Photograph: Bashdar Sami

زریانێک هەڵدەکات


Loading

تاریکاییەک دەبینم

پڕ لە شەهوەتی سپی

لە ژوورێکدام خەریکە بنیچەکەی بڕوخێت

لەژێر داروپەردووی مۆدێرنەدا

خۆم وەک سەگێکی تۆپیو دەبینم

تاریکاییەک دەبینم

پڕ لە خەونی خەوتوو

لەهەسارەیێکدام پڕ لە زیندەوەری مردوو

ئێواران بەسەر دووکەڵی شارەکان پیاسەدەکەم

بەیانیان ڕۆبۆتێک هەڵمدەستێنێ

بوخاری وشیار

تاریکاییەک دەبینم

پڕ لە ئومێدی بۆگەنکردوو

لە حەوشەکەمدا ئینجانێک بارووت هەیە

لە گەڕەکەکەماندا باخچەیێک چەکی ڕەنگاوڕەنگ دەبینرێت

دارفیشەکێک لەسەری کۆڵان بۆمبی گرتووە

بەیانیان تانکێک دەمگەیەنێتە سەر کار

ئێوارانیش ناگەڕێمەوە

قوتابخانەیێک دەبینم

پڕ لە سەربازی پێنەگەیشتوو

منداڵێک خەریکە یاری بە فیشەک دەکات

مامۆستایێک خەریکی وتنەوەی وانەی جەنگە

گوێم لەدەنگی تۆپخانەیێکە نزیک

مزگەوتێک دەبینم

پڕ لە تارمایی سپی

لە منارەیێکەوە دەنگی ژنێک دێت دەگری

گوێم لێیە منداڵێک بە ترسەوە

سوڕەتی ( تەوبە) دەخوێنێت

تەرمێک کراوە بە ئاڵا

بانگەشەی مەلاکان دەستی پێکردوە

بۆ بوون بە جێگیری خودا

لە تەوالێتی مزگەوتێکدا تا دەتوانم دەڕشێمەوە

بەیانی مەلایێک دادگاییم دەکات

دوو بەیانی لە جەهەندەم گۆرانی دەڵێم

کەنیسەیێک دەبینم

خاپوور

مەسیح لە ئاپارتمانێکەوە

شەوانە سەکسیفۆن دەژەنێت

داوای لێدەکەم بهێڵێت بخەوم

تادەتوانێت تفێکم تێدەگرێت

منیش دەڵێم: سوپاس..

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.