خەڵاتی بڵاوكراوه‌كانی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم


Loading

 بڵاوکراوەکانی نووسیار لە ماوەیەکی کەمی دامەزراندنیدا وەک وەشانخانەیەکی سێلەکتیڤ چەند کتێبێکی چاپ و بڵاوکردەوە کە بووە جێگەی باس و خواستی خوێنەران. هەر بەو ڕۆحە نوێیە لە بواری چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب هەمیشە لە هزرماندا بووە، چی دەبێ ئەگەر ساڵانە خەڵاتێکی تایبەت بەکتێب هەبێت؟ بەتایبەت ئەو نووسەرە گەنجانەی بەردەوام دەنووسن و خەون بەبڵاوکردنەوەی یەکەمین بەرهەمیانەوە دەبینن. هەلێکی باشیش دەبێت بۆ ناسینی ناوی نوێ و ئەدەبی نوێخوازی کوردی.

 

بوونی ئەو جۆرە خەڵاتانە وا دەکات کە نووسەر و خوێنەر و بواری چاپ و بڵاوکردنەوە پێکەوە بەگەڕ بخەنەوە و هەوڵ و هاندانی زیاتر دێنە ئاراوە. هەر بۆ ئەم مەبەستە یەکەم بیرۆکەمان لای ئەو گەنجانە بوو کە دەزانین باش دەنووسن و ئاواتیانە شوێنێک هەبێت ئەو بەرهەمانەیان بۆ چاپ و بڵاوبکەنەوە و ڕەنگە ئەو بەرهەمانەش دەرگایەکی باش بن بۆ زیاتر ناساندنی کار و فەزای ئیشەکانیان.

 

بڵاوکراوەکانی نووسیار ئەم دەستپێشخەرییە بۆ هەموو ئەو گەنجانە دەستەبەر دەکات کە تا ئێستا هیچ کتێبێکیان بڵاو نەکردۆتەوە و لە بواری (شیعر و چیرۆک و ڕۆمان) بەرهەمیان هەیە. بۆ ئەوەی خەڵاتەکە زیاتر بەهای خۆی وەربگرێت و گیانی پێشبڕکێیانەی هەبێت، چەند مەرجێکمان بۆ خەڵاتەکە داناوە کە گرنگترینیان ئەوانە بوون:

– بەشداربووان پیشتر هیچ کتێبێکیان بڵاونەکردبێتەوە،

  هەروەها دەبێت بەرهەمەکان ڕەچاوی ڕێنووسی کوردی و خاڵبەندی تیا کرابێت کە دەبێتە بەشێکی گرنگ بۆ هەڵسەنگاندنی هەر بەرهەمێک.

-مەرجی تەمەنی بەشدار بووش بە هەند گیراوە کە لە نێوان ٢٠ – ٣٥ ساڵ دەبێت.

– خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم بریتییە لە چاپ و بڵاوکردنەوەی براوەی هەر ژانرێک و لە مەراسیمێکی تایبەتدا بڕوانامەی خەڵات و هۆکاری هەڵبژاردنی بەرهەمەکە دەدرێت بە براوەکان.

 

 

خەڵاتی نووسیار خولی ساڵانەی دەبێت و هەر ساڵەی تایبەت دەکرێت بە ناوێکی دیاری بواری ئەدەب بەشێوەیەک ئەو ناوە لەو ساڵە کاریگەری خۆی هەبووە لەسەر نووسین و سروش بەخشین وێنەکردنی دنیای ئەدەبی خۆی. خولی یەکەمی خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم لە ساڵی ٢٠٢٠ دەبێت و تایبەت کراوە بۆ شاعیر (محەمەد عومەر عوسمان – ژەنەراڵی پایز).