 

سبه‌ینێ واز

له‌خووى خراپى زۆر نووستن ئه‌هێنم

مۆڵه‌ت له‌ شیعر و خه‌ڵک و خوا وه‌رئه‌گرم و

له‌ناو کلۆره‌ دارێکى پووره‌ى هه‌نگا

مانگى هه‌نگوینى له‌گه‌ڵ تۆ به‌سه‌رئه‌به‌م

فێرى وتنى شیرین و

خستنه‌وه‌ى وه‌چه‌ى شیرین و

ئاشتییه‌کى شیرین ئه‌بم…

 

 

کەژاڵ ئەحمەد لەو دەقەیدا، وەک ئەوە وایە چیڕۆکی ئەشقێکمان بۆ بگێڕێتەوە، لەسەرەتا عەشق دواتر ( بەیەکەوە ژیان )و  دواتر (مارەیی و هاوسەرگیری) – لەم کۆپلە شیعرەی سەرەوەش، لە سەرەتا باس لەگۆڕینی هەندێک خووی خراپ دەکات،  بەمانایەک خۆی ئامادە دەکات بۆ ئاهەنگی گواستنەوە و ڕۆیشتن بۆ مانگی هەنگوینی. بەڵام بۆ مانگی هەنگوێنییەکە ( شوێنێکی جودا لە وێنەیەکی بێئەندازەی جوانی شیعریدا ) باسدەکات و دەڵێت

 

 

( مۆڵەت لە شیعر و خەڵک و خوا وەرئەگرم و

 لەناو کلۆرەدارێکی پوورەی هەنگا

مانگی هەنگوینی لەگەڵ تۆ بەسەر ئەبەم )

 

 

دیارە شاعیر بەم دیدەوە دەڕوانێ کە ( ژیان و عەشق و مرۆڤ ) بەهای گەورە و پیرۆزییان هەیە ، بۆیە دەبینین لە مارەیەکەش داواکەی تەنها ( چەپکێ گوڵ و ماچێکی دۆستانە ) بوو، بۆ مانگی هەنگوینییەکەش داوای هوتێلێکی گەورەی ( پاریس و نیۆرک ) ناکات، هەرکوێیەک بێت تەنانەت  “ ناو کلۆرەدارێکی پوورەی هەنگیش بێت“.  بەڕاستی خەیاڵێکی ناسک و جوان و شاعیرانەیە، جوانکارییەکی بێوێنەی بەو کلۆرەدارەی پوورەی هەنگ بەخشیوە، لەو وێنە شیعرییە جوانی وەقسە هاتووە، لێرەدا چێژێکی گەورە بە خوێنەر دەبەخشێت، لەسەر چیڕۆکەکەی بەردوام دەبێت و دوای مانگی هەنگوینیش “ باسی وەچەنانەوە و بەیەکەوە ژیانێکی ئارام دەکات “

ئیتر هەوڵدەدا لەم کونجی ئارامییە لەگەڵ ئەودا تابۆی بکرێت بۆ درێژماوە بمێنێتەوە ، بۆیە هەوڵدەدات زێتر کار لەسەر خۆی بکات و ئەوشتانەی یان “ واز لە خووە خراپەکانی بهێنێت“ و وەک دەڵێت ``هه‌ر ئه‌مڕۆ واز / له‌م تووتڕکى تووڕه‌بوونانه‌م ئه‌هێنم / که‌ له‌دڕکى په‌ستبوونى تۆ ئه‌چێ بۆ له‌مه‌ودوا / گوڵ ئه‌گریت و گوڵ ئه‌گرم“ ئیتر لێرەوە بەرەو کۆتایی چیڕۆکەکە دەڕوات و بەڵام دواجار وێنەی گومانێکی گەورەمان بۆ دەکیشی  و دەڵێت؛

 

 

 ئه‌گه‌ر دڵت هێنده‌ى دڵم گه‌وره‌نییه‌

بڕۆ وازم لێبهێنه‌ با هه‌روه‌کو جاران بژیم

 

 

 

بەمانایەک،  لەوە دڵنیا نییە کە دڵی ( ئەویش)  جێگای ئەو ئەشقە گەورەیەی تیادەبێتەوە، یان دەتوانێت قبوڵی ئەو کرانەوە و هاوچەرخییەی بیرکردنەوەکانی ئەو بکات. لەڕاستیدا لەوە دڵنیا نییە و نازانێت، بۆیە بە (ئەگەرەوە) قسە دەکات!  مرۆڤی هاوچەرخ و مۆدێرن هەرگیز بە باوەڕی موتڵەقی ڕەها لە شتەکان و بابەتەکان ناڕوانن ، ئەگەر بە ئاستێکی کەمیش بێت بوارێک بۆ گومانەکان دەهێڵنەوە ، لێرەدا کەژاڵ ئەحمەدیش هەروای کردووە .

لەم دەقەدازمانی شیعری لەسەرەتاوە تا کۆتایی شەونمی چیژ دەردەکات و تەڕو پاراوە ، فۆرم و ناوەڕۆکیش لەنێو رووبەی جوانیدا تەریبن بەیەکەوە.  لێرەدا بە پێویستی دەزانم هەندێک قسە لەسەر چەمکی جوانی بکەین، ئەو ( چەمکانە )ش کە پەیوەندییان بە جوانییەوە هەیە و  ماناکانی جوانی تۆختر دەکەنەوە و مەوداکانی جوانیش بەرینتر دەکەن ، هەندێک نموونە و لایەنی جوانکاری ئەم دەقەش بخەینەڕوو . هەروەک لە کتێبی ( ئیستاتیکا ، Aestheticism ) ، کە لە نوسینی ( ئار ڤی جۆنسن ) ە  و  لە بەشی ( شیعر و جوانی ) دا هاتووە و ، دەڵێت “ کرۆکی جوانی لەنیو ئەدەبدا / لە شیعردا بە ڕۆشنی دەردەکەویت “ ، بە مانای شیعر  لە هەموو ژانرەکانیتر زێتر ئیش لەسەر جوانی دەکات ، هەر لەو بەشەدا باس لە شاعیر و نوسەر ( ئەدگار ئالان پۆ ) دەکات ، بەتایبەت لە مامەڵەکردن و روانینەکانی ئەو لەگەڵ هەستی ڕاستی و چەمکی ڕاستی لەنیو دەق و نوسینەکانیدا. بە بڕوای ئێمەش، چەمکی جوانی پەیوەندییەکی نزیک و بەهێزی هەیە لەگەڵ چەمکی ڕاستی یان ڕاستی گوتن لەنێو گوتارە شیعری و ئەدەبییەکاندا هەیە.  ڕاستی گووتن، ڕەنگەکانی جوانی تۆخ دەکات و ڕووبەری جوانیش بەرینتر پێشاندەدات، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو ڕەوایەتیش بە داهێنان دەدات، چونکە ڕاستی گوتن هەر ئەوە نییە، پەیوەندی بە جوانییەوە هەبێت، بەڵکو پەیوەندی بە ئازادبوونی نوسەرەکەش هەیە.  واتە کاتێک شاعیرێک یان نووسەرێک، لەنیو دەقەکانییان بە زمانی شیعری ڕاستی بەرجەستە دەکەن، ئەوا ئەو کەسە لەنێو ڕووبەری دەقەکەی کەسێکی ئازادە و لەژێر کاریگەری هیچ هێزێکی دەرەکیدا نییە. هەروەک چەند جاریتریش گوتوومانە؛ ئەو کەسانەی لەژێر کاریگەری هێزە دەرەکییەکانن کەسی ئازاد نین، واتە (کەسی نامۆ)ن، کەسانی نامۆش ناتوانن داهێنان بکەن، چونکە ئاڕاستەی جوڵەکانی لەژێر کاریگەری هێزە دەرەکییەکان دایە…. جا ئەگەر لەم دید و ڕوانگەوە قسە لەسەر ئەم دەقە شیعرییەی کەژاڵ بکەین دەبینین، زۆر ڕاشکاوانە و ڕاسگۆیانە خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی خۆی دەربڕیوە ، لەژێر کاریگەری هیچ هێزێکی دەرەکیدا نییە.

 

 

ئەوەی ئاڕاستەی جوڵەکانی دیاری دەکات، ئەوە ( تەنها ) هەست و حەز و خۆزگە و خەونەکانی خۆیەتی  بێگومان بە توانا و هێزێکی شیعرییەوە، بۆیە کەسێکی ئازادە لە نێو ڕووبەری دەقەکەی بەمانایەکی تر گوزارشی لە بیرکردنەوەکانی خۆی ( کەژاڵ ئەحمەد ) کردووە ، بۆیە لە ئاستێکی بەرز داهێنانی کردووە. جوانییەکی مەودا فراوانی بەرهەمهێناوە، بۆ نموونە دەڵێت “من و تۆ به‌یه‌که‌وه‌بین ، ئیتر کاره‌با نابڕێت وهه‌موو رۆژێ ئاو دێته‌وه‌ )

چەند ڕاستگۆیانە و شاعیرانە و بە زمانی شیعری، کێشەی ئاو و کارەبا دەخاتە ڕوو؛ ئایا ئەم ڕاستگۆییە پانتاییەکی قووڵتر و بەریناییەکی زێتری بە رووبەری جوانی نەبەخشیووە؟ ئەی ئەگەر بیگوتبا؛ من و تۆ بەیەکەوە بین ، کارەبا ” هەمیشە ” درەوشاوەکانی سەرشەقام و نێو ماڵەکان زێتر دەدرەوشێنەوە و ئاویش وەک ” هەمیشە ” . لە گۆرانی گوتن بەردەوام دەبێت) ئەوەی منیش نووسیومە بە دەربڕینێکی شیعری و بە زمانێکی شیعرییە بەڵام، هیچ جوانکارییەکی تیا نابینین ، چونکە ڕاستیم تیا نەگوتووە، چونکە لە نیشتیمانی ئێمە ( ئاو و کارەبا ) وەک زۆرێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکانیتر خەڵک بەردەوام و ( هەمیشە ) لێیانەوە بەهرەمەند نین! گەر کەژاڵ ئەحمەد دەربڕینەکانی خۆی بەمشێوەیەی من گووتبا، ئەوا  هیچ ئازادییەک ڕاستگۆییەک و هاوکات ئەو ڕووبەرە بەرینەی جوانیشمان لەنیو دەقەکەیدا نەدەبینی.

 

 

 

 

دەرئەنجامەکان

 لێرەدا هەوڵدەدەین،  بەرەو کۆتایی ئەم نووسینەمان بڕۆین و بنەڕەتی مەبەستەکانمان بە چڕی بخەینەروو. هەروەک پێشتر گووتومانە؛ کە زمانی شیعری دەتوانێ یان هێزی ئەوەی هەیە کە  قسە لەسەر هەموو بابەتێک بکات و مرۆڤ گەر توانای شیعری هەبێت دەتوانێ گوزارش لە هەست و خەونەکانی خۆی بکات، یان زمانی شیعری دەتوانێ سوود لە هەر ( وشەیەک و چەمکێک ) ببینێ و شاعیرانە لە پەیوەندیەکی نوێ بەکارییان بهێنێ. بوونی ئەم هێزە ڕشت و گەورەیەی زمانی شیعری، ئەوە ( دیوێکی گەردوونییەتی) شیعرمان پێشاندەدات. کەژاڵ ئەحمەدیش لە چوارچێوەی دەقە شیعرییەکەی ئەم هێزە گەورەیەی زمانی شیعری پێشانمانداوە و بەرجەستەی کردووە، کە بە زمانی شیعری و  لە چوارچێوەی وێنەی شیعری جوان بابەتی زۆر گرنگ و گەورەی باسکردووە ، لە سەرەوە باسمان لە زۆربەیان کردووە؛ وەک ( کێشەی ئاو و کارەبا ، هێڵی تەلەفۆنەکان و سایتی گوگل و قوتابخانەی تێکەڵاو و مارەیی و هاوسەرگیری و تەڵاق و باری دەروونی کوران و کچان و … زۆریتر )…  باسکردن لەم هەموو بابەتە جودا و گرنگ و هەمەجۆرانە لەچوارچێوەی دەقێکی شیعریدا، ئەوە ئەو هێزە گەورەیەی زمانی شیعریمان پێشان دەدات ،لە هەمانکاتدا ڕەوایەتی بە ئیمەش دەدات کە بڵێین؛ بوونی ئەو هێزە گەورەیەی زمانی شیعری و بوونی مەودا فراواناکانی ڕووبەری شیعر، دیوێکی گەردوونیەتی شیعرە.

هەروەها دیوەکەی تری  (گەردوونییەتی شیعر)  لەوەدایە، کە شیعر ( خۆی ) لەنێو گەردووندا بوون و ئامادەییەکی بەردەوامی ( هەبووە و هەیە ) ، بۆ نموونە / خەونەکانی مرۆڤ پڕیەتی لە شیعر بەمانایەک کاتێک  مرۆڤ هەستەکانی ناوەوە و خەونە جوانەکانی خۆی باسدەکات, لەوێدا، شیعرییەت دەبینین  یان لەنێو هاژەی تاڤگەکان شیعرییەت هەستپێدەکەین, لەنێو گڤەگڤی ( با ) شیعرییەت هەست پێدەکەین، لەنیو میلۆدییەکانی بولبول و چیکەچیکی چۆڵەکە و باڵندەکان شیعرییەت هەست پێدەکەین، لەنێو ورشە ورشی درەخت و دەنگی رووبارەکان شیعرییەت هەست پێدەکەین… تەنانەت ئەگەر بە هەستەوە ( گوێ لە بێدەنگی بەردیش ) بگرین شیعرییەت هەست پێدەکەین ، بەهۆی ئەم بیرکردنەوەمان و خستنەڕووی ئەم هەموو فاکتانە دەتوانین بە خەتێکی درشت و گەورە بنووسین (بەڵێ، شیعر زمانی مرۆڤ و گەردوونە) ، هەروەها دەخوازم ماڵە چراخانییەکەی شیعری ( کەژاڵ ئەحمەد )یش هەرئاوەدان و درەوشاوە بێت ، سڵاو لە داهێنان .

ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠

 

 

 

سەرچاوەکانی ئەم باسم :

  • کتێبی ( من دەبێ خۆم بسمیل بکەم ) کەژاڵ ئەحمەد

  • کتێبی ( فەلسەفەی بوون ) محەمەد کەمال

  • کتێبی ( ئەفسانەی سیزیف ) ئەلبێر کامۆ .. و/ ئازاد بەرزنجی

  • کتێبی ( Aestheticism ) V.Johnson

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌