هیچ ڕوحێکی ترسنۆک هی من نییە


Loading

ئیمیڵی برۆنتێ، شاعیر و ڕۆماننووسی بەریتانی، لە ٣٠ـی جولای ١٨١٨ لە دایک بووە، لە ١٩ـی دێسەمبەری ١٨٤٨ کۆچی دواییی کردووە. تاقەڕۆمانێکی هەیە بە ناوی (بەرزایییەکانی وێزەرینگ) ئەم شیعرەی برۆنتێ یەکێکە لە شیعرە هەرە بەناوبانگەکانی کە ستایشێکی کەم وێنەی خودایە لە دەرەوەی ئایین و مەزهەب و ڕێبازی ئاینی. خودایەک لە سینگی مرۆڤدا، خودایەک کە تاکە مانابەخشی بوونە ئەوکاتەی کە خۆت بە پێیەکانی خۆت دەچیت تا لەپاڵییدا کەنار بگریت.

 

هیچ ڕوحێکی ترسنۆکی هی من نییە

ئیمیڵی برۆنتێ

 لە ئینگلیزییەوە؛ ڤییەننا سەلام

 

هیچ ڕوحێکی ترسنۆک هی من نییە

نە هیچ لەرزینێک لە گۆی بە زریان پەرێشان بووی زەویدا،

شکۆی بەهەشت دەبینم کە چۆن دەدرەوشێتەوە

باوەڕیش ئاوا دەدرەوشێتەوە کاتێک دەمکات بە جەنگاوەر لە دژی ترس.

 

ئەی خودا لە نێو سینگمدا،

ئەی خودای هەمیشە مەزن

ژیانێک  لە نێو مندا ڕاکشاوە

ئەم ژیانە نەمرە، هێزی لە تۆوە وەرگرتووە.

 

فۆتۆیەک نەزانراوە ئیمەلی برۆنتییە یان خوشکەکەی ئانا..
Branwell Brontë in 1833; sources are in disagreement over whether this image is of Emily or Anne

بەتاڵن، ئەو هەزاران ڕێبازەی دڵی مرۆڤان دەجوڵێنن، بێ مانا بەتاڵن

بێ فەڕن چون گژ و گیای وشک،

یانیش، کەفی بێ کارن  لە نێو دەریای بێ سنووردا.

 

بۆ وەئاگاهێنانی  گومان لە نێو کەسێکدا

کە زۆر خێرا دەستی بە بێ سنوورییتەوە گرتووە،

هێندە دڵنیا لەسەر بەردی پتەوی

نەمرییت کەناری گرتووە.

 

بە ئەڤینی باوەش فراوانەوە

ڕوحت  جۆش دەداتە ساڵە لە بن نەهاتووەکان،

کە لەو سەرەوە بڵاو دەبێتەوە و قووڵ ڕۆدەچێت،

دەگۆڕێت، درێژە دەکێشێت، دەتوێتەوە، دەخوڵقێنێت و پەروەردە دەکات.

 

گەر زەوی و مانگ نەمێنن

هەتاو و گەردوونەکانیش لە بوون بوەستن

و تەنها تۆ بمێنیتەوە،

هەموو بونێک لە تۆدا بوونی دەبێت.

 

هیچ ڕێگایەک لە بەردەم مردندا نییە،

نە هیچ گەردیلەیەک کە هێزی تۆ بێ بەها بکات،

چونکە تۆ هەیت و هەناسە دەدەیت.

و تۆ بەو جۆرەی هەیت هیچ کاتێک تێک ناشکێیت.

 

 

سەرچاوە؛

No Coward Soul Is Mine

By EMILY BRONTË

 https://www.poetryfoundation.org/poems/43712/no-coward-soul-is-mine

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌