Römische Kopie eines griechischen Platonporträts, das wohl von Silanion stammt und nach dem Tod Platons in der Akademie aufgestellt wurde, Glyptothek München

تیۆریى کات و فەزا لاى پلاتۆن


Loading

 پێشەکی

پلاتۆن بە تایبەتى لە دیالۆگى “تیمایۆس”دا (1)، لە ڕوانگەى فەلسەفە دوالیستییەکەی خۆیەوە گۆڕان بە تیۆریی کات و فەزا (Raum/Space) دەدات، واتا لەو ڕوانگە فەلسەفەییەوە کە جیاوازى لە نێوان دوو جیهانى ئەزموون (ماتەری، مادی) و ئیدێدا دەکات. سەرەتا وەک دەروازەیەکى پێویست بۆ چوونە نێو تیۆریى کات و فەزاوە، ڕوودەکەینە پەیوەندیى نێوان ئەم دوو جیهانەى ئەزموون و ئیدێکان – جیهانی ئەزموون وەک دەروێنە (لاسایی) و جیهانی ئیدێکان وەک سەروێنە (“بەشى یەکەم”، ناونیشانى “فەلسەفەى ئیدێکان”). لێ بە دیدی پلاتۆن جیهان بوونەوەرێک نییە کە لە خۆیەوە هەبێت، بەڵکو هۆکارێکى هەیە و بریتییە لە دەمیورگ (خودا)، کە لە “هیچ”وە یان لە “نەبوون”ـەوە (العدم) گەردوون ناخولقێنێت، بەڵکو تەنیا لە “چاکیى” خۆیەوە چوار توخمە سەرچاوەییەکەى ئاو و ئاگر، ئەرد و هەوا کە پێش دروستبوونى گەردوون لە دۆخێکى ناڕێکخراودا بوون، ڕێکدەخات، لێرەشدا ئاوڕ لە بوونى ئەزەلی (ئیدێی گەردوون) دەداتەوە و وەک سەروێنە/نموونە وەریدەگرێت.

     “کات” بۆ یەکەم جار لەتەک “ڕێکخستنی گەردوون”دا دێتە ئاراوە (بەشی دووەم، تەوەری یەکەم). خودا بە بینینى بزووتن و جوانیى گەردوون “شادمان” دەبێت، هەر بۆیە بڕیار دەدات کە ئەم گەردوونە ئاراییە (سەیرورەییە) هەتا ڕادەى شیان لە سەروێنەکەى، واتا لە بوونى ئەزەلى، بچوێنێت، کە ئیتر ئێستا ڕێکخراوییەک لەسەر بناغەى فۆرم و ژمارە بە گەردوون دەدات، ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە ناوى دەنێین “کات”. “بوونى ئەزەلى” بەڕێى کاتەوە بەشداری لە “ئامادە”دا دەکات. لێ هەردوو فۆرمەکەى دیکەى کات، واتا ڕابوردوو (بوو) و ئاییندە (دەبێت)، بریتین لە بزووتن و لەتەک خودى کاتدا سەریان هەڵداوە. لە تەوەری دووەمدا، لەژێر ناونیشانى “سێبەشکردنى کات بەسەر ڕابوردوو و ئامادە و ئاییندە”دا، پەیوەندیى نێوان ئەم سێ فۆرمەى کات ڕوون دەکەینەوە.

     لە “تەوەری سێیەم”دا، لەژێر ناوى “کات وەک دەروێنەى بزواوى ئەزەلییەت”، ڕوو دەکەینە کێشەى بزووتن و پێوانى کات. لەبەر ئەوەى فۆرمەکانى ڕابوردوو و ئاییندەى کات نیشانەن بۆ ئەوە، کە کات هاوشێوەى گەردوون دەروێنەییە، ئەوا دەبێت کاتیش مۆرکى بزووتن لە خۆ بگرێت، بێگومان بزووتنێک کە پێویستیى بە پێوان هەیە، یان بە زمانى پلاتۆن، پێویستی بە ژماردنە. پلاتۆن سووڕى خولگەیى پلانێتەکان وەک پێوەر وەردەگرێت.

     لێ “کات” هەروەها بریتییە لە “دەروێنەى ئەبەدیى ئەزلییەت” (تەوەری چوارەم)، چونکە کات، پەیوەست بە “ئامادە”وە، بریتییە لە گەیەنەرى بوونى ئەزەلى بە گەردوونى ئارایى. کەواتە مۆرکى کات لە لایەک بریتییە لە بزووتن، لێ کات لە لایەکى دى بە چەشنێک لەنێو ئەزەلییەتدا ئامادەیە، کە ئیتر بە دیدى پلاتۆن نەتوانین بەبێ کات لە ئەزەلییەت بهزرێین.

     لێ ئەم دوو ڕەگەزەى ئەزەلییەتى سرەوتوو و گەردوونى ئارایى بەس نین بۆ مەئریفەی گەردوون، چونکە هەموو دۆخگۆڕییەک، واتا هەموو سەرهەڵدان و لەناوچوونێک، “لەنێو شتێکدا” ڕوو دەدات. ئێمە لێرەدا دەگەین بە پرسیارى “فەزا”، چونکە فەزا ئەو شتە نادیارەیە، کە لە نێویدا دۆخگۆڕییەکان ڕوو دەدەن. (بڕوانە “بەشى سێیەم”). لە “تەوەری یەکەم”ى ئەم بەشەدا، لەژێر ناوى “زەروورە وەک هۆکارێکى لاوەکى”، بەوە دەگەین کە “خوداى بەئاوەز (ئاقڵ)” تاکە هۆکارێکى گەردوونى ڕێکخراو نییە، بەڵکو هۆکارى “زەروورە”ش رۆڵى خۆى دەگێڕێت. بە شێوەیەکی دی ببێژین، خوداى بەئاوەز قەنائەت بە “زەروورە” دەهێنێت، تاکو ئەوە کە جارێ خۆى لە دروستبووندا دەبینێتەوە، بخاتە باشترین دۆخەوە و ئەوجا وەک سەرەنجام گەردوونى دیار سەرهەڵدەدات.

     لە تەوەری دووەمدا، لەژێر ناونیشانى “هەڵگرە نادیارەکەى دۆخگۆڕى”دا، فەزا دەخەینە ژێر دانوستاندنەوە. پلاتۆن بۆ ڕوونکردنەوەى هۆکارى زەروورە، جارێکی دی لە سروشتى چوار توخمەکەى ئاو و ئاگر، ئەرد و هەوا پێش سەرهەڵدانى گەردوون دەڕوانێتەوە. لێرەدا بەوە دەگەین، کە پێش سەرهەڵدانى گەردوون فەزا وەک زەروورەیەک دۆخگۆڕییەکانى چوار توخمەکەى لەنێو خۆیدا هەڵگرتووە، هەروەها لەنێو گەردوونى ڕێکخراودا هەڵگرێکى نادیارى زەروورییە بۆ سەرجەم دۆخگۆڕییەکان.

     لێ هاوکات گەرەکە ئاماژە بۆ ئامانجى ئەم توێژینەوەیە بدەین، لێرەشدا سێ مەبەستى گرنگ دێنە پێشەوە: یەکەم، وەک مەبەستى سەرەکیى توێژینەوەکە، تێگەیشتن لەم تیۆرییەى کات و فەزا لاى پلاتۆن نزیککەوتنەوەیە لە هزرى ئەو و لێرەشەوە ئەم کارە دەتوانێت پێگەیەک لەنێو دانوستاندنى ئەکادیمییانەى پلاتۆندا وەربگرێت؛ دووەم ئێمە لەنێو مێژووى تیۆرییەکانى کات و فەزادا، کە هەتا ئەمڕۆ بەمێژوویى لەژێر دانوستاندان، لە یەکێک لە تیۆرییەکانى ئەنتیکە توێژیوینەتەوە، ئەمەش لە ڕووى دانوستاندنی مێژوویانەی کات و فەزاوە بەواتایە؛ سێیەم، هەتا ئەمڕۆ بە کوردى توێژینەوەیەکى ئەکادیمییانەى تیۆریى کات و فەزا لاى پلاتۆن نییە، بۆیە دەشێت ئەم توێژینەوەیە ببێت بە زەمینەیەک بۆ توێژینەوەی فراوانتر لەم بوارەدا.

     1- فەلسەفەى ئیدێکان

      بە دیدی پلاتۆن جیهانى ئەزموون کە ئێمە بەڕێى سێنسەکانمانەوە دەرکی دەکەین، لە خۆیەوە نییە، بەڵکو بەندە بە بناغەیەکەوە کە تەنیا بەڕێى خۆیەوە هەیە. پلاتۆن ڕوو دەکاتە “بوونەوەر”ى هەردەم هەبوو، کە بوونێکى سەرمەدیى هەیە و ئێمە تەنیا بەڕێى ئاوەزەوە (نووس) لێى تێدەگەین، هەروەها ڕوو دەکاتە “جیهانى ئارایى”، کە هەرگیز ناشێت بوونەوەر بێت و ئێمە تەنیا بەڕێى سێنسەکانمانەوە دەرکى دەکەین (2). لێ هەر شتێک، کە ئارایى (ئەمپیرى) بێت، واتا ئەزەلى نەبێت و خۆى لە دۆخگۆڕیدا ببینێتەوە، دەبێت بە زەروورە “هۆکار”ێکى هەبێت. کەواتە ئێمە لە فەلسەفەى پلاتۆندا سێ فاکتەرمان هەیە: جیهانى ئەزموون، جیهانى ئیدێکان، هەروەها هۆکار یان خودا.

     خودا، یان بە واتایەکى دی، ئیدێى چاکە، بۆ خۆى هەیە. لێ پلاتۆن لە خودایەکى ڕەهاوە (موتڵەقەوە) دەرناچێت، بەڵکو لە شرۆڤەی مەئریفەوە (3). “ئەوە کە لاى پلاتۆن بۆى هەیە لە واتایەکى فەلسەفەییدا ناوى خودای لێبنرێت، ئەو هۆکارەیە کە بەشداریى (مێتێکسیس) لە چاکەدا دەشێنێت، چونکە خۆى لە-خۆدا-چاکە و وەک چاک بێبەخیلییە” (4).

     فاکتەرى دووەم بریتییە لە بوونى سەرمەدى و سەروێنەیى ئیدێکان، واتا “فۆرمە سەرەتاییە هەرگیز نەکشاوەکان” (5)، کە بۆ خۆیان وەک بوونەوەر کایەیەکى تایبەتی و جیاکراوە لە جیهانى ئەزموون پێکدەهێنن و پلاتۆن ناوى دەنێت جیهانی “ئیدێنتیتێ” (6).

     جیهانى ئەزموون، وەک فاکتەرى سێیەم، تەنیا دیاردەى ئیدێیە لە واتاى دەروێنەى ئیدێدا. جیهانى ئەزموون بۆ پلاتۆن بریتییە لە سەرجەم جەستەیەتی لەنێو کات و فەزادا، کە تایبەتە بە نائارامی و لەناوچوون. لێ پلاتۆن ئەم جیهانەی ئەزموون بەرەنگارى جیهانى ئیدێکان ناکاتەوە، بەڵکو دەیخاتە پەیوەندیى بەشداریکردنەوە لە ئیدێکاندا، لێرەشدا پەیوەندییەکى سەروێنەیى-دەروێنەیى لەنێوان هەردووکیاندا دەهێنێتە گۆڕێ، تاکو هەردوو جیهان بەرانبەر یەکترى نەوەستنەوە. بەم پێیە لە لایەک جیهانى ئیدێکان وەک بوونەوەرى ڕاستەقینە هەیە و تەنیا بەڕێى ئاوەزەوە شیاوى لێهزرینە، لێرەشدا گەرەکە هزرڤان وەک زەروورى یان وەک لە-خۆدا-هەبوو و بۆ-خۆ-هەبوو لێیبهزرێت. بە پێچەوانەشەوە جیهانى ئەزموون کە تەنیا بابەتى دەرککردنە، خۆى لە ئاڕاستەیەکى بەشداریڤانانە لە بووندا دەبینێتەوە، بە واتایەکى دی، کۆشش دەکات بۆ ئەوەى بە بوونێک بگات.

     پلاتۆن لەم بنەما فەلسەفەییەوە گۆڕان بە گەردووناسییەکەى دەدات، لێ ئەوە لە بنەڕەتدا گەردووناسى نییە لە واتای مەئریفەی مۆدێرنی گەردووندا، هەروەها پلاتۆن خۆیشى داواى ڕاستیى بۆ ناکات، بەڵکو داواى “ڕەنگەیەتى” بۆ دەکات. ئەو سەرهەڵدانى گەردوونی ڕێکخراو لە هۆکارێکەوە ناو دەنێت “ئەفسانەیەکى ڕاست”.

     2- سەرهەڵدانى کات لەتەک ڕێکخستنى گەردووندا

     2-1 ڕێکخستنى گەردوون

     لە بەشى یەکەمدا ئەو سێ فاکتەرەمان دیارى کرد، کە بۆ تێگەیشتن لە تیۆریى گەردوون لای پلاتۆن کرۆکیین، واتا خودا، جیهانى ئیدێکان و جیهانى ئەزموون. پلاتۆن بۆ سەرهەڵدانى گەردوون گریمانەى کردارێکى خودایانە دەکات، چونکە گەردوون کە دیارە و ئێمە دەرکی دەکەین، خۆى بەردەوام لە دۆخگۆڕیدا دەبینێتەوە، بۆیە دەبێت لە “هۆ”یەکەوە دروست بووبێت. ئێمە لێرەدا ڕوانگەیەکى هۆئەنجامی (کاوساڵێتى)ـمان هەیە. ئەم ڕوانگە فەلسەفەییە دەبێژێت: هەر شتێک لە دروستبووندا بێت، دەبێت هۆیەکى هەبێت. پرسیار لەبارەی شتێک کە خۆى لە دروستبووندا دەبینێتەوە، پاڵنەرە بۆ ئەوە کە “لەبارەى بناغەکەى پرسیار بکرێت”؛ پلاتۆن “دەمیورگ (وەستا/خودا) و ڕوانینەکەى لە بوونی ئەزەلی وەک هۆکارى شتێکى لە-دروستبووندا-بوو” دیارى دەکات (7).

     لێ وەستا لە “هیچ”ـەوە (من العدم) گەردوون ناخولقێنێت، بەڵکو “دوو پێکهاتەى بناغەیى” لە بەردەم خۆیدا دەبینێتەوە: “یەکێکیان بریتییە لە جیهانى سەروێنەکان (…)، یان لە جیهانى ئیدێ نەگۆڕ و دروستنەبووەکان”، کە خودا لێوەیان دەروێنەیەک دروست دەکات؛ ئەوى دیکەیان بریتییە لە “فەزا” وەک “کەرەسەى کردگاریى (و) خودا دەستوور و ڕێکخستن بۆ نێو بزووتنە بێدەستوورەکەى دەهێنێت” (8). ئەم ڕێکخستنەى شتە دیارە ناڕێکخراوەکان گرنگترین پنتى دەرچوونە ڕووەو “ڕێکخراویى گەردوون” (9).

     پرسیارێکى گرنگ لێرەدا ئەوەیە، کە لەبەر چە هۆیەک خودا دەست دەنێتە نێو ناڕێکخراویى شتە دیارەکانەوە و لێرەشدا بوونى ئەزەلى وەک سەروێنەى گەردوونێکى ڕێکخراو وەردەگرێت؟ بۆ وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە دەبێت لە پاساوەکانى پلاتۆنەوە دەربچین. ئەو دەبێژێت: گەردوونى ڕێکخراو “جوانترین”ی سەرجەم شتە دروستبووەکانە (10)، لێ لەبەر ئەوەى جوانترینە، ئەوا دەبێت خوداى ڕێکخەر لەکاتى ڕێکخستنیدا ئاوڕى لە بوونى ئەزەلى، واتا لە ئیدێى گەردوون دابێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە دەروێنە ڕێکخراوەکە هێندە کامیل و سەرجەمییە و هاوکات بە دەروون و ژیان تەنراوە. هۆى ئەم ڕێکخستە بۆ “چاک”یى خودا دەگەڕێتەوە. لێ لەبەر ئەوەى خودا چاکە، ئەوا نەشیاوە لە ئەو بەخیلى (فتۆنۆس) بووەشێتەوە (11)، هەر بۆیە ویستوویەتى کە گەردوونى دیار هەتا ڕادەى شیان لە خۆى بچێت. ئاخر ناشێت چاکە سۆزى هەبێت، یان بۆ نموونە خاوەنی هەست (ی بەخیلی بێت)، بەڵکو ئەو تەنیا چالاکیى ئاراهێنەری هەیە.

     لێ  هێشتا هەر گەرەکە وەڵامی گرنگترین پرسیار بدەینەوە: ئایا ئێمە دەبێت لە دەمیورگ (خودا) چى یان کێ تێبگەین؟ وەک گۆتمان، ئەو وەک “ئیدێى چاکە” بۆ ڕێکخستنی گەردوون لە بوونی ئەزەلی دەڕوانێت و وەک سەروێنەی ڕێکخستنەکە وەریدەگرێت. پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا بوونی ئەزەلی خودا خۆیەتی وەک ئیدێى چاکە؟ واتا ئایا ئەو لە خودى خۆى دەڕوانێت؟ بۆ نزیککەوتنەوە لە وەڵامى ئەم پرسیارە سەرلەنوێ بنەماکانى ڕێکخراوى (کۆسمۆس) و ناڕێکخراوى (کائۆس) وەردەگرین. وەک ناترۆپ دەبێژێت، پلاتۆن لە دیالۆگى “فیلێبۆس”دا سەرجەم جوان و چاک، ئاوەز و دەروون، سەرجەم ژیان، بەتایبەتی ژیانى گەردوون، بە یەک تاکە پرنسیپى دوایەمینەوە بەند دەکات کە بریتییە لە پرنسیپى “دیاریکردنى دیارینەکراوى”، بە کورتى بریتییە لە پرنسیپى یاسا (12). لەم ڕوانگەیەوە خودا و هۆکار، جوانترین و چاکترین، لە پرنسیپى دیاریکردن جیاناکرێنەوە. ئەم خودایە کە لەتەک خۆیدا یەکانگیرە، نەک لە ئیدێکان جیاناکرێتەوە، بەڵکو لە خودى ئیدێ وەک ئیدێ جیاناکرێتەوە. کەواتە خودا توخمێکى کرۆکی نییە و خۆى لەوبەر ئیدێکانەوە ببینێتەوە، ئەوجا لەوێوە لە ئیدێکان بڕوانێت و گەردوون وەک دەروێنەى ئیدێی ئەزەلی دروست بکات، بەڵکو ئەو وەک ئیدێى ئیدێ، یان وەک یاساى یاسامەندى، یان وەک دیاریکردنى دیارینەکراوى، خودى خۆى ڕیالیزە دەکات (تەحقیق دەکات). ئەوجا لە لایەکى دیکەوە تەنیا کاتێک گەردوونى دیار کارا دەبێت، گەر ئیدێکان (واتا دیاریکراوى) بۆ نێو دیارینەکراوى بهێنرێن، ئەم بۆنێوهاتنەش بریتییە لە “دروستبوون بە ئاڕاستەی بوون” (13).

     خودا یەک “تاکە” گەردوون ڕێکدەخات، کەواتە دەبێت ئەم تاکە گەردوونە “هەتا ڕادەى شیان” کامیل بێت (14)، بە واتایەکى دی دەبێت گەردوون هەتا ڕادەى شیان هاوشێوەى خودا خۆى بێت. بۆیە کاتێک “خوداى هەمیشە هەبوو” دەبینێت، کە گەردوون پڕژینە و “دەبزوێت”، واتا گەردوونێکە “کە بە بوون دەبێت” (15)، ئیتر بەم بینینە “شادمان” دەبێت و بڕیار دەدات، کە گەردوونى دەروێنەیى لەوەش زۆرتر لە سەروێنەکەى بچوێنێت، واتا دەیەوێت بە چەشنێک کامیلێتى بە گەردوون بدات، کە ئیتر بگات بە دۆخى ئەزەلییەتى سەروێنەیی. لێ لەبەر ئەوەى ئەزەلییەتى سەروێنەیى سروشتێکى ئەزەلیی هەیە و نەشیاوى لەناوچوونە، ئەوا نەشیاوە ئەو چۆنێتییە بەپڕیى بە دەروێنەکەى بدرێت. ئاخر دەروێنەکە تەنیا لاسایی، واتا دیاردەی ئەوە. بۆیە خودا بڕیار دەدات، کە “دەروێنەیەکى بزۆکى ئەزەلییەت” بسازێنێت، ئەم دەروێنە بزۆکەش ئەوەیە کە ئێمە ناوى دەنێین “کات” (16). گرنگ لێرەدا بۆ ڕەوتى بەردەوام و نەگۆڕى گەردوون ئەوەیە، کە پێکەوە لەتەک ئەم دەروێنە بزۆکەدا سەرجەم “کاتەکانى دى”، واتا ڕۆژ و شەو، هەیڤ و ساڵ، دێنە ئاراوە (17).

 

دالی؛ مكوڕی بیره‌وه‌یه‌كان ١٩٣١- كات و فه‌زا له‌نێوان كاتژمێرێ‌كی تواوه‌ و له‌ته‌ چاوێك و فه‌زایه‌كی پڕ یاده‌وه‌ری – ڕوانینێكی دیكه‌ بۆ كات و فه‌زا
The Persistence of Memory,
1931

     2-2 سێبەشکردنى کات بەسەر ڕابوردوو و ئامادە و ئایندەدا

     پلاتۆن سوود لە سێبەشکردنى کات بەسەر ڕابوردوو و ئامادە و ئایندەدا وەردەگرێت، لێ هاوکات دەیخاتە ژێر ڕەخنەوە. ڕەخنەکەى بە تایبەتى ئاڕاستەى “هەیە” (ـە / is) ى ئامادە دەبێتەوە. وەک لە سەرەوە پێشانمان دا، کات لەتەک ڕێکخستنى گەردووندا دێتە ئاراوە و ئەم گەردوونەش بریتییە لە دەروێنەى بوونى ئەزەلیی. بە دیدى پلاتۆن بوون تەنیا بەڕێى کاتەوە دەتوانێت بەشدارى لە ئامادەدا بکات، لێ شێوەکانى “بوو” و “دەبێ” بریتین لە بزووتن و لەتەک کاتدا سەریان هەڵداوە. “بوو” واتاى لکاندنى کات بە ڕابوردووەوە، “دەبێ” واتاى لکاندنى کات بە ئایندەوە دەگەیەنێت. لێ بوون خۆى لە “ئێستاکات”دا دەبینێتەوە و دەکەوێتە نێوان “بوو” و “دەبێ”وە. بوون لە ڕەوتەکەیدا لە “زووتر”ەوە ڕووەو “درەنگتر” ناتوانێت بەسەر ئامادەدا باز بدات، هەر بۆیە دەبێت بەر ئامادە و درەنگتر بکەوێت. کاتێک ئامادە بەردەدات و درەنگتر دەگرێت، ئەوا لە نێوان هەردووکیاندایە (18).

      لە ئامادەدا “هەیە”ى یان “ـە”ى (is) هەمیشە بەردەوام دەردەکەوێت. کاتێک ئێمە لە ڕابوردوو دەدوێین، ئەوا مەبەستمان لە نەماوێکە؛ هەروەها ئێمە پەیوەست بە ئایندەوە لە هێشتا نەهاتوویەک دەدوێین. تەنیا ئامادە ئامادەیە (پرێزێنتە). لێ ئامادە دەکەوێتە سەر سنوورى نێوان ڕابوردوو و ئاییندە، بەبێ ئەوەى بتوانێت بوونێکى سەربەخۆ ئاوەڵا بکات. کەواتە ئامادە ناتوانێت ببێت بە بوون، بەڵکو وەک نابوونەوەرێک دەمێنێتەوە (19).

     لەو ساتەدا کە کات لە نێوان ڕابوردوو و ئایندەدایە، لە بووندا بەشدارى دەکات، لێ لەوێدا “کە بوون ڕووەو ئارایى وەردەگۆڕرێت، بەشدارى ناکات” (20). ئەم وەرگۆڕینەى بوون بۆ ئارایى لە “سات” (لحظة)دا ڕوودەدات، لێ وەرگۆڕینەکە لە سرەوتنى سرەوتووەوە یان لە بزووتنى بزواوەوە نایەت، بەڵکو “سات” لەنێو پنتى نێوان بزووتن و سرەوتندا نیشتووە، بەبێ ئەوەى خۆى لەنێو کاتدا ببینێتەوە. لە ساتدا و لە ساتەوە بزواو خۆى بۆ سرەوتوویى و سرەوتوویش خۆى بۆ بزووتن وەردەگۆڕێت (21). کەواتە پەڕینەوەى بوون ڕووەو ئارایى لە کاتدا ڕوو نادات، بەڵکو لە ساتدا لە نێوان دوو یەکەى (ئینتەرڤالى) کاتدا. ئەم ساتە ئامادەیەکى هەنووکەیى (ئەکتوێل) گەرەک نییە، چونکە لە دەرەوەى کاتدایە (22).

     “ئارایى” بێسنووری و کراوەیی کات دەردەخات. لێرەدا مەبەست لەوەیە کە دۆخگۆڕییەکان هەتا بێدوایەکى دەخایەنن. لێ پلاتۆن دەخوازێت داخراوى و یەکایەتى و سەرجەمێتى بەدیبهێنێت. ئەو بە یاریدەى فۆرمى خولگەیى کات هەوڵ دەدات ئەم سەرجەمێتییە مسۆگەر بکات. سەرجەمێتییەکە بەو ڕێیەوە دێتە گۆڕێ، کە کۆتایى بزووتنە خولگەییەکە بۆ سەرەتا دەگەڕێتەوە و بەمەش هەردووکیان یەکدەگرنەوە. ئەمە ڕێگەیەکە بۆ چارەسەرى نەسازییەکان.

     2-3 کات وەک دەروێنەى بزواوى ئەزەلییەت

     بۆ ئەوەى لە کات وەک دەروێنەى ئەزەلییەت تێبگەین، دەبێت سەرلەنوێ لە دوالیزمى جیهانى ئیدێ و جیهانى ئەزموون بڕوانینەوە. مۆرکى جیهانى ئیدێ بریتییە لە سرەوتوویى و نەگۆڕین، لێ مۆرکى جیهانى ئەزموون بە پێچەوانەوە بریتییە لە بزووتن و ئارایى. پلاتۆن دەروێنەى ئەزەلییەت لەنێو کایەى ئەزموونیدا دیارى دەکات. وەک گۆتمان، مۆرکە سەرەکییەکەى ئەم کایەیە بریتییە لە بزووتن. کەواتە گەر “کات” دەروێنەى ئەزەلییەت بێت، ئەوا دەبێت مۆرکى بزووتن لە خۆ بگرێت.

     لێ ئایا بزووتنى کات چە جۆرێکە؟ پلاتۆن سەرەتا پەیوەست بەم پرسیارەوە جیاوازى لە نێوان جۆرەکانى بزووتندا دەکات، تاکو “هیچ نەبێت جۆرێکى تایبەتیى بزووتن لەتەک (ئەزەلییەتى – ن) سرەوتوودا بگونجێنێت”، لێرەشدا دەبینێت کە بزووتنى خولگەیى بێسنوور و یەکئاڕاستەیى تەواو گونجاوە بۆ ئەو مەبەستە. پلاتۆن ئەم جۆرەی بزووتن لە نێوان ئەزەلییەتى سرەوتوو و بزووتنى بێسنوور و هەوەسدارى نێو ئاراییدا دادەنێت. بزووتنی خولگەیی بێسنوور بزووتنێکە کە هۆکارەکەى لەنێو خۆیدایە (23).

     مۆرکە کرۆکییەکەى بزووتنى خولگەیی ئەوەیە، کە ئەم جۆرەى بزووتن دوو لایەن لە خۆ دەگرێت: دوایەکێتى و بێدوایەکێتى. بزووتنى خولگەیى لەو واتایەدا دوایەکییە، کە بزووتنەکە هەمیشە بۆ نێو خۆى دەگەڕێتەوە، واتا کۆتاییەکەى خولگەییانە بۆ نێو سەرەتاکەى دەگەڕێتەوە و بەمەش فۆرمێکى داخراو و دوایەکى دەخاتەوە؛ لێ بزووتنى خولگەیى لەو واتایەدا بێدوایەکییە، کە سووڕە خولگەییەکە (دوایەکییەکە) هەتا بێدوایەکى شیمانەى چەندپاتکردنەوە لە خۆ دەگرێت و ئەمەش، سەربارى چەندپاتییەکە، پێشڤەچوونێکى بێدوایەکى پێکدەهێنێت (24).

     لەتەک کاتدا هەروەها سەرجەم جۆرەکانى کات، واتا ڕۆژ و شەو، هەیڤ و ساڵ، سەرهەڵدەدەن. کەواتە پێوەرێک بۆ پێوانى کات پێویست دەبێت. پلاتۆن “ژمارە” وەک پێوەرى کات دادەنێت: ژمارەکان دەخاتە پاڵ بزووتنەکە، کە ئیتر لێرەوە کات بە دەسوێژى بزووتن دەپێورێت و پۆلێن دەکرێت. لێ ڕیزى ژمارەکان، کە هەتا بێدوایەکى درێژ دەبێتەوە، داواى بزووتنێک دەکات کە هەتا بێدوایەکى درێژ ببێتەوە (25).

     پلاتۆن پێوانى کات لە سووڕى خولگەیى دیاردە بەرجەستەکانى ئاسمان، واتا پلانێتەکان، وەردەگرێت. پلاتۆن سەرهەڵدانى پلانێتەکان بۆ دانایى خودا دەگەڕێنێتەوە، داناییەک، کە ئاڕاستەیەک بە مەبەستەکەى دەدات: خودا لە پێناوى سەرهەڵدانى کاتدا خۆر و مانگ، هەروەها پێنج پلانێتەکە، دروست دەکات (26).

     بەم شێوەیە دەرفەت دەڕەخسێت تاکو ئەو ژمارانە جیابکرێنەوە کە بۆ پێوانى کات پێویستن. لای پلاتۆن سووڕى پلانێتەکان بەوە درێژیى کات دیارى دەکەن، کە بۆ هەر سووڕێک ژمارەیەک دادەنرێت و ئەم دانانەش هەتا بێدوایەکى دەخایەنێت. لە نێوەندى گەردووندا زەمین هەیە، کە خۆى لە بزووتنێکى سووڕاوە بە دەورى خۆیدا دەبینێتەوە. پلانێتەکانیش دوو جۆر بزووتنیان هەیە: بزووتنێک بە دەورى خۆیاندا و بزووتنێکى بازنەیى بە دەورى زەمیندا، لێ ئەم بزووتنەیان لە میانەى جیاواز و گوڕ و لاریى گۆشەى جیاوازدا ڕوو دەدات. لەتەک هێڵى سووڕانەوە خۆییەکاندا شێوەى خۆیى کات یەکدەگرێتەوە. بۆ نموونە لە ئەنجامى سووڕانەى زەمیندا ڕووەو ئاسمانى ئەستێرە سرەوتووەکان ڕۆژ دێتە ئاراوە، لە ئەنجامى سووڕانەوەى مانگدا هەیڤ چێدەبێت و لە ئەنجامى سووڕانەوەى خۆردا ساڵ (27).

 

    2-4 کات وەک دەروێنەى ئەبەدیى ئەزەلییەت

     لە سەرەوە، لە تەوەری سێیەمى ئەم بەشەدا، ڕوونمانکردەوە، کە کات بریتییە لە دەروێنەى ئەزەلییەت و مۆرکی دەروێنەش بریتییە لە بزووتن. لێ پلاتۆن هەروەها کات وەک دەروێنەیەکى ئەبەدیى ئەزەلییەت دیارى دەکات. ئێمە پەیوەند بەم پرسەوە گەرەکە لە تێگەیشتنى پلاتۆن بۆ گەردوون بڕوانینەوە، کە تێگەیشتنێکى ماتماتیکى-مەزەنەییە. پلاتۆن لەو بڕوایەدا بوو، کە گەردوون وەک سەرجەم فۆرمێکى گۆیى هەیە، چونکە، ئەمەش پەیوەست بە مەبەستە فەلسەفییەکەیەوە، تەنیا گۆ لە ڕووى ماتماتیکییەوە کامیلە. لێ لەبەر ئەوەى گەردوون بە دیدی ئەو جەوهەرێکى زیندووە و هەروەها دەروونێکى هەیە کە سەرجەم فەزا پڕدەکاتەوە، ئەوا گەردوون هاوکات خاوەنى ژیانە، ئەمەش بە واتاى گەردوون لە بزووتندایە. ئەم بزووتنە بۆ پلاتۆن تەنیا دەشێت بزووتنى “خولگەیى (ڕۆتاسیۆن) بێت، چونکە تەنیا بزووتنى خولگەیى کامیلترین” بزووتنە (28).

     بەم پێیە سووڕانەوەى گەردوونى گۆئاسا بە دەورى خۆیدا نیشانەیە بۆ “کامیلێتییەکەى”. گەردوون بەهۆى ئەم کامیلێتییەوە دەتوانێت وەک “خودایەکى بەختیار” (29) لەتەک خۆیدا هەڵبکات. خودا لەم ڕوانگەیەوە “خودایەکى ئەبەدى” ڕێکدەخات، ئەوجا بۆ ئەوەى ئەم خودا ئەبەدییە (ئەم گەردوونە) هەتا ڕادەى شیان لە ئەزەلییەت بچێت، ئەوا خودا لەنێو کاتدا دەیسازێنێت. بۆیە پلاتۆن ئەو کاتە کە بە گەردوون دراوە، ناو دەنێت دەروێنەیەکى ئەبەدى، واتا “مۆرکى کایەى ئەزەلى بەسەر کایەى کاتدا تەتبیق دەکات و لێرەشەوە شیمانەیەک بۆ لێچواندن دەهێنێتە ئاراوە بۆ ئەوەی بتوانین دەروێنەکە بە سەروێنەکە بچوێنین”. لێ کات وەک “دەروێنەى ئەبەدى هێشتا هەر لە ئەزەلییەت جیاواز دەمێنێتەوە، چونکە سرەوتوو نییە، بەڵکو دەبزوێت” (30).

     لەبەر ئەوەى کات، وەک دەروێنەى ئەزەلییەت، سەرەتا و کۆتایى هەیە، ئەوا جیاوازە لە ئەزەلییەت، هەروەها لەبەر ئەوەى ئەزەلییەت سەرەتا و کۆتایى نییە، بە واتایەکى دی، لەبەر ئەوەی ئەزەلییەت لەوبەر سەرەتا و کۆتاییەوە هەیە، ئەوا ئەزەلییەت سەرمەدییە: لەوبەر کاتەوەیە. کات و گەردوونى ئەزموونى لاى پلاتۆن هاوشێوەییەکى نزیکیان لە یەکترى هەیە: چۆن کات دەروێنەى ئەزەلییەتە، ئەوهایش گەردوونى ئەزموونى دەروێنەى ئیدێى گەردوونە. یان: پلاتۆن لە “خوداى هەمیشە هەبوو” دەدوێت، ئەوجا گەردوون لەتەکیدا دەخاتە پەیوەندییەوە و ناوى دەنێت ئەو خودایە کە “بە بوون دەبێت” (31). مەبەستى پلاتۆن لە دانانى ئەم پەیوەندییە ئەوەیە، کە بەڕێیەوە ئاماژە بۆ تاکێتیی گەردوونى دیار بدات.

     وەک لەسەرەوە پێشانمان دا، پلاتۆن فۆرمێکى گۆیی بە گەردوون دەدات، بۆ ئەوەى لە هەموو ئاڕاستەیەکدا هاوکێش بێت. لێ چۆن فۆرمى گۆیى بۆ گەردوون گونجاوە، بە هەمان شێوە سووڕى خولگەیى بۆ کات فۆرمێکى گونجاوە، چونکە مۆرکەکەى بریتییە لە یەکسانییەکى یەکلایەنى. سووڕى خولگەیى ئەو فۆرمەیە، کە بەڕێیەوە ئەمجیهان بە ئەوجیهان، واتا کایەى ئارایى بە کایەى ئەزەلى، دەگەیەنرێت: ئەم “فۆرمە دەروێنە”ییەى کات چە سەروێنە و چە دەروێنە بەیەک دەگەیەنێت و پێکەوە دەلکێنێت (32). لە لایەک فۆرمى خولگەیى بریتییە لە داخراوى و یەکایەتى و سەرجەمێتى، چونکە بزووتنێکى بۆ نێو خۆ گەڕاوەیە، لێ فۆرمى خولگەیى لە لایەکى دى بریتییە لە کراوەیى و بێدوایەکێتیى، چونکە بزووتنەکەى تواناى چەندپاتکردنەوەى بێدوایەکییانەى هەیە. کات لە شێوەى یەکەمدا خۆى بە ئەزەلییەتى سەروێنەییەوە دەلکێنێت، کە یەکایەتی و سەرجەمێتییەکى سرەوتوو و داخراوە، لێ لە فۆرمى دووەمدا خۆى بە بێدوایەکێتى و دیارینەکراویی کایە ئەزموونییەکەوە دەلکێنێت (33).

     3- فەزا

     3-1 زەروورە وەک هۆکارێکى لاوەکى

     پلاتۆن سەرەتا بۆ لێکۆڵینەوەى گەردوون دوو ڕەگەزى دیارى کرد: یەکەم، بوونى ئەزەلى وەک سەروێنە، دووەم، ئارایى وەک دەروێنەى سەروێنە. لێ پلاتۆن هاوکات لە “تیمایۆس”دا دەبێژێت، کە ئەم دوو ڕەگەزە بەس نین بۆ مەئریفەی گەردوون. ئاخر کاتێک ئێمە لە گەردوون دەتوێژینەوە، ئیدی لەو ڕەوتەدا ناچار دەبین “فۆرمێکى ئاڵوز و تاریک” ڕوون بکەینەوە (34).

     ئەم کێشەیە ڕوو دەکاتە خودى تێگەى ئارایى، چونکە هەر شتێک کە لە ئارادا بێت، هەمیشە پێشمەرجێکى هەیە. پلاتۆن لێرەدا ڕوانگەیەکی هۆئەنجامی (کاوساڵێتی) وەردەگرێت، لێ ئەو ناتوانێت پێشمەرجەکە لەم ڕوانگەیەوە ساغبکاتەوە، بۆیە ئێستا هانا بۆ “ئەفسانەى ئارایى” دەبات و بەم ڕێیەشەوە هەوڵ دەدات “وێنەى تێکەڵێک لە بوون و نەبوون بدۆزێتەوە” (35). لەم ڕوانگەیەوە ئارایى ڕێکخراوى گەردوون تێکەڵێکە لە ئاوەز و زەروورە وەک دوو هۆکارەکەى گەردوون: ئاوەز وەک هۆکارى سەرەکی و زەروورە وەک هۆکارى لاوەکی. پلاتۆن جیاوازى لە نێوان دوو شتدا دەکات: لە لایەک ئەوە “کە بەڕێى ئاوەزەوە هێنراوەتە ئاراوە”، لە لایەکى دى ئەوە “کە بەڕێى زەروورەوە دێتە ئاراوە” (36). لێرەدا ئاوەز، بە واتایەکی دی: خودای بەئاوەز (ئاقڵ) قەنائەت بە “زەروورە” دەهێنێت تاکو ئەو شتە کە خۆى لە پرۆسەی دروستبووندا دەبینێتەوە، بخاتە باشترین دۆخەوە. گەردوون بەهۆى ئەم قەنائەتهێنانەى زەروورەوە دێتە ئاراوە.

     لەم ڕوانگەیەوە “خوداى بەئاوەز زەروورە دەخاتە خزمەتى مەبەستى باڵاى ڕێکخراوى گەردوونەوە”، لێ گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە خودا بەدووى ئەمەدا بە هیچ شێوەیەک “خاوەن و ڕێکخەرى گەردوون نییە”، ئەمەش بۆیە ئەوهایە، چونکە “لەپاڵ هۆکارى خودای بەئاوەزدا/ئاقڵدا هۆکارى زەروورە هەیە” (37).

     پلاتۆن بۆ ڕوونکردنەوەى ئەم هۆکارەى دووەم لە نوێوە تێهەڵدەچێتەوە، لێرەشدا لە سروشتى چوار توخمەکەى ئاو و ئاگر، ئەرد و هەوا، لە دۆخی سەرچاوەییاندا پێش سەرهەڵدانى گەردوون دەڕوانێتەوە. وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، پلاتۆن تێگەیشتنێکى ماتماتیکیى-مەزەنەیى لەبارەى گەردوون هەیە. دەرچەى ئەو بۆ ئاوەڵاکردنى ئەم کێشەیە بریتییە لە دوو جۆر سێگۆشەى گۆشەوەستاو، کە سەرەتا هەبوون: سێگۆشەیەک وەک نیوەى چوارلایەکسان و سێگۆشەیەک وەک نیوە سێگۆشەى هاولا (38). خوداى بەئاوەز لەم دوو سێگۆشە ڕەسەنەوە چوار جەستەى ڕێکخراو (مونتەزەم) دروست دەکات کە جەستەى چەندڕووبەریین (پۆلیئێدەر) و جیاوازن لە یەکدی. گەردیلەکانى (ئەتۆمەکانى) چوار توخمەکە لەم جەستە چەند ڕووبەرییانە پێکدێن. گەردیلەکانى ئاگر کە سووکترینن، فۆرمى چوار ڕووبەرییان هەیە (تێترائێدەر)، گەریلەکانى هەوا فۆرمى هەشت ڕووبەرییان هەیە (ئۆکتائێدەر)، گەردیلەکانى ئاو فۆرمى بیست ڕووبەرییان هەیە (ئیکۆزائێدەر)، لێ گەردیلەکانى ئەرد کە کێشدارترینن، فۆرمى شەش ڕووبەرییان هەیە (هێکسائێدەر = شەشپاڵو). بە دیدی پلاتۆن ئەرد بەهۆى ئەم فۆرمە شەشپاڵووییەى گەردیلەکانییەوە نەبزۆکترینى چوار توخمەکەیە و بەمەش چەسپترین بناغەیە. لێرەدا ئەو پرسیارەش ڕوون دەبێتەوە، کە بۆچى پلاتۆن زەمین دەخاتە سەنتەرى گەردوونەوە.

     جیاوازییەکانى نێوان چوار توخمەکە و هەڵوێستى ڕاکێشهێزیان دەگەڕێنەوە بۆ جیاوازییەکانى فۆرم و قەوارەى سێگۆشە توخمییەکان، کە لێوەیان ڕووبەرەکان دروست بوون (39).

     کەواتە بە تێروانینی پلاتۆن چوار توخمە سەرچاوەییەکە سەرچاوەیى نین، چونکە ئەوان سرەوتوو نین. ئاخر تەنیا ئیدێ سەرچاوەییە یان سەروێنەیە، چونکە سرەوتووە. ئەوە ئێمەین کە بەهەڵە چوار توخمەکە وەک سەرچاوەیى دەبینین. ئەم توخمانە بەڕێى هەڵوەشانەوەیان، بەڕێى ڕوونبوونەوە و چڕبوونەوەیانەوە، بۆ نێو یەکترى دەگۆڕرێن، بۆیە تەنیا نیشانەن بۆ “ئەوها-دروستبوویەک” (40). لێرەدا پرسێک جەختە: ئەم ئەوها-دروستبوونانە یان دۆخگۆڕییانە تەنیا دەشێت لەنێو هەڵگرێکدا ڕوو بدەن. پلاتۆن لێرەوە ڕوو دەکاتە ئەو “شتە” کە لە نێویدا هەر دەرکەوتن و دیارنەمانێکى توخمەکان ڕوو دەدات، ئەم شتەش بریتییە “لە (x)ێکى نەگۆڕ کە هیچ کامیان نییە” و دەتوانێت توخمەکان بگرێتە خۆ (41). ئەم شتە نەگۆڕە بریتییە لە “فەزا”. چۆن پلاتۆن “فیزیک بۆ ئەندازە” دەگەڕێنێتەوە، ئەوهایش “مادە بۆ فەزا” (42). لێ سەرەتا، پێش ڕێکخستنى گەردوون، هەر یەکەى توخمەکان لەنێو فەزاى جیاواز و تایبەتمەندیاندا بوون و لەدژی یەکدی هەڵوێستیان وەردەگرت. ئەوجا دواى ئەوە کە خودا فۆرم و ژمارە بەم توخمانە دەدات، دوای ئەوە کە “بە جوانترین و باشترین شێوە” پێکەوەیان دەلکێنێت، ئیدی بەو کارە گۆڕان بەسەر هەڵوێستیاندا دەهێنێت. “کەواتە ئەو دوو سێگۆشەیە”، کە خودا لێوەیان جەستەکان دەهێنێتە ئاراوە، “جوانترین فۆرمن”؛ ئەم جوانترین جوانییەیان وا لە خودا دەکات کە لە “دروستکردنى گەردووندا” بەکاریان بهێنێت (43).

     3-2 فەزا وەک هەڵگرە نادیارەکەى ئارایى

     ئایا فەزا یان ئەو نادیارە چییە کە سەرجەم ئارایى هەڵدەگرێت؟ پلاتۆن هەوڵ دەدات بە یاریدەى لێچواندن (ئەنالۆگى) ئەم هەڵگرە نادیارە باشتر ڕوون بکاتەوە، لێرەشدا وەک “لەوێوە”یەک بە زێڕى دەچوێنێت. مرۆڤ دەتوانێت لە زێڕەوە سەرجەم فیگورە شیاوەکان بسازێنێت (ملوانکە، بازن، ئەڵقە و هتد)، لێ ئەم فیگورانە تەنیا بریتین لە “ئەوها-دروستبوو-یەک”. ئەوە کە لە گۆڕینى ئەم فیگورانەدا وەک نەگۆڕ دەمێنێتەوە، کەرەسەى زێڕە، چونکە خۆى فۆرمى نییە. هەروەها ئەو فیگورانە کە سەرهەڵدەدەن، تەنیا دەروێنەى سەروێنەکانن (44). کەواتە ئێمە لێرەدا سێ ڕەگەزمان هەیە: یەکەم ئەوە کە “دەبێت”، واتا دێتە ئاراوە، دووەم ئەوە کە “لەنێویدا” شتێک دەبێت (یان شتێک دێتە ئاراوە)، سێیەم ئەوە کە وەک سەروێنە وەردەگیرێت و لێوەى شتێک وەک دەروێنە دەفۆرمێنرێت (بۆ نموونە فۆرمی ملوانکەیەک کە وەک سەروێنە وەردەگیرێت و لێوەی بە زێڕ ملوانکەیەک دەسازێنرێت). لێ کاتێک سەروێنە نەشیاوى دەرککردنە، هەروەها کاتێک ئارایى (گەردوون) تەنیا ئۆبژێکتی دەرککردنە، ئەوا ڕەگەزەکەى سێیەم کە پلاتۆن ناوى فەزاى لێ دەنێت (45)، نە فۆرم و نە چۆنێتیى هەیە، هەروەها ناکەوێتە ژێر ڕکێفى دۆخگۆڕییەکانەوە و هاوکات وەک هەڵگرێکى نادیار سەرجەم ئارایى لە خۆ دەگرێت. جگە لەمە ئێمە بە هیچ شێوەیەک ناتوانین دەرکی فەزا بکەین، بەڵکو تەنیا دەتوانین “لێی بهزرێین”، بێگومان لێهزرینێک کە بەزەحمەت پێمان ئەنجام دەدرێت.

     لێ دەبێ جارێ پەیوەست بە پرسیارى فەزاوە بووەستین و ڕووبکەینەوە دۆخى چوار توخمەکەى ئاو و ئاگر، ئەرد و هەوا، پێش ڕێکخستنى گەردوون. بە دیدی پلاتۆن فەزا پێش ڕێکخستنى گەردوون هەڵگرى دۆخگۆڕییەکانى چوار توخمەکە بووە، ئەمەش بە پێچەوانەى کات کە لەتەک سەرهەڵدانى گەردووندا دێتە ئاراوە. لێ سەرەتا ئەم توخمانە کە فەزا لەنێو خۆیدا هەڵی گرتبوون، بە ناڕێکخراوى و شێواوى دەگۆڕران، لێرەشدا نەک تەنیا ئەوان فەزای هەڵگری خۆیان بە شێوەیەکى ناهاوتا “ڕادەژەند”، بەڵکو هەروەها فەزا ئەوانى دەبزواند. لەم ڕەوشەوە “وەک سەرئەنجام شێوەیەکى پێشڕێکخراویى چوار توخمەکە پێش هەر ڕێکخراوێکى شیاوى گەردوون دێتە ئاراوە”، واتا گۆڕانێکی ئەوتۆ کە دەشێت ڕووبدات “گەر خودا لەوێ نەبێت. لێرەوە دەتوانین گریمانە بکەین کە: گەر خودا خۆى دەست بنێتە نێوییەوە، ئیتر لەم پێشڕێکخراوییەوە ڕێکخراوى ڕاستەقینەى گەردوون بەگوێرەی فۆرم و ژمارە دێتە ئاراوە” (46)، واتا گەردوونێک “کە بەگشتى تایبەتمەندییەکى ماتماتیکیى هەیە. کەواتە مەسەلەکە ئەوە نییە، کە خودا ئافرێنەر نییە (…) و تەنیا ناڕێکخراویى ڕێکدەخات، بەڵکو ئەوەیە کە خودا شتێکی پێشڕێکخراو ڕێکدەخات، واتا خودا بەندە بە قەوارەیەکى ئەوتۆوە کە پێشتر بە زەروورە ڕێکخراوە” (47).

      ئێمە گەرەکە لێرەوە ڕووبکەینەوە فەزا وەک هەڵگرى نادیارى گەردوون یان هەڵگرى سەرجەم ماتەری/مادە. لێرەدا بۆ ڕوونکردنەوەى پوختترى فەزا ناچار دەبین سەرلەنوێ شرۆڤەی دەروێنە بکەینەوە. ئەم شرۆڤەیەی دەروێنە “ڕووەو دوو لایەنمان دەبات: یەکەم، ڕووەو بەدەروێنەکراو؛ لێرەدا وێنەکە بە خودی بەدەروێنەکراو ئاماژە بۆ سەروێنەکە دەدات”؛ دووەم، شرۆڤەکە ڕووەو ئەو نێوەندەمان دەبات “کە لە نێویدا بەدەروێنەکردنەکە ڕوودەدات” (48). کاتێک ئێمە لە دەروێنە دەدوێین، ئەوا مەبەستمان شتێکە کە “لە لاى خۆى نییە، بەڵکو لە ئاماژەداندایە؛ دەروێنە هەمیشە شتێکى دی دیاردەهێنێت، هەر بۆیە دەبێت خۆى شتێکی جیاواز بێت لەو شتە کە ئەو دیارى دەهێنێت. وێنە بۆ نموونە تەنیا بەو ڕێیەوە وێنەیە کە وەک وێنە ئەو شتە نییە کە ئەو وێنەى دەداتەوە، بەڵکو بۆ خۆى شتێکە. لێ وێنە لە لایەکى دی تەنیا کاتێک وێنەیە، گەر ئەو شتە کە بۆ خۆى هەیە، دیارنەهێنێت، بەڵکو ئەویدییەکەى دیاربهێنێت. پلاتۆن لەم بونیادە دیالێکتیکییەى وێنەوە ئەو هەڵگرە نادیارە دادەبڕێت کە لە نێویدا هەموو وێنەیەک بوونى خۆى بەدیدەهێنێت” (49).

     کەواتە گەر دەروێنە هەمیشە لەنێو فەزادا بێتە ئاراوە و تەنیا لەنێو فەزادا بۆى بلوێت خۆى بە بوونى ئەزەلییـەوە ڕابگرێت، ئەوا فەزا دەکەوێتە نێوان کایەکانى ئەزموون و ئاوەزەوە. گەرچى فەزا هەڵگرێکى لەخۆگرى گەردوونە، لێ خۆى وەک کایەى گەردوونى دیار (مەحسوس) شیاوى دەرککردن نییە؛ ئەوجا: گەرچى ئێمە تەنیا بەڕێى ئاوەزەوە دەتوانین لە زەروورەی هەبوونی فەزا بهزرێین، سەرەڕای ئەوە فەزا هەمان پێگەى ئیدێکانى نییە (50)، کە تەنیا بابەتى ئاوەزن. پەیوەندیى نێوان فەزا و ئیدێ هەمان ئەو پەیوەندییە نییە کە لە نێوان ئیدێ و دەرککردندا هەیە. “فەزا لە ئیدێ نزیک دەکەوێتەوە، چونکە نادیارە، لێ فەزا هەروەها لە کایەى گەردوونى دیار نزیک دەکەوێتەوە، چونکە دیارینەکراوە و ئیدێ فۆرمێکى پێدەدات” (51).

پەراوێزەکان

  • 1) پلاتۆن، بە ئەرەبى ئیفلاتون (427 پ.ز. – 347 پ.ز.)، بۆ نووسین فۆرمى “دیالۆگ”ى هەڵبژاردبوو. دیالۆگى “تیمایۆس” یەکێکە لە دیالۆگەکانى قۆناغى کۆتاییى کارکردنى پلاتۆن. ئەم دیالۆگە، لەپاڵ پرسیارى ڕێکخستنى گەردووون و کێشەکانى کات و فەزادا، لەتەک هەندێک کێشەى دیکەدا خەریکە و نابن بە بابەتى توێژینەوەکەمان. تیمایۆس لەم دیالۆگەدا ئەستێرەناسێکى پتاگۆرییە و لە دیالۆگەکەدا ئەو جێگەیەى هەیە کە سۆکرات لە دیالۆگەکانى پێشترى پلاتۆندا وەریگرتبوو. لە گفتوگۆکاندا تیمایۆس و سۆکرات، کریتیاس و هێرمۆکراتێس، بەشدارن. ئەمان لەپاڵ ئەوەدا کە پێنج بەشەکەى دیالۆگى پۆلیتێیا (دەوڵەت یان کۆمار) بەپوختى و کورتى دیارى دەکەن، هەروەها دەربارەى ئەفسانەى ئەتلانتیس دەدوێن، واتا لەو دورگەیە، کە گۆیا لە لیبیا و ئاسیاى بچووک گەورەتر بووە و ژێر ئاو کەوتووە، هەروەها تیمایۆس چیرۆکى سەرهەڵدانى گەردوون هەتا دروستبوونى مرۆڤ دەگێڕێتەوە.

  • 2) Platon, Timaios 5, 28 a.

  • 3) لێرەدا بەندین بە “تیۆریى زانین”ـەوە (ئێپیستێمۆلۆگییەوە)، واتا شیمانەکانى زانینى خۆیى دەکرێن بە بابەتی شرۆڤەکردن. سەرەتاى هزرین بریتییە لە دەرککردنەکان، کە بەڕێى سێنسەکانەوە ئەنجام دەدرێن. ئەم دەرککردنانە بۆ پلاتۆن زانین نین، چونکە سێنسەکان تەنیا رواڵەتى شتەکان نەک بناغەکانیان بە دەروون دەگەیەنن. ئەوە ئەرکى زانینخودازە، کە لێرەوە لەسەر هزرین بەردەوام بێت، هەتا بە بناغەى سەرجەم شتەکان یان بە کایەى ئیدێکان دەگات. هۆش دەبێت لە ئیدێ هەرەمئاساکان و لوتکەکەیان، کە ئیدێى چاکەیە، تێبگات.

  • 4) Gigon, Olof u.a.: Platon, Lexikon der Namen und Begriffe, S. 170

  • 5) Hoffmann, Ernst: Platon, S. 100

  • 6) Ebenda, S. 102

  • 7) Gadamer, Hans-Georg: Idee und Wirklichkeit in Platos Timaios. S. 9

  • 8) Ekschmitt, W.: Weltmodelle. S. 103

  • 9) واژەی گریکیی “کۆسمۆس” لە بنەڕەتدا واتای “ڕێکخراوی” دەگەیەنێت، بە پێچەوانەی “کائۆس” کە واتای شێواوی، ناڕێکخراوی، دەگەیەنێت.

10)   Platon, Timaios, 5, 29 a.

11)   ebenda, 6, 29 e.

12)   Platon, Philebos 26 b. In: Natrop, Paul: Platos Ideenlehre, S. 340

  • 13) بڕوانە:

Natrop, Paul, a.a.O., S. 340f.

  • 14) پلاتۆن گەردوون وەک کامیلترینى سەرجەم شتە دروستکراوەکان یان وەک گەردوونى بەئاوەز (ئاقڵ) دیارى دەکات، لەبەر ئەم هۆیەش دەروونى پێدەدات. دەروون دەبێت لەنێو بیناى گەردووندا یەکەم و سەروەر بێت، لێ ماتەری دەبێت دواى ئەو هاتبێت و خزمەتکارى ئەو بێت. بۆیە خودا، پێش دروستکردنى گەردوون، دەروون لە توخمى هەمیشە وەک خۆ ماوە و توخمى بگۆڕ ئامادە دەکات، واتا دەروون وەک توخمێکى سێیەم لە نێوان هەردووکیاندا دادەنێت. لە لایەکى دیکەوە “دەروونى گەردوون” زەروورییە، چونکە ئاوەز تەنیا بەڕێى دەروونەوە دەتوانێت خۆى بە شتە ماتەرییەکان ڕابگەیەنێت، هەر بۆیە دەروون ئەندامێکى نێوەندییە لە نێوان ئیدێ و دیاردەدا، هەروەها وەک ئەم دەروونە گەردوونییە لە لایەک بناغەى سەرجەم بزووتنى ڕێکخراوە و لە لایەکى دى سەرچاوەى سەرجەم ژیانى هۆشەکى و زانینە.

  • 15) Platon, Timaios, 34 b

16)   ebenda, 10, 37 d-e.

17)   ebenda, 10, 37 d-e.

  • 18) ebenda, 10, 38 a.

هەروەها بڕوانە:

  • – Gloy, Karen, a.a.O., S. 70.

  • 19) Gloy, Karen, a.a.O., S. 70 .

  • 20) Huge, Perls: Plato, seine Auffassung vom Kosmos, S. 146.

  • 21) Speiser, Andreas: Ein Parmenides Komentar, S. 51.

  • 22) Ebenda, S. 51.

  • 23) Gigon, Olof, a.a.O., S. 80.

  • 24) Gloy, Karen, a.a.O., S. 60.

  • 25) Ebenda, S. 64.

  • 26) خودا، بەگوێرەی گێڕانەوەکەى “تیمایۆس”، جەستە بۆ ئەم تەنانەى ئاسمان دروست دەکات و هەر حەوتیان دەخاتە سەر حەوت سووڕهێڵ. ئەم تەنانە لەپاڵ زەمین و خۆردا بریتین لە ئەفرۆدیت (ڤینۆس)، هێرمێس (مێرکور = ئەتارید)، کرۆنۆس (ساتورن = زوحەل)، زیۆس (یوپیتەر = موشتەرى)، ئاڕێس (مارس = مەریخ). زەمین بە دیدى پلاتۆن دەکەوێتە سەنتەرى گەردوونەوە و بە دەورى خۆیدا دەسووڕێتەوە. مانگ بە دەورى زەمیندا و خۆر بەسەر زەمینەوە دەسووڕێنەوە. ڤینۆس و مێرکور لەسەر سووڕهێڵى یەکسان و بە هاوخێرایى لەتەک سووڕهێڵى خۆردا دەبزوێن، لێ بە ئاڕاستەى پێچەوانەوە، کە ئیدی خۆر و ڤینۆس و مێرکور دەکەونە هاڤرکێى بۆڕدانەوەى یەکترى. هەروەها پلانێتەکانى دیکەش لەسەر سووڕهێڵى بە خۆ تایبەتیان دەبزوێن. سووڕقۆناغى ئەم تەنە دیاریکراوانە بریتییە لە پێوەرى پێوانى کات.

  • 27) بڕوانە:

–        Platon, Timaios, 11, 38c – 39e.

–        Gloy, Karen, a.a.O., S. 65

28)   Mason, Stephan F.: Geschichte der Naturwissenschaft in der Entwicklung ihrer Denkweisen, Stuttgart

1961 (XXIV), S. 47f.

  • 29) Platon, Timaios 34 b

  • 30) Gloy, Karen, S. 67

  • 31) Platon, Timaios, 34 b

  • 32) بڕوانە:

–        Gloy, Karen, a.a.O., S. 51

33)   ebenda, S. 67

34)   Platon, Timaios, 49 a.

35)   Hoffmann, Ernst, a.a.O., S. 116.

36)   Platon, Timaios, 48 a.

37)   Gadamer, Hans-Georg, a.a.O., S. 25

  • 38) پلاتۆن نەیدەتوانی لەم دوو سێگۆشەیەوە کورتکردنەوەی (ڕێدوکسیۆنی) دی ئەنجام بدات، بۆیە وەک دەرچە وەریگرتن.

39)   Jammer, Max: Das Problem des Raumes. Die Entwicklung der Raumtheorien. Darmstadt 1960, S. 14f.

40)   Natrop, Paul: Platos Ideenlehre. Eine Einführung in den Idealismus, Leipzig 1903, S. 348.

41)   ebenda, S. 350

42)   Jammer, Max, a.a.O., S. 15

43)   Russel, Bertrand: Philosophie des Abendlands, Köln 2002, S. 168.

  • 44) لێرەدا مەبەست لەوەیە، کە بە دیدى پلاتۆن کەسى فۆرمێنەرى / سازێنەری هەر فیگورێک لەکاتى فۆرماندندا وێنەى نێو هۆشى خۆى وەک سەروێنە وەردەگرێت و لێوەى فۆرمێکى تایبەتى، بۆ نموونە ملوانکەیەک، بە کەرەسەى زێڕ دەهێنێتە ئاراوە، لێ ئەم فۆرمە دروستکراوە تەنیا لە وێنە سەروێنەییەکەى نێو هۆش دەچێت بەبێ ئەوەى هاوشێوەى بێت؛ بە پێچەوانەوە وێنەکەى نێو هۆش هاوشێوەى ئیدێى ملوانکەکەیە، کە هۆش پێش هاتنى بۆ نێو لەش، لە ئەودنیا، لێى ڕوانیوە و ئێستاش لە جیهاندا هێناوییەتەوە یادى خۆى.

45)   Platon, Timaios, 52 a.

46)   Gadamer, Hans-Georg, a.a.O., S. 21

47)   ebenda, S. 22

48)   Gloy, Karen, a.a.O., S. 81

49)   ebenda, S. 20

50)   Perls, Huge: Plato. Seine Auffassung vom Kosmos. Bern 1966,  S. 145.

51)   ebenda, S. 146

     سەرچاوەکان

– Ekschmitt, Werner: Weltmodelle. Griechische Weltbilder von Thales bis Ptolemäus, Mainz 1989.

– Gadamer, Hans-Georg: Idee und Wirklichkeit in Platos Timaios, Heidelberg 1974.

– Gigon, Olof u.a.: Platon, Lexikon der Namen und Begriffe, Zürich 1975.

– Gloy, Karen: Studien zur platonischen Naturphilosophie im Timaios، Königshausen+Neumann, 1986.

– Hirschberger, Johannes: Geschichte der Philosophie (Zweitausendeins)

– Hoffmann, Ernst: Platon, Zürich 1950

– Jammer, Max: Das Problem des Raumes. Die Entwicklung der Raumtheorien, Darmstadt 1960.

– Mason, Stephan F.: Geschichte der Naturwissenschaft in der Entwicklung ihrer Denkweisen, Stuttgart

      1961 (XXIV).

– Natrop, Paul: Platos Ideenlehre. Eine Einführung in den Idealismus, Leipzig 1903.

– Perls, Huge: Plato, seine Auffassung vom Kosmos, Bern 1986.

– Platon:

      – Timaios.1) in: Sämtliche Werke, Band 5, nach einer Übersetzung von Friedrich

Schleiermacher, Hamburg 1987. 2) in: Werke, 7. Band, bearbeitet von Klaus Widdra, Darmstadt 1972.

      – Der Staat, vollständige Textausgebe. Magnus.

      – Menon, Hamburg 1951.

– Russel, Bertrand: Philosophie des Abendlands, Köln 2002.

– Speiser, Andreas: Ein Parmenides Komentar, Stuttgart 1959.

– Zeller, Edward: Geschichte der griechischen Philosophie, Magnus. Neuauflage der im Jahr 1883 erschienenen Erstauflage.

فەرهەنگۆک

ئەزەلی: هەمیشەیی، لە سەرەتاوە هەبوو، بە پێچەوانەی ئەبەدی کە ڕووەو ئایندە هەمیشەییە.

ئیدێنتیتێ (لاتینی): یەکایەتی. ئێدێکان بۆ نموونە لەتەک خۆیاندا یەکن.

دەرککردن: وەرگرتنی فیزیۆلۆگییانەی بابەتەکانی جیهان.

لێهزرین: بیرلێکردنەوە

ئۆبژێکت: (لاتینی) دانراو، بەکێشيکراو، بەپرسیارکراو، لە لایەن سەبژێکێکەوە، بکەرێکەوە.

سێنس (لاتینی)، بە ئارەبی: حەواس. بەکوردی هەست (شەش هەستەکە) بەکاردەهێنرێت کە ڕاست نییە.

سێنسی: (مەحسوس)

شیمانە: (ئیحتیمال)

تێگە: (بە ئارەبی: مەفهوم)

تێز (یۆنانی. لاتینی): دانانی دەربڕینێکی بنەمایی کە وەک بنەمای بەڵگەهێنانەوەی دی وەردەگیرێت.

ئەم توێژینەوەیە یەکەم جار لە گۆڤاری زانکۆی کۆیە، ژمارە 7، ساڵی 2007 بڵاوکراوەتەوە.

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
Culture Project